وتار

حیکمەتى سەرکردەکان!

هاوژین عومەر

زۆرێک جار بیرم لەوە دەکردەوە؛ داخۆ بۆچى کەسایەتییەکى وەکو پێشەوا ئەبوبەکرى سدیق (ڕەزای خوای لێبێت)، هێندە بە گەورە و بێوێنە باس کراوە؟! گەورە و بێوێنە نەک تەنها لە دید و تێڕوانینی ئێمەی مسوڵمان و شوێنکەوتەکانی ئیسلام، بەڵکو لە دووتوێى دەقە پیرۆزەکانى قورئان و فەرموودە و کەلەپووری ئیسلامییشدا. زۆرى خایاند تا لەو نهێنییە گەیشتم، ئەویش بە سەرنجدان لە بابەتى “جەنگى هەڵگەڕاوەکان” و ئەو گێڕانەوانەى لەوبارەیەوە پێمان گەیشتوون.

کاتێک پێغەمبەرى ئیسلام (دروودى خواى لەسەر بێت) کۆچى دوایى دەکات و پێشەوا ئەبوبەکرى سدیق، وەکو یەکەمین خەلیفەى مسوڵمانان هەڵدەبژێردرێت و دەستبەکار دەبێت، بەشێک لە خێڵ و خەڵکانى ناوچە جیاجیاکان لە ئیسلام هەڵدەگەڕێنەوە، هەڵگەڕانەوە بەو مانایەى ئەوان چیتر ئامادە نین و نابن یەکێک لە پایە و بنەما سەرەکییەکانى ئیسلام کە فەریزەی زەکاتدانە، جێبەجێ بکەن، هەروەها بە ماناى ئەوەى چی دیکە ئامادەى پابەندبوون نین بەو یاسا و ڕێسایانەى لە کۆمەڵگە ئیسلامییەکەدا و لەپێناو بونیاتنانى دەوڵەت و شارستانییەتێکى مەزنى ئینسانیى ساڵانێک بوو بڕیار درابوون. ئەوەبوو دوابەدواى ئەم پێشهاتە چاوەڕواننەکراوەش، “جەنگى هەڵگەڕاوەکان” رووی دا.

بە هۆى زۆریى ڕێژە و ژمارەی هەڵگەڕاوەکانیشەوە، زۆرینەى مسوڵمانان گومانیان لە دەرئەنجام و کەڵک و ڕەوایەتیی وەها جەنگێک بۆ دروست ببوو، کە وا بڕیار بوو بە پێشەوایەتیی ئەبوبەکر بەرپا بکرێت، تەنانەت پێشەوا عومەری کوڕی خەتتابیش (ڕەزای خوای لێبێت) وەکو دووەمین سەرکردە و کەسایەتیى ناو مسوڵمانان، زۆر جەختى لەوە دەکردەوە کە ئەبوبەکر لە بڕیارى جەنگ پاشگەز ببێتەوە، ئەو داوایەشی بە شێوەی ڕاستەوخۆ لە ناوبراو دەکرد. دواجار پێشەوا ئەبوبەکر زۆر بە دڵنیایی و متمانەوە وەڵامى دایەوە و وتە بەناوبانگەکەى پێ فەرموو  “والله لأقاتلن من فرّق بين الصلاة والزكاة، فإن الزكاة حق المال، والله لو منعوني عقالا كانوا يؤدونه لرسول الله، لقاتلتهم على منعه”.

دەرئەنجامى ڕاگەیاندن و بەرپاکردنی ئەو جەنگەش، بلیمەتى و دانایى ئەو پێشەوا و سەرکردەیەی لە خوێندنەوەى پێشوەختەی بۆ رووداو و پێشهاتەکان و چۆنێتیى مامەڵەکردن لەگەڵیاندا، سەلماند. هەروەک کۆتاییشى بەو یاخیبوون و لەیاسادەرچوونەی بەشێکی زۆر لە خێڵەکان هێنا، کە مەترسییان بۆ سەر پرۆسەى بەرەوپێشبردن و بەشارستانییکردنى کۆمەڵگەى نیوەدورگەى عەرەبى و بونیاتنانى دەوڵەت، دروست کردبوو.

لەو ڕووداوەدا دەرکەوت کە گەورەیى پێشەوا ئەبوبەکر، بە هۆى بەرجەستەبوونى پێوەرەکانى سەرکردە و سەرکردایەتییکردنى هەقیقى بوون تیایدا، نەک پێوەلکاندنى سیفەتگەلی خەیاڵاوى و بەپیرۆزگرتن و بەرزکردنەوەی بۆ ئاستی فریشتەکان. مەزنی و گەورەیی ئەو لەوەدا بوو کە توانى لە سەروو هەموو ڕووداوەکانەوە بیر بکاتەوە، پلان دابنێت، هەروەها مامەڵە بکات و بڕیار بدات.

ئەمڕۆ گرفتاریى ئێمە و کۆمەڵگە قەیراناوییەکانمان، جگە لە دەردى دواکەوتوویى و نەبوونى هۆشیاریى پێویست، بە هۆی نەبوونى سەرکردەى ڕاستەقینە و دانا و کاردروستە. سەرکردەکانى ئێمە، نە بە میکانیزمى ڕەوا ئەو پۆست و پێگانەیان بۆخۆیان مسۆگەر کردووە، نە خاوەنى ئەو لێهاتووییەشن کە گەلەکانیان باوەڕ بە سیاسەت و داناییەکانیان بکەن. لە هەر ڕووداو و پێشهاتێکیشدا، ئەوان نە جورئەتى بەخۆداچوونەوە و ڕەخنەلەخۆگرتنیان هەیە، نە دەشتوانن واقیع بخوێننەوە و بڕیار لە چارەسەرى بابەتى بۆ تەنگژە و قەیرانەکان بدەن. ڕاستتر ئەوەیە بڵێین ئەوان بۆخۆیان بوونەتە بەشێک لە کێشە و فاکتەرى پشت قەیرانەکان، نەک چارەسەر.

ئەو سەرکردانەى لە مێژوودا ناویان بە گەورە ماوەتەوە، تەنها ئەوانەیان بوون کە بە لێهاتوویى و دانایى خۆیان، میللەتەکانیان لە کێشە و قەیرانەکانەوە بەرەو سەقامگیریی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و ئەمنی گواستۆتەوە و لە کاروانی پێشکەوتن نزیکیان خستوونەتەوە، هەربۆیەشە لە یادەوەریی گەل و نەتەوەکانیاندا بە نەمریى و مەزنیی ماونەتەوە، سەد دەر سەد پێچەوانەی بەناو سەرکردەکانى ئەمڕۆى ئێمە، کاتێک دەیانەوێت بە ھۆکاری دەمچەورکردن، یان زەبری ستەم و تۆقاندن، متمانە بەدەست بهێنن و ناو و ناوبانگیان بەسەر شوێنکەوتە و گەلەکانی خۆیاندا بسەپێنن!

هاوژين عومه‌ر كريم

بابەتەكانی نوسەر

Leave a Reply