شکۆمەندی زانستی ئافرەتان لە شارستانيیەتی ئیسلامیدا
ئیبراهیم دوەیری
وەرگێڕانی: ڕێدار ئەحمەد
ئیبن حەجەری عەسقەلانی (کۆچی دوایی ٨٥٢ کۆچی/١٤٤٨ زایینی) لە کتێبی “الدرر الكامنة في أعيان المئة الثامنة”دا باسی (170) زانای فەرموودەناسیی ئافرەتی كردووە کە (54) یان وەك مامۆستا وانەیان وتووەتەوە، ئیمام نەجمەدین ئیبن فەهدی مەکی (کۆچی دوایی ٨٨٥ کۆچی / ١٤٨٠ زایینی) دەڵێت کە زانستی لە خزمەت (130)زانای ئافرەت وەرگرتووە، قوتابییەکەشی كە ئیمامی سخاوییە (کۆچی دوایی ٩٠٢ کۆچی / ١٤٩٦ زایینی) نزیکەی (85) مامۆستای ئافرەتی هەبووە،کە لەکتێبی “الضوء اللامع لأهل القرن التاسع”دا باسیكردوون، مامۆستایانی ئافرەتی زانای هاوچەرخی سیوەیطیش (کۆچی دوایی ٩١١ی کۆچی) گەیشتووەتە (44) مامۆستا.
ئەم ئامارە ژمارەیییانە نیشاندەری ئامادەبوونی باشی خانمانن لە ژیانی زانستی ئیسلامیدا و کاریگەریی بەهێزیان لەو ناوەندەدا دەخاتە ڕوو، هەروەك ئەو نمونە زۆرانەی ئافرەتان – کە لەلایەن ئەو زانایانەوە خراونەتە ڕوو – نیشانی دەدات كە کۆمەڵگەی زانستی چەندە سوور بووە لەسەر دەرخستنی ڕۆڵی خانمان لەڕووی مەعریفەوە و تۆماركردنی و ئاماژەدان بەفراوانبوونی، پاشان قسەكردن لەبارەی ئەو ئافرەتانەی فەتوادەر و خاوەن زانستی فراوان بوون ڕووبەرێكی فراوانی هەیە، ئەمەش بەهۆی بەهێزیی بنکەی زانستی ئافرەتانەوەیە لە شارستانییەتی ئیسلامییدا، لەهەمان كاتدا ئەوە دەردەكەوێت کۆمەڵی پیاوان ئەم ئامادەبوونە زانستییەی خانمانیان چەندە قبوڵ بووە، تەنانەت شانازیان بەوەوە كردووە كە زانستیان لەخزمەت زانایانی شەرعزانی ئافرەتدا خوێندووە.
بەم پێیە بوونی خانمی موفتی و خاتوونی شەرعزان لە کایەی گشتی ئیسلامییدا بەشێک بووە لەو هەمووەكییە زانا ئافرەتانەی هەبوون، بەمجۆرە هیچ ناوچەیەك لەناوچە ئیسلامییەكان نییە لەهیچ سەردەمێك لەسەردەمەكاندا خانمی شەرعزان (فەقیهی ژن)ی تێدا نەبووبێت. ڕەنگە یەکێک لە هۆکارەکانی ئەم ئامادەبوونە ناوازەیە ئەوە بێت کە بەهێزکردنی ئافرەتان پێویستی بە چاوەڕوانكردنی بڕیارێکی سیاسی و، دەسەڵاتێک نەبووە كە یاسایەک بۆ ڕێگەپێدانیان دەربكات تا ئەو كارە ئەنجام بدەن، چونکە لەبنەڕەتدا هیچ سنووردارکردنێکی شەرعی بۆ فێربوون و فێرکردنی ئافرەت نییە، بەڵکو ئەرکێکە لەسەریان بگەڕێن بەدوای زانست و بڵاوکردنەوەیدا، ئەو چاوگە زانستییەی ئافرەتان لێیەوە سەرچاوەیان گرت بریتییە لەو ئەزموونە زانستیانەی دایکانی باوەڕداران و صەحابیە زانا هاوتاکانیان و قوتابییە كچەکانیان لە نێو تابیعینەكاندا. ئەوانە هەموویان بەپیاو و ئافرەتانیانەوە له پایه زانستییەكاندا بوون که هەستانەوەی زانسته ئیسلامییەکانی لەسەر دروست بوو، لەڕوانگەی ئەو پێڕە زانستییە گەورەی سەردەمی هاوەڵان و تابیعین ڕەوایەتی چالاكی ئافرەتان لە كۆمەلگادا سەرچاوەی گرت، لەنێویشیدا بەشداربوونی لەبواری مەعریفەدا، لەمبارەیەوە ئیمامی ئیبن قەیم (کۆچی دوایی ٧٥١ کۆچی/١٣٥٠ی زایینی) دەڵێت ” لەنێو هاوەڵانی پێغەمبەری خودا (درودی خوای لەسەر بێت) ئەوانەی کە فەتوایان لێ پارێزراوە لەپیاوان و ئافرەتان ژمارەیان سەد و سی و چەند كەسێك بوو”، باسی ئەوەش كراوە كە نزیکەی بیست و دوویان ئافرەتی موفتی بوون.
ئەگەر هەندێک پۆستی شەرعی – وەک دەسەڵاتی دادوەری- تەنانەت بۆ پیاوانیش پێویستی بە ڕێگەپێدانی سیاسی هەبووبێت تا لەو پۆستەدا دەستبەكار بن، لەگەڵ ئەوەدا كاری فەتوا بە تایبەت و وانەوتنەوە بەگشتی نە بۆ پیاو و نە بۆ ژن پێویستی بە مۆڵەت وەرگرتن نییە، تەنها ئەوەندە بەسە لەبواری زانستیدا بە لێهاتوویی و دەستپاکی ناسرابێت، ڕەوایەتیی بۆچوونی زانستیش بەهۆی ڕەگەزی قسەکەرەوە نییە، بەڵکو بەهۆی بەهێزی بەڵگە و سەقامیگیریی شەرعیی كەسەكەوەیە ئیتر پیاو بێت یان ئافرەت جیاوازی نییە.
ئەم مەرجە بابەتیانە وایكردووە لەشارستانییەتی ئیسلامیدا كەشێكی لەبار هەبێت بۆ پێگەیاندنی سەدان ئافرەتی شەرعزان و موفتی و فەرموودەناس و ئەدیب و شاعیر و… هتد، ژمارەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن ژمارەی ئافرەتانی شەرعزان كە پەیوەندییان بە شاری مەككەوە هەبووە، ئیدی تێیدا نیشتەجێ بووبن یان لەنزیكی بووبن یاخود بەسەردان هاتبن بۆی لەسەدەی نۆیەمی كۆچی (سەدەی پازدەیەمی زایینی)دا گەیشتووەتە 270 ئافرەتی شەرعزان!!
بەڵام وێڕای ئەو ئامادەبوونە زۆرەی ئافرەتان لەنێوەندە مەعریفییە ئیسلامیەكاندا كتێبە فیقهییەكان ئەوەیان فەرامۆش كردووە بۆچوونە فیقهی و مەزهەبەكانیان باس بكەن -جگە لەباسكردنی دایكانی ئیمانداران و بەتایبەت خاتوو عائیشە-و هەندێك لەئافرەتانی سەرەتای هاتنی ئیسلام تەنها باسی ئەوانە كراوە، لەوانەیە چەندین هۆكار بۆ ئەو فەرامۆشكردنە هەبێت، لەهەرە دیارترینی ئەو هۆكارانەش زاهیدبوونی هەندێك لەو خاتوونە شەرعزانانە بووە لەنووسین و تەئلیفی زانستیدا و، هۆكاری دیكەش هەبوون پەیوەنددار بوون بە مەنهەجی شەرعزانان و مامەڵەكردنیان لەگەڵ بۆچوونە زانستییە بەناوبانگ و تێڕوانینە فیقهییەكاندا، لەسایەی ڕەوشی كۆمەڵگای ئیسلامی كۆندا ئەوە بۆ ئافرەتان سەخت بووە، هەموو ئەوانە وایكردووە پیاواان لەبواری بۆچوونی فیقهیدا زاڵتر لەئافرەتان دەربكەون.
لەگەڵ ئەو لایەنە نەرێنیانەی بوونەتە كۆسپ لەڕێی ڕەوتی زانستی زۆرینەی “خانمانی موفتی” بەڵام كاریگەرییان لەسەر عەقڵی مەعریفی ئیسلامی هەر ماوەو حەقیقەتێكەو نكوڵی لێ ناكرێت، بگرە بەبەڵگەی پشتبەستوو بە سەنەدی متمانەپێكراو و زنجیرەی ئیمامە پیاوەكان پێش ئافرەتان تۆمار كراوە!! پاشان بابەتی خوێندنی ئافرەتان كە هەندێجار لێرەو لەوێ دەوروژێنرێت هیچ مشتومڕ هەڵناگرێت، یاخود كاتی دیاریكردنی خانەو دامەزراوەی فەتوای فەرمی تایبەت بەئافرەتانی موفتی لەنێوان نەیاربوون و پشتیوانیدا قسەی لەبارەوە دەكرێت، ئەم مشتومڕە هەندێ فاكتەر دروستی كردووە، لەوانە زاڵبوونی نەریت لای زۆربەی موفتی و شەرعزانان بەدرێژایی مێژوو كە پیاو بوون، هەروەها تێكەڵكردنی ئەركی فەتوادان (الافتاء) و قەزا (القضاء) لەمێشكی خەڵكیدا كە زانایانی پێشین ناكۆكییان لەنێواندا هەبووە سەبارەت بە وەرگرتنی پایەی قەزا لەلایەن ئافرەتەوە، لەكاتێكدا لەسەر فەتوا ئو ناكۆكییە نەبووە.
ئەم فاكتەرانە وایان كردووە زۆر پێویستە بگەڕێینەوە بۆ سەردەمی شکۆمەندی زانستی شارستانییەتی ئیسلامی؛ بەمەبەستی دۆزینەوەی ئەو پەیوەندییە بەتینەی لە نێوان ژنان و فەتوا و فیقهـ و هونەرە جۆراوجۆرەکانی زانستی شەرعیدا هەبووە و، ئاشنابوونی دەرکەوتەکانی ئەو پەیوەندییە لەڕووی تیۆری و پراکتیکییەوە، ئەمەش ئەو مەبەستەیە کە ئەم بابەتە دەیەوێت بیخاتەڕوو – ئەویش بەشداری گەورەی ٢٠ خانمی زانا و فەتوادەرە بە بەڵگەوە-، دەرخستنی دەرکەوتەکانی کاریگەریی خانمان لە ژیانی زانستی کۆمەڵگا ئیسلامییەکاندا و، ئەو ئامادەبوونە دیار و ناوازەیان هاوشانی ئیمامە پیاوەكان، تەنانەت خانمانی زانا – لەزۆر كاتدا – بەشداربوون لە پێگەیاندنی ئەو ئیمامانەدا.
فەتوای زۆر زووی خانمان
ئیمام ئیبن قەیم جەوزی (کۆچی دوایی 751 کۆچی / 1350 ز) دەستەواژەی “ئیمزاکردن بەناوی خود (التوقیع عن الله)”ی بەكارهێناوە بۆ ئەوانەی “فەتوا دەدەن”، لەمبارەیەشەوە لە کتێبەکەیدا “إعلام الموقعین عن رب العالمین” بەشێكی بۆ تەرخان كردووە. فەتوا و ئەنجامدانی ئەمكارە چەندین مەرجی هەیە کە لەلایەن ئیمامی نەوەوی (کۆچی دوایی ٦٧٦ کۆچی/١٢٧٧ی زایینی)یەوە لە كتێبی “اداب الفتوی والمفتي والمستفتي”دا ئاوا كورتی كردووەتەوە: “ئەو کەسەی فەتوا دەدات دەبێت مكلف و موسڵمان و متمانەپێکراو بێت، بەدەر بێت لە هۆکارەکانی فیسق و (خوارم المروءة) -مەبەست ئەو ڕەفتارانەیە لە هەیبەتی مرۆڤ كەم دەكەنەوە- دەروونساغ و ئاوەز پاك و ڕەفتار ڕێك بێت و بەهۆشیارییەوە حوكمەكان دەربهێنێت، لەمەشدا ئازاد و کۆیلە و ژن یەکسانن تێیدا.” کەواتە خولگەی فەتوادان لە ئیسلامدا تەنها بۆ توانای زانستی و پاڵنەری ئەخلاقی و ڕەوایەتی ڕەچاوکردن و هەڵێنجانی حوكمەكان دەگەڕێتەوە.
ئەنجامدانی كاری فەتوادان لە مێژووی ئیسلامیدا پێویستی بە بڕیارێکی سیاسی نەبووە بە پێچەوانەی دەسەڵاتی دادوەرییەوە، چونکە فەتوا بەگوێرەی پێناسەی شەرعزانەکان بریتییە لە: “ڕاگەیاندنی حوکمی شەرعی بە شێوەیەکی فەرز (ئیلزام)یش نییە”، هەروەک چۆن ئاگادارکردنەوەی حوکمی شەرعی پێویستی بە مۆڵەت نەبوو جگە لەو زانایانەی کە شایەتحاڵییان بۆ خوێندکارەکە داوە و خوێندکار مافی ئەم بڕوانامە ئەکادیمییەی هەیە، کە هەڵگرەکەی لە ڕێککەوتننامەکەیاندا بە نازناوی “موفتی” یان “زانا” یان ” فەقیهـ” ناوبراوە. پێدانی نازناو بە پێشینەکان ئاسان نەبوو، بەتایبەتی ئەو نازناوانەی کە بەرپرسیارێتی بە قەبارەی فەتواکە بەدوای خۆیدا دەهێنێت، کە خاوەنەکەی بەرپرسیارێتی “ئیمزاکردن بەناوی پەروەردگاری جیهانەکانەوە” لە ئەستۆدایە.
بەهەمان شێوە ڕاگەیاندنی حوكمی شەرعی پێویستی بە مۆڵەت وەرگرتن نەبووە، مەگەر مۆڵەت لەزانایان وەرگیرابێت كە ئەو پیاو یان ئافرەتە شیاوە بۆ ئەو پلەی زانستییە كە ئەو كەسەی لەو پلەیەدا بێت نازناوی “موفتی” یاخود “زانا” یان “شەرعزان -فقیهـ”ی لێدەنرا، بەدەستهێنانی ئەو نازناوانەش لەلای زانایانی پێشین ئاسان نەبووە، بەتایبەت نازناوێك كە خاوەنەكەی بەرپرسیارێتی “واژۆكردن لەجیاتی پەروەردگاری جیهانیان -التوقیع عن رب العالمین-“ی دەگرتە ئەستۆ.
لەبەر ئەوە دەبینین قازی عەیازی یحصبی (كۆچی دوایی 544 ك/1149ز) لە كتێبی “ترتیب المدارك”دا دەڵێت: ” پێم باش نییه هیچ فێرخوازێك ناوبنرێت (فهقیهـ) ههتا تهمهنی گهنجێتی تێدهپهڕێنێت و تهواو پێدهگات و تێڕوانینی بههێز دهبێت و، له لهبهركردنی رهئی و گێڕانهوهی فهرموودهو لێوردبوونهوهو جیاكردنهوهی چینهكانی گێڕهرهوهكانی شارهزا و لێزان دهبێت، بڕیار لهسهر گرێی بهڵگهنامهكان دهدا و عیللهتهكانی دهزانێت و، سهرنجی جیاڕاییهكان دهدات و، ئاگاداری بۆچوونی زانایان و تهفسیر و ماناكانی قورئان بێت، ئا ئهو كاته شایستهیه پێی بگوترێت فهقیهـ، ئهگهرنا، ناوی (فێرخواز) شایستهتره بۆی”. لێرەوە دەزانین کە هەر ژنێک کە لە کتێبی ژیاننامەكاندا وەک فیقهـ وەسف کرابێت، شایەنی ئەوەیە فەتوا دەربکات، هەروەها لەم كتێبانەدا باسی ئەوەش كراوە کە زۆرێک لە ئافرەتان فەتوایانداوە.
لهمهوه دهزانین كه ههموو ئافرهتێك كه لهكتێبی ژیاننامهكان به فیقه وهصف كرابێت، شایستهی فهتوادان بووه، ههروهك لهو كتێبانهدا هاتووه كه ئافرهتانێكی زۆر ئهركی فهتوایان گرتۆته دهست
زانای پایەبەرز ئیبن قەیم باسی لەوە کردووە کە “لەنێو هاوەڵانی پێغەمبەری خودا (درودی خوای لەسەر بێت)، سەد و سی و چەند كەسێ، لەنێو پیاو و ژندا فەتوایان لێوە گێڕدراوەتەوە” لەو ژمارەیە باسی نزیکەی بیست و دوو ئافرەتی کردووە، ئەو خاتونانەش بەگوێرەی زۆری و كەمی فەتواكانیان بەمجۆرە ڕیزبەندی كردوون: دایكی باوەڕداران عائیشە و ئوم سەلەمە و، ئوم عەتیە، دایكی باوەڕداران صەفیە و، دایكی باوەڕداران حەفصە، دایكی باوەڕداران ئوم حەبیبە و، لەیلای كچی قانفی سەقەفی و، ئەسمای كچی ئەبوبەکر و، ئوم شورەیک و، حەولای كچی تووەیتی ئەسەدی و، ئوم دەردای کوبرا و، عاتیکە كچی زەیدی كوڕی عەمر، سەهلە كچی سوهەیل و، جووەیرییەی دایکی باوەرداران و، مەیموونەی دایكی باوەڕداران و، فاتیمە کچی پێغەمبەری خودا (درودی خوای لەسەر بێت) و، فاتیمەی کچی قەیس و، زەینەب کچی ئوم سەلەمە و، دایکی ئەیمەنی حەبەشەیی كە دایەنی پێغەمبەری خودا (درودی خوای لەسەر بێت) بوو، ئوم یوسف كە ئەویش حەبەشی بوو خزمەتی پێغەمبەری خودای (درودی خوای لەسەر بێت) کردووە و، غامدییە.
ئەو كەسەی لەمێژووی فەتوا لەسەدەكانی ئیسلامیدا بكۆڵێتەوە تێدەگات كە ئەو ژمارەیە -بەڕێژە سەدیەكەی بەرزە- “ئەو خانمانەی موفتی بوون” ڕادەی ئامادەیی ئافرەتان و ڕۆڵی فیقهی و فەتوایانی لەسەردەمی پێغەمبەردا بۆ دەردەكەوێت، ئەو ئامادەییە یان گەشەكردنە ئەو گوتەیەی عەبدولحەلیم ئەبو شقە (كۆچی دوایی 1416مۆچی/ 1995زایینی) دووپات دەكاتەوە كە كردبوویە ناونیشانی مەوسوعە پێشەنگەكەی: “تحریر المرأة في عصر الرسالة”.
ئافرەتان و فەتوادان
ئامادەیی بابەتی خانمان لەنێوان ئەوانەی فەتوایان دەدا لەسەدەی یەكەمی كۆچی/ حەوتەمی زایینی لەفیقهی دایكی باوەرداران عائیشە (كۆچی دوایی 58 كۆچی/679 زایینی)دا خۆی دەنواند، كە مێژوونووسانی فەتوا لەنێو ئەو حەوت هاوەڵەدا ئەژماریان كردووە كە زۆر فەتوایانداوە، چونكە عائیشە “بەڕەهایی تێگەیشتووترین ئافرەتی ئوممەت بووە”، هەروەك ئیبن قەیم لە كتێبی “اعلام الموقعین”دا وەسفی كردووە.
ئیمامی زەهەبی (كۆچی دوایی 405 كۆچی/1347 زایینی) لە كتێبی “سیر أعلام النبلاء”دا لەبارەیەوە وتوویەتی: “هیچكەس شك نابەم لە ئوممەتی محمد (درودی خوای لەسەر بێت) -بگرە لەنێو ئافرەتاندا بەڕەهایی- ئافرەت هەبێت لە عائیشە شارەزاتر بێت”. هەروەها بەگوێرەی ئەوەی خاوەنی كتێبی “الطبقات الكبری” ئیبن سەعدی بصری (كۆچی دوایی 230 كۆچی/845 زایینی) سەلماندوویەتی: “لەسەردەمی خەلافەتی ئەبوبەكردا (كۆچی دوایی 13 كۆچی/635 زایینی) و عومەر (كۆچی دوایی 23 كۆچی/645 زایینی) و عوسمان (كۆچی دوایی 35 كۆچی/656 زایینی)دا فەتوایداوە و تا كاتی مردنی بەردەوام بووە”، و “گەورە هاوەڵانی پێغەمبەر خوا (درودی خوای لەسەر بێت) وەك عومەر و عوسمان بۆ پرسیاری سونەنەكان پرسیارەكانیان دەنارد بۆ لای”.
نزیكایەتی عائیشە (خوا لێی ڕازی بێت) لە پێغەمبەری خوا (درودی خوای لەسەر بێت) ڕۆڵی گەورەی هەبووە لە زۆریی ژمارەی ئەو فەرموودانەی لێیانەوە گێڕاوەتەوەو لە زۆری فەتواكانیشی، گێڕانەوەكانیشی زۆریان حوكمە فیقهیەكان بووە، تەنانەت حاكمی نیساپوری (كۆچی دوایی 405 كۆچی/1015 زایینی) وتوویەتی -وەك ئەوەی ئیمام بەدرەدینی زەركەشی (كۆچی دوایی 794 كۆچی/1396 زایینی) لەو كتێبەیدا كە دواتر باسی دەكەین لێیەوە دەگێڕێتەوە، دەڵێت: “عائیشە چواریەكی شەرع لەوەوە گێڕادراوەتەوە”.
كۆی گێڕانەوەكانی عائیشە لەهەردوو صەحیحی بوخاری و موسلیمدا دەگاتە نزیكەی “دووسەدو حەفتاو چەند فەرموودەیەك، كەمێكیان نەبێت هەموویان فەرموودەی ئەحكامن”، شێخ فایز دەخیل فیقهی عائیشەی لە موجەلەدێكی گەورەدا كۆكردووەتەوە و ناویناوە “موسوعة فقه عائشة أم المؤمنین.. حیاتها وفقهها”.
خاتوو عائیشە بە هەندێ فەتوا و بۆچوونی فیقهی بەناوبانگ بوو كە ئەو بەتەنها بوو تێیاندا، لەوانە فەتوای جیانەكردنەوەی منداڵی زینا و منداڵی دیكە لە ئیمامەتی نوێژدا ئەگەر ئەو زیاتر قورئانی دەزانی و لەشەرعدا شارەزاتر بوو، وایدەبینی كە “هەڵەی دایك و باوكی هیچ لەسەر ئەم نییە، (ولا تز وازرة وزر اخری) – سورەتی فاطر/ ئایەتی: 18-، كەس تاوانی كەسی تر هەڵناگرێت، وەك ئەوەی ئیبن ئەبی شەیبە (كۆچی دوایی 794 كۆچی/1396 زایینی) لە كتێبی “المصنف”دا بۆمانی گێڕاوەتەوە.
هەروەها لەو فەتوایانەی دیكەی كە تاقانەیە تێیاندا ئەو بۆچوونەیەتی كە ئافرەت ئەگەر دڵنیابوو لەسەلامەتی خۆی ئەوا بەڕەهایی دەتوانێت بەبێ مەحرەم سەفەر بكات، لەمبارەیەشەوە ئیبن ئەبی شەیبە گێڕاویەتەوە “لە زهری (ئەو) وتوویەتی: لای خاتوو عائیشە باسی ئەوە كراوە كە ئافرەت بەبێ بوونی مەحرەم لەگەڵی بۆی نییە سەفەر بكات، عائیشە وتوویەتی: هەموو ئافرەتێك مەحرەمی دەست ناكەوێت” شێخ سەعید دەخیل لە كتێبەكەی سەبارەت بە فیقهی عائیشە كە پێشتر باسمان كرد، تێبینی ئەوەی كردووە زۆرێك لەفەتواكانی “لەڕوانگەی ئەوەی مێینەیەكی فەقیهی دیار بووە سەرچاوەی گرتووە، چونكە خاتوو عائیشە لەگەڵ پێغەمبەردا (درودی خوای لەسەر بێت) لەژێر یەك باندا ژیاوە و، لەوەوە فێر بووە بەجۆرێك پیاوانی تر وا فێر نەبووبن”.
ڕۆڵی خاتوو عائیشە لەڕووی فیقهەوە تەنها لە فەتوادان و باسكردنی سونەنەكاندا كورت نەبوبوەوە، بەڵکو لەگەڵ هاوەڵان مشتومڕی دەکرد و داوای ڕادەربڕینی لەسەر فەتوای گەورەکانیان هەبوو، وەک ئەبوبەکر صدیق باوکی و عومەری فاروق. ئیمامی زەرکەشی (کۆچی دوایی ٧٩٤ کۆچی / ١٣٩٢ی زایینی) لە کتێبێکەیدا ڕادەربڕینەكانی لەسەر هاوەڵانی بەڕێز لەبەشێكی سەرنجڕاكیشدا بەناوی: ” الإجابة لإيراد ما استدركته عائشة على الصحابة” خستووەتە ڕوو، چاکسازییەکانی لەسەر هاوەڵانی بەڕێز کۆکردەوە. هەروەها عائیشە چەندین خاتوونی موفتی پێگەیاندووە کە دوای خۆیان فەتوایان دەدا و، كەسانیكی زۆر فیقهـ و زانستیان لێی وەرگرتووە كە هەندێكیان كەسانی ماڵەكەیان بوون، وەك: ئوم كەلسومی خوشكی و حەفصەی کچی عەبدولڕەحمانی كوڕی ئەبوبەکر ( كۆچی دوایی ساڵی ٥٨ی کۆچی / ٦٧٩ی زایینی).
بە گوێرەی زەهەبی لە کتێبی “سیر أعلام النبلاء”دا: لە نێو ئەوانەی کە لەسەر دەستی خاتوو عائیشە دەرچوون و ئاڵای فەتوایان لە دوای ئەوەوە هەڵگرتبوو: “عومرەی كچی عەبدولڕەحمانی ئەنسارییە (کۆچی دوایی ٩٨ی کۆچی / ٧١٨ی زایینی) كە زانای شەرعزانێكی گەورە بوو پەروەردەبووی لای خاتوو عائیشە و قوتابی ئەوە”، هەروەها “صەفیەی كچی شەیبە (کۆچی دوایی ٨٦ کۆچی / ٧٠٦ زایینی) و زانای شەرعزان ئوم مەنصوور قەرشی” و، لە نێویاندا “ئوم دەردائی صغری (لە دوای ساڵی ٨١ی کۆچی / ٧٠١ی زایینی کۆچی دوایی کردووە) هەیە، كە بە زانست و کار و زاهیدیی ناوبانگی دەرکردبوو”، زانایان هاودەنگن كە بە “بە شەرعزان و عاقڵمەند و تێگەیشتن و شکۆمەندی” وەسفی بكەن؛ وەک ئیمامی نەوەوی لە کتێبی “تهذیب الأسماء واللغات”دا دەڵێت.
زانایانێكی ئافرەت كەسانی بەناوبانگ پێدەگەیەنن
لەسەردەمی تابعیندا، لەشاری مەدینەی پێغەمبەر حەوت زانای پایەبەرز بە حەوت فەقیهەكەی مەدینە بەناوبانگ بوون، بەگوێۆەی كتێبەكانی ژیاننامەكان هەریەك لەو حەوت زانا بەناوبانگە لەلای زانایەكی ئافرەت دەیانخوێند، سەعیدی كوڕی موسەییب (کۆچی دوایی ٩٤ کۆچی/ ٧١٤ زایینی) لە عائیشە و ئوم سەلەمە زانستی وەرگرتووەو فێربووە. عوروەی كوڕی زوبەیر (کۆچی دوایی ٧٤ کۆچی / ٦٩٤ زایینی) لە ئەسمائی كچی ئەبو بەکری صدیق (کۆچی دوایی ٧٣ کۆچی / ٦٩٣ زایینی) زانستی وەرگرتووە كە دایكی بووەو لەگەڵ خاتوو عائیشەی دایکی ئیمانداران، پووری بووە “لەخزمەتیدا بووە و لێی فێربووە”؛ وەک لە كتێبی “سیر أعلام النبلاء”دا هاتووە كە لە نووسینی زەهەبییە، کە تێیدا باس لەوە دەکات کە قاسمی كوڕی محمدی كوڕی ئەبوبەکری صدیق (کۆچی دوایی ١٠٧ کۆچی / ٧٢٦ زایینی) “لە حوجرەی خاڵۆزاکەی، كە عائیشەی دایکی ئیمانداران بووە، پەروەردە بووە و لێیەوە فێربووە و زانستی زیاتر بووە”؛ حەوتەمیشیان شەرعزان و شاعیر عوبەیدوڵڵای كوڕی عەبدوڵڵای هەزلی (كۆچی دوایی لە ساڵی ٩٨ کۆچی / ٧١٨ی زایینی) بووە، کە زانستی لە عائیشە و ئوم سەلمە وەرگرتووە.
لە چوار ئیمامەكە باس نەكراوە فێربوونی بەرچاویان لەسەر دەستی ژنان بووبێت. بەڵام ئیمامی مەدینە مالیکی كوڕی ئەنەس (کۆچی دوایی ١٧٩ی کۆچی / ٧٩٥زایینی) لە عائیشەی كچی سەعدی كوڕی ئەبی وەقاس (عائیشە الصغری) (کە لە ساڵی ١١٧ی کۆچی / ٧٣٦ی زایینی کۆچی دوایی کردووە) زانستی وەرگرتووە و، فاتیمەی کچەکەی لەمەوە زانستی وەرگرتووە و لەلایەن ئیبن ناسرەدینی دیمەشقی (كۆچی دوایی 842 کۆچی / 1440 زایینی) لە گێڕەرەوەكانی “موطأ”ی باوکیدا ناوی هاتووە و، دەڵێت: “مالیک کچێکی هەبوو کە زانستەکەی لەبەر دەکرد…، و ئەو كچەی لە پشت دەرگاکە ڕادەوەستا، ئەگەر قوتابییەكی هەڵەیەکی بکردایە لە دەرگاکەی دەدا و مالیک تێبینی هەڵەكەی دەکرد و بۆی ڕاست دەكردەوە”. هۆکاری ئەوەی ئیمامی مەزن ئەبو حەنیفە (کۆچی دوایی ١٥٠ کۆچی / ٧٦٨ زایینی) ڕوویكردە زانستی فیقهو فەتوا پرسیاری ئافرەتێك بوو لێی.
لەسەدەكانی دواتردا دەبینین كەسایەتییەكی شەرعزانی مەزنی وەك ئیمام ئەبو محمد ئیبن حەزمی ئەندەلوسی (كۆچی دوایی 456 کۆچی / 1056 زایینی) كە مەزهەبەكەی مەزهەبی (ظاهری)یە و بە لێهاتوویی لەهەموو زانستەكاندا ناسراوە، لە كتێبی “طوق الحمامة”دا باسی ڕۆڵی ئافرەتانمان لە پێگەیاندنی زانستیدا بۆ دەكات و، لەمبارەیەوە دەڵێت: “ئافرەتانم بینیووەو نهێنیەكانیانم بەڕادەیەك زانیووە كەسی تر وەك منی نەزانێت، چونكە من لە حوجرەكانیاندا پەروەردە بووم و، لەبەر دەستیاندا گەورە بووم و، جگە لەوان كەسیترم نەناسیووە..، ئافرەتان قورئانیان فێركردم و، زۆر شیعریان بۆ خویندمەوەو، لەجواننوسیدا مەشقیان پێكردم”، ئەم نزيكيیە لەو تەمەنە كەمەدا بەو زانستە ناوازەیەی ئافرەتان وای لێکرد کە یەکێک بێت لە گەورەترین شیکارییەکانی دەروونی مرۆڤ لە مێژووی کۆندا، بەتایبەتی لە بابەتەکانی پەیوەست بە ئافرەتان.
کاتێک بەئاڕاستەی ڕۆژهەڵات دەڕۆین – لە سەدەی پێنجەمی کۆچی / هەمان سەدەی ١١ی زایینی) – پیاوێکی وەك “حافظ المشرق” ئیمامی خەتیبی بەغدادی (کۆچی دوایی 363 کۆچی / 1072 زایینی) دەبینین فەرموودە لە خاتوونی شەرعزان طاهیرەی كچی ئەحمەد تنوخی (کۆچی دوایی 436 کۆچی / 1045 زایینی) وەردەگرێت، ئیمام ئیبن عساكر (کۆچی دوایی ٥٧١ کۆچی / ١١٧٥ زاینی) لە کتێبی “معجم النسوان”دا – ژیاننامەی 80 خانمی زانای هێناوە كە لەزانستەكەیان بەهرەمەند بووە.
زەهەبیش لە كتێبی “سیر أعلام النبلاء”دا باسی ئەوەی كردووە كە (حافظ السلفي) (کۆچی دوایی 576 کۆچی / 1180 زایینی) لە ئەصبهان زانستی لەلای ئافرەتان خوێندووە، لە بەغداش تەنها لەهەشت خانمی زانای زانست وەرگرتووە”، یەكێك لەقوتابییەكانی فەرهەنگێكی مامۆستا ئافرەتەكانی بۆ كۆكردوەتەوە و، ئیمامی زەهەبی خۆیشی لەچەندین ئافرەتی گێڕانەوە هێناوەو لە مەوسوعەی مامۆستاكانیدا باسی كردوون.
هەروەك ئیمامی عومەری كوڕی فەهدی مەکی هاشمی (کۆچی دوایی ٨٨٥ کۆچی / ١٤٨٠ زایینی) باسی لەوە کردووە زانستی لە ١٣٠ مامۆستای ئافرەت وەرگرتووە، لە کتێبەکەیدا “الدر الکمین بذیل العقد الثمین في تأریخ البلد الامین” ژیاننامەی ٢٨٦ ئافرەتی هێناوە کە لە کایەی گشتیدا لە شاری مەكەی موكەڕەمە ناسراو بوون و، زۆربەیان مامۆستای ژمارەیەک زانای گەورە بوون. ئیبن حەجەری عەسقەلانی (کۆچی دوایی ٨٥٢ کۆچی / ١٤٤٨ زایینی) لە کتێبەکەیدا “الدرر الکامنة في أعیان المئة الثامنة” باسی ١٧٠ ئافرەتی كردووە، لەنێویاندا ٥٤ ئافرەتیان مامۆستای خۆی بوون، لە کتێبەکەیدا “التقریب” باسی ژیانی ٨٢٤ ئافرەتی كردووە کە بە گێڕانەوە بەناوبانگ بوون. سەخاوی (کۆچی دوایی ٩٠٢ کۆچی / ١٤٩٧ زاینی) قوتابیشی لە كتێبی “الضوء اللامع لأهل القرن التاسع”دا باسی نزیکەی ٨٥ خاتوونی زانای کردووە، هەروەها مامۆستا ئافرەتەکانی هاوچەرخی، جەلالەدین سیوطی قوتابیشی (کۆچی دوایی ٩١١ کۆچی / ١٥٠٥ زایینی) ژمارەیان دەگەیشتە ٤٤ زانا.
ئەگەر ئەو وتەیە لای ئیمام ئەبو شەهابی زهری (کۆچی دوایی 124 کۆچی / 743 زایینی) بەناوبانگ بووبێت كە: “فەرموودە زانستێكی بەرزە مەردەكان خۆشیان دەوێت و كەمزانەكانیان ڕقیان لێیە”، وەک ئەوەی ئیبن قوتەیبە دینەوەری (کۆچی دوایی ٢٧٦ کۆچی / 889 زایینی) لە کتێبەکەیدا “تأویل مختلف الحدیث” گێڕاویەتەوە؛ ئیمامی زەهەبی ئەو وتەیەی لە مێشکی خەڵکدا چەسپاوە كە لە کتێبی “میزان الاعتدال”دا كردوویەتی و دەڵێت: ” نەمزانیوە لەنێو ئافرەتاندا كەس هەبووبێت تۆمەتی هەڵبەستنی فەرموودە یان واز لێهێنانی درابێتە پاڵ”، بەهۆی عیللەیەك لە گێڕانەوەکەیدا.
ئەو دوو وتەیە لەڕووی ڕۆشنبیرییەوە گوزارشتن لەسەردەمی ئەوانەی وتوویانە، لەسەردەمی زهریدا فەرموودە كارێكی تایبەت بە پیاوان بووە، لەسەردەمی زەهەبیشدا خانمانی فەرموودەناس لەجیهانی ئیسلامیدا بڵاو بوون، بەتایبەت لەخانەوادە زانستییەكاندا چونكە گەشتكردن بۆ وەرگرتنی زانست و فەرموودە بۆ خانمانی ماڵەوە بەردەست نەبوو.
زمانی ژمارەكان دەڵێت ژمارەی ئافرەتانی فەرموودەناس -لەهەردوو سەدەی حەوتەم و هەشتەمی كۆچی / سەدەی چواردەهەم و پازدەهەمی زایینی) لەمیسرو شامدا گەیشتووەتە نزیكەی 334 خاتوونی فەرموودەناس، زانایانی فەرموودەناسی ناسراوی ئەو سەردەمە كە وەك نموونە باس دەكران هاوشێوەی ئیبن عساكر و جگە لەویش فەرموودەیان لێ وەرگرتوون، بەگشتی كەس نەبووە لەو ڕۆژگارەدا سەرقاڵی فەرموودە بووبێت و فەرموودەی لەئافرەتێكی فەرموودەناس وەرنەگرتبێت.
خانمە موفتییەكان بەدرێژای سەدەكان
ئەگەر لەبواری فیقهی و فەتواداندا بەدیاریكراوی سەرنج بدەین، دەبینین هیچ وڵاتێك لەوڵاتانی موسڵمان لەهیچ سەردەمێك لە سەردەمەكاندا بەدەر نەبووە لەبوونی خانمی موفتی، ئەوەتا لەسەدەی سێیەمی كۆچیدا لەشاری قەیرەوان دوو خانمی شەرعزانی تونسی كە بە “فقیهتي تونس” ناسراون بەدی دەكەین، بەپێی دەربڕینی مێژوونووسی ڕۆشنبیریی تونسی حەسەن حوسنی عەبدولوەهاب صمادحی (کۆچی دوایی 1388 کۆچی / 1968 زایینی)، یەكەمیان: ئەسمائی كچی ئەسەد كوڕی فرات (کۆچی دوایی 250 کۆچی / 864 زایینی) كە لەسەردەستی باوكی زانستەكانی وەرگرتووە و زانا و قازییەكی مەزن بووە و، بەشداری كۆڕو دانیشتنی گفتوگۆو ئەو پرسیارانەی كردووە كە ئەنجامی دەدا و، شارەزای مەزهەبی ئەبو حەنیفە بووە كە باوكی شارەزا بووە تێیدا هەرچەندە مەزهەبی مالكی زیاتر بەناوبانگ بووە لەوێ.
خانمە شەرعزانی دووەمی تونس خەدیجەی كچی ئیمام سحنون (کۆچی دوایی 270 کۆچی / 883 زایینی)ی دامەزرێنەری دووەمی مەزهەبی ئیمام مالیك و بڵاوكەرەوەی لەڕۆژئاوای ئیسلامی بووە، قازی عەیازی نووسەری ژیاننامەی زانایانی مەزهەبی مالیكی لەكتێبی “ترتیب المدارك”دا لە بارەیەوە دەڵێت: “لەباشترینی كەسەكان بووە”.
زۆر دوور لەتونس نا، لەهەمان سەردەمدا، لەمیسر خانمی شەرعزان خوشكی ئیسماعیل كوڕی یەحیای مزنی (کۆچی دوایی 270 کۆچی / 883 زایینی) سەرخەری مەزهەبی شافعی (کۆچی دوایی 204 کۆچی / 819 زایینی) دەبینین، كە ڕكابەرێتی و گفتوگۆی لەگەڵ دەكرد، لە سەیرترین شوێنەواری ڕكابەرێتی لەگەڵیدا ئەوەیە باسكردنی فەرامۆش كرابوو تەنها بە خوشكی مزنی دەناسرا.
سیوطی لە كتێبی “حسن المحاضرة”دا باسی ئەوەی كردووە كە ئەو ئافرەتە “ئامادەی كۆڕی شافیعی دەبوو”، شەرعزانی شافیعی ئەبو قاسم ڕافعی (کۆچی دوایی 623 کۆچی / 1226 زایینی) لە كتێبی “العزیز شرح الوجیز”دا قسە لەسەر گێڕانەوەیەك دەكات “مزنی لە “المختصر”دا لەوانەی متمانەی پێیانە لە شافیعییەوە گێڕاویانەتەوە، وتویەتی: “هەندێ لەڕاڤەكاران باسی ئەوەیان كردووە كە خوشكەكەی ئەوەی لە شافیعییەوە بۆ گێڕاوەتەوە… پێی خۆش نەبووە ناوی ببات”.
هەروەك چۆن مزنی برای ناوهێنانی خوشكەكەی فەرامۆش كردووە، كتێبەكانی ژیاننامە و مێژووش فەرامۆشیان كردووەو ناویان نەهێناوە، تەنها ئەوە هەیە كە سیوطی وتوویەتی: “ئیبن سبكی و ئەسنوی لە “الطبقات”دا باسیان كردووە. وادیارە ئەو خاتوونە دایكی ئیمام ئەبی جەعفەری طحاوی ئەزدی حەنەفی (کۆچی دوایی 321 کۆچی / 933 زایینی) بێت، كە مزنی خاڵیەتی و باسی هیچ خوشكێكی تری نەكراوە.
لە ئەندەلوسیش مێژوونووس ئیبن عومەیرەی زەبی (کۆچی دوایی 599 کۆچی / 1203 زایینی) لەكتێبی ” بغیة الملتمس”دا باسی فاتیمەی كچی یەحیای كوڕی یوسفی موغامی (کۆچی دوایی 319 کۆچی / 931 زایینی) كردووە و بە “زانایەكی شەرعزان و پارێزكار بووە، لە قوڕتبە نیشتەجێ بووەو لەوێش وەفاتی كردووە…، هیچ ئافرەتێك هێندەی ئەم كەس لەسەر تەرمەكەی نەبینراوە” مەبەستی زۆری ئەو كەسانەیە بەشداری ناشتنەكەیان كردووە.
لە عێراقیش ئیبن جەوزی لە كتێبی “المنتظم”دا باسی ئوم عیسای كچی ئیبراهیم حربی (کۆچی دوایی 328کۆچی / 940 زایینی) كردووە، كە “زانایاكی پایەبەرز بووەو لەفیقهدا فەتواییداوە”، زەهەبی لە كتێبی “العبر”دا دەڵێت: “كچی قازی حسین محاملی (کۆچی دوایی 377کۆچی / 988 زایینی) “لێهاتوو بووە لە مەزهەبی شافیعیدا و، لەگەڵ ئەبو عەلی كوڕی ئەبو هورەیرە -شێخی شافیعییەكان- (کۆچی دوایی 345کۆچی / 956 زایینی) فەتوایداوە”.
لەخوراسانی ڕۆژهەڵاتی دوور، كتێبی سەربوردەكان باسی ئوم فەزڵ عائیشەی كچی ئەحمەد كومسانی مروزیە (کۆچی دوایی 562 کۆچی / 1167 زایینی) مان بۆ دەكەن كە ئەبو سەعدی سمعانی (کۆچی دوایی 328کۆچی / 940 زایینی) لە كتێبی “التحبیر في المعجم الكبیر” وا باسی كردووە كە “خاتوونێكی زانای شەرعزان بووە….، گوێی لە داپیرەی بووە عینی كچی زەكەریای مەكی هلالی”.
لە هەمان سەدەدا ئەوەمان بەرچاو دەكەوێت “زانای تەقوادار شەهدەی كچی ئەحمەد”ی ئیبری (کۆچی دوایی 574 کۆچی / 1178 زایینی) كە “لێهاتوو بووە لە زانستەكاندا…، فەزڵی ئەو لەئاسۆدا دیار بووە و لەعێراق گەشەی كردووە، بەشداری هەبووە لە زۆربەی زانستەكاندا بەتایبەت فیقهـ ..، لە پشتی پەردەوە دادەنیشت وانەی بەقوتابیانی پیاو دەوتەوە و، خەڵكێكی زۆر وانەیان لا دەخوێند”.
لە بەناوبانگترین ئافرەتانی شەرعزان كە كاری فەتوادانیان ئەنجامداوەو شوێنپەنجەیان دیارە لە مەزهەبی حەنەفیدا: فاتیمەی كچی عەلائەدینی سەمەرقەندی (کۆچی دوایی 580 کۆچی / 1184 زایینی) دانەری كتێبی “تحفة الفقهاء” (کۆچی دوایی 540 کۆچی / 1145 زایینی)، هاوسەری ئیمام عەلائەدینی كاسانی (کۆچی دوایی 587 کۆچی / 1193 زایینی)ی خاوەنی كتێبی “بدائع الصنائع” بووە”.
مێژوونووسی چینەكانی شەرعزانی حەنەفی محمدی كوڕی محمدی كوڕی نصر اللە قرشی حەنەفی (کۆچی دوایی 775 کۆچی / 1373 زایینی) لە كتێبی “الجواهر المصیة في طبقات الحنفیة” باسی ئەوەی كردووە كە ئەم فاتیمەی سەمەرقەندییە “لای باوكی فیقهی خوێندووەو دانراوەكەی “التحفة” لەبەر كردووە و، ئەو خاتوونە مەزهەبەكەی بەباشی دەگواستەوە و، كاسانی هاوسەری هەندێكجار كاتێ وانەی بە گەنجان دەوتەوە لێی تێكدەچوو ئەو دەیهێنایەوە سەر ڕاستیەكەو لایەنی هەڵەی لە قسەكەیدا بۆ دەردەخست.. ئەو خاتوونە فەتوای دەدا… لەفەتواكاندا دەستخەتی خۆی و سەمەرقەندی باوكی لەسەر دادەنا، كاتێ هاوسەرگیری لەگەڵ كاسانی خاوەنی كتێبی “البدائع” كرد فەتواكانی دەستخەتی هەسێكیانی لەسەر بوو، مەبەست ئەوەیە بە ئیمزای هەر سێكیان بوو.
نازناوی پڕواتا
نووسەری لوبنانی زەینەب فەواز عاملی (کۆچی دوایی 1332 کۆچی / 1915 زایینی) لە كتێبی “الدر المنثور في طبقات ربات الخدور”دا باسی ئەوەی كردووە فاتیمەی كچی ئیمام سەید ئەحمەدی رفاعی گەورە (کۆچی دوایی 609 کۆچی / 1212 زایینی) فەقیهـ بووە لە دینی خوادا”، بەهەمانشێوە فەرموودەناسی گەورە زەینەبی كچی عەبدولڕەحمان كوڕی حەسنی نیساپووری بەناوبانگ بە “زەینەب شەغریە” (کۆچی دوایی 615 کۆچی / 1218 زایینی) كە “گەیشتووە بە ژمارەیەك لەزانایانی ناودار و، ڕوایە و ئیجازەی لێ وەرگرتوون، لەو كەسانەی ئیجازەیان پێداوە.. زەمخشەری (کۆچی دوایی 539 کۆچی / 1144 زایینی) دانەری تەفسیری “الكاشف”، لەو كەسانەشی ئەم خاتوونە ئیجازەی پێداون لەگەورە زانایان مێژوونووس قازی گەورە ئیبن خەلەكان (کۆچی دوایی 681 کۆچی / 1282 زایینی) لە كتێبی “السیر”دا زەهەبی لەباریەوە دەڵێت: “خاتوونی زانای پایەداری مسنەدی خورسان….، لەلایەن كۆمەڵێك فەرموودەناسەوە ئیجازەی پێدراوە”.
سەدەی هەشتەمی کۆچی / سەدەی ١٤ی زایینی بە زۆری ژمارەی ئافرەتانی فەرموودەناس و فەقیهی مەسوعیی بەناوبانگ بوو، هەروەها ئەو فەرهەنگەی ئیبن حەجەر کەسایەتییە دیارەکانی ئەو سەدەیەی تێدا تۆمار كردووە بەهانامانەوە دێت كە ئەویش كتێبی “الدرر الكامنة في أعیان المئة الثامنة” بە تۆماركردنی ژیاننامەی زۆرێك لە خاتوونانی شەرعزان و زانا و فەرموودەناس، وەک پێشتر باسمانكرد. لەو سەردەمەدا باو بوو کە ناو و نازناوی مانادار لە زانایانی ئافرەت بنرێت كە واتای سەرنجڕاكیشیان هەبێت، لە نێو ئەو ناو و نازناوانەدا: ست العلماء، ست الفقهاء، ست القضاة، ست الكتبة، ست الوزراء و ست الملوك.
لەو كەسانەی كە ئەم نازناوانەیان لێنرابوو: ست العلماء كچی شیخەی رباط درب المهرانی (کۆچی دوایی 712 کۆچی / 1312 زایینی) و، ست الفقهاء دایكی ڕەحمان كچی ئیبراهیم صالحی حەنبەلی (کۆچی دوایی 726 کۆچی / 1326 زایینی) و، ست الفقهاء كچی خەتیب شەرەفەدین عەباسی (کۆچی دوایی 765 کۆچی / 1364 زایینی) كە ئەو و عەلائەدینی برای قسەیان لەگەڵ حافظ ئەبی حجاج جەمالەدین مزی (کۆچی دوایی 742 کۆچی / 1341 زایینی) كردووە لە بەشەكانی “أمالي الجوهري”دا و، خوشكەكەشی ست القضاة كچی خەتیب بووە.
هەروەها زەهەبی لە كتێبی “تأریخ الاسلام”دا ژیانی فەرموودەناس “حولەلی کچی شێخ ئەبی مکارم مەحمود كوڕی محمد كوڕی محمد كوڕی سەکنی بەغدادیی، و پێی دەوترا ست الملوك (کۆچی دوایی ٦٢١ی کۆچی / ١٢٢٤ی زایینی)”. بەڵام لە كتێبی “العبر”دا ژیاننامەی هەردوو فەرمووەناس “ست الملوك فاتیمە كچی عەلی كوڕی عەلی كوڕی ئەبو ئەلبەدر (کۆچی دوایی ٧١٠ کۆچی / ١٣١٠ی زایینی)” و، خاتوونی هاوچەرخی “(مسندة الوقت) ست الوزراء كچی عومەر كوڕی ئەسعەد كوڕی منجی تنوخیە (کۆچی دوایی ٧١٦ کۆچی / ١٣١٦ ز) تۆماركراوە، کە لە کتێبی “تأریخ الإسلام”دا بەم شێوەیە وەسفی كردوون ” مامۆستامان ست الوزراء!!”.
ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە کە دەبینین خاتوونانی فەرموودەناس و و زانا كۆڕی کراوەیان بەڕووی خوێندکاراندا هەبووە لەو مانگە پیرۆزەدا. هەروەک زانا و مێژوونووس عەلەمەدین برزالی (کۆچی دوایی ٧٣٩ی کۆچی / ١٣٣٨ی زایینی) هەواڵمان پێدەدات کە فەرموودەی لە شێخەکەیەوە بیستووە، كە ئەسمائی كچی محمد دیمەشقیی (کۆچی دوایی ٧٣٣ کۆچی / ١٣٣٣ی زایینی) بووە. لەمبارەیەوە صەفەدی لەكتێبی “أعیان العصر”دا لە برزالییەوە هێناویەتی: “من لە مانگی ڕەمەزاندا پێمخوێندەوە لە مانگی ڕەمەزانی ساڵی شەش سەدو هەشتا و سێ (٦٨٣ کۆچی / ١٢٨٤ی زایینی) و چوار ڕۆژ پێش مردنی پێمخوێندەوە، لە نێوان ئەو دوو بەروارەدا زیاتر لە پەنجا ساڵ هەیە، ئافرەتێكی پیرۆزی بەئاگا و، زۆر چاكەخواز و خێرۆمەندو چاكەكار بووە”.
هەندێک لە توێژەران ژمارەی ئەو ژنە شەرعزانانەی کە پەیوەندییان تەنها بە شاری مەککەی موكەڕەمەوە هەبووە -وەک شوێنی نیشتەجێبوون، یاخود نزیكی ئەو شارە بوون یان بە سەردان بۆی هاتوون- (لە ماوەی سەدەی نۆی کۆچی / 15ی زایینی) ژمارەیان دەڵێن گەیشتوونەتە نزیکەی ٢٧٠ ئافرەتی شەرعزان، بە خوێندنەوەی کۆتا بەش لە کتێبی “الضوء اللامع لأهل القرن التاسع” بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە ژمارەی ئەو ژنانەی کە سەخاوی سەربردەیانی باسكردووە تەنها لەم سەدەیەدا گەیشتوونەتە 1080 ئافرەت، ئەمانەش زۆربەیان شەرعزان و فەرموودەناس بوون، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی هەوڵی ژنان لە بواری فیقهـ و فەتوادا پێویستی بە سەرلەنوێ چاودێری و نووسینەوە و هەڵسەنگاندن هەیە.
لە نێو کەسایەتییە دیارەکانی سەدەی دەیەمی کۆچی / سەدەی ١٦ی زایینی؛ ناوی مامۆستایەكی ئافرەت زانای بەكردارمان بەناوی ئوم عەبدولوەهاب عائیشەی كچی یوسف باعونی دیمەشقیی (کۆچی دوایی ٩٢٢ کۆچی / ١٥١٦ زایینی) بۆ دەردەكەوێت، کە بە “عائیشەی باعونیە” ناوبانگی دەرکردبوو، مێژوونووس نەجمەدین ئەلغزی (کۆچی دوایی ١٠٦١ کۆچی / ١٦٥٠ زایینی) – لە كتێبی “الكواكب السائرة بأعیان المئة العاشرة”دا وەك خاتوونێك وەسفی دەكات كە “یەکێکە لە “کەسە دیارەكانی سەردەم… گواستراوەتەوە بۆ قاهیرە و زانیاری زۆری لە زانستەکاندا بەدەستهێنا وە و، ئیجازەی فەتوادان و وانە وتنەوەی پێدراوە”.
لە سەدەی یازدەهەمی کۆچی / ١٧ی زایینی؛ لە مەککە چاومان بە فەرموودەناسی قوڕەیش كچی عەبدولقادر طبری (كۆچی دوایی 1107 کۆچی / 1695 زایینی) کەوت، کە “شەرعزانێك بوو … لە ماڵێکی زانستی گەورەوە … كە کتێبی فەرموودە لەنێو ماڵەكەدا پێی دەخوێندرا”. وەک مێژوونووس زرکلی (کۆچی دوایی ١٣٩٦ کۆچی / ١٩٧٦ زایینی) لە کتێبی “الاعلام”دا وتوویەتی. هەروەها باس لەوە کرا کە زانای مەغریبی محمد عەبدولحەی کتانی (کۆچی دوایی 1382 کۆچی / 1962 زایینی) لە كتێبی “فهرس الفهارس والاثبات”دا بە یەکێک لە “حەوت موسنەدی حیجاز باسیكردووە كە شكۆی فەرموودەی لە سەدەی یازدەهەمدا (كۆچی / ١٧ی زایینی) و دواتر پێ بەهێزتر بووە”.
ئافرەتانی بانگخوازی سەر مینبەرەکان
مێژوونووسانی (سەدەی هەشتەمی کۆچی / سەدەی ١٤ی زایینی) زۆر هەڵوەستەیان لەسەر ژیانی ئوم زەینەب فاتیمە كچی عەباس بغدادییە (کۆچی دوایی ٧١٤ی کۆچی / ١٣١٤ی زایینی) كردووە، کە لە قاهیرە ناویان لێنابوو “رباط البغدادیة” لەكاتی دامەزراندنیدا (لە ساڵی ٦٨٤ کۆچی / ١٢٨٥ زایینی) دامەزراوە. زەهەبی لە كتێبی “سیر أعلام النبلاء”دا بە “مامۆستا خاتوونی موفتی شەرعزانی زانای… حەنبەلی” وەسفی کردووە و، لە کتێبی “العبر”دا وتوویەتی ئەو خانمە سەرداری خانمانی سەردەمی خۆی بووە”.
مێژوونووس صەڵاحەدین صفدی (کۆچی دوایی 764ی کۆچی / 1362 ی زایینی) لە كتێبی “أعیان العصر”دا باسیكردووە كە “خاتوونێك بووە چووەتە سەر مینبەر و گوتاریداوە… ژمارەیەك لەئافرەتانی دیمەشق بەهۆی ئەوەوە پەروەردە بوون…، پاشان لەدوای حەوتسەدەكان چووەتە میسر و كۆمەڵێك لەئافرەتانێ ئەوێ لەزانستەكەی بەهرەمەند بوون، ناوبانگی زۆر ڕۆشتبوو.”
یەكێك لە ئەركەكانی ئەو (رباط)ە كە بەناوی ئەو خاتوونەوە ناونرابوو بریتی بوو لە “ئەو ئافرەتانەی كە تەڵاقدرابون یان بەتەنها مابوونەوە لەوێ دەمانەوە تا ئەو كاتەی هاوسەرگیریان دەكردەوە یاخود دەگەڕانەوە بۆ لای هاوسەرەكانیان تا پارێزراو بن، بەهۆی ئەو ڕێككاری و بەئاگابوونە باشەی لەوێ هەبوو لەگەڵ هاندانیان لەسەر ئەنجامدانی پەرستشەكانیان بە باشی”.
سەبارەت بە پەیوەندی ئەم خاتوونە موفتییە حەنبەلییە بەغدادیە بە فیقهەوە، صفدی دەڵێت: “لەلا مەقادیسەكان (خانەوادەیەكی حەنبەلی بووە لە باووباپیریانەوە زانستخوازییان بۆ مابووەوە) لەلای شێخ شەمسەدین (مەقدیسی ئەبو محمد (شێخی حەنبەلییەكان) كۆچی دوایی 682 كۆچی/1283ی زایینی) و جگە لەویش… لە فیقهو بابەتە وردو مەسەلە قورسەكانی شارەزا بوو”.
ئامادەیی زانستی و فیقهی ئەم خانمە گەیشتبووە ئاستێك زانایەكی گەورەی وەك ئیبن تەیمییە (كۆچی دوایی 728 كۆچی/1328ی زایینی) “سەرسام بێت بە زانست و زیرەكییەكەی” هەروەك لەمبارەیەوە زەهەبی قوتابی لەكتێبی “العبر”دا باسی كردووە بۆمان خۆیشی ئەو سەرسامبوونەی بەمیرات بۆ ماوەتەوە و لەمبارەیەوە دەڵێت: “ئەو خانمە زۆر قبوڵكراو بوو، كاریگەری لەسەر دەروون زۆر بوو” لە كتێبی “السیر”دا دەڵێت: “سەردانم كردو سەرسامبووم بەسادەیی و خشوعەكەی”، ئیبن حەجەریش لە كتێبی “الدرر الكامنة في أعیان المئة الثامنة”دا دەڵێت خاتوونێك بوو “خاتوونی وەك ئەو كەم هەڵكەوتووە!!”.
ئەم خاتوونە پایەبەرزە بەغدادیە، لەلایەكی ترەوە خانمێكی دیمەشقی دیكە دەبینین كە چوونە سەر مینبەری هۆكاری ناونانی بووە بە زانا (العالمة)، ئەویش دایكی شەرعزانی شافیعی شەهابەدینی ئەنصارییە (كۆچی دوایی 672 كۆچی/1273ی زایینی) قازی خەلیل بووە كە سوودمەند بووە لەپێگەی زانستی باوكی و لەنێو خەڵكیدا بەرلەوەی ئاوا پێگەی بەرز بێت بە كوڕی خانمە زاناكە (ابن العالمة) ناسرابوو.
مێژوونووس قوتبەدین یونینی (كۆچی دوایی 726 كۆچی/1326ی زایینی) لەكتێبی “ذیل مراة الزمان”دا دەگێڕێتەوە كە: “هۆكاری ناونانی بە (العالمة) ئەوە بووە: كە مەلیكی دادپەروەری گەورەی ئەیوبی كاتێ لەساڵی شەش سەدو پازدەدا (كۆچی دوایی 615 كۆچی/1218ی زایینی) وەفاتی كرد، سەیریان كرد لە پرسەكەدا ئافرەتێك وتار دەدات، باسی ئەو خانمەیان كردووە كە لەچاكەكارنە، هەربۆیە چەندینجار داوایان كردووە بۆ ئەو كارە بەڵام ئەو ڕەتی كردووەتەوە بەهۆی نەبوونی ئەزموونێك كە وابكات شایانی ئەوە بێت، بۆیە ناچاریان كردووەو بەزۆرە ملێ بردوویانە، زۆرێك لە خوتبەكانی “الخطب النباتیة” لەبەر بووە (وتارەكانی ئیبن نەباتەی فارقی (كۆچی دوایی 374 كۆچی/985ی زایینی).
دەڵێت كە بردیانم لەڕێگادا لەخوا دەپاڕامەوە شەرمەزارم نەكات لەو كۆڕەدا و لەترساندا هەڵدەلەرزیم. دەڵێت: كاتێ گەیشتم و چوومە سەر مینبەر ئەوە لێم شاراوە بوو، بۆیە شتێکم لە قورئان خوێندەوە و خوتبەم بۆدان “وتاری مردن” …، کە یەکێکە لە وتارە خەمگینەكان؛ بۆیە ئەوانەی لەو مەجلیسەدا بوون زۆریان گریان.. كەلەشوێنی تردا شتی وانەبووە. ئیتر ناوی بە (العالمة) دەركرد”.
بەپێی سەربوردەكانی زەهەبی لە كتێبی “تأریخ الإسلام”دا نازناوی “العالمة” لە دوو خاتوونی دیكەش نراوە، یەكەمیان: “ئەحمەد كوڕی حەسەن كوڕی هبەتوڵڵا ئەبوفەزڵ كوڕی العالمە كە بە ئیسكاف ناسرابوو (كۆچی دوایی 530 كۆچی/1136ی زایینی)، پاشان ئەم خەسڵەتە باشانەی هەبووە: “مامۆستا، صالح، قاریء، ئیمام، فقیهـ، مجەوەد، قانع، خەیر، جوانخوێندنەوە، فەرموودەناس”.
پزیشكی لێهاتوو نەجمەدین ئەحمەد كوڕی سەعد كوڕی حلوان (كۆچی دوایی 652 كۆچی/1252ی زایینی) كە بە كوڕی ژنە زاناكە (ابن العالمة) ناسرابوو: ” (دهن اللوز) كچی نورجان (كۆچی دوایی 614 كۆچی/1217ی زایینی) كە خاتوونەزانای دیمەشق بووە و، ئەمەی لەسەر دایكی وتووە: “گەورەی زانایانی دیمەشق بووەو لەناو خەڵكدا پلەی هەبووە”. ئیبن كەسیریش لە كتێبی “البدایة والنهایة”دا بەمجۆرە وەسفی كردووە: “خاتوونێكی چاكی پەرستشكاری زاهیدە گەورە خانمە زاناكانی دیمەشقە… هەموو سامانی خۆی كردووەتە وەقف لەپێناوی خوا”.
ئافرەتان زاهید بوون لە نووسیندا
سەرەڕای ئەو ئامادەبوونە زانستییە سەرنجڕاکێشەی ئافرەتان لە سەردەمە جیاوازەکاندا؛ لەگەڵ ئەوەدا کتێبەکانی فیقهـ کەمتەرخەم بوون لە باسکردنی وتەی ئەو خاتوونە زانایانەی فیقهـ جگە لە وتەی دایکانی ئیمانداران و بەتایبەتی خاتوو عائیشە، بەهەمان شێوە کەمتەرخەم بوون لە باسکردنی مەزهەبی زۆرێکیان. ئەو کەمتەرخەمییە – بە بۆچوونی ئێمە- بۆ چوار شت دەگەڕێتەوە. یەکەم: شەرعزانەكان لە گواستنەوەی وتەکاندا پشتیان بە ناوبانگ و لەپێشەوەبوونی خاوەنی قسەكە بەستووە، هەر بۆیە لە کتێبەكاندا قسەی ئەوانەیان نەهێناوە كەلەپێشەوە نەبوون، تەنها “وتەی ئیمامە بەناوبانگەکانی ناوچەکانیان هێناوە”. دووەم: زۆربەی ژنە فەقیهەکان لە خانەوادەیەكدا بوون كە باوکیان یان مێردیان زانای گەورە بوون، بۆیە ناوبانگ و پێگەی ئەوان ناو و پایەی ئافرەتەكەی داپۆشیبوو.
سێیەم: ئافرەتە زاناكان بە دەگمەن کتێباین دەنووسی، بە تەنیا کتێبیش هێزی ئەوەی هەیە وتە بە زیندووی و نەمری بهێڵێتەوە. چوارەم: ئافرەت – لە کولتووری کۆمەڵگەی عەرەبیدا- بە ” عورە” دانراوە، هەندێک لە لێكۆڵەرەوان پێیان وایە کە عەرەبەکان بە خێرایی داب و نەریتی پێش ئیسلامیان لە مەسەلەی ژنان و کۆمەڵایەتیدا گەڕاندەوە، هەر بۆیەش ئیمامی موزنیمان بینی – وەک پێشتر باسمانكرد – ناوی خوشکەکەی نەخستووەتەڕوو، كە ئەو پیاوێکە لە هۆزی موزینەی مضریە.
هەندێک لە توێژەران – دوای هەوڵێکی سەخت – توانیویانە تەنها ناوی ٣٦ نووسەری ئافرەت لە (سەدەی دووەمی کۆچی/سەدەی هەشتەمی زایینی تا سەدەی دوانزەی کۆچی/سەدەی ١٨ی زایینی) بخەنە نێو لیستی نووسراوەکانەوە و زۆربەی ئەو بەرهەمانەش لەبەردەستدا نین و تەنها ناوی كتێبەكان لەنێو كتێبی تراجیمەكاندا هاتووە، ئەم ژمارە زۆر کەمە گوزارشت لە زاهیدیی زانایانی ئافرەت دەکات لە نووسینی کتێبێکدا کە زانستەکەیان دەپارێزێت و ئەو زاهیدیەش وایکردووە کتێبی ژیاننامەنووسان – بە تایبەت کتێبی چینی فوقەهاکان – باسکردنیان فەرامۆش بكەن.
توێژەر (محەد خیر رەمەزان یوسف) پاش گەڕانی زۆر لەنێو كتێبی فەقیهەكانی مەزهەبەكان سەری سوڕدەمێنێت لە فەرامۆشكردنی خاتوونە فەقیهەكان و سەربوردەیان، كتێبی “الجواهر المضیة في تراجم الحنفیة” ی موحیەدین كوڕی نەصروڵڵای قرشی حەنەفی (كۆچی دوایی 775ی كۆچی/1373ی زایینی) ناوی نزیكەی 2115 زانای لەخۆگرتووە، لەگەڵ ئەوەدا ئەم لێكۆڵەرە تەنها سەربوردەی پێنج ئافرەتی تێدا بینیووە، لەكتێبەكانی مالیكیشدا تەنها ژیانی یەك خاتوون هاتووە!!
بەهەمان شێوە كتێبی “طبقات الشافعیة الكبری”ی سبكی (كۆچی دوایی 771ی كۆچی/1370ی زایینی) لەگەڵ ئەوەی لە دە موجەلەد پێكهاتووە باسی هیچ شەرعزانێكی ئافرەتی شافیعی لەخۆ نەگرتووە، بەتەنها ئسنوی باسی “أخت مزنی” كردووە كە ئەویش ناوی تەواوی نازانرێت، لە كتێبی “طبقات الحنابلة”ی ئیبن ئەبی یەعلیشدا (كۆچی دوایی 526ی كۆچی/1132ی زایینی) باسی هیچ ئافرەتێكی شەرعزانی حەنبەلی نەكراوە، لەبری ئەوە باسی ئەو خاتوونانە كراوە كە پرسیاریان لە ئیمام ئەحمەدی كوڕی حەنبەل دەكرد (كۆچی دوایی 241ی كۆچی/850ی زایینی) بە ناونیشانی: (باسكردنی ئەو خاتوونانەی كە پرسیاریان لە ئیمام ئەحمەد دەكرد”.
ئەم فەرامۆشكردنەی مێژووی زانستی ئافرەتان بەهەمان شێوە لەچەندین حاڵەتی ئەندەلوسیشدا بەرچاومان دەكەوێت، یەکەم: هەواڵی دایکی ئیمام ئەبوی وەلیدی باجی (کۆچی دوایی 474 کۆچی / 1071ی زایینی)، ئەو خاتوونە شەرعزان بووە و لە کتێبی ژیاننامەنووساندا باسی نەکراوە جگە لە باسكردنی پەیوەندی ئەو لەگەڵ کوڕەکەیدا کە بەرواری لەدایکبوونی ڕاستکردۆتەوە، وەک لەلایەن ئیبن عەساکری دیمەشقی لە کتێبی “تأریخ دمشق”دا هاتووە. دووەم: لەو كتێبانەدا بۆمان دەردەکەوێت کە مەقری تەلمسانی (کۆچی دوایی ١٠٤١ کۆچی / ١٦٣٢ی زایینی) – لە “نفح الطیب”دا – تەرخانی كردووە بۆ نزیکەی بیست ئافرەتی بەناوبانگی ئەندەلوس.
لەو كتێبی تراجیمانەی ئەندەلوسدا، بەداخەوە شێوە کەمتەرخەمی نواندن بە ڕوونی دیارە، تەنها چەند هەڵاوێردێك هەیە. زۆربەی ئەوانەشی کە مەقری باسی کردوون، بەتەنها ناوی هێناون، هاوشێوەی نازناو و، هەریەكەو داویەتە پاڵ یەکێک لە شارەکانی ئەندەلوس، لەگەڵ فەرامۆشكردنی تەواوەتی ئەو زانیاریانەی کە پەیوەندییان بە ناوی سیانی کەسیی و، بەرواری لەدایکبوون و، ئەوەی ئەنجامیانداوە و فێری بوون و، كەی مردون.
سەیرترین شت لەو پشتگوێخستنەدا ئەو چیرۆکەیە کە مەقری لە کۆتایی باسكردنی ئافرەتە بەناوبانگەكانی ئەندەلوسدا هێناویەتی و، دەڵێت: گێڕاویانەتەوە کە یەكێک لە دادوەرەکانی (شاری) لوشە ژنێکی هەبووە کە لەزانینی ئەحكامەكان و پێویستییەكاندا لەزاناكان زیاتری زانیووە، لە دانیشتنی دادوەریكردنیدا شت ڕوویدەدا و قازیەكە هەڵەدەستا و پرسی پێدەكردو ئەو خاتوونەش بۆچوونی خۆی پێدەوت كە بەوجۆرە حوكمەكەی بدات!!”.
سێیەمیش؛ لەو جیاكەرەوەدا دەردەكەوێت کە خەڵکی ڕۆژئاوای ئیسلامی پێی بەناوبانگ بوون، ئەویش کۆکردنەوەی فەتوای جۆراوجۆری زاناکانیان بوو لە یەک کتێبدا، وەک “المعیار المعرب والجامع المغرب عن فتاوی أهل افریقیة والاندلس والمغرب” لە نووسینی ئەبو عەباس وەنشەریسی (کۆچی دوایی 914 کۆچی / 1508 زایینی)، ئەمیش لە دوانزە بەرگەکەیدا هیچ فەتوایەكی فەقیهێكی ئافرەتی باس نەكردووە، بەمجۆرە مەوسوعەكانی فەتواکانی پاش ئەو سەردەمە كۆكراونەتەوە لەسەر هەمان ئەو ڕەوتە ڕۆشتوون!!
سەرچاوە: ئەلجەزیرە.