مستەفا زەڵمی ئەو منەوەرەی ڕاستگۆیانە یاداشتەكانی نوسییەوە
پ.ی.د. ژینۆ عەبدوڵڵا
هونەری یاداشت بە یەكێك لە گرنگترین ژانەرەكانی بواری نووسین و رۆژنامەنووسی دادەنرێت و بە كۆڵەكەی سەرەكی كاری كەسایەتییە گرنگەكانی ناو كۆمەڵگا هەژمار دەكرێت. ئەم ژانەری نوسینە لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریكا بەم دواییە بایەخێكی زۆری پێدرا بەوەی ئەو كەسایەتیانەی ڕۆڵی بنیاتنەریان هەیە لەكۆمەڵگەدا بۆ ئەوەی نەوەی نوێ و رای گشتی بە كارەكانیان ئاشنا بكرێن بە تایبەت ببێت بە كلیلی سەركەوتن بۆ خوێنەران.
دكتۆر عەبدولعەزیز شەرەف پسپۆری بواری ماس میدیا لە زانكۆی قاهیرە ئاماژە بەوە دەدات كە بەداخەوە سەرەڕای گرنگی و بایەخی نوسینی یاداشت، بەڵام جیاوازی نووسینی یاداشت لە نێوان خۆرهەڵات و خۆرئاوادا ڕاستییە، بەشێوەیەك هەر رووداوێك ناخۆش یاخود خۆش و هەر هەڵەیەك كە لە ژیاندا كرابێت دەنوسرێنەوە، نووسەر ڕاستگۆیانە دەڵێت ئەم هەڵانەم كردووەو پەشیمانم بەڵام پێچەوانەكەی بۆ وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ڕاستە، بە شێوەیەك ئەو كەسەی یاداشتەكان دەنوسێتەوە خۆی وەك فریشتە پیشان دەدات.
كتێبی(كاروانی ژیانم)ی نوسەرو پرۆفیسۆر دكتۆر مستەفا ئیبراهیم زەڵمی ، ئەو منەوەرەی كورد بە شێوەیەكی راستگۆیانەو ورد یاداشتەكانی خۆی نوسیوەتەوە تیایدا ئەو هەوراز و نشێوەی لە ژیانیدا ڕوویداوە بەسەری هاتووەو بە وردی بە شێوەیەكی ئەدەبی جوان بۆ خوێنەران ڕون دەكاتەوە بەجۆرێك هەر زوو خوێنەر كەمەركێش دەكات بۆ خوێندنەوەی.
ئەم كتێبە دابەشبووە بۆ دوو بەرگ لە بەشی یەكەمی ژیانیدا لە ساڵی(١٩٢٤-١٩٥٥) بە شێوەیەكی ورد هەر لە كاتی لەدایكبوونیەوە و دواتر ژیانی فەقێیەتی كە تیایدا زیاتر لە ١٢ ساڵ خوێندنی فەقێیەتی لە كوردستانی باشور و خۆرهەڵات و باكور خوێندوەو ئاماژە بەوە دەكات كە سەرەڕای ئەوەی مەلای كورد دوانزە عیلم دەخوێنن بەڵام بەهۆی كلاسیكی و كۆنی و دواكەوتوویی مەنهەجەكانەوە نەتوانراوە مامۆستا گەورەو ناودارەكانی كورد لە دوای خۆیان بەرهەمی گەورە بەجێبهێڵن، كە هیچیان كەمتر نەبووە لە ئیمامەكانی شافعی و مالیكی و حەنبەلی.
لە بەشێكی تری یاداشتەكانیدا پرۆفیسۆر زەڵمی باسی ئەو عادەت و نەریتە خراپانە دەكات كە داخڵ بە دین بوون و دینیش هیچ پەیوەندیەكی بەو عادەت و تەقالیدە خراپانەوە نییە، هەر بۆیە لەم كتێبەدا چەندین نمونەی هێناوەتەوە و چەندین میكانیزمیشی داناوە بۆ نوێكردنەوەی گوتاری ئاینی كوردی.
لە بەرگی دووەمی ئەم كتێبەدا یاداشتەكانی مامۆستا لە ساڵی (١٩٥٦-٢٠١٤) كە تیایدا بوونی مامۆستا بە ئیمام لە سوپادا و كارەكانی لەو لیوایەی كە عەبدولكەریم قاسم و عەبدول سەلام عارف تایدا بووە بە وردی ڕوون دەكاتەوە و هەروەها هۆكاری بەشداربوونیشی لە شۆرشی ١٤ تەمووز دەخاتە ڕوو پاشان باسی ئەو كردەوە ناشرینانەش دەكات كە بەناوی شۆرشەوە لە عێراقدا ئەنجام درا.
خوێندنەوەی ئەم كتێبە بۆ مامۆستایانی ئاینی و خوێندكارانی كۆلیژی یاسا بایەخ و گرنگی تایبەتی هەیە چونكە مامۆستا كە خاوەنی بروانامەی دكتۆرایە لە شەریعدا و تەنها كاتی گفتوگۆشی مابوو بۆ وەرگرتنی دكتۆرای دووەم لە یاسادا و سێ بروانامەی ماستەریشی هەیە بە وردی ئاستەنگ و كێشەكانی نێوان ئاین و یاسا روون دەكاتەوە، توانیویەتی لە كتێبێكیدا بەراوردیك بكات لە نیوان فقهی هەرچوارمەزهەبەكەی سونە و مەزهەبەكانی شیعە و تیایدا ڕاكانی خۆی ئازادانە بە بەڵگەوە خستۆتە روو و لە كتێبەكەیدا بە ناوی(فقهی ئیسلامی لە نەسجێكی نوێدا) كە بە زمانی عەرەبی نوسیوێتی.
لە كۆتایدا ئەو هەوراز و نشێوەی مامۆستا بینیوێتی لە كاتی خوێندنی مەلایەتی و دەركردن و دژایەتی كردنی لە لایەن هەندێك مامۆستایانی ئاینیەوە وەك خۆی دەڵێت بۆتە مایەی خێر بۆیی و توانیویەتی مكوڕتربێت لەسەر ژیان و بتوانێت بروانامەی زیاتر بە دەست بهێنێت.
پرۆفیسۆر زەڵمی ئاماژە بەوەش دەكات لە ژیانمدا گەیشتوومەتە ئەو بڕوایەی كە دینداری تەنها عیبادەت نییە بەڵكو كردەوەی چاك و هاوكاریكردنی خەڵكە، لەو روانگەیەشەوە چەند نمونەیەكی هێناوەتەوە كە چۆن دكتۆرێكی مەسیحی و دكتۆرێكی صوبی هاوكاریەكی گرنگیان كردووە و دەڵێت تاماوم قەرزاریانم. بە پێچەوانەشەوە نموونەی كەسێك دەهێنێتەوە كە بەردەوام عیبادەتی كردووە و داوای هاوكاریەكی كەمی لی كردووە بەڵام بەدەنگیەوە نەهاتووە.
پرۆفیسۆر زەڵمی دەت: لە بەهاری ساڵی ١٩٢٤ز لە دێی زەڵم هاتوومەتە دنیاوە، تا ئێستا كە یاداشتەكانم دەنوسمەوە، نە لەم دنیایە گەیشتم نە لەوكەسانەی لە گەلیاندا ژیام، بیروباوەرم بە خوای گەورە و پێغەمبەر(د.خ) و ئاین ئیسلام زۆر پتەو و بەهێزە، چونكە ئەم بیروباوەرەم لە ڕێگەی دواكەوتنی دایك و باوەكە نەبوو-ئیمانی تەقلیدی- بەڵكو لە ماوەی ژیانمدا لە نێوان بەراوردكردنی ئاینی ئیسلام و هەموو یاسای دەوڵەتان و بیروباوەری جیاواز و ئاینەكانی تر زیاتر لە چل ساڵ و، تێكەڵاویم لەگەڵ خەلكی جیاوازی جۆر بە جۆر ئەم بیروباوەرەم بۆ دروست بوو، شتێكم نەدی ئیسلام بڵێ مەیكە ژیری بڵێ بیكە، هەروەها بە پێچەوانەی ئەوەوە شتێكم نەدی ئیسلام بڵێ بیكە ژیری بڵێت مەیكە، گەورەترین شت بۆ ئادەمیزاد لە ئیسلامدا ئەوەیە پەیوەندیت دەبسەتێت بە هێزێكی نادیارەوە كە پێی دەوترێت –خوا- تەنها ئەو نادیارە دەتوانێت ڕوی نادیارمان خۆشحاڵ بكات و هەر تەنها ئەوە دەتوانێت ڕوی نادیارمان لە ژەنگ و پیسی جیهانی ماددە ڕزگاربكات تەنها عەشقی خوای نادیارە خۆشیەكانی بێ سنورە وەك زەریاكان.
دكتۆر موستەفا زەڵمی
_دكتۆر مستەفا زەڵمی ساڵی 1924 لە گوندی زەڵمی سەر بە پارێزگای سلێمانی لە هەرێمی كوردستان لە دایك بووە.
– ساڵی 1934 چۆتە قوتابخانەی ئایینی و لە سەردەستی مامۆستایانی پسپۆڕو شارەزا لە زانایانی ئایینی عێراقو ئێران زانستەكانی: (نەحو، سەرف، مونازەرە، مەنتیق، بەلاغە، ئوسولی دین، ئوسولی فیقه، فەلسەفە، بیركاری، فەلەكناسی) خوێندووە.
موستەفا زەلمی ئارەزویەكی زۆری خوێندنی هەبوو چەندین هەوراز و نشێوی بڕیوە ڕووبەڕووی زۆرترین نەهامەتی و سەختی ژیان بۆتەوە لە پێناو دەسكەوتنی زانست زۆربەی زۆری ناوچەكانی كوردستانی باشور و ڕۆژهەڵاتی بڕیوە لە سەرەتای تەمەنیدا. پاشان ئیجازەی مەلایەتی وەردەگرێت.
– ساڵی 1946 بڕوانامەی (عالیم)ی لەزانستە ئیسلامییەكان بەدەستهێناوە لە ئەنجوومەنی زانستی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی سەر بە وەزارەتی ئەوقاف.
پاشان دەچێتە ناو سوپا و دەبێت بە ئیمامی سوپا و لە (جەلەولا ) جێگیر دەبێت، موستەفا زەڵمی كاریگەری گەورەی هەبووە لە شۆرشی (١٤)ەی تەموزی ساڵی ١٩٥٨ و لەگەڵ رێكخراوی ئەفسەرە ئازادی خوازەكاندا پەیوەندی دەبەستێت و چەندین ئەركی گرنگی پێدەسپێرێت لەگەل چەندین كوردی تری نیشتمان پەروەر لە پێناو بەدەست هێنانی مافەكانی گەلی كوردا تێدەكۆشێت، پاش شكست هێنانی شۆرش و هە ڵگەرانەوەی سەرانی شۆڕش لەگە ڵ میلەتی كورد، دكتۆر موستەفا زەلمی پەیوەندی خۆی بەسەرانی شۆرش دەبچرێنێت و زیاتر گرنگی دەدات بە زانستەكەی.
هەرچەندە موستەفا زەڵمی ، مەلا بووە و شارەزای بواری شەریعەی ئیسلام بووە بەڵام هەمیشە ئارەزووی بەدەست هێنانی زانست و زانیاری زیاتری هەبووە بۆیە بیر لە خوێندنی یاسا دەكاتەوە و هاوكات ژیانی هاوسەرگیری پێكهێناوە و خاوەنی خیزان و منداڵ بووە لەو كاتەدا ، لەگەڵ سەختی ژیاندا بەڵام كۆڵی نەداوە لە بەدەست هێنانی زانست و زانیاری و دەبیتەوە بە خوێندكاری زانكۆ و سەرئەنجام بە نمرەیەكی زۆر بەرز لە ساڵی 1965 بەكالۆریۆسی بەدەستهێناوە لە یاسا لە زانكۆی بەغداد. هەروەها لەساڵی 1968 ماستەری لە شەریعە بەەدەستهێناوە لە زانكۆی بەغداد.
هەر لە پێناو بەدەست هێنانی زانست و زانیاری زیاتر بیر لەوە دەكاتەوە وڵات جێ بهێلێت و خۆی خانەنشین بكات لە ئیمامی سوپا كە موچەیەكی بەرزیشی هەبووە لەو كاتەدا. بەڵام هەمیشە زانستی بە گرنگتر زانیوە لە هەموو شتێك و ڕوو دەكاتە خاكی میسر بۆ خوێندنی زیاتر و بە ژیانێكی زۆر سەخت خوێندن تەواو دەكات.
– ساڵی 1971 ماستەری وەرگرتووە لە فیقهی بەراوردكاری لە زانكۆی ئەزهەر.
-ساڵی 1973 ماستەری لە یاسا بەدەستهێناوە لە زانكۆی ئەزهەر.
– ساڵی 1975 دكتۆرای لە فیقهی بەراوردكاری بەدەستهێناوە.
دكتۆر زەڵمی یەكێكە لە مامۆستا هەرە بەناوبانگەكانی كۆلێژەكانی یاسا لە زانكۆكانی عێراق وە لەسەردەمی مامۆستایەتیدا زۆرترین خەڵات و ڕێزلێنانی وەرگرتووە، یەكەم مامۆستای زانكۆیە لەسەر ئاستی عێراق كە بە بڕیارێكی تایبەت فەرمانی خانەنشین نەكردنی بۆ دەرچووە تا ئەو ساتەی توانای هەبێت و ویستی هەبێت بتوانێت وەك مامۆستا بمینێتەوە.
دكتۆر زەڵمی دەستێكی باڵای هەیە لە دانانی كتێبی مەنهەجی بۆ كۆلیژی یاساكان كە ٤ كتێبی وەك مەنهەج دەخوێنرێت لە هەر چوار قۆناغەكەی كۆلێژی یاساوە یەك كتێبی لە ماستەر و كتێبێكی تری لە دكتۆرا دەخوێندرێت. كتێبەكانی لە زانكۆكانی عێراق و ئوردون و ئەندەنوسیا و یەمەن دەخوێندرێت.
– زیاتر لە پەنجا پەڕتووكی دانراوی هەیە لە بوارەكانی شەریعەو یاساو، زیاتر لە چل توێژینەوەی زانستی هەیە لە بوارەكانی یاساو فەلسەفەو فیقه.
-سەرپەرشتیكردنی زیاتر لە 100 نامەو تێزی دكتۆراو ماستەر لە بوارەكانی ئوسولی فیقهو فەلسەفەو یاساو شەریعە.
-بەشداری ژمارەیەك زۆر كۆنگرەی كردووە لە ناوەوەو دەرەوەی عێراق.
– دكتۆر زەڵمی بەردەوامە لە خزمەتكردن لە بواری نووسینداو لێپرسراوی دەستەی زانستی كۆڕبەندی هزری ئیسلامی كوردستانە
لە ماوەی ژیانیدا دكتۆر موستەفا لە پای كۆشش و توانای زانستی چەندین خەڵاتی ناوخۆی و نێودەوڵەتی بە دەست هێناوە.