وتار

“یەکەمین بەهار”: خوێندنەوەی ژیاننامەی پێغەمبەر بەپێی دەرکەوتە جیۆسیاسییەکان

عەبدولڕەحمان ناسر/ سایتی عەرەبی پۆست.

وەک زۆرینەی مسوڵمانان منیش هەر لەتەمەنێکی زووەوە ئاشناییم لەگەڵ ژیاننامەی پێغەمبەردا دەستپێکرد، هەر لە منداڵییەوە سرودی “طلع البدر علینا”م لەبەربوو، لەگەڵ وردەوردە هەڵکشانی تەمەنمدا بەسەرهاتی فەتحی مەککە و پێشتریشی ڕێککەوتننامەی حودەیبییە شارەزا بووم، هەروەها ئاشنا بووم بە بەسەرهاتی کیسرا، ئەو کەسەی کە پێغەمبەر نزای لێکرد: “خوا دەسەڵات و فەرمانڕەواییەکەی پارچەپارچە بکات” و پاش چەند مانگێک پارچەپارچە بوو، بەڵام نەمدەزانی بەڕاستیی چۆن خوا دەسەڵات و فەرمانڕەواییەکەی پارچەپارچە کرد؟ ئەی سیاق و ناوکۆی ڕووخان و هەرەسی دەسەڵاتەکەی چی بوو؟ ئەمە سەرەڕای زۆر لەو چیرۆک و بەسەرهاتانەی کە وەک ئاوودۆ لەبەرم بوون و باسی بەسەرهاتی ئیسلام و پێغەمبەرەکەی دەگێڕنەوە کە خوا وەک ڕەحمەت بۆ جیهانییانی ناردووە و لەلایەن خۆیەوە پاڵپشت و پشتگیریی دەکات.
لەگەڵ تێپەڕبوونی کات و فرەخوێندنەوەم لە ژیاننامە و سیرەی پێغەمبەردا، درکم بەوە کرد بەتەنها زانیاریی ڕووت سەردەکێشێت بۆ درۆ و دەلەسەی ورد، لەبەرئەوەی “زانیاریی دابڕدراو لە هۆکار و فاکتەرەکان؛ بۆ تێگەیشتن لە واقیعی ڕووداوەکان سوودی نابێت”، کە ئەمە یەکێکە لەو بنەما پەیڕەوکارانەی کە بەڕێز “وەززاح خەنفەر” لە کتێبەکەیدا “الربیع الأول.. قراءة سیاسیة واستراتیجیة في السیرة النبویة”، “یەکەمین بەهار… خوێندنەوەیەکی سیاسی و ستراتیژیی بۆ ژیاننامەی پێغەمبەر” دایناوە، ئەم کتێبە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە لایەن “خانەی وەرگێڕان و بڵاوکردنەوەی جسور” بڵاوکرایەوە و لەم نووسینەدا لێی دەدەوێم. پاش خوێندنەوەی ئەو کتێبە پەیوەندیی و ئاشناییم لەگەڵ ژیاننامەی پێغەمبەردا و تێڕوانینم بۆی، گۆڕا – یاخود وردتر بڵێم گەشەی کرد -.
با لەخوێندنەوەکانم بۆ ژیاننامەی پێغەمبەر کەمێک بگەڕێمەوە بۆ پێشتر، ساڵی 2014 دکتۆر تەها ئەلعەلوانیم ناسی و لەیەکێک لەکتێبەکانیدا وەک یاریدەدەر کارم لەگەڵدا کرد. ئەو هەمیشە خەونێکی دێرینی هەبوو: نووسینەوەی ژیاننامەی پێغەمبەری ڕێزدار لەڕوانگەی قورئانەوە. ئەگەر پێغەمبەری خوا “قورئانێک بووبێت کە بەسەر زەویدا ڕۆیشتبێت” – وەک خاتو عائیشە باسی کردووە -، کەواتە دەتوانین دەستبەرداری زۆرینەی گێڕانەوە و قسەی هەواڵگێڕەوە عەرەبەکان ببین کە هەندێکجار پڕن لە شتگەورەکردن و قەبەکردنی ڕووداوەکان، و لەجیاتیدا پشت بە گێڕانەوەی ئەو ڕووداوانە لە قورئاندا ببەستین، ئیتر ئالێرەوە ئەو پرۆژەیەی کە نزیکەی سێ ساڵی خایاند دەستیپێکرد. پرۆژەکە لەتەواوبووندا بوو کە دکتۆر تەها لە ئازاری 2016دا کۆچی دوایی کرد. پرۆژەکەش وەستا و چووە ڕەفەی بیرچوونەوەوە، تا ئێستا بڵاونەکراوەتەوە. ئەو هەوڵە زۆر بوێرانە بوو، من ناوی دەنێم “هەوڵێک بۆ بازدان”، بەڵام تەواونەکرا، لەوانەیشە پێویستیی بە هەندێک ڕەگەزی پەیڕەوکاریی دیکە هەبووبێت.
هەر لەم ئەزموونەوە ئاشنای هەوڵێکی پێشووتری ناوازە و دەوڵەمەند بووم کە پرۆژەی بەڕێز محەممەد عیززەت دەروزە ئەلنابلوسی بوو، کە کتێبێکی بەناوی “سیرة الرسول- صور مقتبسة من القرآن الکریم”، “ژیاننامەی پێغەمبەر – وێنەگەلێکی وەرگیراو لە قورئانی پیرۆزەوە” داناوە، ئەم ئەو ڕێڕەوەی گرتووە کە کە دکتۆر تەها هەوڵی دا گەشەی پێبدات، ڕەحمەتی خوا لەهەردووکیان.
لەگەڵ ئەم ئەزموونە و ئەوی دیکەدا، خوێندنەوەم بۆ ژیاننامەی پێغەمبەر گەشەی دەکرد و دەگۆڕا. تا کتێبی “یەکەمین بەهار”م کەوتە بەرچاو، کە بەبۆچوونی من یەکێکە لە گرنگترین ئەو کتێبانەی کە شیکاری و ڕوونکردنەوەی ژیاننامەی پێغەمبەری تاوتوێ کردووە، پەیڕەوکارییەکەی جیاوازە و جێبەجێکارییەکەیشی هاوتەریبی ڕووداوەکانی ژیاننامەیە.
*********
ڕۆماننوسی جیهانیی “گابریێل گارسیا مارکیز” پێیوایە ڕۆژنامەگەریی “جوانترین پیشەیە لەجیهاندا”، جا سەرەڕای ئەم زیادەڕۆییە ئەدەبییەی ئەم ڕۆماننوسە لەبارەی ڕۆژنامەگەرییەوە کە زۆرینەی ڕۆمانەکانی لە لێکۆڵینەوە ڕۆژنامەوانییە مەیدانییەکانی خۆیەوە وەرگرتووە، بەڵام ڕۆژنامەگەریی ڕاستەقینە چەندین لێهاتوویی دەبەخشێتە خاوەنەکەی، لەناویاندا گومانکردن لە گێڕانەوەکان و بەدوایشیدا وردبینیکردن لەو گێڕانەوانە بەپێی بەراورد و نزیککردنەوەی گۆشە جیاوازەکانی گێڕانەوەکان و خستنە ناو ناوکۆی خۆیان و ئەنجامیش زانینی هۆکار و ئەنجامەکانی بەبەرچاوڕوونییەوە.
سەرچاوە باوەکانی ژیاننامەی پێغەمبەر بریتیین لە هەواڵ و گێڕانەوەکان، کە هەندێکیان پچڕانێکی تێدایە و پلەی(مرسل)یان هەیە، هەندێکیشان کەوتوونەتە بەر فاکتەرەکانی “داماڵینی زەمەنی” کە بەسەر هەموو شتێکدا دێت، ئەوەش بەهۆی لاوازیی نووسین و مێژوو لای عەرەبەکان لەو سەردەمە زووەدا. بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە لەم کتێبەدا ئەوەیە بەڵێنی وروژاندنی هەست و سۆزی ئاینییمان ناداتێ بەقەدەر ئەوەی وانەیەکی مێژووییمان دەداتێ بۆ تێگەیشتن لە واقیع و پاشان کارکردن بەو تێگەیشتنە بەپێی سیاسەت و ستراتیژێکی پتەو.
یەکێک لەو دیارکەرە پەیڕەوکارانەی کە نووسەر لەمامەڵەکردن لەگەڵ دەقەکانی ژیاننامەی پێغەمبەردا گرتوویەتییەبەر، بریتییە لە پشتبەستن بەوەی “قورئانی پیرۆز سەرچاوەیەکی یەکەمینە” و گومانی تێدا نییە، دووەم (پشتبەستن بە) “گێڕانەوە عەرەبییەکان” لەبارەی ژیاننامەی پێغەمبەر و بەراوردکردنی بەوەی کە لە سەرچاوە مێژووییەکانی دیکەی لای فارس و حەبەشەیی و حیمیەرییەکان هەیە، بەتایبەتی ئەوەی کە لای بێزەنتییەکان بەردەستە کە ئەوان گرنگییەکی تایبەتیان بە مێژوو داوە. لەسەر ئەم بنەمایە نووسەر هاتووە گێڕانەوە عەرەبییەکانی بەراورد کردووە بە گێڕانەوەی ڕۆمان و فارسەکان، تەنانەت گەڕاوەتەوە بۆ هەندێک دەقی نووسراو بە “ڕێنووسی میسنەد” کە ڕێنووسی دێرینی یەمەنییەکانە. جا بینا لەسەر ئەو دوو بنەمایە و هاوپەیوەست پێیان دەگەینە بنەمای پەیڕەوکاری سێهەم کە بریتییە لە: “خوێندنەوەی ڕووداوە تاکەکان لە ناوکۆ و سیاقێکی گشتیدا”.
ئەم هەوڵە لەو کتێبەدا ترۆپکی کۆڵینەوەی ڕۆژنامەوانیی لە ڕووداوە مێژووییە تاکتاک و دوورەکاندا، پێکدێنێت: خوێندنەوەی وێنەی تەواو و گشتگیری جیهان لەو سەردەمەدا و بەراوردی نێوان گێڕانەوە جۆراوجۆرەکانی شارستانێتییە جیاوازەکان لەبارەی هەمان ڕووداوەەوە، بەڵکو خوێندنەوەی ئەو گێڕانەوە جۆربەجۆرانە لە ناوکۆ و سیاقێکی سیاسی و ستراتیژیی گشتی و تەواوکاردا.
*********
ئیمپراتۆرییەتە گەورەکان کتوپڕ نامرن، ئەمە بنەمایەکە کە بۆ ئەو سەردەمە دێرینە دەشیا وەک چۆن بۆ ئەم سەردەمە خێرا و بە شێوەیەکی مەترسیدار گۆڕاوەش، دەشێت. نمونەی زۆریش لەمبارەیەوە هەیە، لەوانە نییە دواهەمینیان ئاوابوونی خۆری ئیمپراتۆریەتی بەرفراوانی عوسمانی بێت کە لەماوەی دوو سەدەی تەواودا هەرەسی هێنا، ئەو ئیمپراتۆریەتە لەڕێی “هێزی کۆگاکراو-شاراوە-ی دەوڵەت”ـەوە – بەپێی گوزارشتی محەممەد سوهەیل تەقوش مێژوونووسی لوبنانی – مایەوە و خۆی گرت. ئەم هێزە کۆگاکراوەی دەوڵەت یان ئیمپراتۆرییەت فاکتەری پتەویی دەداتە دەوڵەتەکە و ناهێڵێت بکەوێت و هەندێکجاریش فاکتەری هەستانەوەی لەکاتی پیربوونیدا پێدەبەخشێت و دەیبووژێنێتەوە. تا ئەو کات و ساتە دێت کە دەکرێت ناوی بنێین “جوڵەی مێژوو” (زەبری مێژوو) کە ئیتر هەموو شتێکی بەردەمی ڕادەماڵێت و لەناوی دەبات و دەوڵەتەکە هەرەس دێنێت.
کتێبەکە، گەشتێکی ئەو جیهانە دێرینەمان پێدەکات، تێڕوانینێکی گشتگیرمان لەبارەی هەردوو ئیمپراتۆریەتە گەورەکەوە دەداتێ کە حەوت سەدە لە ململانێی یەکتردا بوون، هەروەها تێڕوانینمان پێدەبەخشێت لەبارەی دەوڵەتەکانی دیکەی هاوپەیمان و “کـلـک”ی ئەو دوو ئیمپراتۆریەتە زەبەلاحەوە، وەک “مەنازیرەکان و غەساسینە و حیمیەرییەکان و شانشینی ئەکسوم (حەبەشە)”.
هەروەها ئاشنامان دەکات بەو جەنگە جیهانییەی کە بەنزیکەیی یەک سەدە پێش پێغەمبەرایەتیی پێغەمبەری ڕێزدار، هەڵگیرسابوو، هەروەها چۆن ئەو ململانێ سەربازییە ڕوولەگەورەبوونە لەکۆتاییدا بووە هۆی لاوازبوونی هێزی ئەو دوو ئیمپراتۆریەتە تا وایانلێهات پاش چەند ساڵێک لە پێغەمبەرایەتی پێغەمبەر بوونە میراتییەکی لەناوچوو و تەنها داروپەردووی ڕووخاویان مایەوە.
بەڵام کتێبەکە بە وریاییەوە هەنگاو دەنێت کاتێک بەراوردی نێوان ئەو گێرانەوانە دەکات، تا وێنەیەکی پڕاوپڕی بارودۆخی جیۆ-سیاسیی ئەو سەردەمەمان بۆ بکێشێت، ئەو سەردەمەی کە تۆوی گۆڕینی جیهانی لەناخیدا هەڵـگرتبوو و عەرەب و مسوڵمانانی هێنایە پێشەوە وەک بەهێزترین ئیمپراتۆریەتی سەر گۆی زەوی لەوکاتەدا. تا شارستانێتی ئیسلامی ببێتە میراتگری هەردوو شارستانێتییەکەی پێشوو بەوەی خۆی شارستانێتییەک بەرهەمبهێنێت کە هەمان ئەوەیە کە شارستانێتیی نوێ و هاوچەرخی لەسەر بنیات نراوە.
بەم ڕێگە و شێوازە بنکۆڵکارییە دەردەکەوێت کە غەزای موئتە – بە بۆچوونی سۆزدارانەی سادەی ئێمە کە لە گێڕانەوەی هەواڵگێڕەوەکانەوە سەرچاوەی گرتووە – ئەو جەنگە نەبوو کە تیایدا سوپای سێ هەزار جەنگاوەری مسوڵمانان ڕووبەڕووی سوپای زەبەلاحی سەدهەزار – لەهەندێک گێڕانەوەشدا دووسەد هەزار- جەنگاوەری ڕۆم بوونەوە، لەو جەنگەشدا لە مسوڵمانان تەنها سیازدە کەس شەهید بوون!
کتێبەکە، دەمانباتەوە بۆ ناوکۆ و سیاقێکی مێژوویی گەورەتر، بۆ گێڕانەوە بێزەنتییەکان کە تۆماری ئەوەیان کردووە هیرەقل پەیماننامەی کشانەوەی تەواوەتیی لە مانگی تەمموزی ساڵی (629)دا لەگەڵ فارسەکاندا لەشاری کابادۆکیا (لەتورکیای ئێستا) واژۆ کرد، بەهۆی ئەو ڕێککەوتننامەیەوە هیچ هێزێکی بێزەنتیی قەبە لەناوچەی موئتە نەمایەوە، بەڵکو هێزێکی بچووکی حامییەی سەربازیی کە ژمارەیان لە پێنج هەزار شەڕکەر زیاتر نەبوو، لەوێندەر هەبوون، شانبەشانی هۆزە عەرەبییەکانی هاوپەیمانیان (قوزاعە و لەخم و جوزام و ..هتد)، کە پێیاندەوترا “هێزەکانی پاراستنی بیابان”، فەرماندەی عەرەبی ئەو هێزانە “شورەحبیلی کوڕی عەمری غەسسانی” بوو کە والییەکی عەرەبی شوێنکەوتەی ڕۆمەکان بوو کە پێشتر ئەو نوێنەرەی پێغەمبەری ڕێزداری کوشتبوو کە نێردرابوو بۆلای.
شایانی باسە کۆڵینەوە لەو گێڕانەوانە سەبارەت بە شەڕی موئتە، تاکە نمونەی ناو کتێبەکە نییە، چەندین نمونەی دیکە هەیە کە ئاوا – لەچوارچێوەی وێنە گشتییەکەدا – کۆڵینەوەی تێدا کراوە، وەک کۆڵینەوە لە گێڕانەوەکانی “نوعەیمی کوڕی مەسعود” کە زۆرینەی گێڕەوانی ژیاننامەی پێغەمبەر پێیانوایە ئەم پیاوە توانیویەتی ئابڵوقەی قوڕەیش و هاوپەیمانەکانی لەسەر شاری مەدینە لەجەنگی خەندەقدا، هەڵبوەشێنێتەوە، بەڵام کۆڵینەوەی مێژوویی لەکتێبەکەدا بۆچوونێکی دیکەمان دەداتێ لەبارەی “نوعەیمی کوڕی مەسعود” و ڕۆڵی ڕاستەقینەی ئەوەوە، هەرگیز شکستی قوڕەیش و بەنی قوڕەیزە بە پلانی ئەو نەبووە، بەڵکو ئەو شکستە بەرهەمی هەوڵێکی سیاسی و دبلۆماسی و سەربازیی چنراو و بەیەکداچووی پێغەمبەر و مسوڵمانان بوو بەدرێژایی ماوەی ئابڵوقەکە. ئەمە و چەندین نمونەی دیکە کە کتێبەکە باسی کردووە.

فەرەیدون ئەحمەد پێنجوێنی

بابەتەكانی نوسەر

Leave a Reply