وتار

هەڵە باوەکان بۆ ڕاڤەى بەشێک لە فەرمودەکان

«مَنْ أَحَقُّ النَّاسِ بِحُسْنِ صَحَابَتِي؟»

فەرمودەى پێنجەم

«مَنْ أَحَقُّ النَّاسِ بِحُسْنِ صَحَابَتِي؟»

هەموومان ئەم فەرمودەيەمان بيستووە و، لە ژيانى ڕۆژانەماندا بە چەشنێک پەيڕەويمان لێ كردووە، كەم و زۆر فەزڵى دايكمان داوە بەسەر باوكدا. بەڵکو هەندێک جار ڕۆڵ و كەسايەتيیمان كەم و بچوك كردۆتەوە، تا ئەو ئاستەى بڵێين: چاكەكردن لەگەڵ دايك (سێ) بەرامبەرى باوكە!!

بەڵام جێى خۆيەتى بپرسين: ئاخۆ ئەم تێگەييشتنە بەو ڕەهاييە لە جێى خۆيدايە؟ وەلآمى ئەم پرسيارە لە ميانەى چەند بڕگەیەكدا بە وردى تاوتوێ دەكەين.

بڕگەى يەكەم

دەق و واتاى فەرمودەكە

«عَنْ أَبِي هُرَيْرَةَ قَالَ: جَاءَ رَجُلٌ إِلَى رَسُولِ اللَّهِ صلى الله عليه وسلم، فَقَالَ: مَنْ أَحَقُّ النَّاسِ بِحُسْنِ صَحَابَتِي؟ قَالَ: أُمُّكَ. قَالَ: ثُمَّ مَنْ؟ قَالَ: ثُمَّ أُمُّكَ. قَالَ: ثُمَّ مَنْ؟ قَالَ: ثُمَّ أُمُّكَ. قَالَ: ثُمَّ مَنْ؟ قَالَ: ثُمَّ أَبُوكَ. وَفِى حَدِيثِ قُتَيْبَةَ مَنْ أَحَقُّ بِحُسْنِ صَحَابَتِى وَلَمْ يَذْكُرِ النَّاسَ». واتە: (ئەبوهورەيرە، خودا لێی ڕازى بێت) دەفەرموێت: پياوێك هاتە خزمەت پێغەمبەر (دروودى خواى لەسەر بێت)، لێى پرسي: كێ شياوترين كەسە هاوڕێيەتيم لەگەڵى باشبێت؟ فەرمووى: دايكت. گوتى: دواى ئەو؟ فەرمووى: دايكت. ديسان پرسى لە دواى ئەو؟ فەرمووى: دايكت. پاشان پرسى لە دواى ئەو؟ فەرمووى: باوكت.

بڕگەى دووەم

پلەى فەرمودەكە

فەرمودەكە لە ڕووى ڕشتە و پلەوە چەسپاوە و، هيچ گرفتێكى تێدا نييە. پێشەوا (موسليم) لە صەحيحەكەيدا بە ژمارە: (٦٦٦٤)، لە باسى: (باب بِرِّ الْوَالِدَيْنِ وَأَنَّهُمَا أَحَقُّ بِهِ)دا هێناويەتى. هەروەها پێشەواى (بوخارى) لە (الأدب المفرد)دا. جگە لەوانيش هەريەك لە: (ئيبن ماجە، بەيهەقى، ئيبن حيبان، ئەحمەد، ئيبن ئەبى شەيبە) ريوايەتيان كردووە.

بڕگەى سێهەم

ئەو ئاماژانەى لە فەرمودەكەوە وەردەگيرێن

بە سەرنجدان لە دەقى فەرمودەكە، ئەم چەند خاڵەمان لەلا گەڵاڵە دەبێت:

١ـ پێویستە منداڵ و دایباب، وەكو هاوڕێ مامەڵە لەگەڵ يەكتريدا بكەن، ئەو هاوەڵەى پرسيارى هاوڕێيەتیی لە پێغەمبەر کرد، ئەويش بە دايكى و، پاشان بە باوكى وەڵامى دایەوە.

٢ـ فەرمودەكە بە شێوەيەكى گشتى جەختى لەسەر دايك كردۆتەوە، پێغەمبەريش (دروودى خواى لەسەر بێت) پرسياركەرەكەى هانداوە لەسەرى.

بڕگەى چوارەم

فەرمودەكە و چەند سەرنجێك

كاتێك بە وردى لەسەر فەرمودەكە ڕادەوەستين و، لە كۆ فەرمودەكانى ديكەى پەيوەست بەم بابەتە ڕادەمێنین، دەگەينە سەرەنجامێكى جياواز و، بۆمان دەردەكەوێت، ڕەنگە لەم بابەتەدا نەمانپێكابێت. لەبەر ئەم هۆكارانەى خوارەوە:

١ـ لە هيچ ئايەتێكدا خواى گەورە دايكى جيا نەكردۆتەوە و، فەزڵ نەداوە بەسەر باوكدا، بەڵكو هەميشە پێكەوە بە جووت باسى كردوون، وەك ئايەتەكانى: [وَإِذْ أَخَذْنَا مِيثَاقَ بَنِي إِسْرَائِيلَ لَا تَعْبُدُونَ إِلَّا اللَّهَ وَبِالْوَالِدَيْنِ إِحْسَانًا]. (البقرە: ٨٣). [وَاعْبُدُوا اللَّهَ وَلَا تُشْرِكُوا بِهِ شَيْئًا وَبِالْوَالِدَيْنِ إِحْسَانًا]. (النساء: ٣٦). [قُلْ تَعَالَوْا أَتْلُ مَا حَرَّمَ رَبُّكُمْ عَلَيْكُمْ أَلَّا تُشْرِكُوا بِهِ شَيْئًا وَبِالْوَالِدَيْنِ إِحْسَانًا]. (الأنعام: ١٥١). (الإسراء: ٢٣). [وَقَضَى رَبُّكَ أَلَّا تَعْبُدُوا إِلَّا إِيَّاهُ وَبِالْوَالِدَيْنِ إِحْسَانًا]. (لقمان: ١٥). [فَلَمَّا دَخَلُوا عَلَى يُوسُفَ آوَى إِلَيْهِ أَبَوَيْهِ]. (يوسف: ٩٩). [وَرَفَعَ أَبَوَيْهِ عَلَى الْعَرْشِ وَخَرُّوا لَهُ سُجَّدًا]. (يوسف: ١٠٠). [يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاكُمْ مِنْ ذَكَرٍ وَأُنْثَى وَجَعَلْنَاكُمْ شُعُوبًا وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا إِنَّ أَكْرَمَكُمْ عِنْدَ اللَّهِ أَتْقَاكُمْ إِنَّ اللَّهَ عَلِيمٌ خَبِيرٌ]. (الحجرات: ١٣).

٢ـ بە هەمانشێوە لە فەرمودەكاني پێغەمبەريشدا (دروودى خواى لەسەر بێت)، دايباب بە زرۆی پێكەوە بە جووت باسكراون، وەك ئەم فەرمودانەى خوارەوە:

أ ـ «عَنْ أَبِي سَعِيدٍ الْخُدْرِىِّ: أَنَّ رَجُلاً هَاجَرَ إِلَى رَسُولِ اللَّهِ صلى الله عليه وسلم مِنَ الْيَمَنِ فَقَالَ: هَلْ لَكَ أَحَدٌ بِالْيَمَنِ. قَالَ: أَبَوَاي. قَالَ: أَذِنَا لَكَ. قَالَ: لاَ. قَالَ: ارْجِعْ إِلَيْهِمَا فَاسْتَأْذِنْهُمَا فَإِنْ أَذِنَا لَكَ فَجَاهِدْ وَإِلاَّ فَبِرَّهُمَا».

ب ـ «عَنْ أَبِى هُرَيْرَةَ عَنِ النَّبِىِّ صلى الله عليه وسلم قَالَ: رَغِمَ أَنْفُ ثُمَّ رَغِمَ أَنْفُ ثُمَّ رَغِمَ أَنْفُ. قِيلَ: مَنْ يَا رَسُولَ اللَّهِ؟ قَالَ: مَنْ أَدْرَكَ أَبَوَيْهِ عِنْدَ الْكِبَرِ أَحَدَهُمَا أَوْ كِلَيْهِمَا فَلَمْ يَدْخُلِ الْجَنَّةَ».

ج ـ «حَدَّثَنَا عَبْدُ الرَّحْمَنِ بْنُ أَبِى بَكْرَةَ عَنْ أَبِيهِ قَالَ: كُنَّا عِنْدَ رَسُولِ اللَّهِ صلى الله عليه وسلم، فَقَالَ: أَلاَ أُنَبِّئُكُمْ بِأَكْبَرِ الْكَبَائِرِ -ثَلاَثًا-؟ الإِشْرَاكُ بِاللَّهِ وَعُقُوقُ الْوَالِدَيْنِ وَشَهَادَةُ الزُّورِ أَوْ قَوْلُ الزُّورِ».

د ـ «عَنْ عَبْدِ اللَّهِ بْنِ مَسْعُودٍ قَالَ سَأَلْتُ رَسُولَ اللَّهِ صلى الله عليه وسلم أَىُّ الْعَمَلِ أَفْضَلُ قَالَ: الصَّلاَةُ لِوَقْتِهَا. قَالَ قُلْتُ: ثُمَّ أَىٌّ؟ قَالَ: بِرُّ الْوَالِدَيْنِ. قَالَ قُلْتُ ثُمَّ أَي؟ قَالَ: الْجِهَادُ فِى سَبِيلِ اللَّهِ. فَمَا تَرَكْتُ أَسْتَزِيدُهُ إِلاَّ إِرْعَاءً عَلَيْهِ».

هـ ـ «قال أبو الدرداء: سمعت رسول الله صلى الله عليه و سلم، يقول: الوالد أوسط أبواب الجنة فإن شئت فأضع ذلك الباب أو احفظه». ئەمانە و چەندين فەرمودەى ديكە.

وەكو دەبينين لە گشت ئايەت و فەرمودەكاندا دايباب هەردووكيان پێكەوە باسكراوون و، هيچكاميان لەويتر تايبەت و هەڵاوێر نەكراوە.

ئەوەندەش من سۆراغم كرد، جگە لەم (دوو) فەرمودەيە، هيچ دەقێكى ئەوتۆ بەردەست نيیە، کە لە سۆنگەيەوە دايك فەزڵ بدەين بەسەر باوكدا، ئەو (دوو) فەرمودەيەش: 

١ـ «مَنْ أَحَقُّ النَّاسِ بِحُسْنِ صَحَابَتِي؟ قَالَ: أُمُّكَ. قَالَ: ثُمَّ مَنْ؟ قَالَ: ثُمَّ أُمُّكَ ..». کە پێشتر تەخریج و تەرجومەمان کرد.

٢ـ «عن عائشة رضي الله عنها قالت: يا رسول الله من أعظم الناس حقا على المرأة؟ قال: زوجها قلت: من أعظم الناس حقا على الرجل؟ قال: أمه». واتە: دايكمان (عائيشە، خودا لێی ڕازى بێت) فەرمووى: ئەى پێغەمبەرى خوا ! كێ زۆرترين مافى بەسەر ئافرەتەوە هەيە؟ فەرمووى: هاوسەرەكەى. فەرمووى: ئەى كێ زۆرترين مافى بەسەر پياوە هەيە؟ فەرمووى: دايكى.

پشتيوان بەخودا دواتر ئەو فەرمودانەيش دەخەينە ڕوو كە بە تايبەتى دەرهەق بە باوك هاتوون.

٣ـ ئەو فەرمودەيەى پێغەمبەر (دروودى خواى لەسەر بێت)، كە بە (سێ) جار جەختى لەسەر دايك كردۆتەوە، مەبەستى ئەو هاوەڵە تازە مسوڵمان بووە بوو بە ناوى: (موعاويەى كوڕي حيدەى قوشەيرى)، كە هێشتا هەندێك نەريتى سەردەمى نەفامى تێدا مابوو _وەك شانازى كردن بە باوك و، بە نێرايەتى_، پێغەمبەريش بەم وەڵامە ويستى فێرى بكات، وەکچۆن ڕێز لە باوكى دەگرێت، بە هەمانشێوە ڕێز لە دايكيشى بگرێت، نەبادا بە هۆى نەترسانى، دەرهەق بە دايكى كەمتەرخەمییەک بنوێنێت.

وەك شێخ (ئيبن عاشور) بە جوانى ئەمەى ڕوونکردۆتەوە و، دەفەرموێت: ((وأما لفظ الحديث فهو مسوق لتأكيد البر بالأم خشية التفريط فيه. وليس معنى «ثُمَّ» فيه إلا محاكاة قول السائل: «ثُمَّ مَن» بقرينة أنه عطف بها لفظ الأم في المرتين ولا معنى لتفضيل الأم على نفسها في البر. وإذ كان السياق مسوقاً للاهتمام تعين أن عطف الأب على الأم في المرة الثالثة عطف في الاهتمام فلا ينتزع منه ترجيح عند التعارض. ولعل الرسول عليه الصلاة والسلام علم من السائل إرادة الترخيص له في عدم البرّ)). بە كورتى واتە: وشە دووبارە بووەكەى ناو فەرمودەكە: (پاشان دايكت. پاشان دايكت..) بۆ جەختكردنەوە بوو لەسەر چاكەكردن لەگەڵ دايك، نەبادا كەمتەرخەمييەك دەرهەقى بنوێنێنت.. وە ڕەنگە پێغەمبەرى خوا هەستى بەوە كردبێت كابراى پرسياركەر دەيەوێت ڕێگەى بدات بەرامبەر بە دايكى كەمتەرخەمييەك بنوێنێت.

٤ـ زانايان (ڕەحمەتيان لێ بێت)، کۆ دەنگ نین لەسەر فەزڵدانى دايك بەسەر باوكدا، هەرچەندە زۆرينە لەگەڵ ئەوەن دايك لە پێشترە و، فەزڵى هەيە بەسەر باوكدا. وەك (قازى عەياض) فەرمويەتى: ((وَذَهَبَ الْجُمْهُور إِلَى أَنَّ الْأُمّ تَفْضُل فِي الْبِرّ عَلَى الْأَب)). بەلآم دواجار ئەمەش بابەتێكى مشت و مڕ ئامێزە و هەڵگرى ديدگاى جياوازە.

دەگێڕنەوە پێشەوا (ماليك) و هەندێك لە (شافيعييەكان) دايك و باوكيان هاوتاى يەكتر داناوە. ((وقد قال مالك لرجل سأله: أن أباه في بلد السودان كتب إليه أن يقدم عليه وأن أمه منعته؟ فقال له مالك: أطِعْ أباك ولا تعْصِ أمك. وهذا يقتضي إعراضه عن ترجيح جانب أحد الأبوين وأنه متوقف في هذا التعارض ليحمل الابن على ترضية كليهما. وقال الليث: يرجح جانب الأم. وقال الشافعي: يرجح جانب الأب)).

هەر دەربارەى ئەم جياوازييە پێشەوا (قازى عەياض) دەفەرموێت: ((وَقِيلَ يَكُون بِرّهمَا سَوَاء، وَنَقَلَهُ بَعْضهمْ عَنْ مَالِك وَالصَّوَاب الْأَوَّل. قُلْت: إِلَى الثَّانِي ذَهَبَ بَعْض الشَّافِعِيَّة، لَكِنْ نَقَلَ الْحَارِث الْمُحَاسِبِيّ الْإِجْمَاع عَلَى تَفْضِيل الْأُمّ فِي الْبِرّ وَفِيهِ نَظَر، وَالْمَنْقُول عَنْ مَالِك لَيْسَ صَرِيحًا فِي ذَلِكَ. فَقَدْ ذَكَرَهُ اِبْن بَطَّال قَالَ: سُئِلَ مَالِك طَلَبَنِي أَبِي فَمَنَعَتْنِي أُمِّي، قَالَ: أَطِعْ أَبَاك وَلَا تَعْصِ أُمّك قَالَ اِبْن بَطَّال: هَذَا يَدُلّ عَلَى أَنَّهُ يَرَى بِرّهمَا سَوَاء، كَذَا قَالَ. وَلَيْسَتْ الدَّلَالَة عَلَى ذَلِكَ بِوَاضِحَةٍ)).

بڕگەى پێنجەم

ئەو فەرمودانەى دەرهەق بە فەزڵى باوك هاتوون

چەند فەرمودەيەك لەسەر فەزڵى باوك هاتووە، لە كاتێكدا باسى دايكيان تێدا نييە. لەوانە:

أ ـ «عَنْ سَمُرَةَ، أَنَّ رَجُلا أَتَى النَّبِيَّ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ، فَقَالَ: يَا رَسُولَ اللَّهِ، إِنَّ أَبِي اجْتَاحَ مَالِي، قَالَ: أَنْتَ وَمَالُكَ لأَبِيكَ». واتە: (سەمورە، خودا لێی ڕازى بێت) دەڵێ: پياوێك هاتە خزمەتى پێغەمبەر، گوتى ئەى پێغەمبەرى خوا باوكم هەموو ماڵەكەمى بردووە؟ فەرمووى: تۆ خۆت و ماڵەكەیشت هى باوكتە.

ب ـ پێغەمبەر (دروودى خواى لەسەر) دەفەرموێت: «أَبَرُّ الْبِرِّ أَنْ يَصِلَ الرَّجُلُ وُدَّ أَبِيهِ». واتە: باشترين چاكە ئەوەيە منداڵ دەرهەق بە دۆستەكانى باوكى چاک بێت.

ج ـ «عَنْ أَبِى هُرَيْرَةَ قَالَ قَالَ رَسُولُ اللَّهِ صلى الله عليه وسلم: لاَ يَجْزِى وَلَدٌ وَالِدًا إِلاَّ أَنْ يَجِدَهُ مَمْلُوكًا فَيَشْتَرِيَهُ فَيُعْتِقَهُ». واتە: هيچ منداڵێك پاداشتى باوكى ناداتەوە، مەگەر باوكەكە كۆيلە بێت و منداڵەكەى بيكڕێت و، پاشان ئازادى بكات.

ئەمانە و فەرمودەى ترى هاوشێوە زۆرن، كە تێياندا باسى دايك نەهاتووە، بەڵکو تەنها ناوى باوكیان تێدا هاتووە. كەواتە چۆن ناكرێت لەم فەرمودانەدا بوونى دايك ون و ناديدە بگیرێت، بە هەماشێوە لەو (دوو) فەرمودەیەى كە تايبەت بوون بە دايكەوە، نابێ بوونى باوكى تێدا فەرامۆش بكرێت.

بڕگەى شەشەم

باوك لە قورئانى پيرۆزدا

وەك پێشتر گوتمان لە قورئانى پيرۆزدا دايك و باوك پێكەوە بە جووت بەسكراوون و، لە هيچ ماف و تايبەتمەندييەكدا لێكجيا نەكراونەتەوە.

سەربارى ئەوە، خواى گەورە فەرمان دەكات بەوەى منداڵ ئاخاوتنى لەگەڵ باوكى بە شێوازێكى جوان و ئادابێكى بەرز بێت، وەكچۆن لەسەر زارى هەريەكە لە حەزرەتى (ئيبراهيم) و (يوسف) و (ئیسماعیل)ەوە (سەلامى خودا لەسەریان بێت)، بۆمان بەيان دەكات، بە (باوكە گيان) لەگەڵ باوكياندا دواوون. وەك دەفەرموێت: [يَا أَبَتِ]. (يوسف: ٤ و ١٠٠). [يَا أَبَتِ]. (مريم: ٤٢ و ٤٣ و ٤٤ و ٤٥). [يَا أَبَتِ]. (الصافت: ١٠٢).

بەڵام مەخابن ئێمەى كورد وا فێر كراوين، ئەگەر منداڵ ژير و پەسەند بوو، دەيدەينە پاڵ دايكى و، دەڵێين: (ڕەحمەت لە شيرت). گەریش نا پەسەند و نالەبار بوو، جنێو بە باوكى دەدەين. لە كاتێكدا خواى گەورە شكۆى باوكانى بەرز ڕاگرتووە و، لە قورئانى پيرۆزدا سوێندى پێ خواردوون: [وَوَالِدٍ وَمَا وَلَدَ]. (البلد: ٣).

خۆ گەر لە قورئانى پيرۆزدا سۆزى دايكايەتى دايكى حەزرەتى (موسا) و (عيسا) بۆ منداڵەكانيان وەك نمونەيەكى باڵا تۆماركرابێ، بەهەمانشێوە نمونەى باوكايەتى (دوو) باوكى دڵسۆزى وەك حەزرەتى (نوح و يەعقوب، سەلامى خودا لەسەريان بێت) بۆ كوڕەكانيان، (دوو) نمونەى زۆر بەرز و بەرچاوە. تا ئەو ئاستەى پێغەمبەر (يەعقوب) لە خەمى دوورى (يوسف) چاوەكانى لە دەست دەدات. وەك خوادى مەزن دەفەرموێت: [وَقَالَ يَا أَسَفَى عَلَى يُوسُفَ وَابْيَضَّتْ عَيْنَاهُ مِنَ الْحُزْنِ فَهُوَ كَظِيمٌ]. (يوسف: ٨٤). ئەمە بەرزترين نمونەى سۆز و خۆشەويستى باوكە بۆ منداڵەكەى، كە هيچى لە سۆز و ميهرەبانى دايك كەمتر نييە.

ياخود نمونەى پێغەمبەر (نوح، سەلامى خوداى لەسەر بێت)، سەرەڕاى ئەوەى كوڕەكەى بێ باوەڕ و نافەرمان بوو، بەڵام ئەو هێشتا وەك باوكێك سور بوو لەسەر ئەوەى لەگەڵيان سوارى كەشتييەكە ببێت، بۆ ئەوەى ڕزگارى ببێت، بەڵام دواجار بە هۆى سەركەشى و سەرگەدانييەوە بە ديار چاوى باوكييەوە خنكا.

خواى گەورە ئەم ديمەنەى بۆ تۆمار كردووين و، دەفەرموێت: [يَا بُنَيَّ ارْكَبْ مَعَنَا وَلَا تَكُنْ مَعَ الْكَافِرِينَ قَالَ سَآوِي إِلَى جَبَلٍ يَعْصِمُنِي مِنَ الْمَاءِ قَالَ لَا عَاصِمَ الْيَوْمَ مِنْ أَمْرِ اللَّهِ إِلَّا مَنْ رَحِمَ وَحَالَ بَيْنَهُمَا الْمَوْجُ فَكَانَ مِنَ الْمُغْرَقِينَ]. (هود: ٤٢ ـ ٤٣). بيهێنە پێش چاوى خۆت، ئەبێ حەزرەتى (نوح) بە چ داخ و حەسرەتێكەوە لە دوا ساتەكانى ژيانى كوڕەكەى ڕوانيبێت، كە پاشەڕۆژێكى ئێجگار سەخت و پڕ ئازار چاوەڕوانييەتى؟!

بڕگەى حەوتەم

ڕاگرتنى هاوسەنگى نێوان دايباب

دەبێ ئێمەى منداڵ مامەڵەمان ڕاست و هاوسەنگ بێت، ڕێزگرتنمان لە دايك و باوک لەسەر حسابى ئەویتر نەبێت؛ چونكە ئەمە جياوازى و هەستى خۆبەكەمزانين دروست دەکات و، چەندين گرفتى خێزانى دێنێتە ئاراوە.

چونكە ئەگەر دايك دڵي خێزان بێت، ئەوا باوك بڕبڕەى پشتێتى، ئەگەر دايك منداڵەكەى بەسنگەوە بنێ، ئەوا باوك دەيخاتە سەر پشتى، ئەگەر دايك منداڵەكەى پێشكەش بە جيهان دەكات، باوك هەموو جيهان پێشكەش بە منداڵەكەى دەكات، ئەگەر دايك شەونخونى بە ديار منداڵەكەيەوە بكێشێت، باوك ئامادەيە گيانى خۆى ببەخشێت و هەموو تاڵى و مەينەتييەكان لە كۆڵ بنێت لە پێناو ژيانى منداڵەكەى.

لە كۆتاييدا ئەوەندە دەڵێم: نابێ دايك سۆزى دايكايەتى خۆى بەسەر منداڵەكاندا زاڵ بكات و، لە ململانێى خێزانيدا دژى باوك بەكاريان بهێنێت.

تۆش ئەى كوڕ! سبەى كە بوويت بە باوك ئەوكات بەرپرسيارێتى و ئەرك و خەمى باوك هەست پێ دەكەيت و، شكۆى و گەورەيى تێدەگەيت. دڵنيام هەريەكەمان هەر لە منداڵيمانەوە بوونى دايك تێگەييشتوين، بەڵام دڵنيام هەتا نەبينە باوك، ئەو هەستەمان بەرامبەر باوك بۆ دروست نابێت.

محمد مه‌لا محمود تاوگۆزی

بابەتەكانی نوسەر

Leave a Reply