سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ، شەممە 7/12/2024، بەڕێز پ.د. سەباح بەرزنجی، سەرۆكی سەنتەری زەهاوی، بەشداریی لە ڕێوڕەسمی ناساندنی گۆڤاری “ئاڵای ئیسلام” و یادێك بۆ پڕۆفیسۆری كۆچكردوو “د.ئازاد عەلی ئیسماعیل”دا كرد، كە لە هەولێر ڕێكخرابوو.
لە ڕێوڕەسمەكەدا، كە كۆبەندی گۆڤاری “ئاڵای ئیسلام” لە سێ بەرگدا ناسێنرا و یادی پڕۆفیسۆری كۆچكردوو “د.ئازاد عەلی ئیسماعیل” كرایەوە، كە ئەندامی دەستەی گشتیی زەهاوی بوو و ماوەی پێنج ساڵ سەرنووسەری گۆڤارەكە بووە.
سەرۆکی سەنتەری زەهاوی بۆ لێکۆڵینەوەی فیکریی، بە پەیپەرێك بە ناونیشانی ( ئاڵای ئیسلام: مێژوویەكی پرشنگدار و پڕ لە شانازیی، ڕوانگەیكی شیكاریی بۆ ژمارەكانی)، بەشداریی لە ڕێوڕەسمەكەدا كرد و تیشکی خستەسەر ڕەهەندو لایەنەکانی چڕبیریی لە ژمارەكانی گۆڤارەكە و ناوەرۆكەكانی شیكردەوە.
جێی ئاماژەیە، كۆمەڵێك نوسەر و ڕووناكبیر و ژمارەیەك لە بەرپرسانی حزبی، حكوومی، كەسایەتی ئەكادیمی، زانا و مامۆستایانی ئایینیی و كەسوكاری پرۆفیسۆر ئازاد ئامادەی ڕێوڕەسمەكە بوون و وێڕای دانیشتنی كردنەوەی ڕێوڕەسمەكە، كە چەند وتە و گرتەیەكی دیكۆمێنتاریی خرایەڕوو، لە پانێڵێكدا چوار پەیپەر سەبارەت بە گۆڤارەكە و ناوەرۆكی پێشكەشكران.
جێی ئاماژەیە وەك ڕێز و وەفا بۆ گیانی پڕۆفیسۆر د. ئازاد، بەشێك لە ئەندامانی سەنتەری زەهاوی ئامادەی ڕێوڕەسمەكە بوون.