وتار

سەلام ناوخۆش، قەڵەمێكی بوێڕ و ماندوونەناس

لەبواری ڕۆشنبیریی كوردیدا، پرۆفیسۆری یاریدەدەر، مامۆستا سەلام ناوخۆش ناوێكی دیار و ناسراوە، خاوەنی بەرهەمێكی زۆرە، لەچەندین بواری جیاوازدا، ئەگەرچی بوارەكان هەندێكجار دووریش بن لەیەك بەڵام ئەم قەڵەمی خۆی تێدا خستووەتە كار، ڕەنگە زۆرجار پەنابردنی بۆ نووسین لەو بوارە جیاوازانەدا بۆ ئەوە بگەڕێتەوە هەڵەو ناحەقی بینیبێت و ویستبێتی قسەی خۆی لەسەر ئەو بابەتە بكات، لەم بوارەشدا دەتوانین بڵێن نووسەرێكی بوێر و ماندوو نەناس بووەو خاوەنی نزیكەی سەد كتێبی چاپكراوە، وەك ئەوەی مردنی خۆی لەپێشچاو بووبێت و ویستبێتی ئەوەی لەناخیدایە بیخاتە سەر كاغەز، بەردەوام بەرهەمی نوێی هەبوو، بیرەوەرییەكانیشی بوونە یەكێ لە كۆتا بەرهەمەكانی.

من كە زیاتر لەبیست ساڵە لەنزیكەوە ئاشنای مامۆستا سەلام ناوخۆشم، جیاواز لەوەی لە كتێب و بابەتە ڕۆژنامەوانییەكانیدا خوێندومەتەوە، ئاگاداری هەڵوێست و ئاكاری مامۆستای بەڕێزم، ڕەنگە ئەوانەی لەنزیكەوە ئاشنای بوون لەگەڵ مندا ئەو شاهێدییەی بۆ بدەن كەسایەتییەكەی و هەڵوێست و ڕەفتارەكانی كتێبێكی مەزنەو لەكتێبەكانی تری گەورەترە.

لە زاری خۆیەوە بیناسە:

ئێمە كە هێشتا ئەم خەمە قورسە لەسەر دڵمانە دەرفەتی ئەوە نەبووە خوێندنەوە بۆ نووسراوەكانی بكەین، تا خوێنەری بەڕێز ئاشنای مامۆستای كۆچكردبوو بێت، ئەم دیدارەی برای بەریزم هاوكار عەبدوڵڵام هەڵبژارد لێرەدا بیخەمە ڕوو:

گەشتێک بە نێو ژیانی نووسەری گەورەی کورد خوالێخۆشبوو پ.د.سەلام ناوخۆش

لەم دیمانە دوو بەشیەدا کە لە ساڵی 2014 لە ڕادیۆی رووناکی تۆمارمان کردووە، لە میانەی پرسیارەکانم ناوخۆش بە وردی تیشکی خستووەتە سەر ژیانی نووسین و ئەدەبی خۆی

من لەگەڵ ئەوەدام ئەگەر مرۆڤ بەهرەی نووسینی لە خۆیدا هەست پێكرد گرنگە ئەو بەهرەیەی كە هەیەتی بیخاتە سەر كاغەز، بەڵام ئەگەر ئەم بەهرەیەی تێدا نەبوو با نەبێتە بە زۆر بە نووسەر كراو، یا نووسەری سێبەر، بۆیە باشترین شت خوێندنەوەیە ئینجا نووسین

دەبێت كتێب لەگەڵ مانەوەی مرۆڤدا بێت، بەڵام خۆ ئەم جیهانگیریە چووەتە هەموو ماڵێك

+ بەڕێزت، كەی دەستت كرد بە خوێندنەوە؟ یاخود یەكەم كتێب چ كتێبێك بوو كە خوێندتەوە؟

لە عەرەبی وتەیەك هەیە دەڵێت: (مصائب قوم عند قوم فوائدە) من یەكێكم لەو كەسانەی كە ئەم پەندە عەرەبیەم بەسەر پیادە دەبێت، من كە لە قۆناغی ناوەندی بووم برایەكم لە كۆلێژی شەریعەی بەغدا دەیخوێند مەكتەبەیەكی بچووكی هەبوو لە ماڵەوە هەر جارێك كە دەستم بۆ كتێبەكان دەبرد دەیگووت سەلام من بە مەرجێك كتێبەكانت پێدەدەم ، وتم چۆن؟ وتی كە كتێبەكەت خوێندەوە لێت دەپرسم كە ئەم كتێبە باسی چی دەكات؟ منیش لە قۆناغی ئەوكات دەمگووت وانەكانی قوتابخانەم پێ‌ تەواو ناكرێت (چونكە من بەرلەوەی بچمە مەكتەب تا سێی كۆلێژ هەر خەریكی ئیش بوومە)، تۆش لە ماڵەوەش قوتابخانەیەكی ترم بۆ دەكەیتەوە؟ بۆیە بۆم ناكرێت، وتم من بەو مەرجە كتێب ناخوێنمەوە. تا لە 21/3/1982 ئەو برایەم لە شەڕی عێراق و ئێران ئەسیر كرا، سەیرم كرد مەكتەبەیەك لە ماڵەوە ماوە، من ویژدانم ئەزیەتی دام وەك یادگارییەك بۆ ئەو برایەم، ئەمە وای لێكردم لەبەر خاتری ئەو كتێبەكانی ئەم مەكتەبەیە بخوێنمەوە، (ئەم ڕازەم تا ئێستا لە هیچ شوێنێكا نە دركاندووە)، دیارە سەرەتا لەبەر خاتری ئەو و خۆشەویستی ئەو بوو كتێبەكانم دەخوێندنەوە، بەڵام بەردەوام بووم، تا گەیشتم بە قۆناغی چواری ئامادەیی، هەستم كرد زۆربەی ئەوانەی لە گۆڤارەكانی (كاروان، ڕۆشنبیری، بەیان) بڵاودەكرێنەوە لە ئاستی سەقافی من بوون، بۆیە شتێك لە ناخم دروستبوو و بە خۆمم وت منیش دەتوانم ئەم شتانە بنووسم، وتم ئەمە شتێكی ئیلاهی نییە و لە توانای مرۆڤ بەدەر بێت، سەیرم كرد زۆربەی نووسینەكان لەو ئاستە دان كە خوێنەرێكی وەك من، كە دوو ساڵە دەخوێنمەوە، دەتوانێت بە شێوەیەكی جدی هەندێ‌ لەو بابەتانە دابڕێژێتەوە، ئەوەبوو بۆ گۆڤاری كاروان وتارێكم نووسی لەسەر ( زیوەر)ی شاعیر كە ئێستاش هەر ماومە، دوای ناردنی بابەتەكەم بۆ گۆڤاری كاروان وڵامیان دامەوە و وتیان دەستخۆشی لە سەلام ناوخۆش بەكر دەكەین و بابەتەكەی بە سوودە بەڵام بە هیواین زیاتر خۆی ماندوو بكات بۆ ئەوەی مافی بڵاوكرنەوەی هەبێت، بۆیە بابەتەكەیان بڵاونەكردەوە. تا لە زانكۆ لە كۆلێژی ئاداب بەشی ئینگلیزی لە 1985 وەرگیرام، لە قۆناغی دووەم یەكەم چیڕۆكم لە ئینگلیزییەوە كردە كوردی بە ناوی (بانكی حیسابی)، باسی سەربردەی كەسێك دەكات زۆر سەیر و سەمەرەیە، ئەمە وای لێكردم وەری گێڕم بۆ كوردی زۆر خۆمم لەگەڵ هیلاك كرد و لە ڕێگەی بەریدەوە ناردم بۆ ڕۆژنامەی پاشكۆی (عێڕاق) لە بەغدا. دیارە ئەوكاتیش وەك ئێستا نەبوو لە ڕێگەی ناسینەوە بابەتی نووسەران بڵاوبكرێتەوە، ڕۆژنامەكە چیڕۆكەكەی منیان بڵاوكردەوە، چونكە لە ئینگلیزی وەرمگێرابوو، كاتێك قوتابیان بینیان من ئەم چیڕۆكەم لە ڕۆژنامە بڵاوكراوەتەوە زۆر هانیان دام بۆ بەردەوامی لە نووسین. هەروەها بیرم كردەوە هەر نووسینێك بنووسم ڕژێم ڕازی نابێت لێم، بۆیە لە 1987 تا دوای ڕاپەڕین تەنیا چیرۆك و وتاری مێژووییم لە ئینگلیزییەوە بۆ كوردی وەردەگێڕا. لەو ماوەیەدا 1987-1991 تەنیا یەك نووسینی خۆم بەناوی “دوو وێنەی ئەڤینی لە ڕۆمانەكانی هەمەنگوای” بڵاوكردەوە… كەواتە بە نووسینی ئەدەبی دەستم بە نووسین كرد.

+ لە ساتی نەخۆشكەوتنت تا ئێستا، لەگەڵ خوێندنەوە و نووسین چۆنیت؟

من لە 1-5-2011 تا مانگی تەمووز هەموو خوێندنەوەیەكم لێ‌ قەدەغە كرابوو لە لایەن دكتۆر، دواتر دكتۆر وتی ڕێی پێدام بخوێنمەوە و بنووسم، من لە ئابی 2011 تا 2014 (20) كتێبم نووسی، چەند كتێبێكی (400 تا 800) لاپەڕەیی تێدایە، سێ‌ كتێبیان هیچ كوردێك تا ئێستا نەینووسیوە، (ڕۆژئاوا ناسی و فەرهەنگی ئینگلیزی كوردی یاسایی، فەرهەنێگێكی زمانەوانی بەناوی باوكم (ناوخۆش)). ئەگەر ماوەی نەخۆشیەكەم لەگەڵ كتێبەكان بەراورد بكەیت، سوپاس بۆ خودا دەبینین لە ماوەی دوو هەفتە كتێبێك نووسراوە. لە ماڵەوە خێزانم لە من پەرۆشترە بۆ نەخۆشیەكەم، زۆر جار پێم دەڵێت ئەوەندە خۆت ماندوو مەكە، چونكە شوێنی پەنجەكان لەسەر لاپتۆپەكەم ئەوەندەی پەنجەی لەسەر دابنێم سپی بووەتەوە. كتێبەكانم لە بواری جیاجیا نووسراون، لەسەر یەك شت نین.

+ كاتێك دكتۆر خوێندنەوە و نووسینی لێت قەدەغە كرد هەستت چۆن بوو؟

لە ڕاستی دا تا بڵێی ناخۆشبوو، چەند جارێك چوومەوە لای دكتۆر بۆ ئەوەی پێم بڵێت بخوێنەوە، تا كۆتا جار وتی ئاساییە بخوێنیەوە و لاپتۆپ بەكاربێنی، بەڵام خۆت زۆر هیلاك نەكەیت..

لەزاری هاوڕێ و ئاشناكانییەوە:

زۆرن ئەوانەی بۆ وەفاتی مامۆستا سەلام ناوخۆش لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بۆچوونی خۆیان دەربڕیووە، لێرەدا ناكرێت هەموو ئەوانە بهێنین، تەنها چەند نووسینێك دەكەینە نموونەی خەروارێك.

دكتۆر نەجاتی عەبدوڵڵا، بەمجۆرە هەستی خۆی دەربڕیووە:

بۆ مه‌رگی ناواده‌ی هاوڕێی خۆشه‌ویستم نووسیار و ئه‌كادیمیكار

سه‌لام ناوخۆش

چ كۆستێكه خودایه‌ گیان‌، خۆ به‌داخه‌وه‌ كۆسته‌كان نابڕێنه‌وه‌، ئه‌م به‌یانییه‌ دیسان كۆستی هاوڕێ و هاوگه‌ره‌كیی سه‌رده‌می منداڵیم ئه‌كادیمیكار و مامۆستای زانكۆ (سه‌لام ناوخۆش) تاساندمی و به‌ بێده‌نگی گریاندمی. ئاخر من و مامۆستا سه‌لام ناوخۆش هاوڕێی یه‌ك گه‌ره‌ك و هاوته‌مه‌نیش بووین و كۆتایی حه‌فتاكان و هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوو له‌یه‌ك گه‌ڕه‌ك بووین و ئێمه‌ هه‌ردووكمان هه‌ر له‌ منداڵییه‌وه‌ خه‌ریكی كتێب خوێندنه‌وه‌ بووین و ئه‌وڕۆژانه‌ له‌ هه‌ولێر ئێمه‌ ئه‌وانه‌ی خه‌ریكی خوێندنه‌وه‌ بووین هه‌موومان به‌شی زۆرمان یه‌كترمان ده‌ناسی و شار ئاوها گه‌وره‌ نه‌بوو و هه‌مووشمان به‌جیاوازی بیروڕامان به‌هیوای نیشتمانێكی ئازاد و سه‌رفراز ڕۆژ و شه‌ومان ده‌ژمارد و باوه‌ڕێكی پته‌ومان به‌سه‌ركه‌وتن هه‌بوو و دڵنیابووین ڕۆژێك هه‌ر دێ ئازاد ده‌بین، گه‌وره‌بووین و ڕۆژگار هات مامۆستا سه‌لام بوو به‌ مامۆستای زانكۆ و به‌ یه‌كێك له‌ قه‌ڵه‌مه‌ جوانه‌كانی كورد و له‌وڕێگه‌یه‌وه‌ هه‌موو ژیان و ته‌مه‌ن و گه‌نجێتی خۆی به‌ نووسین و نیشتمانه‌كه‌ی به‌خشی. مامۆستا سه‌لام ناوخۆش خۆی خۆی پێگه‌یاند و بۆخۆی مێژوویێكی بۆ خۆی درووست كرد و بوو به‌ یه‌كێك له‌ گه‌نجترین پرۆفیسۆر و ئه‌كادیمكاره‌كانی كورد. پیاوێكی خاكی و بێ فیز و ئه‌كادیمیكارێكی سه‌رسه‌ختی ڕێبواری ڕێگه‌یه‌ك كه‌ پێی وابوو له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ ده‌كرێ نیشتمانه‌كه‌ی ئازاد ببێ. ئه‌كادیمیكارێكی تووندڕۆ نه‌بوو و قوتابی ڕێچكه‌ی قوتابخانه‌ی مامۆستا خاڵ و مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی مودده‌ریس و سه‌ججادی بوو. مامۆستا سه‌لام وه‌ك مامۆستا‌یه‌كی به‌توانای زانكۆ چه‌ندین نه‌وه‌ی پێگه‌یاند و له‌دوای خۆیه‌وه‌ زیاتر له‌ په‌نجا كتێب و بڵاوكراوه‌ی له‌دوای خۆیه‌وه‌ بۆ نیشتمانه‌كه‌ی به‌جێهێشت. له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنی ئه‌كادیمیای كوردی هاریكارێكی به‌رده‌وامی كۆڕی زانیاریی كوردستان و دواتریش ئه‌كادیمیای كوردی بوو. له‌ لێژنه‌ی فه‌رهه‌نگ چه‌ندین ساڵ كاری كردووه‌ و له‌ نووسینی فه‌رهه‌نگی هه‌راشان و زاراوه‌ی كارگێریی به‌شداربووه‌. ئێستا كه‌ ئه‌م وشانه‌ ده‌نووسم جگه‌ له‌ فرمێسك و هه‌ناسه‌یه‌كی سارد هیچ ده‌سه‌ڵاتێكم نییه‌. ده‌زانم مامۆستا سه‌لام به‌ جه‌سته‌ جێیهێشتین به‌ڵام تا كورد و تا نووسین مابێ ناوی مامۆستا سه‌لام هه‌ر به‌ زیندوویی ده‌مینێته‌وه‌. حه‌یف بۆ كۆچی دوایی مامۆستای زانكۆ و ئاكادیمیكاری به‌توانا مامۆستا سه‌لام ناوخۆش، به‌داخه‌وه‌ كه‌ مه‌رگ هات ئیدی پرس به‌ كه‌س ناكات و دواجار ئه‌وه‌ ڕێگه‌ و مه‌نزڵی هه‌موو بوونه‌وه‌رێكه‌ جا چ زوو و چ دره‌نگ مه‌رگ له‌ ده‌رگه‌ی هه‌مووان ده‌دات. جێگه‌ت به‌هه‌شت بێ مامۆستا سه‌لام ناوخۆش، ماڵی كۆتاییتان پڕ بێ له‌ نوور و سه‌ره‌خۆشی له‌ ته‌واوی خه‌ڵكی كوردستان و خانه‌واده‌ و دۆستانی مامۆستا سه‌لام ده‌كه‌م و ڕێگه‌ت به‌رده‌وام و كاروانتان به‌رده‌وام بێ.

كورتەیەك لەژیانی:

سەلام ناوخۆش بەکر، نووسەر و وەرگێڕ و مامۆستای زانکۆ، لە ساڵی 1966 لەدێی زێبارۆک لەدایکبووە، لەساڵی 1969ەوە هاتوونەتە هەولێر، خوێندنی سەرەتایی لە 1- 3 لەسەرەتایی زاگرۆس و لە 4 – 6 لەسەرەتایی مەولەوی تەواو کردووە. قۆناغی ناوەندی لە (قوتەیبە) تەواو کردووە، ئامادەیی لە هەڵمەتی کوڕان تەواو کردووە. لەساڵی 1990 بەکالۆریۆسی بەشی ئینگلیزی لە ئادابی زانکۆی سەڵاحەدین وەرگرتووە، لەساڵی 1996 لە هەمان بەش ماستەری تەواو کردووە. لەساڵی 1996 هەتا کۆتایی 2003 لە بەشی ئینگلیزی ئادابی دهۆک مامۆستا بووە، لە 2004ەوە مامۆستا بووە لە بەشی ئینگلیزی پەروەردەی بنیات زانکۆی سەڵاحەدین. بۆ خوێندنی ساڵی 2000 – 2001 لە زانکۆی مالیزیا لە فەلسەفەی ئەدەب لە دکتۆرا وەرگیراوە. نازناوی زانستی: لە 30-06-1996 مامۆستای یاریدەدەر، لە 20-01-1999 مامۆستا، لە 20-03-2007 پڕۆفیسۆری یاریدەدەر. پ. ی سەلام ناوخۆش بۆ دواجار لە رۆژی 23-12-2021 لە نەخۆشخانەیەکی شاری هەولێر کۆچی دوایی کرد.

مامۆستا سوداد ڕەسول بەمجۆرە هەستی خۆی دەردەبڕێت:

ۆچی دوایی ئەم قەڵەمە دڵسۆز و خەمخۆر و ماندوونەناسە، خەسارەتێکی گەورەیە بۆ زمان و ڕۆشنبیریی کوردی کە بە ئاسانی قەرەبوو ناکرێتەوە. قەڵەمێک کە هەرگیز لە نووسین نەدەکەوت، هەمیشە زانست و زانیاری لێ دەڕژا و خەرمانێک کتێبی لە دوای خۆی بۆمان بەجێ هێشت. ئەو هەر نووسەر نەبوو، مرۆڤێک بوو ڕاستگۆ لەگەڵ قەڵەمەکەی، لەگەڵ کوردایەتی و دیندارییەکەی، مرۆڤێک بە ئیمانەوە ژیا و بە ئیمانەوەش مرد. لە ماوەی زیاتر لە سی ساڵ هاوڕێیەتیم، لە نزیکەوە دەمناسی، بۆ ڕۆژێک و بۆ چرکەیەک لە کاروانی خزمەت بە گەلەکەی دوا نەدەکەوت.

زۆر بە داخەوە زوو بەجێی هێشتین، و مردنەکەی کۆست کەوتنێکی گەورەیە بۆ هەموومان، بەڵام یادی هەمیشە لە نێو دڵان زیندووە. هەر کتێبێکی، مامۆستا سەلامێکە و ڕێنمایی و ڕووناکین بۆ ئێستا و داهاتوو.

مامۆستا حەسەن مەحمود حەمەكەریم ئاوا لەبارەیەوە نووسیوویەتی:

ئەو یەکێک بوو لە گەورە نوسەرانی کورد ، پیاوێک هەمیشە ڕوخۆش و دەم بە پێکەنین و نەرم و خاکی ، نوسەرێکی وردو ئاکادیمی ڕاستگۆ بوو ، یەکێ بوو لە قەڵەمە جوانەکان کە کتێبخانەی کوردی بە بەرهەمەکانی دەوڵەمەند کرد ، زۆر تانەو تەشەریان لەسەر هەڵوێست و قەڵەمە جوانەکەی تێدەگرت ، بەڵام ئەو گوێی بەو شتە نزمانە نەدەدا ، تەنانەت نەیانهێشت دکتۆراکەی تەواو بکات ، ئەو ئەوەندە قاڵی نوسین بوو بەبێ دکتۆرا پلەی پرۆفیسۆری یاریدەدەری وەرگرت ، بە کۆچی خێری کەلێنێکی گەورەی مێژویی و زمانەوانی جێهێشت ، ژیانی هەموو بۆ ڕاستکردنەوەی چەواشەکاریە مێژوییەکان بوو ، لە نوسیندا نەرم و واقعی بوو ، ڕێچکەی پێشینەکانی خۆی گرتبوو وەک جەلی زادەو خاڵ و مەسعود محمد و مدەڕیسی و سەجادی ، هەرچەند پسپۆڕیەکەی زمانی انگلیزی بوو ، بەڵام لە بواری مێژوو فکری ئیسلامی و ئەدەب و ئایین زۆرترین بەرهەمی هەبوو ، لە لیژنەی فەرهەنگی ئەکادیمیای کورد بوو ، ئەو سەرەتا نوسینەکانی بەناوی هیوا سەلام بڵاودەکردەوە ، پاشان کردی بە سەلام ناوخۆش ، دەساڵ بوو توشی بارێک بوو بوو دەستێکی باش کاری نەدەکرد ، بەڵام بە دەستەکەی تر تایپی نووسینەکانی خۆی دەکرد .

دكتۆر عوسمان عەلی نووسەر و مامۆستای زانكۆ و هاوڕێی نزیكی مامۆستا سەلام ناوخۆش بەمجۆرە هەستی خۆی دەردەبرێت:

ئەمڕۆ 23 دێسەمبەر 2021، کورد لە کوردستانی گەورە نەک تەنها لە هەولێر بیرمەندێکی گەورەی لە دەستدا، ئەم بیرمەندە لەوە گەورەترە ئێمە و یا خەڵکی تر ئاماژە بە بەرهەمە فکری و ئەکادیمیەکانی بکەین. لێرە دا دەمەوێت ئاماژە بە چەند خالێک لە بارەی کەسایەتی و بەرهەمەکانی مامۆستا سەلام بکەم :

1- لە کوردستان کەم نین ئەوانەی کە رۆشنبیر و خاوەن فکرەن. بەلام مامۆستا نموونەی رۆشنبیرێکی خاوەن فیکر و مەبدەئ بوو، هەرگیز رۆژێک نەکەوتە ژێر کاریگەی ترس و مادە، ئەمەش بە ڕوون و ڕەوانی لە پەرتوک و توێژینەوەکانی بەدیار دەکەوێت.

2- من وا مامۆستا سەلامم ناسیووە، وەکو زانایانی سەردەمی زێڕینی ئیسلام پیاوێکی مەوسوعی و بەهرەمەند بوو، لە زۆربەی بوارەکانی فیکری و مێژووی زمانەوانیدا. لە یەک کاتدا دەیتوانی وەک خاوەن فکرێک گفتوگۆ بکات،! لە قولایی بیر و فکرە، هاوشێوەی مەسعوود محەمەد بوو. لەگەل ئەوەش کە باس و خواسی مێژووی داهاتە بەرباس، وەک مێژوو نوسێک زانیاریەکانی دەردەبڕی. لە بابەتی زمانیش بەهەمان شێوە ڕێچکەی تایبەت بەخۆی هەبوو، دەتوانیین بلێن مامۆستا سەلام، هەژاری مکوریان بوو لە داڕشتنی ووشە و داهێنان و زاراوەی کوردی.

3- هەرکاتێ سەیری مامۆستا سەلامم دەکرد وەک ئەستێرەیەک دەهاتە پێش چاوم، مەرگ لەو سەردەمە ڕەنگە نزیکترین شتێکە لێمان. هەرچەندە ڕووحی سەلامی برا بەرەو بەرزە فڕی چوو، بەلام وەک ئەو ئەستیرە تا قیامەت بەردەوامە لە تیشک و ڕوناکیەکەی بۆ نەوەکانی داهاتوو، سەلام کانیاویکی هەلقوڵای ناو کلتوری ڕەسەنایەتی کوردیە تا دونیا مابێت نەوەکان لێی نۆش دەکەن.

4- ئەمڕۆ لە ڕێو ڕەسمی ناشتنی مامۆستای کۆچکردوو بینم خەڵکی زۆر بۆ مەراسیمەکە ئامادە بوون، فرمێسکم لەسەر چاوی زۆربەی ئامادەبوان بینی، وە جگە لەوەش لە ئیوارەوە شاهیدی هاوخەمی و پەژارەی زۆرێک لە دۆست ناسیاوە دوورە دەستەکان بووم، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی. لەوانە بابەتە بەپێزکەی د. نەجاتی عبدالله Najat Abdullaلەبارەی کۆچی مامۆستا ناوخۆش هێندەی تر زامی بیرینەکەمی قوڵتر کردەوە، کە ئەمە خوێندوەیەکی زانستی بیرمەندێکی گەورەی کوردە بۆ بیرمەندێکی کۆچکردوو. هەڵبەتە من ئەمە بەرزو گەورە دەنرخێنم، بەڵام من وا تێگەیشتووم کە باشترین شتێک بۆ ڕووحی مامۆستا ناوخۆش ئەوەیە کە ئێمە توێژینەوە لە بارەی بەرهەمەکانی بکەین. ناوی لە زانکۆکان بەتایبەت بەشی زمانەوانی و کلتور بەرز بنرخێنین. یا تا ئەوەی شەقامێکی گشتی یا هۆلیک بە ناوی ئەم بیرمەندە نیشتمان پەروەرە بکەن.

5- لە دونیای پیشەکەوتوو ئەوەی بینیومە، لە کاتی وەفاتی نوسەر بیرمەندەکانیان پاداشتییان بەوە کردون کە بەرهەمەکانیان لە فەوتان و بزربوون بپارێزن، مامۆستا سەلامم وەک نیشتمان پەروەرێک بینیوە. شاهیدی چەندین هەلسوکەوتی نیشتمانی لە چەند بۆنەیەک بووم، لە کۆڕ و سمینارەکان و نوسینەکانی ئەمە ڕەنگی داوەتەوە، بەڵام داخ و حەسرەتم بۆ راگەیاندنی کوردی و لایەنە بەرپرسەکان زۆر خەم ساردانە مامەڵەیان لەگەڵ ئەم کۆستە دا نیشتمانیە نواند! دوو هەفتە بەر لە ئێستا لای مامۆستای کۆچکردوو بووم. باسی هەندێ لەو بەرهەمانەی خۆی بۆ کردووم کە هێشتا دەسنوسن و لای خۆی ماونەتەوە. من لێرە دا داوا لە هەموو کەسێک. دەزگایەک دەکەم ئەوانەی کە مەرگی مامۆستا ئازاری پێگەیاندون باشترین وەفاداری بۆ گیانی مامۆستا ئەوەیە ئەو بەرهەمانەی بۆ چاپ بکەن، و هەمووی لە پرۆژەک و بەیەک پاکێج بخرێتە بەر دیدی خوێنەران و قوتابیان، هەرچەندە مامۆستا تا لە ژیان مابوو زۆربەی پەرتووکەکانی بە موچەی خۆی چاپ دەکرد.

6- سی ساڵێک دەبێت شەڕەفی ناسینی مامۆستا سەلام وەک برادەر هەمبووە، کۆمەلێکی خەسلەتی بەرز لەو مرۆڤە بەرزە بینیومە، زۆرجار خۆزگەم پێ خواستوە. ئەگەر پۆلێنی ڕەوشتە بەشەکانی بکەین خەسڵەتی مرۆڤ دۆستی و ڕەوشت بەرزی و ئارامگری هەبوو، سەلام وەک باوکێکی باش بۆ خانەوادەکەی . سەلام وەک باشترین مامۆستا بۆ قوتابیەکان، سەلام وەک باشترین و وەفاداریرتن هاوڕێ بۆ برادەرەکانی.

لە کۆتاییدا کورد لەم بارودۆخە نەخوازراوە دا بیرمەندیەکی گەورەی لە دەست دا.

دكتۆر وریا عەلی ئەمین كەسەرپەرشتی تەرقیەی پلەی زانستی مامۆستا سەلام ناوخۆش بووە بەمجۆرە لەبارەیەوە نووسیوویەتی:

ساڵى ٢٠٠٥دا تەرقییەکەى سەلام ناوخۆش بۆ پڕۆفیسۆریى یاریدەر بە من سپێردرا .. کە توێژینەوەکانیم بینى ، کە ئەمانە بوون:

1) – polysemy of some adjectives in Kurdish

2) – diminutive in Kurdish

3) – diglossia in Kurdish

4) – the honorfics in Kurdish

هەر ئەوسا دەرکى ئەوەم کرد کە سەلام ناوخۆش زمانەوانێکى ڕەسەنە .. ئاگادارى ڕێبازە نوێیەکانى زمانەوانییە. ئومێدى دواڕۆژێکى گەشى لێ دەکرێ.

بەم كۆپلە شیعرەی دكتۆر سەباح بەرزنجی كۆتایی بەم پوختە ناسناندنەی لەسەر زاری هاوڕێكانیەوە دەهێنین:

ئارام بنوو ئەی رۆحی پڕ ئەوین

کە دنیای فانیی تەنگ بوو بۆ فڕین

ئومێدەوارم لوتفی پەروەرێن

بتخاتە سایەی بەھەشتی بەرین.

بەرهەمەكانی:

1- 25 پێغەمبەرەکە و نەتەوەکانیان و 25 وتاریئیسلامی.
2- ئایین و ناسیۆنالیزم.
3- ئایینی کورد.
4- پرسی کورد لە ماوەی کەوتنی عوسمانییەت و گەڕانەوەیعوسمانییەتی نوێ.
5- خوێندن و پەروەردە لە هەولێر لە سەردەمیئینگلیزدا.
6- دراسة حول إحتلال و تقسيم کردستان.
7- دۆزی کورد لە نێوان بیری نەتەوەیی‌ و ئاینییدا.
8- دۆزی کورد لە نێوان بەرداشی مارکسیەت و دیموکراسیەتدا.
9- دەروازەیەک بۆ رۆژئاواناسی.
10- دەقەکانی کۆنگرەی سیڤەر و خوێندنەوەیەکی تر.
11- زمانناسی و هەندێ بابەتی زمانناسیی کوردی.
12- زمانی ئایینی کورد.
13- زمانەوانی – بەرگەکانی 1، 2 و .3 .
14- زمانەوانی – بەرگەکانی 4، 5، 6 و 7 .
15- ستاندەربوونی زمانی کوردی لە نێوان زمانیسیاسەت و سیاسەتی زمان.
16- شیعری هاوچەرخی کوردی .
17- عیرفان و وڵاتپارێزیی لە شیعری هاوچەرخی کوردیدا.
18- دۆزینەوەی ئەویتر، كورد لەدەقی قورئان و سیرەدا.
19- خوێندنەوەی پراگماتیكی قورئان.
20- كۆمەڵگەی كراوەی پێغەمبەر.
21- دەقی قورئان سیستەمی ستەمكاری مرۆڤ.
22- ڕاڤەی قورئان یان ڕاڤەی توراس؟
23- قورئان و زانستی نوێ .
24- قورئان و سیکویلەری کورد .
25- قورئان کۆتایی مێژووە .
26- زمانی قورئان لەنێوان دەقی ئیلاهی و زمانی نەتەوەدا.
27- کاریگەری قورئان لەسەر زمان ئەدەبی کوردی2019.
28- موحەممەد پێغەمبەر لە شعری کلاسیکی کوردی.
29- مافی مێژووی غەیرە کورد بەسەر کوردستان .
30- من نووسیم، تۆ نەتخوێندەوە .
31- مەسەلەی کوردستان لە نێوان ململانێی تورک و ئینگلیزدا – سەرەتایەک بۆ داگیرکردن .
32- مەنزڵی یەکەم دونیا و دین.
33- نالی لە بەلاغەوە بۆ بەلاغە .
34- هۆکارەکانی لکاندنی ویلایەتی موسڵ بە عیراقیعەرەبی یەوە .
35- هیچ کاتێک نیشتیمان هی هەمووان نەبووە ! .
36- کورد لە ژێر سایەی دوو حوکمڕانیی زەردەشتییەتدا .
37- کورد لە نێوان بەئیسلام کردن و ئیسلام بوون دا .
38- کوردستان چۆن داگیرکرا و دابەش کرا .
39- کوردستانی ساسانی و کوردستانی رۆمی .
40- کوردۆلۆجی .
41- کڕۆنۆلۆژیای مەسەلەی موسڵ 1918-1926.
42- پەروەردەو نیشتمانسازیی، ڕەوشی پەروەردە 2021-1992.
43- كێشەی كورد لەسەدەیەكدا 1919-2019.
44- سیپارەی جزمی عەممە بە ئینگلیزی و کوردی.
45- چیرۆكەكانی سورەتی كەهف، بەگێڕانەوەی قورئانی، ئینگلیزی و كوردی.
46- دوالیزمی نەتەوەیی.
47- ڕۆشنبیری كوردو كۆڵۆنیالیزمی فەلسەفی.
48- شێخ مەحمود و سێ ئەفسەرەكەی داگیركەران.
49- مێژوویەكی نوێ بۆ مێژووی زمانی كوردی.
50- تێكستی قورئان و مێژوو.
51- بۆ ئەمیری حەسەنپوور لە كەنەدا.
52- لاسەنگی لەدوالیزمی خانیدا.
53- پەخشانی ئیسلامی كوردی.
54- لۆزانی 1923 و لۆزانی 1990.
55- سێكوچكەی هەرەس.
56- فه‌رهه‌نگى ئۆكسفۆرد، كوردى-ئینگلیزى .
57- .فه‌رهه‌نگى ئۆكسفۆردى نوێ، سۆرانى ژ بادینى- ئینگلیزى.
58- فه‌رهه‌نگى سیدرا، كوردى-عه‌ره‌بى- ئینگلیزى.
59- فه‌رهه‌نگى هیوا، ئینگلیزى- كوردى.
60- فه‌رهه‌نگى هه‌راشان. به‌ هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ: د. كوردستان موكریانی.
61- فه‌رهه‌نگى زاراوه‌ى ئه‌ده‌بى. به‌ هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ: د. مارف خه‌زنه‌دار.
62- فه‌رهه‌نگی زمانه‌وانی ناوخۆش
63- .فه‌رهه‌نگی یاسایی ئۆكسفۆرد.
64- فه‌رهه‌نگی كارگێڕی. ( به‌ هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ: د. شه‌فیق و جه‌مال عه‌بدول).
65- .فه‌رهه‌نگى هه‌زه‌. به‌ هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ: د. كوردستان موكریانى.
66- واتاسازى. (به‌ هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ: د.نه‌ریمان خۆشناو) .
67- پوخته‌یه‌ك ده‌رباره‌ى زمانناسى-مێژوویى، بونیاتگه‌رى،چۆمسكى
68- زمانناسى و هه‌ندێ بابه‌تى زمانناسى كوردى.
69- به‌ریه‌ككه‌وتنى زمان.
70- سارا، بۆ فێربوونى زمانى ئینگلیزى.
71- كۆبه‌رهه‌می زمانه‌وانی .
72- زمانه‌وانی له‌ پانینیه‌وه‌ بۆ چۆمسكی. ( به‌ هه‌ردوو زمانى ئینگلیزى و كوردی).
73- دیداره‌ زمانه‌وانییه‌كانم.
74- پرۆسەی داگیركردن و دابەشكردنی كوردستان.
75- مرۆڤى نیادرتاڵ.
76- سه‌رهه‌ڵدانى ناسیۆنالیزمى مه‌زهه‌بى له‌ ئێراقدا.
77- فه‌شه‌لی عه‌لمانییه‌كان و غیابی ئیسلامییه‌كان.
78- زه‌رده‌شتیه‌تی دینداریی و زه‌رده‌شتیه‌تى سیاسى. (به‌ هاوبه‌شى: دكتۆر عوسمان عه‌لى) .
79- كوردۆلۆجی. (به‌رهه‌مى هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ: م.نه‌ریمان عه‌بدوڵڵا خۆشناو، د. ئیدریس عه‌بدوڵڵا) .
80- كوشتارى كورد یا ئه‌رمه‌ن؟.
81- مێژوویەك لە پەرتەوازەیی.
82- ئافره‌ت و كه‌لتوور.
83- ئه‌فسانه‌كانى سیكیوله‌رى كورد-ده‌رباره‌ى ئه‌و شتانه‌ى به‌شداربونه‌ له‌ دروستكردنى مێژووى كورد.
84- ڕەخنەو ڕۆمان و ڕۆژنامەگەری ئیسلامی.
85- ناسیۆنالی ناوەكی و ناسیۆنالی دەرەكی لە شیعری كوردیدا.
86- كۆمەڵگەی كراوەی پێغەمبەر لەبەر ڕۆشنایی كۆمەڵگەی كراوەی كارل پۆپەر 1902-1994.
87- ئیسلامۆفۆبیا و منەوەری كورد.

لەبواری وەرگێڕانیشدا ئەم بەرهەمانەی چاپ بووە:

1. قورئان و زانستى نوێ. له‌ ئینگلیزییه‌وه‌، نووسینى: د.مۆریس بوكاى.

2. كورد و كوردستان له‌نێوان به‌رداشى داگیركاراندا. له‌ ئینگلیزییه‌وه‌، نووسینى: دێرك كینان.

3. كرۆنۆلۆژیاى مه‌سه‌له‌ى ویلایه‌تى موسڵ 1918-19926. له‌ ئینگلیزییه‌وه‌، نووسینى: پڕۆفیسۆر د.میم كه‌مال ئۆقه‌ .

4. نۆ چیرۆك له‌باره‌ى خه‌ڵكه‌وه‌. له‌ ئینگلیزییه‌وه‌.

5. ده‌قه‌كانی كۆنگره‌ى سیڤه‌ر و خوێندنه‌وه‌یه‌كى تر. له‌ ئینگلیزییه‌وه‌.

6. یاسا بنه‌ڕه‌تییه‌كانى ڕسته‌ى كوردى. له‌ ئینگلیزییه‌وه‌، نووسینى: پڕۆفیسۆر وریا عومه‌ر ئه‌مین.

7. ئایا عائیشه‌ بووكێكی 6 ساڵی بوو؟ له‌ ئینگلیزییه‌وه‌.

8. نه‌خشه‌ڕێگا. له‌ كوردیه‌وه‌ بۆ ئینگلیزی، نووسینى: نیعمه‌ت عه‌بدوڵڵا.

9. كورد له‌ ژێر سایه‌ى دوو حوكمرانیی زه‌رده‌شتییه‌تدا. له‌ ئینگلیزییه‌وه‌ .

10. دەقەكانی كۆنگرەی سیڤەر و خوێندنەوەیەكی تر. (بەهاوبەشی لەگەڵ مەسعود عەبدولخالق).

ناسناوى زانستی

١ ــ مامۆستای یاریدەدەر ــ ١٩٩٦

٢ ــ مامۆستا ــ ١٩٩٩

٣ ــ پڕۆفیسۆری یاریدەدەر ــ ٢٠٠٦

.

بەشدارى کردن لە کۆنفڕانسەکان بە توێژینەوە:

ــ ١٩٩٨ لە یەکەم کۆنفڕانسی زانکۆی دھۆک.

ــ ١٩٩٩ لە یەکەم کۆنفڕانسی زانستیی زانکۆی سلێمانی.

ــ ٢٠٠٠ لە یەکەم کۆنفڕانسی خوێندنی باڵای زانکۆکانی ھەرێم.

ــ ٢٠٠٥ لە کۆنفڕانسی زمان .

٢٠١٠ لە کۆنفڕانسی زمان و ئەدەبی کوردی لە زانکۆی کوردستان لە سنە.

.

توێژینەوە ئەکادیمییەکانی:

1) — Sequence of Descriptive Adjectives in Kurdish

گۆڤاری ئوستاد- زانکۆی بەغدا

2) – – A contrastive study of Ellipsis in Kurdish and English

گۆڤاری زانکۆی دھۆک

3) – Northern Kirmanji kinship terms

گۆڤاری زانکۆی دھۆک

4)- Polysemy in Kurdish

گۆڤاری دھۆک

5)- Kurdish Honorifics system

گۆڤاری زانکۆ- سەڵاحەدین

6)- Ambiguity in Kurdish

گۆڤاری زمان- کۆلێژی زمان

7)- Kurdish Diminutive system K

گۆڤاری زانکۆی دھۆک Classifying &Translating Idioms

Kakayees’ Language ( University of Kurdistan-Sna)

9) .Taboo in English Words (Zanko)

10) Taboo & Gender

-Books in English

11) Eight Kurdish Studies

12) .An introduction to English Grammar, 2009.

 

هەرچەند بنووسین هێشتا كەمە، ئەمە تەنها پوختەیەكەو قسەكردن لەسەر لایەنە جیاوازەكانی ژیانی زیاتر هەڵدەگرێت، بەم نووسینەی خۆی كە لەم ماوەیەی كۆتاییدا لەلاپەڕەی فەیسبووكی بڵاوی كردووەتەوە، كۆتایی بەبابەتەكە دەهێنین، بەو ئومێدە ئەمە ببێتە سەرەتایەك و خوێندنەوەی زیاتری بەدوادا بێت.

شتەکان بێ تام کران،

بۆن هەر نەما ، دەڵێی هەموو تووشی کۆرۆنا بووین

جاران بە چایەک

بیرۆکەیەک لە دایک دەبوو

ئەویشیان کردە شڕوب

وەک منداڵی نەخۆش لێی ڕادەکەین

دەستێک نابینم

بە خۆمان ئاشنامان بکاتەوە

ئەی خودا فریامان بکەوە

ڕێدار ئەحمەد

ڕێدار ڕەئوف ئەحمەد لەدایکبووی 1974 هەڵەبجە، بەکالۆریۆس لەیاسا 2012، ماستەر لەیاسای ئیسلامی 2017، خاوەنی بیست و سێ کتێبی چاپکراوە لەبواری وەرگێڕاندا.

ڕێدار ئەحمەد

ڕێدار ڕەئوف ئەحمەد لەدایکبووی 1974 هەڵەبجە، بەکالۆریۆس لەیاسا 2012، ماستەر لەیاسای ئیسلامی 2017، خاوەنی بیست و سێ کتێبی چاپکراوە لەبواری وەرگێڕاندا.

بابەتەكانی نوسەر

Leave a Reply