مۆدێرنیتی و بۆنی باروت
د.عبد الوهاب المسيري
و.هاوژین عومەر کەریم
ئێستا له رۆژئاوا (له وڵاتانی ئێمه‌ش) قسه‌كردن له مۆدێرنیزه‌كردنی هه‌موو بواره‌كان زیادی كردووه: بواری سیاسی (دیموكراسی)، بواری ئابووری (خه‌سخه‌سه‌ی زیاتر)، بواری په‌روه‌رده (هه‌مواركردنی بڕیاره‌كانی خوێندن به‌و شێوه‌یه‌ی له‌گه‌ڵ پێوانه ڕۆژئاواییه‌كاندا بگونجێت).
هه‌ندێك له‌و كه‌سانه‌شی له ڕۆژئاوا ده‌خوێنن، ده‌ستیان كردووه به قسه‌كردن له‌وه‌ی ئیسلام به سروشتی خۆی دژی مۆدێرنیتییه، هه‌ندێك له بیریاره عه‌ره‌بی و ئیسلامییه‌كانیش لێ‌بڕاون بۆ به‌رگریكردن له ئیسلام و سه‌لماندنی پێچه‌وانه‌ی ئه‌و قسانه، به به‌ڵگه‌ی بنه‌بڕیش ڕوونیان كردۆته‌وه كه ئیسلام دژی مۆدێرنیتی نییه، به‌ڵكو پێشوازیی لێده‌كات و له توانایدایه ته‌به‌ننیی پرۆگرام و به‌هاكانیشی بكات.
ئه‌م گفتوگۆیه‌ش گریمانه‌ی ئه‌وه ده‌كات كه زاراوه‌ی مۆدێرنیتی زاراوه‌یه‌كه مانا و مه‌دلوولێكی دیاریكراوی هه‌یه، خاوه‌نی مێژووش نییه و ده‌ركه‌وته‌كانی له شارستانییه‌كه‌وه بۆ شارستانییه‌كی تر، یان له چاخێكی مێژووییه‌وه بۆ چاخێكی تر ناگۆڕێن، هه‌روه‌ها یه‌ك مۆدێرنیتیش هه‌یه. هه‌رجارێكیش كه ده‌گه‌ڕێینه‌وه بۆ فه‌رهه‌نگه ڕۆژئاواییه‌كان تا مانای ته‌واوی هه‌ر زاراوه‌یه‌ك بزانین و تێبگه‌ین كه به ته‌واوه‌تی مه‌به‌ست له‌و زاراوه‌یه چییه و كاتێكیش پێناسه جیاوازه‌كانی ئه‌و زاراوه‌یه ده‌خوێنینه‌وه و هه‌موویان، یان هه‌ندێكیان زۆر به ئه‌مانه‌ته‌وه وه‌رده‌گرین، ئیشكالییه‌تی ئه‌وه‌مان بۆ دروست ده‌بێت كه چۆن وه‌ری بگێڕین به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و پێناسانه تاقی بكه‌ینه‌وه و بزانین تا چه‌ندێك له‌گه‌ڵ واقیعدا ده‌گونجێن، جا ئه‌و واقیعه واقیعی ئێمه، یان واقیعی ڕۆژئاوا بێت. یان به‌بێ ئه‌وه‌ی لێكۆڵینه‌وه له‌و پێداچوونه‌وانه بكه‌ین كه له رۆژئاوا بۆ ئه‌و زاراوه‌یه كراون، یان به‌بێ ئه‌وه‌ی له مێژووی ئه‌و دیارده‌یه بكۆڵینه‌وه كه ئه‌و زاراوه‌یه ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات.
زاراوه‌ی مۆدێرنیتیش به‌ده‌ر نییه له‌م بنه‌مایه‌ی سه‌ره‌وه. چه‌مكی مۆدێرنیتی پێناسه‌ی زۆری بۆ كراوه، به‌ڵام نیمچه‌ئیجماعێك هه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه مۆدێرنیتی ته‌واو په‌یوه‌سته به بیری بزووتنه‌وه‌ی ڕۆشنگه‌رییه‌وه، كه ئه‌میش له‌م بیرۆكه‌یه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت: “مرۆڤ سه‌نته‌ر و سه‌روه‌ری گه‌ردوونه و له لێكۆڵینه‌وه‌ی واقیع، یان به‌ڕێوه‌بردنی كۆمه‌ڵگه، یان له جیاكردنه‌وه‌ی چاك و خراپ‌دا، پێویستی به عه‌قڵی خۆى نه‌بێت به هیچی دیكه نییه”. لێره‌وه زانست ده‌بێته بناغه‌ی فیكر و سه‌رچاوه‌ی واتا و به‌ها، ته‌كنه‌لۆجیاش میكانیزمی بنه‌ڕه‌تیی هه‌وڵی ملكه‌چكردنی سروشت و داڕشتنه‌وه‌یه‌تی، تا مرۆڤ به‌ختیاری و سوودی خۆی به‌ده‌ست بهێنێت.
ئه‌و پێناسه‌یه به‌لای هه‌ندێكه‌وه پێناسه‌یه‌كی گشتی، یان لانی كه‌م پێناسه‌یه‌كی ته‌واوه. به‌ڵام گه‌ر زۆر به وردی ئه‌و بابه‌ته‌مان سه‌روژێر كرد، ئه‌وا بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه مۆدێرنیتی ته‌نها به‌كارهێنانی عه‌قڵ و زانست و ته‌كنه‌لۆجیا نییه، به‌ڵكو به‌كارهێنانی ئه‌و عه‌قڵ و زانست و ته‌كنه‌لۆجیایه‌یه كه له به‌ها داڕنراون، یان ئه‌وه‌ی به ئینگلیزی پێی ده‌وترێت: ڤالیو فریی (Value.. free). ئه‌مه‌ش ڕه‌هه‌ندێكی گرنگی مه‌نزوومه‌ی مۆدێرنیتیی ڕۆژئاواییه.
له جیهانێكی داڕنراو له به‌هادا، هه‌موو شته‌كان یه‌كسان ده‌بن، پاشانیش هه‌موو شته‌كان ده‌بنه ڕێژه‌یی، كاتێكیش ئه‌وه ڕووده‌دات، ئه‌وا زۆر ئه‌سته‌مه بتوانیت حوكم به‌سه‌ر شتێك‌دا بده‌یت. جیاكردنه‌وه‌ی چاكه له خراپه، سته‌م له دادگه‌ری، بگره جیاكردنه‌وه‌ی جه‌وهه‌ریی له ڕێژه‌یی، دواجاریش جیاكردنه‌وه‌ی مرۆڤ له سروشت، یان مرۆڤ له مادده، ده‌بنه شتێكی مه‌حاڵ.
لێره‌شه‌وه ئه‌و پرسیاره سه‌رهه‌ڵده‌دات؛ ئایا چۆن ده‌توانرێت ململانه و ناكۆكییه‌كان یه‌كلایی بكرێنه‌وه؟ یان چۆن ده‌توانرێت جیاوازییه‌كان نه‌هێڵدرێن، كه ئه‌مانه هه‌موویان كرۆكی بوونی مرۆڤن؟ له غیابی چه‌ند به‌هایه‌كی ڕه‌هادا كه مرۆڤ بتوانێت ملكه‌چیان بێت و بۆیان بگه‌ڕێته‌وه، مرۆڤی تاك، یان كۆمه‌ڵی عیرقی خۆیان ده‌بنه مه‌رجه‌عی خۆیان و هه‌رشتێك له به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان بوو، ئه‌وه چاكه و بنه‌ڕه‌ته و هه‌رشتێكیش له به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان نه‌بوو، ئه‌وه خراپه. ئه‌مه‌ش سه‌ری كێشا بۆ سه‌رهه‌ڵدانی توانا و ئیراده‌ی تاك وه‌كو ته‌نها میكانیزمێك بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ململانه‌كان و چاره‌سه‌ری ناكۆكییه‌كان.
ئه‌مه‌یه ئه‌و مۆدێرنیتییه‌ی جیهانی ڕۆژئاوایی ته‌به‌نیی كردووه، واشی له‌و جیهانه كردووه كه‌وا سه‌یری خۆی بكات، به‌و پێیه‌ی ئه‌و سه‌نته‌ری جیهانه (نه‌ك مرۆڤ، یان مرۆڤایه‌تی). هه‌روه‌ها وای لێكردووه كه جیهان وه‌كو مادده‌یه‌كی به‌كارهێنان سه‌یر بكات و بۆ خزمه‌تی خۆی بیخاته گه‌ڕ، به‌و پێیه‌ی ئه‌و (جیهانی ڕۆژئاوایی) زۆر پێشكه‌وتووتر و به‌هێزتره. كه‌واته مه‌نزوومه‌ی مۆدێرنیتیی ڕۆژئاوایی، له ڕاستیدا مه‌نزوومه‌یه‌كی ئیمپریالیی داروینییه. ئه‌مه‌ش پێناسه‌ی ڕاست و دروستی مۆدێرنیتییه، كه به شێوه‌یه‌كی مێژوویی چه‌سپیوه، نه‌ك به‌و شێوه‌یه‌ی له فه‌رهه‌نگه‌كاندا پێناسه كراوه، یان ناسێنراوه. هه‌ر ئه‌و پێناسه‌یه‌ش وامان لێده‌كات بتوانین زۆرێك له دیارده مۆدێرنه‌كان بخوێنینه‌وه.
له ڕابردوودا دیارده‌ی ڕۆژئاوایی مۆدێرن جه‌ختی له‌وه ده‌كرده‌وه كه ڕۆژئاوا شارستانییه‌كی ئینسانییه (هیومانییه)، مرۆڤی كردۆته سه‌نته‌ری گه‌ردوون و كۆمه‌ڵگه ڕۆژئاواییه‌كان له ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تی و خێزانییه‌وه، كۆمه‌ڵگه‌ی لێكدانه‌بڕاو و یه‌كگرتوون، ئه‌و دیارده سلبییانه‌شی خۆمان تێبینییان ده‌كه‌ین و له ڕۆژنامه و گۆڤاره‌كانیاندا ده‌یانخوێنینه‌وه و بوونه‌ته شێوازێكی نه‌گۆڕ و دیارده‌یه‌كی دیاریكراو، ته‌نها چه‌ند ڕووداوێكی جیاجیا بوون و دیارده نه‌بوون، پاشانیش زۆر به ئاسانی وه‌لا ده‌نران. ئه‌گه‌ر ئه‌وكات ڕیفۆرمخوازه‌كان (له لیبراڵ و ماركسی و ئیسلامییه‌كان) هه‌موویان بانگه‌شه‌ی زه‌رووره‌تی گه‌یشتن به ڕۆژئاوایان ده‌كرد (یان ته‌به‌ننییكردنی مه‌نزوومه‌ی مۆدێرنیتیی ڕۆژئاوایی) و هیچ ده‌نگێك نه‌بوو به‌ربه‌ره‌كانیی مۆدێرنیتی بكات و ڕه‌خنه‌ی لێبگرێت، جگه له‌وه‌ش، هه‌موو به شان و باڵایدا هه‌ڵیان ده‌دا، كه تا ڕادده‌یه‌كی زۆر ناهه‌قییان نه‌بوو، چونكه ئه‌و شكڵ و شێوه‌یه‌ی مۆدێرنیتی كه ئه‌وكات ئه‌وان پێی ئاشنا ببوون، دڵی فێنك و خۆش ده‌كرد. به‌ڵام كاتێك مۆدێرنیتیی ڕۆژئاوایی سوپا داگیركه‌ره‌كانی خۆی نارد بۆمان تاوه‌كو ته‌ڕ و وشك پێكه‌وه بسووتێنن و وڵاته‌كانمانیان كرده مادده‌یه‌كی به‌كارهێنان، وه‌كو سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ كه‌ره‌سته خاوه‌كان و هێزی كاری هه‌رزان، هه‌روه‌ها كردیانن به بازاڕێكی هه‌رده‌م كراوه له به‌رده‌م كه‌لوپه‌له ڕۆژئاواییه‌كاندا، ئه‌وكات پله به پله ڕووی داروینیی ئه‌و مۆدێرنیتییه ئاشكرابوو. وا ده‌رده‌كه‌وێت كه بیریاره ڕیفۆرمخوازه یه‌كه‌مینه‌كان مۆدێرنیتیی ڕۆژئاوایی و ئیمپریالیستیی ڕۆژئاواییان پێكه‌وه گرێ نه‌دابوو. ئه‌وان چوون بۆ پایته‌خته ڕۆژئاواییه‌كان و جگه له ڕووناكى و ڕۆشنگه‌رى، هیچى تریان نه‌بینى. ئه‌وه له كاتێكدا بوو كه تۆپه ڕۆژئاواییه‌كان وڵاتانمانی هه‌ڵده‌ته‌كاند. هه‌ربۆیه ئه‌و كه‌سانه بڵێسه‌ی ئاگره‌كانیان بینی و گوێیان له ناڵه‌ی بۆمبه‌كان بوو بۆنی بارووتیان كرد كه له‌وڵاته‌كانی خۆیان مابوونه‌وه.
له یه‌كێك له كتێبه مێژووییه‌كاندا هاتووه، به یه‌كێك له پیره‌پیاوه‌كانی جه‌زائیر (ی به‌ر له سه‌ربه‌خۆبوون) وترا: هێزه‌كانی فه‌ره‌نسا هاتوون بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی شارستانییه‌تی ڕۆژئاوایی مۆدێرن له جه‌زائیردا. ئه‌ویش به وشكی و پڕماناوه وه‌ڵامی دانه‌وه و وتی: “ئه‌ی باشه ئه‌م هه‌موو بارووته‌یان بۆچی هێناوه؟”.
ئه‌و پیاوه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه په‌یوه‌ندیی مۆدێرنیتیی ڕۆژئاوایی به ئیمپریالیزمه‌وه به‌دیكرد، دوای ئه‌ویش زۆرێكى تریش هه‌ستیان پێكرد.
سه‌رده‌می دۆزینه‌وه جوگرافییه‌كان و سه‌رده‌می ڕێنیسانس له ڕۆژئاوا (سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌هه‌م)، له‌و سه‌رده‌مانه بوون كه له‌ناوبردنی ملیۆنه‌ها كه‌س تیایاندا ده‌ستی پێكرد. هه‌روه‌كو پێشه‌وا بن بێللا ده‌ڵێت: “ئه‌م خواى پیشه‌سازییه مۆدێرنه یه‌ك عیرقی (ڕه‌گه‌زی سووری) به ته‌واوی تیرۆر كرد و له‌ناوبرد، واته دانیشتوانی ئه‌سڵیی هه‌ردوو ئه‌مریكا. هه‌روه‌ها له ڕێگه‌ی بازاڕی كۆیله‌كان و كۆیله‌كردنی ملیۆنه‌ها كه‌سیانه‌وه، چه‌وریی ڕه‌گه‌زێكی تری (ڕه‌گه‌زی ره‌ش) گرت، (كه ژماره‌ی قوربانییانی ئه‌م پرۆسه‌یه به نزیكه‌ی سه‌د ملیۆن مرۆڤ داده‌نرێت)، چونكه له به‌رامبه‌ر گلدانه‌وه و پارێزگاریلێكردنی یه‌ك كۆیله‌دا، هه‌ر بازرگانێكی كۆیله‌ی ڕۆژئاوایی، نۆ كۆیله‌ی ده‌كوشت”. دواتر بن بێللا ئاماژه به دانیشتوانی مه‌كسیك ده‌كات، كه هه‌موویان له‌ناوبران. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ش به دانیشتوانی جه‌زائیر ده‌كات كه له كاتی ڕاپه‌ڕینه به‌رده‌وامه‌كانیاندا له دژی داگیركه‌ری فه‌ره‌نسی، ملیۆنه‌هایان لێ له‌ناوبرا. ده‌كرێت خۆشمان بۆ ئه‌م نموونانه چه‌ند نموونه‌یه‌كی تر زیاد بكه‌ین، وه‌كو جه‌نگی ئه‌فیون له چین و برسێتییه گشتییه‌كانی هند كه به هۆی جێبه‌جێكردنی یاسا مۆدێرنه ڕۆژئاواییه‌كانی تایبه‌ت به خاوه‌ندارێتییه‌وه تووشی هاتن و هه‌ردوو جه‌نگه جیهانییه‌كه، كه یه‌كه‌میان به (20) ملیۆن و دووه‌میشیان به (50) ملیۆن كوژراو له‌سه‌ر مرۆڤایه‌تی كه‌وتن، هه‌روه‌ها بۆمبه‌كانی هێرۆشیما و ناكازاكی و قوربانیانی سه‌ربازگه‌كانی “گۆلاك” له یه‌كێتیی سۆڤێت..
هێزه داگیركه‌ره‌كان هاتن و جیهانی عه‌ره‌بی و ئیسلامی‌یان به‌شبه‌ش كرد و گه‌له‌كانیان ملكه‌چی هه‌موو جۆره‌كانی داگیركردن كرد. داگیركردنی سه‌ربازی له میسر و سوریا و لوبنان و مه‌غریب و سودان و عێراق و لیبیا، داگیركردنی ئیستیتانی له جه‌زائیر، داگیركردنی ئیستیتانیی ئیحلالی له فه‌له‌ستین (واته ئه‌و داگیركردنه‌ی دانیشتوانی ئه‌سڵی وه‌ده‌رده‌نێت و خۆی ده‌چێته جێگه‌كه‌یان)، ئه‌و داگیركه‌ره‌ش له‌گه‌ڵ هێزه ته‌قلیدییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌دا هاوكاریی كرد و هه‌وڵی په‌كخستنی مۆدێرنیزه‌كردنی له جیهانی عه‌ره‌بیدا دا و ئه‌زموونی موحه‌ممه‌د عه‌لی پاشای تێكوپێك شكاند، كه به یه‌كه‌م ئه‌زموونی مۆدێرنیزه‌كردن له ده‌ره‌وه‌ی جیهانی رۆژئاوایی داده‌نرا. پاشان هه‌ستان به سه‌ركوتكردنی شۆڕشه جه‌ماوه‌رییه‌كه‌ی عوڕابی و، سوپا ڕۆژئاواییه مۆدێرنه‌كان یارمه‌تی و پشتیوانیی خدێویان كرد. ئینجا كاره‌كه به‌وه كۆتایی هات كه ئه‌و سوپایانه ئه‌و ده‌وڵه‌ته مۆدێرنانه‌یان دروستكرد كه هیچ شتێك له‌باره‌ی مۆدێرنیتییه‌وه نازانن جگه له ده‌زگا داپڵۆسێنه‌ر و ئه‌منییه‌كان. پاشان جیهانی ڕۆژئاوایی مۆدێرن به زه‌بری چه‌ك كۆمه‌ڵێك ئۆردوگانشینی له‌ناوماندا قوتكرده‌وه، ئه‌وانه‌ی بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌یان ده‌كرد كه فه‌له‌ستین زه‌وییه‌كی بێگه‌له و ئه‌وانیش گه‌لێكی جوله‌كه‌ن و به‌پێی ڕیوایه‌تی ته‌ورات ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ سه‌ر زه‌ویی پێشینه‌كانی خۆیان.
له ئێستاشدا زایۆنی و ئه‌مریكییه‌كان داوای مۆدێرنیزه‌كردنی دامه‌زراوه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی فه‌له‌ستینی ده‌كه‌ن، له كاتێكدا زانراوه كه زایۆنییه‌كان (وه‌كو هه‌موو داگیركه‌ره‌كانی تر) هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ئه‌وه‌یان ڕه‌تكرده‌وه كه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ كه‌رته مۆدێرنه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی فه‌له‌ستینی له شێوه‌ی: سه‌ندیكای كرێكاران و حزبه سیاسییه‌كان بكه‌ن (به‌ڵكو له ساڵی 1948دا هه‌ستان به تیرۆركردنی یه‌كێك له ڕێبه‌رانی سه‌ندیكاكانی كرێكارانی فه‌له‌ستین). به پێچه‌وانه‌وه، مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ كه‌رته ته‌قلیدییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی فه‌له‌ستینیدا كرد، وا گومانیان ده‌برد كه ئه‌و كه‌رتانه زۆر نه‌رمتر ده‌بن له مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵیاندا، چونكه له سروشتی هێرشه داگیركارییه‌كه‌ی به‌ریتانیا و زایۆنیزم تێناگه‌ن، به‌ڵام گومانه‌كه‌یان هیچ ده‌رچوو. كاتێك هه‌ندێك له سه‌ركرده ته‌قلیدییه‌كان (به سه‌رۆكایه‌تیی شێخ ڕه‌شید ره‌زا) گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ كردن، فه‌له‌ستینییه‌كان ئاره‌زووی خۆیان بۆ مۆدێرنیزه‌كردنی كۆمه‌ڵگاكه‌یان پیشان دا و هیچ نه‌نگییه‌كیان له پشتبه‌ستن به سه‌رمایه‌ی بیانی به‌دی نه‌ده‌كرد تا بنه‌ماكانی دیموكراسی بچه‌سپێنن، یان هه‌ڵبژاردنی ئازاد ئه‌نجام بده‌ن، تاوه‌كو هه‌موو هاووڵاتییه‌ك ده‌نگی هه‌بێت، به‌و پێیه‌ی ئه‌وه ته‌نها میكانیزمه بۆ چه‌سپاندنی ئاشتی. حاییم وایزمانیش (سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌وكاته‌ی ئیسرائیل/ و) ئه‌و ئاشتییه‌ی به ئاشتیی گۆڕه‌كان ناوبرد، ئه‌و له‌وه‌دا ڕاستی كرد، چونكه ئه‌وكات چه‌سپاندنی نموونه دیموكراسییه‌كان له فه‌له‌ستیندا، واتای بوون به كه‌مینه‌ی ئۆردوگانشینه زایۆنییه‌كانی ده‌گه‌یاند، ئه‌وه‌ی ده‌گه‌یاند كه ئه‌وان ناتوانن ته‌حه‌كوم به چاره‌نووسی فه‌له‌ستینییه‌كانه‌وه بكه‌ن و ده‌وڵه‌ته یه‌هودییه خالیسه‌كه‌یان دامه‌زرێنن، كه داكۆكی لێده‌كه‌ن و ڕۆژئاوای دیموكراسیش به هه‌موو هێز و توانای خۆیه‌وه یارمه‌تی و هاوكاریی ده‌كات. یه‌كێكیش له چاودێره ئیسرائیلییه‌كان وتی كه ده‌وڵه‌تی زایۆنی وه‌كو ده‌وڵه‌تێكی دیموكراسی نه‌ماوه، به‌ڵكو ده‌وڵه‌تێكی دیموگرافییه (یان خاوه‌ن زۆرینه‌یه‌كی جوله‌كه‌یه).
ئێستا ئه‌وان داوای مۆدێرنیزه‌كردنی سیسته‌می سیاسیی عه‌ره‌بی و سیستمی په‌روه‌رده‌ی ئیسلامی ده‌كه‌ن، به‌ڵام مۆدێرنیزه‌كردن لێره‌دا و له ڕاستیدا به مانای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و مه‌نزوومه كلتووری و قیه‌مییانه دێت كه ئه‌ندازه‌یه‌ك یه‌كگرتووییمان پێده‌به‌خشن و وامان لێده‌كه‌ن مقاوه‌مه‌ی هه‌وڵه‌كانی جه‌نگی سه‌ربازی و كلتووری بكه‌ین، بۆ ئه‌مه‌ش یه‌كێك له چاودێران ئه‌مجۆره له مۆدێرنیزه‌ی به مۆدێرنیزه‌ی سروشتی ناوبرد، یان ئه‌و مۆدێرنیزه‌یه‌ی وامان لێده‌كات قه‌بووڵی ئه‌و سته‌مه بكه‌ین كه له‌سه‌رمانه، قه‌بووڵی ئه‌و ئیستیغلالكردنه‌ی وامان لێده‌كات خوێنمان له‌به‌ر بڕوات و بار‌مان قورس‌تر ده‌كات. شوێنه‌واره سلبیه‌كانی مۆدێرنیتیی داروینیش نه‌ك ته‌نها به ئێمه گه‌یشتووه، به‌ڵكو له‌سه‌ر ئاستی گۆی زه‌وی و بگره هه‌موو ڕه‌گه‌زی مرۆییش ده‌ركه‌وتووه.
ئه‌م مۆدێرنیتییه بیرۆكه‌ی پێشكه‌وتنی بێكۆتایی پێشنیازكردووه، به‌و پێیه‌ی ئامانجی كۆتایی مرۆڤه، به‌ڵام به‌رده‌وام پێشكه‌وتن جوڵه‌یه‌كه ڕووه و ئامانجێك، ئه‌م ئامانجه‌ش له فه‌رهه‌نگه‌كاندا باس نه‌كراوه، به‌ڵام هه‌موومان ده‌زانین كه له بواری جێبه‌جێكردندا مه‌به‌ست و ئامانجی ئه‌و پێشكه‌وتنه ملكه‌چكردنی سه‌رجه‌م جیهانه بۆ خزمه‌تكردنی مرۆڤی ڕۆژئاوایی، گرنگترین ئاماژه‌كانی پێشكه‌وتنیش بووه‌ته به‌كاربردن و به‌كاربردنی زیاتر، به‌كاربردنی مادده سروشتییه بێكۆتاییه‌كان له لایه‌ن مرۆڤی ڕۆژئاواییه‌وه. كه ئاكامه‌كه‌شی گه‌یشتووه به‌وه‌ی گه‌له ڕۆژئاواییه‌كان كه 20%ی هه‌موو گه‌لانی دنیا پێكده‌هێنن، 80%ی داهاتی سروشتیی گه‌ردوون به‌كارده‌به‌ن، قه‌باره‌ی ته‌نها ئه‌وه‌ی ئه‌مریكا له ساڵی ڕابردوودا به‌كاری هێناوه، زیاتره له‌وه‌ی هه‌موو ڕه‌گه‌زی مرۆڤ له مێژووی خۆیدا به‌كاری هێناوه.
سه‌رچاوه سروشتییه‌كان دیاریكراو و سنووردارن، ئه‌مه‌ش بووه‌ته هۆی دروستبوونی قه‌یرانی ژینگه كه هه‌موومان ده‌گرێته‌وه. له یه‌كێك له توێژینه‌وه‌كاندا هاتووه، ئه‌گه‌ر ئه‌و جۆره پێشكه‌وتنه له‌سه‌ر ڕیتمی ڕۆژئاوایی، گشتاندنى بۆ بكرێت، ئه‌وا ڕه‌گه‌زی مرۆڤ پێویستی به شه‌ش گۆی زه‌ویی تر ده‌بێت تا مادده خاوه‌كانی كۆتایی پێبهێنێت، هه‌روه‌ها دوو گۆی زه‌ویی تریش بۆ ئه‌وه‌ی پاشه‌ڕۆكانی تیا فڕێ بدات. هه‌موو ئه‌مه‌ش واته، پرۆژه‌ی مۆدێرنیتی داروینیی ڕۆژئاوایی پرۆژه‌یه‌كی مه‌حاڵه و جگه له جیهانی ڕۆژئاوایی و هه‌ندێك له ئه‌ندامانی نوخبه فه‌رمانڕه‌واكانی جیهانی سێیه‌م، هیچ كه‌سی تر سوودی لێنابینێت. ئه‌م گێره‌شێوێنییه ئه‌مریكییه داروینییه‌ش له دژی عێراق، هیچ نییه جگه له‌وه‌ی كه دامه‌زراوه‌ی فه‌رمانڕه‌وایی ئه‌مریكی دركی به‌و ڕاستییه كردووه، ئه‌و له جیهانێكدا كه داهاته‌كان تیایدا به‌ره‌و كه‌مبوونه‌وه ده‌چن، نیازێتی كۆنترۆڵی سه‌رچاوه‌كانی داهاته سروشتییه‌كان بكات، تاوه‌كو مرۆڤی ئه‌مریكی پارێزگاریی له ڕێژه باڵاكانی به‌كاربردنه‌كانی بكات، ئه‌مه‌ش به‌ڵێنی مۆدێرنیتیی داروینییه به مرۆڤی ئه‌مریكی.
ئاشكراشه كه باجى ماددی و مه‌عنه‌ویی مه‌نزوومه‌ی مۆدێرنیتیی داروینی زۆر گرانبه‌هایه، با سه‌ره‌تا لایه‌نه ماددییه‌كه‌ی وه‌ربگرین: هه‌ندێك له توێژینه‌وه‌كان باس له‌و شته ده‌كه‌ن كه پێی ده‌وترێت سه‌رمایه‌ی سروشتیی نه‌گۆڕ (Fixed Natural Capital)، یان ئه‌و ڕه‌گه‌زه سروشتییانه‌ی ناتوانرێت بگۆڕدرێن، ئامارێكیش هه‌یه، به‌پێی ئه‌و ئاماره ئه‌گه‌ر بڕه تێچووه ڕاسته‌قینه‌كانی هه‌ر پڕۆژه‌یه‌كی پیشه‌سازیی ڕۆژئاوایی هه‌ژمار بكرێت (یان هه‌ژماركردنی ده‌ستكه‌وته نه‌ختینه‌ییه ڕاسته‌وخۆكه و لێده‌ركردنی ئه‌و زیانه‌ی له به‌كارهێنانی سه‌رمایه‌ی سروشتیی نه‌گۆڕ لێی ده‌كه‌وێته‌وه)، ده‌رده‌كه‌وێت كه ئه‌و پرۆژه‌یه پرۆژه‌یه‌كی زه‌ره‌رمه‌نده. پرۆژه‌ى پیشه‌سازیی ڕۆژئاوایی سه‌ركه‌وتن و به‌رده‌وامیی خۆی به‌ده‌ستهێناوه، چونكه هه‌موو ڕه‌گه‌زی مرۆیی باجه‌كه‌ى داوه و مرۆڤی ڕۆژئاواییش به ته‌نها غه‌نیمه‌ته‌كه‌ی بردووه. ئه‌مه‌ش بووه‌ته مایه‌ی باجى ئه‌و پێشكه‌وتنه‌ی كه مۆدێرنیتیی ئیمپریالیی داروینی بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كات: داخورانی چینی ئۆزۆن، پیسبوونی ده‌ریاكان، به‌بیابانبوونی زه‌وی.
مۆدێرنیتیی داروینی هه‌روه‌ها كاریگه‌ری له‌سه‌ر پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵگا و له‌سه‌ر مه‌نزوومه فه‌رمانڕه‌واكانیشی هه‌یه. با لێره‌دا هه‌ندێك له دیارده كۆمه‌ڵایه‌تییه سلبییه جیاوازه‌كان به‌نموونه بهێنینه‌وه: داخورانی خێزان، به‌ره‌ودواچوونی په‌یوه‌ندی و به‌سه‌ریه‌ككردنه‌وه‌ی نێوان خه‌ڵكی، نه‌خۆشییه ده‌روونییه‌كان، زیادبوونی هه‌ستكردن به نامۆبوون و ته‌نهایی و غوربه‌ت، ده‌ركه‌وتنی مرۆڤی تاكڕه‌هه‌ند، هه‌ژموونی مۆدێله هێندایه‌تی و بیرۆكراسییه‌كان له‌سه‌ر مرۆڤ، زۆربوونی توندوتیژی و تاوان (كه‌رتی به‌ندینخانه‌كان به خێراترینی كه‌رته‌كان له ڕووی فراوانبوونه‌وه داده‌نرێت له ئابووریی ئه‌مریكیدا)، به‌ره‌ڵڵایی (بڕه ماددییه‌كانی وه‌به‌رهێنانی له‌گه‌ڵ ته‌كلیفه مه‌عنه‌وییه‌كانى به‌كاربردنی)، كه‌لوپه‌له پووچ و بێنرخه‌كان (كه هیچ له مه‌عریفه‌ی مرۆڤ زیاد ناكه‌ن و هه‌ستی قوڵی پێنابه‌خشن، هه‌روه‌ها كاتێكی كۆمه‌ڵایه‌تی پێده‌چێت له به‌رهه‌مهێنان و به‌كاربردنیاندا)، هه‌ڵاوسانی ده‌وڵه‌ت و هه‌ژموونكردنی به‌سه‌ر تاكه‌كاندا له ڕێگه‌ی ده‌زگا ئه‌منی و په‌روه‌رده‌ییه‌كانه‌وه، هه‌ڵئاوسانی كه‌رتی چێژ و میدیا و غه‌زووكردنی ژیانی تایبه‌تی مرۆڤ له لایه‌ن ئه‌و كه‌رته‌وه، له‌گه‌ڵ ڕۆڵی گه‌وره و زه‌به‌لاحى له داڕشتنه‌وه‌ی وێنه‌ی مرۆڤ و تموح و خه‌ونه‌كانیدا. ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی ئه‌م كه‌رته به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن، نه به هه‌ڵبژرادن دانراون و نه لێپرسینه‌وه‌شیان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت. زیادبوونی خه‌رجی له بواری چه‌ك و كه‌لوپه‌له كۆمه‌ڵكوژه‌كاندا (ده‌وترێت كه له مێژووی مرۆڤایه‌تیدا ئه‌مه یه‌كه‌مجاره مرۆڤ پاره زیاتر له چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نیدا خه‌رج ده‌كات وه‌ك له خواردن و جلوبه‌رگدا)، ده‌ركه‌وتنی توانای وێرانكردنی گۆی زه‌وی، یان به كتوپڕ (له ڕێگه‌ی چه‌كه ئه‌تۆمییه‌كانه‌وه)، یان پله به پله (له ڕێگه‌ی پیسبوونه‌وه)، له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو دڵه‌ڕاوكێیه‌شی ئه‌مه بۆ مرۆڤی مۆدێرنی دروست ده‌كات. ئا له‌م خاڵه‌شدا هه‌موو شوێنه‌واره ماددییه‌كان به شوێنه‌واره مه‌عنه‌وییه‌كان ده‌گه‌ن، به شێوه‌یه‌ك كه هیچ یه‌كێكیان له‌وی تر جیا ناكرێته‌وه.
زۆرێك له بیرمه‌نده ڕۆژئاواییه‌كان هه‌ستیان به‌م لایه‌نه تاریكانه‌ی مۆدێرنیتیی داروینی كردووه، ده‌سته‌واژه‌كانی وه‌كو قه‌یرانی مۆدێرنیتی و قه‌یرانی واتا و قه‌یرانی ئه‌خلاقی، له‌و ده‌سته‌واژانان كه له زانستی كۆمه‌ڵناسیی ڕۆژئاواییدا به دوای یه‌كدا دێن و ده‌چن، هه‌مووشیان به‌ڵگه‌ن له‌سه‌ر گه‌شه‌سه‌ندنی ئه‌م هه‌سته. فیكری سه‌وزیش به ته‌واوی وه‌كو هه‌ریه‌ك له ڕه‌تكردنه‌وه‌ی عه‌وله‌مه و سه‌رمایه‌داریی دڕنده و فیكری قوتابخانه‌ی فرانكفۆرت، هه‌روه‌ها تیۆره نوێیه‌كانی گه‌شه‌پێدان، كه باس له گه‌شه‌پێدانی به‌رده‌وام و بانگه‌شه‌كردن بۆ په‌ره‌پێدانی عه‌وله‌مه‌یه‌كی خاوه‌ن به‌زه‌یی ده‌كه‌ن، هه‌موو ئه‌مانه ئه‌و هه‌وڵانه‌ن كه بۆ ڕه‌تكردنه‌وه‌ی مۆدێرنیتیی داروینی ده‌درێن، ئه‌و مۆدێرنیتییه‌ی هه‌ڕه‌شه له دانیشتوانی گۆی زه‌وی و مرۆڤبوونی مرۆڤ ده‌كات. ڕۆجێ گارودی (به‌ر له مسوڵمانبوونی) له بواری ڕه‌خنه‌گرتنیدا له مۆدێرنیتیی داروینی، وتی: “جه‌نگی ئه‌م سه‌رده‌مه‌مان له دژی ئه‌فسانه‌ی پێشكه‌وتن و له دژی گه‌شه‌سه‌ندنه له‌سه‌ر ڕیتمى ڕۆژئاوایی، ئه‌وه ئه‌فسانه‌یه‌كی خۆكوژییه، جه‌نگه‌كه‌مان جه‌نگێكه له دژی ئه‌و ئایدۆلۆجیایه‌ی به جیاكردنه‌وه‌ی نێوان زانست و ته‌كنه‌لۆجیا (ڕێكخستنی میكانیزمه‌كانی قودره‌ت و توانا) له لایه‌ك و كاردروستیی (به‌رچاوڕۆشنی به ئامانجه‌كان و به واتای ژیانمان) له لایه‌كی تر ده‌ناسرێته‌وه، ئه‌م ئایدیۆلۆجیایه به‌وه ناسراوه كه جه‌خت له تاكگه‌راییه‌كی توندڕه‌وانه ده‌كاته‌وه، كه مرۆڤ له ڕه‌هه‌نده مرۆییه‌كانی خۆی داده‌ڕنێت، دواجاریش گۆڕێكی هه‌ڵكه‌ندووه كه به‌سه بۆ ناشتنی هه‌موو جیهان تیایدا”.
گارودی له‌وه‌دا ڕاست ده‌كات، مۆدێرنیتی له‌سه‌ر شێوه‌ی ڕۆژئاوایی، به بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی كه ئه‌و مرۆڤ وه‌كو سه‌نته‌رێك بۆ جیهان ده‌بینێت، ده‌ستی پێكرد و به‌و وشانه‌ی میشێل فۆكۆش كۆتایی هات كه تیایاندا ده‌ڵێت: “مرۆڤ هیچی له به‌رده‌مدا نییه ته‌نها ئه‌وه نه‌بێت كه به پێكه‌نینێكی فه‌لسه‌فییانه به‌ره‌و ڕووی هه‌موو ئه‌وانه بچێت كه تا ئێستاش ده‌یانه‌وێت باس له مرۆڤ و له مه‌مله‌كه‌ته‌كانی ئازادبوونی بكه‌ن.. مرۆڤ وه‌كو نه‌خشی سه‌ر لمی كه‌نار ده‌ریا له‌ناو ده‌چێت، كه شه‌پۆله‌كانی ده‌ریا ده‌یسڕنه‌وه. دنیا به‌بێ مرۆڤ ده‌ستی پێكرد و به‌بێ مرۆڤیش كۆتایی دێت، ئه‌وه‌شی له‌مڕۆژانه‌دا ته‌ئكیدی لێده‌كرێته‌وه، غیابی خودا، یان مه‌رگی خودا نییه، به ئه‌ندازه‌ی ئه‌وه‌ی ته‌ئكیدكردنه‌وه‌یه له كۆتایی مرۆڤ”.
به‌ڵێنی مۆدێرنیتیی ڕۆژئاوایی بریتی‌بوو له ته‌ئكیدكردنه‌وه له سه‌نتراڵیى مرۆڤ له گه‌ردووندا، به‌ڵام به چه‌سپاندنی له ڕووی مێژووییه‌وه، هه‌موومان به‌ره‌و مه‌رگی مرۆڤ، بگره به‌ره‌و مه‌رگی سروشتیش ده‌بات. هه‌ڵوێستی مرۆڤدۆستانه‌ش له مۆدێرنیتیی داروینیی دابڕاو له قیه‌م و به‌هاكان، بریتییه له به‌شێك له‌و سامانه جیهانی و له‌و هه‌وڵه جددییه‌ی بۆ پێداچوونه‌وه‌ی ئه‌و چه‌مكانه ده‌درێت، كه دژی مرۆڤن و هه‌ژموونیان كردووه به‌سه‌ر شارستانیه‌تی مۆدێرندا.
هه‌ربۆیه چاكتر وایه كه هه‌موان هێزی خۆیان یه‌ك بخه‌ن و هاوكاریی یه‌كتر بكه‌ن بۆ هێنانه‌دنیای پرۆژه‌ی مۆدێرنیتیی ئیسلامی، ئه‌ویش وه‌كو به‌شێك له‌و هه‌وڵه گشتییه مرۆڤدۆستانه‌یه‌ی بۆ تێپه‌ڕاندنی مۆدێرنیتیی داروینیی دابڕاو له به‌ها و بونیاتنراو له‌سه‌ر ململانه و كێبڕكێ و یه‌كتركوشتن و به‌كاربردنى زیاد له پێویست، ده‌درێت، تاوه‌كو ده‌گه‌ین به مۆدێرنیتییه‌كی مرۆڤدۆستانه، كه له مرۆڤپه‌روه‌رییه هاوبه‌شه‌كه‌مانه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتبێت، مۆدێرنیتییه‌ك كه كۆمه‌ڵگا به ڕێگه‌یه‌كی جیاواز به‌ڕێوه‌به‌رێت، مرۆڤ وه‌كو مادده‌یه‌كی ڕووت نه‌بینێت، له به‌ها جیانه‌بێته‌وه.. مۆدێرنیتییه‌ك له چوارچێوه‌ی مه‌نزوومه‌یه‌كی به‌هاداردا بخولێته‌وه، به‌ده‌ستهێنانی خۆشگوزه‌رانی ته‌نها له زیادكردنی سامان و به‌تاڵانبردنی سروشت و ئیستیغلالكردنی مرۆڤدا نه‌بینێت، به‌ڵكو له ڕێگه‌ی ته‌به‌نیكردنی به‌هایه‌كی مرۆڤانه‌وه، كه ئه‌ویش مۆدیلى دادگه‌ری و هاوكاری و به‌زه‌یی به‌یه‌كتردا هاتنه‌وه و هاوسه‌نگی (له‌گه‌ڵ خود و له‌گه‌ڵ سروشتدا) ته‌به‌نی بكات.. بێگومان ئه‌مه‌ش خێری ئێمه و خێری هه‌موو مرۆڤایه‌تیشی تێدایه. خواش زاناتره.
* بیریارێكی ئیسلامیی میسرییه، له ساڵى 2007 كۆچى دوایى كرد.
سه‌رچاوه:
ئه‌م بابه‌ته له ماڵپه‌ڕی تایبه‌تی نووسه‌ره‌وه (ڕه‌حمه‌تی خوای لێبێت) وه‌رگیراوه.