یازدەیەم
لەم بڕگە ئایەتەى کە (هەشت) جار له قورئانى پیرۆزدا هاتووە، خواى گەورە توانا و دەسەڵاتى ڕەهای خۆی تێدا خستۆتە ڕوو، بەوەى ویستى لەسەر هەر شتێک هەبوو، پێی دەفەرموێت: [كُنْ فَيَكُونُ] ببە، دەبێ.
مەبەست لەم دەستەواژەیە ئەوەیە: خوداى گەورە بەبێ هیچ زەحمەت و ماندووبوون و دواکەوتن و کەرەستەیەک، وە بەبێ هیچ ئامادەکارى و نەخشەسازییەک ، هەرچییەکی ویست دەیکات و دەیهێنێتە بوون. بەم پێیەش بە وشەی [كُنْ] -کە لە هەردوو پیتى (کاف) و (نون) پێکهاتووە و، كورتترين و، ئاسانترین وشەی سەر زارى مرۆڤە -، گوزارشتى لە ئاسانى هەموو بڕیار و بەدیهێنان و کارێک کردووەتەوە لە بەرامبەر دەسەڵاتى بێ سنوورى خۆیدا.
کەوابوو ئەو کەسەی پێی وایە خودا بۆ بەدیهێنانى هەر شتێک، وە بە ژمارەى هەر بڕیار و فەرمانێک دەبێ بفەرموێت: [كُنْ] ببە، ئینجا شتەکە دەبێت، بە هەڵەدا چووە؛ چونکە خواى گەورە لە چرکەیەکدا بە ملیارەها ویست و بڕیارى جۆربەجۆر دەردەکات، چەندین دەمرێنێت و، چەندین دەهێنێتە بوون، وە هەر لەو چرکەیەدا چەندین نەخۆش دەخات و، چەندینیش چاک دەکاتەوە ، وە چەندین برسی و تینوو دەکات و چەندانى دیکە تێر و پڕ، چەندین هەژار و ڕەجال دەخات و چەندانى دیکە دەوڵەمەند، وە هەروەها… خۆ ناکرێت بۆ هەر کەسە و بۆ هەر دۆخێک لەمانە بفەرموێت: [كُنْ]، [كُنْ]، [كُنْ] ببە، ببە، ببە.. بەڵکو پێویستیشى پێى نییە.
کەواتە بەدیهێنان و ویستەکانى خودا لەسەر وشەى [كُنْ] ببە ڕانەوەستاوە، تاوەکو بۆ هەر فەرمان و بڕیار و بەدیهێنانێک پێویستى بە گوتن و بەکاربهێنانى هەبێت، بەڵکو ئەم گوزاشتە خوازەى وێنەییە (استعارة تمثیلیة) و، مەبەست لێی خێرایی بەدیهێنانە . بۆ ئەوەیە خەڵکى لەنێوان خۆیاندا تێبگەن كە خودا بە کەمترین ماوە شتەکان دەهێنێتە بوون .
سەبارەت بەمەش هەریەکە لە پێشەوایان (رازى) و (ئیبن خەتیب) و (ماوەردى ) دەفەرموون: ئەگەر خودا بۆ هەر شتێک بفەرموێت: [كُنْ] ببە، ئەوا وشەی ببەکەیش پێویستى بە [كُنْ] ببەیەکیتر دەبێت؛ چونکە وشەکەیش خۆی بۆ خۆی بڕیار و ویستێکى دیکەى نوێی پەروەردگارە، ئەمەیش دواجار توشی گرفتى (دور و تسلسل)مان دەکات، کە ئەستەمە (مەحاڵە) و نابێت ڕووبدات.
بەوەى ڕابوورد بۆمان دەرکەوت دەستەواژەى [كُنْ] ببە، تەنها بۆ نزیککردنەوەى بابەتەکەیە تا ئاستی تێگەییشتنى مرۆڤ و، بۆ ڕوونکردنەوەى توانا و دەسەڵاتى ڕەهاى پەروەردگارە لە خێرایی بەدیهێناندا بە کورتترین فەرمان لە ئاوەز و هزرى مرۆڤدا، مەبەستی پەروەردگاریش پێی تەنها ئاشکرا کردنى فەرمانەکانیەتى بۆ بەندەکان .
لە کۆتاییدا جارێکیتر جەخت دەکەینەوە و دەڵێین: بەدیهێنانى بەدیهێنراوەکان پێویستییان بە وشەی [كُنْ] ببە نییە و، دروستیش نییە بگوترێت بەدیهێنانەکانى خودا لەسەر وشەی [كُنْ] ببە ڕاوەستاوە ؛ لەبەر چەند هۆکارێک کە زانایان بە وردى باسیان کردووە .