هەواڵ

نوێنەری سەنتەری زەهاوی بەشداریی لە پێشوازیی لە زانایەكی گەورەی كورد دەكات

دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە ٣٠/٧/٢٠٢٤ لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی لە هۆڵی پێشوازیی تایبەت، لە رێوڕەسمێکی شایستە و پڕ شکۆ و تایبەتدا و بە ئامادەبوونی بەڕێز دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، و بەشداریی چەندین مامۆســتای زانکــۆ و مامۆســتایانی ئایینی و کەسایەتی و نوێنەری سەنتەری زەهاوی بۆ لێکۆڵینەوەی فیکریی و ژمارەیەکی بەرچاو لە فێرخوازان و خزم و کەسی، پێشوازیی لە بەڕێز جەنابی (پرۆفیسۆر دکتۆر عارف عەلی عارف قەرەداغی) کرا، کە لە وڵاتی مالیزیاوە تەشریفی هێنایەوە بۆ شاری سلێمانی.

دوای بەخێرهێنانەوەی و پێشکەشکردنی دیاریی پارێزگای سلیمانی، لە لایەن جەنابی پارێزگاری سلێمانی بەڕێز (دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر)ەوە و پێشکەشکردنی وتەیەکی کورت، بەڕێز (دکتۆر مەریوان حەمە دەروێش صالح)، بە نوێنەرایەتی سەرۆک و دەستەی کارگێڕیی سەنتەری زەهاوی بەخێرهاتنەوەی جەنابیانی کرد و چەپکەگوڵی رێزلێنانی پێبەخشی.

جێی ئاماژەیە، جەنابی پرۆفیسۆر دکتۆر عارف بۆ ماوەی 30 ساڵ (١٩٩٤-٢٠٢٤)مامۆستا بووە لە زانکۆی ئیسلامیی نێودەوڵەتیی مالیزیا، و لەو ماوەیەدا جگە لە وتنەوەی وانە بە سەدان و هەزاران خوێندکاری قۆناغە جیاوازەکان، سەرپەرشتی سەدان نامەی ماستەر و تێزی دکتۆرای لە بوارەکانی شەریعەت و پرسە فیقهییه نوێیەکاندا کردووە. زیاتر لەوەش زۆرێک لە سەرکردە و زانایانی ئابووری ئیسلامیی،تێزەکانیان لەژێر سەرپەرشتی ناوبراودا بووە.

پێش ئەو ماوەیەش، بۆ ماوەی دوو ساڵ لە شاری سەنعای پایتەختی یەمەن، مامۆستا زانکۆی سەنعا بووە، لەپێشتریشداچەندین ساڵ مامۆستای زانکۆی بەغدا بووە.

شایانی باسە پڕۆفیسۆری ناوبراو ئیجازەنامەی شەرعی لە زانستە شەرعییەکاندالەسەر دەستی زانا و موفتی گەورەی کورد و عێراق (مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس-رەحمەتی خوای لێ بێ) وەرگرتووە. خاوەنی دەیان کتێب و توێژینەوەی زانستییە بە زمانی عەرەبی.

جەنابی لەدایکبووی شاری خانەقینە و هەر لەوێ خوێندنی سەرەتایی و دواناوەندیی تەواو کردووە و دواتر لە شاری بەغدا بڕوانامەی بەکالۆریۆس و ماستەر و دکتۆرای لە زانستەکانی شەریعەتدا بەدەست هێناوە.

ماوەتەوە بگوترێت دکتۆر عارف لە ئێســتادا بەیەکجاریی گەڕاوەتەوە شاری سلێمانی.

سەنتەری زەھاوی

بابەتەكانی نوسەر

Leave a Reply