شكۆمه‌ندیی زانستیی خانمان له شارستانێتیی ئیسلامی‌دا
(270) خانمی شه‌رعزان له مه‌ككه و (54) ئافره‌تی مامۆستای ئیبن حه‌جه‌ر.

ئیبراهیم ئهددوویری/ ئه‌لجه‌زیره نێت.
به‌كوردیكردنی: فه‌ره‌یدون ئه‌حمه‌د پێنجوێنی
(حافیز ئیبن حه‌جه‌ری عه‌سقه‌لانی) (852ك/ 1448ز) له كتێبه‌كه‌یدا به‌ناونیشانی (الدرر الكامنة في أعيان المئة الثامنة) ژیاننامه‌ی (170) ئافره‌تی فه‌رمووده‌ناسی باسكردووه كه (54)یان مامۆستای خۆی بوون، پێشه‌وا (نه‌جمه‌ددین ئیبن فه‌هدی مه‌ككی) (885ك/1480ز) ده‌ڵێت ئه‌و خۆی زانستی له (130) مامۆستای ئافره‌ت وه‌رگرتووه، ئیمامی (سه‌خاوی) (902ك/ 1496ز) كه قوتابی (ئیبن فه‌هد) بووه ئه‌میش نزیكه‌ی (85) مامۆستای ئافره‌تی هه‌بووه كه له كتێبه‌كه‌یدا (الضوء اللامع لأهل القرن التاسع) باسیكردوون، هه‌رچی مامۆستا ئافره‌ته‌كانی حافیزی (سيوطي)یه (911ك) كه هاوسه‌رده‌می (سه‌خاوی) بووه، ده‌گه‌نه (44) مامۆستای ئافره‌ت.
ئه‌م ئامار و داتا ژمارهیییانه ئاماژه‌ن بۆ چه‌سپاوی و بناغهپتهویی ئاماده‌گیی ئافره‌تان له كایه‌ی زانستیی ئیسلامی‌دا و به‌هێزیی كاریگه‌رییان له ناوه‌نده زانستییهكهدا، هه‌روه‌ك ئه‌و نمونه ژنانه‌ییه زۆرانه‌ش كه باسكران ـ كه ئه‌و زانا پایه‌به‌رزانه ژیاننامه‌كانیان نووسیون ـ مكوڕبوونی كۆمه‌ڵگه‌ی زانستپه‌روه‌ر ڕوونده‌كه‌نه‌وه له‌سه‌ر ده‌رخستن و به‌دیارخستنی ئه‌و به‌شدارییه ژنانه‌ییه مه‌عریفییه و تۆماركردنیان و ئاماژه‌دان به‌وه‌ی كه ڕووبه‌رێكی به‌رفراوانی له ژیانی زانستیی مسوڵماناندا ته‌نیوه، هه‌ر لێره‌شه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت كه باس‌وخواس له‌باره‌ی ئه‌و ئافره‌تانه‌ی كه به فه‌تواده‌ر و شاره‌زای زانست داده‌نرێن، ده‌رخه‌ری پته‌ویی بناغه زانستییه‌كه‌ی ئافره‌تانه لهشارستانێتیی ئیسلامی‌دا، هه‌روه‌ها ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه كه كۆمه‌ڵگه‌ی پیاوان ئه‌و زانسته‌ی ئافره‌تانیان قبوڵ بووه، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه به‌ڵكو شانازییان كردووه پێیه‌وه و شانازییان كردووه به‌وه‌ی كه ئه‌و ئافره‌تانه مامۆستای پیاوان بوون.
هه‌روه‌ها ئه‌م ئاماده‌گییه‌ی ئافره‌تانی فه‌تواده‌ر (موفتی) و شه‌رعزان له بواره گشتییه‌كه‌ی ئیسلامدا به‌شێكه له‌م گشته مه‌عریفییه ژنانه‌ییه زۆر و تێروته‌سه‌له، به‌جۆرێك كه هیچ وڵاتێك، هیچ شارێك له شاره‌كانی ئیسلام له‌هیچ سه‌رده‌مێكدا خاڵی نه‌بووه له بوونی ئافره‌تانی شه‌رعزان و فه‌تواده‌ر، پێده‌چێت له هۆكاره‌كانی ئه‌م ئاماده‌گییه زۆر نایابه ئه‌وه‌بووبێت كه شاره‌زابوون و به‌توانابوونی ئافره‌تان نه پێویستیی به بڕیارێكی سیاسی هه‌بووه نه پێویستیی به ده‌سه‌ڵاتێك كه یاسایه‌ك ده‌ربكات ڕێگه‌یان پێبدات پیاده‌ی ئه‌و شاره‌زاییه بكه‌ن و سوود له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ببینن، نا، نه‌خێر، چونكه له‌ڕووی شه‌رعه‌وه هیچ به‌ربه‌ستێك، ڕێگرێك له‌به‌رده‌م ئافره‌تاندا بۆ پرۆسه‌ی فێربوون و فێركردن، نییه، به‌ڵكو ئه‌ركه له‌سه‌ر شانیان كه ده‌بێت داوای زانست بكه‌ن و فێری ببن و بڵاویشی بكه‌نه‌وه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه ئه‌و شاره‌زاییه زانستییانه‌ی ئافره‌تان پاڵپشته زانستییه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی بریتییه له شاره‌زایی و توانا زانستییه‌كه‌ی دایكانی ئیمانداران و هاوشێوه‌كانیان له ئافره‌ته زاناكانی هاوه‌ڵی پێغه‌مبه‌ر و قوتابییه‌كانیان له ئافره‌تانی شوێنكه‌وتووان (تابعین).
ئه‌م ئافره‌تانه هه‌موویان به‌شێك بوون له‌و كۆڵه‌كه و بناغه مه‌عریفییه كه هه‌ر له‌سه‌رده‌مێكی زووه‌وه پرۆژه‌ی زانسته‌كانی ئیسلامی له‌سه‌ر دروستبوو، ئه‌و كۆڵه‌كه‌یه هه‌م پیاوانی زانا بناغه‌كه‌ی بوون هه‌م ژنانی زانا، جا خاڵی ده‌ستپێك ئه‌و هه‌ڵمه‌ته زانستییه گه‌وره‌یه بوو كه له سه‌رده‌می ئافره‌تانی هاوه‌ڵی پێغه‌مبه‌ر و ئافره‌تانی شوێنكه‌وتووان (تابعین) بناغه‌ی چه‌سپا و بووه ڕه‌گی داكوتراوی ئه‌و شهرعیبوونهی چالاكیی كۆمه‌ڵایه‌تیی ئافره‌تان له‌ناویشیدا به‌شدارییه مهعریفییهكهیان، ئیمام (ئیبن قه‌ییم) (751ك/ 1350ز) ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كردووه كه “ئه‌و هاوه‌ڵانه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا (درودی خوای لێبێت) كه ناسرابوون به‌وه‌ی فه‌توا ده‌ده‌ن (سه‌د و سی و ئه‌وه‌نده) كه‌س بوون، له پیاو و له ئافره‌ت”، پاشان باسی نزیكه‌ی (22) ئافره‌تی فه‌تواده‌ر/ موفتی ده‌كات.
جا ئه‌گه‌ر هه‌ندێك پۆستی شه‌رعی وه‌ك دادوه‌ری، پێویستیی به مۆڵه‌تی سیاسی هه‌بووبێت ته‌نانه‌ت بۆ ئه‌و پیاوانه‌ش كه ده‌بوونه دادوه‌ر و قازی، ئه‌وا بێگومان فه‌توادان به‌تایبه‌تی و پرۆسه‌ی فێركردن به‌گشتی نه بۆ پیاو و نه بۆ ئافره‌ت پێویستیی به مۆڵه‌ت نه‌بووه، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی به‌س بووه كه ئه‌و كه‌سه‌ی پیاده‌ی ئه‌و دوو پیشه‌یه ده‌كات جا چ پیاو بوو بێت یان ئافره‌ت له ناو كۆمه‌ڵگه‌ی زانستیدا ناسراوبێت به تواناداری و لێهاتوویی و پاكژی ده‌روونی و مسوڵمانێتیی ساغ، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ش بڵێین كه قبوڵكردن و جێبه‌جێكردنی ڕا و بۆچوونی زانستی په‌یوه‌ندیی به ڕه‌گه‌زی خاوه‌ن بۆچوونهكهوه نه‌بووه، به‌ڵكو په‌یوه‌ندیی به به‌هێزیی به‌ڵگه و پابه‌ندبوون و ڕاست و دروستی و ئیستیقامه‌ی شه‌رعیی كه‌سه‌كه هه‌بووه.
ئا ئه‌م مه‌رجه بابه‌تییانه بوون كه هه‌لی ڕه‌خساند شارستانییه‌تی ئیسلامی ببێته فه‌زایه‌كی به‌پیت بۆ سه‌دان ئافره‌تی شه‌رعزان و فه‌تواده‌ر و فه‌رمووده‌ناس و ئه‌دیب و هۆزانڤان و… هتد، به‌جۆرێك كه ژماره‌كان ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن ژماره‌ی ئه‌و ئافره‌ته شهرعزانانهی كه به جۆرێك له جۆره‌كان په‌یوه‌ندییان به شاری مه‌ككه‌وه هه‌بووه چ به‌وه‌ی له‌وێنده‌ر نیشته‌جێ بووبن یان ماوه‌یه‌ك له‌وێ مابێتنه‌وه یان سه‌ردانیان كردبێت ته‌نها له سه‌ده‌ی نۆیه‌می كۆچی/ سه‌ده‌ی پازده‌ی زاینی‌دا، گه‌یشتووه‌ته نزیكه‌ی (270) ئافره‌تی شه‌رعزان.
به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌م ئاماده‌گییه پته‌و و به‌هێزه‌ی ژنان له ناوه‌نده مه‌عریفییه ئیسلامییه‌كاندا، به‌ڕاستی كه سه‌رنج ده‌ده‌ین كتێبه‌كانی شه‌رع وته و به‌ڵگه و فه‌توا شه‌رعییه‌كانی ئه‌و ئافره‌تانه و مهزههبهكانیانی فه‌رامۆش كردووه، قسه‌ی دایكانی ئیمانداران ـ به‌تایبه‌تی خاتوو عائیشه ـ و هه‌ندێك ئافره‌تانی سه‌ره‌تای ئیسلامی لێده‌رچێت. چه‌ندین هۆكاری ئه‌م پشتگوێخستنه‌ش هه‌یه، له‌وانه‌یه دیارترینیان بریتیبێت له‌وه‌ی كه زۆر له ئافره‌ته شه‌رعزانه‌كان نه‌یانویستووه كتێب و نووسراوی زانستی بنووسن و له‌وباره‌وه دونیانه‌ویستی و زوهدیان به‌كارهێناوه، هۆكاری دیكه‌ش هه‌ن كه په‌یوه‌ندیی به ڕێسای شه‌رعزانانه‌وه هه‌یه كه له‌ناو فه‌توا و بۆچوونه زانستییه‌كان و ڕا فیقهییه‌كاندا مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ بۆچوونی “به‌ناوبانگ ـ المشهور”دا كردووه و بۆچوونه‌كانی دییان وه‌لاناوه و تۆماریان نه‌كردوون، ئه‌مه‌ش به‌هۆی بارودۆخی ئه‌وكاتانه‌ی كۆمه‌ڵگه ئیسلامییه‌كانه‌وه ئه‌ركێكی قورس بووه له‌سه‌ر ئافره‌تان، پێده‌چێت هه‌ر ئه‌مه وایكردبێت زاڵێتییهكه له باسكردنی ڕا فیقهییه تۆماركراوه‌كاندا بۆ بۆچوون و ڕای شه‌رعزانه پیاوه‌كان بێت تا شه‌رعزانه ئافره‌ته‌كان.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه و سه‌ره‌ڕای ئه‌و لایه‌نه نه‌رێنییانه‌ی كه له‌به‌رده‌م كاروانی زانستیی زۆربه‌ی ئافره‌تانی فه‌تواده‌ر و شه‌رعزاندا بوونه‌ته به‌ربه‌ست، به‌ڵام هێشتا كاریگه‌ریی ئه‌و ئافره‌تانه له ئاوه‌زی مه‌عریفیی ئیسلامی‌دا وه‌ك ڕاستی و حه‌قیقه‌تێكی حاشاهه‌ڵنه‌گر ماوه‌ته‌وه، به‌ڵكو زیاتر له‌وه ئه‌و كاریگه‌رییه به نووسین تۆمار كراوه و به سه‌نه‌دی ڕاست و دروستی پیاوان ـ پێش ئافره‌تان ـ پاڵپشتكراوه و گومانبڕ كراوه. جا ئیتر هیچ پاساوێك نامێنێته‌وه بۆ ئه‌و مشتومڕه‌ی كه هه‌ندێك جار له وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئیسلامی‌دا به‌رپا ده‌بێت سه‌باره‌ت به فێركردن و خوێندنی ئافره‌تی مسوڵمان، یاخود سه‌باره‌ت به‌وه‌ی لیژنه‌كانی فه‌توا و دامه‌زراوه فه‌رمییه‌كانی فه‌توا چه‌ند ئافره‌تێكی فه‌تواده‌ر “موفتی” دابمه‌زرێنن یان نا، هه‌ندێك له‌گه‌ڵیدان و هه‌ندێك دژ، ئه‌م مشتومڕه چه‌ند هۆكارێك زیاتر گه‌وره‌ی كردووه، له‌وانه ده‌سه‌ڵاتی نه‌ریتخوازی، یان خوو نه‌ریتی باوی كۆمه‌ڵگه‌كان، به‌وپێیه‌ی كه زۆرینه‌ی فه‌تواده‌ر و شه‌رعزانان به درێژایی مێژوو پیاوان بوون، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی خه‌ڵك له بیر و زه‌ینییاندا تێكه‌ڵكردنێك ده‌كه‌ن له نێوان هه‌ردوو ئه‌ركی “فه‌توادان” و”دادوه‌ری”دا، چونكه هه‌ر له‌ناو پێشینهكانیشدا ئه‌و فرهبۆچوونییه هه‌بووه ئایا دروسته ئافره‌ت پۆستی دادوه‌ری (قازی) وه‌ربگرێت، به‌ڵام له ڕاستیدا ئه‌م ناكۆكییه له‌سه‌ر فه‌توا و فه‌توادان له‌ئارادا نییه.
جا ئه‌م هۆكارانه‌ی باسمانكردن له گرنگیی به‌شداریی ئافره‌تان له ڕه‌وڕه‌وه‌ی زانستیی مسوڵماناندا، پێویستی ده‌كات بگه‌ڕێینه‌وه بۆ سه‌رده‌مانی شكۆمه‌ندیی زانستیی شارستانێتیی ئیسلامی، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندییه پته‌وه ئاشكرا بكه‌ین كه له نێوان ئافره‌تان و فه‌توادان و شه‌رع (فیقه) و هوونه‌ره‌كانی زانستی شه‌رعیدا هه‌یه، هه‌روه‌ها بۆئه‌وه‌ی له‌ڕووی تیۆری و پیاده‌كردنه‌وه دیارده و نیشانه‌كانی ئه‌و په‌یوه‌ندییه بناسێنین. جا ئه‌مه‌ش به‌دیاریكراوی ئه‌وه‌یه كه ئه‌م نووسینه هه‌وڵی بۆ ده‌دا كه به ناوهێنان باسی له‌و به‌شدارییه گه‌وره‌یه‌ی بیست كه‌سایه‌تیی ئافره‌تی زانا و فه‌تواده‌ر ده‌خه‌ینه‌ڕوو و باسی ڕه‌نگدانه‌وه‌ی كاریگه‌ریی ئافره‌تان ده‌كه‌ین له ژیانی زانستی له كۆمه‌ڵگه ئیسلامییه‌كاندا، باسی ئه‌و ئاماده‌گییه دیار و جیاكه‌ره‌وه و ناوازه‌یه‌ش ده‌كه‌ین كه ئافره‌تان توانیویانه شانهكڕێی ئیمام و پێشه‌وا پیاوه‌كان بكه‌ن، به‌ڵكو زۆرجار به‌شدار بوون له گه‌وره‌كردن و پێگه‌یاندنی ئه‌و پێشه‌وا مه‌زنانه‌دا.
فه‌توادانی ئافره‌تان هه‌ر له‌سه‌رده‌مێكی زووه‌وه:
پێشه‌وا ئیبن قه‌ییمی جه‌وزییه (751ك/ 1350ز) ده‌سته‌واژه‌یه‌كی داناوه بۆ “پیشه‌ی فه‌توادان” كه بریتییه له “التوقیع عن الله”، واته “واژۆكردن له‌برێتی خوا”، وه له كتێبه‌كه‌یدا (إعلام الموقعین عن رب العالمین) به‌تێروته‌سه‌لی باسوخواسی له‌باره‌وه كردووه. پرۆسه‌ی فه‌توادان و پیاده‌كردنی ئه‌و پرسه مه‌رجی خۆی هه‌یه و پێشه‌وا نه‌وه‌وی (676ك/ 1277ز) له كتێبی (اداب الفتوى والمفتی والمستفتی) پوختیكردووتهوه و ده‌فه‌رموێت: “مه‌رجی موفتی (كه‌سی فه‌تواده‌ر) ئه‌وه‌یه تهكلیفكراو بێت (ته‌مه‌نی پێگه‌یشتوو بێت)، مسوڵمان بێت، جێی متمانه بێت، له هۆكاره‌كانی لهدیندهرچوون (فسق) و تانهدهری پیاوه‌تی (مه‌ردی)، دووربێت، دهروونشارهزا بێت، بیر و زه‌ینی ساغ بێت، بیری ڕه‌سه‌ن بێت (ڕاوبۆچوونی ڕه‌سه‌ن و سه‌نگین)، مامهڵهدروست بێت، هه‌ڵهێنجانی له ده‌قه‌كان دروست بێت، هۆشیار و به‌ئاگا بێت، هه‌ركه‌س ئه‌م مه‌رجانه‌ی تێدا بێت جا چ كه‌سێكی ئازاد بێت یان به‌نده بێت، یاخود ئافره‌ت بێت، وه‌ك یه‌ك وه‌هان و ده‌توانێت فه‌توا بدات”. كه‌واته، مه‌رجی فه‌توادان له ئیسلامدا له‌سه‌ر ئه‌و ته‌وه‌رانه بنیاتنراوه: توانای زانستی، لایه‌نی ڕه‌وشت و ئه‌خلاق، دروستبینی و هه‌ڵێنجانی ڕا لهدهقهكانهوه.
له مێژووی ئیسلامی‌دا ئه‌ركی فه‌توادان پێویستیی به بڕیاری سیاسی نه‌بووه بۆ دیاریكردنی كه‌سێك بۆ ئه‌و پۆسته، ئه‌مه به پێچه‌وانه‌ی ده‌زگای دادوه‌رییه‌وه، له‌به‌رئه‌وه‌ی فه‌توا له پێناسه‌ی شهرعزاناندا بریتییه له: “ههواَڵدان به حوكمێكی شه‌رعی و ڕاگه‌یاندنی ئه‌و حوكمه، به‌بێ ناچاركردن”، واته گه‌یاندنی حوكمه شه‌رعییه‌كه له‌باره‌ی بابه‌تێكه‌وه به بێئه‌وه‌ی كه‌سی پرسیاركه‌ر یان خاوهنبابهتهكه ناچار بكه‌یت جێبه‌جێی بكات، به‌پێچه‌وانه‌ی قازی و دادوه‌ره‌وه كه دوای حوكمه‌كه كه‌سه‌كه ناچار ده‌كرێت پابه‌ند بێت پێیه‌وه، جا هه‌واڵدان و گه‌یاندنی حوكمه شه‌رعییه‌كه پێویستیی به مۆڵه‌ت نه‌بووه، ته‌نها مۆڵه‌تی ئه‌و زانایانه‌ی پێویست بووه كه گه‌واهی بده‌ن ئه‌م قوتابییه، جا پیاو بووبێت یان ئافره‌ت، شایسته‌ی ئه‌و پله زانستییه‌یه، ئه‌و پله زانستییه‌ی كه له فه‌رهه‌نگی ئه‌واندا نازناوی “موفتی” یان “زانا” یاخود “شه‌رعزان ـ فه‌قیه”ی لێنراوه. ئه‌وه‌ش بڵێین كه به‌خشینی نازناو لای زانایانی پێشین ئاسان نه‌بووه، به تایبه‌تی ئه‌و نازناوانه‌ی كه به‌رپرسیارێتیی له‌سه‌ر به‌ند بووه، به‌رپرسیارێتییه‌ك به قه‌ده‌ر قه‌باره‌ی فه‌توا كه خاوه‌نه‌كه‌ی به‌رپرسیارێتیی “واژۆكردن لهبرێتیی په‌روه‌ردگاری جیهانیان”ی له‌ئه‌ستۆدایه.
له‌به‌رئه‌وه‌یه پێشه‌وا (قازی عه‌یاز)ی یهحصوبی (544ك/ 1149ز) له كتێبی (ترتیب المدارك)دا ده‌ڵێت: “واینابینین قوتابی فێرخوازی زانست پێیبوترێت شه‌رعزان/فه‌قیه، تا ده‌چێته ته‌مه‌نه‌وه و ته‌مه‌نی كامڵ ده‌كات و بۆچوونی به‌هێز ده‌كات و له ئه‌زبه‌ركردنی بۆچوونه‌كاندا و له گێڕانه‌وه‌ی فه‌رمووده و شارهزابوونیدا لێهاتوو ده‌بێت به جۆرێك كه پیاوانی چینه‌كان (سه‌نه‌ده‌كان)ی فه‌رمووده جیابكاته‌وه و بیانناسێت، وه به باشی گرێكان بكاته‌وه و هۆكاره‌كانی بزانێت و له جیاوازیی و فرهبۆچوونهكان ئاگادار بێت و مه‌زهه‌ب و بۆچوونی زانایان و ته‌فسیر و واتای وشه‌كانی قورئان بزانێت، ئه‌وكات شایسته ده‌بێت پێیبوترێت فه‌قیه و شه‌رعزان، ئه‌گه‌ر وانه‌بوو ئه‌وا ناوی (قوتابی) لایهقتره بۆی”.
لێره‌وه بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه هه‌موو ئه‌و ئافره‌تانه‌ی كه له كتێبی ژیاننامهكاندا به شه‌رع و فیقه پهسنكراون، ئه‌وه شایسته‌ی فه‌توادان بوون، هه‌روه‌ك ئه‌و كتێبانه به ده‌ق ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه كردووه كه ئافره‌تانێكی زۆر ئه‌ركی فه‌توادانیان له ئه‌ستۆ گرتووه.
زانای گه‌وره ئیبن قه‌ییم باسی ئه‌وه‌ی كردووه كه “ئه‌و هاوه‌ڵانه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا (درودی خوای لێبێت) كه ناسرابوون به‌وه‌ی فه‌توا ده‌ده‌ن (سه‌د و سی و ئه‌وه‌نده) كه‌س بوون، له پیاو و له ئافره‌ت”، پاشان باسی نزیكه‌ی (22) ئافره‌تی فه‌تواده‌ر ده‌كات، ئه‌وانیش به‌پێی ڕیزبه‌ندیی فه‌تواكانیان له ڕووی كه‌می و زۆرییه‌وه ئه‌مانه‌بوون: دایكی ئیمانداران خاتوو عائیشه، دایكی ئیمانداران ئوم سه‌له‌مه، ئوم عه‌تییه، دایكی ئیمانداران صه‌فییه، دایكی ئیمانداران حه‌فصه، دایكی ئیمانداران ئوم حه‌بیبه، له‌یلای كچی قانفی سه‌قه‌فی، ئه‌سمائی كچی ئه‌بوبه‌كر، ئوم شه‌ریك، حهولائی كچی توهیتی ئه‌سه‌دی، ئوم ده‌ردائی گه‌وره، عاتیكه‌ی كچی زه‌یدی كوڕی عه‌مر، سه‌هله‌ی كچی سوهه‌یل، دایكی ئیمانداران جوه‌یرییه، دایكی ئیمانداران مه‌یمونه، فاتیمه‌ی كچی پێغه‌مبه‌ری خوا (درودی خوای لێبێت)، فاتیمه‌ی كچی قه‌یس، زه‌ینه‌بی كچی ئوم سه‌له‌مه، ئوم ئه‌یمه‌نی حه‌به‌شی دایه‌نی پێغه‌مبه‌ری خوا (درودی خوای لێبێت)، ئوم یوسف كه ئه‌ویش ئافره‌تێكی حه‌به‌شی بوو خزمه‌تی پێغه‌مبه‌ری خوای ده‌كرد (سه‌لامی خوای لێبێت)، ئافره‌تێكی غامیدی ناسراو به الغامدیه.
ئه‌و كه‌سه‌ی له مێژووی فه‌توادان به درێژایی سه‌رده‌مه‌كانی ئیسلام بكۆڵێته‌وه بۆیدهردهكهوێت ئه‌م ژماره‌یه‌ی “ئافره‌تانی واژۆكار له‌برێتی په‌روه‌ردگاری ئاسمانیان”، به‌ڕێژه سه‌دییه به‌رزه‌كه‌یه‌وه، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئاستی ئاماده‌گیی ئافره‌تانه ـ جا چ به شهرعزانییان بێت یان به فه‌توادانیان ـ وه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ڕۆڵیانه له سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌ری خوادا.
ئافره‌ت و پیشه‌ی فه‌توادان:
ئه‌و ئاماده‌گییه جۆرایهتییهی ئافره‌تان له‌نێو ئه‌و كه‌سانه‌دا كه فه‌توایان ده‌دا له سه‌ده‌ی یه‌كه‌می كۆچی/ حه‌وته‌می زاینی‌دا، له فیقه و شهرعزانیی دایكی ئیمانداران خاتوو عائیشه‌دا (58ك/ 679ز) ڕه‌نگده‌داته‌وه، ئه‌وانه‌ی كه له بواری مێژووی فه‌تواداندا كاریانكردووه عائیشه له گروپی ئه‌و حه‌وت هاوه‌ڵه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا داده‌نێن كه زۆرترین “واژۆیان لهبرێتیی خوا” كردووه، واته زۆرترین فه‌توایان داوه، چونكه ئه‌و “به‌ڕه‌هایی شهرعزانترین ئافره‌تی ئوممه‌تی ئیسلام” بووه، وه‌ك ئیبن قه‌ییم له كتێبی (إعلام الموقعین)دا په‌سنی ده‌كات.
پێشه‌وا زه‌هه‌بی (748ك/ 1347ز) له‌باره‌ی عائیشه‌وه له كتێبی (سیر أعلام النبلا‌ء)دا ده‌فه‌رموێت: “پێنازانم له ئوممه‌تی محه‌ممه‌دا (سه‌لامی خوای لێبێت)، به‌ڵكو له‌ناو هه‌موو ئافره‌تاندا به‌ڕه‌هایی، ئافره‌تێك هه‌بێت له‌و زاناتر بێت”. وه له‌به‌رئه‌وه‌شه كه ـ وه‌ك ئیبن سه‌عدی به‌صری له كتێبی (الطبقات الكبرى)دا سه‌لماندوویه‌تی ـ عائیشه “له سه‌رده‌می فه‌رمانڕه‌وایی ئه‌بوبه‌كر و عومه‌ر و عوسمان و دواتریشدا تا وه‌فاتی كرد، یهكلابووبوویهوه بۆ فه‌توادان و فه‌توای داوه”، “گه‌وره هاوه‌ڵانی پێغه‌مبه‌ری خوا (درودی خوای لێبێت)، وه عومه‌ر و عوسمان ده‌یاننارد بۆ لای و پرسیاریان له‌باره‌ی سوننه‌ته‌كانه‌وه لێده‌كرد”.
له‌ڕاستیدا نزیكبوونی عائیشه ـ خوا لێی ڕازی بێت ـ له پێغه‌مبه‌ری خواوه (درودی خوای لێبێت) ڕۆڵێكی گه‌وره‌ی هه‌بوو له زۆریی گێڕانه‌وه‌كانیدا چ ئه‌و گێڕانه‌وانه‌ی فه‌رمووده‌ن و چ ئه‌وانه‌ی فه‌توان، هێنده حوكمه فیقهییهكانی گێڕاوه‌ته‌وه تاوه‌كو حاكمی نه‌یسابوری (1405ك/ 1015ز) له‌باره‌یه‌وه، كه له پێشه‌وا زه‌ركه‌شی نقڵی كردووه، ده‌ڵێت “عائیشه، چاره‌كی شه‌ریعه‌تی لێوه وه‌رگیراوه”.
كۆی گێڕانه‌وه‌كانی خاتوو عائیشه له هه‌ردوو سه‌حیحی بوخاری و موسلیمدا نزیكه‌ی (دووسه‌د و حه‌فتا و ئه‌وه‌نده) فه‌رمووده‌یه، كه زۆرینه‌یان حوكمه شه‌رعییه‌كانن، شێخ سه‌عید فایز ئهددهخیل سه‌رجه‌می فیقه و فه‌تواكانی خاتوو عائیشه‌ی له یه‌ك كتێبی قه‌باره گه‌وره‌دا كۆكردووه‌ته‌وه و ناویناوه: (ئینسكلۆپیدیای فیقهی دایكی ئیمانداران عائیشه.. ژیان و فیقههكهی).
هه‌روه‌ها خاتوو عائیشه به‌وه ناوبانگی ده‌ركردووه كه چه‌ندین فه‌توای هه‌یه كه ته‌نها ئه‌و ئه‌و فه‌توایه‌ی داوه، هه‌روه‌ها چه‌ندین بۆچوونی فیقهیی هه‌یه كه ته‌نها ئه‌و ئه‌و بۆچوونه‌ی هه‌یه، له‌وانه: ته‌نها ئه‌و فه‌توای ئه‌وه‌ی داوه كه نابێت جیاكاریی بكرێت له‌نێوان كه‌سێك كه به ناشه‌رعی (زینا) له‌دایكبووه له‌گه‌ڵ كه‌سێكی ئاسایی له پێشنوێژیكردندا به‌مه‌رجێك ئه‌و كه‌سه خوێنده‌وارتر بێت له قورئاندا و شاره‌زاتر بێت له شه‌رعدا، عائیشه پێیوایه “ئه‌و كه‌سه هیچ تاوانی دایك و باوكی ناكه‌وێته‌سه‌ر، (ولا تَزِرُ وازرة وزر أخرى)؛(فاطر: 18)”، ئه‌مه‌به‌پێی ئه‌وه‌ی كه (ئیبن ئه‌بی شه‌یبه (235ك/ 849ز) له كتێبه‌كه‌یدا (المصنف)دا لێیه‌وه گێڕاویه‌تییه‌وه.
له‌و بۆچوونانهشدا كه تایبه‌تن به ئافره‌تان كه ته‌نها ئه‌و هه‌یبووه ئه‌وه‌بووه كه پێیوایه دروسته ئافره‌ت به‌ڕه‌هایی به بێ كه‌سی نزیك/ مه‌حره‌م، گه‌شت بكات ئه‌گه‌ر بێخه‌م بوو له خۆی له تووشبوونی به فیتنه و خراپه، (ئیبن ئه‌بی شه‌یبه) له زوهرییه‌وه ده‌گێڕێته‌وه: لای عائیشه باسی ئافره‌ت كرا كه نابێت به‌بێ مه‌حره‌م گه‌شت بكات، ئه‌ویش فه‌رمووی: “هه‌موو ئافره‌تێك مه‌حره‌می ده‌ستناكه‌وێت”. شێخ سه‌عید ئهددهخیل له كتێبه‌كه‌یدا له‌باره‌ی فیقهی عائیشه‌وه تێبینی ئه‌وه‌ی كردووه زۆرینه‌ی فه‌تواكانی عائیشه “به‌و تایبه‌تمه‌ندییه ده‌ریكردووه كه مێینه‌یه‌كی شه‌رعزان و ناوازه و تایبه‌ت بووه، له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ پێغه‌مبه‌ری خوادا (درودی خوای لێبێت) له ناو یه‌ك ماڵدا ژیاوه و شتانێكی لێوه فێربووه و زانیویه‌تی كه جگه له‌و هیچ پیاوێكیش نه‌یزانیوه”.
جا ڕۆڵی شهرعزانیی عائیشه هه‌ر له فه‌توا و فهرموودهگێڕانهوه له‌باره‌ی سوننه‌ته‌كانه‌وه، كورتنهبووهتهوه، به‌ڵكو ئه‌و مونازه‌ره‌ی هاوه‌ڵانی ده‌كرد و گفتوگۆی له‌گه‌ڵ ده‌كردن و ڕاستكردنه‌وه‌ی بۆ فه‌توای گهورههاوهڵان ده‌كرد وه‌ك باوكی خۆی واته ئه‌بوبه‌كری سددیق و، عومه‌ری فاروق. ئیمامی زه‌ركه‌شی (794ك/ 1392ز) سه‌رجه‌م ئه‌و ڕاستكردنهوانهی عائیشه‌ی كه بۆ فه‌توای هاوه‌ڵانی به‌ڕێزی كردووه له كتێبێكدا كۆكردووه‌ته‌وه و ناویناوه: (الإجابه لإیراد ما استدركته عائشه على الصحابه). هه‌روا بێته‌وه عائیشه چه‌ندین ئافره‌تی موفتی و فه‌تواده‌ری پێگه‌یاندووه كه له دوای خۆی فه‌توایان داوه، هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌كی زۆری خه‌ڵكی كه هه‌ندێكیان ئافره‌تانی خانه‌واده‌كه‌ی خۆی بوون فیقه و زانستیان لێوه‌رگرتووه، له‌وانه: ئوم كولسومی خوشكی، حه‌فصه‌ی برازای كه كچی عه‌بدوڕڕه‌حمانی كوڕی ئه‌بوبه‌كر بووه.
به‌پێی ئیمامی زه‌هه‌بی له كتێبی (سیر أعلام النبلا‌ء)دا ئه‌و ئافره‌تانه‌ی كه له‌سه‌ر ده‌ستی خاتوو عائیشه فێری زانست بوون و پێگه‌یشتن و له‌دوای خۆی ئاڵای فه‌توادانیان به‌رزكردووه‌ته‌وه، ئه‌مانه هه‌ندێكیان بوون: “عه‌مره‌ی كچی عه‌بدوڕڕه‌حمانی ئه‌نصاری (98ك/ 718ز)، په‌روه‌رده‌كراوی عائیشه و قوتابیی به‌رده‌ستی بووه، عه‌مره زانایه‌كی شه‌رعزان بووه، قسه‌كانی به‌ڵگه بووه و زانستێكی زۆری هه‌بووه”، “صه‌فییه‌ی كچی شه‌یبه (86ك/ 706ز) شه‌رعزانی زانا ئوم مه‌نصوری قوڕه‌شی”، هه‌روه‌ها “ئوم ده‌ردای صوغرا، شه‌رعزان، (81ك/ 701ز)، به زانست و كردار و دونیانه‌ویستی به‌ناوبانگ بووه” و زانایان یه‌كده‌نگن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه به “فیقهزانی و ژیریی و تێگه‌یشتن و شكۆمه‌ند” ناویده‌به‌ن، وه‌ك پێشه‌وا نه‌وه‌وی له كتێبی (تهذيبالأسماء واللغات) باسیكردووه.
ئه‌و زانا ئافره‌تانه‌ی كه گهورهپیاوانیان پێگه‌یاندووه:
له‌سه‌رده‌می شوێنكه‌وتووان (تابعین)دا حه‌وت زانای پایه‌به‌رز له مه‌دینه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوادا هه‌بوون كه به (حه‌وت شهرعزانهكهی مه‌دینه) ناویان ده‌ركردبوو، كتێبه‌كانی ژیاننامه‌ی زانایان باسی ئه‌وه‌مان بۆ ده‌كه‌ن كه هه‌ر یه‌ك له‌و حه‌وت زانا به‌ناوبانگه زانستیان له ئافره‌تانی شه‌رعزان و فه‌قیه وه‌رگرتووه، ئه‌وه (سه‌عیدی كوڕی موسه‌ییه‌ب (94ك/ 714ز) زانستی له خاتوو عائیشه و ئوم سه‌له‌مه وه‌رگرتووه، عوروه‌ی كوڕی زوبه‌یر (74ك/ 694ز) زانستی له دایكی خۆی واته ئه‌سمائی كچی ئه‌بوبه‌كر و له پوری: دایكی ئیمانداران خاتوو عائیشه وه‌رگرتووه كه به‌رده‌وام له‌گه‌ڵیدا بووه و لێیه‌وه فێری فیقه بووه، هه‌روا بێته‌وه (قاسمی كوڕی محه‌ممه‌دی كوڕی ئه‌بوبه‌كری سددیق (107ك/ 726ز) كه ئه‌میش له ماڵی پوری: دایكی ئیمانداران خاتوو عائیشه پێگه‌یشتووه و له‌وه‌وه فێری فیقه بووه و گێڕانه‌وه‌ی زۆری لێگێڕاوه‌ته‌وه، حه‌وته‌میش شه‌رعزان و شاعیر عوبه‌یدوڵڵای كوڕی عه‌بدوڵڵای هوزهلی (98ك/ 718ز) كه ئه‌میش زانستی له خاتوو عائیشه و ئوم سه‌له‌مه وه‌رگرتووه.
هه‌رچی چوار پێشه‌وا سهرمهزههبهكهیه، ئه‌وا شتێكی ئه‌وتۆ له‌باره‌ی فێربوونیان له‌سه‌رده‌ستی زانای ئافره‌ت نه‌گێڕدراوه‌ته‌وه، ته‌نها ئه‌وه نه‌بێت كه پێشه‌وای مه‌دینه مالیكی كوڕی ئه‌نه‌س (179ك/ 795ز) له عائیشه‌ی كچی سه‌عدی كوڕی ئه‌بو وه‌ققاص زانستی وه‌رگرتووه كه به (عائیشه‌ی صوغرا ناسراو بووه ساڵی 117ك/ 736ز كۆچی دوایی كردووه)، وه پێشه‌وا مالیك كچه‌كه‌ی خۆی زانستی لێ وه‌رگرتووه كه وه‌ك حافیز ئیبن ناصروددینی دیمه‌شقی ده‌یگێڕێته‌وه له‌ناو گێڕهڕهوانی كتێبی (ئهلمووهتتهئ)ی پێشه‌وا مالیكدا ناوی فاتیمه‌ی كچی هاتووه، ئه‌و ده‌ڵێت: “مالیك كچێكی هه‌بوو زانسته‌كه‌ی باوكی له‌به‌ربوو، ده‌یزانی… له پشتی ده‌رگاكه‌وه ده‌وه‌ستا، ئه‌گه‌ر قوتابییه‌كی باوكی هه‌ڵه‌ی بكردایه له خوێندنه‌وه‌دا ئه‌م ته‌قه‌ی له ده‌رگاكه ده‌دا و به‌وه مالیك ده‌یزانی هه‌ڵه كراوه و وه‌ڵامی ده‌دایه‌وه”. هه‌روه‌ها هۆكاری ئه‌وه‌ی كه پێشه‌وای مه‌زن ئه‌بو حه‌نیفه (150ك/ 768ز) ڕوویكردووه‌ته زانستی فیقه و فه‌توادان، هۆكاره‌كه‌ی پرسیارێك بووه كه ئافره‌تێك لێیكردووه.
له سه‌رده‌مه‌كانی دواتردا كه‌سایه‌تییه‌كی فیقهیی مه‌زنی وه‌ك پێشه‌وا ئه‌بو محه‌ممه‌د ئیبن حه‌زمی ئه‌نده‌لوسی (456ك/ 1065ز) ده‌بینین كه به مه‌زهه‌بی ڕووكه‌شگه‌را (مه‌زهه‌بی زاهیری) و به شاره‌زایی له سه‌رجه‌م زانسته‌كاندا ناسراوه و ناوبانگی ده‌ركردووه، خۆی له كتێبه‌كه‌یدا (طوق الحمامه) باسی ڕۆڵی ئافره‌تانمان بۆ ده‌كات له پێگه‌یشتنی زانستییانهیدا له قۆناغی سه‌ره‌تاییدا، ئه‌و ده‌ڵێت: “من له‌گه‌ڵ ئافره‌تاندا ژیاوم، ئه‌وه‌نده نهێنییان ده‌زانم كه له‌وه ناچێت كه‌سی دیكه بیزانن، له‌به‌رئه‌وه‌ی من له ماڵه‌كانیاندا گه‌وره‌بووم، له‌به‌رده‌ستیاندا پێگه‌یشتووم، له ئافره‌تان زیاتر كه‌سی دیكه‌م نه‌ناسیوه… ئافره‌تان قورئانی پیرۆزیان فێركردم، شیعر و هۆنراوه‌ی زۆریان بۆ خوێندمه‌وه، له نووسین و خۆشنووسیدا مه‌شق و ڕاهێنانیان پێ‌كردم”، جا ئه‌م هاوڕێیه‌تییه زووبهزووییهی ئه‌م زانا هه‌ڵكه‌وتووه له‌گه‌ڵ ئافره‌تاندا كردوویه‌تی ده‌یباته ڕیزی یه‌كێك له گه‌وره ده‌روونناسانی مرۆیی له مێژووی كۆندا، به‌تایبه‌تی له‌و بابه‌تانه‌دا كه په‌یوه‌ستن به ئافره‌تانه‌وه.
ئه‌مه له ناوچه‌كانی خۆرئاوای جیهانی ئیسلامی، ئه‌نجا كه به‌ره‌و خۆرهه‌ڵات دهكشێین له هه‌مان سه‌ده‌ی پێنجه‌می كۆچی/ یازده‌ی زاینی، پیاوێك به قه‌باره‌ی نازناوی (حافیزی خۆرهه‌ڵات) ده‌بینین كه ناوی (پێشه‌وا خه‌تیبی به‌غدادی)یه (463ك/ 1072ز) كه فه‌رمووده‌ی له ئافره‌تی شه‌رعزان و فه‌رمووده‌ناس: تاهیره‌ی كچی ئه‌حمه‌دی تهننوخی (436ك/ 1045ز) بیستووه و لێیه‌وه گێڕاویه‌تییه‌وه. هه‌روه‌ها پێشه‌وا ئیبن عهساكیر (571ك/ 1175ز) له كتێبه‌كه‌یدا (معجم النسوان) ژیاننامه‌ی (هه‌شتا) مامۆستای ئافره‌تی تۆماركردووه كه خۆی قوتابی بووه لایان و وانه‌ی له‌لا خوێندوون.
پێشه‌وا زه‌هه‌بی له (سیر أعلام النبلا‌ء)دا ده‌ڵێت: حافیزی سیلهفی (الحافظ السِّلَفي) (576ك/ 1180ز) “فه‌رمووده‌ی له ئافره‌تان بیستووه و وه‌رگرتووه له شاری ئه‌سفه‌هان (وانه‌ی لا خوێندوون)، له به‌غداش جگه له هه‌شت مامۆستای ئافره‌ت فه‌رمووده‌ی له ئافره‌تانی دی نه‌بیستووه”. یه‌كێك له قوتابییه‌كانیشی كتێبێكی داناوه و ناوی هه‌موو مامۆستا ئافره‌ته‌كانی حافیزی سیلهفی تێدا تۆماركردووه، ته‌نانه‌ت پێشه‌وا زه‌هه‌بی خۆیشی له چه‌ندین مامۆستای ئافره‌ته‌وه فه‌رمووده‌ی وه‌رگرتووه و گێڕاویه‌تییه‌وه كه ناوی هه‌موویانی له كتێبی ناوی مامۆستاكانیدا تۆمار كردووه و نووسیونی.
هه‌روه‌ها پێشه‌وا (عومه‌ری كوڕی فه‌هدی مهككیی هاشمی) (885ك/ 1480ز) باسی ئه‌وه‌ی كردووه كه لای (130) مامۆستای ئافره‌ت وانه‌ی خوێندووه و زانستی لێوه‌رگرتوون، له كتێبه‌كه‌یدا (الدر الكمین بذيل العقد الثمين فی تاریخ البلد الأمین) ژیاننامه‌ی (286) ئافره‌تی تۆماركردووه كه هه‌موویان له شاری مه‌ككه‌ی پیرۆزدا و له بواری گشتیدا ناسراو بوون، زۆریشیان مامۆستای ژماره‌یه‌ك له زانا ناوداره‌كان بوون و وانه‌یان پێوتوون. پێشه‌وا ئیبن حه‌جه‌ری عه‌سقه‌لانی (852ك/ 1448ز) ژیاننامه‌ی (170) ئافره‌تی فه‌رمووده‌ناسی له كتێبه‌كه‌یدا (الدرر الكامنة في أعيان المئة الثامنة) نووسیوه كه (54)یان مامۆستای خۆی بوون، له كتێبی (التقریب)یشدا ژیاننامه‌ی (824) ئافره‌تی تۆماركردووه كه به گێڕانه‌وه‌ی فه‌رمووده ناویان ده‌ركردووه. قوتابییهكهیشی: پێشه‌وا سه‌خاوی، (902ك/ 1497ز) ئه‌میش نزیكه‌ی (85) مامۆستای ئافره‌تی هه‌بووه كه هه‌موویانی له كتێبه‌كه‌یدا: (الضوء اللامع لأهل القرن التاسع)دا باسكردووه، مامۆستا ئافره‌ته‌كانی زانای هاوچه‌رخیشی، واته: پێشه‌وا (جه‌لاله‌ددینی سيوطي)(911ك/ 1505ز) گه‌یشتوونه‌ته (44) مامۆستا.
جا ئه‌گه‌ر پێشه‌وا (ئیبن شیهابی زوهری) (124ك/ 743ز) به‌و وته به‌ناوبانگ بێت كه (ئیبن قوته‌یبه‌ی دینه‌وه‌ری) لهزارییهوه ده‌گێڕێته‌وه كه وتوویه‌تی: “فه‌رمووده، نێرینه‌یه و پیاوان حه‌زیان لێیه‌تی و ژنان حه‌زیان لێی نییه”، ئه‌وا پێشه‌وا زه‌هه‌بی ئه‌و وته‌یه‌ی خۆی له بیری خه‌ڵكیدا چه‌سپاند كه له كتێبی (میزان الاعتدال)دا فه‌رموویه‌تی: “پێنازانم هیچ ئافره‌تێك هه‌بێت كه تۆمهتباركرابێت به‌وه‌ی فه‌رمووده‌ی هه‌ڵبه‌ستووه، یان زانایان له‌به‌ر هۆكارێك له گێڕانه‌وه و ڕیوایهتیدا پشتیان پێ نه‌به‌ستبێت (و به لاواز ئه‌ژماریان كردبێت)”.
ئه‌م دوو وته‌یه، گوزارشت له كه‌لتوری ئه‌و دوو سه‌رده‌مه ده‌كات كه ئه‌و زانایانه‌ی وتوویانه، تێیدا ژیاون، له سه‌رده‌می پێشه‌وا زوهریدا فه‌رمووده‌ناسی پیشه‌یه‌كی تایبه‌ت بووه به پیاوان، به‌ڵام له سه‌رده‌می پێشه‌وا زه‌هه‌بیدا ئافره‌تانی فه‌رمووده‌ناس و گێڕه‌ڕه‌وه‌ی فه‌رمووده له جیهانی ئیسلامی‌دا زۆر بوون و بڵاوبوونه‌ته‌وه، به‌تایبه‌تی له‌ناو خانه‌واده زانستییه‌كاندا له‌به‌رئه‌وه‌ی گه‌شتكردن و گه‌ڕان به‌دوای زانست و فه‌رمووده‌دا بۆ ئافره‌تان فه‌راهه‌م نه‌بوو.
زمانی ژماره‌كان پێمانده‌ڵێن: ژماره‌ی ئه‌و ئافره‌ته فهرموودهناسانهی له سه‌ده‌ی حه‌وته‌م و هه‌شته‌می كۆچی/ چواره‌ده و پازده‌ی زاینی‌دا ژیاون ته‌نها له میسر و وڵاتی شامدا نزیكه‌ی (334) ئافره‌تی فه‌رمووده‌ناس بوون، كه گه‌وره پیاوانی فه‌رمووده‌ناسی ئه‌و سه‌رده‌مه زانست و فه‌رمووده‌یان لێوه‌رگرتوون له‌وانه‌ی كه نمونهكانیانمان باسكردن وه‌ك ئیبن عهساكیر و ئیبن حه‌جه‌ر و كه‌سانی دیكه‌ش، به شێوه‌یه‌كی گشتی هیچ پیاوێك نه‌بووه له‌و سه‌رده‌مانه‌دا كه سه‌رقاڵی زانستی فه‌رمووده بووبێت و به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه ئه‌و زانسته‌ی له مامۆستایه‌كی ئافره‌تی فه‌رمووده‌ناس وه‌رنه‌گرتبێت.
ئافره‌ته موفتییه‌كان:
ئه‌گه‌ر باس‌وخواس ببه‌ین به‌ره‌و بواری شه‌رعزانی و ئه‌ركی فه‌توا به‌دیاریكراوی، ئه‌وا بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه هیچ ناوچه‌یه‌ك نه‌بووه له ناوچه‌كانی جیهانی ئیسلام له سه‌رده‌مه جۆربه‌جۆره‌كاندا كه ئافره‌تانی فه‌تواده‌ری تێدا نه‌بووبێت، له سه‌ده‌ی سێهه‌می كۆچی‌دا له شاری قه‌یره‌وان دوو ئافره‌تمان به‌رچاو ده‌كه‌وێت كه وه‌ك (حه‌سه‌ن حوسنی عه‌بدولوه‌ههاب سهمادحی) مێژوونوسی ڕۆشنبیریی تونس ناویناون، پێیاندهلێت “دوو خانمه شهرعزانهكهی تونس”، یه‌كه‌میان: (ئه‌سمائی كچی ئه‌سه‌دی كوڕی فورات) (250ك/ 864ز) كه له‌به‌رده‌ستی باوكی‌دا فێری زانست بووه و باوكیشی زانایه‌كی پێشه‌وا و قازییه‌كی گه‌وره بووه، ئه‌م ئافره‌ته به‌شداریی له دانیشتن و مه‌جلیسی پرسیار و وه‌ڵام و گفتوگۆی زانستیدا كردووه كه باوكی ئه‌و دانیشتنانه‌ی ڕێكده‌خست، ئه‌م ئافره‌ته شاره‌زایی له فیقهی مه‌زهه‌بی ئه‌بو حه‌نیفه‌دا به‌ده‌ستهێناوه كه باوكی پسپۆڕ و شاره‌زای ئه‌و مه‌زهه‌به بووه، ئه‌مه له كاتێكدا مه‌زهه‌بی ئیمامی مالیك له ناوچه‌كانی خۆرئاوای جیهانی ئیسلامی به‌ربڵاو بووه.
دووه‌م ئافره‌ته شهرعزانهكهی تونس بریتییه له (خه‌دیجه‌ی كچی ئیمام سه‌حنون) (270ك/ 883ز)، باوكی: واته پێشه‌وا سه‌حنون دووه‌م دامه‌زرێنه‌ری مه‌زهه‌بی پێشه‌وا مالیك و بڵاوكه‌ره‌وه‌ی ئه‌و مه‌زهه‌به‌یه له ناوچه‌كانی خۆرئاوای جیهانی ئیسلامی‌دا، جا خه‌دیجه‌ی كچی، قازی عه‌یاز له كتێبی (ترتیب المدارك)دا به‌وه په‌سنی كردووه كه یه‌كێك بووه له “باشترینه‌كانی خه‌ڵك”.
زۆر دوور نه‌ڕۆین له تونس و له هه‌مان ئه‌و سه‌رده‌مه، له میسر ئافره‌تی شه‌رعزان “خوشكی ئیسماعیلی كوڕی یه‌حیای موزه‌نی” ده‌بینین، (كه ده‌وروبه‌ری ساڵی 264ك/ 878ز مردووه)، ئه‌م ئافره‌ته خوشكی زانای مه‌زهه‌بی شافیعی و بڵاوكه‌ره‌وه‌ی ئه‌و مه‌زهه‌به: ئیسماعیلی كوڕی یه‌حیا بووه، ئه‌م ئافره‌ته كێبڕكێ و گفتوگۆی له‌گه‌ڵ ئیسماعیلی برایدا ده‌كرد و تاوتوێی بابه‌ته زانستییه‌كانی ده‌كرد، جا به‌هۆی ئه‌و بهرابهركێ و گفتوگۆ و تاوتوێكردنهی له‌گه‌ڵ براكه‌یدا، ئیسماعیلی برای ناوی نه‌ده‌هێنا و باسوخواسی پشتگوێخستبوو، تا وای لێهات هه‌ر به (خوشكی موزه‌نی) ده‌ناسرا و به‌ناوبانگ بوو.
پێشه‌وا (سيوطي) له كتێبی (حسن المحاظرة)دا باسی ئه‌وه ده‌كات ئه‌م ئافره‌ته ئاماده‌ی كۆڕی ئیمامی شافیعی ده‌بوو، جا شه‌رعزانی مه‌زهه‌بی شافیعی ئه‌بولقاسمی ڕافیعی (623ك/ 1226ز) له كتێبی (العزیز شرح الوجیز)دا كه ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه ده‌هێنێت: “موزه‌نی له كتێبی موختهصهردا له‌كه‌سێكه‌وه كه متمانه‌ی پێیبووه و ئه‌ویش له ئیمامی شافیعییه‌وه گێڕاویه‌تییه‌وه”، له شه‌رح و لێكدانه‌وه‌ی ئه‌م دهستواژهیهدا ده‌ڵێت: هه‌ندێك له شیكه‌ره‌وان وتوویانه ئه‌و كه‌سه‌ی كه له ئیمامی شافیعییه‌وه ده‌قه‌كانی گێڕاوه‌ته‌وه بۆ ئیمامی موزه‌نی، ئه‌وه خوشكه‌كه‌ی خۆی بووه… به‌ڵام حه‌زی نه‌كردووه ناوی بهێنێت.
جا وه‌ك چۆن ئیمامی موزه‌نی برای، ناوی ئه‌م ئافره‌ته‌ی پشتگوێخستووه و ناوی نه‌هێناوه، به‌هه‌مان شێوه ئه‌و كتێبانه‌ی ژیاننامه‌ی زانایانیان تۆمار كردووه ئه‌مانیش باس‌وخواس و ساڵی مردنه‌كه‌یان پشتگوێخستووه و گوێیان پێنه‌داوه، جگه له‌وه‌ی كه پێشه‌وا (سيوطي) وتوویه‌تی: ئیبن سبوكی و ئیسنه‌وی له كتێبی (الطبقات)دا باسیان كردووه. وادیاره ئه‌م ئافره‌ته زانایه دایكی پێشه‌وا ئه‌بو جه‌عفه‌ری تهحاویی ئهزدیی حه‌نه‌فی بووه (321ك/ 933ز)، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئیسماعیلی موزه‌نی خاڵی ئه‌م بووه و موزه‌نی خۆیشی باسنه‌كراوه هیچ خوشكێكی دیكه‌ی هه‌بووبێت.
له ئه‌نده‌لوس، له‌وێ مێژوونووسهكهیان (ئیبن عومهیرهی زیببی) (599ك/ 1203ز) له كتێبی (بغية الملتمس) دا باسی “فاتیمه‌ی كچی یه‌حیای كوڕی یوسفی میغامی” ده‌كات (319ك/ 931ز)، به‌وه په‌سنی كردووه كه ئه‌م ئافره‌ته “زانایه‌كی شه‌رعزانی خۆپارێز بووه، له شاری قورتوبه نیشته‌جێ بووه… له‌كاتی مردنیدا هێنده خه‌ڵك ئاماده‌ی به‌خاكسپاردنی بوون تا ئێستا نه‌بینراوه بۆ هیچ ئافره‌تێكی دیكه خه‌ڵكی ئاوا ئاماده‌ی به‌خاكسپاردن بن.
له‌عێراق، ئیبن جه‌وزی له كتێبی (المنتظم)دا ژیاننامه‌ی (ئوم عیسا كچی ئیبراهیمی حه‌ربی) نووسیوه (328ك/ 940ز)، كه “زانایه‌كی به‌ڕێز بووه و له بواری فیقهدا فه‌توای داوه”، زه‌هه‌بی له كتێبی (العبر)دا ده‌ڵێت: (ئهمهتولواحید كچی قازی حسه‌ینی مهحامیلی) (377ك/ 988ز) له مه‌زهه‌بی شافعی‌دا شاره‌زا و پێگه‌یشتوو بووه، له‌گه‌ڵ ئه‌بو عه‌لی كوڕی ئه‌بو هوره‌یره‌دا كه شێخ و پێشه‌وای مه‌زهه‌بی شافیعی بووه له‌سه‌رده‌می خۆیدا، فه‌توای داوه.
له خۆراسان، له‌وپه‌ڕی خۆرهه‌ڵات، كتێبه‌كانی ژیاننامه باسی (ئوم فه‌زڵ، عائیشه‌ی كچی ئه‌حمه‌دی كومسانی مروزی) ده‌كه‌ن، (529ك/ 1135ز)، ئه‌بو سه‌عدی سه‌معانی له كتێبی (التحبیر فی المعجم الكبیر)دا به‌وه په‌سنی ده‌كات كه “ئافره‌تێكی زانا و شه‌رعزان بووه… زانستی له نه‌نكی خۆی: عه‌ینی كچی زه‌كه‌ریای مهككیی هیلالی وه‌رگرتووه”.
له هه‌مان سه‌ده‌دا باسی (زانای خواناس: شه‌هده‌ی كچی ئه‌حمه‌د) ده‌خوێنینه‌وه (574ك/ 1178ز)، كه له زانسته‌كاندا ده‌ستێكی باڵای هه‌بووه، باشی و مه‌زنیی له وڵاتاندا ده‌نگی دایه‌وه، له عێراق پێگه‌یشت، ده‌ستێكی باڵا و شاره‌زایی له زۆر زانست‌دا هه‌بووه به‌تایبه‌تی له شه‌رعزانیدا، له پشتی په‌رده‌وه داده‌نیشت و وانه‌ی به قوتابییه‌كانی ده‌وته‌وه، خه‌ڵكێكی زۆر له‌به‌رده‌ستیدا قوتابی بوون و پێگه‌یشتن.
له دیارترین ئه‌و ئافره‌ته شهرعزانانهی كه فه‌توایان داوه و جێپه‌نجه‌یان له مه‌زهه‌بی حه‌نه‌فیدا دیاره: (موفتی: فاتیمه‌ی كچی عه‌لائه‌ددینی سه‌مه‌رقه‌ندی (نزیكه‌ی 580ك/ 1184ز مردووه)، باوكی، واته: عه‌لائه‌ددینی سه‌مه‌رقه‌ندی (540ك/ 1145ز) خاوه‌نی كتێبی (تحفة الفقهاء)ـه و مێرده‌كه‌یشی: پێشه‌وا عه‌لائه‌ددینی كاسانی (587ك/ 1193ز) خاوه‌نی كتێبی (بدائع الصنائع)ـه. (محه‌ممه‌دی كوڕی محه‌ممه‌دی كوڕی نه‌سروڵڵای قوڕهشیی حه‌نه‌فی) كه به مێژوونووسی شه‌رعزانانی حه‌نه‌فییه‌كان داده‌نرێت له كتێبی (الجواهر المُضِيَّة في طبقات الحنفية) دا ده‌ڵێت: ئه‌م فاتیمه‌ی سهمهرقهندییه له‌سه‌رده‌ستی باوكی فێری زانستی فیقه و شه‌رعزانی بووه و هه‌موو كتێبی (التحفة)ی له‌به‌ركردووه، هه‌موو مه‌زهه‌بی حه‌نه‌فی به چاكی گێڕاوه‌ته‌وه، جار هه‌بووه مێرده‌كه‌ی: عه‌لائه‌ددینی كاسانی ویستوویه‌تی فه‌توایه‌ك بدات ئه‌م بۆی ڕاستكردووه‌ته‌وه و هه‌ڵه‌كه‌ی بۆ دیاریكردووه و ئه‌ویش هاتووه‌ته سه‌ر قسه‌كه‌ی خێزانی، فاتیمه فه‌توای ده‌دا، فه‌تواكه یه‌كه‌مجار واژۆی ئه‌م و واژۆی باوكی به‌سه‌ره‌وه‌بوو و به خه‌تی ئه‌مان ده‌نووسرا، پاشئه‌وه‌ی كه شووی كرد به پێشه‌وا كاسانی ئه‌نجا فه‌تواكان به واژۆی هه‌رسێكیان ده‌نووسرا”.
نازناوه مه‌به‌ستداره‌كان:
به‌پێی وته‌ی خانمه ئه‌دیبی لوبنانی زه‌ینه‌ب فه‌وواز ئهلعامیلی (1332ك/ 1915ز) كه له كتێبه‌كه‌یدا (الدر المنثور في طبقات ربات الخدور) باسی ده‌كات (فاتیمه‌ی كچی پێشه‌وا سه‌یید ئه‌حمه‌د ئهڕووفاعی ئهلكهبیر) (609ك/ 1212ز) “شه‌رعزانێكی شاره‌زای ئاینی خوا بووه”، هه‌روه‌ها فه‌رمووده‌ناسی مه‌زن: زه‌ینه‌بی كچی عه‌بدوڕڕه‌حمانی كوڕی حه‌سه‌نی نه‌یسابوری به‌ناوبانگ به “زه‌ینه‌بی شه‌عرییه” (615ك/ 1218ز) كه چاوی كه‌وتووه به كۆمه‌ڵێك له كه‌ڵه زانایان و فه‌رمووده‌ی لێ گێڕاونه‌ته‌وه و مۆڵه‌ت (ئیجازه‌ی زانستی)ی لێوه‌رگرتوون، یه‌كێك له‌وانه‌ی مۆڵه‌تی زانستیی داوه به‌م خانمه: پێشه‌وا زه‌مه‌خشه‌ری بووه (539ك/ 1144ز) خاوه‌نی ته‌فسیری كه‌ششاف، یه‌كێكی تر له‌و كه‌سانه‌ی كه زه‌ینه‌ب مۆڵه‌تی زانستی پێداون له گه‌وره زانایان: عه‌للامه‌ی مێژوونووس قازی ئیبن خه‌له‌كان بووه (681ك/ 1282ز). زه‌هه‌بی ژیاننامه‌كه‌ی زه‌ینه‌بی تۆماركردووه و ده‌ڵێت: “مامۆستای قه‌درگران، خاوه‌ن سه‌نه‌دی خوراسان، بیستوومه مۆڵه‌تی زانستیی داوه به كۆمه‌ڵێك له فه‌رمووده‌ناسان”.
له ڕاستیدا سه‌ده‌ی هه‌شته‌می كۆچی/ چوارده‌ی زاینی، به‌وه به‌ناوبانگه كه فه‌رموده‌ناس و شه‌رعزانی فرهزانست (مه‌وسوعی) زۆری تێدا هه‌ڵكه‌وتووه، حافیزی ئیبن حه‌جه‌ر له كتێبه‌كه‌یدا (الدرر الكامنة في أعيان المئة الثامنة)ژیاننامه‌ی مه‌زنانی ئه‌م سه‌ده‌یه‌ی تۆمار كردووه و ژیاننامه‌ی زۆر له ئافره‌ته شه‌رعزان و زانا و فهرموودهناسهكانیشی نووسیوه، وه‌ك پێشتر ئاماژه‌مان پێدا. جا له‌م سه‌رده‌مه‌دا ناو و نازناوی خۆشواتا نراوه له‌و ئافره‌ته زانایانه، بۆ نمونه: (خانمی زانایان، خانمی شه‌رعزانان، خانمی دادوه‌ر و قازی‌یان، خانمی نووسه‌ران، خانمی وه‌زیران، خانمی پاشایان).
یه‌كێكی دی له‌وانه‌ی ئه‌و نازناوانه‌یان لێنراوه، (خانمی زانایان كچی شێخه رباتوددهرب ئهلمیهرانی) (712ك/ 1312ز)، هه‌روه‌ها (خانمی شه‌رعزانان ئهمهتوڕڕهحمان كچی ئیبراهیمی ساڵحیی حه‌نبه‌لی) (726ك/ 1326ز)، هه‌روابێته‌وه (خانمی شه‌رعزانان كچی خه‌تیبی شه‌ره‌فه‌ددینی عه‌بباسی) (765ك/ 1364ز)، خۆی و براكه‌ی: عه‌لائه‌ددین، له‌گه‌ڵ حافیز ئهبولحهججاج جه‌ماله‌ددینی موززی پێكه‌وه فه‌رمووده‌كانی چه‌ند به‌شێكی كتێبی (أمالي الجوهري)یان گێڕاوه‌ته‌وه، خوشكهكهیشی ناوی: خانمی قازی‌یان كچی خه‌تیبی عه‌بباسی بووه.
حافیزی زه‌هه‌بی له كتێبی (تاریخ الإسلام)دا ژیاننامه‌ی مامۆستای گێڕه‌ڕه‌وه‌ی فه‌رمووده: (حولهل كچی شێخ ئهبولمهكاریم مه‌حمودی كوڕی محه‌ممه‌دی كوڕی محه‌ممه‌دی كوڕی ئهسسهكهنی به‌غدادی) تۆماركردووه كه ناسراو بووه به (خانمی پاشایان ـ ست الملوك) (621ك/ 1224ز)،ههرحافیزی زه‌هه‌بی له كتێبێكی دیكه‌یدا به‌ناوی (العبر)دا ژیاننامه‌ی دوو خانمی دیكه‌ی گێڕه‌ڕه‌وه‌ی فه‌رمووده‌ی نووسیوه: (خانمی پاشایان فاتیمه‌ی كچی عه‌لی كوڕی عه‌لی كوڕی ئهبولبهدر) (710ك/ 1310ز)، هاوچه‌رخه‌كه‌ی: (خانمی وه‌زیران كچی عومه‌ری كوڕی ئه‌سعه‌دی كوڕی منجای تهننوخی) (716ك/ 1316ز)، كه زه‌هه‌بی له كتێبی (تاریخ الإسلام)ـه‌كه‌یدا به (مامۆستامان خانمی وه‌زیران) ناویهێناوه.
ئه‌وه‌ی سه‌رنجمان ڕاده‌كێشێت ئه‌وه‌یه كه له مانگی پیرۆزی ڕه‌مه‌زاندا چه‌ندین كۆڕی زانستی به‌ستراوه بۆ ئه‌و ئافره‌ته فه‌رمووده‌ناس و زانایانه و به‌درێژایی مانگه‌كه كۆڕه‌كه بۆ فێرخوازان كراوه‌بوو، فه‌رمووده‌ناس و مێژوونووس: عه‌له‌مه‌ددینی بیرزالی (739ك/ 1338ز) بۆمان ده‌گێڕێته‌وه كه خۆی گوێبیستی فه‌رمووده بووه له خانمه مامۆستا: ئه‌سمائی كچی محه‌ممه‌دی دیمه‌شقی (733ك/ 1333ز)، (سه‌فه‌دی) له كتێبی (أعیان العصر)دا له بیرزالییهوه ده‌گێڕێته‌وه كه: “له كۆڕی وانه‌وتنه‌وه‌ی مانگی ڕه‌مه‌زانی ساڵی (683)دا وانه‌م لا خوێندووه، هه‌روه‌ها چوار ڕۆژ پێش وه‌فاتكردنی وانه‌م لا خوێندووه، جا له‌نێوان ئه‌و دوو مێژووه‌دا: وانه ڕه‌مه‌زانییه‌كه‌ی تا وه‌فاتكردنی زیاتر له په‌نجا ساڵ ده‌بێت (واته په‌نجا ساڵ زیاتر وانه‌ی وتووه‌ته‌وه)، ئه‌و ئافره‌تێكی موباره‌ك و وریا بوو، زۆر به‌خشه‌ر و چاكه‌كار بوو”.
هه‌ندێك له توێژه‌ران ژماره‌ی ئه‌و ئافره‌ته شهرعزانانهی كه به‌جۆرێك له‌جۆره‌كان په‌یوه‌ندییان به شاری مه‌ككه‌وه هه‌بووه چ به‌وه‌ی له‌وێنده‌ر نیشته‌جێ بووبن یان ماوه‌یه‌ك له‌وێ مابێتنه‌وه یان سه‌ردانیان كردبێت ته‌نها له سه‌ده‌ی نۆیه‌می كۆچی/ سه‌ده‌ی پازده‌ی زاینی‌دا، ژماردووه، گه‌یشتووه‌ته نزیكه‌ی (270) ئافره‌تی شه‌رعزان. به چاوخشاندنێكیش به به‌شی كۆتایی كتێبی (الضوء اللامع لأهل القرن التاسع)دا بۆماندهردهكهوێت ژماره‌ی ئه‌و ئافره‌تانه‌ی كه (سه‌خاوی) ژیاننامهكهیانی تۆماركردووه گه‌یشتووه‌ته (1080) خانم ته‌نها له سه‌ده‌ی نۆیه‌می كۆچی‌دا و ته‌نها ئه‌و ئافره‌تانه‌ش كه ئه‌م هه‌واڵیانی زانیوه و خه‌به‌ری لێیان هه‌بووه، زۆرینه‌شیان له ئافره‌ته شه‌رعزان و فه‌رمووده‌ناسه‌كان بوون، ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه: به‌رهه‌می ئافره‌تان له بواری شه‌رع و فه‌توادا پێویستیی به سه‌رله‌نوێ گه‌ڕان و پشكنین و نووسینه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندن هه‌یه.
له‌ناو ناودارانی سه‌ده‌ی ده‌یه‌می كۆچی/ شازده‌ی زاینییشدا ناوی “خانمه مامۆستا، زانا و كارا” (ئوم عه‌بدولوه‌ههاب عائیشه‌ی كچی یوسفی باعونی دیمه‌شقی)مان به‌رچاو ده‌كه‌وێت (922ك/ 1516ز) كه به (عائیشه‌ی باعونی) ناوی ده‌ركردووه، مێژوونووس: نه‌جمه‌ددینی غیززی له كتێبی (الكواكب السائره بأعیان المئه العاشره)دا به‌وه په‌سنی كردووه كه عائیشه “یه‌كێك بووه له تاقانه‌كانی ڕۆژگار… چووه‌ته قاهیره و له‌وێ به‌شێكی باش و فراوانی زانست فێربووه و له فه‌توادان و وانه‌وتنه‌وه‌دا مۆڵه‌تی پێدراوه”.
له سه‌ده‌ی یازده‌ی كۆچی/ حه‌ڤده‌ی زاینییشدا، له مه‌ككه ناوێكی دیار ده‌بینین، خانمی فه‌رمووده‌ناس: (قوڕه‌یشی كچی عه‌بدولقادری ته‌به‌ری) (1107ك/ 1695ز) كه “شه‌رعزان بووه و له خانه‌واده‌یه‌كی زانستیی گه‌وره هه‌ڵكه‌وتووه، له‌ماڵه‌كه‌ی خۆیدا كتێبه‌كانی فه‌رمووده‌ی وه‌ك وانه ده‌وته‌وه”، وه‌ك مێژوونووس: زه‌ركه‌لی له كتێبی (الاعلام)دا باسی ده‌كات. زه‌ركه‌لی له محه‌ممه‌د عهبدولحهیی كهتانییهوه بۆمانی ده‌گێڕێته‌وه كه ئه‌م خانمه زانایه یه‌كێك بووه له “حه‌وت سهنهدگێڕهوهكانی ناوچه‌ی حیجاز كه له سه‌ده‌ی یازده‌ی كۆچی و دواتردا زانستی فه‌رمووده‌یان به‌هێزكردووه له‌ناوچه‌كه‌دا”.
ئافره‌تانی سه‌ر مینبه‌ر:
مێژوونووسانی سه‌ده‌ی هه‌شته‌می كۆچی/ چوارده‌ی زاینی، زۆر له‌سه‌ر ژیاننامه‌ی (ئوم زه‌ینه‌ب فاتیمه‌ی كچی عه‌بباسی به‌غدادی) هه‌ڵوێسته‌یان كردووه (كه 714ك/ 1314ز)، ئه‌م ئافره‌ته له شاری قاهیره بووه و په‌ناگه‌ی (البغدادیه) كه له‌و شاره‌دا دامه‌زرا به‌ناوی ئه‌مه‌وه ناونراوه، زه‌هه‌بی له كتێبی (سیر أعلام النبلا‌ء)دا ده‌ڵێت: فاتیمه “مامۆستا و فه‌تواده‌ر (موفتی) و شه‌رعزان و زانا بووه، له‌سه‌ر مه‌زهه‌بی حه‌نبه‌لی بووه”، له كتێبی (العبر)یشدا ده‌ڵێت: فاتیمه “گه‌وره خانمی سه‌رده‌می خۆی بووه”.
مێژوونووس سه‌لاحه‌ددین سه‌فه‌دی له كتێبی (أعیان العصر)دا له‌باره‌یه‌وه ده‌نووسێت: فاتیمه “ده‌چووه سه‌ر مینبه‌ر و ئامۆژگاریی ئافره‌تانی ده‌كرد، كۆمه‌ڵێك ئافره‌ت له دیمه‌شق له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌م بوونه چاكه‌كار، پاش ساڵانی حهوتسهدی كۆچی چوو بۆ میسر، له‌وێش كۆمه‌ڵێك ئافره‌ت سوودمه‌ندبوون لێی، ناوبانگی بڵاوبوویه‌وه”.
یه‌كێك له‌و ئه‌ركانه‌ی كه په‌ناگه‌ی به‌غدادییه كه به‌ناوی ئه‌مه‌وه ناونراوه گرتبوویهئهستۆ له قاهیره، بریتییبوو له‌وه‌ی كه ئه‌و ئافره‌تانه‌ی كه ته‌ڵاق ده‌دران یان مێرده‌كانیان به‌جێیانده‌هێشتن له‌و خانووه‌دا داده‌نران، تا شوویان ده‌كرده‌وه یاخود ده‌گه‌ڕانه‌وه بۆ لای هاوسه‌ره‌كانیان، مانه‌وه‌شیان له‌وێ بۆ پاراستنیان بوو، چونكه له‌و په‌ناگه‌یه‌دا ئیداره و سه‌رپه‌رشتیكردن زۆر توند بوو و هه‌موو ڕێوشوێنێك له‌به‌رچاو گیرابوو و به‌رده‌وام په‌رستش و عیباده‌ته‌كان ئه‌نجام ده‌دران”.
له‌باره‌ی په‌یوه‌ندیی ئه‌م ئافره‌ته موفتییه حه‌نبه‌لییه به‌غدادییه به بواری شه‌رعزانییه‌وه، سه‌فه‌دی ده‌ڵێت: “له لای بنه‌ماڵه‌ی (مهقدیسییهكان) فێری زانستی شه‌رعزانی بووه، لای شێخ شه‌مسه‌ددینی شێخی مه‌زهه‌بی حه‌نبه‌لی و مامۆستایانی دیكه وانه‌ی خوێندووه، شاره‌زای شه‌رع و قوڵاییه ورده‌كانی و بابه‌ته قورس و گرانه‌كانی بوو”.
ئه‌م ئافره‌ته هێنده له ڕووی زانستی و شه‌رعزانییه‌وه شاره‌زا بوو كار گه‌یشتووه‌ته ئه‌وه‌ی پیاوێكی وه‌ك پێشه‌وا ئیبن ته‌یمییه ـ وه‌ك زه‌هه‌بی قوتابی ئیبن ته‌یمییه ده‌یگێڕێته‌وه ـ سه‌رسام بوو به زانست و زیره‌كییه‌كه‌ی، ته‌نانه‌ت زه‌هه‌بی خۆیشی زۆر سه‌رسام بوو به‌و خانمه زانایه و له كتێبی (العبر)دا له‌باره‌یه‌وه ده‌نووسێت: فاتیمه “زۆر جێی ڕه‌زامه‌ندیی بوو، كاریگه‌ریی له ده‌رووندا دروستده‌كرد”، له كتێبی (السیر)یشدا ده‌نووسێت: “خۆم سه‌ردانم كرد و سه‌رسام بووم به شكۆ و قهدرگرانیهكهی و خشوع و له‌خواترسانی”، هه‌رچی پێشه‌وا ئیبن حه‌جه‌ره ئه‌و له كتێبی (الدرر الكامنة في أعيان المئة الثامنة)دا ده‌فه‌رموێت: هاوشێوه‌ی فاتیمه كه‌مه.
پێش ئه‌م خانمه به‌غدادییه، خانمه مامۆستایه‌كی دیمه‌شقی دیكه‌مان به‌رچاو ده‌كه‌وێت كه ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌وه‌ی ده‌چووه سه‌ر مینبه‌ر و ئامۆژگاریی خه‌ڵكی ده‌كرد، ناوزهدكرابوو به “خانمه زانا”، كه ئه‌ویش “دایكی شه‌رعزانی شافیعییه‌كان شیهابهددینی ئه‌نصاری”یه (672ك/ 1273ز)، شیهابهددینی كوڕی، قازی و دادوه‌ری شاری خه‌لیل بووه و سوودی له پێگه زانستییه‌كه‌ی دایكی وه‌رگرتووه و پێشئه‌وه‌ی له‌ڕووی زانستییه‌وه بگاته ئاستی باڵا هه‌ر له‌ناو خه‌ڵكدا به “كوڕی خانمه زاناكه” ناوبانگی ڕۆیشتبوو.
مێژوونووس قوتبوددینی یونینی له كتێبی (ذيل مرآة الزمان)دا ده‌گێڕێته‌وه كه “هۆكاری ناونانی ئه‌م خانمه به زانا ئه‌وه‌بوو كه (مهلیكولعادلی كه‌بیر)ی ئه‌یووبی كاتێك ساڵی (615ك/ 1218ز) كۆچی دوایی كرد گه‌ڕان به‌دوای ئافره‌تێكدا كه له پرسه‌كه‌یدا قسه بكات و ئامۆژگاریی بخوێنێته‌وه، باسی ئه‌میان كردبوو كه یه‌كێكه له ئافره‌ته چاك و ساڵیحهكان، چوون به‌دوایدا، ئه‌و له‌به‌رئه‌وه‌ی شاره‌زایی نه‌بوو به‌وه‌ی له‌و بارودۆخانه‌دا چی بكات نه‌چوو، ناچاریان كرد و به نابه‌دڵی چوو له‌گه‌ڵیان، (وتاری باشی دا)، زۆر له وتاره‌كانی (ئیبن نوباتهی فاریقی) له‌به‌ربوو. خۆی ده‌گێڕێته‌وه و ده‌ڵێت: له ڕێگادا له خوای گه‌وره پاڕامه‌وه كه له‌و كۆڕه‌دا ئابڕووم نه‌چێت (ناوم نه‌زڕێت)، له ترسا ده‌له‌رزیم، كاتێك گه‌یشتم و چوومه سه‌ر مینبه‌ره‌كه، به‌رچاوم كرایه‌وه، لهرزینهكهم نه‌ما، چه‌ند ئایه‌تێكی قورئانم خوێند و پاشان وتارێكم له‌باره‌ی مردنه‌وه دا، وتارێك بوو ده‌نگدانه‌وه‌ی زۆری هه‌بوو، ئاماده‌بووان زۆر گریان به‌جۆرێك له كۆڕی دیكه‌دا شتی وه‌ها نه‌بینرابوو. ئیتر به‌وجۆره ناوی به “خانمه زانا” بڵاوبوویه‌وه.
به‌پێی ئه‌و ژیاننامانه‌ی كه پێشه‌وا زه‌هه‌بی له كتێبی (تاریخ الاسلام)دا بۆ زانایانی نووسیوه، دوو زانای دیكه هه‌بوون كه ئه‌وانیش به “كوڕی خانمه زانا ـ ابن العالمه” به‌ناوبانگ بوون، یه‌كه‌میان: (ئه‌حمه‌دی كوڕی حه‌سه‌نی كوڕی هبه‌توڵڵا، ئه‌بولفه‌زڵ ئیبنولعالیمه) كه ناسراوبووه به (ئیسكاف) (530ك/ 1136ز)، كه ئه‌م ناو و خاسیه‌تانه‌ی هه‌بووه: (شێخ، پیاوچاك، قورئانخوێن، پێشه‌وا، شه‌رعزان، قهناعهتكار، چاكه‌كار، ده‌نگخۆش، فه‌رمووده‌ناس).
دووه‌میان: پزیشكی لێهاتوو: (نه‌جمه‌ددین ئه‌حمه‌دی كوڕی سه‌عدی كوڕی حه‌لوان) (652ك/ 1252ز)، كه ئه‌میش به (كوڕی خانمه زانا ـ ئیبنولعالیمه) ناسراو بووه، دایكی ناوی: دوهنوللوز كچی نورنجان بووه (614ك/ 1217ز)، كه ئه‌م ئافره‌ته زانای هه‌موو شاری دیمه‌شق بووه به ڕه‌هایی، كوڕه‌كه‌ی له باره‌ی دایكییه‌وه نووسیویه‌تی: مامۆستای زانایان بووه له دیمه‌شق و پێگه‌یه‌كی مه‌زنی هه‌بووه، ئیبن كه‌سیر له كتێبی (البدایه والنهایه)دا باسی كردووه و وتوویه‌تی: ئه‌و خانمه “مامۆستای چاكه‌كار و خواپه‌رست و دونیانه‌ویست بووه، مامۆستای ئافره‌ته زاناكانی دیمه‌شق بووه، هه‌رچی ماڵ و سامانی بوو له‌ڕێی خوادا كردی به وه‌قف”.
ئارهزوونهبوون له نووسین:
سه‌ره‌ڕای ئه‌و ئاماده‌گییه زانستییه سه‌رنجڕاكێشه‌ی ئافره‌تان له سه‌رده‌مه جیاوازه‌كانی ئیسلامدا، به‌ڵام كتێبه‌كانی شه‌رعزانی و فیقه، باسكردنی وته و بۆچوونی ئه‌و خانمه زانا و شهرعزانانهیان پشتگوێخستووه و باسیان نه‌كردوون، جگه له ڕا و بۆچوونه‌كانی دایكانی ئیمانداران به‌تایبه‌تی خاتوو عائیشه، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ش كه باسكردنی مه‌زهه‌بی زۆر له‌و زانا ئافره‌تانه‌یان پشتگوێخستووه و ئاماژه‌یان پێنه‌كردووه. ئه‌م پشتگوێخستنه‌ش هۆكاره‌كه‌ی ـ به بۆچوونی ئێمه ـ بۆ چوار خاڵ ده‌گه‌ڕێته‌وه:
یه‌كه‌م: فه‌قیه و شه‌رعزانان له باسكردن و گواستنه‌وه‌ی وته‌ی زانایاندا پشتیان به ناوبانگی خاوه‌ن وته‌كه و سهرمهزههببوونی به‌ستووه، له‌به‌رئه‌وه له‌و كتێبانه‌دا كه باسی فره‌بۆچوونی زانایانیان كردووه ته‌نها بۆچوونی پێشه‌وا و زانای شاره‌كانیان نقڵكردووه بۆمان.
دووه‌م: زۆرینه‌ی خانمه شه‌رعزانه‌كان له ژێر سایه‌ی باوك یان مێردێكدا بوون كه ئه‌وانیش زانای گه‌وره و مه‌زن بوون، جا ناوبانگ و پێگه‌ی ئه‌وان زاڵ بووه به‌سه‌ر ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه ژنانهییهدا.
سێهه‌م: خانمه زاناكان به ده‌گمه‌ن كتێب و په‌رتووكیان نووسیوه، ده‌ی ته‌نها كتێبه ده‌توانێت وته و بۆچوونه‌كان به نه‌مری و هه‌میشه‌یی بهێڵێته‌وه.
چواره‌م: ئافره‌ت، له كه‌لتوری كۆمه‌ڵایه‌تیی عه‌ره‌بیدا ـ به “عه‌وره” دانراوه، به‌وه‌ی كه پێویسته دابپۆشرێت و كه‌س نه‌یبینێت، هه‌ندێك له توێژه‌ران پێیانوایه عه‌ره‌ب زووبه‌زوو نه‌ریته‌كانی پێش ئیسلامیان له بابه‌تی ئافره‌ت و كۆمه‌ڵ هێنایهوهكایه و كاریان پێكرد، له‌به‌رئه‌وه‌یه كه‌سێكی وه‌ك پێشه‌وا موزه‌نی ده‌بینین ـ وه‌ك پێشتر باسكرا ـ ناوی خوشكه‌كه‌ی خۆی باسنه‌كردووه، كه خۆی سه‌ر به هۆزی موزهینهی موزهرییه.
هه‌ندێك له توێژه‌ران ـ پاش هه‌وڵێكی زۆر ـ توانیویانه له سه‌ده‌ی دووه‌می كۆچی/ هه‌شتی زاینییه‌وه تا سه‌ده‌ی دوازده‌هه‌می كۆچی/ هه‌ژده‌ی زاینی، ته‌نها ناوی (36) ئافره‌تی نووسه‌ر كۆبكه‌نه‌وه، زۆربه‌ی ئه‌و كتێبانهیشی دایانناوه و نووسیویانن نه‌ماون و ته‌نها ناونیشانه‌كانیان له كتێبه‌كانی ژیاننامه‌دا باسكراون. جا ئه‌م ژماره زۆركه‌مه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئارهزوونهكردنی خانمه زاناكان بووه بۆ نووسینی نووسراو و كتێب كه زانسته‌كه‌یان بپارێزێت، ئه‌م ئارهزوونهكردنهش وایكردووه كتێبه‌كانی ژیاننامه‌ی زانایان به‌تایبه‌تی ئه‌و كتێبانه‌ی ژیاننامه‌ی شه‌رعزان و فهقیههكانیان تۆمار كردووه، باسكردنی ئه‌م خانمه زانایانه‌یان پشتگوێخستووه.
توێژه‌ر (محه‌ممه‌د خه‌یر ڕه‌مه‌زان یوسف) پاش گه‌ڕانی به‌ناو كتێبه‌كانی ژیاننامه‌ی شه‌رعزانی مه‌زهه‌به‌كاندا، سه‌ری سوڕماوه له‌وه‌ی كه ئه‌و كتێبانه خانمه شه‌رعزانه‌كان و هه‌واڵ و باسوخواسیان پشتگوێخستووه و لێینهدواون، بۆ نمونه كتێبی (الجواهر المضية في تراجم الحنفية)ی (موحیوددین ئیبن نه‌سروڵڵای قوڕهشیی حه‌نه‌فی) (775ك/ 1373ز) ژیاننامه‌ی نزیكه‌ی (2115) كه‌سی تێدایه، كه‌چی ئه‌م توێژه‌ره ژیاننامه‌ی ته‌نها پێنج خانمه شه‌رعزانی تێدا بینیوه، ئه‌مه له كتێبی مه‌زهه‌بی حه‌نه‌فییه‌كاندا، له‌كتێبی ژیاننامه‌ی شه‌رعزانانی مه‌زهه‌بی مالیكی‌دا ژیاننامه‌ی هیچ خانمه شه‌رعزانێكی تێدا به‌دی نه‌كردووه.
هه‌روه‌ها كتێبی (طبقات الشافعیة الكبرى)ی پێشه‌وا سوبوكی، به هه‌موو ده بهرگهكهیهوه باسی هیچ خانمه شه‌رعزانێكی شافیعی نه‌كردووه، ته‌نها (ئیسنه‌وی) نه‌بێت كه باسی خانمه زانا: (خوشكی موزه‌نی) كردووه و ئه‌میش ناوی ڕاستیی خۆی نازانرێت. له كتێبه‌كانی ژیاننامه‌ی شه‌رعزانانی مه‌زهه‌بی حهنبهلیشدا كه (ئیبن ئه‌بو یه‌علا) نووسیویه‌تی باسی هیچ خانمه شه‌رعزانێكی حه‌نبه‌لی نه‌كراوه، له‌جیاتی ئه‌وه باسی ئه‌و ئافره‌تانه‌ی كردووه كه پرسیاریان له پێشه‌وا ئه‌حمه‌دی كوڕی حه‌نبه‌ل كردووه و سه‌رباسێكی بۆ كردوونه‌ته‌وه به‌ناونیشانی “باسی ئه‌و ئافره‌تانه‌ی كه پرسیاریان له پێشه‌وامان ئه‌حمه‌د كردووه”.
به‌هه‌مان شێوه ئه‌م پشتگوێخستنه‌ی مێژووی زانستیی ئافره‌تان، له چه‌ندین پرسی ئه‌نده‌لوسیشدا ده‌بینین، یه‌كه‌م: باسوخواسی دایكی پێشه‌وا ئه‌بو وه‌لیدی باجی (474ك/ 1071ز)، ئه‌م ئافره‌ته شه‌رعزان و فه‌قیه بووه، به‌ڵام له كتێبه‌كانی ژیاننامه‌دا ته‌نها له‌و بابه‌ته‌دا ناوی هاتووه كه په‌یوه‌ندیی به كوڕه‌كه‌یه‌وه هه‌بوو كه مێژووی له‌دایكبوونه‌كه‌ی پشتڕاست كراوه‌ته‌وه و به‌س، وه‌ك ئیبن عهساكیری دیمه‌شقی له كتێبی (تاریخ دمشق)دا باسیده‌كات. پرسی دووه‌م: له‌و كتێبانه‌ی ژیاننامه‌دا به‌رچاومان ده‌كه‌وێت كه (موقریی ته‌لمه‌سانی) (1041ك/ 1632ز) له كتێبی (نفح الطیب)دا باسی نزیكه‌ی بیست خانمی كردووه له خانمه به‌ناوبانگه‌كانی ئه‌نده‌لوس. جا له‌و كتێبانه‌ی ژیاننامه‌ی ئهندهلوسییهكاندا به‌داخه‌وه به ڕوونی ئه‌و پشتگوێخستنه ڕه‌نگیداوه‌ته‌وه، جگه له چه‌ند ههڵاوێرێكی كه‌م، جا زۆرینه‌ی ئه‌و ئافره‌تانه‌ی كه (موقری) باسیكردوون ته‌نها ناوهكهیانی هێناوه به‌ته‌نها، ناوه‌كه‌ش ئه‌ڵێی نازناوه نه‌ك ناو، خستوویه‌تییه پاڵ یه‌كێك له شاره‌كانی ئه‌نده‌لوس و ته‌واو، ئیتر هه‌رچی زانیاریی دیكه‌ی په‌یوه‌ندیدار به ناوی سیانی و مێژووی له‌دایكبوون و ناوی مامۆستاكانیان و كه‌ی وه‌فاتیان كردووه، به‌ته‌واویی پشتگوێخراون و باسنهكراون.
سه‌یرترین شت له‌و پشتگوێخستنه ئه‌و به‌سه‌رهاته‌یه كه (موقری) به شێوه‌ی نادڵنیایی له‌كۆتایی باسوخواسی خانمه به‌ناوبانگه‌كانی ئه‌نده‌لوسدا ده‌یگێڕێته‌وه، ده‌ڵێت: “گێڕدراوه‌ته‌وه (كێ گێڕاویه‌تییه‌وه و له كوێ و كه‌ی، دیارنییه)، گێڕدراوه‌ته‌وه یه‌كێك له دادوه‌ر و قازییهكانی شاری (لوشه)، هاوسه‌رێكی هه‌بووه كه له زانینی حوكم و بابه‌ته فیقهییه‌كاندا پێشی زانایانی دابوویه‌وه… ئه‌و قازییه له كۆڕی قه‌زاوه‌ت و دادوه‌رییدا بابه‌تێكی فیقهیی دههاتهبهردهست هه‌ڵده‌ستا ده‌چوو بۆ لای خێزانه‌كه‌ی و ئه‌ویش وه‌ڵام و حوكمه‌كه‌ی پێده‌وت”!!
پرسی سێهه‌م له‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌دا ڕه‌نگده‌داته‌وه كه خه‌ڵكی ناوچه‌كانی خۆرئاوای جیهانی ئیسلامی پێناسرابوو، ئه‌وه‌یش كۆكردنه‌وه‌ی فه‌توا جۆربه‌جۆره‌كانی زاناكانی خۆیانه هه‌مووی له كتێبێكدا، وه‌ك كتێبی (المعيار المعرب والجامع المغرب عن فتاوى أهل إفريقية والأندلس والمغرب)، كهئهبولعهبباسی وهنشهریسی (914ك/ 1508ز) نووسیویه‌تی، له‌و دوازده به‌رگه‌ی ئه‌و كتێبه‌دا فه‌توای تاقه خانمه شه‌رعزانێكی تێدا نییه، كتێبه ئینسكلۆپیدیاكانی دوای ئه‌و سه‌رده‌مه‌ش هه‌مان ڕێچكه‌ی ئه‌و كتێبه‌یان گرتووه و هیچ فه‌توایه‌كی خانمه شهرعزانهكانیان نه‌گواستووه‌ته‌وه بۆمان.
(ژماره‌ی ناو كه‌وانه‌كان، مێژووی كۆچی دوایی كه‌سه‌كانه)