وتار

خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ كتێبى “منهج القرآن الكریم في التغییر الفردي”

كتێبى “منهج القرآن الكریم في التغییر الفردي“، كه‌ له‌ نووسینى (تهانی عفیف یوسف)ه‌ و یه‌كێكه‌ له‌ بڵاوكراوه‌ ناوازه‌كانى په‌یمانگاى جیهانیى فیكری ئیسلامیی و له‌ ساڵى 2015دا چاپ و بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.

كتێبه‌كه‌ به‌گشتى له‌ (5) به‌شى سه‌ره‌كى پێكدێت، كه‌ نووسه‌رهه‌وڵيداوه‌ له‌ هه‌ر یه‌كه‌یاندا به‌ وردیى شیكردنه‌وه‌ بۆ بابه‌ت و ته‌وه‌ره‌كان بكات.

–  له‌ به‌شى یه‌كه‌مدا توێژه‌ر له‌ پێداویستییه‌كانى توێژینه‌وه‌كه‌ى دواوه‌ و بابه‌تى مه‌نهه‌جى قورئانى پیرۆز له‌ پڕۆسه‌ى گۆڕانكاریى خودییدا خستۆته‌ڕوو، به‌ده‌ر له‌ ناساندنى وشه‌كانى: به‌رنامه‌، مه‌نهه‌ج (پڕۆگرام)، هه‌روه‌ها گۆڕان (تغییر) له‌ رووى زمانه‌وانى و زاراوه‌یدا. هه‌ر له‌ به‌شى یه‌كه‌مدا، نووسه‌ر ئاماژه‌ى به‌ وێنه‌ى مرۆڤ، وه‌ك تاك و گرنگترین تایبه‌تمه‌ندییه‌ سایكۆلۆژییه‌كانى له‌ قورئانى پیرۆزدا كردووه‌، دواتر “وێنه‌ى قورئانیى” بۆ مرۆڤ، وه‌ك تاك پێشكه‌شكردووه‌. به‌ گرنگترین ئامانجه‌كانى قورئانى پیرۆز له‌ پڕۆسه‌ى گۆڕانی خوددا، كۆتایى به‌ به‌شى یه‌كه‌م هَناوه‌، كه‌ ئه‌ویش ئامانجى  كاتیى و مه‌به‌ستى قورئان له‌و پڕۆسه‌یه‌دا (گۆڕانی خود)دا ده‌گرێته‌خۆ.

–  توێژه‌ر به‌شى دووه‌مى بۆ دوو بابه‌تى سه‌ره‌كى پۆلێن كردووه‌، ئه‌وانیش: یه‌كه‌م، بنه‌ما مه‌نهه‌جییه‌ قورئانییه‌كان بۆ گۆڕانى بنه‌ڕه‌تى لاى تاك، كه‌ له‌ گرنگترین بنه‌ماكانى بیركردنه‌وه‌ و تێروانینى مه‌نهه‌جی، هه‌روه‌ها گرنگترین بنه‌ماكانى تێڕوانینه‌ ته‌ندروسته‌كان له‌ باره‌ى زاتى په‌روه‌ردگاره‌وه‌ پێكدێت. دووه‌م، بنه‌ما مه‌نهه‌جییه‌ قورئانییه‌كان له‌ پڕۆسه‌ى گۆڕانى باڵا بۆ گه‌یشتنه‌ پله‌ى ته‌واوه‌تى مرۆڤایه‌تى، ئه‌میش به‌هه‌مان شێوه‌ بنه‌ما مه‌نهه‌جییه‌ قورئانییه‌ باڵاكان بۆ گۆڕانى خودیى، هه‌روه‌ها بنه‌ما مه‌نهه‌جییه‌ قورئانییه‌كان بۆ گه‌یشتنه‌ پله‌ى ته‌واوه‌تى مرۆڤایه‌تى رێژه‌یى.

–  به‌شى سێیه‌میش تایبه‌ته‌ به‌ گرنگترین شێوازه‌ مه‌نهه‌جییه‌كانى قورئانى پیرۆز بۆ پڕۆسه‌ى گۆڕانى خودیى. توێژه‌ر له‌ دوو ناونیشانى سه‌ره‌كیدا لێى ده‌دوێت، كه‌ بریتین له‌ شێوازه‌ مه‌نهه‌جییه‌كانى قورئان بۆ دروستكردنى گۆڕانى خودیی، هه‌روه‌ها شێوازه‌ قورئانییه‌كان به‌ره‌و ئاڕاسته‌كردن و جێبه‌جێكردنى پراكتیكى. هه‌ر له‌و به‌شه‌دا توێژه‌ر له‌ بابه‌ته‌كانى شێوازه‌كانى قورئان به‌ره‌و ئاڕاسته‌كردنى پابه‌ندكه‌رانه‌، هه‌روه‌ها شێوازه‌كانى قورئان له‌ باره‌ى هاندانى ململانێ به‌ره‌و بڵندبوونه‌وه‌.

– به‌ نیسبه‌ت به‌شى چواره‌میشه‌وه‌، توێژه‌ر له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌ مه‌نهه‌جییه‌كانى قورئان له‌ پڕۆسه‌ى گۆڕانى خودیى و گرنگترین كاریگه‌رییه‌كانى له‌و رووه‌وه‌، دواوه‌. ئه‌م به‌شه‌ش بۆ گونجانى له‌گه‌ڵ به‌شه‌كانى دیكه‌، نووسه‌ر بۆ دوو ناونیشان دابه‌شى كردووه‌، كه‌ ئه‌وانیش بریتین له‌: یه‌كه‌م، تایبه‌تمه‌ندییه‌كانى مه‌نهه‌جی قورئان له‌ پڕۆسه‌ى گۆڕانى خودییدا، گرنگترینى ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ش پێكهاتوون له‌: (سه‌ربه‌خۆیى، وه‌سگیه‌ت، جوانكاریى، ته‌واوكاریى). دووه‌م، كاریگه‌رییه‌كانى پڕۆسه‌ى گۆڕانى خودیى له‌ سه‌ر ئاستى تاك و كۆمه‌ڵگه‌.

– دوابه‌شى كتێبه‌كه‌ى (تهانی عفیف یوسف) به‌شى پێنجه‌مه‌، هه‌روه‌ك پێشتر ئاماژه‌مان بۆ كرد.نووسه‌ر تيايدا له‌ به‌ربه‌سته‌كانى پڕۆسه‌ى گۆڕان به‌ مه‌نهه‌جی قورئانیى دواوه‌. گرنگترینیشان یه‌كه‌م، به‌ربه‌ستى سایكۆلۆژیى (خودیى). دووه‌م، به‌ربه‌ستى ژینگه‌یى (ده‌ره‌وه‌).

كتێبی “منهج القرآن الكریم في التغییر الفردي”، كه‌ توێژینه‌وه‌یه‌كى ورد و به‌ سه‌لیقه‌ی (تهانی عفیف)ه‌، هاوشێوه‌ى ده‌لیلێكى په‌روه‌رده‌ییه‌ گرنگه‌ بۆ هه‌موو چین و توێژه‌كان، كه‌ بیانوێ گۆڕان و گۆڕاكاریى له‌ خودی خۆیان، وه‌ك تاك و كۆمه‌ڵگه‌ و ده‌وروبه‌ریشیاندا بهێننه‌دى. هیوادارم سه‌نته‌رى زه‌هاوى بۆ زمانى كوردی وه‌ریبگێڕن و بڵاوبكه‌نه‌وه‌.

هەژار حاتەم

هەژار حاتەم حمە، لەدایك بووی 1979 ماستەر لە ڕاگەیاندن، چەندین چەندین وتارو توێژینەوەی نوسووە و خاوەنی دوو كتێبە...

هەژار حاتەم

هەژار حاتەم حمە، لەدایك بووی 1979 ماستەر لە ڕاگەیاندن، چەندین چەندین وتارو توێژینەوەی نوسووە و خاوەنی دوو كتێبە...

بابەتەكانی نوسەر

Leave a Reply