لە ئیسلامۆفۆبیاوە بۆ چینۆفۆبیا ئایا کۆرۆنا دەبێتە یانزەی سێپتەمبەر؟
ئەم ڕۆژانە زۆر لە نزیکەی ۲٥ ساڵ لەمەوبەر دەچێت، کاتێک شەڕی سارد کۆتایی هاتبوو و یەکێتی سۆڤیەت هەڵوەشابوو نووسەران و بیرمەندانی ڕۆژئاوا کەوتنە گەڕان بۆ دۆزینەوەی دوژمنێکی نوێ بۆ شارستانیەکەیان و مانەوەی وڵاتەکانیان و بەردەوامی ئابووریەکەیان، لاپەڕەی ڕۆژنامە و گۆڤارەکان پڕبوون لە وتار، سەنتەرەکانی توێژینەوە کەوتنە بڵاوکردنەوەی لێکۆڵینەوەکانیان و بیرمەندانیش بەکتێب، هەموو ئەمانە دەڕژانە یەک ستراتیژەوە کە وێناکردنی ئیسلام و جیهانی ئیسلامی بوو وەک هەڕەشەی سەردەم و دژی بەها لیبڕالی و جیهانیەکان و سەرجەم مرۆڤایەتی، بۆیە بەپێویستیان زانی ئەمریکا لەگەڵیدا ڕۆژئاوا و هاوئاوازەکانی بجەنگن لە دژی ئەو دوژمنە نوێیە.
دیارترین تیۆرە هزریەکان لەو کاتەدا کۆتایی مێژووی فۆکۆیاما و پێکدادانی شارستانیەکانی هانتنگتن بوو، جگە لەو سەدان و هەزاران ڕۆژنامە نووس و توێژەرەی بەردەوام لە خۆشکردنی ئەم ئاگرەبوون.
تا سەرەنجام ئەوەمان بینی کە بینیمان کارێکیان بە وڵاتانی ئیسلامی کرد با بەدەواری شڕی نەکردبێ، هەموویان کرد بە وێرانە و کەلاوە و گۆڕستانی بەکۆمەڵ، بۆئەمەش کارەساتی (۱۱ی سێپتەمبەر) بوو بە پاساوی سەرەکی و شڕوشیتاڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی ئیسلامیان دەرهێنا.
ئێستا و لەسەرووبەندی بڵاوبوونەوەی پەتای (کۆرۆنا)دا خەریکە هەمان کەشوهەوا دێتەئاراوە، زمانی زبر و تۆمەت بۆ چینیەکان کەوتۆتەگەڕ، نەک تەنها لای سیاسیەکان بەڵکو هەمان ئەو پەیمانگا و ناوەندانەی توێژینەوە کە دیاردەی ئیسلامۆفۆبیایان پەرەپێدەدا ئێستا ڕووی دەمیان سوڕاندووە بۆ (چین)، بۆ نموونە پەیمانگای گاتیستۆن لە ئەمریکا و هێنری جاکسۆن لە بەریتانیا و زۆر ڕۆژنامە دیارەکانی ڕۆژئاوا، چین بە هەڕەشەی گەورە بۆ سەر مرۆڤایەتی وێنا دەکەن و بە شاردنەوەی ڕاستیەکان و شێواندنیان تۆمەتباری دەکەن.
ئەوە هەمان ئەو کەشوهەوایەیە کە ۲٥ ساڵ لەمەوبەر هەبوو، بۆیە لەمەودوا دەبێ چاوەڕوانی ملاملانێیەکی درێژخایەن بین لەگەڵ چیندا، گەمارۆی ئابووری و سزدان و تەنانەت جەنگی سەربازییش.
لەمەودوا لەوانەیە جیهانی ئیسلامی پشوویەک بدات (بعد خراب البصرة) و فۆکۆسی لەسەر لابچێت، ئیتر دەبێ چین خەو لەچاوی ببڕێت و چاوەڕوانی هانتنگتن و فۆکۆیاماکان بێت ململانێکە بشەرعێنن و بە زەرورەتی مێژوویی وەسفی بکەن.