گه‌ڕان به‌دواى جێگره‌وه‌ى ژیارى
ن: ده‌سته‌ى نووسه‌رانى گۆڤارى ئیسلامیه‌تى مه‌عریفه
و: كۆسره‌ت ساڵح ئه‌حمه‌د (توێژه‌ر و مامۆستاى زانكۆ)
چه‌مكه‌كانى ( إسلامية المعرفة، التأصيل الإسلامي للعلوم والمعارف، توجيه العلوم وجهة إسلامية، إسلام المعرفة، النظام المعرفي الإسلامي، علم العلوم والمعارف) هاوشێوه‌كانیان بۆچوون له یه‌ك پرسى سه‌ره‌كى ده‌كه‌ن، كه بریتیه له پرسى گه‌ڕان به‌دوای “جێگره‌وه‌ى هزرى، مه‌عریفی، رۆشنهزرى و ژیاری”. كه ده‌ستپێكى ئه‌و هه‌نگاوه له پرسیارێكى جه‌وهه‌رى خۆى ده‌نوێنێت، ئایا ئیسلام ده‌توانێت ئه‌و جێگره‌وه به‌ئامانجگیراوه پێشكه‌شى جیهانى ئیسلامى و جیهانى هاوچه‌رخ بكات؟!
له سه‌ره‌تاى سه‌ده‌ى بیسته‌م “سیسته‌مى هزرى، مه‌عریفى و رۆشنهزرى رۆژئاوایی” هه‌ژموونى خۆى به‌سه‌ر جیهان سه‌پاند، رۆڵى هه‌ڵوه‌شێنه‌رى گێرا له هه‌مبه‌ر سیسته‌مه مه‌عریفى و رۆشنهزریه‌كانى تر، بۆ ئه‌وه‌ى، دواى شوێنپێچۆڵكردن، ببێته شوێنگره‌وه‌یان له سه‌رجه‌م بوار و ئاسته‌كان بێ جیاكارى. له به‌رامبه‌ر باڵاده‌ستى، ئه‌و سیسته‌مه مه‌عریفییه مرۆڤكرده رۆژئاواییه، سه‌رجه‌م سیسته‌مه مه‌عریفیه‌كانى تر پاشه‌كشه‌یان كرد له زه‌مینه‌ى كردارى و په‌راوێزخران، سیسته‌مى مه‌عریفیى ئیسلامی‌یش له‌و پاشه‌كشه و په‌راوێزخستنه به‌ده‌ر نه‌بوو.
ده‌ره‌نجام و لێكه‌وته‌كانى، ئه‌و سیسته‌مه مه‌عریفییه مرۆڤكرده خۆسه‌پێنه، له‌سه‌ر چه‌ند شێواز له سه‌رانسه‌رى جیهان ده‌ركه‌وتن، وه‌ك: سیسته‌م، یاسا، پرۆگرامه‌كانى خوێندن، شێوازه‌كانى ژیان. ئه‌مه‌ش له رێگه‌ى كۆمه‌ڵێك هۆكارى سه‌ره‌كیه‌وه بیناكران و سیسته‌مه‌كه توانى هه‌ژموون و باڵاده‌ستى خۆى بسه‌پێنێت، به‌شێك له گرنگترین ئه‌و هۆكارانه ئه‌مانه‌ى خواره‌وه‌ن:
یه‌كه‌م: هه‌وڵه چڕ و به‌رده‌وامه‌كانى هێزه‌كانى رۆژئاوا بۆ به‌رجه‌سته‌كردن و سه‌پاندنى ئه‌و سیسته‌مه مه‌عریفییه له‌سه‌ر ئاستى تێكڕایی دامه‌زراوه‌كان، شێوازه‌كانى ژیان و ئامرازه‌كانى، له‌رێگه‌ى پێشكه‌شكردنى به‌شێوه‌یه‌كى ئاسان و ره‌وان به مرۆڤایه‌تى و كۆمه‌ڵگه‌كان، كه هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه پێگه‌ى مرۆڤ له‌و سیسته‌مه وه‌ك تاكه (مه‌رجه‌ع) لێڤه‌گه‌ڕى باڵا جێگیركرا، سه‌رجه‌م لێڤه‌گه‌ڕه‌كانى تر، جگه له مرۆڤ، ره‌تكرانه‌وه، یان هه‌وڵى سه‌لماندنى ناپێویستیان درا.
دووه‌م: توانادارى رێبه‌رانى سیسته‌مه‌كه له هه‌مبه‌ر راڤه و شیكارى گشت پرس و دیارده و رووداوه‌كان، بێ ره‌چاوكردنى راستى و دروستى ئه‌و شیكاریانه، یان په‌یوه‌ندى و نزیكیان له هه‌قیقه‌ت، به‌ڵكو گرنگترین شت ته‌نیا بریتیه له هه‌بوونى شیكار و راڤه بۆ گشت روودا و دیارده‌كان، شیكار و راڤه‌یه‌ك كه تواناى قه‌ناعه‌تپێهێنانى به مرۆڤى هاوچه‌رخ هه‌بێت، گرنگ نیه ئه‌و قه‌ناعه‌ت پێهێنانه كاتى یان هه‌میشه‌یی بێت، بۆ كاتێكى كه‌م یان درێژ بێت، گرنگ دروستكردنى قه‌ناعه‌ته و به‌س.
سێیه‌م: سه‌ركه‌وتنى رۆژئاوا له ده‌ستكه‌وته ماددى و پێداویستیه‌كانى ژیان و خستنه به‌رده‌ستى مرۆڤایه‌تى و هه‌ژماركردنیان به به‌هاى باڵا و ئامانجى گه‌وره‌ى به‌دیهاتوو، وه‌ك خۆشگوزه‌رانى، په‌ره‌پێدان و پێشكه‌وتن..هتد، بێ گوێدانه ئه‌و باجه‌ى كه مرۆڤایه‌تى له‌به‌رامبه‌ر فه‌راهه‌مكردنى ئه‌و پێشكه‌وتنه، له ئێستا یان له داهاتوو، ناچارده‌بێت بیدات. هه‌ر چه‌نده سه‌رانى ئه‌و سیسته‌مه تواناداربن له كپكردنى ده‌نگه نارازیه‌كان له هه‌مبه‌ر وێرانكردنى ژینگه و له‌به‌ریه‌كهه‌ڵوه‌شاندنى سروشت به ده‌ستى مرۆڤه‌وه، به‌دڵنیایه‌وه رۆژێك هه‌ر دێت كه ژیارستانى مرۆڤایه‌تى به‌گشتى و مۆدێرنه‌ى هاوچه‌رخ به‌تایبه‌تى باجه‌كه‌ى بده‌ن، ره‌نگه ئه‌و باجه زۆریش قه‌به و گرانبه‌ها بێت، ره‌نگه بریتى بێت له قوربانیدان به ره‌وشتى مرۆڤایه‌تى، یان خاوێنى ژینگه و كه‌ش و هه‌وا. ئه‌گه‌رچى هه‌ر له سه‌ره‌تایی باڵاده‌ستى ئه‌و سیسته‌مه رۆژئاواییه مرۆڤكرده، به‌شێك له چاو‌دێر و بیرمه‌ندان زۆربوونى تاوانكارى و بڵاوبونه‌وه‌ى جۆره‌ها تاوان و ئاكارى تاوانكاریانه به سه‌رجه‌م قوشبنه‌كانى زه‌وى به به‌شێك له باجه‌كانى بوژانه‌وه و مۆدێرنه‌ى هاوچه‌رخیان هه‌ژماركرد. هه‌روه‌ها یه‌كێك له ترسناكترین لێكه‌وته‌كانى ئه‌و سیسته‌مه مرۆڤكرده له ئاوه‌ژووبونه‌وه‌ى پێوه‌ره‌كان ده‌ستنیشانكرا، تا ئاستێك كار گه‌یشتۆته ئه‌وه‌ى باش وه‌ك خراپه و خراپه وه‌ك باشه وێنا بكرێت.
چواره‌م: ئه‌م سیسته‌مه توانی كۆمه‌ڵێك شۆرش به ئه‌نجام بگه‌ینێت، كۆتاییه‌كه‌یان شۆرشى ئامێره‌كانى په‌یوه‌ندى و گه‌یاندنه، كه توانى جیهانى هاوچه‌رخ وه‌ك گوندێكى گه‌وره وێنا بكات. ئه‌گه‌رچى خودى ئه‌م شۆرشه گه‌وره‌یه و نزیككردنه‌وه‌ى جیهان له‌یه‌كتر به‌م شێوه‌یه، بوونه هۆكارى ئاشكراكردنى كۆمه‌لێك كه‌لێنى سیسته‌مى مه‌عریفه‌ى رۆژئاوایی مرۆڤكرد، كه بریتیین له لێكه‌وته‌ى ئه‌و سیسته‌مه. ئه‌گه‌رچى رێبه‌ر و بیرمه‌ندانى سیسته‌مه‌كه له سه‌ره‌تا باوه‌ڕیان وابوو، كه ده‌كرێت ده‌ستكه‌وته به‌ده‌ستهاتووه‌كانى ئه‌و سیسته‌مه گشتاندنى بۆ بكرێت بۆ سه‌رجه‌م كۆمه‌ڵگه‌كانى تر‌ى ده‌ره‌وه‌ى كۆمه‌ڵگه‌ى مۆدێرنه‌ى رۆژئاوا و پیاده‌بكرێن، به‌ڵام هه‌ر له سه‌ره‌تاوه كه‌لێنه‌كانى ده‌ركه‌وتن و كۆمه‌لێك قه‌یرانى گه‌وره‌ى به‌رهه‌مهێنا، تا كارگه‌یشته ئه‌وه‌ى قه‌یران و لێكه‌وته خراپه‌كان و مه‌ترسیه‌كانی سیسته‌مه پێشكه‌وتوه‌كه هیچى كه‌متر نیه له لێكه‌وته خراپه‌كانى چه‌قبه‌ستن و دواكه‌وتن. ئه‌مه‌ش بووه خاڵى ده‌ستپێك بۆ گه‌ڕان به‌دواى سیسته‌مێكى جێگره‌وه كه بتوانێت قه‌یرانه جیهانیه‌كان چاره بكات و به سه‌لامه‌تى جیهان و مرۆڤایه‌تى له هه‌مبه‌ر ئه‌و قه‌یرانانه‌دا ده‌رباز بكات. ئا لێره‌دا كۆمه‌ڵێك پرسیار قوت ده‌بنه‌وه: ئاخۆ موسوڵمانان تواناى جێگرتنه‌وه‌یان هه‌یه؟ ئایا ده‌توانن سیسته‌مێكى مه‌عریفى گه‌ردوونى پێشكه‌ش بكه‌ن، كه توانادار بێت له سه‌ر پركردنه‌وه‌ى كه‌لێنه‌كان و سارێژكردنى برینه‌كان، كه له ئه‌نجامى باڵاده‌ستى و هه‌ژموونى سیسته‌مى مرۆڤكردى رۆژئاوا هاتوونه‌ته ئاراوه؟.
ئاشكرایه ئیسلام بنه‌ما سه‌ره‌كى و پێویسته‌كانى جێگره‌وه‌ى سیسته‌مێكى مه‌عریفى تۆكمه‌ى تێدان، به‌ڵام ئایا موسوڵمانان په‌ییان به‌و راستیه بردووه؟ ئایا ده‌توانن بیكه‌ن به كارنامه‌ى كردارى و بیكه‌نه جێگره‌وه‌ى سیسته‌مى باڵاده‌ستى هاوچه‌رخ و سه‌قفه مه‌عریفی و میتۆده هه‌ژموونگه‌راكه‌ى؟ ئایا ئه‌و سیسته‌مه جێگره‌وه‌یه تواناداره به‌سه‌ر به‌ربه‌سته‌كان سه‌ركه‌وێ و ئاسته‌نگه‌كان تێپه‌رێنێت و باڵاده‌ست بێت؟
شیاوى باسه، سیسته‌مى مه‌عریفه‌ى سیكۆلارى مرۆڤكرد له چوارچێوه‌ى ئه‌زموونى رۆژئاوادا توانى باڵاده‌ستى و هه‌ژموونى خۆى به‌سه‌ر جیهان بسه‌پێنێت، دوابه‌دواى ره‌گداكوتانى له رۆژئاوا و په‌راگه‌نده‌كردنى سیسته‌مى مه‌عریفیی كه‌نیسه، دواتر توانى هه‌موو سیسته‌مه مه‌عریفیه‌كانى تر په‌راوێز بخات، كه سیسته‌مى مه‌عریفى ئاینییش به‌ده‌ر نه‌بوو له‌م په‌راوێزخستنه به هه‌ردوو به‌شى سیسته‌مى ئایینى یه‌كتاپه‌رست و سیسته‌مى ئاینیی هاوبه‌شگه‌رایی. ئه‌و سیسته‌مه توانی له مێشك و دڵى چه‌ند نه‌وه‌یه‌ك ئه‌و بانگه‌شه‌یه بچێنێت، كه ناگونجێت ژیارستانیه‌ت و بوژاندنه‌وه سه‌ربگرێت له ده‌ره‌وه‌ى چوارچێوه‌ى دیدگاى سروشتیی ماددی نه‌بێت، هه‌روه‌ها پێویسته هه‌موو رێكارێك بگیردرێته به‌ر بۆ په‌راوێزخستنى سیسته‌مى مه‌عریفه‌ى ئاینیی و دووربخرێته‌وه له ژیان و بخرێته خانه‌ى كه‌له‌پووره‌وه، كه كۆتایی پێهاتووه و كه‌س مافى دووباره هێنانه‌پێشه‌وه‌ى نیه.
خه‌ڵكێكى زۆر له‌سه‌ره‌تاوه گومانیان برد كه ده‌توانن سیسته‌مى مه‌عریفه‌ى سیكۆلارى مرۆڤكردى رۆژئاوایی وه‌ربگرن، له هه‌مان كات پارێزگارى له بیروباوه‌ڕ و پابه‌ندبوونه ئاینیى و ره‌وشتیه‌كانیان بكه‌ن، هه‌روه‌ها گومانیان وابوو كه ئه‌و سیسته‌مه زیان به‌لایه‌نه جۆراوجۆره‌كانى ژیانیان نا گه‌یه‌نێت مادام شوێنه ئاینییه‌كان داناخات و خاپووریان ناكات. سه‌ره‌نجام له‌رێگه‌ى ئه‌و گومانه بێبنه‌ما و نا بابه‌تییه، تێكڕای سیسته‌مه مه‌عریفییه‌كانى جیهان په‌لكێشى ناو سیسته‌مى مرۆڤكردى رۆژئاوایی كران، تا كار گه‌یشته ئه‌وه‌ى له‌م رۆژگاره هیچ گه‌لێك له‌سه‌ر زه‌وى بوونى نیه كه سیسته‌مه مه‌عریفییه‌كه‌ى په‌لكێشى ناو سیسته‌مه رۆژئاواییه‌كه نه‌كرابێت. به‌تێپه‌ربوونى كات ئه‌و سیسته‌مه بووه دروستكارى دیدگا و جیهانبینى مرۆڤایه‌تى و تێروانینى بۆ گه‌ردوون، ژیان و مرۆڤ، بگره بووه دارێژه‌رى بیروباوه‌ڕ و وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ى پرسیاره كۆتاییه‌كان، ته‌نانه‌ت موسوڵمانایش په‌لكێشى ئه‌و هاوكێشانه كران، له دوو سه‌ده‌ى رابردوو زۆربه‌ى بیرمه‌نده موسوڵمانه‌كان سه‌رقاڵى نزیكردنه‌وه‌ى دیدگا و تێروانینى رۆژئاوایی بوون بۆ گه‌ردون، ژیان و مرۆڤ، به‌راوردیان ده‌كرد به جیهانبینى ئیسلامی. سه‌ره‌نجام به‌شێكى زۆر له بیرمه‌نده ئیسلامیه پابه‌نده‌كان كه‌وتنه ته‌ئویلكردنى ئه‌و ده‌قانه‌ى كه له‌گه‌ڵ جیهانبینى ئه‌و سیسته‌مه سیكۆلاره مرۆڤكرده تێكده‌گیرا بۆ ئه‌وه‌ى له چوارچێوه‌ى جیهانبینه گه‌ردوونیه ساخته‌كه‌ى رۆژئاوا به‌ده‌رنه‌بن. له چوارچێوه‌ى عه‌قڵیه‌تى نزیكردنه‌وه و به‌یه‌كگرتن به‌شێك له‌و بیرمه‌ندانه جنۆكه به میكرۆب و فریشته‌یان به ئه‌لیكترۆن راڤه‌كرد، هه‌ندێكى تر دیموكراسى به شورا و خه‌لافه‌ت به كۆماری و ئیشتراكیه‌تیان به دادى كۆمه‌ڵایه‌تى وێناكرد، پێغه‌مبه‌رانیان وه‌ك عه‌بقه‌ری ناساندن و ئیسلامیان كورتكرده‌وه له حه‌لقه‌یه‌ك له حه‌لقه‌كانى ئاینه ئاسمانییه‌كانى تر، ته‌نانه‌ت هه‌ندێكیان ئیسلامیان هاوتاكرد به دوو ئاینه ئیبراهیمییه‌كه (یه‌هودى، مه‌سیحى)، به‌م كاره‌ش په‌یامى ئیسلام و ئامانجه‌كانى له‌بیركران.
له ده‌ره‌نجامى كه‌ڵه‌كه‌بوونى قه‌یرانه‌كانى عه‌قڵى موسڵمانان ده‌رگاكانى نوێگه‌رى و داهێنان داخران، كه سه‌ریكێشا بۆ شه‌له‌ل بوونى سیسته‌مى مه‌عریفیى ئیسلامی و دورخستنه‌وه‌ى له زه‌مینه‌یی كردارى و بێبه‌هاكردنى. دواتر پڕۆگرامه‌كانى خوێندن و فێركردن له جیهانى ئیسلامى به‌سه‌ر دوو به‌ره دابه‌شكران. خوێندنى سه‌ره‌كى و خوێندنى ئاینیی، یه‌كه‌میان بوو به به‌رهه‌مهێنه‌رى كۆمه‌ڵناس و ده‌رووناس و بریاربه‌ده‌ست و كاریگه‌ره‌كانى سه‌ر ژیانى گشتى، كه كۆى پرۆگرامه‌كه له‌سه‌ر سیسته‌مى سیكۆلارى مرۆڤكردى رۆژئاوایی بیناكراوه. دووه‌میش، كه خوێندنى ئایینییه، له خوێندنى چه‌ند په‌رتوكێكى زانسته ئاینییه‌كانى نێو كه‌له‌پوورى ئیسلامى كورتكرایه‌وه، كه ته‌نیا قوتابیه‌كانى سه‌رقاڵ ده‌كرد به خوێندنى چه‌ند په‌رتوكێك له زانسته‌كانى فیقهـ و ئوصول و ته‌فسیر…هتد له ده‌ره‌وه‌ى سیاقه كاتى و شوێنیه‌كه‌ى و ده‌ره‌وه‌ى چوارچێوه ژیارى و رۆشنهزریه‌كه‌ى. سه‌ره‌نجام كۆمه‌ڵه پێشه‌نگێك به‌رهه‌م هات كه توانادار نه‌بن له سه‌ر وه‌ڵامدانه‌وه و تێپه‌ركردنى ئاسته‌نگه هاوچه‌رخ و ئاڵۆزیه سه‌رده‌میه‌كان.
قوتابخانه‌ى ئیسلامیه‌تى مه‌عریفه كار بۆ دیاریكردنى بنچینه‌كانى سیسته‌مى مه‌عریفه‌ى ئیسلامى و نیشانه و ئاماژه‌كانى ده‌كات، له پاڵ په‌ره‌دان به چه‌مك و ئامرازه‌كانى بۆ ئه‌وه‌ى ببێته جێگره‌وه‌ى سیسته‌م و جیهانبینیه ماددیه مرۆڤكرده‌كه، كه مرۆڤبوونى شێواند و مرۆڤایه‌تى بۆ ئاقارى له‌ناوچوون و بێهوده‌یی ئاراسته كرد.
ئه‌گه‌ر ئه‌و قوتابخانه‌یه توانى ئه‌وه بكات، تواناداریش ده‌بێت كه له سه‌ر هه‌ردوو ئاستى ئیسلامى و جیهانی بێته پێشه‌وه و له كایه مه‌عریفیه‌كان جێده‌ستى بنه‌خشێنێت. ئاشكرایه چاره‌سه‌ركردنى كێشه مه‌عریفییه‌كان ته‌نیا چاره‌سه‌ر نیه بۆ كێشه‌كانى جیهانى ئیسلامى، به‌ڵكو ده‌بێته به‌ردى بناغه‌ى چاره‌سه‌ریی بۆ سه‌رجه‌م كێشه مه‌عریفیه‌كانى جیهان له سه‌رجه‌م ئاسته‌كان، ئه‌مه‌ش كاتێك به ئه‌نجام ده‌گات كه په‌یی به ره‌هه‌نده‌كانى سیسته‌مى مه‌عریفی ئیسلامیی و ئه‌نجامگیری و شوێنه‌واره‌كانى ببرێت و به‌شێوه‌یه‌كى ته‌واو به‌رجه‌سته بكرێت له دووباره دارشتنه‌وه‌ى دیدگایى تاقانه په‌رستى بۆ گه‌ردوون و ژیان و مرۆڤ. ئه‌مه‌ش ئه‌ركى له‌پێشینه‌ى دامه‌زراوه هزریه‌كانى جیهانى ئیسلامییه، به‌تایبه‌تى په‌یمانگاى جیهانیی فیكریی ئیسلامى.
ئه‌م بابه‌ته وه‌رگێردراوى (كلمة التحریر)ى گۆڤارى ئیسلامیه‌تى مه‌عریفه‌یه، ژماره 2.