وتار

كتێبخانەكان لەشارستانییەتی ئیسلامیدا

نووسینی: محمد شعبان ئەیوب

وەرگێڕانی: ڕێدار ئەحمەد

سەرەڕای بڵاوبوونەوەی نەخوێندەواری لە نیمچە دوورگەی عەرەبی پێش هاتنی ئیسلام؛ بەڵگە مێژووییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە عەرەبەکانی پێش هاتنی ئیسلام هونەری نووسینیان زانیووە، هەروەها محەمەد كوڕی ئیسحاق ندیم (ساڵی 380ی كۆچی وەفاتی كردووە) خاوەنی كتێبی (الفهرست) باسی ئەوەی كردووە عەرەبەكانی سەردەمی نەفامی ئاشنای نووسین بوون بە خەتی حەبەشتی، هەروەها توانیوویانە بە خەتی هۆزەكانی باشووری دوورگەی سەبەئو حمیریش بنووسن.

 

كاروانی کتێب و کاغەز

ئەو کەرەستانەی نووسین کە لە سەردەمی نەفامیدا ناسراو بوون تا دوای هاتنی ئیسلامیش بەکارهێنانیان بەردەوام بوو، وەك نووسینەوەی وەحی لەسەر قەدی دارخورما و ئێسکی پان و چەرم و شتی دیكە،  فەزڵی یەکەم لەبەکارهێنانی سیستەمی مۆر لە نیمچە دوورگەی عەرەبیدا دەگەڕێتەوە بۆ پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت)، هەروەها بەوەش ناسرابوو بەڵگەنامەی تۆماركراوی زۆری بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری دەوڵەت بەكار دەهێنا؛ بەو کەسانەی دەنووسیەوە  کە ئەم كارەیان پێ سپێردرابوو.

استعمل العرب الورق وفنون صناعته نقلا عن الصينيين، وقد أحدث الورق ثورة هائلة في مجالات التعليم والكتابة وتطور فنون الخط في الدولة الإسلامية (مواقع التواصل)
استعمل العرب الورق وفنون صناعته نقلا عن الصينيين، وقد أحدث الورق ثورة هائلة في مجالات التعليم والكتابة وتطور فنون الخط في الدولة الإسلامية (مواقع التواصل)

كارەكە بەوشێوەیە مایەوە تا عەرەبەکان کاغەز و هونەری دروستکردنی كاغەز لەچینییەكانەوە فێربوون، کاغەز شۆڕشێکی گەورەی لە بوارەکانی پەروەردە و نووسین و پەرەپێدانی هونەری جواننووسی لە دەوڵەتی ئیسلامیدا بەرپاکرد و، پیشەسازی کاغەز لەشاری بەغدا بەجۆرێک بڵاوبووەوە کە وەزیری عەباسی جەعفەری كوڕی یەحیای بەرمکی توانی لە هەموو مامەڵەکاندا بەكار بهێنێت، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی بەکارهێنانی و گەشەسەندنی پیشەسازییەکەی، کاغەز نرخەکەی کەمتر بووەوە بەراورد بەو كەرەستانەی پێشتر بەكار دەهێنران و، کارگەکانی کاغەز لە هەموو شارە ئیسلامییەکاندا زیادی كرد، بۆیە بازاڕی کتێب گەشەی کرد و بازرگانییەکی کولتووری سەریهەڵدا و لە سەدەی دووەمی کۆچییەوە برەوی باشی بەخۆیەوە بینی، ئەو كەسانەشی ئەو پیشەسازییەیان كردبووە پیشە ناویان لێنرابوو (وراقین)، زۆری نەخایاند ئەمانە بوونە خاوەن دوکانی تایبەتی خۆیان و شوێنی فڕۆشتنی كاغەز لە پایتەختی خەلافەتدا؛ ئەمە سەرەڕای ئەوەی کاریگەری بەهێزیان هەبوو لە بڵاوکردنەوەی کولتوور و مەعریفە لە شارستانییەتی ئیسلامیدا.

لە ئینسایکلۆپیدیای “تاریخ بغداد”ی زانا ئەلخەتیب بەغدادی (کۆچی دوایی 463 کۆچی)دا، دەبینین لە باسكردنی هەواڵە مێژووییەكاندا پشتی بە ژمارەیەک کاغەزفرۆش (الوراقین) بەستووە بۆ زیاتر لە 850 شوێنی ئینسایکلۆپیدیاکەی، محەمەدی کوڕی ئیسحاق ئەلنەدیم، خاوەنی کۆنترین ئینسایکلۆپیدیای بیبلۆگرافی عەرەبی کە لە سەدەی چوارەمی کۆچیدا نووسراوە، لە بنەڕەتدا کاغەزفرۆش بووە، کە پێكەوە كاری فرۆشتنی كتێب و بڵاوکردنەوەی و کۆپیکردن و نووسینی كردووە، لەكتێبەكەیدا بەناوی (الفهرست) گرنگترین زانستەكان و مەعریفە و، ناوی كتێب و دانراوەكانی لەبوارە زانستییە جیاوازەكاندا تا  سەردەمی خۆی كە دەكاتە نیوەی دووەمی سەدەی چوارەمی کۆچی بۆ پاراستووین، واتە هەزار ساڵ لەمەوبەر، هەر لەو ئینسایکلۆپیدیا ناوازەیەدا، دەبینین موسڵمانان گرنگیان داوە بە هەموو ئەو زانستانەی  لەو كاتەدا بەردەست بوون و، بە شێوەیەكی ورد پۆلێنکرابوون، وەک کتێبەكانی شەریعەت و، ڕێزمان و، زمان و، مێژوو، سەربردە و، ڕەچەڵەك و، فیقهـ و، فەرموودە و، فەلسەفە و، زانستە سروشتی و کیمیاییەکان. تەنانەت ئەو باسی کتێبی خورافات و جادوو و سیحر و هەروەها بەرهەمی مەزهەبەكان و بیروباوەڕیش کردووە.

وادیارە كاغەزفرۆشەكان لەو قۆناغە سەرەتایەی ژیانی شارستانییەتی ئیسلامیدا ڕۆڵێکی گرنگیان هەبووبێت، خەلیفە موقتەدر باللە عەباسی (٢٨٢-٣٢٠ کۆچی / ٨٩٥-٩٣٢ز) بڕیاریدا لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵیان كۆببێتەوە. تا هۆشدارییان پێبدات لە کڕین، یان کۆپیکردن، یان بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانی ئەلحەلاج، ئەوانیش بەدەم داواكەیەوە چوون، لەمەوە تێدەگەین دەركەوتنی ئەم گروپە وەک گرنگترین ئامرازی کولتووری و میدیایی بووە لەو سەردەمەدا.

کتێبخانەکان لە شارستانییەتی ئیسلامیدا چرایەك بوون لە چراکانی فێربوون و، دامەزراوەی سەربەخۆ بوون و لەلایەن ئەمیر و دەوڵەمەند و زانایانەوە پاڵپشتی دەکران. بۆ ئەوەی زانست و مەعریفە لەناو خەڵکیدا بڵاوبێتەوە، بەتایبەت لەو سەردەمەدا کە چاپکردن بوونی نەبووە و، کتێب لەلایەن نووسەرانی تایبەتمەندی ئەم بوارەوە لەبەری دەنووسرایەوە، بۆیە نرخی کتێب دەگەیشتە ئاستێک کە فێرخواز یان زانای هەژار توانای كڕینی نەبوو، باشە ئەبێت چۆن بتوانێت کۆمەڵێک کتێبی هەبێت لەو هونەرە یان زانستەدا کە پسپۆڕە تێیدا، لێرەوە دامەزراندنی کتێبخانەکان لە کۆمەڵگاکەماندا لەم لایەنە ئەخلاقییەوە سەرچاوەی گرت کە پێویستییەکی زانستی پڕ دەکاتەوە و کۆمەڵگا زۆر پێویستی پێی هەیە.

 

جۆرەکانی کتێبخانەکان

عرفت الحضارة الإسلامية أنواعًا متعددة من المكتبات، ولقد انتشرت هذه المكتبات في جميع أرجاء الدولة الإسلامية (مواقع التواصل)
عرفت الحضارة الإسلامية أنواعًا متعددة من المكتبات، ولقد انتشرت هذه المكتبات في جميع أرجاء الدولة الإسلامية (مواقع التواصل)
شارستانییەتی ئیسلامی چەندین جۆری کتێبخانەی بەخۆوە بینیووە و ئەم کتێبخانانەش لە سەرانسەری دەوڵەتی ئیسلامیدا بڵاوبوونەوە و کتێبخانەکان لە کۆشکی خەلیفەکان و لە قوتابخانە و فێرگە و مزگەوتەکاندا هەبووە. هەروەک چۆن لە پایتەختەکانی میرنشینەکاندا هەبووە، هەروەها لە گوندە دوورەکان و شوێنە دوورەکانیشدا بوونی هەبووە.

کتێبخانە ئەکادیمییەکانیش بەرچاو دەكەون، کە لە ناودارترین کتێبخانەکانی شارستانییەتی ئیسلامین. لە گرنگترینیان کتێبخانەی بەغدا “بیت الحکمة” و کتێبخانەی “دار الحکمة” لە قاهیرەی فاطیمی. پاشان کتێبخانە ئەهلییەكان: ئەمجۆرە کتێبخانانە بە شێوەیەکی بەرفراوان و باش لە تێكڕای جیهانی ئیسلامیدا هەبووە. وەك کتێبخانەی خەلیفە مستنصر و، کتێبخانەی (الفتح بن خاقان) و، کتێبخانەی ئیبن ئەلعەمید كە وەزیرێكی بەناوبانگی ئال بویهی بووە، مێژوونووسی بەناوبانگ ئیبن میسکویەی باسی لەوە کردووە خۆی کۆگاكاری کتێبخانەی ئەلعەمید بووە. لەمبارەیەوە ڕووداوێكی دزیكردن دەگێڕێتەوە كە بەسەر ماڵەكەی هاتووە، كە كتێبخانەكەش لەماڵەكەیدا بووە،  ئیبن ئەلعەمید زۆر خەمبار بووە بۆ كتێبخانەكەی، چونكە وای گومان بردووە کە كتێبەكانیشی لەگەڵ باقی شتەکانی تری نێو ماڵەكەیدا دزراوە،  لەمیانی قسەکانی سەبارەت بە کتێبخانەکەی، نهێنی خەمی قوڵی وەزیر ئیبن ئەلعەمید بۆ کتێبخانەکەیمان بۆ دەردەكەوێت، ئیبن میسکویەی دەڵێت: “دڵی وەزیر ئیبن ئەلعەمید هەر لای كتێبەكانی بوو، هیچ شتێک لەوان ئازیزتر نەبوو لای و ژمارەیان زۆر بوو، هەموو زانستێكی تێدا بوو و هەموو جۆرێك لە جۆرەكانی حوکم و ئادابی لەخۆ گرتبوو، سەد باری قورس دەبوو، کە منی بینی، پرسیاری لێکردم، وتم: كتێبخانەكەت وەک خۆی وایە، دەستی بۆ نەبراوە. زۆر پێخۆش بوو، وتی: شایەتی ئەدەم باشترین ئەمانەتداری، باقی گەنجینەکان كە دزراون پەیدا دەبنەوەو قەرەبوو دەكرێنەوەو شتی وەك ئەوان هەیە، بەڵام ئەم كتێبانە هاوشێوەیان نییە و شوێنیان پڕ نابێتەوە، ئەم گەنجینەیە ئەو گەنجینەیە کە ناتوانرێت جێگەی بگیرێتەوە. بینیم  ڕووخساری گەشاوەیەوەو وتی: سبەی زوو بیبە بۆ فڵانە شوێن. منیش بردم و، لەنێو هەموو ماڵەكەیدا ئەوانم بەسەلامەتی گەیاندە ئەو شوێنە”.

بەهەمان شێوە کتێبخانەی گشتیش دەبینین هەبووە، بەناوبانگترینیان کتێبخانەی قوڕتبە بوو، کە لەلایەن خەلیفەی ئومەوی (الحکم المستنصر باللە) (٣٥٠ کۆچی / ٩٦١ی زایینی) دامەزراوە، فەرمانبەری بۆ ئەم كتێبخانەیە دامەزراندبوو تا گرنگی بەكاروبارەكانی بدەن، كۆپیكارەكان (نساخین)ی تێدا كۆ كردبووەوە و، ژمارەیەكی زۆر تەجلیدكاری بۆ دانابوو، یەردەوام ئەم كتێبخانەیە لە ئەندەلوس جێی بایەخی زانایان و فێرخوازان بوو، ئەوروپییەکان بەمەبەستی بەهرەمەندبوون لە زانستەكانی دەهاتن بۆ ئەم كتێبخانەیە، ژمارەی ئەو كتێبەكانی تۆماری ناوی كتێبەكانی كتێبخانەكەی لەخۆ گرتبوو چل و چوار مجلد بوو، هەر مجلدێک بیست لاپەڕە بووە. هەروەها کتێبخانەی بەنی عەمار لە تەرابلوس لە شام، بریکاریان هەبوو کە بە جیهانی ئیسلامیدا دەسوڕانەوە. بەدوای شاکاردا دەگەڕان بۆ ئەوەی بیهێنن بۆ کتێبخانەکەیان، هەشتا و پێنج كەسی کۆپیکەریان هەبوو، شەو و ڕۆژ لە کۆپیکردنی کتێبدا کاریان دەکرد.

أنشأ الخلفاء والولاة والعلماء مكتبات ومدارس انتشرت في كل بقاع العالم الإسلامي، وقد أُلحقت بمعظمها

أنشأ الخلفاء والولاة والعلماء مكتبات ومدارس انتشرت في كل بقاع العالم الإسلامي، وقد أُلحقت بمعظمها “خزائن كتب” لتكون مرجعًا لطلبة العلم (مواقع التواصل)

 

بەهەمان شێوە خەلیفە و والی و زاناکان کتێبخانەی (مدرسە)یان دامەزراندووە، ئەو قوتابخانانەی کە لە سەرانسەری جیهانی ئیسلامیدا بڵاوبوونەوە و زۆربەی قوتابخانەکان بە کتێبخانە “گەنجینەی کتێب”یان هەبووە بۆ ئەوەی ببنە سەرچاوەیەک بۆ زانستخوازان كە نوێترین ئەو كتێبانەی لە هونەرەكانی زانست و ئادابدا تا سەردەمەكەیان هەبوو بێت لەوێدا هەبێت،  لەمەشدا سوڵتان و زاناکان، بگرە كۆمەڵی گەورە بازرگان و خێرۆمەندانیش تەنانەت كچانی شازادە و زانای خێرۆمەند جگە لەوانیش كێبڕكێیان دەكرد لەدروستكردنی كتێبخانەدا، ئەوەتانێ دەبینین نور الدین مەحمود لە دیمەشق قوتابخانەیەکی دروستکرد و کتێبخانەیەکی بۆ دامەزراند، صلاح الدینی ئەیوبیش هەمان کاری کرد، قازی فازڵیش كە وەزیری صلاح الدین بوو لەقاهیرە كتێبخانەیەكی دامەزراندو ناوینا (الفاضلیة) و نزیکەی دوو سەد هەزار كتێبی لەو كتێبانەی لە خەزێنەی فاتمییەکان هێنابووی خستییە ئەو كتێبخانەیەوە.

جۆرێکی تری کتێبخانە لە شارستانیيەتی ئیسلامیدا ناوبانگی پەیدا كرد، ئەویش ئەو کتێبخانانە بوو کە وەک بەشێك لە مزگەوتەکان دامەزران: ئەمجۆرە کتێبخانەیە لە ئیسلامدا لەگەڵ دروستكردنی مزگەوت هەبووە؛ لە ئیسلامدا لەگەڵ دامەزراندنی مزگەوتەکان كتێبخانەش دروست دەكرا و لانیکەم دوو سەدە پێش دامەزراندنی قوتابخانەکان سەریان هەڵداوە و نموونەیان: کتێبخانەی مزگەوتی ئەزهەر و، کتێبخانەی مزگەوتی گەورە لە قەیرەوان. مزگەوتی پێغەمبەر(درودی خوای لەسەر بێت) بە کتێبخانەیەکی گەورەی گشتی بەناوبانگ بوو کە وەقف كرابوو بۆخوێندکارانی ئەو ناوچەیە، لە ساڵی ٨٨٦ی کۆچیدا كارەساتێكی گەورەی بەسەردا هات، لەیەكێك لە دەگمەنترین ڕووداوە سروشتییەكاندا هەورەبروسكە لێیداو كتێبخانەكە سووتا، مزگەوتی ئومەوی لە دیمەشقیش بە گەنجینەی کتێبە ناوازەکانی بەناوبانگ بوو؛ بەڵکو چەندین گەنجینەی کتێب “کتێبخانە”ی هەبوو كە وەقف كرابوون  بۆ هەموو ئەوانەی دەیانویست بخوێننەوە و فێربن.

کتێبخانەکانی مزگەوتەکانی ئەندەلوسیش هاوتاکانیان لە ڕۆژهەڵاتی ئیسلامی تێپەڕاندبوو، لەمڕوەشەوە مزگەوتی گەورەی قوڕتبە یەکێکە لە گەورەترین و مەزنترین مزگەوتەکان، ئەم مزگەوتە بەناوبانگە، کە لەلایەن خەلیفەی ئومەوی (عبدالرحمن الداخل)ەوە لە ساڵی (170 کۆچی/ ٧٨٦ی زایینی) دروستكرا، ژمارەیەكی زۆر کتێب و قورئانی تێدابوو، کە زۆربەیان لە کاتی هێرشەكانی شا فێردیناندی دووەم لە ساڵی (٦٣٤ کۆچی / ١٢٣٦ی زایینی) لەناوچوون، مێژوونووس ئەلمقری ئاماژەی بەم ڕووداوە كردووە و، باسی لەوە کردووە کە لە نێو ئەو قورئانانەی کە لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانەوە سووتێنراون، ئەو قورئانە هەیە کە لەلایەن خەلیفە عوسمانی كوڕی عەفانەوە (خوا لێی ڕازی بێت) نووسراوە.

زۆرینەی ڕەهای موسڵمانانی ئەندەلوس هەوڵیان دەدا پاڵپشتی و پشتیوانی لە کتێبخانەی مزگەوتەکان بکەن، لەمبارەیەوە مێژوونووسی ئیسپانی جولیان ڕیبێرا باسی لەوە دەكات کە (ابن لب المالقی) کە ماوەیەکی زۆر لە شاری غەڕناتە ژیاوە وەسیەتی کردووە بەشێکی زۆری کتێبخانە تایبەتەکەی بدرێت بە کتێبخانەی مزگەوتی گەورە شاری مالقە  کە زێدی خۆیەتی، هەروەها زانا (ابن مروان الباجی) هەموو کتێبەکانی خۆی بەخشیووە بە كتێبخانەی مزگەوتی گەورەی ئەشبیلییە، بۆ دڵنیابوون لە پاراستنی کتێبەکانی سپاردوویەتی بە وتارخوێنی مزگەوتەکە كە شێخ (عبدالرحمن اللخمی) بووە، وایارە ئەو وتارخوێنە بەڕێوەبردنی کاروباری کتێبخانەی مزگەوتەکەی پێ سپێردرابێت.

سەرچاوە: سایتی الجزیرة.

ڕێدار ئەحمەد

ڕێدار ڕەئوف ئەحمەد لەدایکبووی 1974 هەڵەبجە، بەکالۆریۆس لەیاسا 2012، ماستەر لەیاسای ئیسلامی 2017، خاوەنی بیست و سێ کتێبی چاپکراوە لەبواری وەرگێڕاندا.

ڕێدار ئەحمەد

ڕێدار ڕەئوف ئەحمەد لەدایکبووی 1974 هەڵەبجە، بەکالۆریۆس لەیاسا 2012، ماستەر لەیاسای ئیسلامی 2017، خاوەنی بیست و سێ کتێبی چاپکراوە لەبواری وەرگێڕاندا.

بابەتەكانی نوسەر

Leave a Reply