سوپاس سەروەرمان یوسف.
ن: ئەدهەم ئەلشەرقاوی/ نووسەری فەلەستینی
و: فەرەیدون ئەحمەد پێنجوێنی
1ـ سوپاس سەروەرمان یوسف.. لەچیرۆکەکەی تۆوە فێربووم هەندێک کەس ڕقی لێمان دەبێتەوە لەبەر تایبەتمەندییەکانمان نەک لەبەر لەکە و کەموکوڕییەکانمان، ئەوان ڕقیان لەتۆ بوو لەبەرئەوەی جوان و چاک بوویت و لەوان نەدەچوویت، خەڵکیش کەسێکیان ناوێت کە کەموکوڕییەکانیان بیر بخاتەوە.
2ـ ئەوەش فێربووم لەچیرۆکەکەتەوە کە گورز هەندێکجار لەشوێنێکەوە لێماندەدرێت کە پێشبینی ناکەین لەوێوە گورزمان لێبدرێت، ئەوەبوو تۆ لەدەست گورگ سەلامەت بوویت، بەڵام لەدەستی براکانت سەلامەت نەبوویت!
3ـ لەچیرۆکەکەتەوە ئەوەش فێر بووم کە لای هەموو کەس باسی هەموو چاکە و بەخششێک نەکەم کە خوا پێیبەخشیوم، لەبەرئەوەی هەندێک کەس بەرچاوتەنگن و دڵیان بەرچاوتەنگتر و کورتتربینە و سەیری ئەوە دەکەن کە خەڵک هەیەتی زیاتر لەوەی سەیری ئەوە بکەن کە خۆیان هەیانە.
4ـ لەچیرۆکەکەتەوە ئەوەش فێربووم تاوانباران هەندێکجار بەرگی پیاوچاکان دەپۆشن، ئەها ئیبلیس بەئادەمی باوکتی وت: ئایا درەختی نەمریت نیشان نەدەم؟ “هـﻞ ﺃﺩﻟﻚ ﻋﻠﻰ ﺷﺠﺮﺓ ﺍﻟﺨﻠﺪ”، ئەوەبوو براکانیشت بە یەعقوبی باوکتیان وت: “ئێمە لەئامۆژگاریکارانین بۆ یوسف”، “ﺇﻧﺎ ﻟﻪ ﻟﻨﺎﺻﺤﻮﻥ”، “ئێمە پارێزگاریی لەیوسف دەکەین”، “ﻭﺇﻧﺎ ﻟﻪ ﻟﺤﺎﻓﻈﻮﻥ”.
5ـ هەروەها لەبەسەرهاتەکەی تۆوە فێربووم کە هەندێک خراپە ساناترە لەهەندێک خراپەی دیکە، هەروەها خەڵکی وەک چۆن لەچاکییدا پلەی جۆربەجۆریان هەیە هەرواش لەخراپییاندا جۆربەجۆرن، ئەوەبوو لەناو براکانتدا ئەوەیان کە لەهەموویان خراپەی کەمتر بوو ڕزگاری کردیت کە وتی: “یوسف مەکوژن”، “لاتقتلوا یوسف”.
6ـ ئەوەش فێربووم کە ترس و دڵەڕاوکێکانم لای کەس نەدرکێنم، تا خەڵک لەو ڕێگەوە دژایەتییم نەکەن و زەفەرم پێنەبەن، ئەها باوکت کە وتی: “دەترسم گورگ بیخوات”، براکانیشت ئەوەیان بەهەل زانی و کردیانە پاساو و وتیان: گورگ یوسفی خوارد!
7ـ هەروەها لەبەسەرهاتی تۆوە ئەوە فێربووم کە هیچ تاوانێک نییە کە بەوپەڕی وردەکارییەوە ئەنجام بدرێت، بەڵکو تاوانبار هەندێک وردەکاریی بچووک لەبیردەکات کە دواتر ببێتە هۆی دۆزینەوەی. ئەوەبوو براکانت بیریان چوو کراسەکەت پارچەپارچە بکەن کە هێنایانەوە بۆ باوکت، دەبێ ئەوە چ گورگێک بێت منداڵێک بخوات بەڵام کراسەکەی بەساغ و سەلامەتی بهێڵێتەوە!
8ـ فێری ئەوەش بووم کە چاکە و خراپە لەشتەکاندا نییە، بەڵکو لەشێوازی بەکارهێنانی ئەو شتانەدایە لەلایەن ئێمەوە، ئەها کراسەکەی تۆ جارێک هۆکاری درۆی براکانت بوو، جارێکی دیکە بەڵگەی بێتاوانی بوو، جارێکیش دەرمان و چارەسەر بوو!
9ـ ئەوەش فێر بووم کە دونیا هیچ چاکە و باشەیەکی تێدا نییە، ئای چ بێبەهایە دونیایەک کە تیایدا بەچەند دیرهەمێکی کەم کڕین و فرۆشتن بەتۆوە کرا.
10ـ لەبەسەرهاتەکەی تۆوە یوسفی سەروەرم! ئەوە فێربووم قوتابخانە و زانکۆ و کتێب، تەنها هۆکارن، مامۆستای ڕاست و حەق تەنها خوایە، “بۆئەوەی فێری لێکدانەوەی خەونی بکەین”، “لنعلمە من تأویل الاحادیث”، “دانایی و زانستمان پێبەخشی”، “خوا بەپێی تەقوا و لەخواترسان زانست دەبەخشێت”، “لەخوا بترسن، تا خوا فێرتان بکات”، هەروەها بابەتەکە هیچ کات بابەتی عەقڵ و ژیریی نییە، بەڵکو بابەتەکە دڵە، دڵ…
11ـ سوپاس بۆ گەورەمان یوسف، لەبەسەرهاتەکەی تۆوە فێربووم بەخشندە، غەدر و خیانەت ناکات، کەسی ئازاد چاکە بەخراپە پاداشت ناداتەوە، کەسی خانەدان بەرد ناخاتە کانییەکەوە کە ئاوی لێخواردبێتەوە، ئای چەندە جوان بوو کە وتت: “پەنا بەخوا، عەزیزی میسر گەورەی منە و بەباشی مامەڵەی لەگەڵ کردووم، چۆن من خراپە لەگەڵ خێزانی ئەو دەکەم”…
12ـ ئەوەش فێر بووم ئەمانەتپارێزیی ڕاستەقینە، تەنها لەکاتی توانای ئەنجامدانی خیانەتدا دەردەکەوێت. پاکداوێنیی ڕاستەقینە تەنها لەکاتی توانای ئەنجامدانی داوێنپیسیدا دەردەکەوێت، تۆ توانای هەردووکیانت هەبوو، بەڵام کەسی وەک تۆ نە خیانەت دەکات و نە داوێنپیسی.
13ـ فێری ئەوەش بووم، سەروەرم! کە کەسی پارێزراو ئەو کەسەیە کە خوا بیپارێزێت، کەسی سەرلێشێواویش ئەو کەسەیە کە خوا بەجێیهێشتبێت بۆ ئارەزووەکانی، ئەوەش کە لەخۆشییدا لەگەڵ خوادا بێت، خوای گەورەش لەکاتی ناڕەحەتییدا لەگەڵیدا دەبێت!
14ـ هەروەها ئەوەش فێربووم کە هەموو جیهان، ناتوانن ناچارم بکەن لەسەر شتێک کە نەمەوێت بیکەم، ئیتر وازمهێنا لەپاساوهێنانەوە بە وەزع و بارودۆخ! ئەها، زولەیخا خانمی تۆ بوو، دەرگای لەسەرداخستیت، خۆی لێ نزیک خستیتەوە. جوان بوو، دەسەڵات و ئارەزووی هەبوو، کەچی تۆ بەرگرییت کرد و نەچوویت بەلایدا، لەبەرئەوەی خۆت نەتویست!
15ـ لەچیرۆکەکەی تۆوە فێربووم کە کاتێک خوای گەورە بیەوێت کارێک ئاشکرا بکات، سەرجەم خەڵکی ناتوانن بیشارنەوە.
16ـ سوپاس سەروەرم یوسف، لەچیرۆکەکەی تۆوە فێربووم کە لەزینداندا ستەمی زۆر دەکرێت و ستەملێکراوی زۆر هەن، بۆمدەرکەوت کە خەڵک هەن دەخرێنە زیندانەوە لەسەرئەوەی ئامادەنەبوون تاوان بکەن، هەروەها بۆمدەرکەوت ستەم و ستەمکاریی لەناو خەڵکیدا کۆنە و دەمێکە هەیە.
17ـ فێری ئەوەش بووم شیرینیی باوەڕ، بەسەر تاڵیی ژیاندا زاڵ دەبێت، ئەها شیرینی باوەڕی تۆ بووە دڵدانەوەت لەتاڵیی زینداندا! لەبەرانبەریشدا ئەگەر خیانەتت بکردایە و لەگەڵ زولەیخا دەستت تێکەڵ بکردایە – پەنا بەخوا ئەوە دوورە لەتۆوە – ئەوا کۆشکەکە بەو فراوانییەوە بۆ تۆ دەبووە تەنگەلان و تەنگەبەر دەبوو.
18ـ لەتۆوە فێربووم، سەروەرم! کە هەموو شوێنێک جێی ئەوەی تێدا دەبێتەوە کە بانگەواز بۆ لای خوا بکەیت، تۆ بەندەیەک بوویت لەکۆشک، کەچی بانگەوازت بۆ لای خوا دەکرد، زیندانیکراوبوویت لەگرتووخانەدا، کەچی بانگەوازکار بوویت بۆ لای خوا. گەورە و عەزیزی میسر بوویت لەسەر کورسیی دەسەڵاتی وڵات، کەچی بانگەوازت بۆ لای خوا دەکرد.
19ـ لەتۆوە فێربووم کە خانەدان و بناغەپتەو، شوێن و پێگە نایگۆڕێت، ئەوەبوو لەزینداندا پێیانوتیت: “تۆ لەچاکەکاران دەبینین”، کە لەسەر کورسی دەسەڵاتدارییش دانیشتبوویت کە داوای لێبوردنیان لێکردیت هەمان قسەیان پێوتیت: “تۆ لەچاکەکاران دەبینین”.
20ـ سوپاس بۆ گەورەمان یوسف، لەبەسەرهاتی تۆوە فێربووم کە ڕژدیی و حەسودیی هۆکاری هەموو خراپە و شەڕێکە، یەکەم تاوان کە لەئاسمان سەرپێچی خوا کرا، بەهۆی حەسودییەوە بوو، ئیبلیس تەنها هەر لەبەر حەسودیی کڕنووشی بۆ ئادەم نەبرد، یەکەم تاوانیش کە لەسەر زەویدا ئەنجام دراو سەرپێچیی خوای پێکرا هەر بەهۆی حەسودییەوە بوو کە قابیل براکەی خۆی کوشت، تۆش ـ ئەی سەروەرم ـ هەر بەهۆی حەسودییەوە خرایتە بیرەوە!
21ـ ئەوەشم بۆ دەرکەوت کە گەندەڵی، زۆربەی جار بەهۆی خراپ بەڕێوەبردنەوە دروست دەبێت، نەک لە کەمیی داهاتەوە، ئەوەبوو تۆ کە خەڵکی میسرت ڕزگار کرد لەگرانی و وشکەساڵی، هیچ داهاتێکی نوێت بۆ نەهێنان، بەڵکو عەقڵییەتێکی کارگێڕیی نوێت بۆ داهاتە کۆنەکان هێنا و جێبەجێت کرد.
22ـ فێری ئەوەش بووم دونیا جەنگێکی بەرپابووە لەنێوان ڕاستی و ناڕاستی و حەق و باتڵدا، کە تا هاتنی قیامەت دانامرکێتەوە، تەنها سەربازەکان دەگۆڕدرێن، ئەها ململانێی تۆ لەگەڵ زولەیخا ململانێی پاکداوێنی و ئارەزووبازیی بوو کە لەهەموو سەردەمێکدا دووبارە دەبێتەوە. ململانێت لەگەڵ براکانیشتدا ململانێی خۆشەویستی و ڕق بوو کە هەموو سەردەمێک دووبارە دەبێتەوە.
23ـ لەتۆوە فێری ئەوەبووم، گەورەم! کە پلان دابنێم و ڕاوێژ و تەدبیر بکەم، فێربووم کە مرۆڤەکان تەنها بە پلاندانان دەگەنە ئامانجەکانیان، ئەوەبوو بۆ چارەسەری وشکەساڵییەکە، پلانت بۆ داڕشت، هێشتنەوەی بنیامینی برات لای خۆت هەر بە پلان و تەدبیر بوو.
24ـ بۆشمدەرکەوت کە خوای گەورە هەموو کات چەکێک بۆ جەنگ هەڵدەبژێرێت کە بە بیر و خەیاڵی کەسدا نەهاتبێت، خوای گەورە دەیتوانی فریشتە بنێرێت تا دیوارەکانی زیندان خاپور بکەن و تۆ ڕزگار بکەن، بەڵام لەجیاتی ئەوە، خەونێکی نارد بۆ پاشا!
25ـ فێری ئەوەبووم سەروەرم، کە پۆست و پلە، ئەرک و بەرپرسیارێتییە، نەک ڕێز و تەشریف، ئەها تۆ داوات کرد بتکەن بەسەرپەرشتی داهاتی میسر، نەک بۆ ئەوەی بیبەیت بۆ خۆت، بەڵکو بۆ ئەوەی دابەشی بکەیت، ئەگەر بتزانییایە کەسێکی دیکە هەیە لەخۆت بەتواناترە بۆ ئەو کارە، ئەوا داوات نەدەکرد بۆ خۆت.
26ـ لەچیرۆکەکەی تۆوە بۆمدەرکەوت کە خۆشەویستی، بۆن و بەرامەی خۆی هەیە کە تەنها خۆشەویستان بۆنی دەکەن و دەیزانن، ئەوەبوو باوکت بۆنی تۆی کرد پێشئەوەی کراسەکەتی بگاتێ.
27ـ فێری ئەوەبووم کە دادگەریی لەنێوان کوڕ و نەوەکاندا، شتێکی پێویستە، باوکان هەندێکجار دڵی براکان بەرانبەر بە یەک کرمێ دەکەن، بەبێئەوەی بزانن، ئەوەبوو ویستی خوا وابوو باوکت فەزڵی تۆی بەسەر براکانتدا دا، بۆئەوەی ئێمە فێربکات وریا بین ئەگەر منداڵێکی خۆمان خۆشویست زیاتر لەمنداڵەکانی دیکەمان، دەبێت ئەو خۆشەویستییە لەدڵی خۆماندا بهێڵینەوە و نەیکەین بە ڕەفتار.
28ـ سوپاس سەروەرمان یوسف، لەچیرۆکەکەی تۆوە فێربووم کە خەم و خەفەتی خۆم لای کەس نەدرکێنم، تەنها لای خوا نەبێت. چونکە خەڵک یان خۆشیان دەوێیت یان ڕقیان لێتە، ئەوەی خۆشی دەوێیت خەمبار دەبێت بۆم، ئەوەی ڕقی لێمە خۆشحاڵ دەبێت پێم، هەردوولاشیان هیچیان پێناکرێت لەبارەی خەمبارییمەوە، دەی ئیتر بۆچی خەم و خەفەتی خۆم بۆ ئەو خوایە دەرنەبڕم کە کاروبارەکان هەموویان بەدەستی ئەون؟!
29ـ سوپاس گەورەمان یوسف! لەبەسەرهاتی تۆوە بۆمدەرکەوت شتەکان پشتگوێ بخەم لەبەرخاتری نێوانخۆشی، وا مامەڵە بکەم کە تێنەگەیشتووم تا پەیوەندییەکانم بەردەوام بن، ئەها ئەوکاتەی براکانت وتیان برایەکی بنیامینیش کاتی خۆی دزبووە، بەڵام تۆ لەدڵی خۆتدا دانت بەخۆدا گرت لەکاتێکدا دەتوانی واشنەکەیت، بەڵام کەسی خانەدان و بەڕێز شت پشتگوێ دەخات تا پەیوەندییەکانی لەگەڵ خەڵکیدا بهێڵێتەوە.