وتار

ڕۆشنبیری هەلپەرست: قەیرانی بەهاکان لە سایەی بەرژەوەندییە کەسییەکاندا!

ن: زەکەرییا نەمر

و: هاوژین عومەر

بە شێوەیەکی بنەڕەتی؛ لە هەموو کۆمەڵگەکاندا دەستەبژێری ڕۆشنبیر بەشدارن لە پێکهێنانی هۆشیاریی بەکۆمەڵ و ئاڕاستەکردنی بیر و هزر بەرەو پەرەسەندن. هەرکاتێکیش کەسی ڕۆشنبیر بوویە کەسێکی هەلپەرست، ئەوا ئەو ڕۆڵەی کە دەیبینێت، دەبێتە چەکێکی دووسەر، لە بری هەوڵدان بۆ بەهێزکردنی بەها و پرەنسیپەکان، بیر و هزری خۆی دەخاتە خزمەت بەدەستهێنانی بەرژەوەندییە کەسییەکانیەوە.

ڕۆشنبیری هەلپەرست کەسێکە مەعریفە و زانین و ڕۆشنبیرییەکەی دەخاتە خزمەت بەدەستهێنانی بەرژەوەندییە کەسییەکانیەوە، لەسەر حیسابی ئەو بنەما و پرەنسیپانەی گوایا ئیمان و باوەڕی پێیان هەیە، جا ئەو بەرژەوەندییە کەسییانە ماددیی، یان کۆمەڵایەتی، یان سیاسیی بن. ئەو جۆرەی ڕۆشنبیران بەوە ناسراون کە بە پێی دۆخ و بەرژەوەندییەکان خۆیان دەگۆڕن و گۆڕانکاریی خێرا لە هەڵوێستەکانیاندا دەکەن، تا ئەوەی دەبنە پیاهەڵدەری دەسەڵات، یان خۆگونجاندنیان لەگەڵ ڕەوتی گشتیی، دەکەنە ئامرازی گەیشتن بە ئامانجەکانیان.

هۆکار و پاڵنەرەکانی سەرهەڵدان

چەند هۆکارێک هەن کە وا دەکەن جۆرێک لە ڕۆشنبیر سەرهەڵ بدەن، کە ئامانجیان تەنها دەستخستنی بەرژەوەندییە کەسی و تایبەتییەکانی خۆیان بێت، بەشێک لەو هۆکارانەش:

یەکەم: لاوازیی بەها ئەخلاقییەکان: پابەندنەبوون بە بنەما و پرەنسیپە مرۆییەکانەوە، کەسی ڕۆشنبیر هەڵدەنێت بۆ ئەوەی بەرژەوەندیی خۆی بخاتە پێش هەموو شتێکی دیکەوە.

دووەم: ڕژێمە سەرکوتکارەکان: لە ژێر سایەی ئەو ڕژێمانەی ئازادییەکان سەرکوت دەکەن، بەشێک لە ڕۆشنبیران هەلپەرستیی وەکو پەناگەیەک بۆ پاراستنی پێگە و ژیانی خۆیان دەبینن.

سێیەم: چاوبڕینە پێگەی کۆمەڵایەتی: هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی ناوبانگ، یان دەسەڵات، کەسانێک لەخشتە دەبەن، تاوەکو دەست لە بۆچوون و ڕایەکانیان هەڵگرن.

چوارەم: فشاری کۆمەڵایەتی: خۆبینینەوە لە کۆمەڵگەیەکدا کە تیایدا دەستکەوتە خێراکان بە پیرۆز و موقەددەس سەیر دەکرێن، ڕۆشنبیر بۆ دەستوپەنجەنەرمکردن لەگەڵ ئەو جۆرە لە ژیان، پەلکێش دەکات.

خەسڵەتەکانی ڕۆشنبیری هەلپەرست

خۆگۆڕینی هزریی: ڕۆشنبیری هەلپەرست دەتوانێت زۆر بە ئاسانی گۆڕانکاریی بە سەر ڕا و بۆچوونەکانیدا بهێنێت، بۆ ئەوەی لەگەڵ دۆخە باوەکەدا خۆی بگونجێنێت.

توانای پاساوهێنانەوە: ڕۆشنبیری هەلپەرست بەردەوام پاساو و بەڵگەی ئامادەی پێیە بە ئامانجی لێکدانەوە و بەهانەهێنانەوە بۆ هەڵوێستە دژبەیەکەکانی.

خۆنزیککردنەوە لە دەسەڵات: ڕۆشنبیری هەلپەرست هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدایە خۆی لە ناوەندەکانی هێز نزیک بکاتەوە.

لاوازیی ڕەخنەلەخۆگرتن: ڕۆشنبیری هەلپەرست هەروەها توانای بەخۆداچوونەوە، یان داننان بە هەڵەکانی خۆشیدا نییە.

شوێنەواری هەلپەرستیی هزریی لەسەر کۆمەڵگە

یەکەم: لەبەریەکهەڵوەشاندنی متمانەی گشتی: لێرەدا ڕۆشنبیر لە سەرکردە و پێشەوایەکی (ڕا)وە دەبێتە هێمایەک بۆ فێڵ و چاوبەستەکیی.

دووەم: شێواندنی بەها کەلتوورییەکان: بێگومان ڕۆشنبیریی واتای خۆی لەدەست دەدات کاتێک دەبێتە ئامرازێک بۆ بەدەستهێنانی بەرژەوەندییەکان.

سێیەم: پەکخستنی گۆڕانکاریی ئەرێنیی: بە هۆی پشتیوانییکردنی لەو دۆخە باوەی هەیە، ڕۆشنبیری هەلپەرست هەمیشە بەشدارە لە خاوکردنەوەی ڕەوڕەوەی پێشکەوتن و بەرەوپێشچوون.

چۆن مامەڵەیان لەگەڵ بکەین؟

یەکەم: بەهێزکردنی ڕەخنەی کۆمەڵگەیی: لە ڕێگەی هەڵماڵینی دژوارییەکان و ئاشکراکردن و خستنەڕووی نیاز و مەبەستە ڕاستەقینەکانی ڕۆشنبیری هەلپەرست.

دووەم: بەرزڕاگرتنی بەها ئەخلاقییەکان: جەختکردن لە بڵاوکردنەوە و پەخشکردنی کەلتووری نەزاهەت و پرەنسیپەکان لە ناوەندە ڕۆشنبیرییەکاندا.

سێیەم: پشتیوانییکردنی ڕۆشنبیرە ڕاستگۆکان: تیشکخستنەسەر نموونە جوان و ئەرێنییەکان، بۆ ئەوەی کۆمەڵگە شوێنپێیان هەڵگرن.

دواجار ڕۆشنبیری ڕاستەقینە ئەو کەسەیە کە بەرژەوەندیی گشتی دەخاتە سەروو هەموو مەبەست و ئامانجە کەسییەکانەوە، باوەڕیشی وایە کە پەیامە ڕاستەقینەکەی ئەو بریتییە لە بەرگرییکردن لە ڕاستییەکان و خزمەتکردنی مرۆڤایەتی. بەڵام بە پێچەوانەوە؛ ڕۆشنبیری هەلپەرست بۆخۆی ڕەنگدانەوەی قەیرانێکی کۆمەڵایەتی و بەهاییە، کە پێویستی بە چارەسەرکردنێکی ڕیشەییانە هەیە، ئەو چارەسەرییەش سەرەتا دەبێت بە بەهێزکردنی هۆشیاریی دەستەجەمعیی دەست پێ بکات، سەبارەت بە گرنگیی پابەندبوون بە پرەنسیپەکانەوە.

هاوژين عومه‌ر كريم

بابەتەكانی نوسەر

Leave a Reply