هەواڵ

سەنتەری زەهاوی و دامەزاوەی ڕسووخ، كۆڕبەندی ڕێزلێنان لە بیرمەند و مێژوونووس دکتۆر عیمادەددین خەلیل ساز دەكەن


زەهاوی- موسڵ
سەنتەری زەهاوی، ڕۆژی پێنجشەممە، ٧ی ئابی ٢٠٢٥، بە هاوبەشیی لەگەڵ دامەزراوەی ڕسووخ بۆ گەشەپێدانی بەردەوام، كۆڕبەندێكی ڕێزلێنانی لە بیرمەند و مێژوونووس دکتۆر عیمادەددین خەلیل، بە ناونیشانی “عیمادەددین خەلیل؛ بیرمەند و داهێنەر” لە شاری موسڵ ساز كرد.
كۆڕبەندەكە بە چەند ئایەتێك لە قورئانی پیرۆز دەستی پێكرد، دواتر هەریەك لە بەڕێزان پڕۆفیسۆر ڕەییان تۆفیق خەلیل سەرۆکی دامەزراوەی ڕسووخ و پڕۆفیسۆر سەباح بەرزنجی سەرۆکی سەنتەری زەهاوی وتەی دەستپێک و بەخێرهێنانیان پێشكەش كرد، دواتر پڕۆفیسۆر دكتۆر عیمادەددین خەلیل لە وتەیەكیدا، وێڕای سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ مەراسیمی ڕێزلێنانەكە، تیشكی خستەسەر وێستگەكانی ژیان و ئەزموونی خۆی لەگەڵ زانست و مەعریفە و نووسین و كارگێڕیی.
پاشان لە دوو پانێڵدا شەش توێژینەوەی زانستیی سەبارەت بە چەند گۆشەیەكی ژیان و ئەزموونی پڕۆفیسۆر عیمادەددین خەلیل، لە لایەن چەند پسپۆڕێكەوە، پێشكەش كرا.
دواتر و لە بڕگەیەکی مەراسیمەکەدا قەڵغانی ڕێزلێنان بە پڕۆفیسۆر عیمادەددین خەلیل بەخشرا.
شیاوی باسە بەڕێزیان تەمەنی (٨٤) ساڵ و خاوەنی (١٠٠) نوسراوی زانستییە لە بوارەكانی مێژوو و شارستانیەت، هزر، ئەدەب و ڕەخنەی ئەدەبی و ..هتد.
جێی باسە سەنتەری زەهاوی بۆ لێکۆڵینەوەی فیکریی ناوبەناو ڕێز لە ناوە دیار و كەسایەتییە زانستییە ماندوونەناسەكان دەگرێت كە هێشتا لە ژیاندان و بەردەوامن لە خزمەتی زانست و مەعریفە.

 

سەنتەری زەھاوی

بابەتەكانی نوسەر

Leave a Reply