
ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ١٩ /٦/ ٢٠٢٥، سەنتەری زەھاوی بۆ لێکۆڵینەوەی فیکریی، سیمینارێكی زانستیی بە ناونیشانی «فەرزە كیفائییەكان لە تیۆرەوە بۆ پڕۆژەی چاكسازیی و هەستانەوەی ئوممەت» بۆ بەڕێز نووسەر و توێژەر پڕۆفیسۆر دکتۆر (ساڵح قادر زەنكی) لە ھۆڵی سەنتەری زەهاوی لە سلێمانی ڕێکخست، تێیدا بەڕێزیان دید و ڕاڤەیەکی ورد و زانستیی نوێیان بۆ فەرزە كیفائییەكان خستەڕوو و جەختی لەسەر كاركردن بۆ بە پڕۆژەكردن و كاراكردنی تاك و گرووپ و كۆمەڵگەكان كردەوە و باسی لە گرنگیی ئاوڕدانەوە لەو پرسە گرنگە بۆ هەستانەوە و چاكسازیی و پلانڕێژیی بۆ كایە جیاوازەكانی ژیان كرد، كە پێویستە بەپێی پسپۆڕی و بوار و لێوەشاوەیی و توانای تاكەكان و گرووپە جیاوازەكان ئەنجام بدرێت.
جێی ئاماژەیە بەڕێزیان پسپۆڕی بوارەكەن و خاوەنی چەند كتێب و توێژینەوە و وتاری زانستییان لەو بارەیەوە.
دواتر بەشداربووانیش بە پرسیار و گفتوگۆ و ھاتنەناوەوەکانیان باسەکەیان دەوڵەمەندتر کرد و سوپاسی سەنتەری زەهاوییان كرد و خوازیاری بەردەوامیی ئەم جۆرە چالاكییانە بوون.