توێژینەوەوتار

نه‌خشه‌ى بیری سیاسى له‌ ئیسلامدا

د.سه‌باح به‌رزنجی

پێشه‌كى
مێژووى مرۆڤایه‌تى، بریتىیه‌ له‌ مێژووى زۆرانبازى مرۆڤ له‌گه‌ڵ خۆى، له‌گه‌ڵ بوونه‌وه‌ر له‌گه‌ڵ دروستكراوانى تر .
په‌یامه‌ ئاینيیه‌كان هه‌میشه‌ ویستوویانه‌ مرۆڤ ڕێنمایى بكه‌ن بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر خۆیدا، له‌ پێناوى ئاوه‌دانى ژیان و پێشكه‌وتندا .
ئیسلام دواهه‌مین په‌یامى ئاسمانه‌، بۆ راستكردنه‌وه‌ى ڕه‌وتى ژیان و ده‌ستگرتنى مرۆڤ بۆ گه‌یشتن به‌ كه‌ناره‌كانى ئارامى ڕووح و به‌خته‌وه‌رى به‌رنامه‌كانى ئه‌م ئاینه‌ له‌گه‌ڵ سروشت و بوونى مرۆڤدا به‌ته‌واوى گونجاوه‌ .
بۆ تێگه‌یشتن له‌م راستیه‌ كافيیه‌ به‌راوردێك له‌ نێوان بڕیار و بایه‌خه‌كانى شه‌ریعه‌ت و یاسا سروشتى یه‌كان بكه‌ین .

ئه‌فرێنه‌ر و ئه‌فرێنراو  ” الخالق والمخلوق “:
هه‌موو ئه‌فڕێنراوێك ئه‌فڕێنه‌رێكى هه‌یه‌، كه‌واته‌ بوونه‌وه‌ر سروشتى و ژیانیش له‌ خۆوه‌ په‌یدا نه‌بوون، به‌ڵكو به‌دیهێنراوى خودایه‌كى خاوه‌ن هێز و ده‌سه‌ڵات و ویست و خواستن، كه‌ له‌ ڕێگه‌ى ئه‌فراندنه‌وه‌، هه‌موو جوانيیه‌كانى ژیانى و بوون و حیكمه‌ته‌كانى بڕیارو ویستى خۆى نمایش كردووه‌ “‌ الوجود”ه‌.

ئامانجى بوون ” غایة‌ الوجود ”
مرۆڤ له‌ بوون و ژیانى خۆیدا، بیه‌وێت یان نه‌یه‌وێت به‌ دووى مه‌به‌ستێكدا وێڵه‌و ده‌یه‌وێت مانا به‌ بوونى خۆى ببه‌خشێت، له‌م وێڵبوون و گه‌ڕانه‌دا ڕووبه‌ڕووى مرۆڤه‌كانى تر ده‌بێته‌وه‌، ئه‌وسا له‌گه‌ڵ هه‌ندێكیان هاوكار و هاوبیر ده‌بێت و له‌گه‌ڵ هه‌ندێكیشیان تێكده‌درێت . دیاره‌ هه‌ر كام له‌م هاوكارى و تێكگرانه‌ پێویستى به‌ بوونى یاسا و رێسا هه‌یه‌، تا ببێته‌ پێوه‌ر و ته‌رازووى مرۆڤ و كۆمه‌ڵگا پێوه‌رى پابه‌ند بێت .

بایه‌خ و ئامانجه‌كان :
پابه‌ند بوون به‌ بایه‌خ و به‌هاكانى له‌ چوارچێوه‌ى سیسته‌مێك، یان یاسایه‌ك پێداویستیه‌كى سه‌ره‌كییه‌ بۆ به‌دیهێنانى ئامانجه‌كانى مرۆڤ له‌ ژیاندا .
به‌ڵام پێوانه‌كانى باش و خراپ، له‌ كه‌سێكه‌وه‌ بۆ كه‌سێكى تر و له‌ كاتێكه‌وه‌ بۆ كاتێكى تر ده‌گۆڕین،هه‌ر بۆیه‌ بیرى مرۆڤ له‌ كاتى هه‌ڵسه‌نگاندن و یاسا داناندا ده‌كه‌وێته‌ ژێر كاریگه‌رى فاكته‌ره‌كانى كات و شوێنه‌وه‌ .
هه‌ر بۆیه‌ چه‌مك و پێناسه‌كانى خه‌ڵك بۆ باش و خراپ جیاوازو دژبه‌یه‌كن و له‌ئه‌نجامدا به‌ شێوه‌ى لاسه‌نگى له‌ ژیانى سیاسى و كۆمه‌ڵایه‌تیدا ده‌رده‌كه‌وێت . لێره‌وه‌ زه‌رووره‌تى بوونى ده‌ستورێكى نه‌گۆر و هه‌مه‌لایه‌نه‌ و گشتگیر خۆى ده‌نوێنێت، كه‌ بێگومان مرۆڤ زۆر له‌وه‌ لاوازتره‌ بۆ خۆى بتوانێت ده‌ستوور و یاسایه‌كى ئه‌وه‌نده‌ به‌رز و شكۆمه‌ند به‌رهه‌م بهێنێت و بڕوا به‌ خواى په‌روه‌ردگارو ده‌توانێت یاریده‌ده‌رى مرۆڤ بێت بۆ ده‌سكه‌وتن و به‌ده‌ستهێنانى ده‌ستوورێكى له‌و چه‌شنه‌، كه ‌له‌ ئاینى پیرۆزى ئیسلام و شه‌ریعه‌ته‌كه‌یدا به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت .

ماناى ئیسلام :
ناوه‌ڕۆكى ئیسلام :
ناوه‌ڕۆكى ئیسلام، بریتىیه‌ له‌ بڕواى ته‌واو به‌م چه‌مكه‌ بنه‌ڕه‌تیانه‌ :
١  ڕاستی بوونی خوداو توانای بێسنوورو زانستی گشتگیری ئه‌و .
٢  ڕاستی مرۆڤ و تواناو وزه‌ سنوورداره‌كانی .
٣  په‌یوه‌ندیی راست و دروست لو نێوان مرۆڤ و خودای تاك و ته‌نها .
ئه‌م بڕوایه‌ش داوای ئه‌وه‌ ده‌كات، كه‌ مرۆڤ ملكه‌چی خودا بێله‌ ژیان و هه‌ڵسو كه‌وتی رۆژانه‌یدا . بۆ گه‌یشتن به‌م بڕوایه‌ هه‌موو بانگه‌واز و تێكۆشانێك كراوه‌ و تا مرۆڤایه‌تی به ‌به‌ندایه‌تی و كۆیلایه‌تی بۆ بیر و بۆچوونه‌ مرۆڤكرده‌كان رزگاری ببێ .

سروشتی ئیسلام :
یه‌كه‌مین و بنه‌ڕه‌تیترین پرس له‌ ئیسلامدا بریتیيه‌ له‌ بیرو‌بڕوا .
قورئانی پیرۆز له‌ قۆناغی مه‌ككه‌دا سێزده‌ ساڵ جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌م لایه‌نه‌ كرده‌وه‌ و ڕووی گوتاری له‌ مرۆڤ بوو وه‌كو مرۆڤ، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ بوون و ژیان و سه‌رچاوه‌ی بوون و چاره‌نووس و له‌ په‌یوه‌ندیی ئه‌و به‌ خودا و رازی ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ تێبگات و ئینجا ئه‌م بیرو بڕوایه‌ بكاته‌ بناغه‌ی تێفكرین و رێكخستن و هه‌ڵسوكه‌وت و به‌رجه‌سته‌كردنی به‌ها به‌رزه‌كانی.

به‌رنامه‌ی ئیسلام :
دوای جێگیربوونی عه‌قیده‌ له‌ دڵ و ده‌رووندا و پێویسته‌ ئه‌م ئه‌م عه‌قیده‌یه‌ ببێته‌ بزاڤ و ره‌فتاری رۆژانه‌ی تاك و كۆمه‌ڵ . كه‌واته‌ ئیسلام ته‌نها تێۆر و بیردۆزه‌ نییه‌، به‌لكو به‌رنامه‌یه‌كی گشتگیره‌ بۆ هه‌موو ئاسته‌كان، بۆ هه‌موو بواره‌كان .
به‌رنامه‌یه‌كه‌ بۆ دامه‌زراندنی ژیانی كۆمه‌ڵ له‌سه‌ر بنه‌مای یه‌كتاپه‌رستی و سه‌لماندنی ده‌سه‌ڵاتی راسته‌قینه‌ی یاسا و بڕیاردان بۆ خودای تاك و ته‌نها .
به‌رنامه‌ی ئیسلام له‌م ڕوانگه‌وه‌ به‌رنامه‌یه‌كی واقیعی بۆ هاوسه‌نگكردنی ره‌هه‌نده‌كانی ژیانی مرۆڤ به‌ بێ كورتهێنان له‌لایه‌نێكدا .

له‌ نێوان مه‌سیحیه‌ت و ئیسلامدا :
ئاینی مه‌سیحیه‌ت : له‌ مێژوودا ئاینی رووحانیه‌ت و كاروباری ده‌روون و بابه‌ته‌ ویژدانیه‌كان بووه‌ و نه‌یپه‌رژاوه‌ته‌وه‌ سه‌ر كاروباری ده‌وڵه‌ت و فه‌رمانڕه‌وایی ئیسلام هاتووه‌ بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌م لایه‌نه‌ و یاسای داڕشتوه‌ بۆ كاروباره‌ جیاجیاكانی كۆمه‌ڵ .
به‌رزترین ئامانجی بانگه‌وازی ئیسلامی هه‌میشه‌ ئه‌وه‌بووه‌، كه‌ بناغه‌ی ده‌وله‌ت له‌سه‌ر ئه‌و یاسایانه‌ دابمه‌زرێنێت، كه‌ قورئان هێناونی و سوننه‌ت و سیره‌تی پێغه‌مبه‌ری ئیسلام (صلی الله علیه وسلم) روونی كردوونه‌ته‌وه‌ .
كه‌واته‌ له‌ ئیسلامدا دین له‌ ده‌وڵه‌ت جودا نیيه‌ و ئه‌ركی سه‌شانی ده‌وڵه‌ته،‌ كه‌ به‌رگری له ‌یاسا و بنه‌ماو بایه‌غه‌ شه‌رعیه‌كان بكات . له‌هه‌مان كاتدا له‌ نێوان مرۆڤ و خودادا هیچ ده‌سه‌ڵاتێك نابێته‌ ئه‌ڵقه‌ی په‌یوه‌ندیی و ته‌نانه‌ت پێغه‌مبه‌ری خۆشه‌ویست هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی نه‌بووه،‌ جگه‌ له‌ رێنمایی و بیر خستنه‌وه‌ و روونكردنه‌وه‌ی یاسا و بڕیاره‌كانی خوای په‌روه‌ردگار .
به‌ پێچه‌وانه‌ی مه‌سیحیه‌ت كه‌ پیاوه‌ ئاینییه‌كان بووبوونه‌ ئه‌ڵقه‌ی په‌یوه‌ندی نێوان مرۆڤه‌كان و خوای په‌روه‌ردگار .

فه‌رمانڕه‌وایه‌تی له‌ ئیسلامدا :
له‌ ڕوانگه‌ی ئیسلامه‌وه‌ فه‌رمانڕه‌وایه‌تی ته‌نها به‌ره‌چاوكردنی ئه‌م بنه‌مایانه‌ ده‌بێته‌ فه‌رمانره‌وایه‌تیه‌كی شه‌رعی :
١- بڕیاردان له‌سه‌ربنه‌مای شه‌ریعه‌ت واته‌ له‌سه‌ر بنه‌مای قورئان و سوننه‌ت .
٢- فه‌رمانڕه‌وایه‌تی له‌سه‌ر بنه‌مای ڕاوێژ ( شوری).
٣- فه‌رمانڕه‌وایه‌تی له‌سه‌ر بنه‌مای ( ڕه‌زامه‌ندی).

په‌یوه‌ندی ته‌واوكارانه‌ هه‌ردوو ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان و جێبه‌جێكردن :
ئه‌نجومه‌نی ڕاوێژ كۆڵه‌كه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی وڵاته‌ ( وأمرهم شوری بینهم)
پێشه‌وای مسوڵمانان بۆ خۆی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی ڕاوێژ ده‌كات، كه‌واته‌ هه‌ردوو ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان و جێبه‌جێكردن، ته‌واوكه‌ری یه‌كترین .
به‌ پێچه‌وانه‌ی دیموكراسیه‌تی لیبرالیزمی غه‌ربی، كه‌ ده‌یه‌ویت ئه‌م ده‌سه‌ڵاتانه‌ له‌ یه‌كتری جیا بكاته‌وه‌ و له‌ ئه‌نجامدا زۆر كێشه‌ی ده‌ستووری له‌ وڵاتدا دێته‌ ئاراوه‌ .

هاووڵاتی له‌ ده‌وڵه‌تی ئیسلامدا :
هاووڵاتی له‌ ده‌وڵه‌تی ئیسلامدا بریتیيه‌ له‌كه‌سی بروادار به ‌یه‌كتاپه‌رستی و خاوه‌ن هه‌ڵوێست و په‌یڕه‌وی شه‌ریعه‌تی ئیسلام .
له ‌هه‌مان كاتدا ده‌وڵه‌تی ئیسلامی كه‌سانی تریش له‌خۆ ده‌گرێت وه‌كو: ئه‌هلى كیتاب و ئه‌هلى فيتره‌ت و بێ بڕوا و كافر.
له‌سه‌ره‌تای ئیسلامدا ورده‌ ورده‌ ئه‌هلی فيتره‌ت و ئه‌هلی شیرك هاتنه‌ ریزی موسڵمانانه‌وه‌ .

مایه‌وه‌ خه‌ڵكانی تر وه‌ك گاور و جوو ئاگرپه‌رست و خاوه‌ن ئاینه‌كانی دیكه‌، ئه‌مانیش ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی ئاشتیخوازانه‌ و دوور له‌ پیلان و فیتنه‌گێڕی ئاماده‌بان له‌سایه‌ی ده‌وڵه‌تی ئیسلامیدا بژین، ئه‌وا ماف و ئه‌ركیان بۆ دیاری ده‌كرا و له‌ چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تدا گیان و نامووسیان ده‌پارێزرا .

مافه‌كانی تاك :
گرنگترین ماف بریتییه‌ له‌ دادگه‌ری و یه‌كسانی و ئازادی بیروڕاو خاواندارێتی و مافی خوێندن و گه‌وره‌یی و شكۆداری .
ئه‌ركه‌كانی تاك .
پابه‌ندبوون به‌ فه‌رمانه‌كانی پێشه‌وا و جێبه‌جێكردنی ئه‌ركه‌ ئاینی و ره‌وشتییه‌كان و رێزگرتن له‌ بڕیاری شوراو ده‌سته‌جه‌معی و تێكۆشان له‌ پێناوی به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاڵای ئیسلامدا .

د.صەباح بەرزنجی

بابەتەكانی نوسەر

Leave a Reply