توێژینەوە

دەروونناسی سۆشیاڵ میدیا

پوختە:

تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا بوونەتە بەشێک لە ژیانی تاکەکان و زۆربەی دانیشتوانی سەر زەوی بەشدارن و هەژماریان هەیە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییە جیاوازەکاندا. ئەم بابەتە دیاردەیەکی نوێیە و تایبەتە بە سەدەی بیستویەک، وەکو بابەتێکی تەواو پەیوەست بە دەروونی مرۆڤ، لە ڕووی دەروونناسی و دەروونپزیشکییەوە لە سەرەتای لێکۆڵینەوەکاندایە. ئەم لێکۆڵینەوە بە ئامانجی لێکدانەوەیەکی دەروونی بۆ بابەتی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان کراوە. پاڵنەرەکانی بەکارهێنانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لەچوارچێوەی پێنج پاڵنەری سەرەکیدا کورتکراونەته‌وە: (پەیوەستبوون، پێداویستییەکان، گوزارشت لە خود، بەدەستهێنانی زانیاری، سودی کەسی)، تاکەکان ئەم تۆڕانە بەکاردەهێنن وەکو سەرچاوەیەک بۆ شاردنەوەی کەسێتی ڕاستەقینە و پیشاندانی کەسێتییەکی خەیاڵی و ویستراو، گەنجان و ئەو کەسانەی کە تایبەتمەندی کۆمەڵایەتیبوونیان هەیە زیاتر بەکاریدەهێنن، سەرەڕای چێژبەخشی تۆڕەکان تاکەکان ڕووبەڕووی دوو مەترسی گەورە دەبنەوە: (تۆڵەکردنەوەی بەدڕەوشتی و هەراسانکردنی ئۆنلاین). تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان چەندین کاریگەريی و مەترسیان هەیە لەسەر دەرووندروستی تاک، بەشێوەیەک زۆربەکارهێنانی هۆکارە بۆ توشبوون بە خەمۆکی، دڵەڕاوکێ، توندوتیژی، ئالودەبوون و تێکچوونی وێنەی جەستە لەلای تاک، هەرچەندە توێژەران زیاتر سەرنجیان لەسەر کاریگەرییە نەرێنییەکانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانە، بەڵام هێشتا چەند سودێکی هەیە بۆ دەرووندروستی تاک. لەکۆتاییدا جگەلە دەرئەنجام چەند ڕاسپاردەیەک کراوە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان؛ بەکارهێنەر، دایباب، قوتابخانە، دەزگاکانی ڕاگەیاندن، ماڵپەڕە کۆمەڵایەتییەکان، پسپۆڕانی بواری دەروونی و دەسەڵات.

پێشەکی:

لە ماوەی دەیەی ڕابردوو میدیا گۆڕانکارییەکی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، تەلەفیزیۆن و ڕادیۆ بەشێوازی یەک ئاڕاستە زانیارییەکان دەگوازێتەوە، بەواتایەکی تر ئەو زانیارییانەی کە لەلایەن کۆمپانیا و بەرهەمهێنەرانەوە بڵاودەکرێتەوە پێویستە لەلایەن بینەرانی ناچالاکەوە وەربگیرێت. لەهەمانکاتدا میدیای نوێ کە پێیدەوترێت سۆشیال میدیا یان میدیای کارلێککردوو، چەندین هەلی لەبننەهاتوو دابیندەکات بۆ بەکارهێنەران کە وەکو دروستکەر و بەکارهێنەر لە میدیادا کاربکات1. سۆشیاڵ میدیا؛ شێوازێکی پەیوەندیکردنی بیندراوە کە تیایدا بابەتەکان لەلایەن بەکارهێنەرەوە دروستدەکرێن، بەشداریان پێدەکات و ئاڵوگۆڕیان پێدەکات، بەوهۆیەوە بەکارهێنەران کارلێک لەگەڵ یەکتری دەکەن، لە ڕێگەی پەیامی کورت، وێنە، ڤیدیۆ و نامەی تایبەتەوە، کە بەکارهێنەرانی تر دەتوانن وەڵامبدنەوە و بەشداربن2. لە ڕوانگەی دەروونکۆمەڵایەتییەوە؛ تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان پێناسە دەکرێن بە “بۆشایی ژمارەیی” (digital spaces) کە ڕێگە بە بەکارهێنەر دەدەن بۆ ڕێکخستنی هەردووک لایەنی: پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیان لەسەر تۆڕەکە (ڕێکخستن، دەرکەوتن، بەراوردکردن) و ناسنامەی کۆمەڵایەتی تاک (ناساندن و پێناسە)1.

لەسەر ئاستی جیهان، ژمارەی بەکارهێنەرانی ئه‌نتەرنێت زیادیکردووە لە (٣٦١) ملیۆن لە ساڵی (٢٠٠٠) بۆ نزیکەی (٣.٦) بلیۆن بەکارهێنەر لە ساڵی (٢٠١٦). تۆڕی زۆر بەکارهاتوو بۆ پەیوەندیکردن و کارلێکی کۆمەڵایەتی بریتییە لە فەیسبووک کە مانگانە (١.٧١) بلیۆن بەکارهێنەری چالاکی هەبووە لە ساڵی (٢٠١٦)3. هەروەها ماڵپەرەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتی بوونەتە بەشێکی سەرەکی ژیانی کەسانی پێگەیشتوو، لە مانگی سێی ساڵی ٢٠١٨، (٪٦٨)ی کەسانی پێگەیشتوو لە ئەمریکا هەژماریان لە فەیسبووک هەبووە، هەروەها (٪٧٥)ی ئەو کەسانە ئاماژەیان بەوە کردووە کە ڕۆژانە فەیسبووک بەکاردەهێنن. لەوەش زیاتر (٪٧٨)ی گەنجانی پێگەیشتوو (تەمەن ١٨ بۆ ٢٤ ساڵ) سناپچات، و (٪٧١)یان ئینستاگرام بەکاردەهێنن4. تویتەر لە دوای فەیسبووک دووەم بەربڵاوترین تۆڕی کۆمەڵایەتی بەکارهاتووە کە زیاتر لە (٥٠٠) ملیۆن بەکارهێنەری هەیە لەسەر ئاستی جیهان، نیوەی بەکارهێنەرانی تویتەر ڕۆژانە دەچنە ناو تۆڕەوە و تویت دەکەن، ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی کە ڕۆژانە زیاتر لە (٥٠٠) ملیۆن تويت بکرێت2.

تەکنەلۆجیا بەگشتی دەرئەنجامی باش و خراپی هەیە، ئه‌نتەرنێت نمونەیەکی تەواوە بۆ ئەم بیرۆکەیە، سەرەڕای باشترکردنی پەیوەندی بە جیهانەوە و بە دیموکراسیکردنی زانیارییەکان، بەهەمان شێوە ئه‌نتەرنێت ڕێگەیداوە بە تاکەکان هەتا خۆیان بشارنەوە لەژێر ماسکی نەناسراویدا5. لە ڕوانگەیەکی ترەوە؛ ڕەفتاری بەکاربەر لەسەرهێڵ لە ڕێگەی سۆشیاڵ میدیاوە دەبێتە هۆی دروستکردنی چەند دەرئەنجامێکی بێمەبەست لەسەر بەکار‌هێنەر3. لەم کورتە نوسینەدا لەسەر بنەما زانستییەکان لەچوارچێوەی بەکارهێنانی زانیاريی و ئامار و توێژینەوەی زانستییەوە باسی دەروونناسی و دەرووندروستی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دەکەین، بەشێوەیەک کە بتوانێت ببێتە سەرچاوەیەک بۆ گۆڕینی تێڕوانین و ئاڕاستەکردنی تاک، پەروەردەکاران، ئەکادیمیان، بەرپرسان و دەسەڵاتداران بۆ باشترکردنی بەکارهێنانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا.

پاڵنەرەکان بۆ بەکارهێنان

ئێمە بۆچی تۆڕی کۆمەڵایەتی بەکاردەهێنین؟ ئەمە پرسیارێکی هەروا سادە نییە، دەروونناسان (پرۆچسکا و دیکلیمێنت) دانەرانیی قۆناغەکانی گۆڕانکاری، دەڵێن: “خەڵکی دەگۆڕێن ئەگەر فشاریان بخرێتە سەر یان گۆڕانکارییەکە هەلێکی گرنگیان پێبدات”، واتە بوونی هەل و دەرفەتی زیاتر هۆکارە بۆ بەکارهێنانی تۆڕەکان. بوونی هەل؛ بریتییە لەو سەرچاوەیەی کە ژینگە “دەیبەخشێت” بە کەسێک کە دەتوانێت بەدەستی بهێنێت1.

بەڵام سەرنجڕاکێشانمان بۆ تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بە تەنها لە ڕێگەی بوونی هەلەوە ناتوانرێت ڕوونبکرێتەوە1. لێکۆڵینەوە و توێژینەوە نوێيه‌کان لەبارەی سۆشیاڵ میدیاوە، پێشنیازی ئەوە دەکەن کە بەکارهێنەران بەشداری دەکەن لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بۆ ئەم هۆکارە سەرەکیانە:

یەکەم. پەیوەستبوون (ئینتیما) (Affiliation):

پاڵنەری سەرەکی بۆ بەکارهێنانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بریتییە لە ئارەزوو و ویستی تاک بۆ کۆمەڵایەتیبوون و پەیوەندی لەگەڵ ئەوانی تردا، خەڵکی پێویستی زۆریان هەیە بۆ پەیوەستبوون، و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان پێویستن بۆ باشبوونمان2. لەڕێگەی پاڵنەری پەیوەستییەوە (Affinity impulse)؛ تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان ڕێگە بە بەشداران دەدەن بۆ دەربڕینی پەیوەستییان، ویستن یان پەیوەندی لەگەڵ خەڵکی، بەرهەمەکان، هۆکارەکان و گرووپەکان2.

دووەم. پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی مرۆڤ:

یەکێک لە پاڵنەرەکان بۆ بڵاوکردنەوەی بابەت لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، لەسەر بنەمای بیردۆزی هەڕەمی پێداویستییەکانی ماسلۆ دانراوە، کە پێیوایە بەشداریکردن لە تۆڕەکان بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانە، وەکو لە خوارەوە هەیە بەگوێرەی پێنج ئاستە سەرەکییەکەی پێداویستی مرۆڤ6:

  • پێداویستییە فیسیۆلۆجییەکان: خەڵکی هەندێکجار پۆست دەکەن بۆ سودگەیاندن بە تەندروستی و باشبوونی هاوڕێیان و خێزان.
  • پێداویستی بۆ سەلامەتی: لەبەرئەوەی ئاسایشی جەستەیی، دەروونی و ئابووریان گرنگە بۆ خەڵکی کاتێک کە دەیانەوێت پۆستێک بکەن.
  • بوونی خۆشەویستی و ئینتیما: بەکارهێنەران بەگشتی پۆست دەکەن بۆ هەستکردن بە پەسەندی کۆمەڵایەتی لەلایەن گرووپێکەوە یان لەلایەن کەسێکی تایبەتەوە.
  • پیویستی بۆ ڕێز: خەڵکی دەیانەوێت ئارامبن و خاوەن ڕێزبن، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ ڕوونکردنەوەی ئەوەی بۆچی خەڵکی پۆستی “ناو ناخی خۆیان” بڵاودەکەنەوە.
  • بەدەستهێنانی خود: خەڵکی ئەو چالاکییانە بڵاودەکەنەوە کە گەیشتوونەتە سەرکەوتن، وەکو سەرکەوتن لە پیشە، کۆتاییهێنان بە پڕۆژەیەک، تەواوکردنی خوێندن…

سێیەم. گوزارشتکردن لە خود و دووبارە پیشاندانەوەی ناسنامە (Self-Expression and Identity Representation):

ئەم تۆڕەکۆمەڵایەتییانە ڕێگەمان پێدەدەن بۆ گوزارشتکردن لە خود و دووبارە پیشاندانەوه‌ی ناسنامەی تاکەکان، تۆڕەکان ڕێگە دەدەن بۆ بەشداریپێکردنی زانیارییە کەسییەکان، ئارەزوو و خولیاکانی تاک، باوەڕ و بیرکردنەوەکان و وێنەکان لەگەڵ ئەوانی تردا، ئەمەش دەبێتە هۆی دابینکردنی شوێنێک بۆ خۆنواندن و وێناکردنی خۆیان لەسەر ئەم تۆڕە کۆمەڵایەتییانە2. بە واتایەکی تر؛ تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بەکاردەهێندرێت بۆ بەردەوامبوونی پەیوەدنییەکان لەگەڵ هاوڕێیان، دانانی پلانەکان، باشتر ناسینی خەڵکی و پیشاندانی خود بەوانی تر6.

یەکێک لە پاڵنەرە گرنگەکان بۆ ژیانی تاک بریتییە لە پاڵنەرەکان بۆ دروستکردنی خاوەندارێتی دەروونی (Psychological Ownership). هەستی خاوەندارێتی دەروونی، جا بۆ بەرهەمە بەرجەستەکان بێت (وەکو ئامێری مۆبایل، ئۆتۆمۆبێل) یان خزمەتگوزارییە مەعنەوییەکان (گرووپێکی وەرزشی، هەژماری تۆڕی کۆمەڵایەتی)، بە ئاسانی دەناسرێتەوە. یەکێکە لە پاڵنەرەکان بۆ بەکارهێنانی تۆڕی کۆمەڵایەتی لە ڕێگەی بەرجەستەکردنی ئەم هەستەوەیە کە لە ڕێگەی چالاکی و کاریگەری، ناسنامەی خود، بوونی شوێن و وروژاندنەوە دروست دەبێت، ئەمانەش لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بەردەستن3.

چوارەم. بەدەستهێنانی زانیاريی و بڵاوکردنەوەی (Information Retrieval and Dissemination):

دەستڕاگەیشتن، کۆکردنەوە و بڵاوکردنەوەی زانیاری بەشێوەیەکی خێراو و تێچوویەکی کەم لە ڕێگەی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە پاڵنەرێکی ترە. بەهۆیەوە بەکارهێنەران دەتوانن لەبارەی ژیانی ئەوانی ترەوە بزانن، لەبارەی هاوسەرگری هاوڕێکانیان، تەواوکردنی خوێندن، بۆنەکانی داهاتوو، زانیاریان دەست دەکەوێت. لە یەکێک لە توێژینەوەکاندا دەرکەوتووە کە 54%ی پەیوەندی نێوان دوو هاوڕێ کە بە کەمی پەیوەندی دەکەن بەیەکەوە لە ڕێگەی بیرخەرەوەی کاتی لەدایکبوونی فەیسبووکەوەیە2!

هەندێکجار ئەم پاڵنەرە پێشی دەوترێت پاڵنەری کونجکاری (Curiosity impulse)؛ کە بریتییە لە ڕەزامەندبوونی کونجاکرییانە لەبارەی ئەوانی ترەوە لە ڕێگەی بەدواکەوتنیان یان بینینی چالاکییەکانیان بەشێوەی ئۆنلاین2.

پێنجەم. پاداشت (Reward) و سودی کەسی (Personal utility impulse)

پاڵنەری سودی کەسی؛ واتە خەڵکی دەگەڕێن بۆ وەڵامی پرسیاری “چی تێدایە بۆ من؟”، گەڕان بۆ سود لە شێوازی زانیارییەکان، هاندان، چێژ و حەوانەوە2. بەڵکو چەندین توێژینەوە ئاماژە بەوە دەکەن کە دەبێت ئەو شتە توانای هەبێت هاندانی ناوەکی دابین بکات بۆ بەکارهێنەرانی. واتە “توانای بوونی ئەزموونکردنی پاداشت، بەبێ بوونی هۆکارەکان، هاندەرێکی کاریگەرە، خۆشی ئەو کارەی دەیکات دەبێتە پاداشتی سەرەکی کە هانی کەسەکە دەدات دووبارەی بکاتەوە”1. توێژەران بۆیان دەرکەوتووە کە “هاندەرە کۆمەڵایەتیی و هەڵچوونییەکان ڕۆڵی گرنگیان هەیە لە ڕەفتاری بەشداریکردن لە میدیادا”6.

لە توێژینەوە تایبەتەکاندا دەرکەوتووە کە بەکارهێنانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان کاریگەری دەکاتە سەر چەند بەشێکی مێشک. بۆنمونە زۆربوونی لایکەکان لە فەیسبووک، تویتەر و ئینستاگرام دەبێتە هۆی “چالاکبوونی مێشک لەو ڕێڕەوەی پەیوەندی هەیە بە پاداشتەوە”. لە توێژینەوەیەکدا کە لەسەر مێشکی نەوجەوانان کراوە لەکاتی بەکارهێنانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا، دەرکەووتووە کە “بینینی وێنەیەک کە لایکی زۆری هەیە، بووەتە هۆی چالاکی زیاتری ئەو بەشانەی دەمارەکان کە بەشدارن لە پرۆسەی هاندان و هزری کۆمەڵایەتی”6. بەگشتی دەگونجێت لە هەمانکاتدا چەندین پاڵنەر بۆ تاک هەبێت بۆ بەشداریکردن لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و پۆستکردن و کۆمێنت و لایکەکانی.

ڕەفتاری بەرکاهێنەر

ڕەفتاری بەکارهێنەر؛ بەواتای لێکدانەوەی هەڵسوکەوت و مامەڵەی ئەو کەسانەی کە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانن، کە ئایا کێن و چۆن ڕەفتار دەکەن؟ لەوبارەوە ئەم لایەنانە پەیوەستن بە ڕەفتاری بەکارهێنەرەوە:

گۆڕینی کەسێتی!

چەند دەرئەنجامێکی بێمەبەست بۆ بەکارهێنەرانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان هەیە. یەکەم ئەو ڕاستییە دەزانین کە ئەو کەسێتییەی خەڵکی لەسەر فەیسبووک پیشانی دەدەن، کەسێتی ڕاستەقینەی کەسەکە نییە لە زۆر لایەنەوە؛ بەڵکو کەسێتی ڕاستەقینەیان پیشان نادەن، بەکارهێنەران هەوڵدەدەن ئەو کەسایەتییە پیشان بدەن کە دەیانەوێت هەیانبێت3. لە توێژینەوەیەکدا سەبارەت بە گۆڕانکاری لە کەسێتی بەکارهێنەری فەیسبووکدا، کە ئایا بەکارهێنەران چەندە گۆڕانکاری لە ناسنامە و کەسێتییاندا دەکەن، بەگشتی هەمووان بەڕێژەیەک گۆڕانکاری لە ناسنامەکەیاندا دەکەن، بە پیشاندانی ئەو کەسێتییەی کە ویستراوە و بەکارهێنەر پێیوایە “سەلامەتە” یان “گونجاوە”، لەوبارەوە سێ شێوازی پیشاندان و گۆڕینی ناسنامە هەیە3:

  • ڕاستەقینە (Authenticity)؛ لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و دەرەوەی تۆڕەکانیش هەمان کەسێتی پیشان دەدەن.
  • گۆڕینی ڕوو (Facet management)؛ بەگوێرەی لایەنەکانی ژیانیان، بەکارهێنەران گۆڕانکاری دەکەن لە ناسنامەی پیشاندراویان لەسەر فەیسبووک.
  • گۆڕینی تێڕوانین (Impression management)؛ بەکارهێنەران هەوڵدەدەن دڵنیابنەوە لە ناسنامەکەیان لەسەر فەیسبووک بەوشێوەی کە دەیانەوێت هەستیان پێبکرێت.

کەسێتی کۆمەڵایەتی زیاتر:

کەسێتی بریتییە لە کۆمەڵێک تایبەتمەندی تاک کە بە گشتگیربوون و جیاوازی ڕەفتارەکانی خەڵکی دەناسرێتەوە وەکو بیرکردنەوەکان، هەستەکان و چالاکییەکان. هەرکەسێک و خاوەنی کەسێتییەکی بێهاوتایە لەڕێگەی بیرکردنەوە و چالاکییەکانییەوە. شێوازی پێنج ڕەوشتە گەورەکەی کەسێتی (The Big Five personality model) باوترین و بەکارهاتووترین بیردۆزە لەبارەی کەسێتییەوە، ئەم بیردۆزە لە پێنج هۆکاری سەرەکی پێکهاتووە؛ کۆمەڵایەتیبوون (extraversion)، کراوەیی (openness)، دەمارگیری (neuroticism)، پەسەندی (agreeableness)، ویژدانزیندوویی (conscientiousness). بەگوێرەی توێژینەوەکان تایبەتمەندی کۆمەڵایەتیبوون کاریگەری هەیە لەسەر بەردەوامبوون لەسەر تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان1. چەندین دەرئەنجامی ئەرێنی کۆمەڵایەتی و ئابووری هەیە بۆ بەکارهێنەر و کۆمپانیا بازرگانییەکان، بۆنمونە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان یارمەتیدەرە بۆ پەیوەندیکردن بە هاوڕێیانی کۆن، یارمەتیدەرە بۆ زانیاری وەرگرتن و هەستی پەیوەندی مرۆیی دەداتە تاک کاتێک کە بەتەنهایە3.

بەتایبەت گەنجان و نەوجەوانان:

گەنجان زۆرتر تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی وەکو فەیسبوک و تویتەر بەکاردەهێنن وەکو خۆدەربازکردن و هەڵاتن لەو فشارە دەرەکییانەی کە لەسەریانە و مەترسییە بۆ دەرووندروستییان. لە زۆربەی وڵاتان تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بوونەتە بەشێکی سەرەکی لە پەروەردە، کلتوور و ژیانی کۆمەڵایەتی نەوجەوانان. داتاکان ئاماژە بەوەدەکەن کە بە نزیکەیی (٪٩٧) نەوجەوانان تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بەکاردەهێنن7. تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان ڕێگە بە بەکارهێنەر دەدەن کە بیرکردنەوە و هەستەکانی بەشداری پێ بکات، زۆرجار بەبێ هەژمارکردنی ڕێز و بەهاکانی لە پەیوەندییەکەدا3، ئەمەش سەردەکێشێت بۆ دروستبوونی چەندین کێشە کە لە ئێستادا بەشێکن لە ژیانی تاکەکان، وەکو تۆڵەکردنەوەی بەدڕەوشتی1 و هەراسانکردنی ئۆنلاین5.

تۆڵەکردنەوەی بەدڕەوشتی:

بەهۆی یەکگرتنی هەردوو لایەنی هێزی دەربڕین و بابەتی بینراو و بیستراو، مەترسییەکی نوێی ئۆنلاینی دروستکردووە؛ بڵاوکردنەوەی “تۆڵەکردنەوەی بەدڕەوشتی” (revenge porn)، یاخود بڵاوکردنەوەی وێنەی ڕووت یان سێکسی ئەوانی تر بە مەبەستی ئازاردانیان بەو ڕێگەیە. ئەمەش ڕەفتارێکی نوێیە و دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە بەکارهێنەران، تێکدانی پلانی پەروەردەیی و لەهەندێک کاتدا دەبێتە هەوڵی خۆکوژی1. جۆرەکانی ڕەفتاری پۆستکردنی تۆڵەکردنەوەی بەدڕەوشتی جیاوازی هەیە لە سەرچاوە و دۆخ و مەبەستی پۆستەکە، بۆنموونە ئەگەر کەسێک پۆست لەسەر کەسانی تر بکات، ئەوە هەرچەندە لە دۆخی پۆستەکە دڵنیانین، بەڵام مەبەستی پۆستەک ڕوونە کە بۆ زیانگەیاندنە بە کەسی بەرانبەر و ئەم زانیارییانەش لە سەرچاوەی نەناسراوەوە دێن. بڕوانە خشتەکە:

خشتەی جۆرەکانی ڕەفتاری پۆستکردنی تۆڵەکردنەوەی بەدڕەوشتی:1

سەرچاوەی پۆستەکە دۆخی پۆستەکە مەبەستی پۆستکەر ناسینەوەی سەرچاوە
خود دڵنیایە ستایشکردنی کەسەکە سەرچاوەیەکی ناسراوە
ئەوانی تر دڵنیا نییە زیانگەیاندن بە کەسەکە سەرچاوەیەکی نەناسراوە
ئۆنلاین ناڕوونە مەبەستی تر سەرچاوەکەی موستەحیلە بزاندرێت.

هەراسانکردنی ئۆنلاین:

هەراسانکردن(bullying)ی تەقلیدی بریتییە لە: “کێشەیەکی دەروونی کۆمەڵایەتییە، بەشێوەیەکی مەبەستدارانە و دووبارە زیان بە ئەوانی تر دەگەیەندرێت، و دروستکردنی ناهاوسەنگیی توانایە لە نێوان قوربانی و ئەنجامدەردا، کە دەرئەنجامی نەرێنی بۆ هەردوو لایەن هەیە.” هەراسانکردنی تەقلیدی زیاتر لایەنی مەترسی جەستەیی دەگرتەوە لەلایەن کەسێک یان گرووپێکی بەهێزتر بەدەربڕینی توانایان بەسەر کەسانێک کە لاوازن، بەڵام هەراسانکردنی ئۆنلاین (cyberbullying) کە زۆرجار هاوواتایە و بەگشتی ناهاوسەنگی توانای لایەنی کۆمەڵایەتی و دەروونی دەگرێتەوە. بەشێوەیەکی گشتی هەراسانکردنی ئۆنلاین بەمشێوەی ناسێندراوە: “هەراسانکردنە لە ڕێگەی ئه‌نتەرنێت یان ناردنی نامەوە”. ژوورەکانی گفتوگۆ، تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، بەرنامەکانی مۆبایل، یارییە ئەلکترۆنییەکان، چەند نموونەیەکن بۆ تووشبوون بە هەراسانکردنی ئۆنلاین3! بەگوێرەی ڕاپرسییەکان ڕێژەی هەراسانکردن ساڵانە زیادیکردووە، سەرەڕای ئەوەی کە زۆربەی دایبابان باسیان لەوە کردووە کە منداڵان بە زۆری لە قوتابخانە تووشی هەراسانکردن دەبنەوە، (١٩.٢٪)ی منداڵان تووشی هەراسانکردن بوونەوە لە ڕێگەی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و بەرنامەکانی ئۆنلاینەوە، (٪٧.٩) یارییە ڤیدیۆییە ئەلکترۆنییەکان سەرچاوەی هەراسانکردنەکە بووە5.

بیردۆزی بەکارهێنان و چێژوەرگرتن (Uses and Gratifications Theory):

بەگوێرەی ئەم بیردۆزە، خەڵکی بەشێوەیەکی چالاکانە هەوڵدەدەن بۆ بەدەستهێنانی بابەتێکی تایبەتی میدیا، لەپێناو مەبەست و ئامانجێکی ویستراوی تایبەتدا. ئەم بیردۆزە بەرچاوڕوونی دەبەخشێت بۆ تێگەیشتن لەوەی کە کەی و چۆن بەکارهێنەرێکی میدیا چالاک یان سست دەبێت، هەروەها دەرئەنجامی ئەو زۆريی و کەمی بەشدارییە چییە. ئەم بیردۆزە لەسەر بەکارهێنەرانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانیش جێبەجێدەکرێت، بیردۆزەکە پێنج گریمانەی سەرەکی هەیە1:

  • گوێگر چالاکە و ئامانجدارە لە بەکارهێنانی میدیادا.
  • میدیا بۆ چێژوەرگرتن بەکاردێت.
  • میدیا لە کێبەركێدایە لەگەڵ هۆکارەکانی تری بەدەستهێنانی پێداویستییەکان.
  • خەڵکی تێدەگەن لە بەکارهێنان و پاڵنەر و ئارەزووەکانیان، تەنانەت بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ توێژەران لەبارەی بژاردەکانیانەوە.
  • گوێگران تاکەکەسن کە دەتوانن دادوەری بکەن لەبارەی بەهای ئەو بابەتەی لە میدیادا هەیە.

کاریگەرییەکان لەسەر دەرووندروستی (Mental Health Consequences):

گفتوگۆیەکی بەردەوام هەیە لەبارەی کاریگەری تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لەسەر دەرووندروستی، توێژینەوەکان ئەنجامی جیاواز و تێکەڵییان هەبووە، چەندین توێژینەوە ئاماژە بەوە دەکەن کە بەکارهێنانی تۆڕەکۆمەڵایەییەکان وەکو کەسێکی ناچالاک یان بەکارهێنانی زانیارییەکان بەبێ بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی کۆمەڵایەتیی کاریگەری نەرێنی دەخاتە سەر باشبوونی تاک8. لە توێژینەوەیەکدا کە لەگەڵ نەوجەوانان کراوە، بەگشتی بەشداران باوەڕیان وابووە کە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان کاریگەری نەرێنیان هەیە لەسەر دەرووندروستی تاک، بەڵام ئاماژەیان بەوەداوە کە چەند کاریگەرییەکی ئەرێنیشی هەیە. لە دەرئەنجامی توێژینەوەکەدا دەرکەوتووە کە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بەشێوەکی گشتی زیانیان هەیە بۆ دەرووندروستی نەوجەوانان7.

خەمۆکی و بیری خۆکوژی:

لە توێژینەوەیەکدا دەرکەوتووە کە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان مەترسین بۆسەر دەرووندروستی تاک. بەشداران هەستیان بە لاوازی متمانەبەخۆبوون، خەمۆکی و بیری خۆکوژی کردووە وەکو دەرئەنجامێکی نەرێنی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان7. هەروەها ئەو کەسانەی کە لە خوار تەمەنی (٢٥) ساڵەوەن و دەبنە قوربانی هەراسانکردنی ئۆنلاین، دووهێندەی کەسانی تر هەوڵی خۆکوژی دەدەن5.

کەڵەکەبوونی زانیارییەکان؛ یەکێک لە تایبەتمەنییەکانی هەواڵی ئەم سەدەیەیە، کە بریتییە لە زۆری بڕی ئەو زانیارییانەی کە بەکارهێنەران بەرکەوتنیان هەیە لەگەڵی. ئەو زانیارییە هەواڵییانەی لە ماوەی (٣٠) ساڵی ڕابردوو بڵاوکراونەتەوە زیاترە لە هەموو زانیارییەکانی (٥٠٠٠) ساڵی ڕابردوو3! لە توێژینەوەیەکدا دەرکەوتووە کە کەڵەکەبوونی زانیارییەکان لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لەم ڕێگایانەوە دەبێت3:

  • زۆربوونی بڕی زانیارییە هەواڵییەکان.
  • زۆر قورسە بتوانیت خۆت بەدوربگریت لە بەرکەوتن بە هەواڵەکان.
  • نادڵنیایی سەبارەت بە ڕاستییەتی هەواڵەکان.
  • نادڵنیایی سەبارەت بە مەبەستداری هەواڵەکە.
  • پێشکەشکردنی بابەتی ناپەیوەندیدار.

لە توێژینەوەیەکدا لە زانکۆی پەنسلڤانیا کە لەسەر (١٤٣) خوێندکاری زانکۆ کراوە، سەبارەت بە کاریگەری کەمکردنەوەی کاتی بەکارهێنانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لەسەر دەرووندروستی تاک، دەرکەوتووە کە ئەو گرووپەی کە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان (فەیسبووک، ئینیستاگرام و سناپجات)یان ڕۆژانە بۆماوەی ١٠ خولەک کەمتر بەکارهێناوە لە چاو گرووپەکەی تردا، ئاستی هەستکردن بە تەنهاییی و خەمۆکییان کەمی کردووە. توێژینەوەکە وەکو دەرئەنجام دەڵێت: “سنوردارکردنی بەکارهێنانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بۆماوەی (٣٠) خولەک لە ڕۆژێکدا دەبێتە هۆی باشترکردنی هەستکردن بە باشی تاک.”4

دڵەڕاوکێ و فشاری دەروونی:

چەندین توێژینەوە ئاماژە بە کاریگەری ناچالاکانەی بەکارهێنانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دەکەن لەسەر توشبوون بە فشار و دڵەڕاوکێ8. یەکێک لە کێشەکانی سۆشیاڵ میدیا بریتییە لە بڵاوکردنەوەی زانیاری هەڵە و ناڕاست، بە هەواڵی ساختە(fake news) ناسراوە کە سەرچاوەیەکی سەرەکییە بۆ تووشبوونی تاک بە دڵەڕاوکێ9. بەهەمانشێوە زۆر بەکارهێنانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، زیانی شاراوە و نەبیندراوی دەبێت لەسەر تاک، وەکو خراپبوونی بڕی خەوتن، کەمبونەوەی بەختەوەری کەسی، دابەزینی ئاستی ئەکادیمی، و دەرئەنجامی نەویستراوی دەرووونی وەکو دڵەڕواکێ و خەمۆکی10.

دڵپیسی هاوسەران:

بەهۆی دابینکردنی زانیاری زۆر سەبارەت بە لایەنەکانی کۆمەڵایەتی تاکەکان، پەیوەندییە سۆزدارییەکان و چالاکییەکانی ئێستای، دەبنە هۆی هەستکردن بە دڵپیسی (غیرە) لەلای هاوسەران. توێژینەوەکان ئاماژە بەوەدەکەن کە زۆر بەکارهێنانی فەیسبووک یان بەشداری زۆر لە فەیسبووک دەبێتە هۆی دروستبوونی پەیوەندی دڵپیسی و نەبوونی ڕەزامەندی هاوسەری1.

توندوتیژی:

گەڕان لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و خودبەراوردکاری، دەبێتە هۆی ئەوەی کە خەڵکی هەست بە کەمی خۆیان بکەن لە بەرانبەر ئەوانی تر، هەست بە ئیرەیی و توڕەیی بکەن8. ڕێژەیەکی زۆر لە توێژینەوە کراوە لەسەر کاریگەری بەرکەوتن بە میدیای توندوتیژ لەسەر ڕەفتاری توندوتیژی، بەتایبەت لەسەر شێوازی ئۆنلاین وەکو سایتەکانی یاریکردن، فەیسبووک، ژوورەکانی گفتوگۆ، بەرکەوتن بە میدیای توندوتیژ دەبێتە هۆی توشبوونی تاک بە توندوتیژی و ڕەفتاری توندوتیژانە2.

ئالودەبوون بە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان:

چەندین بەڵگە هەن پێشبینی دەکەن کە زۆر بەکارهێنانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لەوانەیە ببێتە هۆی ئەو نیشانانەی کە لە ئالوودەبوون بە ماددە هۆشگۆڕەکانەوە هەیە، ئەو نیشانانەش وەکو گرنگبوونی ڕەفتارەکە لای تاک، گۆڕانکاری لە مەزاج، بەرگەگرتن (Tolerance)، نیشانەکانی لێگیرانەوە (Withdrawal)، دووبارە توشبوونەوە و بوونی کێشە بەهۆی ڕەفتاری ئالودەبوونەوە11. لە توێژینەوەیەکدا لەگەڵ نەوجەوانان کراوە، سەرەڕای ئەوەی کە بەکارهێنەری سەرەکی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانن، زۆربەیان باسیان لەوە کردووە کە هەتا ڕادەیەک تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان ئالودەکەرن7. لەبەرئەوەی کە بەکارهێنانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان پەیوەندییان هەیە بە سیستەمی پاداشت لە مێشکی مرۆڤدا، کە سەرچاوەیە بۆ خراپ بەکارهێنان وەکو بەکارهێنانی ماددەی هۆشگۆڕ و قومارکردن. لەبەرئەوە پێویستە بەکارهێنەرانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لەم مەترسییە بەئاگابن6. ئالوودەبوون بە فەیسبووک یەکێکە لە نموونەکان، تاک ئەگەری هەیە ئالودەی بەکارهێنانی هەر تۆڕێکی تری کۆمەڵایەتی ببێت11. لە توێژینەوەکدا لەسەر خوێندکارانی زانکۆ لە وڵاتی چین، بە بەکارهێنانی ڕاپرسی تایبەتی، دەرکەوتووە کە (٪١٤.٨)ی بەشداران ئالودەی بەکارهێنانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بوون10.

بەڵگەکان ئاماژەبەوە دەکەن کە هەڵپەکردن بۆ بەکارهێنانی تەکنەلۆجیا، کە ناوکرۆکی ئالودەبوونە بە تەکنەلۆجیا و لەنێویشیاندا تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، کایگەری هەیە لەسەر هەستکردن بە سوتانەوە و بێزاری دەروونی بەهۆی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە10.

تێکچوونی خودبینی بۆ جەستە

چەندین توێژینەوە ئاماژە بەوە دەکەن کە میدیای تەقلیدی (تەلەفیزیۆن، بەرنامەکان، ڕیکلامکردن) کاریگەرییان هەیە لەسەر بڕیاری ئافرەتان بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری جوانکاری. ئەم کاریگەرییە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان زۆرتر و کاریگەرترە، لە توێژینەوەیەکدا کە لەسەر سەد و هەژدە ئافرەت کراوە لە تەمەنی نێوان (١٨-٢٩) ساڵیدا سەبارەت بە کاریگەری بینینی ئەو ئافرەتانەی کە جوانکارییان لە دەموچاویاندا ئەنجامداوە، لەسەر تێڕوانینیان بۆ خۆیان و ئارەزوویان بۆ ئەنجامدانی کرداری جوانکاری. لە توێژینەوەکەدا دەرکەوتووە کە بینینی وێنەی ئەو کەسانەی کە جوانکارییان کردووە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان کاریگەری هەبووە لەسەر ئارەزووی ژنەکان بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەی جوانکاری، ئەو ئافرەتانەی کە زۆر لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی دەمێننەوە و هاوڕێ و پەیجی زۆریان لایە زیاتر دەکەونە ژێر ئەم کاریگەرییەوە12.

هەروەکو ئاماژەمان پێدا، لە ڕابردوو میدیای تەقلیدی لە ڕێگەی ڕیکلامەوە کاریگەری هەبووە، لەسەر گۆڕینی تێڕوانینی تاک بۆ وێنەی جەستەی خۆی. تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان چەندین جیاوازییان هەیە لەگەڵ میدیای تەقلیدی لەڕووی کاریگەری لەسە وێنەی جەستە، ئەوانیش بریتین لە13:

  • لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بەکارهێنەران خۆیانن، بەپێچەوانەی میدیای تەقلیدی کە هونەرمەندان و کەسانی ڕیکلامکەر بوو.
  • خەڵکی شێوازە خەیاڵییە ویستراوەکەی خۆیان لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان پیشاندەدەن. تەنها وێنە سەرنجڕاکێشەکانیان دادەنێن (جوانکاریشی تێدا دەکەن)، وێنە نەخوازراو و ناشیرینەکان لادەبەن.
  • تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان وێنەی چەندین کەسی جیاوازیان تێدایە (وەکو هاوڕێ، خێزان، نەناسراو، کەسانی بەناوبانگ)، هەروەها توێژینەوەکان ئاماژە بەوەدەکەن کە خۆبەراوردکردن بە هاوڕییان کاریگەری گەورەی هەیە لەسەر وێنەی جەستە.
  • هەروەها سەرەڕای دانانی وێنە، خەڵکی زۆرجار پۆست یان کۆمێنت دەنوسن لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان کە پەیوەندی هەیە بە دەرکەوتنی کەسەکەوە، ئەمەش کاردەکاتە سەر تێڕوانین و هەستی بەکارهێنەر بەرانبەر بە جەستەی خۆی.

توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە گەڕان بەنێو پۆستە ئەرێنییەکانی ئەوانی تر لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، کاردەکاتە سەر باشبوونی تاک و خۆبەراوردکردن بە باڵاتر لە خۆی. خەڵکی خۆیان بەراورد دەکەن بە کەسانی باڵاتر و خوارتر لە خۆیان. لەبەرئەوە بەکارهێنانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بەئاسانی هانی بەراوردکردنی کۆمەڵایەتی دەدات8. تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی وەکو ئینستاگرام، پینتێست و تویتەر، پۆستی بینراو و گوتراویان تێدایە کە سەبارەت بە وێنەیەکی خەیاڵی لاشە و هاندان بۆ بنیاتنانی کلتوورێکی “هاندەری جەستەی لاواز”! توێژینەوەکان دەریانخوستووە کە ڕیکلامکەرە جەستە لاوازەکان بەشێوەیەکی نەرێنی کاردەکەنە سەر تێگەیشتنی تاک لەبارەی شێوەی جەستەییەوە و هەڵسەنگاندنی خود بۆ سەرنجڕاکێشی3.

توێژینەوە پەیوەندیدارەکان ئەوەیان پیشانداوە کە بەکارهێنانی تۆڕی کۆمەڵایەتی (بەتایبەت فەیسبووک) پەیوەندی هەیە بە وێنەی جەستەوە لەناو ژنان و پیاوانی گەنجدا. هەروەها خۆبەراوردکردنی دەرکەوتنی تاک، ڕۆڵی هەیە لە پەیوەندی نێوان تۆڕی کۆمەڵایەتی و وێنەی جەستە13. بەهەمانشێوە زۆربەکارهێنانی ئینستاگرام، پەیوەندی هەیە بە تێڕوانین بۆ وێنەی جەستە4.

سودەکانی بەکارهێنان بۆ دەرووندروستی:

هەرچەندە توێژەران زیاتر سەرنجیان لەسەر کاریگەرییە نەرێنییەکانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانە، بەڵام هێشتا چەند سودێکی هەیە بۆ دەرووندروستی تاک. بۆنموونە چەندین هەل دەدەنە تاک بۆ دروستکردنی هاوڕێیەتی و دڵخۆشی، بەتایبەت گەنجان دەتوانن بە ئاسانی پەیوەندی هاوڕێیەتی و پەیوەستی بەهێز دروستبکەن بەهۆی ئاسانی دەستڕاگەیشتن بە زانیاريی و ئارەزووەکانی هاوڕێکانیان. هەروەها زیاتر هەست بە سەربەخۆیی دەکەن و توانای بڕیاردان و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانەیان گەشەدەکات. لە توێژینەوەکاندا ئاماژە کراوە بەم سودانەش6:

  • بەشداری کۆمەڵایەتی لەگەڵ گرووپێک کە هەمان ئارەزوویان هەیە.
  • هاندان و پاڵنان بۆ ژیانێکی ئەرێنی لە ڕووی تەندروستی و جەستەوە.
  • بوونی گرووپی پشتیوانی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان.
  • هێشتنەوە و دروستکردنی پەیوەندی نوێ.
  • ئاشنابوون بە شێوازی نوێی بیرکردنەوە.

دەرئەنجام (Conclusion):

تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان کاریگەری گەورە لەسەر دەروون و دەرووندروستی تاک دادەنێت، لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا زۆرترین کەس هەژماری هەیە لە تۆڕه‌کۆمەڵایەتییەکان و بەشێوەی ڕۆژانە و بەردەوام بەکاریدەهێنێت. گرنگ و پێویستە کە بەشێوازە زانستییەکەی لەم بابەتە تێبگەین و بزانین چۆن مامەڵەی لەگەڵدا دەکەین.

ئەگەر تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لەلایەن کەسانی پێگەیشتوو، کە هەستی بەرپرسیارێتیان هەیە بەکاربهێندرێت ئەوە هەلێکی باشە کە گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت، بۆ باشکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و هەروەها ئەنجامدانی بازرگانی. بەپێچەوانەشەوە کاتێک کە بەشێوەیەکی نابەرپرسانە بەکاردەهێندرێت لەلایەن کەسانێکەوە کە زۆر گەنجن دەتوانێت ببێتە هۆی دروستکردنی کێشە و ناڕەحەتی کە هەندێکجار لەوانەیە نەتواندرێت بسڕدرێتەوە1. توێژینەوە و لێکۆڵینەوە لەسەر چەندین لایەنی دەروونی ئەم تۆڕانە کراوە، سەرجەمیان ئاماژە بە مەترسییەکانی دەکەن لەسەر دەرووندروستی تاک و بەتایبەت گەنجان و نەوجەوانان، کە زۆرترین بەشدارییان  هەیە و بە ئاسانی دەکەونە ژێر کاریگەری ئەم تۆڕانە و کۆمپانیا و دامەزراوە گەورەکانەوە.

لەسەر ئاستی جیهان ڕێگە و ڕێوشوێنی تایبەت بە بەکارهێنانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان هەیە و توێژەران و پەروەردەکاران بەردەوام هەوڵی لێکدانەوەی ئەم دیاردەیە دەدەن. لە کوردستان کەمترین زانیاری هەیە لەسەر ئاستی بەکارهێنان و لەوەش مەترسیدارتر زانیاريی و شارەزایی بەکارهێنان لای تاکی کورد لاوازە. لەبەرئەوەشە کە نەمانتوانیوە لەم لێکۆڵینەوەدا سود لە سەرچاوەی کوردی وەربگرین! تەنانەت بابەت و پۆستی تایبەتیش لەسەر ئەم تەوەرە و لێکدانەوەی لەڕووی دەروونییەوە کەمە و زۆربەی پۆستەکانیش لاوازن و باسکردنن لە ئەزموونی کەسی.

ڕێکارەکانی داهاتوو (Future Interventions):

لەم بەشەدا ئاماژە بە چەند ڕێکارێک دەکەین کە پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان جێبەجێی بکەن هەتا بتوانن لە زیانە دەروونییەکانی خۆیان و نەوەکانیان بپارێزن.

بەکارهێنەران: ئەو کەسانەی کە گەورەن و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بەکاردەهێنن، پێویستە ڕەچاوی ئەم خاڵانە بکەن هەتا بتوانن لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی خۆیان بەدوربگرن:

  • بوونی هەژمار لە کەمترین تۆڕی کۆمەڵایەتی؛ چونکە هەتا ژمارەی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان زیاتر بن کاتی زیاتری دەوێت و مرۆڤ زیاتر گیرۆدەیان دەبێت.
  • کاتی بەکارهێنانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان کەمبکرێتەوە بۆماوەیەکی دیاریکراو؛ بۆ کەسێک کە تەنها بۆ پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بەکاریدەهێنێت باشترە نەگاتە یەک سەعات لە شەو و ڕۆژێکدا.
  • پیشاندانی خودی ڕاستەقینە و دورکەوتنەوە لە نمایشکردن و گۆڕانکاری لە خود؛ چونکە مرۆڤ کاتێک کە خودێکی ساختە پیشاندەدات هەست بە کەمی خۆی دەکات و بەو ساختەکاریيەی لەڕووی دەروونییەوە ناڕەحەت دەبێت، ئەمە جگەلەوەی کە لەلایەن خزمان و هاوڕێیانەوە هەست بەو ساختەکارییە دەکرێت.
  • دوورکەوتەنەوە لە خۆبەراوردکردن بەوانەی تر؛ لە ڕێگەی بوونی تێڕوانینی دروست بۆ تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، بەشێوەیەک تاک تێبگات کە بەشێکی زۆری وێنە و بابەتەکان خۆجوانکردنن و ساختەن، ئەمەش لەپێناو دورکەوتنەوە لە خۆبەراوردکردنی هەڵە بەوانی تر.
  • دورکەوتنەوە لە دروستکردنی پەیوەندی و نامە گۆڕینەوە لەگەڵ کەسانی نەناسراو و گەورەتر لەڕووی تەمەن! ئەمەش چەند نموونەیەک بۆ خۆپاراستن:
  • وەرنەگرتنی ئەو کەسانەی کە هەژماری نەناسراویان هەیه‌ وەکو هاوڕێ.
  • وەڵامنەدانەوەی نامەی کەسانێک کە نەناسراون و نامە دەنێرن بەناوی یەکترناسین.
  • هیچ کەسێک نەکاتە هاوڕێی هەتا نەزانێت کێیە و کەسێتی چۆنە.
  • نەکەوتنە ژێر کاریگەری وشە هەستبزوێنەکانی وەکو؛ بەهۆی جوانییەکەتەوە نامەم نارد، ئارەزوو دەکەم لەگەڵ کەسێکی خاوەنکەسێتی وەک بەڕێزت ببمە هاوڕێ، لە پۆستەکانتەوە دیارە کە کەسێکی بەتوانایت، …
  • دوورکەوتنەوە لە دروستکردنی پەیوەندی سۆزداری لە ڕێگەی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە.
  • نەنانردنی وێنە و ڤیدیۆ بۆ کەسانێک کە تەنها لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان هاوڕێن.
  • دورکەوتنەوە لە چاتکردن لەگەڵ کەسانێک کە نەناسراون یان مەبەستێکی تایبەتییان هەیە.
  • دوورکەوتنەوە لە گەڕان بەناو هەژماری ئەوانی تر و چاودێری و کونجکاریی نائاسایی؛ واتە خۆی بەدوربگرێت لە گەڕان بەدوای ڕووداوەکانی ژیانی کەسانی تردا کە چی دەکەن و پەیوەندییان لەگەڵ کێ هەیە.
  • لەسەر تۆڕەکان ناچالاک نەبن؛ واتە تەنها سەیرکەر نەبن، بەڵکو بەشداری چالاکانەیان هەبێت لەڕووی پۆستکردن، لایک، کۆمێنت و … ناچالاکبوون هۆکارە بۆ پەنگخواردنەوە و زۆرتربوونی ڕق و کینەی تاک.
  • هەوڵدان بۆ نوسین و پۆستی سودبەخش و لەکاتە پێویستەکاندا؛ بۆنموونە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی یان سیاسی بە دروستی باسبکات، کۆمێنتی پیرۆزبایی بۆ هاوڕێیان لەکاتی بۆنەکاندا، وێنەی شیاوی خۆی دابەزێنێت، …
  • هەڵەسەنگاندن و پشکنینی خود؛ ستراتیجییەکی تر لەوانەیە ئەو بەرنامانە بێت کە دەبنە هۆی زیادکردنی هەسەنگاندنی خودی و بەئاگایی بۆ بەکارهێنانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان وەکو بەرنامەکانی (In Moment) و (Space) کە پێتدەڵێت هەتا چ ڕادەیەک ئالودەبوویت بە مۆبایلەکەتەوە4.
  • پشوو وەرگرتن؛ ئەم دوو لایەنە دەگرێتەوە:
  • هەرگیز لە بۆنەکۆمەڵایەتییەکان کە خزمان یان هاوڕێیان کۆبوونەتەوە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بەکارنەهێندرێن، بەڵکو مۆبایل لە دووری خۆیان دابنێن!
  • هەوڵبدرێت ساڵانە یاخود مانگانە بۆماوەیەک لە بەکارهێنانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دوربکەوێتەوە، بۆنموونە مانگی جارێک بۆ ٣ ڕۆژ نەچێتە سەر تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان.

ئەم دوو خاڵە یارمەتیدەرن بۆ دوورکەوتنەوە لە ئالودەبوون بە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان..

دایباب: پێویستە کە منداڵان تێبگەیەندرێن کە نابێت تۆڕی کۆمەڵایەتییان هەبێت، هەرگیز ڕێگە نەدەن منداڵان لە خوار تەمەنی ١٥ ساڵان ببنە خاوەنی هەژماری کەسی! ئەوان هێشتا منداڵن و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بۆ ئەوان شیاو و گونجاو نییە، بەڵام ئەگەر منداڵێک تۆڕی کۆمەڵایەتی هەبوو یان لە تەمەنی نەوجەوانی تۆڕی کۆمەڵایەتی دانا! پێویستە دایباب ڕەچاوی ئەم خاڵانە بکەن:

  1. ڕێگریکردن؛ هەتا دەتوانن ڕێگری بکەن لە بوونی تۆڕی کۆمەڵایەتی لە خوار تەمەنی (١٥) ساڵان. ئەگەرنا با بەگوێرەی تەمەنی ڕێگەپێدانی ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییە بێت کە ماڵپەرەکە خۆی دایناوە، بۆنموونە بۆ بوونی هەژمار لە فەیسبووک، سناپچات و تیکتۆک نابێت کەسەکە لە ١٣ ساڵ کەمتر بێت. دەبێت بیرمان نەچێت ئەمانە بۆ کۆمەڵگای ئەورووپی دانراون، لەبەرئەوە ئێمە بۆ کۆمەڵگەی کوردی لە خوار ١٥ ساڵ بە هەڵە دەزانین تۆڕی کۆمەڵایەتییان هەبێت.
  2. ڕێگە نەدەن کە منداڵان تۆڕی کۆمەڵایەتییەکانی دایباب بەکاربهێنن و بەڕێوەی ببەن؛ بەکارهێنانی هەژمارەکانی دایباب لەلایەن منداڵانەوە هاندەرە بۆ دروستکردنی هەژماری کەسی و، هەروەها هەندێک بابەت دەبینن کە نەگونجاوە بۆیان، لەبەرئەوە باشترە کە ڕێگەنەدرێت منداڵەکانیان تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی دایباب بەڕێوەببەن.
  3. هاوڕێیان بە؛ دەبێت دایباب لە تۆڕی کۆمەڵایەتی هاوڕێی منداڵەکەیان بن، هەتا ئاگاداری پۆست و کۆمێنت و هاوڕێکانی منداڵەکانیان بن. لێرەوە ئاسانتر دەتوانن مامەڵەیان لەگەڵ بکەن لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان. تەنانەت دەبێت یەکێک لە دایباب لەو تۆڕە کۆمەڵایەتیەی منداڵەکەیان هەیەتی خۆشیان هەژمار دروستبکەن!
  4. چاودێریکردن؛ پێویستە کە دایباب لەکاتی بەکارهێناندا چاودێری منداڵەکەیان بکەن و بزانن کە لەگەڵ کێ و بۆچی مەبەستێک پەیوەندی دەکەن. ئەمەش بەمانای ئەوە نایەت کە بەردەوام چاویان لەسەریان بێت، بەڵکو کاتێک کە بەکاریدەهێنن هەندێکجار لەگەڵیان بن و بزانن چی دەکەن!
  5. ڕێنیشاندان؛ ڕێنماییکردن و ئاڕاستەکردنی منداڵان لەسەر چۆنییەتی خۆپاراستن لە هەراسانکردنی ئۆنلاین و تۆڵەکردنەوەی بەدڕەوشتی، کە دوو دیاردەی مەترسیداری ناو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانن.
  6. کات و شوێنی دیاریکراو هەبێت بۆ بەکارهێنانی تۆڕی کۆمەڵایەتی؛ بۆنموونە منداڵان ماوەی چەندە لە شەو و ڕۆژێکدا دەتوانن لەسەر هێڵبن، لە چی ژورێک بەکاری بهێنن، … ئەم دوو خاڵە بە ڕوونی لەگەڵیان باسبکرێت و لەسەری ڕێکبکەون.
  7. پێشەنگێکی باشبن لەڕووی بەکارهێنانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، دوو خاڵ هەیە لەم لایەنەوە زۆر گرنگە کە دایباب جێبەجێی بکەن:
  • کراوەبن لەگەڵ منداڵاندا لەڕووی بەکارهێنانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان؛ بۆنموونە کاتێک کە دایباب تۆڕی کۆمەڵایەتی بەکاردەهێنن ئاسایی بێت کە منداڵەکەیان لەگەڵیان بێت، هەتا ئەوانیش ڕێگە بە دایبابیان بدەن!
  • ماوەی بەکارهێنانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی دایباب دیاریکراوبێت و زۆر بەرکارینەهێنن. بەڵکو دەبێت هەوڵبدەن کەمترین کات مۆبایل و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بەکاربهێنن.
  1. پاڵاوتن: بەکارهێنانی ئەو بەرنامانەی کە فلتەری هەندێک لە بابەت دەکەن کە بۆ منداڵان نەشیاوە، لە ئێستادا تۆڕی ئنتەرنێتی تایبەت هەیە کە خۆی هەندێک بابەت فلتەر دەکات.
  2. قوتابخانە بەشداری پێ بکە؛ هاندان و داواکاری لە قوتابخانە هەتا بابەت لەسەر هۆشیاری بەکارهێنانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بدەنە نەوجەوانان.
  3. هەلیان بۆ بڕەخسێنن؛ پڕکردنەوەی کاتەکانی منداڵ بە پەیوەندی کۆمەڵایەتی ڕاستەوخۆ و ڕاستەقینە و ڕەخساندنی هەل بۆ دوورکەوتنەوە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان. بۆنموونە یاریکردن، بردنە دەرەوە، چیرۆک گێڕانەوە، وێنەکێشان، …

چەندین ڕیگە هەیە کە دایباب بەکاریدەهێنن بۆ وەڵامدانەوەیان بەرانبەر بە هەراسانکردنی ئۆنلاین، بەربڵاوترین جۆری وەڵامدانەوە بریتییە لە قسەکردن بۆ منداڵان لەبارەی سەلامەتی بەکارهێنانی ئۆنلاین. وەڵامی دایباب دوای تووشبوونی منداڵەکانیان بەم هەراسانکردنە بەمشێوە بووە: (٪٥٩.٤) قسەیان بۆ منداڵەکە کردووە لەبارەی سەلامەتی و چۆنێتی خۆپاراستنەوە، (٪٤٣.٤) دەستدرێژیکارانیان بلۆک کردووە، (٪٤٠.٦) کارەکەیان داوەتە دەست لێکۆڵەرەوان، (٪٣٣) ڕێسای نوێی بەکارهێنانی تەکنەلۆجیایان بەکارهێناوە، تەنها (٪٣٤.٩) قوتابخانەیان ئاگادارکردۆتەوە لەبارەی ڕووداوەکەوە، هەروەها (٪١٠.٤) بە تەواوی تەکنەلۆجیایان لە منداڵەکان قەدەغەکردووە5.

قوتابخانە و وەزارەتی پەروەردە:

یەکێک لە دامەزراوە کاریگەر و گرنگەکان لە کۆمەڵگەدا لەڕووی پەروەردەییەوە بریتییە لە قوتابخانە، لە ڕووی کاریگەری لەسەر کەمکردنەوەی زیانە دەروونییەکانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، لەم ڕێگایانەوە دەتوانێت سودبەخشبێت:

  1. بەکارنەهێنانی تۆڕی کۆمەڵایەتی بەشێوەی فەرمی بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ قوتابیان! قوتابخانە نابێت ببێتە هۆی ناچارکردنی قوتابی بۆ بەکارهێنانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان!
  2. ئەنجامدانی کۆڕ و سیمینار و چالاکی جۆراوجۆر لەلایەن کەسانی شارەزا و پسپۆڕەوە لەبارەی چۆنییەتی بەکارهێنانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لەلایەن قوتابیانەوە.
  3. تۆمارکردنی هەر کێشە و گرفتێکی قوتابی کە بەهۆی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە ڕوودەدات بۆ لایەنی پەیوەندیدار (دایباب یان دەسەڵات)، ئەمەش لەپێناو ڕووبەرڕووبونەوەی کێشەکە و چارەسەرکردنی بەشێوەیەکی دروست.
  4. دانانی پرۆگرامێکی تایبەتی لەسەر چۆنییەتی بەکارهێنانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و یارییە ئەلکترۆنییەکان، وەکو وانەیەکی تایبەتی بخوێندرێت.
  5. گرنگیدان بە ڕێنماییکارانی پەروەردەیی ناو قوتابخانەکان وەکو سەرچاوەیەک بۆ هاوکاریکردنی خانەوادەکان لەکاتی بوونی کێشە بەهۆی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە.

دەزگاکانی ڕاگەیاندن:

لە ئێستادا هەموو دەزگا میدیاییەکان بەشێکی گەورە و گرنگیان بریتییە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، لە زۆربەی تۆڕەکان هەژمار و پەیجی تایبەتییان هەیە بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاری و هەواڵ، بەداخەوە لە کوردستان کێشەی گەورەیان هەیە و پۆستەکانیان تەنها بۆ زۆرکردنی بینەر و کۆمێنت و لایکە، ئەمەش قەبارەی مەترسییەکەی زیاتر کردووە، بەبڕوای ئێمە پێویستە ئەم خاڵانە ڕەچاو بکەن لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانیان:

  1. ئەم دەزگایانە پێویستە بەشێوەیەکی پیشەییانە و هەستکردن بە بەرپرسیارێتی کاربکەن، خۆیان بەدوربگرن لە بڵاوکردنەوەی بابەتی هەڵە و ناڕاست.
  2. ئاگاداری دەرووندروستی تاک بن لەکاتی بڵاکردنەوەی هەواڵ و بابەتەکان، بەتایبەت پۆستی لایڤ و قسەکردن لەسەر ڕووداوە تاوانکارییەکان.
  3. ئەو کەسانەی کە لە بواری بەرهەمهێنانی بەرنامە و هەواڵدا کاردەکەن، پێویستە کەسانی ئەکادیمی و پیشەیی بن و لە دەرئەنجامی هەواڵ و بەرنامەکان تێبگەن.
  4. ئەنجامدانی ڕاهێنانی میدیایی لە زانکۆکان و شوێنی کار سەبارەت بە بەکارهێنانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، دەتوانێت ببێتە هۆی کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکان12.

ماڵپەڕە کۆمەڵایەتییەکان:

یەکێک لە کێشە گەورەکان کە پێویستی بە ڕووبەڕووبونەوە هەیە لەسەر ئاستی ماڵپەڕە کۆمەڵایەتییەکان بریتییە لە هەراسانکردنی ئۆنلاین و فلتەرکردنی بابەتەکان. لە ئێستادا ڕێکخراوەکان و کۆمپانیا و قوتابخانەکان بە چەندین شێوەی جیاواز کاردەکەن لەگەڵ هەراسانکردنی ئۆنلاین. بۆنموونە: پێویستە کەسەکە بە هەژماری خۆی پۆست وکۆمێنت بنوسێت و ناوی ئاشکرا بێت، داخستنی کۆمێنت هەیە لە ماڵپەڕەکان، سنوردارکردنی خوێندکاران بۆ بەرکاهێنانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لەکاتی دەوامی قوتابخانە، گۆڕانکاری لە چەند پەیجێک کە مەترسین، بۆنموونە لابردنی پۆستی نەگونجاو لەلایەن فەیسبووکەوە3.

هەروەها دەبێت ئەم ماڵپەڕانە کاری زیاتر و گەورەتر بکەن لەسەر بوونی سەرچاوەی ڕێگریکردن لە هەراسانکردن و خۆکوژی3. ئەرکی لایەنی پەیوەندیدار و پسپۆڕانە کە توێژینەوەی زانستی بکەن بەمەبەستی کەمکردنەوە  و چارەسەرکردنی کێشەکان و بیگەیەننە ئەو ماڵپەڕانە هەتا کاری لەسەر بکرێت.

پسپۆڕانی بواری دەروونی:

پسپۆڕانی بواری دەروونی زۆر لایەن دەگرێتەوە؛ دەروونناسان، چارەسەرکارانی دەروونی، ڕێنماییکاران، پزیشکانی دەروونی، … هەموو ئەو پسپۆڕیانە لە تۆڕه‌کۆمەڵایەتییەکان هەن و بەشداری دەکەن وەکو تاکێک لەناو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، پۆست و کۆمێنت و شیکردنەوە دەکەن بەبێ بوونی لێکۆڵینەوە و بەئاگابوون لە کاریگەری وتە و کردارەکانیان لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان.

ڕێکخراوی (The Association of State and Provincial Psychology Boards) کە ڕێکخراوێکە بۆ دەروونناسان، لە کەندا و ئەمریکا کاردەکات، بەم نزیکانە ڕێککاری بەکارهێنانی تۆرە کۆمەڵایەتییەکانی داناوە بۆ ئەندامەکانی! هەروەها هەردوو ڕێکخراوی (Oregon Board of Psychology) لە ساڵی (٢٠١٨)، (American Psychological Association) لە ساڵی (٢٠١٩) کار لەسەر دانانی هەمان ڕێکاری دەکەن بۆ ئەندامەکانیان و ڕەشنوسیان ئامادەکردووە. پەیوەندی لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە لە ئێستادا لەلایەن دەروونناسانەوە زۆر بەکاردەهێندرێت، لەبەرئەوە پێویستی بە ڕێکخستن هەیە هەتا بزاندرێت چی گونجاوە و چی نەگونجاوە لەوبارەیەوە. پێویستە کە ڕێنمایی و ڕەوشتی بەکارهێنانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بۆ دەروونناسان دابندرێت، واپێشبینی دەکرێت کە ئەم ڕێنیشاندەرانە ببنە بۆی باشترکردنی چاودرێری و پاراستنی کۆمەڵ14.

بۆ ئەو کەسانە کە لە بوارێکی دەروونیدا پسپۆڕییان هەیە، کاتێک لە تۆڕێکی کۆمەڵایەتی هەژماریان هەیە، پێویستە ڕەچاوی ئەم خاڵانە بکەن، هەتا دەرووندروستی هاوڕێیانیان بپارێزن:

  • ڕای کەسی جایبکەنەوە؛ لەکاتێکدا کە پۆستێک یان بابەتێک لە بارەی شتێکەوە دەبنوسن و بڵاوی دەکەنەوە دەبێت ڕای کەسی و بابەتە زانستییەکان لەیەکتر جیابکەنەوە، هەرکات کە ڕا و سەرنجی کەسیی بوو وەکو بنەمایەکی زانستی باسی نەکەن و ئاماژە بەوە بکەن کە ئەوە بابەتێکی کەسییە!
  • نوسینی سەرچاوە؛ بەبێ سەرچاوەی زانستی باسی بابەتە دەروونییەکان نەکەن و هەوڵبدەن لەکاتی نوسینی بابەت و پۆستەکاندا پشت بە چەند سەرچاوەیەک ببەستن. بەداخەوە لە ئێستادا چەندین بابەت بڵاودەکرێتەوە بەبێ ئاماژەکردن بە سەرچاوەی زانیارییەکان، پێویستە کەسانی پسپۆڕ لەم هەڵەیە دووربکەونەوە.
  • پاراستنی هەردوو لایەنی “تایبەتمەندی و نهێنیپارێزی”؛ کاتێک کەسێک یان هاوڕێیەکی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان داوای هاوکاری لێکردووە! بەداخەوە لە ئێستادا نامە و پۆست و قسەی کەسەکان بڵاودەکرێتەوە بەبێ هەژمارکردنی نهێنیپارێزی کەسەکە!
  • دوورکەوتنەوە لە بڵاوکردنەوەی بابەت و هەواڵی ناڕاست و ساختە؛ زۆرجار بەهۆی متمانەی هاوڕێیان بەوکەسەی ئەو پۆستەی کردووە باوەڕ بە هەواڵەکە دەکەن و دەرئەنجام بەهۆیەوە کەسانێکی زۆر گیرۆدە دەبن. لەبەرئەوە دەبێت پێش بڵاوکردنەوەی هەر بابەتێک لە ڕاستی بابەتەکە دڵنیاببنەوە، پاشان بڵاویبکەنەوە.
  • دورکەوتنەوە لە بێهیواکردنی خەڵکی؛ لە جیاتی بێهیواکردنی تاکەکان، پێویستە ڕێگەکانی چارەسەر و ڕێنمایی دروست بۆ کێشە و گرفتەکان پێشنیاز بکەن. بەداخەوە لە ئێستادا تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بوونەتە سەرچاوەی بێهیواکردنی خەڵکی، نابێت کەسانی پسپۆڕ سواری ئەم شەپۆلە ببن!
  • چارەسەرنەکردنی هیچ کێشەیەک لەڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتییەوە؛ دەبێت خۆیان بەدوربگرن لە پێشنیازکردنی چارەسەر و هەوڵنەدەن کە کێشەی کەسێک لە ڕێگەی نامە گۆڕینەوە و پەیوەندی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان چارەسەر بکەن. لە ئێستادا چەندین کەس گیرۆدەی دەستی ئەم جۆرەن لە چارەسەر، نەک کێشەکە چارەسەر نەکراوە بەڵکو گەورەتر و خراپتر بووە.
  • هەڵسەنگاندنی پێش نەشتەرگەری جوانکاری؛ چەندین توێژینەوە پشتیوانی هەڵسەنگاندنی دەروونی بۆ ئەو نەخۆشانەی کە نەشتەرگەری جوانکاری دەکەن دەکات12. پێویستە پسپۆڕانی بواری پزیشکی پێش ئەنجامدانی نەشتەرگەريی و پرۆسەکانی جوانکاری بۆ هەندێک کەس کە گومان دەکرێت لەژێر کاریگەری تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان ئەو بڕیارەیانداوە، بنێردرێن بۆ لای پزیشکانی دەروونی بەمەبەستی هەڵسەنگاندنی دەروونی.
  • دانانی ڕێنیشاندەری تایبەت لەلایەن ڕێکخراو و کۆمەڵە تایبەتەکان؛ کۆمەڵە تایبەت و فەرمییەکانی دەروونناسان، پزیشکانی دەروونی، چارەسەرکارانی دەروونی، دەبێت هەوڵبدەن کە ڕێنمایی تایبەت و پابەندکەریان هەبێت بۆ ئەنجامەکانیان، بەتایبەت لەسەر بابەتی چارەسەر و ڕێنمایی لە ڕێگەی ئۆنلاین و نامەگۆڕینەوە.
  • چارەسەر و ڕێنمایی بەشێوەی ئۆنلاین؛ ئەو کەسانەی کە لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە کاردەکەن، پێویستە ڕه‌چاوی سەرجەم ڕەوشتە پیشەییەکان ببن، هەروەها دەبێت لە ڕێگەی تایبەت و ڕێکخراوەوە ئەو کارە بکەن هەتا لە کێشە و گرفتی یاسایی و کۆمەڵایەتی بەدوربن.

دەسەڵات: حکومەتی هەرێم بەرپرسیارێتی گەورەی لەسەرشانە بۆ کەمکردنەوەی زیانەکانی بەکارهێنانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، لە چەندین ڕێگەوە دەتوانێت کار لەسەر تۆڕه‌کۆمەڵایەتییەکان بکات:

  1. ڕێگریکردن؛ سانسۆرکردنی هەندێک تۆڕی کۆمەڵایەتی کە زیانی هەیە بۆ کۆمەڵگە و تەنها بۆ تێکدانی شیرازه‌ی خێزان و کۆمەڵگەیە.
  2. یاسای تایبەت؛ یاسایەکی تایبەت بە بواری تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لە کوردستان دەربچێت، لەسەر بنەمای ڕووبەڕووبونەوەی زیانەکانی ئەم تۆڕانە کە هەندێکجار جیاوازن و لە چوارچێوەی یاسای ژمارە ٦ی ساڵی (٢٠٠٨) (یاسای قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی کردن) ئاماژەی بۆ نەکراوە یاخود ناڕوونە.
  3. گەیاندنی پێشنیازەکان بە ماڵپەڕەکان؛ لەسەر حکومەتی هەرێم پیویستە لە ڕێگەی لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە کاربکات بۆ گەیاندنی پێشنیازەکان بۆ خاوەنانی ماڵپەڕە کۆمەڵایەتییەکان وەکو گرنگیدانی زیاتر بەلایەنی زمانەوانەی نوسینی کوردی بۆ فلتەرکردنی وشەی نەشیاو و نەگونجاو! یاخود هاندانی کەسانی ئەکادیمی هەتا لە بواری تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان توێژینەوە بکەن و توێژینەوەکان بگەیەننە لایەنی پەیوەندیدار.
  4. پڕۆگرامی خوێندن؛ دانانی پڕۆگرامێكی تایبەت بۆ خوێندن، گرنگی بە هۆشیاری لەبارەی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە بدرێت لە سەرجەم ئاستەکان، بەتایبەت لە بەشە پەیوەندیدارەکانی وەکو ڕاگەیاندن، هونەر، دەروونناسی…

سەرچاوەکان

  1. Riva, G., Wiederhold, B. K., & Cipresso, P. (2016). The Psychology of Social Networking.
  2. Dimofte, C. V., Haugtvedt, C. P., & Yalch, R. F. (2016). Consumer psychology in a social media world.
  3. Scheinbaum, A. C. (2018). The dark side of social media: a consumer psychology perspective.
  4. Hunt, M. G., Marx, R., Lipson, C., & Young, J. (2018). No More FOMO: Limiting Social Media Decreases Loneliness and Depression. Journal of Social and Clinical Psychology.
  5. COOK, S. (n.d.). Cyberbullying facts and statistics for 2018 – 2021. Retrieved January 10, 2022, from comparitech: https://www.comparitech.com/internet-providers/cyberbullying-statistics/
  6. King University Online. (2019). The Psychology of Social Media.
  7. O’Reilly, M., Dogra, N., Whiteman, N., Hughes, J., Eruyar, S., & Reilly, P. (2018). Is social media bad for mental health and wellbeing? Exploring the perspectives of adolescents. Clin Child Psychol Psychiatry.
  8. Yue, Z., Zhang, R., & Xiao, J. (2022). Passive social media use and psychological well-being during the COVID-19 pandemic: The role of social comparison and emotion regulation. Computers in Human Behavior.
  9. Domenico, G. D., Sit, J., Ishizaka, A., & Nunan, D. (2021). Fake news, social media and marketing: A systematic review. Journal of Business Research.
  10. Liu, C., & Ma, J. (2020). Social media addiction and burnout: The mediating roles of envy and social media use anxiety. Current Psychology volume.
  11. Kuss, D. J., & Griffiths, M. D. (2017). Social Networking Sites and Addiction: Ten Lessons Learned. Int J Environ Res Public Health.
  12. Walker, C. E., Krumhuber, E. G., Dayan, S., & Furnham, A. (2019). Effects of social media use on desire for cosmetic surgery among young women. Current Psychology.
  13. Fardouly, J., & Vartanian, L. R. (2016). Social Media and Body Image Concerns: Current Research and Future Directions. Current Opinion in Psychology.
  14. Drude, K., & Messer-Engel, K. (2020). The Development of Social Media Guidelines for Psychologists and for Regulatory Use. J Technol Behav Sci.

– ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ژماره‌ (35)گۆڤاری خاڵ  بڵاوكراوه‌ته‌وه‌..

گۆڤاری خاڵ، گۆڤارێكی هزری ڕۆشنبیری وه‌رزییه‌، به‌سپۆنسه‌ری سه‌نته‌ری زه‌هاوی بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی فیكریی چاپ ده‌كرێت

د.جەعفەر عومەر

د.جەعفەر عومەر، پزیشکی پسپۆری دەروونی. الدكتور جعفر عمر، طبیب اخصائى في طب النفسي

د.جەعفەر عومەر

د.جەعفەر عومەر، پزیشکی پسپۆری دەروونی. الدكتور جعفر عمر، طبیب اخصائى في طب النفسي

Leave a Reply