
شەشەم:
[أَطِيعُوا اللَّهَ وَأَطِيعُوا الرَّسُولَ وَأُولِي الْأَمْرِ مِنْكُمْ]
بابەتى (ولی أمر) جێگەى مشت و مڕ و گرێ و گۆڵی زانایانە، ئێمەش پشتیوان بەخودا ئەوەى پێوست بە قسە لەسەر کردن بکات لەو بارەوە دەیخەینە بەردەست و، لە چەند تەوەرەیەکدا گەنگەشەی دەکەین.
دیارە چەمکى (ولی أمر) لە قورئانى پیرۆزدا تەنها (دوو) جار هاتووە، لە سورەتى (النساء)، ئایەتەکانى ژمارە (٥٩): [يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا أَطِيعُوا اللَّهَ وَأَطِيعُوا الرَّسُولَ وَأُولِي الْأَمْرِ مِنْكُمْ فَإِنْ تَنَازَعْتُمْ فِي شَيْءٍ فَرُدُّوهُ إِلَى اللَّهِ وَالرَّسُولِ إِنْ كُنْتُمْ تُؤْمِنُونَ بِاللَّهِ وَالْيَوْمِ الْآخِرِ ذَلِكَ خَيْرٌ وَأَحْسَنُ تَأْوِيلًا]. وە ئایەتی ژمارە (٨٣): [وَإِذَا جَاءَهُمْ أَمْرٌ مِنَ الْأَمْنِ أَوِ الْخَوْفِ أَذَاعُوا بِهِ وَلَوْ رَدُّوهُ إِلَى الرَّسُولِ وَإِلَى أُولِي الْأَمْرِ مِنْهُمْ لَعَلِمَهُ الَّذِينَ يَسْتَنْبِطُونَهُ مِنْهُمْ وَلَوْلَا فَضْلُ اللَّهِ عَلَيْكُمْ وَرَحْمَتُهُ لَاتَّبَعْتُمُ الشَّيْطَانَ إِلَّا قَلِيلًا].
تەوەرەى یەکەم/ هۆی دابەزینى ئایەتەکە:
ئایەتەکە دەربارەى (عەبدوڵاى کوڕی حوزافە، خودا لێی ڕازى بێت) دابەزی، کاتێک پێغەمبەر (درودى خواى لەسەر بێت) لەشكرێكى ئامادەكرد و (عەبدوڵا)ى وەک بەرپرس دیارىكرد و، فەرمانيكرد گشت یاوەران گوێڕايەڵبن بۆی، لەوێ (عەبدوڵا) توڕە بوو، گوتى: ئايا پێغەمبەر فەرمانى نەكردووە گوێڕايەڵم بن؟! گوتيان: بەڵێ. گوتى: ئەبێ دارم بۆ كۆ بكەنەوە، ئەوانيش كۆيان كردەوە، گوتى: ئاگرێكم بۆ بكەنەوە، ئاگريان كردەوە، پاشان گوتى: ئادەى بچنە ناويەوە! هەندێكيان ويستيان بچنە ناويەوە، هەندێكيتر نەيانهێشت، ئەم مشت و مڕە بەردەوام بوو تاكو ئاگرەكە كوژايەوە، یاشان توڕەيي (عەبدوڵا)یش ئارام بوويەوە. دواتر ئەم باسە گەييشتەوە بە پێغەمبەر (درودى خواى لەسەر)، فەرمووى: ئەگەر هاتبا و بچونايەتە ناويەوە هەتاكو قيامەت لەناويدا دەمانەوە، فەرمانبەردارى تەنها بۆ كارى چاكەيە .
تەوەرەى دووەم/ مەبەست لە وشەی (أمر):
وشەی (أمر) واتە: هەر کارێکى گرنگ و پەیوەست بە دۆخى خەڵکەوە . واتە: کاروبارى مسوڵمانان، جا دینی بێت، یاخود دونیایی.
تەوەرەى سێیەم/ مەبەست لە (ولى أمر):
زانایان دەربارەى چەمکى (ولی أمر) بۆچونیان جیاواز و جۆراوجۆرە، سەرجەمیان لەم چەند خاڵەى خوارەوەدا کورت و کۆ دەکەینەوە:
١ـ مەبەست بە (ولی أمر) ئەهلى قورئانە. واتە: ئەوانەى خزمەتکار و قاڵبووى قورئانی پیرۆزن. ئەمەش بۆچونى پێشەوا (مالیک)ە، (ڕەحمەتى خوداى لێ بێت) .
٢ـ هەندێکیش دەڵێن: مەبەست لە (ولی أمر) شەرعزان و خوداناس و هەموو ئەوانەن کە ئایین فێری خەڵکى دەکەن و، فەرمان بە چاکە و ڕێگرى لە خراپە دەکەن، ئەمانە پێویستە خەڵکى فەرمانبەردارییان بۆ بکەن. ئەمەش بۆچونى پێشەوایان (ئیبن عەباس) و (موجاهید) و (عەتا) و (حەسەنى بەصری) و (ئەبو لعالیە)یە، (خودا لێیان ڕازى بێت) .
٣ـ هەندێکى دیکە دەڵێن: مەبەست لێی زانایان و ئەهلى خێرە. ئەمەش بۆچونى (جابری کوڕى عەبدوڵا)یە، (خودا لێی ڕازى بێت) .
٤ـ (ئیبن کەیسان)یش دەڵێت: (ولی أمر) ئەوانەن کە خاوەنى بۆچون و ئاوەزێکى ئەوتۆن کە کاروبارى مسوڵمانان ڕێکدەخەن .
٥ـ هەندێکى دیکە گوتویانە: مەبەست لێی: یاوەرانن (خودا لێیان ڕازى بێت)، ئەوانەى کە بانگخواز و خاوەن زانست و دین بوون. ئەمەش بۆچونى (زەحاک) و (قەتادە) و (ئیبن جورەیج)ە، (خودا لێیان ڕازى بێت) .
٦ـ (کولەبی)ش لەسەر ئەوەیە مەبەست لێی: هەریەک لە گەورە یاوەران (ئەبو بەکر، عومەر، عوسمان، عەلی، ئیبن مەسعود)ە، (خودا لە هەموویان ڕازى بێت) .
٧ـ پێشەوا (عیکریمە) پێی وایە: مەبەست بە (ولی أمر) هەریەک لە حەزرەتى (ئەبو بەکر) و (عومەر)ە، (خودا لێیان ڕازى بێت) .
٨ـ (سودى) و (موقاتیل) و (ئیبن زەید)یش دەڵێن: مەبەست پێی فەرمانبەردارانى سوپا و سریەیە .
٩ـ بە گوێرەى بۆچونى پێشەوا (زەمەخشەری)ش، ئەو فەرمانڕەوایانە دەگرێتەوە کە هەقڕەون، نەک ستەمکار و ناداد؛ چون کاربەدەستى ستەمکار خودا و پێغەمبەر لێی بەرین .
پێشەوا (شەوکانى)ش هەمان بۆچون جەخت دەکاتەوە و، دەڵێت: هەموو ئەو کاربەدەستانە دەگرێتەوە کە بە شێوەیەکى ڕەوا کاروباریان گرتۆتە دەست، نەک ئەوانەى بە زۆرەملێ و خۆسەپاندن .
١٠ـ هەندێکیتر دەڵێن: (ولی أمر) جگە لە پێغەمبەرى خودا، هەموو کاربەدەستان دەگرێتەوە، هەر لە خەلیفەوە تاکو سەرپەرشتیارى ژمێریار و سەرکردەى سوپا، هەروەها یاوەرە زاناکان و زانایانى دواتر و، ئەهلى (حەل و عەقد) .
١1ـ حەزرەتى (ئەبو هورەیرە)ش پێی وایە: (ولى أمر) هەرکام لە زانایان و کاربەدەستان دەگرێتەوە . پێشەوا (ئیبن کەسیر)یش ئەم ڕایەی لەلا پەسەندە .
١٢ـ پێشەوا (جەصاص) دەفەرموێت: دەکرێت گشت ئەم واتایانە مەبەست بێت و هەموویان بگرێتەوە، کاربەدەستان بۆ بەڕێوەبردنى کاروبارى سوپا و سریە و ڕوبەڕوبونەوەى دوژمن، زانایانیش بۆ پاراستنى شەریعەت و جیاکردنەوەى دروست و نادروست لە یەکترى .
ئەمانە کۆی ئەو بۆچونانە بوون کە لەسەر چەمکى (ولى أمر) هاتبوون، خۆ گەر بمانەوێت لەنێو ئەم بۆچونە جیاوازانەدا دروستترینیان دەستنیشان بکەین، ئەمەش دیسانەوە ڕاجیایی تێدایە و زانایان لەسەرى تەبا نین. بەڵام هەریەک لە پێشەوایان (فەخرى ڕازى) و (نەیسابورى) دەفەرموون: دروستترین و ڕاستترینیان ئەوەیە مەبەست پێی زانایانە، نەک کاربەدەستان، وەک دەفەرموون: ((والمراد من أولى الأمر: العلماء في أصح الأقوال، لأن الملوك يجب عليهم طاعة العلماء ولا ينعكس)) . پێشەوا (نەسەفی)ش جەختى لەسەر دەکاتەوە و، دەفەرموێت: ((وأولى الأمر منكم: أى الولاة، أو العلماء لأن أمرهم ينفذ على الأمراء)) . واتە: فەرمانى زانایان بەسەر کاربەدەستاندا جێبەجێ دەکرێت و، زانایان باڵادەستن.
تەوەرەى چوارەم/ مەبەست لە (منکم):
هەروەکو ئایەتەکە بە ڕوون و ڕاشکاوى ئەوەى بەیان فەرمووە کە دەبێت (وەلى ئەمرەکان) لە خودى مسوڵمانان بن و، پێ بە پێی شەرع بجوڵێنەوە، نەک سەرکەش و خودپەسەند. هەروەک ئەوەشى ڕوون کردۆتەوە کە فەرمانبەرداری کردنیان بەندە بە کارکردن و گەڕانەوەیان بۆ دەقەکانى کیتاب و سونە و فەرمانەکانى خودا و پێغەمبەر (درودى خواى لەسەر بێت).
لەم بارەیەوە پێشەوا (شەوکانى) دەفەرموێت: ((وأولي الأمر: هم الأئمة والسلاطين والقضاة وكل من كانت له ولاية شرعية لا ولاية طاغوتية، والمراد طاعتهم فيما يأمرون به وينهون عنه ما لم تكن معصية فلا طاعة لمخلوق في معصية الله)) . هەروەها پێشەوا (زەمەخشەری) دەفەرموێت: ((والمراد بأولي الأمر منكم: أمراء الحق، لأن أمراء الجور الله ورسوله بريئان منهم، فلا يعطفون على الله ورسوله. وكان أول الخلفاء يقول: أطيعوني ما عدلت فيكم، فإن خالفت فلا طاعة لي عليكم)) .
ئەوەیش ڕوونە کە بێ باوەڕان بە هیچ جۆرێک نابنە کاربەدەست و خاوەن بڕیار بەسەر بڕوادارانەوە. هەروەک لە سورەتى (النساء، ئایەتى: ١٤١) پەروەردگارمان دەفەرموێت: [وَلَنْ يَجْعَلَ اللَّهُ لِلْكَافِرِينَ عَلَى الْمُؤْمِنِينَ سَبِيلًا].