مرۆڤ و زانستدۆستی له نێوان هیۆمانیزم و فه‌لسه‌فه‌ی ئیسلامی‌دا
بوخاری عه‌بدوڵای قه‌سرێ
سه‌نته‌ربوونی مرۆڤ و ڕه‌هه‌ند و ئاریشه‌كانی مرۆڤبوون یه‌كێكه له‌و ئاریشه گرنگ و به‌هه‌ند وه‌رگیراوانه‌ی كه ته‌واوی ئایدۆلۆژیاكان و نێوه‌نده ئهكادێمی و ئایینی و هزرییه‌كانی به‌خۆیه‌وه سه‌رقاڵكردوه، ئه‌و باسه خۆی له‌و پرسیارانه‌دا ده‌بینێته‌وه كه: ئایا مرۆڤ نێوه‌ند و چه‌قی ئه‌م گه‌ردونه‌یه یاخود خودا؟ ئایا ژیانی مرۆڤ له خزمه‌تی مرۆڤدایه یان خودا؟ ئایا ئایین له خزمه‌تی مرۆڤدایه یان مرۆڤ له خزمه‌تی ئاییندایه؟ په‌یوه‌ندی نێوان خودا و مرۆڤ چییه؟ ئه‌م پرسیارانه ته‌نها پرسیارگه‌لێك نین و وه‌ڵامه‌كانیشیان وه‌ڵامگه‌لێكی كلاسیكی و سێنا نین كه به چه‌ند دێڕێك به‌كۆتا بگه‌ن و به سێنایی خاڵیان بۆ دابنرێن! به‌ڵكو هه‌ركام له‌م پرسیارانه له‌ڕاستیدا پرسێك ده‌وروژێنن و ده‌روازه‌ی فه‌لسه‌فیی فره‌ڕه‌هه‌ند ئاوه‌ڵا ده‌كه‌ن بۆ گفتوگۆ و لێڕامان.
مرۆڤگه‌رایی (هیومانیزم Humanism) له ئه‌وروپای سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاستدا وه‌ك كاردانه‌وه‌یه‌ك بۆ هزریی ئوسوڵیی مه‌سیحی هاته‌ئاراوه، زیاتر دیوێكی ئه‌ده‌بییانه‌شی وه‌رگرت و له تێكسته ئه‌ده‌بییه‌كاندا به‌رجه‌سته بوو. له ئامۆژه‌كانی كڵێسادا مرۆڤ وه‌لانرابوو، ئه‌رزش و به‌های مرۆڤ جگه له‌وه كه مرۆڤ ئامرازێكه بۆ په‌رستشی خودا و جێبه‌جێكردنی فه‌رمانه ئایینیه‌كان زێتر هیچی تر نه‌بوو. مافی مرۆڤ و فه‌لسه‌فه‌ی مرۆڤبوون له ئامۆژه‌كانی كڵێسادا غیابێكی ڕاسته‌قینه‌یان هه‌بوو. هه‌رهێنده ناوی مرۆڤ ده‌هێنرا تا گوێڕایه‌ڵێكی ڕاسته‌قینه و گوێله‌مستی پیاوانی كڵێسا بێت و فێری بكه‌ن خودا و بوون و ژیان و گه‌ردوون چین. مرۆڤ ناتوانێت ببێته ئه‌و كائینه‌ی كه خۆی به عه‌قڵ و ئاوه‌ز و بیركردنه‌وه‌كانی ژیانی خۆی هه‌ڵسوڕێنێت، هه‌رگا مرۆڤ ئاوه‌زی خسته كار ئیدی گورزێكی كوشنده‌ی داوه له ڕازیردنی خودا، مرۆڤ بونه‌وه‌رێكی به‌كاربراو (مسیر)ی نائازاده، له‌بری ئه‌وه‌ی خۆی بیربكاته‌وه كتێبی پیرۆز و قه‌شه بیرده‌كه‌نه‌وه و پێی ده‌ڵێن كامه شتێ باش و ئه‌رێنییه و كامانه‌ش خراپ و ناحه‌ز. كلێسا هێنده‌ی ناوی خودای ده‌هێنا وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ لێترسان، هێنده باسی میهر و مرۆڤدۆستی و لوتفشیرینی خوای نه‌ده‌كرد. بوونی ئافره‌ت شه‌رمێكی په‌نهانیی بوو، تاوانی ئه‌و دووهێنده هه‌ژمار ده‌كرا، چون دایه حه‌وا زووتر تاوانێكی به مرۆڤایه‌تی ئه‌نجامدابوو له‌و باخچه‌ی (ئه‌ده‌ن) كه خوا بۆ مرۆڤی فهراههمهێنابوو! پیاوانی كڵێسا سڵیان له‌وه نه‌ده‌كرده‌وه كه هه‌میشه ئه‌وه دووباره‌بكه‌نه‌وه كه مرۆڤ بونه‌وه‌رێكی شه‌رمن و خهجاڵهتباره له ئاستی خودا، چونكه هه‌میشه ڕووی به تاوانی یه‌كه‌م (the origin sin) ره‌ش و نزمه. لای كڵێسای سه‌ده‌كانی ناوه‌راست، زانست هێنده‌ی هه‌وڵێكه بۆ یاخییبوون له كتێبی پیرۆز و ترسان له‌خودا، هێنده ئامڕازێكی به‌خته‌وه‌ری نییه بۆ مرۆڤ. پێده‌چێت ئه‌فسانه‌ی یۆنانی (ئاگره‌كه‌ی پرۆمیسیۆس) باشتر ئه‌و ترسه‌ی كلێسا له زانست بۆ ئێمه ڕاڤه بكات.
یۆنانیه كۆنه‌كان ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێن كه گوایه كاتی خۆی خودای خواكان (زیۆس)، دوای ئه‌وه‌ی بونه‌وه‌ره خراپه‌كانی تری له‌ناو بردن، دوو بونه‌وه‌ری له‌سه‌ر زه‌وی جێگیركرد، ئه‌و دوو بونه‌وه‌ره‌ش – به‌گوته‌ی هێندێك- دوو مرۆڤ بوون، یه‌كێكیان ناوی (پڕۆمیسیۆس) بوو، ئه‌وی تر ناوی (ئیپمیسیۆس)، هێندێك ده‌ڵێن گوایه ئیپمیسیۆس ئاماژه بووه بۆ به‌نی ئاده‌م، وه‌لێ پرۆمیسیۆس ئاماژه بووه بۆ شه‌یتان، به هه‌ر حاڵ، ئه‌م دوو بونه‌وه‌ره ته‌واو پشتگوێ خرابوون له‌لایه‌ن (زیۆس)ه‌وه، توانای بیركردنه‌وه‌ی ئازادانه‌یان نه‌بوو، نه‌یانده‌توانی كشتوكاڵ بكه‌ن، كوخهڵیت و وارێكی گه‌رم بۆ خۆیان بینا بكه‌ن، نه‌یانده‌زانی چلۆن جلوبه‌رگ ساز بكه‌ن، ئاسن ده‌ربهێنن و چه‌قۆ و ئامرازه‌كانی چێشتخانه‌ی پێ ساز بكه‌ن. به كورتیه‌كه‌ی له نه‌زانین و پشتگوێخرانێكی ته‌واودا ده‌ژیان، چونكه (زیۆس) وه‌های پێ په‌سه‌ند بوو، تا هه‌میشه ئه‌وان حه‌وجێی خودا بن و لێی بترسن و فه‌رمانبه‌رداری بن! به‌ڵام ڕۆژێكیان پرۆمیسیۆس بیری له‌وه كرده‌وه كه له‌و تاریكییه ڕاسته‌قینه‌یه ڕزگاریان بێت، ئیدی بیرۆكه‌ی ئه‌وه‌ی هاته ئاوه‌ز كه بچێ له شاری خواكان (ئۆلهمپیۆس)دا ئاگری پیرۆز بدرێت. ئه‌و ئاگره هه‌م زانسته، هه‌م ماریفه‌ته، هه‌میش ڕووناكی و گه‌رمی. ئیدی توانی چڵێك قرچه‌ی ئه‌و ئاگره بهێنێته‌وه سه‌ر ڕووی زه‌وی، له‌وێوه فێری چێشتلێنان و ماڵداری بوون، ماڵیان ساز كرد، ئاسنیان ده‌رهێنا و گاسنیان پێ دروستكرد تا كشتیاریی پێبكه‌ن، فێری چێكردنی گوند بوون و شارستانیه‌ت ده‌ستی پێكرد.
له‌وه‌ش زێتر، ئه‌و ئاگره ڕووناكی ماریفه‌ت و زانستی پێبه‌خشین و ئیدی چی تر هێنده له (زیۆس) نه‌ده‌ترسان، چون ده‌یانتوانی خۆیان خۆبژێنن و مه‌داری خۆڕاپهڕاندنیان به شێوه‌یه‌كی ئاقڵمه‌ندانه ساز بده‌ن. له‌مه‌وه توانستی مرۆڤ زیادی كرد، توانستی زیۆس – وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ خودا- كه‌می كرد. به‌و ئه‌فسانه‌یه بێت، ئیدی له‌وساوه زیۆس ڕقی ئه‌وه‌ی له مرۆڤ هه‌ڵگرتوه كه مرۆڤ خاوه‌نی ئاگری پیرۆزه، چونكه شه‌یتان مرۆڤی بۆ ئه‌و دزینه هه‌ڵخه‌ڵه‌تاند، خودا ڕقی ئه‌وه‌ی له مرۆڤ گرتوه كه مرۆڤ پشتی به عه‌قڵ و هۆشی به‌ست و ئیدی بوو به خاوه‌نی زانست. له‌وساكه‌وه گوایه ههرچمكێك له زانست پێش بكه‌وێت چمكێك له توانستی مرۆڤ به‌رز ده‌بێته‌وه، له مشورگێڕییهتی خودا كه‌مده‌بێته‌وه. به‌و ئه‌فسانه‌یه بێت ژیریی مرۆڤ هه‌میشه له‌ململانێدایه له‌گه‌ڵ ماریفه‌تی خودا، بۆیه تا مرۆڤ وه‌دوای قسه‌كانی ژیریی بكه‌وێت زێده‌تر له خودا دورده‌كه‌وێته‌وه. ئا ئه‌مه‌یه ئه‌فسانه‌ی (ئاگری پیرۆز و پرۆمیسیۆس). ده‌توانین بڵێین كه ئامۆژه‌كانی كڵێسا و پیاوانی ئاینی مه‌سیحی به‌رجه‌سته‌یه‌كی كرداریی ئه‌م ئه‌فسانه‌یه بوون، چونكه لای ئه‌وان فێربوونی ماریفه‌ت و زانین وه‌ك پرۆسه‌یه‌كی ئاقڵمه‌ندانه له‌ده‌ره‌وه‌ی كڵێسا، به پشت به‌ستن به ئه‌زموون و زانست و فه‌لسه‌فه جۆرێك بوو له به‌ره‌نگاریی (تحدی)ی خودا و په‌رتوكه‌كه‌ی، بۆیه دژایه‌تییه‌كی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌و زانا‌و بیرمه‌ندانه‌یان ده‌كرد كه له ده‌ره‌وه‌ی ئایین به‌دوای هه‌قیقه‌تدا ده‌گه‌ڕان، یان ژیریی خۆیان ده‌خسته‌گه‌ڕ بۆ فێربوون. به ههمانشێوهش، بیرمه‌ند و فهلسهفهكارانی ئه‌وساش پێیان وابوو هه‌ر لێكدانه‌وه‌یه‌كی لاهوتیی بۆ سێكوچكه‌ی (بوون، ژیان و مرۆڤ) جۆرێكه له گه‌مژه‌یی و دواكه‌وتویی ژیری.
له‌ڕاستیدا ئه‌فسانه‌ی (ئاگری پیرۆز) ته‌نها ئه‌فسانه و چیرۆكێكی خه‌یاڵیی به‌رئاگردان نییه و به‌س، به‌ڵكو به‌جۆرێك له جۆره‌كان دیوی پشته‌وه‌ی عه‌قڵیه‌تی (هیۆمانیزم)ه. فه‌یله‌سوفی فه‌ڕه‌نسی (ژان پۆل سارته‌ر)یش كه هیومانیستێكی مۆدێرنه په‌رتوكێكی هه‌یه به‌ناوی (بوونگه‌رایی ڕه‌وتێكی مرۆڤگهرییه Existentialism Is Humanism) له وتارێكدا ده‌ڵێت به‌ناوی (مرۆڤ خۆی خۆی دروست ده‌كات). هیۆمانیزم له‌دژی سته‌می كڵێسا له مرۆڤی ئه‌وروپی هاته‌كایه‌وه، مرۆڤی كرده چه‌قی گه‌ردوون و گرنگیپێدانه‌كانی، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش گه‌ڕایه‌وه بۆ كه‌له‌پوری فه‌لسه‌فه‌ی یۆنانی كلاسیك. له‌وێدا تام و بۆی ئه‌وه‌یان دۆزیه‌وه كه مرۆڤ شكۆی ئه‌وه‌ی هه‌یه به به‌كارهێنانی ئاوه‌ز و ژیرییه‌كه‌ی ببێته سه‌رداری زه‌مین و ده‌توانێت خاوه‌نی شارستانیه‌ت بێت و له‌و تاریكییهش بێته ده‌ره‌وه كه به‌ناوی تاوانی یه‌كه‌مه‌وه بۆی سازكراوه. بۆیه له‌بری ئه‌وه‌ی مرۆڤ خزمه‌تكاری گه‌ردوون بێت، ئیدی كاتی ئه‌وه‌بوو بڵێن گه‌ردوون خزمه‌تی مرۆڤ ده‌كات. له‌بری ئه‌وه‌ی زانست مایه‌ی توڕه‌بوونی خوا (یان خواكان) بێت له مرۆڤ، ئیدی زانست مایه‌ی ڕزگاریی مرۆڤه له تاریكی و نه‌هامه‌تیه‌كان. لێره‌دا نامه‌وێت ئه‌وه بڵێم كه سه‌رجه‌می فه‌یله‌سوف و زاناكان به‌گژ كڵێسادا چوونه‌وه، به‌ڵكو ده‌مه‌وێت ئه‌وه بڵێم كه دۆزینه‌وه زانستیه‌كان شه‌ڕێك بوون له‌لایه‌ن ده‌زگا زانستیه‌كانه‌وه له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه‌ی كڵێسا ده‌كران، هه‌روه‌ك له چیرۆكی (پرۆمیسیۆس)یشدا وه‌هایه.
هیۆمانیزم– وه‌ك ڕاڕه‌وێكی ئایدۆلۆژی و لای هێندێك كه‌سیش وه‌ك ئایینێك- بڕوای به‌وه هه‌یه كه مرۆڤ حه‌وجێی ئه‌وه نییه كه بۆ ژیانێكی دیكه‌ی دوارۆژ بژیت، به‌ڵكو به‌و زانسته‌ی كه هه‌یه‌تی ئه‌وه‌ی لێ چاوه‌ڕوانده‌كرێت كه ئه‌و زه‌ویه‌ی ئێره‌ی ئاوه‌دان و ڕۆشنا بكات و تێیدا بحه‌سێته‌وه، تا به‌و جۆره‌ی ده‌یهه‌وێت ڕابوێرێت. بڕوای به مه‌بده‌ئی كارپیدیۆم (carpediem) هه‌یه، كه به‌مانای ئه‌وه دێت (تا پێت ده‌كرێت ئه‌مرۆ به‌خۆشی بژی و بیر له سبه‌ی مه‌كه‌ره‌وه)، (كارپیدیۆم) له ئه‌ده‌بی ئینگلیزی‌دا به ئاشكرایی هه‌یه، به‌تایبه‌ت له شیعری رۆمانتیكی. لای هیومانیسته‌كان مرۆڤ پیرۆزییه‌كی گومانهه‌ڵنه‌گری هه‌یه، بۆیه‌ش هه‌مو ئایدۆلۆژیاكان ده‌بێت له خزمه‌تی ئه‌و پیرۆزییه بێسنوره‌ی مرۆڤدابن و خۆشڕابوێریهكهی مرۆڤ فه‌راهه‌م بێنن. هیومانیزم ئازادیه ڕه‌هاكانی مرۆڤ ده‌كاته چه‌قی مه‌به‌سته باڵاكان، ماف و ئازادی مرۆڤ و خۆشڕابوێری مرۆڤ به نمره‌ی یه‌كه‌م ده‌زانێت، جا ئه‌وجار شتانی دیكه‌ی وه‌ك ئایین و ئه‌خلاق و … هتد، ته‌نانه‌ت مرۆڤ هێنده به‌پیرۆز ده‌زانێت تا ئه‌و ڕێژه‌یه‌ی هێندێك له هیومانیسته‌كان مرۆڤ “به‌خواوه‌ند” ده‌كه‌ن. فه‌یله‌سوف و زانای به‌ریتانی (یولیان هاكسلی) پێی وایه كه ئیدی مرۆڤ حه‌وجێی ئه‌وه نییه زانست له خوداوه‌نده‌وه فێرببێت، چونكه مرۆڤ ئێستا خاوه‌نی پێشكه‌وتوترین زانسته و به‌و زانسته‌ی ده‌زانێت نهێنی هه‌وره‌تریشقه و بروسكه و باران چییه، خۆی ده‌بێته خواوه‌ند له جێگه‌ی خودا.گرنگترین شتیش ئه‌وه‌یه كه ماریفه‌ت و زانست و فێربوون له هزری هیۆمانیستیدا یه‌كڕا و هاوته‌با نییه له‌گه‌ڵ ئایین و فێركاره ئایینیه‌كاندا. لای هیۆمانیستهكان (زانست) چونكه په‌یوه‌سته به مرۆڤه‌وه و كه‌سبی ده‌ستی مرۆڤه، بۆیه جێگه‌ی به‌پیرۆز زانینه، گۆشه‌یه‌كه كه تێدا به‌ره‌نگای مرۆڤ دژ به ئایین ده‌بینرێت.
له سیسته‌می هزریی ئیسلامی‌دا، ئه‌م تێڕوانینه هیۆمانسیتیه جێگه‌ی مشتومڕێكی قوڵ و ئاڵۆزه. پێویسته ئه‌وه بڵێم كه هیومانیزم له هه‌ناوی مه‌سیحیه‌تدا دروست بوو، بۆیه به‌راوردكردنی له‌گه‌ڵ ئیسلامدا شتێكی به‌رهه‌مدار و به‌پیت نییه و ته‌نانه‌ت زۆریش سه‌خته. ده‌گونجێت ڕه‌وتی هیومانیزم وه‌ك ئایدۆلۆژیا له‌گه‌ڵ ئیسلامدا به‌راورد بكه‌ین به‌ڵام هیومانیزم وه‌ك چه‌ند ڕێبیرێك كه نرخ بۆ ئازادی مرۆڤ داده‌نێت ناگونجێت له‌گه‌ڵ ئیسلامدا وه‌ك شتێكی دژه‌وانه و لێكنه‌چوو به‌راورد بكرێن. بازنه و بارگه‌ی ئیسلام له‌گه‌ڵ هیومانیزم نه سالیبه و نه موجه‌ب، به‌ڵكو زۆر له‌وه ئاڵۆزتره. له زۆرشتدا پێكدهگهنهوه و یه‌كتر بینا ده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌زۆر شتی دیكه‌شدا به ئاشكرا پێچه‌وانه ڕاده‌وه‌ستن. ڕوونتر بڵێم، هزری ئیسلامی زۆر مرۆڤگهرانهیه و مرۆڤ له مه‌نزومه‌ی هزریی ئیسلامی‌دا چه‌قی گرنگیپێدانی شه‌ریعه‌ته، ئاخر ئیسلام نه ئه‌و تهسكبینیهی كڵێسایه بۆ په‌یوه‌ندی نێوان مرۆڤ و خودا، نه ئه‌و بوغرابوون و له‌خۆباییبوونه‌ی مرۆڤه به‌رامبه‌ر به خودا كه خۆی بخاته شوێنی ئه‌و. مرۆڤ له ئیسلامدا بونه‌وه‌رێكی دوجهمسهرهیه، دیوێكی پڕ له فه‌زیڵه‌تی هه‌یه چونكه په‌یوه‌سته به ئاسمانه‌وه، ئه‌ویش له سۆنگه‌ی ئه‌وه‌ی كه رۆحی پیرۆزی خودای تێدا ده‌دره‌وشێته‌وه، له‌هه‌مانكاتیشدا دیوێكی زه‌میینی ئاژه‌ڵیانه‌ی هه‌یه كه به غه‌ریزه‌كانی تێراو و پڕ كراوه. بۆیه بوونی مرۆڤ نه هێنده نزمدهروونه كه هه‌میشه پێویستی به سه‌ركۆنه‌ی ده‌روون بێت وه‌ك ئامۆژه كڵێساییهكان وای به په‌سه‌ندی ده‌زانن، نه هێنده‌ش بهرزشكۆ و پیرۆزپایه یه وه‌ك هیۆمانسیتهكان لێی ده‌نۆڕن و ده‌یكه‌ن به جێداری خودا. باشترین پێناسه‌ی مرۆڤ ئه‌وه‌یه كه به‌ڕێزترین دروستكراوی خوایه و كه‌ره‌م و ڕێز و بهههندزانینی تایبه‌تی خوایی هه‌یه (وَڵقَدْ كَرَّمْنَا بَني آدَمَ) الإسرا 70.
خاڵه جه‌وهه‌رییه‌كانی ئیسلام و فه‌لسه‌فه‌ی مرۆڤگه‌رایی له‌وه‌دا به پرد ده‌بن و پێكده‌گه‌ن كه هه‌ردولا گرنگی به شكۆ و ڕێز و ڕۆحی باڵای مرۆڤ ده‌ده‌ن. پێیانوایه كه مرۆڤ سه‌رداری ئه‌م ژیانه‌یه و ژیان بۆ ئه‌و بینا و سازكراوه تا تێیدا بحه‌سێته‌وه و ئۆخشژن و ئاسوده‌یی بچێژێت. ئاخر هه‌م ئیسلام له چوارچێوه مێژوییه‌كه‌ی سه‌رهه‌ڵدانیدا و هه‌میش هیومانیزم هه‌وڵێكی ڕادیكاڵانهیان دا بۆ ده‌رهێنانی مرۆڤ له دۆزه‌خی كۆیلایه‌تی و نه‌ریتگه‌رای كۆمه‌ڵگه‌ی خێڵه‌كی و دواكه‌وتوو. ئیسلام له‌سه‌رده‌مێكدا هات كه جاهیلییه‌تی عه‌ره‌ب ته‌نگی به ئازادیه‌كان و كه‌رامه‌تی مرۆڤ هه‌ڵچنیبوو، ڕه‌وتی مرۆڤگهراییش وه‌ك كاردانه‌وه له‌سه‌رده‌مێكدا قوتبوویهوه كه كڵێسا گرنگی به (نامۆكردن)ی مرۆڤ ده‌دا، گرنگی به‌وه ده‌دات كه مرۆڤ جه‌سته‌ی پێشێل بكات بۆ تێركردنی رۆحانیه‌تی. هه‌ردولا ئیسلام و هیومانیزمی نائایدۆلۆژی پێیانوایه كه مرۆڤ ئیدی ئۆباڵی (تاوانی یه‌كه‌م)ی باوه ئاده‌م و دایه حه‌وای له‌سه‌ر نییه، مرۆڤ كه له‌دایك ده‌بێت بێتاوانه و په‌ڕه‌یه‌كی سپیی بێ په‌ڵه‌یه (مامن مولود الا یولد علی الفطرة) و (وَڵا تَزِرُ وَازِرَهٌ وِزْرَ أُخْرَی) الزمر (7).
هه‌روه‌ها خاڵێكی دیكه‌ی هاوبه‌ش له‌نێوانیاندا ئه‌وه‌یه كه مرۆڤ ئه‌ركی ئاوه‌دانكاری و جێنیشینی و سه‌رداری ئه‌م گه‌ردون و ژیانه‌ی له‌سه‌ر شانه، زه‌مین بۆ مرۆڤ خراوه‌ته سه‌ر پشت تا مرۆڤ ئه‌ركی ئاوه‌دانكاریی و ژیانسازیی ڕابپه‌ڕێنێت. خوا له قورئاندا ئه‌فه‌رموێت (إِنَّا عَرَضنَا اڵامَانَهَ عَڵی السَّمَاوَاتِ وَاڵارْض وَالْجِبَالِ فَأَبَیْنَ أَنْ ێحْمِلْنَهَا وَأَشْفَقْنَ مِنْهَا وَحَمَڵهَا الْإِنْسَانُ) الاحزاب (71). بۆیه‌ش هه‌ڵه نییه ئه‌گه‌ر بڵێم هه‌روه‌ك چۆن له هیومانیزمدا مرۆڤ سه‌نته‌ری گرنگیپێدانی گه‌ردوونه، له ئیسلامیشدا مرۆڤ سه‌رداری خه‌ڵاتكراوی ئه‌م گه‌ردونه‌یه، به‌ڵام خاڵی جیاوازی نێوان ئه‌م دوو سه‌نته‌ر بوونه ئه‌وه‌یه كه له هیومانیزمدا مرۆڤ خۆی به شان و باڵ و دهستهڵاتپێدانی خۆی و به ئازادی و جه‌سووریی خۆی خۆی كردوه به سه‌رداری گه‌ردون، به‌ڵام له ئیسلامدا مرۆڤ ئه‌و سهردارییهی له‌لایه‌ن خوای مشورگێڕهوه وه‌ك خه‌ڵات و ڕێزلێنانه‌وه پێبه‌خشراوه. مرۆڤ له ئیسلامدا به‌ره‌نگاری خوا ناكات بۆ ئه‌وه‌ی ببێته سه‌رده‌ست و قسه‌ڕۆیشتووی سه‌ر زه‌مین، وه‌ك له چیرۆكی (پرۆمیسیۆس) دا ده‌رده‌كه‌وێت، به‌ڵكو خوا به ویستی خۆی و به قسه‌ی خۆی مرۆڤی كردوه به جێنیشینی خۆی له‌سه‌ر زه‌وی (إِنِّی جَاعِلٌ فِی اڵارض) البقرة (30).
جه‌وهه‌ریترین خاڵی جیاواز و دهبهرێكڕاچونی نێوان هیومانیزم و سیسته‌می هزریی ئیسلامی له‌م دوو حاڵه‌ته‌ی خواره‌وه‌دایه كه:
1- هیومانیسته‌كان وای ده‌بینن كه به‌و پێیه‌ی كه مرۆڤ پیرۆزترین بوونی ئه‌م گه‌ردونه‌یه، كه‌وایه دانانی هه‌ر سنورێك بۆ ئازادیه‌كه‌ی جۆرێكه له پێشێلكاریی به‌رامبه‌ر به ئازادیه‌كانی. مرۆڤ كاتێك ده‌توانێت پیرۆزیی خۆی به‌رجه‌سته بكات كه هیچ سنورێك بۆ ئازادیه ڕه‌هاكانی بونی نه‌بێت.له فه‌لسه‌فه‌ی ئیسلامی‌دا مرۆڤ بونه‌وه‌رێكه به ئازادی له‌دایك ده‌بێت، به ئازادی ئاین و سیاسه‌ت و بیروڕا ئایدۆلۆژیه‌كانی مومارهسهدهكات، به ئازادیش ده‌مرێت، به‌ڵام هیچكات ئه‌م ئازادیه‌ی بێ‌سنور و بێمهودا نییه، چونكه تێڕوانینی ئیسلام بۆ ئازادی وه‌هایه كه ئازادی هه‌میشه ڕووبهرداره و به كۆمه‌ڵێك دیسپلین و مه‌بده‌ئی تر ڕه‌نگڕێژ ده‌كرێت، فه‌لسه‌فه‌ی ئیسلامی بۆ ئازادی وه‌هایه كه ئازادی سوڕێكی هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌ری هه‌یه، هه‌ركاتێك مرۆڤ به‌ڕه‌هایی ئازاد بوو ئه‌وا ده‌بێته‌وه به كۆیله، ده‌بێته‌وه به كۆیله‌ی ده‌روون و ئاره‌زووه ئاژه‌ڵیه‌كانی. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی ئازادی كه‌سێك به پایان ده‌گات له‌و خاڵه‌ی كه ئازادی كه‌سێكی دیكه ده‌ستپێده‌كات. مرۆڤ له‌ئیسلامدا ئه‌وكاته به‌مانا ته‌واو و به‌رفره‌وانه‌كه‌ی ئازاده كه به‌نده‌ی خوا بێت، هه‌میشه مرۆڤ له‌نێوان دوو هێڵدایه، هێڵێك كه به‌سه‌ره‌وه‌ی خۆی – كه به‌دیهێنه‌ره‌كه‌یه‌تی- ده‌به‌ستێته‌وه، هێڵێكیش كه به‌شێوه‌یه‌كی ئاسۆیی به زه‌مین ده‌یبه‌ستێته‌وه. له ئیسلامدا مرۆڤ له(هیچ)ه‌وه نه‌هاتۆته‌دی تا ته‌نها بۆ ئاره‌زوه تایبهتهیهكانی بژیت، وه‌ك یاریه‌كی شههوهتبازانهی كاتیی سه‌یری ژیان بكات، به‌ڵكو ئامانجێكی باڵا مرۆڤی هێناوه‌ته بوون، ئه‌ویش ئاوه‌دانكاری ئه‌م زه‌ویه و دروستكردنی شارستانیه‌تێكی ئه‌خلاقییه. له فه‌لسه‌فه‌ی ئیسلامی‌دا كاتێك مرۆڤ به‌م ئه‌ركه‌ی هه‌ڵبسێت و ئه‌م ئامانجه بێنێته‌دی ئه‌وا هه‌م بۆ خۆی ده‌ژی و هه‌میش بۆ خودا. خودا و مرۆڤ نه دژ به‌یه‌ك ڕاده‌وه‌ستن نه یه‌كتری فه‌رامۆش ده‌كه‌ن، بۆیه ده‌توانین بڵێین كه ئیسلام وه‌ك ئاینیێكی مرۆڤگهرا (ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه دروست بێت) مرۆڤ له دۆزه‌خی كۆیلایه‌تی مرۆڤه‌كان ڕزگارده‌كات، ڕێز و شكۆی بۆ ده‌گێڕێته‌وه، به‌ڵام به ته‌نیا نایهیڵێتهوه و به‌رهه‌ڵدای ناكات، به‌ڵكو ئه‌ركێكی پیرۆزیشی ده‌خاته سه‌ر كه هه‌ر له‌خزمه‌تی خودی مرۆڤایه‌تیدایه.
2- هیومانیزمی ئایدۆلۆژیی هێندێك جار پێیوایه كه زانست ده‌ستكه‌وتی تاقانه و بهرههڵستیكارانهی مرۆڤه، جۆرێكه له به‌ره‌نگاری دژ به ئایین. هه‌روه‌ك له چیرۆكی (ئاگری پیرۆز)دا ده‌رده‌كه‌وێت، مرۆڤ هه‌تا به ڕه‌نجی خۆی ئاگری له خواوه‌ندی گریك (زیۆس) نه‌دزی نه‌یتوانی ببێته خاوه‌ن زانست و شارستانیه‌ت. خواوه‌ندیش به‌وه ڕه‌نجا و توڕه‌بوو، بۆیه له‌وساكه‌وه ململانێ‌یان هه‌یه! هێندێك له هیومانسیته سهختبینهكان پێیان وایه كه زانست جۆرێكه له پیرۆزیی مرۆڤ، بۆیه دانانی نیشانه‌ی پرس له‌سه‌ر زانست و پێدراوه‌كانی زانست و پرسیاركردن له‌وه كه “ئایا زانست به‌ته‌نیا ده‌توانێت مرۆڤ به‌خته‌وه‌ر بكات؟” جۆرێكه له بێڕێزی به‌رامبه‌ر مرۆڤێتی مرۆڤ. بۆیه هێندێك جار ئایدۆلۆژیای هیومانیزم به‌ره‌و زانستپیرۆزی (پۆزه‌تیڤیزم) هه‌نگاو ده‌نێت. له فه‌لسه‌فه‌ی ئیسلامی‌دا زانست پێدراو و خه‌ڵاتێكی نایابی خواییه بۆ مرۆڤ، خوا به میهر و لوتفشیرینی خۆی مرۆڤی كرده بونه‌وه‌رێكی چاووگوێكراوه و زانا (وَعَلَّمَ آدَمَ اڵاسْمَاوء كُلَّهَا ) البقرة (31). خوا خۆی نایه‌وێت مرۆڤ نه‌زان و بێههواس و تاریكبین بێت، زانستدۆستی كردوه به ئه‌رك له‌سه‌ر مرۆڤ.
بۆیه‌ش له ئیسلامدا یه‌كه‌مین په‌یامێك بۆ مرۆڤ له‌لایه‌ن خواوه هاتبێت بریتیه له “بخوێنه” (إقرا). ڕوون و ئاشكرایشه كه له ئه‌ده‌بیاتی ئیسلامی‌دا زانستدۆستی– جا هه‌ر جۆرێك بێت له زانست كه له خزمه‌تی مرۆڤایه‌تیدا بێت- جۆرێكه له جێبه‌جێكردنی په‌رستش بۆ خودای به‌رز و زانا. لێره‌وه به‌كورتی ده‌توانین بڵێین كه فه‌لسه‌فه‌ی هیومانیستی و فه‌لسه‌فه‌ی ئیسلام لهڕوانینیان بۆ زانست له‌وه‌دا فره‌ڕه‌نگ و ئاڕاسته جیاوازن كه ئیسلام وه‌ها له زانست ده‌ڕوانێت كه په‌یوه‌ندیه‌كی ئاشتیانه‌ی پیرۆز و خهڵاتبهخشیانهیه له‌نێوان مرۆڤ و خوا، به‌ڵام به‌شێك له هیومانیسته ئایدۆلۆژیسته‌كان وای ده‌بینن كه زانست چه‌كێكه له‌ده‌ست مرۆڤ بۆ به‌رهه‌ڵستكاریی و به‌ره‌نگاری خودایی.
نابێت نكوڵی له‌وه بكه‌ین كه مرۆڤگه‌رایی (هیومانیزم)، وه‌ك ڕه‌وتێكی فه‌لسه‌فیی، هه‌وڵیكی به‌بایه‌خ بووه بۆ بهئازادڕوانینی مرۆڤ و بهشكۆمهندزانینی بوون و مه‌به‌سته‌كانی مرۆڤ له ژیاندا، هیومانیزم وه‌ك له‌ناوه‌كه‌یدا ده‌رده‌كه‌وێت هه‌وڵێك بووه بۆ گێڕانه‌وه‌ی پیرۆزی مرۆڤ. به‌ڵام كاتێك سه‌یری تێز و تیۆری هیومانیزم ده‌كه‌یت به‌گشتی، جۆرێك له زۆر رۆیشتن و زێدهڕهویكردنی ستایشگوزارانهی تێدا ده‌خوێنیته‌وه به‌رامبه‌ر به مرۆڤ، هه‌ڵبه‌ته ئه‌وه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه بووه كه كاردانه‌وه بووه له به‌رامبه‌ر سته‌می كڵیسا له‌سه‌ر مرۆڤی ئه‌وروپی، هه‌موو كاردانه‌وه‌یه‌كی هزرییش جۆرێك له زیاده‌ڕه‌وی وه‌رده‌گرێت، جۆرێك له ڕه‌هایی و بوغرایی ده‌دات به بوونی مرۆڤ، مرۆڤ یاخی ده‌كات، هیومانیزم هه‌ندێجار مرۆڤێكی خۆبهپیرۆززان و سه‌ركه‌ش به‌رهه‌مده‌هێنێت، ئه‌و مرۆڤه یاخییهش دوور نیبه دووباره ببێته‌وه سته‌مكار له‌سه‌ر مرۆڤه‌كانی تر. فه‌لسه‌فه‌ی ئیسلامی به‌و ڕه‌هه‌نده مرۆڤگهراییهی كه له‌خودی خۆیدا هه‌ڵیگرتوه تێڕوانینێكی هاوسه‌نگتری تێدا به‌رجه‌سته‌یه بۆ پیرۆزیی مرۆڤ، به‌ڵام به‌داخه‌وه له توراس و ئه‌ده‌بیات و فیقهی ئیسلامی‌دا ئه‌و مرۆڤدۆستییه‌ی ئیسلام هێندێكجاران به كه‌مبایه‌خه‌وه سه‌یر كراوه، یاخود زۆرجاریش پێشێل كراوه و ڕووی ڕاسته‌قینه‌ی مرۆڤگه‌رایی ئیسلام به‌جوانی نمایش نه‌كراوه.
سه‌رچاوه:
– Literary Movements for Students. David Galens.
– Oedipus the King. Sophocles, Translated by: E. F. Storr
– Favorite Greek Myth, lilian Stoughton
– “Man Makes Himself” by Jean-Paul Sartre
– Wikipedia: Julian Sorell Huxley.
– Existentialism Is Humanism. Jean-Paul Sartre
– فلنخرج من الڤلمات التیه، محمد قطب
– WHAT IS HUMANISM, Fred Edwords. published in
Americanhumanist.com