وتار

سەرنجێک لەسەر سورەتی (لُـقْـمَـان)

 

هەموو ئەو سورەتانەی قورئانی پیرۆز کە بەناوی کەسایەتییەکانەوە ناونراون، بەناوی پێغەمبەرانەوەن: سورەتی نوح، هود، یونس، یوسف، ئیبراهیم.. سەلامی خوایان لێبێت. تەنها دوو سورەت نەبێت کە هەڵاوێرن لەوە: یەکەمیان بۆ ناوی ئەو خانمە تەرخانکراوە کە نمایندەی قوربانی و ناسۆری ژنانە بەدرێژایی سەردەمەکان، (مەریەم). دووەمیشیان (لوقمان)ـە. بەڵام (لوقمان) شتێکی دیکەیە، شتێکی تەواو جیاواز، کە ناچارمان دەکات هەڵوێستەی لەسەر بکەین. چونکە ئاسان نییە لەناو ئەو بەراورد و ئەو ڕیزبەندییەدا بیت، ناوت بخرێتە شوێنێکەوە کە ئەو شوێنە تەنها و تەنها بۆ پێغەمبەران بێت.

دیقەت بدە! (لوقمان) سەرکردە و فەرماندەیەکی ڕزگاریخواز و گەورە و بەناوبانگ نەبوو، سەرۆکێکی دادپەروەر و چاکسازیخواز نەبوو. ئەو پێگەیەی کە بەدەستی هێنا بەهۆی ئەوەوە نەبوو کە خواپەرستێکی دونیانەویست بوو، یان بەهۆی خێر و چاکەکردنییەوە بووبێت. لەوانەیە ئەو شتانەیشی هەبووبێت، بەڵام ئێمە نایزانین، لەبەرئەوەی قورئانی پیرۆز باسی نەکردووە، بەڵکو قورئان شتێکی دیکەی لەبارەی لوقمانەوە باسکردووە.

(لوقمان) چ کارە بوو؟ قورئانی پیرۆز لەبارەی ئەم پیاوەوە چی بۆ ئێمە باسدەکات؟

(لوقمان) پەروەردەکار بوو.. (مامۆستا بوو).

یان بەلایەنی کەمەوە ئەمە ئەوەیە کە قورئان لەبارەی لوقمانەوە بۆمانی باسدەکات، ئەمە ئەو بەشەیە کە لوقمان بەهۆیەوە شایستەی ئەوەبووە ئەو پێگە و مەکانەتەی دەستبکەوێت.

(پەروەردەکار)…! هەر تەنها ئەوەندە و بەس؟!

بەڵێ، (لوقمان) پەروەردەکار بوو، وا دەزانین پەروەردەکردن کارێکی ئاسان و سادەیە…؟!

ئەم کارە هێندە گرنگە وایکردووە (لوقمان) بگەیەنێتە ئەو پلە بەرزەی کە هەیبووە….

بەڵام وەک هەر (پەروەردەکار)ێکی دیکە نەبووە، ئەو (حەکیم) و دانا بووە.. (بە حیکمەت و داناییەوە پەروەردەی کوڕەکەی خۆی دەکات و ڕێنمونیی دەکات بۆ پەروەردەیەکی دروست و بێ هەڵە و پەڵە).

(حیکمەت) و داناییش لەم سورەتەدا حزوورێکی بەرچاوی هەیە.. (تِـلْكَ آيَـاتُ الْکِـتَـابِ الْـحَـکِـیـم)، (وَهُوَ الْـعَـزِیـزُ الْـحَـکِـیـم)، (وَلَـقَـدْ آتَـیْـنَـا لُـقْـمَـانَ الْـحِـکْـمَـة)، (إنَّ اللهَ عَـزیـزٌ حَـکِـیـمٌ)، چوار جار لەو سورەتەدا کە ژمارەی ئایەتەکانی تەنها (34) ئایەتە، (حیکمەت) و دانایی دووبارە بووەتەوە، جارێک وەسفی قورئانی کردووە بە کتێبێکی دانا و پڕ لەدانایی، دووجاریش وەسفی پەروەردگاری بەرز و بڵندی کردووە بە (حکیم)، جارێکیش وەسفی ئەوەی کە خوا بە (لوقمان)ی بەخشیوە کە دانایی و حیکمەت بووە.

کەواتە: حیکمەت و دانایی سەرچاوەکەی لەخواوەیە، سیفەتی ئەو زاتەیە، سیفەتی کتێبەکەیەتی، هەر ئەویش حیکمەت و دانایی دەبەخشێت بەهەرکەسێک کە ویستی لەسەر بێت..

جا ئەگەر تۆش منداڵت هەیە، خۆتی لەگەلدا ماندوو بکە، پەروەردەی منداڵ گەورەترین ئەرکە لەم سەردەمەدا، منداڵەکەت لەبەردەم تەلەفزیۆندا بەجێمەهێڵە کە بە ڕاگەیاندن و دراما پەروەردە ببێت..

خاڵێکی دیکە کە حزوری هەیە لە سورەتی لوقماندا، مەسەلەی باوکایەتییە، یاخود پەیوەندیی نێوان منداڵ و باوک و دایک.

لوقمان خۆی وەسیەت بۆ کوڕەکەی دەکات بۆ چاکبوون لەگەڵ دایک و باوکدا، لەئایەتی (33)شدا بەهەمان شێوە باسێک لەو پەیوەندییەی نێوان باوان و نەوەکان کراوە، ئەمە جگە لەوەی وتووێژ و دایالۆگەکەی لوقمان خۆی، لەگەڵ کوڕەکەیدایە.

ئاخۆ ئەمە ئاماژەیەک بێت بۆئەوەی کە کرۆکی حیکمەت و دانایی، ئەو پەیوەندییەی نێوان باوان و نەوەکانە؟ ئەو پەیوەندییە؛ پوختەی دانایی بۆ نەوەی دووەم دەگوازێتەوە. ئەوەش بەردەوامبوونی ڕاستەقینەی ژیانە، چەندێک شانازی و دەستکەوتت هەبێت ئەگەر نەتوانی پارێزگاریی لە نەوەی دووەمی دوای خۆت بکەیت ئەوە مانای وایە هەرچییەکت هەیە لەدەستتچووە.

سورەتەکە ئاماژەیش بۆ ئەوە دەکات کە هەموو باوکێک شایستەی ئەوە نییە شوێنی بکەویت، (قَالُوا بَلْ نَتَّبِعُ مَا وَجَدْنَا عَلَيْهِ آَبَاءَنَا).

گرنگترین شتێک کە بە منداڵەکانتی ببەخشیت، نە ئەو میراتییەیە کە بۆیان جێدێڵیت، نە ئەو ناو و نازناوەیە کە دوای خۆت بۆیان دەمێنێتەوە، نە پێگە و مەکانەتی کۆمەڵایەتییە. بەڵکو گرنگترین شت ئەو وتە و قسانەیە کە بۆیان دەکەیت و لای ئەوان بەدرێژایی ژیانیان دەمێنێتەوە، لەکاتی ناڕەحەتییاندا پەنا دەبەنە بەر قسەکانی تۆ، لەکاتی تاقیکردنەوە و بەڵا و کارە چارەنووسسازەکاندا قسەکانی تۆ بەهەند وەردەگرن، تەنانەت لە ژیانی ڕۆژانەیشیاندا هەر باسی وتە و قسە و ئامۆژگارییەکانی تۆ دەکەن کە دوای خۆت بۆت جێهێشتوون.

ئەمە گرنگترین شتە کە لەتۆوە بەمیراتی بۆیان بمێنێتەوە. ئەها لوقمان ئەو ڕێنماییانەی بۆ کوڕەکەی جێهێشت کە تەنانەت قورئانی پیرۆزیش تۆماری کردوون و نەوە دوای نەوە مرۆڤ دەتوانێت سوودی لێ ببینێت.

لەکتێبی (القران نسخة شخصیة)

گرنگترین ئامۆژگارییەکانی لوقمان بۆ پەروەردەکردنی کوڕەکەی، سێ تەوەرە:

تەوەری عەقیدە و بیروباوەڕ (يَا بُنَيَّ لَا تُشْرِكْ بِاللَّهِ).

تەوەری عیبادات و پەرستشەکان (يَا بُنَيَّ أَقِمِ الصَّلَاةَ).

تەوەری مامەڵە و ڕەفتار و ئەتەکێتی کۆمەڵایەتی (وَلَا تَمْشِ فِي الْأَرْضِ مَرَحًا… وَاقْصِدْ فِي مَشْيِكَ وَاغْضُضْ مِنْ صَوْتِكَ).

تەنانەت دیقەت بدەن، لوقمان تۆنی دەنگ و ئاوازی بەرز و نزمیی دەنگ بۆ کوڕەکەی دیاری دەکات کە چۆن لەناو خەڵکیدا بدوێ.. ئەو ڕێنماییانەی لوقمان بۆ کوڕەکەی، باشترین میراتی بوو کە باوکێک بۆ کوڕەکەی جێهێشتبێت.

فەرەیدون ئەحمەد پێنجوێنی

بابەتەكانی نوسەر

Leave a Reply