وتار

هەڵە باوەكان بۆ ڕاڤەى بەشێك لە ئايەتەكان

[لِمَ تَقُولُونَ مَا لَا تَفْعَلُونَ]

دوانزه‌یه‌م

[لِمَ تَقُولُونَ مَا لَا تَفْعَلُونَ].

ئەم ئایەتە پیرۆزەى سورەتى (الصف)، لەبەر گەورەیی و گرنگى ئەو پەیامەى هەڵیگرتووە، بە دەق و واتایەوە لەسەر زارى زۆر کەسێکە و، یەکێکە لە بڵاوترین دروشمەکانى قورئان، کە خاوەن بەها و پەیامێکى ئەوتۆیە، مسوڵمانان دەخاتە ژێر بەرپرسیارێتى باوەڕ و ویژدانیانەوە، تاوەکو ئەوەى بە گوتار دەیڵێن لەسەر ئەرزى واقیع بە ڕەفتار بەرجەستەى بکەن و، تەنها لەسەر بەڵێن و دروشم ڕانەوەستن. ئەمەش وەکو ڕەوشتێکى بەرز و خەسڵەتێکى دیارى بڕواداران، پێویستە لەبەرچاو بگیرێت، چەندین دەقیش جەختى لەسەر دەکاتەوە، لەوانە: [أَتَأْمُرُونَ النَّاسَ بِالْبِرِّ وَتَنْسَوْنَ أَنْفُسَكُمْ وَأَنْتُمْ تَتْلُونَ الْكِتَابَ أَفَلَا تَعْقِلُونَ]. البقرة: ٤٤. [وَمَا أُرِيدُ أَنْ أُخَالِفَكُمْ إِلَى مَا أَنْهَاكُمْ عَنْهُ]. هود: ٨٨.
بەڵام ئایەتەکە هەندێک جار لە بەکارهێنان و بەڵگەپێهێنانەوەدا لە سنوورى خۆی تێدەپەڕێنرێت. ئێمە پشتیوان بە خودا هەوڵ دەدەین بیگێڕینەوە نێو قاڵب و بازنە سروشتییەکەى خۆی؛ چونکە ناکرێت واز باسەکانى (حەج) و (زەکات) و دەیان بابەتى دیکە بهێنین، تەنها لەبەر ئەوەى خۆمان ناتوانین پێیان هەستین.
هۆی دابەزینى ئایەتەکە:
بەشێک لە یاوەران (خودا لێیان ڕازى بێت)، چوونە خزمەت پێغەمبەر (درودى خواى لەسەر بێت)، پرسیاریان کرد کامە باشترین و خێرترین کردەوەیە ئەنجامى بدەین؟ خوداى گەورەیش پێغەمبەرى ئاگادار کردەوە، کە پاش باوەڕهێنان، جیهاد دژى ئەو بێ باوەڕانەى بەرامبەر بە بیر و باوەڕى مسوڵمانان وەستاونەتەوە باشترین کردەوەیە. بەم وەڵامە بەشێکیان نیگەران بوون و، جیهادیان بە قورس زانى و، پێوەى پابەند نەبوون . تا ئەو ئاستەى لە غەزاى (ئوحود)دا پەیمانیان شکاند و لەبەرەى جەنگ هەڵهاتن ، خواى گەورەیش بەم ئایەتە [لِمَ تَقُولُونَ مَا لَا تَفْعَلُونَ] سەرزەنشتى کردن .
لەم ئایەتە ئەوە وەردەگیرێت: کاتێک کەسێک بەڵێنێک دەدات، پێویستە لەسەرى بە هەر نرخێک بێت بەجێیبگەیەنێت و بیباتە سەر .
کەواتە مەبەستى ئایەتەکە ئەوە نییە، هەر کەس هەرچی گوت، بۆی نەبێت بە هیچ جۆرێک لێی لابدات، هەرچەند ئەوە ئەسڵە و پێویستە لەبەرچاو بگیرێت. بەڵام خۆ بەو پێیە بێت كەسێك نامێنێتەوە فەرمان بە چاكە و بەرگرى لە خراپە بكات.
تایبەت بەم پرسە دەچینە خزمەت زانایان، بزانین ئەوان چۆن لە بابەتەکەیان ڕوانیوە؟
١ـ پێشەوا (نەوەوى) لەسەر زارى زانایانەوە دەفەرموێت: بە مەرج نەگيراوە فەرمانكار بە چاكە و ڕێگريكار لە خراپە، تەواو پابەندبێ بەوەى دەیڵێت، بەڵكو هەرچەند خۆيشى پابەند نەبێت، هەر دەبێت فەرمان بە چاكە و ڕێگرى لە خراپە بكات؛ چونکە ئەو (دوو) ئەركى لەسەرە، يەكێكيان ئەوەيە: فەرمان بە خودى خۆى بكات بە ئەنجامدانى چاكە و وازهێنان لە خراپە. ئەويتریان ئەوەیە: فەرمان و ڕێگرى هەبێت بۆ كەسانى ديكە، خۆ گەر بێت و يەكێكيانى بەجێ نەهێنا، چۆن بۆی ڕەوايە ئەوى ديكە بەجێ نەهێنێ ؟!
٢ـ شێخ (ئيبن حەجەر) دەفەرموێت: ئەگەر فەرمانكار بە چاكە بۆخۆيشى خراپەى ئەنجامدا، دواجار هەر پاداشت وەردەگرێت لەسەر فەرمان كردنى بە چاكە، بە تايبەت ئەگەر خەڵكى بە گوێيان دەكرد. گوناهى پابەند نەبوونى بە فەرمانەكانى خۆیەوە، جاروبار خودا لێى خۆش دەبێت و جاروباريش سزاى لەسەر دەدات .
٣ـ شێخ (ئيبن رەجەبى حەنبەلى) دەفەرموێت: ئەگەر تەنها پارێزراوەكان ئامۆژگارى خەڵكيان كردبا، ئەوا لە دواى پێغەمبەر (سەلامى خواى لەسەر بێت) ئامۆژگارى کردن بۆ كەسێکیتر ڕەوا نەدەبوو؛ چونكە لە دواى ئەو كەسێك نييە هەڵەى نەبێت .
وە پێشینانى چاکمان (ڕەزا و ڕەحمەتى خوایان لەسەر بێت)، چاک دەرکیان بەوە کردبوو، کە زانایان و پێشەوایان مەرج نییە بتوانن هەموو وردەکارییەکانى شەرع لە خۆیاندا کۆ بکەنەوە، بۆیە سەربارى هەندێک کەم و کورتی، نابێ دەستبەردارى ئامۆژگارى و قسەی خێر ببن.
ئەوەتا جارێک پێشەوا (حەسەن) بە (مەترەف) دەڵێ: بۆچی وازت لە ئامۆژگارى کردن هێناوە؟ گوتى: دەترسم شتێک بە خەڵکى بڵێم کە خۆم نەیکەم. فەرمووى: جا کام لە ئێمە ئەوەى دەیڵێ خۆی بۆی جێبەجێ دەکرێت؟! شەیتان پێی خۆشە بەم شێوەیە زەفەر بە زانایان بەرێت، تاوەکو کەسێک نەمێنێت فەرمان بە چاکە و ڕێگرى لە خراپە بکات .
(ماليكى كوڕی رەبیعە)ش لە (سەعیدی کوڕی جوبەیر)ەوە دەگێڕێتەوە، کە فەرمویەتى: ئەگەر مرۆڤ فەرمان بە چاکە و ڕێگرى لە خراپە نەکات، تاوەکو هەمووى لە خۆیدا بەرجەستە دەکات، ئەوا کەسێک نامێنێتەوە فەرمان بە چاکە و بەرگرى لە خراپە بکات. ئەوە کێیە هەرگیز هەڵەى نەکردووە و، تەنها هەر چاکەى هەیە ؟!

پێشەوا (عومەرى کوڕی عەبدولعەزیز)یش لە نامەیەکى ئامۆژگارى ئامێزدا بۆ یەکێک لە کاربەدەستەکانى، نوسی: من هەرچەندە دەرهەق بە خۆم زۆر زێدەڕۆ و خەتابارم، بەڵام ئامۆژگاری تۆ دەکەم؛ چونکە گەر مرۆڤ واز لە ئامۆژگارى براکەى بهێنێت تا ئەو کاتەى خۆی تۆکمە و دامەزراو دەکات، ئەوا چاکەکارى پەکى دەکەوێت و، فەرمان بە چاکە و ڕێگرى لە خراپە هەڵدەگیرێت و، بەر بۆ حەرامکراوەکان شل دەبێت و، ئامۆژگاریکاران کەم دەبنەوە، شەیتان و یاریدەدەرەکانیشى پێیانخۆشە فەرمان بە چاکە و بەرگرى لە خراپە نەمێنێت، ئەگەر کەسێکیش پێی هەستێت بە توانج و تەشەر دەیشکێنن .

محمد مه‌لا محمود تاوگۆزی

بابەتەكانی نوسەر

Leave a Reply