هەنووكە

بیرخەرەوەی ڕەمەزانی

شەوی حەوتەم
“چوار داواکاری”

ئەوان، بەدرێژایی مانەوەیان لەو شوێنەدا، لە چوار کاتی جیاوازدا چوار داواکاریی بۆ سەرووی خۆیان بەرزدەکەنەوە، کە بۆ هەر چواریان وەڵامی نەرێیان بۆدێتەوە.
یەکەم: ئەم داواکارییە بۆ پەروەردگاری مەزنی بەرزدەکەنەوە، تیایدا داوادەکەن کە لەو شوێنەدا ڕزگاریان بکات و دەریانبهێنێت، دەڵێن “رَبَنَا ‌أخْرجْنَا مِنْهَا فَإِنْ عُدْنَا فَإِنَا ظالِمُونَ”، “پەروەردگار، لێرە دەرمانبهێنە و ڕزگارمان بکە، ئەگەر جارێکی دیکە کاری خراپەمان کرد ئەوا بەڕاستی ئێمە خۆمان ستەمکارین”. وەڵامەکەیان ئەمەیە: ” قَال اخْسَئُوا فِیهَا ولا تُکَلِمُونِ”، “بێدەنگ بن و قسەم لەگەڵدا مەکەن”.
دووەم: ئەم داواکارییە بۆ بەرپرسی ئەو شوێنەیە، کە ناوی “مالیک”ـە، لەم داواکارییەدا هیوای دەرچوون ناخوازن، بەڵکو هیوای “مردن” دەخوازن، دەڵێن “ونادوا يا مالك ليقض علينا ربك”، “ئەی مالیک، تکامان بۆ بکە لای خوا با بمرین” و ڕزگارمان بێت لەم شوێن و سزایە. وەڵامەکەی ئەمەیە: ” قَال إِنَکُم مَاکِثونَ”، “ئێوە بەهەمیشەیی ئێرە جێگاتانە”.
سێهەم: ئەمەیان داواکارییەکی سەیرە و ئاڕاستەی سەرپەرشتیارانی ئەو شوێنەی دەکەن، داوای سووککردنی سزاکەیان بۆ ماوەی تەنها یەک ڕۆژ دەکەن، تەنها یەک ڕۆژ، “وقال الذين في النار لِخَزَنَة جَهَنَم اُدْعُوا رَبکُمْ یُخَفِف عَنَا يوْمًا مِنْ الْعذاب”، وەڵامەکەشیان ئەمەیە: ” أولم تک تأتیکم رسلکم بالبینات”، “ئایا پێشتر پێغەمبەرانتان بۆ نەهات و ئەم چارەنووسەیان بۆ باس نەکردن”؟
چوارەم: ئەمەیان داواکارییەکی زۆر سادە و ساکارە، ئاڕاستەی دانیشتووانی پایەبڵندی بەهەشتی دەکەن، ” ونَادَىٰ أصحَابُ النَار أصحابَ الْجَنَة أنْ أفِیضوا عَلیْنَا مِنَ الْمَاءِ “، “تکاتان لێدەکەین چۆڕێ ئاومان پێبدەن”، ” أوْ مِمَا رَزَقَکُمُ اللهُ “، “یان شتێک لەو ڕۆزییانەی خوا پێی بەخشیون”. دیسانەوە وەڵامەکەیان نەرێیە، دانیشتووانی پایەبەرز لەوەڵامیاندا دەڵێن ” قَالُوا إِنَ اللهَ حَرَمَهُمَا عَلى الْکَافِرينَ “، “خوا ئەم ڕۆزییانەی لەسەر بێباوەڕان یاساغ کردووە”.
ئەمە، کۆتا داواکاریی و تکای ئەوانە.
دەزانیت هۆکاری چوونی ئەوان بۆ ئەو شوێنە چییە؟ ئەمەیە: “وغَرَتْهُمُ الْحَياة الدنيا”، “ژیانی دونیا خەڵەتاندنی”، ئەو ڕۆژەیان لەبیر خۆیان بردەوە و هیچ حسابێکیان بۆ نەکرد، ئەنجامیش “فاليومَ نَنسَاهُم”، “ئەمڕۆ کە ڕۆژی یەکلابوونەوەیە، ئێمەش ئەوان لەبیر دەبەینەوە و پشتگوێیان دەخەین”.
خودایە! دونیا بخەرە ناو دەستمان، بەڵام مەیخەرە ناو دڵمان..

فەرەیدون ئەحمەد پێنجوێنی

بابەتەكانی نوسەر

Leave a Reply