وتار

فەڕەنسا لەنێوان پیرۆزییەکانی ئێمە و جەللادەکانی خۆیدا

د.ئیسماعیل بەرزنجی

ساڵانێکە هەرچی پیرۆزییەکانی ئیسلام هەیە لە فەڕەنسا سوکایەتی پێدەکرێت، بە هەموو شێوەیەک ڕەوەندی ئیسلامی تەنگیان پێهەڵدەچنرێت لەکاتێکدا کە فەڕەنسا لەسەر شانی پەنابەر و ڕەوەندی مسوڵمان نەژاد بەڕێوەدەچێت، هەر لە کارخانە و شوێنەگشتیەکانەوە تا هەڵبژاردەی تۆپی پێیان، ئەمە جگە لەوەی زیاتر لە ملیارێک مسوڵمان لە جیهاندا بەردەوام ئیستیفزاز دەکرێن بەهۆی ئەم سوکایەتیانەوە.
بەڵام تا ئێستا فەڕەنسا لوتبەرزانە بە بیانووی پاراستنی ئازادی و بەهاکانی کۆمارەکەیان ئامادەنەبوون یاسایەک دەربکەن ڕێگریی لەو سوکایەتیانە بکات، گوایە ئازادی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەگەریی لایان موقەددەسە و مافی کەس نییە سنوورداری بکات.
واز لەوە بێنن کە نە ڕۆژنامەنووس و نەهیچ توێژەرێک بۆی نییە ـ هەر بەپێی یاساـ نەک سوکایەتی بەڵکو تەنانەت بەدواداچوون ن لێکۆڵینەوەش بکات لە مەسەلەی هۆڵۆکۆستی جولەکەکان.
ئەوەتا بە ئاسانی و بێگوێدانە (ئازادیەکەیان) لە ماوەی ڕابردوودا یاسایەکیان دەرکرد لەژێر ناوی (یاسای گشتگیر بۆ پاراستنی ئاسایش)، تێیدا مافی وێنەگرتن و ڕووماڵ و پیشاندانی دەستدرێژییەکانی پولیسی فەڕەنسا قەدەغەکرا، نەک تەنها لە ڕۆژنامەنووسان بەڵکو لە تەواوی خەڵکی، هەر کەسێک لە ئەکاونتەکەی خۆشیەوە لە سۆشیال میدیا وەحشیگەریی پۆلیس بەرامبەر هاوڵاتیان بڵاوبکاتەوە سزای زیندانی یان پێبژاردن تا (45) هەزار یۆرۆ دەدرێت.
ئەمە دوای ئەوە دێت کە چەند گرتەیەکی ئابڕوبەر بڵاوکرانەوە کە پۆلیس نابەرپرسانە و بێ بەڵگەی دادگا کەسانێک فەلاقە دەکەن کە بێ چەک و سیڤیلن.
ئێستا خەڵکی زۆر بەتوندی کەوتوونەتە دژایەتی ئەو یاسایە و ڕەتی دەکەنەوە، پۆلیسیش زۆر توند مامەڵەیان لەگەڵ دەکات.
ئەمە ئەو دووفاقیەیە لە مامەڵەکردندا لەگەڵ پیرۆزی گەلانی مسوڵمان و پاراستنی جەللادەکانی خۆیاندا، ئەگەر ئەم یاسایە بچێتەسەر با ئەوکاتە گۆڤارە بەدناوەکە ئازابێت و بتوانێت کاریکاتێر لەسەر پۆلیسە پەپوولەکان بڵاوبکاتەوە.

د.ئیسماعیل سەید ئیبراھیم

لەدایکبووی ۱۹۷٨ دکتۆرا لە ئەدەبی عەرەبی پلەی زانستی پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانکۆی سلێمانی خاوەنی ٦ کتێبی چاپکراو و وەرگێڕدراوە بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی

د.ئیسماعیل سەید ئیبراھیم

لەدایکبووی ۱۹۷٨ دکتۆرا لە ئەدەبی عەرەبی پلەی زانستی پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانکۆی سلێمانی خاوەنی ٦ کتێبی چاپکراو و وەرگێڕدراوە بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی

بابەتەكانی نوسەر

Leave a Reply