بەهاى زانستى پزیشکیى لەلاى پێشەوا شافیعی – (ڕحمەتى خوداى لەسەر بێت.)
محمد مەلا محمود تاوگۆزى
زانستی پزیشکيى یەک لەو زانستە گرنگ و بەهادارانەیە کە ئیسلام بایەخێکى ئەوتۆی پێداوە و، زانایانی ئیسلامیش بە چاوى ڕێزەوە لێیان ڕوانیوە و، فێربوونیان لە ڕیزبەندى فەرزە کیفایەکاندا هەژمار کردووە، چونکە زانستێکە خزمەت بە گیان و جەستەى مرۆڤ دەکات، کە پاراستنی لە ئامانجە هەرە باڵاکانى شەریعەتى ئیسلامە.
لە نێو زانایانیشدا پێشەوا (شافیعی) بە سەردەستەى ئەو زانایانە دەژمێررێت کە بایەخێکى زۆرى بەم زانستە بەخشیوە و وێنایەکى گەورەى بۆ كردووە، وە بە چەندین گوزارشتى جۆربەجۆر گرنگى و پێوستى ڕوون کردۆتەوە. وەک فەرمویەتى: ((لاَ أَعْلَمُ عِلْماً بَعْدَ الحَلاَلِ وَالحَرَامِ أَنْبَلَ مِنَ الطِّبِّ، إلَّا أَنَّ أَهْلَ الكِتَابِ قَدْ غَلَبُوْنَا عَلَيْهِ)). سير أعلام النبلاء: ٨ \ ٢٥٨. واتە: لە دواى زانستی حەڵاڵ و حەرام (واتە: زانستی فیقهـ) هیچ زانستێکم پێ شک نایەت لە زانستی پزیشکی گەورەتر بێت، بەڵام (مەخابن) ئەهلى کیتاب لەمەدا پێشمان کەوتن !!
وە بە یەک لەسەر سێی گشت زانستەکانى سەر زەوى داناوە، لە هەمان کاتدا زۆر نیگەران و پەرێشان بووە لەوەى مسوڵمانان ئەم زانستەیان فەرامۆش کردووە و بۆ فەلە و جووەکانیان دەست لێ هەڵگرتووە. وەک فەرمویەتى: ((ضَيَّعُوا ثُلُثَ العِلْمِ وَوَكَلُوهُ إِلَى اليَهُوْدِ وَالنَّصَارَى)). سير أعلام النبلاء: ٨ \ ٢٥٨.
دیسان گوتویەتى: زانستەکان بەسەر دوو لکدا دابەش دەکرێت: زانستی ئایینی و زانستی دونیایی، زانستە ئایینییەکە فیقهـ و زانستە دونیاییەکەش پزیشکيیە. ((إِنَّمَا الْعِلْمُ عِلْمَانِ: عِلْمُ الدِّينِ، وَعِلْمُ الدُّنْيَا، فَالْعِلْمُ الَّذِي لِلدِّينِ هُوَ: الْفِقْهُ، وَالْعِلْمُ الَّذِي لِلدُّنْيَا هُوَ: الطِّبُّ)). آداب الشافعي ومناقبه: 244.
وە ئامۆژگارى بڕوادانیشی کردووە بەوەى لە جێیەکدا نیشتەجێ نەبن کە زانایەکى تێدا نەبێت بۆ پرسوڕا و ڕاییکردنى کاروبارە ئایینییەکەیان و، پزیشکێکیش بۆ چاودێرى کردنى بارى تەندروستی جەستەیان. ((لا تَسْكُنَنَّ بَلَدًا لا يَكُونُ فِيهِ عَالِمٌ يُفْتِيكَ عَنْ دِينِكَ، وَلا طَبِيبٌ يُنْبِئُكَ عَنْ أَمْرِ بَدَنِكَ)). آداب الشافعي ومناقبه: 244.
خواستى پێشەوا (شافیعی) لەسەر زانستی پزیشکى بە ڕادەیەکە، هەندێک لە حوکمە شەرعییەکانى وابەستەى ئەم زانستە کردووە، وەک ئەوەى سەبارەت بە ئاوێک کە خۆر کاریگەرى تێکردبێت (الْمَاء الْمُشَمَّس) فەرموویەتى: من لە ڕوانگەى دینەوە بەکارهێنانى بە ناپەسەند نازانم، بەڵکو لە ڕوانگەى پزیشکییەوە بە ناپەسەندى دەزانم، کە پزیشکان هۆشدارییان لە بەکارهێنانى داوە. ((وَلَا أَكْرَهُ الْمَاءَ الْمُشَمَّسَ إلَّا مِنْ جِهَةِ الطِّبِّ)). الأم: 1\ 16. ((لَا أَكْرَهُهُ إلَّا أَنْ يَكُونَ من جِهَةِ الطِّبِّ أَيْ إنَّمَا أَكْرَهُهُ شَرْعًا حَيْثُ يَقْتَضِي الطِّبُّ مَحْذُورًا فيه)). أسنى المطالب في شرح روض الطالب: 1\ 8.
سەرچاوەکان:
1. سير أعلام النبلاء، شمس الدين أبو عبد الله محمد بن أحمد بن عثمان بن قَايْماز الذهبي (المتوفى: 748هـ).
2. آداب الشافعي ومناقبه: أبو محمد عبد الرحمن بن محمد بن إدريس بن المنذر التميمي، الحنظلي، الرازي ابن أبي حاتم (المتوفى: 327هـ).
3. الأم: الشافعي أبو عبد الله محمد بن إدريس بن العباس بن عثمان بن شافع بن عبد المطلب بن عبد مناف المطلبي القرشي المكي (المتوفى: 204هـ).
4. أسنى المطالب في شرح روض الطالب: شيخ الإسلام زكريا الأنصاري.