وتار

ڕۆڵی تەسەوف لە ژیاندۆستیدا

پ.ی.د. ژینۆ عەبدولڵا

وشەی “تەسەوف” لە ڕاستیدا وشەیەكە لە سەدەی یەكەمی ئیسلامدا نەبووە، لە سەدەی دووەمی كۆچیدا زیاتر وشەكە هاتووەتە ناو بواری فەرهەنگ و زانستەكانی لەبواري ئیسلامەوە.هەندێك توێژەر وشەكە ئەگەڕێننەوە بۆ وشەی “صەفا” واتە پاك و خاوێنی. هەندێكی تر وشەكە ئەگێڕنەوە بۆ ” أصحاب الكهف ” چەند هاوەڵێكی هەژاری سەردەمی پێغەمبەر بوون، دروودی خوای لەسەر بێت، لە سەكۆیەكی مزگەوتەكەدا ئەژیان. هەندێكی تر ئەیگێڕنەوە بۆ وشەی “صوف”. واتە ئەوانە پۆشاكێكیان لە بەردا بووە لە “صوف” لە پۆشاكی زبری خوری، نیشانەی هەژاری بووە.وەكو چەمك و ناوەڕۆكی “تەسەوف”یش، لە ڕاستیدا ئێمە چەند زاراوەیەكی تری قورئان و سوننەتی پێغەمبەرمان هەیە، دروودی خوای لەسەر بێت، بۆ ئەو ناوەڕۆكە..

لە قورئانی پیرۆزدا وشەی “تەزكیە”ی بەكار هاتوە﴿هُوَ الَّذِي بَعَثَ فِي الْأُمِّيِّينَ رَسُولًا مِّنْهُمْ يَتْلُو عَلَيْهِمْ آيَاتِهِ وَيُزَكِّيهِمْ﴾ الجمعة.لە ئایەتێكی تردا دەفەرموێت: ﴿ قَدْ أَفْلَحَ مَن زَكَّاهَا﴾ سورة الشمس. ئەم ئایەتانە باس لە “تەزكیە” واتە پاكژكردنی دڵ و دەروون دەكەن.لە قورئاندا ئەم زاراوانە هەن، كە دواتر وشەی “تەسەوف” بۆ ناوەڕۆكی ئەوانە بەكارهات، هەندێك پێیان وایە تەسەوف بۆ ئەم ئایەتانە دەگەڕێتەوە.لە فەرموودەی صەحیحی پێغەمبەریشدا، دروودی خوای لەسەر بێت، باس لە پلەیەك كراوە كە لە سەرووی پلەی “ئیمان” و “ئیسلام”ەوەیە، ئەویش پلەی “ئیحسان”ە .پێغەمبەر دروودی خوای لەسەر بێت، لە پێناسەی “ئیحسان”دا دەفەرموێت: (الْإِحْسَانُ أَنْ تَعْبُدَ اللَّهَ كَأَنَّكَ تَرَاهُ فَإِنْ ڵمْ تَكُنْ تَرَاهُ فَإِنَّهُ ێرَاكَ).لە ڕاستیدا ئەم زاراوانە، لە قورئان و سوننەتدا هاتوون.زۆربەی ئەوانەش كە دەڵێن تەسەوف لە ئیسلامدا نییە و بیدعەیە، هۆكاری قسەكەیان دوو بابەتە:

– وشەكە لە قورئان و سوننەتدا نەهاتووە و لە سەرەتای ئیسلامدا نەبووە.

– هەندێ‌ هەڵسوكەوتی دوور لە “شەرع”ی ئیسلام تێكەڵ بە ڕەفتاری هەندێ‌ لە ئەهلی تەسەوف بووە.

تەسەوف و ئیسلام

هەر لە قۆناغە سەرەتاكانی ئایینی ئیسلامەوە، تا قۆناغەكانی دواتر كۆمەڵێك خەڵك هەبوون تەزكیەی دڵ و دەروونیان كردووە، ئەم ئایینەیان بە پاكی ڕاگرتووە، بە تایبەتی لە سەردەمی جەنگی خاچپەرست و تەتارەكان، كە هاتبوونە ناو جیهانی ئیسلامییەوە، زۆربەی ئەو بیرمەند و كەسایەتییانەی كە توانیویانە لە ڕووی فیكری و پەروەردەییەوە بەرەنگاری دوژمنان ببنەوە و نەوەیەك پێ‌ بگەیەنن بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی داگیركەران، لە گەورە مەردانی ئەهلی تەسەوف بوون، وەكو ئیمامی غەزالی و شێخ عەبدولقادری گەیلانی، تەنانەت گەر بگەڕێینەوە بۆ سەدەكانی پێشتریش وەك سەردەمی تابیعین و دوای ئەوانیش جێدەستی گەورە كەسانێكی وەك حەسەنی بەسری و دواتر حاریسی موحاسیبی و هاوشێوەكانیان دەبینین لە ڕاستكردنەوەی ئەو ڕواڵەتانەی كۆمەڵگا كە لەگەڵ ئایینی ئیسلامدا نەئەگونجان.

سەعیدی نوورسی

پەروەردەبوون بەو “تەزكیە”یەی كە ناونرا تەسەوف، وەك ناوەڕۆكەكەی، نەك توێكڵ و ڕووكارەكەی، كەم بۆتەوە. بە تایبەت دوای “نەمان” یاخود “كەمبوونەوە”ی ئەو مورشیدە ڕاستەقینانەی كە بە ڕێبازی شەرعی ئیسلام ، بە هەردوو باڵی قورئان و سوننەت، بە ڕێبازێكی زانستییانە خەڵكیان بەو تەزكیەیە پێدەگەیاند. یەكێك لە هۆكارەكانی كەمبوونەوەی “ناوەڕۆك”ی تەسەوف، خودی زاراوەكانی ئەو ڕێبازەیە، چونكە خەڵكانێك هەن لەو زاراوانە دەسڵەمنەوە و دەڵێن زاراوەكانی عیرفان و تەسەوف لە سەرەتای ئیسلامدا نەبووە، دیارە ئەوەش خۆسەرقاڵكردنە بە “زارەوە” و گوێ‌ نەدانە بە “ناوەڕۆك”.

زانایەكی وەكو مامۆستا سەعیدی نوورسی، جەخت دەكاتەوە لەسەر “ئیمان” بۆ ئەم ڕۆژگارە، نەك لەسەر “تەسەوف”. هەر بۆیە لە گەلێ‌ شوێنی كتێبەكانیدا دەڵێت “ئەم سەردەمە سەردەمی ڕزگاركردنی ئیمانە، نەك سەردەمی تەسەوف”.هەر لەم بارەیەوە نموونەیەك دەهێنێت و دەڵێت:”مرۆڤ بە بێ‌ نان (قووتی مایەی بژێو) ناتوانێت بژی، بەڵام بە بێ‌ میوە دەتوانێت بژی”.*

لێرەدا “ئیمان” دەشوبهێنێت بە نان و “تەسەوف”یش بە میوە، پێی وا بووە مرۆڤ بە بێ‌ ئیمان ناچێتە بەهەشتەوە، بەڵام دەكرێ‌ بە بێ‌  تەسەوف بچێتە بەهەشتەوە.

مەولانا خالیدی نەقشبەندیی

مامۆستا “فارووق ڕەسووڵا یەحیا” وەرگێڕی سەرجەمی پەیامەكانی سەعید نوورسی و شارەزا لە بواری تەسەوف لە دیدارێكدا بۆی باسكردم ، زیاتر بە ڕوخسار و دیوی ڕواڵەتی ئیسلامەوە سەرقاڵین هەتا گەوهەر و ناوەڕۆكەكەی. خۆ ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ناوەڕۆكی ڕاستەقینەی تەسەوفیش، كە “تەزكیە”یە و خواستێكی ئایینە، نەك ڕواڵەتەكەی، ئەوا هەمیشە و لە هەموو كات و سەردەمەكاندا پێویستیمان پێی هەیە..

بایەخدانی خۆرئاواش بە تەسەوف و كەسایەتییەكانی لە مێژووی ئیسلامدا، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە لەسەر چەند پردێك و لە ڕێی بەرهەمەكانی چەندین كەسایەتیی وەكو جەلالەدینی ڕۆمی و ئیمامی غەزالی و مەولانا خالیدی نەقشبەندیی ئەو بایەخدانە گەیشتووە بە شوێنە دوورەكانی جیهان.. بێگومان هەریەك لەمانە ئەدەب و بەرهەمەكانیان كاریگەریی هەبووە لەسەر مرۆڤەكان بە بێ‌ ڕەچاوكردنی جیاوازیی نەتەوەیی و ئایینی، بە تایبەت كەسایەتییەكی وەك جەلالەدینی ڕۆمی لەگەڵ هەموو مرۆڤەكاندا دەدوێت ئیتر خاوەنی هەر ئایین و ڕێچكەیەك بێت. ئەو گەورە كەسایەتییانەی تەسەوف كاریان لەسەر خاڵی هاوبەش دەكرد لە نێوان مرۆڤەكاندا..

تەریقەتی قادری و نەقشبەندی

تەریقەتی قادری و نەقشبەندی كاتێك لە كوردستاندا بڵاوبوونەوە، بوونە مایەی خێر بۆ خەڵكەكەی، وەك لای شارەزایان ئاشكرایە تەریقەتی نەقشی هاوكات لەگەڵ بڵاوبوونەوەیدا لە وڵاتی ئێمە بوو بە هۆی كردنەوەی چەندین خوێندنگە و پێگەیاندنی دەیان زانا و كەسایەتیی گەورە كە هەریەك لەوانەش بوونە چرایەك لە دەوروبەری خۆیاندا، لە ڕووی پەروەردەكردنی ڕەوشتی و ڕۆحییەوە گەلێ‌ خزمەتی باشیان پێشكەش كرد، چەندین ئاسەواری ڕەنگینیان بەجێ‌ هێشت.

لەناو ئەوانەشدا چەندین كەڵە پیاوی ئەوتۆ هەڵكەوتن كە جێدەستیان لە مێژووی سیاسی و ئایینی و كۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و ئەدەبیی كوردیدا وەك ڕۆژی ڕووناك ئاشكرایە.شاعیرە گەورەكانمان، كامیان كاریگەریی تەسەوفی لەسەر نەبووە؟ بۆ نموونە “مەحوی” لوتكەیە لە عیرفان و لە ئەدەبدا.. یان “مەولەوی”.. هتد.

شێخ سەعیدی پیران

شۆڕشەكانی كورد، شێخ مەحمودی مەلیك لە بنەماڵەی كاك ئەحمەدی شێخە.. یان شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری كە سەر بە تەریقەتی نەقشبەندییە.. یان شێخ سەعیدی پیران.. ئەمانە و هاوشێوەكانیان بەرامبەر بە ستەمكاران و داگیركەران ڕاپەڕیون، واجبی شەرعی و نەتەوەیی خۆیان بەجێهێناوە لە سەركردایەتی كردنی شۆڕشەكانی میللەت و بەگژاچوونەوەی ستەم و ناحەقی لەسەر گەل و نەتەوەكەمان. ئەو شانازییانەی ئێمەی كورد كە لە مێژووی نووسراوماندا تۆمار كراوە، لە بەشی هەرە زۆریدا دەگەڕێتەوە بۆ كاریگەریی ئایینی ئیسلام لەسەر میللەتەكەمان كە مەردانی “تەزكیە” كراوی ڕێبازی تەسەوف ڕۆڵی سەرەكی و گەورەیان تێدا بینیوە. گەر ئەو كاریگەرییانە لە مێژووماندا لاببەین، دەبێ‌ چیمان لە ڕووە ئیجابییەكەی مێژووماندا بۆ بمێنێتەوە؟وەفاداریمان بۆ پێشینانمان دەخوازێ‌ ڕۆڵی ئەوان فەرامۆش نەكەین.

 

 

كاك ئەحمەدی شێخ

لە مەجلیسی كاك ئەحمەدی شێخدا هەروەك پیاوە گەورەكانی موسڵمانان دادەنیشتن، پیاوانی گەورەی جوولەكە و مەسیحییەكانی شاریش ئامادەی كۆڕ و دانیشتنەكانی ئەو زاتە دەبوون. كاك ئەحمەد كەسێكی كراوە بووە بە ڕووی هەموویاندا، نموونەی موسڵمانێكی ڕاستەقینە بووە..لە مێژووی نوێشماندا خوا لێخۆشبوو شێخ عوسمانی سیراجەدینی دووهەم، نموونەیەكی بەرجەستەی ئەو پەیوەندییە دڵسۆزانەیە بووە لەگەڵ مرۆڤەكاندا بە هەموو جیاوازییەكانیانەوە، هەر لەبەر ئەوەش بووە كە بەهۆیەوە چەندین كەسی لاڕێ‌ گەڕاونەتەوە و ڕێی ڕاستیان  گرتووەتەبەر..مامۆستا سەعیدی نوورسی پتر لە سی ساڵی تەمەنی، بە ناهەق، دووچاری بەندی و دوورخرانەوە و دادگایی كردنی نایاسایی بووەوە، دواتر كە بارودۆخ گۆڕا و دەیتوانی تۆڵەی خۆی لەوانە بسێنێتەوە كە ناهەقییان بەرامبەر نواندبوو، كەچی لەسەر ڕێبازی سوننەتی پێغەمبەری ئازیز، درووی خوای لەسەر بێت، گەردنی هەموویانی ئازاد كرد و لێیان خۆش بوو، ئێمەی كوردی موسڵمان ئەم نموونە جوانانەمان لە لا هەیە، دەتوانین پێشكەشی دەوروبەرمانی بكەین. ئایین وامان لێ‌ دەكات كە پێكەوە بژین، تێمان دەگەیەنێت كە هەموومان بێ‌ جیاوازی هاووڵاتیین، دەبێ‌ كار لەسەر ئەو خاڵانە بكەین كە كۆمان دەكەنەوە.

كاتێك “سیاسەت” هاتە ناو هەموو بوارەكانی كۆمەڵگاوە، بوو بە هۆی ئەوەی كە شوێنكەوتەی ئایین ومەزهەبە جیاوازەكان، نەتەوە جۆراوجۆرەكان پتر لە یەكتر دوور بكەونەوە.

ئەو بۆشاییانە، تەسەوف پڕیان دەكاتەوە

ناوەڕۆكی تەسەوف “تەزكیە”یە، مافی خۆی پێ‌ بدرێت، گەلێ‌ خزمەت پێشكەش بە تاك و كۆمەڵ دەكات. یەكێك لەوانە پاكژكردنی دەروونەكانە لە دەردەكانی خۆپەسەندی، لەخۆ ڕازی بوون، حەسوودی بردن بە خەڵك، دوژمنایەتی كردنیان، بە كەم سەیركردنیان، فێڵ لێكردنیان.. خۆ ئەگەر ئەم پاكژكارییە لە من و تۆ و تاكەكانی كۆمەڵگادا هەبوو، ئەوا بێگومان ئەو كەسانەی كۆمەڵگا لە هەر كار و پیشەیەك، لە هەر پلە و پایەیەكدا بن، كەسانی رەوشت پاك، ڕاستگۆ، دەست پاك، بێ فێڵ دەبن.. ئەگەر كەسەكە سیاسەتمەدار بێت ڕاست دەكات لەگەڵ میللەتەكەی خۆیدا، ئەگەر كاسبكار بێت گزی و تەرازووبازی ناكات، ئەگەر ڕۆشنبیر و زانا بێت فەرهەنگ و زانستەكەی دەخاتە خزمەتی كۆمەڵ، هەرگیز میللەتەكەی خۆی ناخەڵەتێنێت.

.

فەرهەنگیی ئیسلام

لەو كاتەوە كە تەسەوف وەكو زاراوە و ناو بۆ قوتابخانەیەك – نەك وەكو تەزكیە و ئیحسان كە هەر لە سەرەتای ئایینی ئیسلامەوە هەبووە – لە سەدەی دووەمی كۆچیدا سەری هەڵدا هەتا دەگاتە سەدەی سێهەمیش، هیچ چەمك و زاراوەیەكی وەكو ئەوانەی تێدا نەبووە، لەگەڵ ئیسلامدا یەك نەگرێتەوە. بەڵام بە داخەوە لە ناوەڕاستی سەدەی سێهەمەوە و دواتریش، هەندێ‌ لایەنی فەرهەنگی و فەلسەفیی یۆنانی و شوێنانی تر، كەم تا زۆرێك تێكەڵكرا بە هەندێ‌ لایەنی فەرهەنگیی ئیسلام.. تەسەوفیش لەو دیاردەیە بەدەر نەبوو، ئەوەبوو هەندێ‌ شتی لە دەرەوە وەرگرت كە لەگەڵا ئایینی ئیسلامدا ناگونجێت.

هەندێ‌ لێكۆڵەری ئەو بوارە، ئەو جۆرە وشانە بەوە لێك دەدەنەوە كە تەعبیركردنە لە چێژێكی تایبەتی كە ڕێبوارانی ئەو ڕێیە لە دەمی سەیر و سلووكدا بە دڵ دەیچێژن، نەك ئەوەی شتی نەزەری بن هەتا مشت و مڕ هەڵبگرن، بە وێنەی ئەوەی كە تۆ باسی تامی خواردنێكی خۆش بۆ كەسێك بكەیت كە هێشتا ئەو جۆرە خواردنەی نەخواردبێت، هەرگیز تەسەوری تام و چێژەكەی ناكات وەك كەسێك خواردبێتی، ئاشكرایە ئەو كەسە هەتا كەوچكێكی لێ‌ نەخوات هەموو تەسەورێكی لەبارەیەوە هەڵە دەردەچێت. ئێمەش مادەم خۆمان ئەو سەیر و سلووكەمان نەبووبێت و چێژی لەو جۆرەمان بە خۆمانەوە نەدیبێت، هەر لێكدانەوەیەكی نەزەرییان بۆ بكەین دەكەوینە هەڵەوە.

ئیبن عەرەبی

ئیبن عەرەبی كتێبی “وەصایا”ی هەیە و كتێبی “فتووحات”یش. وەصایاكەی زۆربەی خەڵك دەتوانێت بیخوێنێتەوە و سوودی لێ‌ وەربگرێت، بەڵام فتووحاتەكەی وا نییە، بەڵكو تایبەتە بۆ كەسانی هاوحاڵەتی خۆی، زیانی هەیە بۆ خەڵكانی تر.بەڵام جەلالەدینی ڕۆمی هەموو كەسێك دەتوانێت مەسنەوییەكەی بخوێنێتەوە و سوودی لێ‌ وەربگرێت، هەر بۆیە تەرجەمە كراوە بۆ گەلێ‌ زمانی دنیا.

واتای مەجازیی

ئەو كەسایەتییانەی ئەهلی تەسەوفیش لە لایەنی خۆیانەوە ئەو شتانەی كە لە حاڵی نائاساییدا هەستی پێ‌ دەكەن هەرگیز گوزارشتی لێ‌ نەكەن، بۆ ئەوەی ناچار نەبن لە واتای مەجازیی ئەو وشانەدا دەریان ببڕن كە خەڵك بە واتای تر بەكاریان دەهێنن. كەچی ئەوان لە دەستیان ترازاوە و كردوویانە بە كتێب و بڵاویان كردووتەوە.

بۆ لێكدانەوەی ئەو چەشنە وشانە تا ئێستا هەندێ‌ فەرهەنگ دانراوە، وەك (معجم مصطلحات الصوفیە)، جگە لە زاراوەكانی “تەسەوف” لە فەرهەنگی (التعریفات)ی جورجانی.

لە هیندستان تەسەوف گەشەی كردووە

لە هیندستان تەسەوف زیاتر گەشەی كردووە. چونكە لەوێ‌ تەریقەتەكانی قادری، چەشتی، نەقشبەندی، سوهرەوەردی، زیاتر بڵاو بووە، پێدەچێ‌ ژینگەی ئەوان لەبارتر بووبێت بۆ گەشەكردنی تەسەوف لەوێ‌.لایەنێكی تەسەوف لەوەدایە كە زۆرێك لە گەورە مەردانی ئەو ڕێگایە هەرچەندەش دەوڵەمەند بن هێشتا هەر ڕێبازی زوهد و هەژاری بۆ خۆیان هەڵدەبژێرن. ئەوەتا دەبینین گەورە مورشیدانی تەریقەتی نەقشبەندی هەرچییەكیان هەبووبێت بۆ هەژاران و قوتابخانەكان و قوتابیان و خزمەتی میوان لە خانەقاكانیاندا خەرجیان كردووە. ئەمەش پێم وایە هۆكارێكی ترە بۆ بڵاوبوونەوەی ئەم تەریقەتە لە هیندستان كە زۆرینەی خەڵكەكەی لە دێرزەمانەوە كەسانێكی هەژارن.

بەشێكی زۆری ئەدەبیاتی تەسەوف بە زمانی فارسی تۆمار كراوە كە بۆ ماوەیەكی درێژخایەن زمانی نووسین و ئەدەبیات بووە لەناو گەلانی ناوچەكەدا، ئەمەش هۆكارێكی ترە بۆ بڵاوبوونەوەی ئەدەبیاتی تەسەوف لەناو گەلانی هیند و ئەفغان و پاكستان و تاجیكستان و توركستان و كوردستان و توركیا.

سەرچاوە

–  دیدارێكم لەگەڵ مامۆستا “فارووق ڕەسووڵا یەحیا” وەرگێڕی سەرجەمی پەیامەكانی سەعید نوورسی و شارەزا لە بواری تەسەوف.

-التصوف الإسلامي، تور آندريه، ت- د. عدنان عباس علي، الناشر: منشورات الجمل، 2003.

 

 

 

پ.ی.د.ژینۆ عەبدوڵڵا

Leave a Reply