وتار

هەڵە باوەكان بۆ ڕاڤەى بەشێك لە ئايەتەكان

[وَرَهْبَانِيَّةً ابْتَدَعُوهَا]

نۆیه‌م

داهێنان لە ئاییندا (بیدعە) چەمکێکى ئاڵۆز و مشت و مڕ هێنە، بەڵام ئەوەى لێرەدا پەیوەست بە باس و خواسی ئێمەیە، گۆشە نیگا قورئانییەکە و ڕاڤەکردنى بڕگەکانى ئایەتەکەیە، بەو شێوەیەی سیاقی ئایەتەکە دەیخوازێت و، زانایان کردوویانە.
سەرەتاش دەڵێین: جێگەى نیگەرانییە ئەم بابەتە هێندە گەورە كراوە وەك ئەوەى بنەمايەكى سەرەكى ئيسلام بێت، لە كاتێكدا پرسەکە لەو قەبارەيەدا نييە، بەڵکو ئەمیش وەک هەرکام لە پرسە جێ ناکۆکەکانى دیکە قابیلی تێگەییشتن و ڕاى جیاوازى زانایانە و بابەتێکى ئاساییە. خۆ ئەگەر هاتبا و پرسێکى هێندە گەورە و ترسناک بوایە، دەبوو چەندين ئايەت و فەرمودەى هەڕەشەئامێزى لەسەر هاتبا، یان لانى کەم پەروەردگارمان بە ئایەتێک لە مەترسييەكانى بێدارى كردباينەتەوە، بەڵام ئەوەى لە قورئانى پيرۆزدا تایبەت بەو پرسە هاتووە، تەنها ئەم ئايەتەیە پیرۆزەیە: [وَرَهْبَانِيَّةً ابْتَدَعُوهَا مَا كَتَبْنَاهَا عَلَيْهِمْ إِلَّا ابْتِغَاءَ رِضْوَانِ اللَّهِ فَمَا رَعَوْهَا حَقَّ رِعَايَتِهَا فَآتَيْنَا الَّذِينَ آمَنُوا مِنْهُمْ أَجْرَهُمْ وَكَثِيرٌ مِنْهُمْ فَاسِقُونَ]. الحدید: ٢٧. کە واتاکەى وەکو پێویست نەگەییشتووە بە بەشێک لە بڕواداران، بۆیە ئێمە پشتیوان بە خودا بە کورتى دەچینە سەر مەبەستە سەرەکییە قورئانییەکە و ئەوەی لەبارەیەوە پێویست بێت لەم چەند خاڵەدا دەیخەینە ڕوو.١ـ هۆی دابەزينى ئايەتەکە:
سەبارەت بە هۆی دابەزینى ئایەتە، هەروەك یاوەری بەڕێز (ئەبو ئومامەى باهيلى، خودا لێی ڕازى بێت) دەفەرموێت: كەسانێك لەنێو (بەنو ئيسرائيلييەكان) بە مەبەستى ڕازى كردنى پەروەردگار چەند داهێنانێكيان داهێنا، كە خودا لەسەری نەنوسيبوون، دواتر دەستیان لەو داهێنانە هەڵگرت و نەيانپاراست، پاشان بە هۆى واز لێ هێنانیانەوە خواى گەورە سەرزەنشتى كردن و زۆرێکیانى بە (فاسق) سەرپێچیکار ناوزەد کرد .
٢ـ پێشەوایان (ئەبوبەكرى جەصاص) و (ئیبن جەوزى) دەفەرموون: خوداى باڵا باسی (بەنو ئیسرائیلییەکان)ى کردووە، کە پەرستش و گۆشەگیرییان داهێنا، پاشان باسی خراپییەکەیشیانى کردووە، بەوەى داهێنانەکەیان وەکو خۆی نەپاراست و وازیان لێ هێنا: [فما رعوها حق رعايتها] . کۆی گشتى ئایەتەکەش ئەوە دەخوازێت هەرکەسێک پەرستشێکى داهێنا -گوتار بێت یان کردار-، پێویستە لەسەری بیپارێزێت و بیگەیەنێتە ئاکام .
هەریەک لە پێشەوایان (قورتوبى) و (ئەبو حەفصى حەنبەلى)ش جەخت لەسەر هەمان واتا دەکەنەوە و، دەفەرموون: كاتێك كەسێك چاكەيەك دادەهێنێت، پێويستە بەردەوام بێت لەسەرى و دەستبەردارى نەبێت . وە ئەگەر هاتوو داهێنانەکەى پاراست، ئەوا خواى گەورە لێی وەردەگرێت و پاداشتى دەداتەوە. هەروەک پێشەوا (تەبەرى) فەرمویەتى: ئەوانەى باوەڕیان دامەزراو و تۆکمە بوو، وە مەبەستیان ڕەزامەندى پەروەردگار بوو، وە پابەند بوون بە داهێنانەکەیانەوە، خواى گەورە پاداشتى دانەوە و، کارەکەیانى لێ وەرگرتن. ئایەتەکەش ستایشکردنیان دەخوازێت لەسەر پابەندبوونیان .
٣ـ هۆی سەرزەنشتکردن و بە (فاسق) سەرپێچیکار ناوهێنانى زۆرێک لە (بەنو ئیسرائیلییەکان) لەلایەن پەروەردگارەوە، بەهۆی ئەوەوە بوو: داهێنانەکەیان داهێنانێکى خراپ و ناپەسەند بوو، کە بريتى بوو لە خۆئەزيەتدان و خۆگرتنەوە لە خواردن و خواردنەوە و ژن هێنان، هەروەها گۆشەگيری کردن لە ئەشكەوت و كەنيسە . هەروەك پێشەواى ڕاڤەكار (قەتادە) فەرمویەتى .
كەواتە خواى گەورە لەبەر (دوو) هۆكارى سەرەكى باسى (بەنو ئيسرائيلى) بە خراپە كردووە:
أـ داهێنانەکەیان خراپ و ناشەرعى بوو، كە بريتى بوو لە گۆشەگيرى و خۆگرتنەوە لە خواردن و خواردنەوە و هاوسەرگيرى، دیارە گشت ئەمانەش لە بنەڕەتدا شتانێکى خراپن و پێچەوانەى سونەتى گشت پێغەمبەرانە (سەلامى خودا لەسەر هەموویان).
ب ـ (بەنو ئیسرائیلییەکان) پاش ئەوەى داهێنانەکەیان ئەنجامدا، پێوەى پابەند نەبوون و نەیانپاراست. هەر بۆیە ئەوانەيان كە دەستبەردارى نەبوون و بەردەوام بوون لەسەرى، خواى گەورە پاداشتى خێرى دانەوە: [فئاتينا الذين ءآمنوا منهم أجرهم]. لەم سۆنگەیەوە پێشەوا (قورتوبى) واتاى ئايەتەكە ڕوونتر دەكاتەوە و، دەفەرموێت: خواى گەورە پاداشتى ئەوانەى دایەوە کە یەکەمجار داهێنانەکەیان ئەنجامدا و پێوەى پابەند بوون .
بەوەى خستمانە ڕوو دەگەینە ئەو ئەنجامەى کە بڵێین: ئایەتەکە بەڵگەیە لەسەر دابەشبوونى داهێنان بەسەر هەردوو جۆری (داهێنانى پەسەند) و (داهێنانى ناپەسەند). هەروەک شێخ (ئیبن عاشور ) و، گەلێک لە زانایانى دیکە فەرمویانە.

محمد مه‌لا محمود تاوگۆزی

بابەتەكانی نوسەر

Leave a Reply