هەواڵ

ڕەمەزان پایەیەكی گرنگی ئیسلام

 

مانگی ڕەمەزان، لای هەموو موسڵمانێك مانگێكی خۆشەویست و تایبەت و ڕێزلێگیراوە، مانگێگ جیاواز لە مانگەكانی دیكەی ساڵ، كەشێكی تایبەت بەخۆی هەیە.

موسڵمانان بەدڵێكی خۆشەوە پێشوازی لەم مانگە پیرۆزە دەكەن، هەمووان وێردی سەر زاریان (اللهم بلغنا رمضان وبارك لنا فیه)ە، خودایا بمانگەیەنە ڕەمەزان و بەرەكەتداری بكە بۆمان، یاخود (اللهم بلغنا رمضان وأنت راض عنا)(خودایا بەجۆرێك بمانگەینە ڕەمەزان كە ڕازی بیت لێمان).

لەم مانگەدا قورئانی پیرۆز بۆ پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) هاتووەتە خوارەوە، ئەمەش ئەوەندەی تر ئەم مانگەی خۆشەویست كردووە.

لەقورئانی پیرۆزدا پێناسەی مانگی “ڕەمەزان”ی بەمجۆرە كردووە:

(مانگی ڕه‌مه‌زان ئه‌و مانگه‌یه‌ كه قورئانی تیادا هاتۆته خواره‌وه‌، له‌ كاتێكدا ئه‌م قورئانه ڕێنموونیی به‌خشه به خه‌ڵكی‌و به‌ڵگه‌ی زۆری تێدایه‌، له ڕێنموونیی‌و جیاكردنه‌وه‌ی ڕاست‌و ناڕاست و حه‌ق‌و ناحه‌ق لە یەکتر ( شَهْرُ رَمَضَانَ الَّذِي أُنزِلَ فِيهِ الْقُرْآنُ هُدًى لِّلنَّاسِ وَبَيِّنَاتٍ مِّنَ الْهُدَىٰ وَالْفُرْقَانِ) ئایەتی (۱٨٥) سورەتی (البقرة).

 

وشەی “ڕەمەزان” لە چییەوە هاتووە؟
لە ڕووی زمانەوانییەوە، زانایان ڕاجیاییان هەیە، هەندێکیان ئەڵێن ڕەمەزان لە زمانی عەرەبی‌دا لە وشەی (رمض) یان (الرمضاء)وە هاتووە.
(رمض) بە مانای (گەرمای توند، گەرمای ناڕەحەت) دێت‌و (الرمضاء) بە مانای (سەختیی گەرمایی، ئەوپەڕی گەرمایی) دێت. بۆیە ڕەمەزان ناونراوە چونکە لەو مانگەدا باوەڕداران بە کردەوەی چاک‌و بەڕۆژووبوون، کردەوە خراپەکانیان ئەسووتێنن‌و پەروەردگاریان لەخۆیان ڕازی دەكەن و لێیان خۆش دەبێت.
بۆچوونێکی تر هەیە گوایە مانگی پیرۆزی ڕەمەزان لە مانگێکی گەرمدا فەرزکراوە، بۆیە لە ناو عەرەبدا ئەو ناوەی لێنراوە.

ماناى ڕۆژوو لەڕووی زمانەوانی و شەرعییەوە 
 ڕۆژوو لە زمانەوانییەوە : واتە : خۆگرتنەوە .
ڕۆژوو لە شەرعدا:  (بریتییە لە: خۆ گرتنەوەیەكی تایبەت، ئەویش خۆ گرتنەوەیە لەخواردن وخواردنەوەو، سەرجێیكردن لە سپێدەوە تاوەكو مەغریب، لەگەڵ بوونی نییەت بەوەی كە بەڕۆژو دەبێت.

 

مانگی ڕەمەزان لەنێو مانگەكانی ساڵی كۆچیدا
ساڵی كۆچی بەپێی ڕۆژژمێری مانگی 354 ڕۆژە، بەمەش بەگوێرەی ساڵنامەی زایینی هەر ساڵێك مانگی ڕەمەزان یازدە ڕۆژ دێتە پێشەوە، بەم گۆڕینەی وادەكات لەهەموو مانگەكان و تێكڕای وەرزەكاندا ڕەمەزان ببینرێت، مانگی ڕەمەزان دوای مانگی شەعبان و پێش مانگی شەوالە، بەمجۆرە ڕەمەزان مانگی نۆیەمی ساڵە لە ڕۆژمێری ساڵی کۆچیدا.
ڕۆژووی مانگی ڕەمەزان، لە شەعبانی ساڵی دووی کۆچیدا بە دەقی ئایەتی (۱۸۳ی سورەتی البقرﺓ) لە سەر موسوڵمانان فەرزکراوە، کە دەفەرمووێ:
(ئەی ئەوانەی وا باوەڕتان هێناوە! ڕۆژووتان لەسەر فەرزکرا! هەروەک چۆن لە سەر ئوممەتانی پێشوو فەرزبوو، بۆ ئەوەی خۆپارێزیی بکەن لە تاوان‌و پاک ببنەوە لە خراپە(يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا كُتِبَ عَلَيْكُمُ الصِّيَامُ كَمَا كُتِبَ عَلَى الَّذِينَ مِن قَبْلِكُمْ لَعَلَّكُمْ تَتَّقُونَ).
هاتنی مانگی ڕەمەزان، بە دوو بەڵگە دەچەسپێت:
یەکەم: بینینی مانگی یەک شەوەی ڕەمەزان کە لە کۆتایی مانگی شەعباندا خۆی نیشان دەدات و، لە لایەن شایەتێکی ڕاستگۆی عادلەوە بـبـینرێت، لەئێستادا ئامێری پێشكەوتووی بواری فەلەكناسیش بۆ بینینی مانگ بەكاردەهێنرێت، بەڵام هێشتا هەموو وڵاتانی ئیسلامی و شەرعزانان بەكدەنگ نین لەسەر بڕیاردان بەگوێرەی بینینی بە ئامێری پیشكەوتوو، لەبەر ئەمەشە لەبڕیاردان لەسەر یەكەم ڕۆژی ڕەمەزان و كۆتا ڕۆژی هەموو ساڵێك ڕاجیایی لەنێو وڵاتانی ئیسلامیدا دێتە ئارا.
دووەم: ئەگەر بەهۆی کەش وهەواوە مانگ نەبینرا، دوای تەواوبوونی ۳۰ ڕۆژی مانگی شەعبان، مانگی ڕەمەزان دەستپێدەکات. قورئان فەرموویەتی:
(فَمَن شَهِدَ مِنكُمُ الشَّهْرَ فَلْيَصُمْهُ) ( كه‌سێك له ئێوه مانگی ڕه‌مه‌زانی بینی”یان هه‌واڵی بینینی پێدرا”، ده‌با ئه‌و مانگه به‌ڕۆژوو بێت).
سروشتی مانگەكانی ساڵی كۆچی وایە مەرج نییە مانگ سی ڕۆژ بێت، هەربۆیە مەرج نییە هەموو ساڵێک، مانگی ڕەمەزان ۳۰ ڕۆژ بێت و، بە دوای ڕەمەزانشدا جەژن دێت.
ئەبو هورەیرە خوای لێ ڕازی بێ، لە پێغەمبەرەوە (صلى الله عليه وعلى آله وسلم) ئەگێڕێتەوە کە فەرموویەتی: (صوموا لِـرُؤيته وأفطِروا لِرؤيته، فإن غُبِّيَ عَلَيكُم فأكملوا عدّة شعبان ثلاثينَ يوماً) ــ مُتَّفَقُ عَلَیەِ.
واتە: (کە مانگی یەک شەوەی ڕەمەزانتان بینی! بەڕۆژوو بن! کە مانگی یەک شەوەی شەشەڵانتان بینی! واز لە ڕۆژووگرتن بێنن! ئەگەریش هەورو هەڵا بوو، ۳۰ ڕۆژ بژمێرن! چ بۆ بەڕۆژووبوون، چ بۆ ڕۆژووشکاندن).
بە دوای ڕەمەزاندا، یەکەم ڕۆژی مانگی شەووال دێت و دەکرێتە جەژن، ئەم جەژنە ئەگەرچی وەک ژمارە بەشێک نییە لە ڕۆژەکانی مانگی ڕەمەزان، بەڵام بە ناوی ئەوەوە ناونراوەو پێی ئەڵێن “جەژنی ڕەمەزان”.

پایەكانی ئیسلام

پایەكانی ئیسلام: بریتییە لەو بنچینانەی كەوا ئایینی ئیسلامی لە سەر بنیات نراوە و بریتییە لە پێنج پایە كە باسكراون لەو فەرموودەیەی كە (ابن عمر رضي الله عنه) لە پێغەمبەرەوە (صلى الله عليه وسلم) دەیگێڕێتەوە فەرموویەتی: (بُنِيَ الإِسْلاَمُ عَلَى خَمْسَةٍ : عَلَى أَنْ يُوَحَّدَ اللَّهُ ـ وفي رواية : عَلَى خَمْسٍ ـ : شَهَادَةِ أَنْ لاَ إِلَهَ إِلاَّ اللَّهُ وَأَنَّ مُحَمَّدَاً عَبْدُهُ وَرَسُولُهُ ، وَإِقَامِ الصَّلاَةِ ، وَإِيتَاءِ الزَّكَاةِ ، وَصِيَامِ رَمَضَانَ ، وَالْحَجِّ، فَقَالَ رَجُلٌ : الْحَجِّ وَصِيَامِ رَمَضَانَ ، قَالَ : لاَ ، ((صِيَامِ رَمَضَانَ وَالْحَجِّ)) هَكَذَا سَمِعْتُهُ مِنْ رَسُولِ اللَّهِ (صلى الله عليه وسلم)، واتە: (ئیسلام لە سەر پێنج پایە بنیات نراوە: لە سەر ئەوەی كەوا خوا بە تەنها بپەرسترێت. لە ریوایەتێكی تردا هاتووە: شایەتی دان بەوەی كەوا هیچ پەرستراوێك نییە شایستەی پەرستن بێت جگە لە خوا، بەڕاستی (محمد) (صلى الله عليه وسلم) عەبد و پێغەمبەری خوایەو، ئەنجامدانی نوێژ و، زەكاتدان و، ڕۆژووی ڕەمەزان و، حەجكردن، پیاوێك وتی: حەجكردن و ڕۆژووی ڕەمەزان، (ابن عمر) فەرمووی: نەخێر، ڕۆژووی ڕەمەزان و حەجكردن، بەمشێوە بیستوومە لە پێغەمبەرەوە (صلى الله عليه وسلم).

(رواه البخاري ، كتاب الإيـمان ، باب الإيـمان وقول النبي صلى الله عليه وسلم: “بني الإسلام على خمس” ، رقم : (8) ، ورواه مسلم ، كتاب الإيـمان ، باب بيان أركان الإسلام ودعائمه العظام، رقم: (111)).

كەواتە ڕۆژووی ڕەمەزان یەكێكە لە پێنج پایەكەی ئیسلام و چوارەمین پایەیانە.

فەزڵ و پاداشت و تایبەتمەندییەكانی ڕۆژوو

بێگومان ڕۆژوو چه‌ند ڕێز و فەزڵ و تایبه‌تمه‌ندییه‌كی هه‌یه‌ ، له‌وانه‌ :

1-  ڕۆژوو یه‌كێكه‌ له‌و كرده‌وانه‌ی كه‌خودا په‌یمانی داوه‌ به‌هۆیه‌وه‌ له‌خاوه‌نه‌كه‌ی خۆش بێت و پاداشتێكی گه‌وره‌ی بداته‌وه‌ .

2-  ڕۆژوو خێرێكی گه‌وره‌یه‌ بۆ موسوڵمان گه‌ر بزانێت.

3-  ڕۆژوو هۆكارێكه‌ له‌هۆكاره‌كانی به‌ده‌ست هێنانی ته‌قوا وخۆ پارێزی.

4 – ڕۆژوو پارێزه‌ره‌ ، ومرۆڤی موسوڵمان خۆی پێ ده‌پارێزێت له‌ئاگر .

5-  ڕۆژوو پارێزه‌ری مرۆڤه‌ له‌ شه‌هه‌وات و ئاره‌زووه‌كان .

6-  به‌ڕۆژووبوونی یه‌ك ڕۆژ له‌پێناو خوادا حه‌فتا ساڵ مرۆڤ له‌ئاگری دۆزه‌خ دوور دەخاته‌وه‌.

7 – به‌ڕۆژوو بوونی یه‌ك ڕۆژ له‌پێناو خوادا به‌قه‌د دووری نێوان ئاسمان وزه‌وی مرۆڤ له‌ئاگری دۆزه‌خ دوور دەخاته‌وه‌ .

8-  ڕۆژوو ئامۆژگاری پێغه‌مبه‌ره‌ (صلی الله علیه‌ وسلم) و هاوشێوه‌ی نییه‌.

9 –  ڕۆژوو خاوه‌نه‌كه‌ی له‌ده‌رگای ڕه‌یانه‌وه‌ ده‌كاته‌ ژووره‌وه‌ بۆ نێو به‌هه‌شت.

10 –  ڕۆژوو ده‌بێته‌ هۆی سڕینه‌وه‌ی تاوانه‌كان .

11-  پاداشتی ڕۆژووانان پاداشتێكی دیاری نه‌كراوه‌ .

12-  ڕۆژووان دوو خۆشی بۆ هه‌یه‌ .

13-  بۆنی ده‌می ڕۆژووان له‌لای خوا له‌ بۆنی میسك خۆشتره‌ .

14 – ڕۆژوو و له‌گه‌ڵ قورئانی پیرۆزدا ده‌بنه‌ شه‌فاعه‌تكار بۆ خاوه‌نه‌كه‌یان له‌ڕۆژی دواییدا .

15- ڕۆژوو دەبێتە هۆى بەدەستهێنانى چه‌ند ژوورێكی به‌رزی له‌نێو به‌هه‌شتدا .

خوای گەورە تەمەنی پێبەخشین ئەمساڵیش بگەینەوە مانگی ڕەمەزان، ئەمەش سوپاس و ستایشی دەوێت، چونكە دەرفەتێكی نوێیە بۆ ئەنجامدانی پەرستشەكان و بەهێزكردنی ئیمان و بەدەمەوەچوونی هەژاران و نەداران، خوای گەورە ئەم مانگە پیرۆزە بكاتە مایەی سەركەوتنی موسڵمانان بەسەر دوژمنان و سەركەوتنی تاكی موسڵمان بەسەر دەروونیدا.

 

ڕێدار ئەحمەد

ڕێدار ڕەئوف ئەحمەد لەدایکبووی 1974 هەڵەبجە، بەکالۆریۆس لەیاسا 2012، ماستەر لەیاسای ئیسلامی 2017، خاوەنی بیست و سێ کتێبی چاپکراوە لەبواری وەرگێڕاندا.

ڕێدار ئەحمەد

ڕێدار ڕەئوف ئەحمەد لەدایکبووی 1974 هەڵەبجە، بەکالۆریۆس لەیاسا 2012، ماستەر لەیاسای ئیسلامی 2017، خاوەنی بیست و سێ کتێبی چاپکراوە لەبواری وەرگێڕاندا.

بابەتەكانی نوسەر

Leave a Reply