خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ كتێبی “پوخته‌ى كتێبى بونیادى هزرى”
كتێبی “پوخته‌ى كتێبى بونیادى هزرى” له نووسینى (د. فه‌تحى مه‌لكاوى) و له وه‌رگێڕانى (د. ئیسماعیل به‌رزنجى)یه، له بڵاوكراوه‌كانى سه‌نته‌رى زه‌هاوى بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ى فیكریى، به ژماره (45)هه‌مینه، له دووتوێى (164) لاپه‌ڕه‌دا خراوه‌ته‌ڕوو. كتێبى نابراو هه‌روه‌كو له ناونیشانه‌كه‌یه‌وه دیاره؛ پوخته‌یه‌كه له كتێبێكى گه‌وره‌ترى (د. مه‌لكاوى)، كه له ژێر ناونیشانى: “بونیادى هزریى، چه‌مك و ئاست و نه‌خشه‌كانى”دا نووسیویه‌تی و هه‌ر خۆیشى كورت و پوختى كردووه‌ته‌وه.
كتێبى بونیادى هزرى، به گشتى له‌سه‌ر پرسێكى گرنگ نوسیویه‌تى، كه ئه‌ویش بابه‌تى هزر و بونیاتنانیه‌تى، به‌ڵام نووسه‌ر به تایبه‌تى شۆڕبۆته‌وه بۆ شیكردنه‌وى چه‌ندین چه‌مكى دیكه‌ى جێگه‌ى بایه‌خى خوێنه‌ر و ناوه‌نده‌كانى توێژینه‌وه، له‌وانه هزر و هزرى ئیسلامى، بونیادنانى هزر، بونیادى هزریى كۆمه‌ڵگا، نه‌خشه‌كانى بونیادى هزرى، بڕگه‌كانى پێوانى بونیادى هزرى، هزر و زمان، ناوه‌نده‌كانى به‌رهه‌مهێنانى هزر.
خاڵێك كه منى هاندا و كتێبى بونیادى هزرى له لا سه‌نگینتر كردم، نووسه‌ر و وه‌رگیڕى كتێبى ناوبراوه؛ هه‌م (د. ملكاوی) له بواره‌كه‌ى خوی‌دا كه‌ڵه نووسه‌رێكى به‌توانایه، هه‌م وه‌رگێڕه‌كه‌ى كه (د. ئیسماعیل به‌رزنجى)یه، كه باڵاده‌ستى باشى به سه‌ر زمانى عه‌ره‌بى و نوسیه‌نه‌كانى مه‌لكاوی-ی‌دا هه‌یه. بۆیه لێره‌وه ده‌ستخۆشیى له سه‌نته‌رى زه‌هاوى ده‌كه‌م بۆ ده‌ستنیشانكردنى بڵاوكردنه‌وه و وه‌رگێڕانى كتێبى ناوبراو.
وه‌رگێڕ له پێشه‌كى وه‌رگێڕانه‌كه‌یدا ستایشى هه‌وڵه‌كانى مه‌لكاوى ده‌كات و ده‌نووسێت: “ئه‌م نووسراوه‌ى به‌رده‌ستت، پوخته‌ى كتێبێكى گرنگ و به‌پێزه، هه‌رچه‌نده زیاتر له تیۆره‌وه نزیكه و به شێوه‌یه‌كى ئه‌بستراكت چاره‌سه‌رى بابه‌ته‌كه‌ى كردووه و خۆى دوور گرتووه له شێوه‌گرتنى ناوچه‌یه‌ك و ئاڕاسته و كه‌سایه‌تییه‌كى دیارییكراو، به‌ڵام تیۆرێكى زۆر به‌سووده بۆ دامه‌زراندنى بوندیادێكى فیكرى ره‌سه‌ن و پته‌و”. (پوخته‌ى كتێبى بونیادى هزرى، ل5)” هه‌رچى (د. مه‌لكاوى)یه، خۆى ده‌ڵێت: “مه‌نهه‌جى پشتپێبه‌ستراو له‌م كتێبه‌دا، پێناسه‌كى كۆتایى و بێ چه‌ند و چوون ناكات بۆ هیچ یه‌كێك له‌و چه‌مكانه‌ى ده‌یانخاته‌ڕوو، به‌ڵكو ماناى چه‌مكه‌كان شیده‌كاته‌وه له‌و سیاق و كێڵگه و ده‌لالیه‌ى كه تێیدا ده‌رده‌كه‌ون”. (پوخته‌ى كتێبى …..، ل7و8).
پاشان نووسه‌ر باسى هزرمان بۆ ده‌كات له قورئان و سوننه‌تى پێغه‌مبه‌رددا (دروودى خواى لێ بێ)؛ دواى روونكردنه‌وه‌ى وشه‌ى (فكًر) و (تتفكٌروا) و (یتفكًرون)، چه‌ند ره‌گه‌زێك ده‌ست نیشان ده‌كات، كه زیاتر ناساندنى فیكر ده‌خاته‌ڕوو، له‌وانه‌ش: “پڕۆسه‌ى خستنه‌كارى تواناى هزرى، یان به‌گه‌ڕخستنى فیكر و عه‌قڵ له كاروبارى زانراو بۆ به‌ده‌ستهێنانى ئامانج”. یاخود “پڕۆسه‌یه‌كى به‌رده‌وامى سه‌رقاڵبوونه به دواى خه‌مى فیكرى و سوربوون له‌سه‌رى”. هه‌روه‌ها چه‌ند پێناسه‌كى دیكه‌ش. له فه‌رمووده‌ى پێغه‌مبه‌ریشدا (دروودى خواى لێ بێ) له چه‌ند شوێنێكدا (الفكر) هاتووه، كه ماناى عه‌قڵ و تێڕوانین و تێڕامان ده‌گه‌یه‌نێت.
سه‌باره‌ت به هزر له كه‌له‌پوورى ئیسلامیشدا، نووسه‌ر ئاماژه به‌وه ده‌كات، كه هه‌رچه‌نده زاراوه‌كانى (الفكر والتفكٌر)یان به‌كارهێناوه وه‌ك پڕۆسه‌یه‌ك، هه‌ندێكجاریش له ناونیشانى كتێبه‌كانیاندا هاتووه، به‌ڵام ئه‌مه ئه‌وه ناگه‌نێت كه كۆى به‌رهه‌مه‌كانیان هزر بێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا چه‌ند كتێبك هه‌ن كه فیكریان كردووه به بابه‌تى توێژینه‌وه و نووسینه‌كانیان، له‌وانه: یه‌كه‌م: حارسى موحاسیبى (243ك كۆچى دوایى كردووه)، كه باسى عه‌قڵ و ماناكانى و جیاوازى خه‌ڵكى تێیدا كردووه، ئه‌ویش له كتێبى “عه‌قڵ و تێگه‌یشتن له قورئان”. دووه‌میان: ئه‌بوحامیدى غه‌زالى (505 ك كۆچى دوایى كردووه)، به‌شێكى ناوازه‌ى له كتێبى (إحیا‌ء العلوم ا‌لدین) به ناونیشانى “كتاب التفكر” نووسیوه. سێیه‌م: ئیبنوقه‌ییمى جه‌وزیه (751ك كۆچى دوایى كردووه). ئه‌ویش كتێبێكى گه‌وره‌ى ده‌رباره‌ى زانست و تێفكرین نووسیووه. ئێستا با بزانین غه‌زالى ده‌یه‌وێت سه‌رنجمان بۆ چ شتێك رابكێشێت؟. ئه‌و ده‌یه‌وێت سه‌رنجمان بۆ ئه‌وه رابكێشێت، كه فیكر كلیكى چوونه ناو خودى مرۆڤه، به شێوه‌یه‌ك دواى ئه‌وه‌ى بابه‌ته‌كانى فیكر راست و رێك ده‌بن، زانست به‌رهه‌م دێنێت، به‌رهه‌مى ئه‌و زانسته‌ش چه‌سپاندنى حاڵى باشه له ناو دڵدا.
گرنگه ئاماژه به‌وه بكه‌ین كه ئیبنوقه‌ییم جیاوازى ده‌كات له نێوان بیركردنه‌وه و تێفكرین و ده‌ڵێت: تێفكرین و بیركردنه‌وه بنچینه‌ى دۆزینه‌وه‌ى رێگاى راست و سه‌رفرازبوونن، كه دوو جه‌مسه‌رى ئاسووده‌ین.
نووسه‌ر له به‌شێكى دیكه‌ى كتێبه‌كه‌یدا ئاماژه به‌وه د ده‌كات، كه هزر، یه‌كتاپه‌رستى و ده‌روونپاكی و ئاوه‌دانییه. چۆن؟ شتگه‌لێكى وه‌كو دانیشتن له وانه‌ى زانیان و گه‌ڕان بۆ به‌ده‌ستهێنانى زانست و به‌ده‌ستخستنى رزق و رۆزیى و به‌ڕێوه‌بردنى كار و پیشه‌و كاسبى ژیان وه‌كو بازرگانى و كشتوكاڵ …… تاد، هه‌موو ئه‌مانه به‌ش و ده‌ستكه‌وتى دنیایین، له هه‌مانكاتدا پێویستتیان به عه‌قڵ و بیركردنه‌وه هه‌یه، بۆیه ئه‌گه‌ر ئایبه‌ته‌كانى یه‌كتاپه‌رستى و ده‌روونپاكی و ئاوه‌دانی به‌یه‌كه‌وه كۆبكرێنه‌وه، ده‌بنه ناونیشان و بابه‌تى تێفكرین و تێڕامان و په‌ندوه‌رگرتن، هه‌روه‌ها ده‌بنه پڕۆژه‌ى توێژینه‌وه‌ى قووڵ. ئه‌ى باشه ده‌رباره‌ى فیكر و زانست و كردار، چى؟. مه‌لكاوى قسه‌یه‌كى ئیبنوقه‌ییم-مان بیر ده‌خاته‌وه كه ده‌ڵێت: سه‌ره‌تاى هه‌موو زانستێكى تیۆرى و هه‌موو كردارێكى سه‌ربه‌ستانه ئه‌ندێشه و بیرۆكه‌كان، كه وێنا به‌رپا ده‌كه‌ن، وێنه‌كانیش ویست دروست ده‌كه‌ن، ویستیش ده‌بێته هۆى كردار، زۆر دووباره‌كردنه‌وه‌ى كرداریش ده‌بێته خوو، كه‌واته چاكبوونى هه‌موو ئه‌م قۆناغانه‌ش به چاكبوونى بیر و ئه‌دێشه ده‌بێت، به پێچه‌وانه‌شه‌وه راسته. كه‌واته فیكر ره‌گه‌زى بنچینه‌ییه بۆ هه‌رسێكیان (باوه‌ڕ و زانست و كردار).
له به‌شى دووه‌مى كتێبه‌كه‌یدا مه‌لكاوى باس له بونیادى هزرى و ئاسته‌كانى ده‌كات و ده‌نووسێت: وا سه‌یرى بونیادى فیكرى كراوه، كه پڕۆسه‌یه‌كه به پێى بۆچوونێكى دیارییكراو دروست ده‌بێت و به چه‌ند قۆناغێكى یه‌ك له دواى یه‌كدا تێده‌په‌ڕێت، هه‌روه‌ها ده‌گاته چه‌ند ئاستێك و هه‌ریه‌كه له‌و ئاستانه ده‌بێته نیشانه‌یه‌ك به‌سه‌ر كه‌سایه‌تیه‌كه‌وه. له لاپه‌ڕه (44 و45)دا نووسه‌ر ئاماژه به قۆناغه‌كانى بونیادى هزرى و ئاسته‌كانى ده‌كات به ئاماژه‌دان به بۆچوونێكى (مالك بن نبى)، كه باسى له حاڵى ئیماندار ده‌كات له په‌یوه‌ندیدا به خواى گه‌وره‌وه، چوار قۆناغ دیارى ده‌كات، كه له قۆناغى یه‌كه‌م و دووه‌مدا هه‌موو خه‌ڵكى به ئیماندار و بێ ئیمانه‌وه تێیاندا هاوبه‌شن و به‌شدارن وه‌كو یه‌كن، دواتر ئیمانداران ده‌گوازنه‌وه بۆ قۆناغى سێیه‌م و له‌وێشه‌وه بۆ قۆناغى (شهود).
هه‌رچى له باره‌ى بونیادى هزرى و كۆمه‌ڵگا و ئوممه‌ته‌وه، كه نووسه‌ر له به‌شى سێیه‌مدا هێناویه‌تى، ده‌ڵێت: شوناسى هزرى ده‌كرێت ببێته وه‌سفى هه‌ر كۆمه‌ڵه و گروپێك؛ بچوك بێت، یان گه‌وره. هه‌ر له‌و به‌شه‌دا فاكته‌ره‌كانى دروستبوونى شوناسى هزریى تاك و كۆمه‌ڵگا ئاماژه‌ى بۆ كراوه، كه ئه‌وانیش ئه‌مانه‌ن: (شوناسى هزریى، بونیادى هزرى له نێوان چه‌قبه‌ستن و نوێبوونه‌وه‌دا، به بازاڕكردنى بیر و بۆچوونه‌كان، پێویستیى ئوممه‌ت به سه‌ركرده‌ى زانستیى و هزریى). هه‌روه‌ها له باره‌ى نوێبوونه‌وه ده‌نووسێت: نوێكردنه‌وه رووكارى زۆرى هه‌یه، له‌وانه: (ئیجتهاده نوێ بۆ تێگه‌یشتن له ده‌ق، دابه‌زاندنى ده‌ق بۆ ناو واقیع، گواستنه‌وه‌ى هزرى ئیسلامیى له گرنگیدان به بابه‌ته لاوه‌كی و بچووكه‌كان بۆ سه‌رقاڵبوون به پرسه گشتییه‌كانى مرۆڤایه‌تى، رێكخستنى بیر‌و بۆچوونه‌كان له پره‌نسیپێكى مه‌نهه‌جییدا، كه كۆتایى به بێسه‌ره‌وبه‌ره‌یی فیكریی بهێنێت).
به‌شى چواره‌مى كتێبه‌كه‌ش تایبه‌تكراوه بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر “نه‌خشه‌كانى بونیادى هزرى”، تیایدا هاتووه: جۆره‌كانى نه‌خشه‌ى بونیادى هزرى، كه تایبه‌تن به سه‌رچاوه و بابه‌ت و میكانیزمه‌كان و هه‌ڵسه‌نگاندن و مێژوو و جوگرافیا، هه‌وڵده‌دات ئه‌و به‌رنامانه‌ى داده‌نرێن، بۆ ئه‌وه‌ى فیكر له سه‌رچاوه‌كانیه‌وه وه‌ربگیرێت و گره‌نتى فره‌ره‌نگى بابه‌ته‌كان بدات. بۆ زیاتر روونكردنه‌وه‌كه‌ى بابه‌ته‌كه (د. مه‌لكاوى) چه‌ند سه‌ردێڕێكى دیكه ده‌خاته‌ڕوو، له‌وانه: (نه‌خشه‌ى سه‌رچاوه‌كانى بونیادى هزرى، نه‌خشه‌ى بابه‌ته‌كانى بونیادى هزرى، نه‌خشه‌ى میكانیزمه‌كانى بونیادى هزرى و ئامرازه‌كانى، نه‌خشه‌ى پێوانى بونیادى هزرى، نه‌خشه‌كانى مێژووی بیروبۆچوونه‌كان، نه‌خشه‌كانى هزرى جوگرافى و جوگرافى هزر، پره‌نسیپه‌كانى قبوڵكردنى بیروبۆچوونه‌كان).
نووسه‌ر له لاپه‌ڕه (98)دا، دوو پێشنیازمان بۆ ده‌كات و ده‌ڵێت: هه‌ر له میانه‌ى قسه‌وباس ده‌رباره‌ى بونیادى فیكرى، پێشنیازى جه‌ختكردنه‌وه له‌سه‌ر دوو جۆر پێوه‌ر ده‌كه‌ین؛ پڕۆسه فیكرییه‌كان و رێژه‌ى موماره‌سه‌كردنیان لاى تاك و گروپ، هه‌روه‌ها پێوه‌رى رێژه‌ى به‌ده‌ستهێنانى بونیادى فیكرى.
دواتر به‌شى پێنجه‌مى كتێبى بونیادى هزرى دێ، كه نووسه‌ر بابه‌تى “هزر و زمان”ى تێیدا پێشكه‌شكردووه، هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه ده‌ڵێت: زمان ئه‌و قاڵبه‌یه كه فیكر تێیدا ده‌مه‌یه‌ت و جێگیر ده‌بێت، فیكریش ناوه‌ڕۆكێكه، كه ئه‌و قاڵبه زمانه‌یه له‌خۆ ده‌گرێت و سنوور به‌ند ده‌كرێت له‌رووى روونى و چاكى و نادیارى و خراپى. پاشان نووسه‌ر له چه‌ند گۆشه‌نیگایه‌كى دیكه‌وه پرسى هزر و زمان تاووتوێى ده‌كات، له‌وانه: (ره‌هه‌ندیى مێژوویى په‌یوه‌ندیی هزر به زمانه‌وه، جوان ده‌ربڕین له نێوان هزر و زماندا، تیۆره‌كانى په‌یوه‌ندیی نێوان هزر و زمان، هزر و گه‌شه‌كردنى توانا زمانیه‌كاندا، تێكدانى فیكر و زمان، قسه‌كردن و وته‌ى ده‌روون، دووتایى –الازدواجیة- زمانه‌وانی و دوالیزمه‌ى زمانه‌وانی و كاریگه‌رییان له‌سه‌ر هزر).
(د.مه‌لكاوى) له‌باره‌ى كاریگه‌ریى فیكره‌وه ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات، كه ئاسان نییه پێمانوابێت فیكرێكى مرۆڤایه‌تى هه‌یه به بێ ئه‌وه‌ى زمانێك هه‌بێت ده‌ریببڕێت، ناشكرێت كاریگه‌ریى فیكر له‌به‌رچاو نه‌گرین له ده‌وڵه‌مه‌ندكردنى زماندا، بۆیه په‌یوه‌ندیی نێوان زمان و فیكر په‌یوه‌ندییه‌كى ئاڵوگۆڕى یه‌كتر ته‌واوكردنه.
كۆتا به‌شى كتێبى ناوبراو، كه به‌شى شه‌شه‌میه‌تى له ژێر ناونیشانى: “ناوه‌نده‌كانى به‌رهه‌مهێنانى هزر و تاقیگه‌كانى بونیادنانى بیر‌و بۆچوونه‌كان” خراوه‌ڕوو. نووسه‌ر (د. فتحى ملكاوی) تێیدا ئاماژه به ناوه‌نده‌كانى توێژینه‌وه و ده‌ڵێت: ئه‌م دامه‌زراوانه فیكر به‌رهه‌م ده‌هێنن، تاكو ئه‌و لایه‌نانه‌ى به ئامانجگیراون، سوودى لێوه‌ربگرن بۆ یڕیاردانى دروست. پاشان نووسه‌ر هه‌نگاو به هه‌نگاو له مێژووى سه‌رهه‌ڵدانى ناوه‌نده‌كانى توێژینه‌وه و ئامانجه‌كانیان، گه‌شه‌پێدانى بیر‌و بۆچوونه‌كان، بابه‌تى توێژینه‌وه‌كانیان، ناوه‌نده‌كانى توێژینه‌وه و راگه‌یاندن، ناوه‌نده‌كانى توێژینه‌وه له جیهانى عه‌ره‌بی ده‌دوێت و شیان ده‌كاته‌وه. بۆ نموونه، سه‌باره‌ت به ئامانجه‌كانى ناوه‌نده‌كانى توێژینه‌وه ده‌ڵێت: زۆربه‌ى ناوه‌نده‌كانى توێژینه‌وه هاوبه‌شن له سێ ئامانجدا: (به‌رهه‌مهێنانى مه‌عریفه، به‌رزكردنه‌وه‌ى تواناى توێژه‌ران، رۆشنبیركردنى كۆمه‌ڵگا). پاشان نووسه‌ر بێزاریى خۆى له كه‌میى و لاوازیى رێژه‌ى بوونى ناوه‌نده‌كانى توێژینه‌وه له جیهانى عه‌ره‌بی ده‌رده‌بڕێت، كه له كۆى (6826) ناوه‌ندى توێژینه‌وه له جیهاندا، ته‌نها (387) ناوه‌ندى توێژینه‌وه له وڵاتانى عه‌ره‌بی بوونى هه‌یه!، به رێژه‌ى (5,7%) بۆ هه‌موو جیهانى عه‌ره‌بی. ئه‌وه به‌ده‌ر له لاوازیى له پێوه‌رى توێژینه‌وه‌كان و شیكردنه‌وه‌ى بابه‌تییانه‌ى سه‌ربه‌خۆ بێ كاریگه‌ریی به‌رژه‌وه‌ندیى تاكه‌كه‌سیى و ئه‌و دامه‌زراوه‌ى پاڵپشتى ده‌كات.
زۆر گۆشه و بابه‌ت ماوه، كه له كتێبى “پوخته‌ى كتێبى بونیادى هزرى” ئاماژه‌یان بۆ بكه‌ین، به‌ڵام له‌به‌ر زیاتر درێژنه‌بوونه‌وه‌ى هه‌ڵسه‌نگاندن و خوێندنه‌وه‌كه، لێره‌دا ده‌وه‌ستین. به هیواى خوێندنه‌وه‌ى وردیی كتێبه‌كه.