فاکتەری وەرگێڕان و کاریگەریی گۆڤارە عەرەبییەكان (ARCIF)، گۆڤاری (بیری ئیسلامیی هاوچەرخ) کە لە لایەن پەیمانگای جیهانیی فیکری ئیسلامیی لە واشنتۆن دەردەچێت، لە ساڵنامەی ٢٠٢٥ی خۆیدا پۆلێن دەکات و پلەیەکی بەرزی زانستیی پێ دەبەخشێت.
لە بەیاننامەکەی خۆیدا؛ (ARCIF) ڕوونی کردۆتەوە کە پرۆسەی پۆلێنکردن و پێداچوونەوە و لێکۆڵینەوەکە زیاتر لە (٥٥٠٠) گۆڤاری زانستیی عەرەبی، یان عەرەبیزمانی لە بەشە جیاوازەکاندا لەخۆ گرتووە. لەو ژمارەیەش تەنها (1500) گۆڤار مەرجەکانی باوەڕپێکردنیان بەدەست هێناوە، لە کۆی ئەوانیش (1272) گۆڤار فاکتەری کاریگەریی باوەڕپێکراویان بۆ ساڵی 2025 وەرگرتووە.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە کە گۆڤاری (بیری ئیسلامیی هاوچەرخ) بە وردییەکی بەرزەوە پێوەرەکانی باوەڕپێکردنی بە سەرکەوتوویی بەدەست هێناوە، دوای ئەوەی بەپێی (٣٢) ستانداردی نێودەوڵەتی هەڵسەنگێندراوە، ئەو بنەما ستاندارانەش لە لایەن دەزگا و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانەوە پەسەند کراون، لەوانەش (یونسکۆ، ESCWA، کتێبخانەی ئەسکەندەریە) و ژمارەیەک لە پسپۆڕان و ئەکادیمیستەکانی وڵاتانی عەرەبی و بەریتانیا).
لە بەیاننامەکەی (ARCIF)دا ئەوەش ڕوون کراوەتەوە کە فاکتەری کاریگەریی ئاماژە (RIF)ی بۆ گۆڤارە عەرەبییەکانی تایبەتمەند لە توێژینەوە ئیسلامییەکان (0.025) بووە، گۆڤارەكە لە بواری توێژینەوە ئیسلامییەكاندا پلەی چوارەمی بەدەستهێناوە و لە بازنەی یەكەم (Q1)دایە، لە چوارچێوەی گۆڤارە فرەپسپۆڕییەكانیدا پلەیەكی لە بازنەی دووەم (Q2)ی بەدەستهێناوە. ئەمەش ڕەنگدانەوەی پێگە زانستی و ئەکادیمییەکەیەتی لە نێو گۆڤارە عەرەبییەکانی؛ کە لە لایەن هاوتاکانەوە پێداچوونەوەیان بۆ کراوە.
لای خۆشیەوە سەرنووسەری گۆڤاری (بیری ئیسلامیی هاوچەرخ)، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ڕێکخەرانی دەستپێشخەریی (ARCIF) دەربڕی بۆ ئەم هەڵسەنگاندنە زانستییە وردەیان، جەختی لەوەش کردەوە کە ئەم دەستکەوتە ڕەنگدانەوەی لێکۆڵینەوە و هەوڵە فیکرییەکانی تیمەکەیە لە پشتیوانییکردنی بیری ئیسلامیی هاوچەرخ و بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەیی لە کۆمەڵگەی ئەکادیمیی عەرەبی و نێودەوڵەتییدا.
شایانی باسە پێوەرەکانی (ARCIF) یەکێک لە پێوەرە عەرەبییە پڕبایەخەکانن کە گۆڤارە ئەکادیمییەکان بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییە وردەکان پۆلێن دەکات و هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکات، بە هاوکاریی لەگەڵ ڕێکخراو و ئۆرگانە ئەکادیمییە نێودەوڵەتییە بەناوبانگەکان.
شایانی باسیشە پرۆفیسۆر دکتۆر سەباح بەرزنجی سەرۆکی سەنتەری زەهاوی بۆ لێکۆڵینەوەی فیکریی ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری (بیری ئیسلامیی هاوچەرخ)ـە و یەكەم ژمارەی گۆڤارەكەش (٣١) ساڵ بەر لە ئێستا دەرچووە.




