وتار

هەڵە باوەكان بۆ ڕاڤەى بەشێك لە ئايەتەكان

[يَا بَنِي آدَمَ لَا يَفْتِنَنَّكُمُ الشَّيْطَانُ كَمَا أَخْرَجَ أَبَوَيْكُمْ مِنَ الْجَنَّةِ]

 هەشتەم
[يَا بَنِي آدَمَ لَا يَفْتِنَنَّكُمُ الشَّيْطَانُ كَمَا أَخْرَجَ أَبَوَيْكُمْ مِنَ الْجَنَّةِ]

زۆرێک لە مسوڵمانان دایە گەورە و باوە گەورە (ئادەم و حەوا، سەلامى خودا لەسەریان بێت) بە بەرپرس و سەرچاوەى نەهامەتى و بەدبەختى مرۆڤن دەزانن، بەوەى سەرەتا لەناو ناز و نیعمەتى بەهەشتدا بوون، بەڵام بەهۆی سەرپێچی و شکاندنى فەرمانى پەروەردگار و خواردنى بەرى درەختەکەوە لە بەهەشت دەرکران. بەمەش خۆیان و نەوەکانیان بێ چارە کرد و لە خێر و خۆشی بەهەشتیان بێ بەش کردن و هێنرانە سەر زەوى.
بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە تێگەییتشنێکى نابەجێ و گلەییەکى ناڕەوا و، خستنە ئەستۆی بەرپرسیارێتییەکە کە ئەوان لێی بەرین.
بنەماى ئەم هەڵە تێگەییشتنەش دەگێڕنەوە بۆ وشەی [الْجَنَّةِ] لە ئایەتەکەى سەرەوە (سورەتى: ئەعراف، ئایەتى: ٢٧)، کە لەسەر واتا باوەکەى لێکدەدرێتەوە، گوایە مەبەست پێی بەهەشتى هەقيقی و قيامەتيیە.
هەرچەندە ئەو دۆخەى ئەوانى تێدا بوو کۆمەڵێک ناز و نیعمەتى جۆراوجۆری تێدا بوو، لە چەشنى حەسانەوە و ئارامى و، خواردن و خواردنەوەى زۆر و زەبەند و، پۆشاک .. هەروەک خواى پەروەردگار لەم (دوو) ئایەتەدا ستایشی کردووە و، فەرمویەتى: [إِنَّ لَكَ أَلَّا تَجُوعَ فِيهَا وَلَا تَعْرَى وَأَنَّكَ لَا تَظْمَأُ فِيهَا وَلَا تَضْحَى]. طه: ١١٨ ـ ١١٩. هەروەها فەرموویەتى: [وَقُلْنَا يَا آدَمُ اسْكُنْ أَنْتَ وَزَوْجُكَ الْجَنَّةَ وَكُلَا مِنْهَا رَغَدًا حَيْثُ شِئْتُمَا وَلَا تَقْرَبَا هَذِهِ الشَّجَرَةَ فَتَكُونَا مِنَ الظَّالِمِينَ]. البقرە: ٣٥.
بەڵام بە پێي ئەو بەڵگە و ئاماژانەى بەردەستن دەردەکەوێت ئەم واتایە بۆ وشەی [الْجَنَّةِ] نادروست و نابەجێيە؛ چونكە:
١ـ وشەى (جنة) تەنها بەهەشتى ڕاستەقينەیى قيامەت ناگرێتەوە، بەڵكو چەند واتايەكى جیاواز هەڵدەگرێت، یەک لەو واتایانە: باخ و بێستانى چڕە. هەر لەبەر ئەمەشە بە بەهەشتی قيامەتى دەگوترێت (جنة)؛ چونكە باخ و بێستانەکەى چڕ و پڕە و دار و درەختى زۆرە.
وە هەر ئەم واتايەش مەبەستە لە ئايەتەكانى: [أَيَوَدُّ أَحَدُكُمْ أَنْ تَكُونَ لَهُ جَنَّةٌ مِنْ نَخِيلٍ وَأَعْنَابٍ تَجْرِي مِنْ تَحْتِهَا الْأَنْهَارُ لَهُ فِيهَا مِنْ كُلِّ الثَّمَرَاتِ]. البقرة: 266. [كِلْتَا الْجَنَّتَيْنِ آتَتْ أُكُلَهَا وَلَمْ تَظْلِمْ مِنْهُ شَيْئًا وَفَجَّرْنَا خِلَالَهُمَا نَهَرًا]. الكهف: 33. [وَدَخَلَ جَنَّتَهُ وَهُوَ ظَالِمٌ لِنَفْسِهِ قَالَ مَا أَظُنُّ أَنْ تَبِيدَ هَذِهِ أَبَدًا]. الكهف: 35. وەكو دەردەكەوێت مەبەست بە وشەى (جنة) باخ و باخاتى دونیایە، نەك بەهەشتى قيامەت.
سەبارەت بە ناو و شوێنى ئەو باخەیش زانایان ڕایان جیاوازە، هەندێک فەرمویانە لە (عەدەن) بووە، هەندێکیش (لەوانە: قورتوبی) فەرمویانە لە (فەلەستین) بووە. هەندێکیش (لەوانە: بەیزاوى) فەرمویانە لەنێوان (فارس و کرمان)دا بووە.
٢ـ بەهەشتی هەقيقی تاقيكردنەوە و گوناهـ و نافەرمانى خوداى تێدا نييە، بەڵام لەناو ئەو باخ و بێستانەى (ئادەم و حەوا)دا هەم تاقيكردنەوە و هەم سەرپێچى پەروەردگار بوونى هەبوو.
٣ـ بەهەشتى هەقيقی سنور و قەدەغەى تێدا نييە، بەڵام لەو باخ و بێستانەدا (ئادەم و حەوا) هەندێك شتيان لێ قەدەغە بوو، بۆ نمونە: خواردنى ئەو درەختەى لەسەريان حەرام كرا.
٤ـ بەهەشتى هەقيقی شەيتانى تێناچێت، بەڵام لە باخ و بێستانەکەى (ئادەم و حەوا) شەيتانی تێدابوو.
٥ـ ئەگەر ئەو دۆخەى ئەوانى تێدا بوو بەهەشتی ڕاستەقینە بوایە، ئەوا هەمیشەیی و نەبڕاوە دەبوو، وە شەیتان فریوى نەدەدان بەوەى ئەگەر لە بەرى درەختەکە بخۆن هەم خۆیان و هەم نازو نیعمەتەکانی بەردەستیان بۆ هەمیشەیی و هەتاهەتایی دەمێننەوە. [فَوَسْوَسَ إِلَيْهِ الشَّيْطَانُ قَالَ يَا آدَمُ هَلْ أَدُلُّكَ عَلَى شَجَرَةِ الْخُلْدِ وَمُلْكٍ لَا يَبْلَى]. طه: ١٢٠.
٦ـ پێش ئەوەى پەروەردگار (ئادەم و حەوا) بەديبهێنێت، بڕيارى ئەوەى دابوو کە دەيانهێنێتە سەر زەوى و ئەركى ژيان و ئاوەدانكردنەوەيان دەخاتە ئەستۆ، وه بەو گوناهە هۆكارەكەى ڕێكخست تاکو بیانهێنێتە سەر زەوى. [وَإِذْ قَالَ رَبُّكَ لِلْمَلَائِكَةِ إِنِّي جَاعِلٌ فِي الْأَرْضِ خَلِيفَةً]. البقرە: ٣٠.

هەر بۆیە لە پاشەڕۆژدا هەرکام لە حەزرەتى (ئادەم و موسا، سەلامى خودا لەسەریان بێت) دەبێتە مشت و مڕیان لەسەر بابەتى خواردنى درەختەکە و لەبەهەشت دەرکرانى، باوکمان (ئادەم) دەفەرموێت: ئەى (موسا) ئایا لۆمەى من دەکەیت لەسەر بڕیارێک کە (٤٠) ساڵ پێش ئەوەى دروست بکرێم خودا لەسەرمى نوسی بوو؟! «قَالَ رَسُولُ اللَّهِ صلى الله عليه وسلم: احْتَجَّ آدَمُ وَمُوسَى فَقَالَ مُوسَى يَا آدَمُ أَنْتَ أَبُونَا خَيَّبْتَنَا وَأَخْرَجْتَنَا مِنَ الْجَنَّةِ فَقَالَ لَهُ آدَمُ أَنْتَ مُوسَى اصْطَفَاكَ اللَّهُ بِكَلاَمِهِ وَخَطَّ لَكَ بِيَدِهِ أَتَلُومُنِى عَلَى أَمْرٍ قَدَّرَهُ اللَّهُ عَلَىَّ قَبْلَ أَنْ يَخْلُقَنِى بِأَرْبَعِينَ سَنَةً؟! فَقَالَ النَّبِىُّ صلى الله عليه وسلم: فَحَجَّ آدَمُ مُوسَى فَحَجَّ آدَمُ مُوسَى». رواه الشيخان .

محمد مه‌لا محمود تاوگۆزی

بابەتەكانی نوسەر

Leave a Reply