شارستانییەتی ئیسلامی له پاراستنی مافی بەکاربەردا چۆن بووه‌ته پێشه‌نگ؟
نووسینی: ئەحمەد ئیبراهیم
شارستانییەتی ئیسلامی لەزووه‌وه گرنگیداوه به پیشەو پیشەسازی و بازاڕ و بازرگانی، قوڕەیش پێش ئیسلام و دوای ئیسلام ناوەندێك له‌ناوه‌نده‌كانی بازرگانی بووه لە نیمچە دورگەی عەرەبیدا، پێغەمبەریش (سەلامی خوای لێ بێت) لەو ژینگە بازرگانییە گەورەیه‌دا پێگه‌یشتووە، لەگەڵ ئەبوتاڵیبی مامی کاری کردووە، پاشان لەگەڵ خەدیجە – خوا لێی ڕازی بێت – لە پێش هاوسەرگیری بە سامانەکەی خۆی بازرگانی بۆ کردووە و، کاتێک لە مەککە کۆچی کردووە بۆ مەدینە زۆرێک لە هاوەڵەکانی وەک ئەبو بەکر و عوسمان و عه‌بدوڕه‌حمانی كوڕی عەوف و ئەوانی تر لە بواری بازرگانیدا له‌وێش درێژەیان بە کارەکانیان داوه، له‌وانه‌یه وشەی (بازاڕم نیشان بده‌ن) نموونەی ئەم ڕۆحە بێت کە کۆچبەران له قووڵایی ناخیاندا هەڵیانگرتبوو، نموونەش بێت بۆ ئەوانەی پاش ئه‌مان دێن.
تۆپۆگرافیای شاره ئیسلامییه‌كان هەر لەسەرەتای دروستكردنیانەوە لە کوفە و بەسرە و فوستات و بەغدا و قەیره‌وان و ئەوانی تریش به‌جۆرێك بووه مزگەوت لە ناوەند یان سەنتەری گه‌ڕه‌كدا بێت و، دوکان و شوێنی بازرگانی و پیشەسازی، پیشە، کاری دەستی و هەندێکی تر لە تەنیشتیدا بێت، ئەم حاڵەتی فراوانبوون و گه‌وره‌بوونه شوێنكه‌وتنی مۆدێلی پێغەمبەرو خه‌لیفه‌كانی ڕاشیدی بوو لە کۆنترۆڵکردنی بازاڕەکان و دڵنیابوون لە کوالیتی بەرهەم و پاراستنی بەکاربەر لە فڕوفێڵ و ته‌ڵه‌كه و بەدیهێنانی بنەمای دادپەروەری لە کڕین و فرۆشتندا، لەوانە ئه‌و فه‌رمووده‌یه‌ی بوخاری لە سەحیحه‌كه‌یدا له ئیبن عومەره‌وه-خوا لێی ڕازی بێت- هێناویه‌تی، پێغەمبەری خوا (درودی خوای له‌سه‌ر بێت) ده فه‌رمووێت: (لا يبيعُ بعضُكم على بيع بعض، ولا تُلقوا السِّلَع حتى يُهبطَ بها إلى السوق) (1)، واته: هەندێکتان به‌سه‌ر فرۆشتنی یەکتردا مه‌فرۆشن، له‌ڕێوه شتومەک مه‌كڕن هه‌تا ده‌خرێنه بازاڕه‌وه. ئیمامی موسلیمیش له سه‌حیحه‌كه‌یدا به‌شێكی تایبه‌ت كردووه به: (من غشنا فلیس منا)، واته: ئەوەی فێڵمان لێ بكات، له‌ئێمه نییه.
باشه چۆن شارستانییه‌تی ئیسلامی بەدرێژایی ئەو چەند سەدەیە خه‌ڵكه‌كه‌ی خۆی لەفێڵ و ته‌ڵه‌كه و هەڵخەڵەتان پاراستووه؟! ئایا ئەو کارەی کردووە بە ئه‌ركێكی جێگیر؟ ئایا کەلەپووری ئیسلامی له‌باره‌ی ئه‌م لایه‌نه ورده‌ی ژیانی ڕۆژانه له‌ڕێگای پۆلێن‌کردن و نووسینه‌وه قسه‌ی له‌سه‌ر كردووه؟ ئەمە ئەوەیە کە لێره‌دا باسی لێوه ده‌كه‌ین.
کاری پشکنینی بازاڕ‌و پیشەو پیشەگەرو پیشەسازو بازرگانەکان هەر لە سه‌رده‌می پێغەمبەر (درودی خوای له‌سه‌ر بێت) و خەلیفەکانی دوای ئەوەوە ده‌ركه‌وتووه و، لەو پرەنسیپەوه سه‌رچاوه‌ی گرتووه کە فێڵ و ته‌ڵه‌كه له‌و مەسەلانه‌یه كه له شەریعەتدا بێزراون و ڕێگه پێنه‌دراون، چه‌ندین باب و به‌شی ته‌واو هه‌یه له‌باره‌ی فیقهی مامەڵە و بازرگانی و بابه‌ته په‌یوه‌سته‌كانی تر، زانایانی ئیسلام له هەر چوار مەزهەبەكه، شیكردنه‌وه‌ی ته‌واو و وردیان بۆ جۆره‌كانی گرێبه‌ست و مامه‌ڵه‌كان و، مه‌رجه‌كانی دروستیه‌كه‌ی و به‌ركاربوونی و پوچه‌ڵبوونه‌وه‌ی و حه‌ڵاڵێتی و حه‌رامێتی و جگه له‌مانه‌ش كردووه، به‌جۆرێكی وه‌ها کە له‌هیچ شارستانییەتێك له‌شارستانییه‌ته‌كانی پێشوودا نه‌بینراوه.
ئه‌ركی چاودێری ئەو بازاڕانە و مامەڵەكانی ڕۆژانە له کارگە و کارخانەکان، لەلایەن ژمێریار(محتسب)ه‌وە ئەنجام دراوە، مانای (الاحتساب) له‌سه‌ره‌تا په‌یوه‌ست بوو به خواستنی پاداشتی ڕۆژی دوایی، وەک له فەرموودەی پێغەمبەردا – دروودی خوای لەسەر بێت- هاتووه: (مَن صامَ إيمانا واحتسابا غُفر له ما تقدَّمَ مِنْ ذَنبه)، واته: ئەوەی به‌ئیمانه‌وه بە ڕۆژوو بوو، حیسابی پاداشتی لای خوای كرد، خوای گه‌وره له‌گوناهه‌كانی پێشووی خۆش ده‌بێت، یان بۆ نکۆڵیکردن لە کارە ناشیرینەکان بوو، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات ژمێریاری(احتساب) بووه بەشێک لە سیستەمی کارگێڕی لە ئیسلامدا، لەسەر ژمێریارییه‌كانی دەوڵەت و میراته‌كان و، چاودێرییكردنی كێشان و پێوانەکان و، پۆلیس و، ئەخلاق و ئادابه گشتییه‌كان، بووه سیستەمێکی چاودێری لەسەر بەڕێوەچوونی ژیانی ئابووری و کلتوری، بە شێوەیەک وای لێ بکات له چوارچێوەی یاساکانی شەریعەتی ئیسلام و لە چوارچێوەی بەرژەوەندیی گشتی کۆمەڵگادا بێت.(2)
یه‌كه‌مین كه‌س ئه‌م ئه‌ركه‌ی ئه‌نجام دابێت پێغه‌مبه‌ری خوا بوو (درودی خوای له‌سه‌ر بێت)، كاری ئه‌و فرۆشیاره‌ی ڕه‌تكرده‌وه كه ئه‌و خواردنه‌ی باران لێی دابوو تێكه‌ڵی ئه‌وی تر بكات، هه‌روه‌ها نه‌هی له چوونه سه‌ر ڕێی كاروانه‌كان كرد، واته فرۆشتن بەر لەچوونە ناو بازاڕەکان، چونكه ئه‌م شێوە مامەڵەیە له‌لایه‌كه‌وه فریودان و فرت و فێڵ و هەڵخەڵەتاندنی فرۆشیاری تێدایه، له‌لایه‌كی تره‌وه زیان به خه‌ڵكی بازاڕ یان خه‌ڵكی شاره‌كه ده‌گه‌یه‌نێت، هه‌ربۆیه هۆكاری ئه‌م نه‌هیكردنه‌ی پێغه‌مبه‌ر (درودی خوای له‌سه‌ر بێت) له‌دوو لاوه سه‌رچاوه‌ی گرتبوو: له‌لایه‌ك لابردنی زیان له‌سه‌ر هێنه‌ره‌كه و پاراستنی له‌وانه‌ی كه ده‌یانه‌وێت فریوی بده‌ن و بیخه‌ڵه‌تێنن، له‌لایه‌كی تریش لابردنی زیانی له‌سه‌ر خه‌ڵكی بازاڕ و به‌دیهێنانی سوود بۆیان، به پێشخستنی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی به‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تیدا. ئه‌وه‌بوو ڕێگری لە بەرژەوەندیی تایبەتی كه‌سی پێشوازیكه‌ر کرد، چونکە لەگەڵ بەرژەوەندیی خەڵکی بازاڕ به گشتی ناگونجێت، سه‌ره‌ڕای لابردن و دورخستنه‌وه‌ی فریودان و زیان لە هێنه‌ره‌كه(3) .
کاتێک سه‌رپێچیی زۆر هاته ئارا، پێغەمبەر (درودی خوای له‌سه‌ر بێت) ویستی بە توندی و دانایی مامەڵە لەگەڵ ئەم به‌لاڕێداچوونه‌دا بکات، عومەری کوڕی خەتاب (خوای لێی ڕازی بێت) لەسه‌ر بازاڕی مەدینە و، سەعیدی عاص (خوا لێی ڕازی بێت) لەسه‌ر بازاڕی مەککە دامه‌زراند، خەلیفەکانی ڕاشیدین و ئەمەوی و عەباسییەکان و والیی ناوچه‌كانیش تا سەردەمه نوێیه‌كان له‌سه‌ر هه‌مان ڕێباز ده‌ڕۆیشتن، ته‌نها له ناو و ئه‌ركه‌كانی و، هەندێک نوێگەری بە گوێره‌ی جیاوازی سەردەمه‌كان جیاواز بوو.
لێره‌وه كاری ژمێریار(محتسب) لە رۆژهەڵاتدا دەرکەوت و، لە مەغریب و ئەندەلوسیش خاوه‌نی بازاڕ هه‌بوو، پاشان وه‌ك ڕۆژهه‌ڵات ناوی ژمێریار(محتسب) به‌سه‌ریدا زاڵ بوو، لەبەر ئەوەی ئەم ئه‌ركه پەیوەندیی پته‌وی بە ژیان و گیانی خەڵک و هۆشیاری و سه‌لیقه و مۆراڵیانه‌وه هه‌بوو، ئامانج لێی دابینکردنی به‌خته‌وه‌رییان بوو لە دین و دونیادا، وەک ئیبن عەبدون لە (رسالة في القضاء والحسبة)دا خستوویه‌تییه ڕوو، ئه‌و كه‌سانه‌ی ئه‌م كاره‌یان ده‌خرایه ئه‌ستۆ دەبوایە تایبەتمەندیی دیاریکراویان تێدابووایه، كه بۆ ئه‌م كاره گونجاو بن، ده‌بوو ده‌روونپاك و دونیا نه‌ویست و هیمه‌ت به‌رز و دادپه‌روه‌رو ئارامگر‌و لێهاتوو و زیره‌ك بێت، به‌جۆرێك به‌هۆی لێهاتووییه‌كه‌یه‌وه هیچی به‌سه‌ردا تێپه‌ڕ نه‌بێت، له‌وه دڵنیا بیت ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی خراپ به‌كار نه‌هێنێت، شارەزا و به‌ئاگایه لە بارودۆخی کۆمەڵگا و ڕه‌فتاری تاكه‌كانی، هیچ چاوچنۆكییه‌ك سه‌رنجی ڕاناكێشێت، كه‌سێتی وا به‌هێزه كه‌س بوێری ئه‌وه‌ی نه‌بێت سه‌ركۆنه‌ی بكات و سوك سه‌یری بكات، له‌هه‌مان كاتیش‌دا له‌پێناوی خوادا گوێ به لۆمه‌ی لۆمه‌كاران نادات. (4)
له‌كاتێكدا پێویست بكات ئه‌و كه‌سه‌ی به‌م ئه‌ركه هه‌ڵده‌ستێت زانای شه‌رعزان بێت، ئەوە لەپێشتر ئه‌وه‌یه كه له بنەڕەتدا له دادوەران یان ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌بواری دادوه‌ریدا كار ده‌كه‌ن به پلە جیاوازەکانیانه‌وه بێت، هەروەک سەرچاوە مێژووییەکان پشتڕاستیان کردووەتەوەو هەندێکیان ئاماژە بەوە دەکەن کە خه‌ماڕوویه‌ی كوڕی ئەحمەدی كوڕی تولۆن، والی میسر، دەسەڵاتی پێداچوونه‌وه‌ی کاری سکاڵا و ئەوقاف و حیسبه‌ی داوه‌ته ده‌ست قازی محەمەدی كوڕی عەبده‌ی كوڕی حەرب لە ساڵی 277 كۆچی‌دا، والی نوێی میسریش موئه‌نه‌س ئه‌لخادم، ئه‌و كاره‌ی داوه‌ته ده‌ست قازی محەمەدی كوڕی جەعفەر ئەلقەرتی لە ساڵی 302 كۆچی‌دا. (5).
لەڕاستیدا بوونی ژمێریار(محتسب) لە بەرامبەر چاوچنۆکی بازرگانەکان و گرانكردنی نرخ، یان فێڵكردن له‌وه‌ی ده‌یخه‌نه بازاڕ، یان نه‌مانی ئەخلاق، زۆر پێویست بوو، پشتگوێخستنی ئەو جۆرە ئه‌ركانه یەکێک بوو لەوانەی له هه‌ندێ كاتدا بووەته هۆی ناسه‌قامگیری کۆمەڵایەتی و شۆشگێڕی، بۆ نموونه له‌شاری به‌غدا ساڵی 307ی كۆچی: “به‌هۆی گرانییه‌وه خه‌ڵكی ڕاپه‌ڕی و، مینبه‌ره‌كانیان شكاند‌و، ڕێگای نوێژیان گرت و، پرده‌كانیان سوتاند و، چوونە سه‌ر ماڵی ڕۆمه‌كان و تاڵانیان کردن. ئه‌وه‌بوو خه‌لیفه موقته‌دیر بڕیاریدا هه‌ندێكی لێ ده‌ستگیر بكات و، (حامد)ی به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی بانگ‌كرد، تا ئه‌و به‌روبوومه‌ی خۆی كه له‌به‌غدا هه‌یه‌تی بیفرۆشن، ئه‌ویش كۆیكرده‌وه‌و فرۆشتی، له هه‌ر پێوانه‌یه‌ك پێنج دیناری كه‌م كرده‌وه. (ئیبراهیم كوڕێ به‌تحا) وه‌ك ژمێریار نارد بۆ گه‌ڕه‌كی (ئوم جه‌عفه‌ر)، نرخی پێوانه‌یه‌كی ئاردی بە 50 دینار نرخاند، خه‌ڵكیش به‌وه ڕازی بوون و بێدەنگ بوون و نرخیش دابەزی” وه‌ك ته‌به‌ری له مێژووه‌كه‌ی ده‌یگێڕێته‌وه. (6)
دانراوه‌كانی حیسبه
عاقڵمه‌ندان دەرکیان به‌و ڕاستییانه کرد، ئه‌وه‌بوو جۆرێكی تر له‌نووسین هاته ئارا، ئه‌ویش نووسین بوو له‌باره‌ی حیسبه‌و موحته‌سیب و بوارەکانی کاره‌كه‌ی و مەرجه‌كانی و ئه‌و بوارانه‌ی ڕۆژانە کە کاری تێدا دەکات، وەک کتێبی (نهاية الرتبة الظريفة في طلب الحِسْبة الشريفة)ی عه‌بدوڕه‌حمان شیزری (ساڵی 590كۆچی وه‌فاتی كردووه)، کە تێیدا شیزری پێناسەی حیسبه‌و موحته‌سیب و، پۆلێنی بازرگانان و، پیشەگەران و، بازاڕه‌كان و، كێشانه‌كان و، پارە و، ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر موحته‌سیب پێویسته كردووه.
لەم کتێبەدا هۆشیارییەکی مەیدانی شیزریمان له‌مه‌ڕ پێداویستی و ورده‌كاریه‌کانی ئەم کارە بینی، لەبەشی شەشەمدا کە باسی حیسبه له‌سه‌ر نانەواخانەکان ده‌كات دەبینین مه‌رجه كه فڕنەکانیان: (سەربانی دوكانه‌کانیان بەرزکەنەوەو دەرگاکانیان كراوه بێت، سه‌ربانی فڕنەکان هه‌واكێش و كڵاوڕۆژنه‌ی فراوان هه‌بێت، تا دووکەڵی لێوه بچێته ده‌ره‌وه، بۆ ئەوەی خەڵک زیانیان پێ نەگا، كاتێ نانەواکە فڕنه‌كه‌ی تەواو گه‌رم كرد، بە پەڕۆیەکی پاک ناو تەنوورەكه بسڕێته‌وه، پاشان ده‌ست بكات به پێوه‌دانی نان، موحته‌سیبیش له ده‌فته‌ره‌كانیدا ناوی نانەواکان و شوێنی دوكانه‌كانیان دەنووسن، وا پێویست ده‌كات بیانناسێت، فەرمانیان پێ دەدات کە ده‌فری ئاوەکان پاک بێت و داپۆشراو بێت، ته‌شتی هه‌ویرشێلان بشۆرێت و پاك‌و خاوێن ڕابگیرێت، هه‌روه‌ها ئه‌و خامه‌ی گونكه‌كانی پێ داده‌پۆشرێت پاك ڕابگیرێت، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی له‌سه‌ری داده‌نرێت، نابێت هه‌ویر بە پێ یان ئەژنۆ یان ئانیشک بشێلرێت، چونکە ئەوە سوکایەتییە بە خواردن، ڕەنگە دڵۆپێك له ئاره‌قه‌ی بن باڵی یان جه‌سته‌ی بتكێته ناو هه‌ویره‌کە، بۆیە نابێت به‌بێ به‌ربه‌رۆك یان په‌شته‌ماڵ هه‌ویر بشێلێت، هه‌روه‌ها ده‌م و لووتی داپۆشێت، چونكه له‌وانه‌یه بپژمێت یان قسه بكات و، پریشكی لیكی ده‌می یان چڵمی بكه‌وێته ناو هه‌ویره‌كه”.(7)
شیزری لە نووسینی ئەو مەرجانەی کە پێویسته لە نانەواخانەکان هه‌بێت له کارامه‌یی و پاک و خاوێنی گشتی و تایبەت و، ئەوەی کە دەبێت لە کاتی کارکردنیاندا ڕێز لە یاساکانی سەلامەتی و پاک و خاوێنی بگرن، به‌رده‌وام ده‌بێت، هه‌روه‌ها پێویستی ئه‌وه‌ی كه موحته‌سیب به شەو و ڕۆژ چاودێری ئه‌و كارانه‌یان بكات، وەک دەبینین، ئەم کتێبە 900 ساڵ لەمەوبەر لەلایەن شیزریەوە دانراوه، یەکێکه لە کۆنترین ده‌قه کەلەپووری و مرۆییەکانه كه باسی له پرسی پاراستنی بەکاربەران و مافەکانیان له‌سه‌ر بازرگان و خاوەنکار و پیشەسازییە جۆراوجۆرەکان كردووه.
موحته‌سیب و پاراستنی خەڵک و ژینگە
ئەمجۆره‌ی نووسین تا ئه‌م سه‌دانه‌ی دوایش له‌به‌ر ده‌ست بوو، ده‌بینین له كتێبی ( خِطة الحسبة) كه عەبدورەحمانی فاسی مەغریبی لە سەدەی حەڤدەی زایینی‌دا نووسیویەتی، دەڵێت: له‌شوێنه جیاوازه‌كانی كاره‌كه‌یدا له‌گه‌ڵ موحته‌سیب ده‌ڕۆین، یەکەمیان بازاڕە کە ئەم کارە ئایینییە لە سەرەتای دەستپێکردنیەوە له‌وێوه دەستی پێکردووە و بە درێژایی مێژوو زۆرترین كاره‌كانی له‌وێدا بووه، ئێمه ئێستا بە مانایەکی فراوانتره‌وه سه‌یری بازاڕ ده‌كه‌ین، وەک ئه‌وه‌ی دوای فراوانبوونی ئاوه‌دانكاری و فراوانبوونی شار و ناوچه‌كان و كرانه‌وه‌ی بازاڕە جیاوازەکان به‌گوێره‌ی پێویستییه جیاوازه‌كانی خه‌ڵكی و خواسته‌كان له‌بازرگانی و پیشه‌سازیدا و هەموو ئه‌وه‌ی ژیانی ئابووری پێویستی پێیه‌تی، دەبینین کە چالاکی و كاری موحته‌سیب بەشێوەیەکی سەرەکی لە بازاڕدا جەخت لەسەر نه‌هێشتنی ساختەکاری لە مامەڵەکاندا ده‌كاته‌وه، هەروەها كار بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی ئه‌و خواردن و خواردنه‌وه و جل و بەرگ و مەنجەڵ و کەلوپەلانه ده‌كاته‌وه كه ده‌خرێنه بازاڕه‌كانه‌وه.
ئەرکی موحته‌سیب ئه‌وه‌ی تێدەپەراند کە ته‌نها چاودێری ڕەوایی ئه‌و پارەیه بكات كه مامەڵەی پێ ده‌كرێت، به‌ڵكو خانه‌ی دروستكردنی پاره‌شی گرته‌وه؛ له‌وانه‌یه له‌وێ فێڵ و گزی به‌جۆرێك تێدا بكرێت هه‌ستی پێ نه‌كرێت، هه‌روه‌ها به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی قۆرغكاری و دیاریكردنی نرخه‌كان و پابه‌ندبوونیش پێیانه‌وه، پاشان دژایه‌تی فرت و فێڵ و گزی له‌نرخ و له‌و شته‌شی ده‌فرۆشرێت و له‌هه‌موو جۆره‌كانی كێشان و پێوان و پانی و درێژی، ئه‌وه‌شی په‌یوه‌ندداره بە دواخستنی قه‌رز له‌گه‌ڵ ئاسانكاریی، هەمان کۆنترۆڵ و چاودێری لە پیشەسازیشدا پیادە دەکرێت، سەرنجی موحته‌سیب ده‌بووایه به‌جۆرێ بێت كه خاوه‌ن پیشه‌كان ته‌نها پیشه‌ی خۆیان ئه‌نجام بده‌ن، چاودێری فرت و فێڵیشیان بكات، ئه‌وه‌شیان له‌سه‌ر پێویست بكات كه ڕێگای دیاریکراو بگرنه به‌ر له‌كاره‌كه‌یاندا بۆ ئەوەی دوور بن لەبه‌كارهێنانی شێوازی وه‌ها كه ببێته هۆی ساخته‌كاری و پاشان تیاچوون، چ بۆ پیشەسازی، یاخود بۆ بازرگانان یان کارمەندەکانیان، یان بۆ ئەوانەی بەرهەمەکانیان به‌كار ده‌هێنن(8).
لە ڕووداوه مێژووییەکاندا، هەواڵ و باسی بێشومارمان لەباره‌ی دەسەڵاتی موحته‌سیب هەیە، کە ئه‌و ده‌سه‌ڵاته زۆر فراوانتره لە بواری بازاڕ و پیشەسازی و بازرگان و پیشەوەران و هەموو ئەوانەی کە ده‌بنه مایه‌ی هەڕەشە و پێشێلکاری بۆ سه‌ر شار و مافی خەڵک و ژینگە، له‌مباره‌یه‌شه‌وه خه‌لیفه‌ی عه‌باسی موقته‌دی بیللا (ساڵی 487ی كۆچی وه‌فاتی كردووه) فه‌رمانی به موحته‌سیبی به‌غدا كردووه به: “دوورخستنه‌وه‌ی ئافره‌ته خراپه‌كاره‌كان و فڕۆشتنی خانووه‌كانیان، هه‌ندێكیان به‌سواری گوێدرێژ بردنیان و بۆ لای ڕۆژئاوای شار دوور خرانه‌وه، ئه‌وه‌شی قه‌ده‌غه كرد كه خەڵک بێ خاولی بچنە ناو گەرماوی (گشتی)، یاریکردن بە باڵندەشی قه‌ده‌غه كرد تا سه‌یری سەربانی خەڵک نه‌كرێت، و رێگری لە خاوه‌ن گه‌رماوه‌كان كرد ئاوی پیسی گه‌رماوه‌كانیان بكه‌نه ڕووباری دیجله‌وه، ناچاریكردن بیر هه‌ڵبكه‌نن بۆ ئاوی پیسی گه‌رماوه‌كانیان، وای لێهات ئەوەی ماسی و خوێی بشۆردایه ده‌بوو بچێته لای گۆماوه‌كه له‌وێ بیشۆردایه‌تەوه و رێگری لەوه‌ش كرد دەریاوانەکان ژن و پیاو پێکەوە هەڵبگرن”.
لەم دەقە مێژووییە گرنگەدا کە مێژوونووس و عه‌لامه و شه‌رعزانی بەغدا ئیبن جەوزی (ساڵی 597 ی كۆچی وه‌فاتی كردووه)لە كتێبی (المنتظم)دا هێناویه‌تی تێبینی ئه‌وه ده‌كه‌ین كه: ” بواره‌كانی پسپۆڕی موحته‌سیب سەرپەرشتیکردنی ئادابی گشتی بووە بە داخستن ماڵی ئه‌و ئافره‌تانه‌ی به‌لاڕێدا ڕۆشتوون و دوورخستنه‌وه‌یان لە بەغدا، هەروەها پێویستی ڕێزگرتن لە ڕەوشت و ئادابەکانی ناو گەرماوه گشتییەکان کە خەڵک بۆ خۆشتن و حیجامه‌کردن ڕوویان تێده‌كرد، تەنانەت چاودێرییه‌كی توندی پاراستنی ڕووباری دیجلەش ده‌بینین تا لە پیسبوون به‌هۆی ئاوی گه‌رماوه‌كان یان لە فڕێدانی شتی پیس بۆ ناوی یان بە شوشتنی ماسی تێیدا و فڕێدانی پیسییه‌كانی له‌ناویدا بپارێزرێن و تەرخانکردنی شوێنی دیكه بۆ ئەو جۆرە كارانه .
ئەمانە هەندێک لە گۆشە شاراوەکانی مێژووی شارستانییەتی ئیسلامیین کە لە ڕێگەی سیستەمێکی ئایینی و بەهایی و ژیاریی و کارەوە هەوڵی باشترکردنی ژیانی ڕۆژانەی خەڵکیان داوە، بۆیە مه‌به‌ستی بووه ئه‌و خواردنه‌ی ده‌یخۆن خواردنێكی باش بێت، تووشی فریودران و هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن نه‌بن، لە هێمنایه‌تی و ئاسایشی ئەخلاقی و دەروونی به‌هره‌مه‌ند بن کە ئایین و بەها و جەستەیان لە زیان و زیانگه‌یاندن دەپارێزێت.
سه‌رچاوه‌كان:
- صحيح البخاري، ح 2165.
- الحسبة المذهبية في بلاد المغرب العربي ص20، 21.
- محمد علي فركوش: في حكم تلقي السلع، الموقع الرسمي.
- سالم الخلف: نظم حكم الأمويين ورسومهم في الأندلس 2/844.
- سهام مصطفى: الحسبة في مصر الإسلامية ص67- 69.
- الطبري: تاريخ الرسل والملوك 11/216.
- عبد الرحمن الشيزري: نهاية الرتبة ص22.
- عبد الرحمن الفاسي: خطة الحسبة ص29، 30.