ته‌كنه‌لۆژیای شاشه‌یی و سۆشیال میدیا وه‌ك ئاڵنگارییه‌كی نوێی په‌روه‌رده‌یی
ڕیشه و بنه‌چه‌ی په‌یوه‌ندی نێوان بنیاده‌م و ته‌كنه‌لۆژیا، هه‌ر له سه‌ره‌تای په‌یدابوونی ته‌كنه‌لۆژیا ههمهچهشنهكانهوه تا ئێستاكه، بریتییه له شكڵدانی نوێ بهشێوهژیانی مرۆڤ و گۆڕینی ئاكاری مرۆڤ. ئامێره ته‌كنه‌لۆژییه‌كان سه‌نعه‌تێكی میكانیكیيانهی به‌كارهێنراو نین كه ته‌نها كار بۆ مرۆڤ “ئاسان” یاخود “خێرا” بكه‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ی زوو زوو له پێناسه‌ی ته‌كنه‌لۆژیادا به‌سێنایی ده‌وترێت، به‌ڵكو شوێنپه‌نجه‌یان زۆر له‌وه پتره! ئامێر و ده‌ستگا ته‌كنه‌لۆژییه‌كان ده‌ست له ئاستی دنیابینی و مامه‌ڵه و ئاكاره‌كانی مرۆڤ وه‌رده‌ده‌ن. دروسته بڵێین كه مرۆڤی ئه‌م ڕۆژگاره، له گۆشه‌ی ڕوانینی بۆ ژیان و دیدگا و هه‌ڵسوكه‌وت و نۆڕم و شێوازی به‌سه‌ربردنی كاته‌كانیدا هه‌رگیز هه‌مان مرۆڤی چاخه‌كانی پێشووتر نییه. ئێستا ته‌كنه‌لۆژیا مرۆڤ دروست ده‌كاته‌وه و هێواش هێواش ڕستن و چنینه‌وه‌ی مرۆڤ ده‌كات. ته‌كنه‌لۆژیا له هه‌ر قۆناغ و گه‌شه‌یه‌كی پله‌به‌ندیدا پانتاییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ مرۆڤ هێناوه‌ته ئاراوه و، به پێچه‌وانه‌شه‌وه پانتاییه‌كی دی لێ سڕیوه‌ته‌وه، هاتووه فۆڕمێكی كولتووری بۆ مرۆڤ داڕشتووه و فۆڕمێكی دیكه‌ی لێ سه‌ندووه. هزر و هێزی مرۆڤی له‌نێو به‌رداشی گه‌شه‌ی خۆیدا هاڕیوه. هه‌تا داهێنانه‌كانی ته‌كنه‌لۆژیا پتر په‌ره‌بسێنن، زێتر ئاكار و خووه كۆمه‌ڵایه‌تی و دهروونیيهكانی مرۆڤ ئاڵۆزتر ده‌بن.
له نیوه‌ی سه‌ده‌ی ڕابردووه‌وه ته‌كنه‌لۆژیای شاشه‌یی (سكرین)، و ته‌كنه‌لۆژیای گه‌یاندنی زانیاری، ته‌كانێكی باوه‌ڕپێنه‌كراوی داوه به وه‌رچه‌رخاندنی ژیانی مرۆڤ. ئیدی له‌ژێر چنگی ته‌كنه‌لۆژیادا ئاكاری كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی مرۆڤ له‌گه‌ڵ (خود)ی خۆيی و ژینگه و ده‌وروبه‌ر و سروشت و كۆمه‌ڵگه ڕه‌نگێكی دیكه‌ی پۆشیوه. بۆیه قسه دروسته‌كه ئه‌وه‌یه كه بوترێت، تا ته‌كنه‌لۆژیا یه‌ك ڕه‌هه‌ند و ساده و میكانیكیانه بوو له‌ناو چنگی مرۆڤدا بوو، به‌ڵام ئێستا به‌و هه‌مووه گه‌شه ئه‌لیكترۆنی و شاشه‌ییه ئاڵۆزه‌ی كه كردوویه‌تی، نه‌ك هه‌ر له‌ناو چنگی مرۆڤدا نه‌ماوه، به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌وه مرۆڤی خستۆته ژێر چنگی خۆیه‌وه!
ئه‌م ئارگیومێنته‌ی سه‌ره‌وه، ده‌مانخاته نێو واقیعێكی ئاڵنگارى، پرس و پرسیاری فه‌لسه‌فیی قورسمان تووش ده‌كات، كه چۆن له‌گه‌ڵ ته‌كنه‌لۆژیادا هه‌ڵبكه‌ین وه‌ك “هه‌بوو”یه‌كی به‌هێز له ده‌ره‌وه‌ی (هه‌بوون)ی مرۆڤدا بیبینین. بۆ توێژینه‌وه له‌م پرسیاره‌ی سه‌ره‌وه ئه‌م وتاره‌م نوسیوه، ئومێد ده‌كه‌م له ڕه‌هه‌نده فه‌لسه‌فیی و پهروهردهییهكهیدا ئامانجی خۆی بپێكێت.
پێشده‌ستیی، ده‌بێت بوترێت كه ته‌كنه‌لۆژیای ئێستا له‌گه‌ڵ ئه‌و سه‌رده‌مانه‌ی كه بناخه‌ی گه‌شه‌ی داناوه، زۆر جیاوازه. له ڕابردوودا بۆ هه‌ر (فرمان)ێك، یان (پێویستی)یه‌ك حه‌وجێمان به‌وه هه‌بوو كه ئامێرێك یان ده‌ستگایه‌ك ساز بكه‌ین كه هه‌ڵسێت به ئه‌نجامدانی ئه‌و فرمانه یاخود به‌دیهێنانی ئه‌و پێداویستییه دیاریكراوهمان. بۆیه ژماره‌ی ئامێره‌كان بۆ خواسته‌كانی ئێمه زۆر و قه‌باره‌شیان پتر بوو. به‌ڵام له ئێستادا چه‌ندین ئامێر و ده‌ستگای ئه‌لیكترۆنی و میكانیكی پێكه‌وه به‌ستراونه‌ته‌وه و یه‌كخراون له‌ناو یه‌ك پارچه (یونیت)دا. بۆ وێنه جاران ئه‌گه‌ر بۆ سه‌یركردنی كات پێویستیت به (ده‌مژمێر)ێكی ده‌ستی یان دیواری هه‌بوایه، يان بۆ زانینی ڕۆژه‌كه‌ت پێویستیت به په‌ڕاوی (ڕۆژژمێر) هه‌بوایه، بۆ له‌خه‌و هه‌ڵسانی به‌یانیان پێویستیت به (زه‌نگوڵی خهبهركهرهوه) هه‌بوایه، ياخود بۆ گرتنی وێنه‌یه‌ك پێویستیت به (كامێرای فۆتۆ) هه‌بوایه و، بۆ گرتنی ڤیدیۆیه‌ك پێویستیت به (كامێرای سه‌رشان) هه‌بوایه، بۆ لێدانی مۆسیقایه‌ك پێویستیت به (پیانۆ) هه‌بوایه، ئه‌وا ده‌بینی ئێستا یه‌ك ئامێر كه (مۆبایل)ه و له قه‌باره‌شدا له هه‌موو ئه‌مانه بچوكتره و هه‌موو ئه‌م كارانه‌ش ئه‌نجامده‌دات. ئێستا ئه‌گه‌ر مۆبایلێكی زیره‌كت پێ بێت هه‌موو ئه‌م فرمانانه‌ی سه‌ره‌وه‌ت بۆ دێنێته ژێر چنگ و هێنده‌ش بچووكه ده‌توانی له‌گه‌ڵ خۆتدا بیگێڕیت و، ئیشیشت پێی نه‌ما بیخه‌یته نێو باخه‌ڵته‌وه. بۆیه ئامێری ئێستا له قه‌باره‌دا بچووكه، به‌ڵام له هه‌مه‌جۆریی و فره‌یی و چه‌ندێتی ئیش و فرمانهكاندا قه‌ره‌باڵغ و ده‌وڵه‌مه‌نده. یه‌ك دانه‌یه و چه‌ندین كار ده‌سازێنێت. ئه‌م حاڵه‌ته له زانستی ته‌كنه‌لۆژیادا پێی ده‌ڵێن (multi-functional instruments) كه ئه‌گه‌ر بۆ كوردی وه‌ریبگێڕین ده‌بێت به: (ئامێره فره فرمانییهكان) (بۆ ئه‌م مه‌به‌سته توێژینه‌وه‌ی زۆر نوسراون، بۆ وێنه بڕوانه Mazuryk and Gervautz).
ئه‌م خاڵه‌ی سه‌ره‌وه ده‌روازه‌یه‌كه ده‌مانباته نێو دنیایه‌كی تازه كه مرۆڤی دێرین پێی ئاشنا نه‌بوو، ئه‌میش دنیایه‌كه پێی ده‌وترێ جیهانی ڤێرچواڵ (واته دنیای نا هه‌قیقی ئه‌لیكتڕۆنی). دنیای ناهه‌قیقی ئه‌لیكترۆنی هه‌موو ئه‌و زانیارییانه ده‌گرێته‌وه كه به (شاشه) و (تیشك) بۆ ئێمه نیشانده‌درێن یاخود ده‌گوازرێنه‌وه. ئه‌م دنیایه كاریگه‌ره به‌سه‌ر واقیعه بهرجهستهییهكهی ژیانی ئێمه‌وه كه‌چی له بنه‌چه‌دا ته‌نها (نیشاندان)و ڕووگه‌یه‌كی نمایشكردنه له‌سه‌ر تابلێتێكی شاشه. ئه‌م دنیا ڤێرچواڵه (كه شاشه‌ییه و ته‌نها وێنه و ڤیدیۆ نیشان ده‌دات) ناوه‌ندی كاركردنه‌كه‌ی چیتر ئاسن و دار و ته‌خته و نایلۆن و پلاستیك و شوشه نییه، كه ده‌ستیان لێبده‌ین و به (جوڵاندن) و (بزوتن) و (هێز و گوڕی جه‌سته) وه‌ك مرۆڤی دێرین به‌كاریان بهێنین، به‌ڵكو كۆمه‌ڵێك یه‌كه‌ی زۆر ورد و چكۆله‌ی ئهلیكتڕۆنین كه پێكه‌وه زیره‌كانه به‌ستراونه‌ته‌وه و پێیان ده‌وترێت (ترانزیسته‌ر)، و به شاشه‌یه‌كه‌وه به‌ره‌و ڕووماندا نماینده كراوه و، ته‌نها پێمان نیشانده‌دات. ئێمه له‌گه‌ڵ جوڵاندنی پت و پهنجهماندا، به ئاره‌زووی خۆمان ئه‌م چوار شته ده‌كه‌ینه‌وه یاخود سه‌یرده‌كه‌ین یان ده‌یگوازینه‌وه:
1-وێنه‌ی ڕاوه‌ستاو. 2- ڤیدیۆ و وێنه‌ی جوڵاو. 3- نوسین و شكڵی ههمهجۆر. 4- ده‌نگ.
بۆیه مرۆڤی ئێستا له‌هه‌مبه‌ر ده‌ستكه‌وتن و زانین و لێڕوانینی زانیارییه‌كان زۆر به ئاسانی ئیشه‌كانی خۆی ڕایی ده‌كات و، هیچ ماندوبوونێك یان كاتێكی ئه‌وتۆ خه‌رج ناكات. هه‌ر هێنده شاشه‌ی ئایپاد، لاپ‌تۆپ، یان مۆبایله‌كه‌ی هه‌ڵكرد و له ڕێگه‌ی دوگمه‌ی (وای فای) چووه نێو ده‌روازه‌ی ئه‌م دنیا ڤێرچواڵه كه لێی دواین، ئه‌وا هوروژمی ئه‌و هه‌مووه زانیارییه (له‌م چوار جۆره‌ی سه‌ره‌وه) به خێراییه‌كی سه‌یروسه‌مه‌ره و به‌لافاو و پڕاوپڕ هێرش ده‌كه‌نه نێو شاشه‌كه‌ی و، ڕیز ده‌بن و خۆیان عه‌رز ده‌كه‌ن. بۆیه له ساده‌ترین ڕاڤه‌دا دروسته بگوترێت، ته‌كنه‌لۆژیای شاشه‌یی له دنیای ئێستادا زۆر سه‌رقاڵكه‌ر و به‌په‌له و قه‌ره‌باڵغه. ئه‌وه‌ی ده‌ته‌وێت بیبینی و ئه‌وه‌ی ناشته‌وێ بیبینی یان بیزانی، تێكه‌ڵ ده‌بن و پێكه‌وه نیشانت ده‌درێت. ئه‌مه‌ش ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و قهرهباڵغیيهیه كه ئێمه‌ی مرۆڤی پۆست‌مۆدێرن له‌ناویدا ده‌ژین.
خاڵێكی دیكه‌ی جه‌وهه‌ریی كه ته‌كنه‌لۆژیای ئه‌م ڕۆژگاره‌ی ئێستا له سه‌رده‌می كۆن لێكجیا ده‌كاته‌وه، بریتییه له‌وه‌ی كه (شاشه)ه‌كان ئێستا بوونه‌ته نیشان و نماینده‌ی ژیانی زۆر زاتیی و كۆمه‌ڵایه‌تی ئێمه. ته‌كنه‌لۆژیای ڤێرچواڵیی ئێستا ده‌ستگایه‌كی زۆر زاتییانه و كه‌سی و تایبه‌تی و كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی فه‌راهه‌مهێناوه كه له به‌كارهێنانه‌كانی له جوغزی ژیانی (individual تاك)دا ته‌سك بۆته‌وه. ئه‌گه‌ر له دۆخی پێشوودا ئامێره ته‌كنه‌لۆژییه‌كان هاتبنه نێو ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیمان و، وه‌ك نوێگه‌رییه‌ك و داهێنانێك هاتبنه كایه‌وه، ئه‌وا ئه‌مڕۆ هاوكێشه‌كه پێچه‌وانه و بهراوهژووبۆتهوه به‌جۆرێك كه خودی ژیانی تایبه‌تیی كۆمه‌ڵایه‌تیمان هاتۆته نێو ته‌كنه‌لۆژیا، ئێستا ئاپلیكهیشن و پلاتفۆڕم و ده‌روازه‌ی نوێ داهێنراون تاوه‌كو شێوه‌ژیانی ئاكاری كۆمه‌ڵایه‌تیمان له‌ناو شاشه‌كاندا نیشان بدرێن. شاشه‌ی مۆبایلی هه‌ركام له ئێمه ئێستاكه پڕیه‌تی له وێنه و چیرۆك و گرته‌ی ژیانی تایبه‌تیی كه‌سانی تر كه (زۆرجار به‌بێ ئاگایی خۆمان) دهخلیان كردووه به‌نێو مۆبایلهكانمانهوه، چونكه وه‌شان كراون. ته‌كنه‌لۆژیای میدیایی جاران ڕه‌سمی بوون، ته‌نها ده‌وڵه‌ت، میری، حیزب، یان پاره‌دار و ده‌زگاكانی سه‌رمایه و ڕاگه‌یاندن ده‌یانتوانی دوانگه‌ی په‌خشیان هه‌بێت. به‌ڵام ئه‌مێستا هه‌ركه‌س خۆی خاوه‌نی مینبه‌رێكی تايبه‌ت به‌خۆیه‌تى و خه‌ریكی دووین و په‌خش و نماكردنه و، هه‌موومان ده‌توانین وێنه و گرته‌ڤیدیۆ و دیدو نوسین وه‌شان بكه‌ین (بۆ ئه‌م مه‌به‌سته بڕوانه توێژینه‌وه‌ی Sven Stollfuß).
پرسیاره په‌روه‌رده‌ییه بنه‌ڕه‌تییه‌كه لێره‌دا ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌یه، له‌گه‌ڵ لێشاوی به‌ربڵاوی به‌كارهێنانی ئاپلیكهیشنهكانی سۆشیال میدیا، مرۆڤی ئێستا له به‌رده‌م چ ئاڵنگارییهكدایه، له دیوه پهروهردهییهكهیدا ئایا كه‌سایه‌تی و خوو و ئاكار و ده‌روونی مرۆڤی ئێستا چ گۆڕانێكی به‌سه‌ردا هاتووه؟
له‌ئه‌نجامی په‌خشكردنی جموجۆڵ و هه‌ڵسوكه‌وت و خوو و ڕه‌فتاره زاتيی و تاكهكهسییهكانمان كه ڕۆژانه ئه‌نجامیان ده‌ده‌ین، له ڕێگه‌ی وێنه و گرته ڤیدیۆییه‌كانه‌وه، بۆ نێو ئه‌و دنیا ناواقیعییه ئه‌لیكترۆنییه كه به ئاپلیكهیشنه هه‌مه‌جۆره‌كان سازكراوه، ڕووپێوی گشتی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی ئێمه به‌ره‌و گۆڕان چووه (كه هه‌ندێك جار ناوده‌برێت به فه‌زای گشتی و له‌لایه‌ن هابرماسى زانای كۆمه‌ڵناسی ئه‌ڵمانی داهێنراوه).
مه‌به‌ستم له‌م بۆچوونه ئه‌وه‌یه كه، هه‌ر تاكێكی به‌كاربه‌ری سۆشیال چیتر خاوه‌نی كه‌سایه‌تییه‌كی (نه‌گۆڕ) و چه‌سپاو نییه، كه‌سایه‌تی مرۆڤی ئێستا سیفه‌تێكی شلۆقیی هه‌یه، ڕووه و گۆڕانكارییه و خێرا خووی كۆن فڕێده‌دات و خووی نوێ وه‌رده‌گرێت. مرۆڤی به‌كارهێنه‌ری سۆشیال میدیا خۆچن و خۆههڵوهشێنه، واته له هه‌ر ئان و ساتێكی ڕۆژانه‌یدا، زاتی خۆی هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه له‌و ئاكار و چالاكییه كرده‌ییانه‌ی زووتر فێری بووه و وه‌ریگرتووه و زانیویه‌تی و ئه‌نجامیداوه، هه‌میش ئه‌م مرۆڤه خۆی بیناده‌كاته‌وه له‌و دید و ئاكارانه‌ی ده‌یبینێت و فێری ده‌بێت. وێنه و ڤیدیۆ و نامهدهنگییهكان و وشه‌كانی سه‌ر ڕووپێوی سۆشیال میدیا كه به (سكڕۆڵ) ڕیز ده‌بن و دێن و ده‌چن و ئه‌مسه‌ر و ئه‌وسه‌ری شاشه‌ی مۆبایلمان ده‌گرن، ناخی ئێمه ده‌گۆڕن. ئه‌م وێنه و ڤیدیۆیانه جا خه‌نده ئامێزبن یان خه‌مهێن ئێمه به تێپه‌ڕینی كات ده‌گۆڕن، جا ئاگاییمان لێى هه‌بێت یاخود نا ئێمه له قاڵبێكی دیكه‌دا داده‌ڕێژنه‌وه، ته‌نانه‌ت خووی لاسایی كردنهوهشمان پێ ده‌به‌خشن.
ڕه‌نگه هۆكارێكی هه‌ره سه‌ره‌كیی له گۆڕینی ئاكار و دید و ڕه‌فتار و شێوه‌ی هه‌ڵسوكه‌وته‌كانی ڕۆژانه‌مان به‌هۆی سۆشیال میدیا بریتی بێت له‌وه‌ی كه له‌ڕووی ته‌كنیكی مه‌به‌ستیشه‌وه هه‌موو ئاپلیكهیشنهكانی سۆشیال میدیا كار له‌سه‌ر هونه‌ر (دووباره‌كردنه‌وه) ده‌كه‌ن، مرۆڤ به دووباره‌كردنه‌وه زۆر كارتێكراو ده‌بێت، ئه‌گه‌ر تۆ شتێك له‌به‌رده‌متدا له چه‌ند كات و ساتێكی جیاواز دووباره كرایه‌وه، ئیشتیهای فێربوون و لاساییكردنهوهت ده‌جوڵێ. ئه‌م ده‌ستگایانه گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی چه‌ندین جار به به‌رچاومان ده‌خه‌ن، وێنه‌كان دووباره ده‌كه‌نه‌وه، له ته‌ك یه‌كتر ڕیزیان ده‌كه‌ن، جا به‌كارهێنه‌رێك كاتێك چه‌ندین جار له‌سه‌ریه‌ك ناواخنی گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی ده‌بینێت، به‌شێوه‌یه‌كی خۆكاریی هه‌ستی لاساییكردنه‌وه و وروژانی له‌لا په‌یدا ده‌بێت. ئه‌مجاره ڕه‌نگه خۆی چیتر بینه‌ری ئه‌م ڤیدیۆیه نه‌بێت، به‌ڵكو لاسایی بكاته‌وه و خۆشی سازی بكات. ئێمه له سه‌رده‌می سۆشیال میدیادا زۆرجار ده‌بین به كه‌سانێك كه خێرا یه‌ك پرۆژه‌ی هاوبه‌ش یان یه‌ك ڕه‌وتی كاتیی كاریگه‌ر كۆمانده‌كاته‌وه، به‌بێ ئه‌وه‌ی بشزانین چی لهپشتیيهوه ده‌گوزه‌رێت. بۆیه‌ش، ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ی نه‌وجه‌وانانی ئێمه له لاساییكردنه‌وه‌ی گرته “كۆمیدی” و”ته‌رفیهی” و “گاڵته ئامێزه‌كان”، حه‌زێكی له‌ڕاده‌به‌ده‌ریان هه‌یه به‌تایبه‌ت له تیكتۆك و فه‌یسبووكدا ئه‌وه‌م بینیوه، زۆر به‌خێرایی و تاڵۆكه ئه‌م وێنه و ڤیدۆیانه له‌نێو هه‌ژمار و لاپهڕهكانیاندا بڵاوده‌كه‌نه‌وه (بۆ زانینی كاریگه‌رییه‌كانی تیكتۆك له‌سه‌ر نه‌وجه‌وان و گه‌نجان بڕوانه توێژینه‌وه‌ی Dilon).
په‌روه‌رده‌ی مرۆڤ و ته‌كنه‌لۆژیای سكرین (سۆشیال میدیا به هه‌موو ئاپلیكهیشنهكانیيهوه) له‌م ڕه‌هه‌نده قوڵانه‌ی خواره‌وه به پرد ده‌بن:
ئه‌گه‌ر په‌روه‌رده له چه‌مكه فراوانه‌كه‌یدا بریتی بێت له خودسازیی مرۆڤ، یاخود ئاماده‌سازیی مرۆڤ بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌كی ئهرێنيیانهی ئاڵۆزیی و به‌ربه‌ست و سه‌ختیی و دژواریی و كێشه‌كانی (ژیان)، ئه‌وا دنیای ئهنتهرنێتییانه، دنیای شاشه‌یی، له سه‌رده‌می ئێسته‌ماندا، كه به ڕه‌نگه‌كانی سۆشیال میدیا ڕهنگڕێژكراون، هاندهرێكن له خوڵقاندنی ئه‌م ئاریشه نوێیانه. ئه‌م ئاریشه نوێیانه حه‌وجێیان به‌وه هه‌یه قسه‌ی نوێیان له‌باره‌وه بكرێت. په‌روه‌رده‌ی دیموكراتییانه‌ی هاوچه‌رخ بریتی نییه له له‌به‌ركردنی زانیاری نێو دێڕه‌كانی په‌رتوكێك و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك پرسیار له تاقیكردنه‌وه‌دا، له‌وه پهروازتر چووه و گهشهكردووتره، به‌ڵكو ئه‌گه‌ر یه‌كێك له ڕه‌هه‌نده‌كانی په‌روه‌رده بریتی بێت له به‌رزكردنه‌وه‌ی ڕێژه‌ی هۆشیاریی تاك به ئاریشه و كێشه‌كانی ژیان، ئه‌وا ئه‌ركی په‌روه‌رده بریتییه له ئاماده‌كردنی ئێمه بۆ خودپارێزیی له‌و كێشانه‌ی كه شاشه‌ی ئاپلیكهیشنهكانی سۆشیال میدیا ده‌یانخاته به‌رچاومان و نمایشیان ده‌كات. په‌روه‌رده ده‌بێت ئه‌و چاوه‌مان پێ ببه‌خشێت كه دیوی پشت وێنه و ڤیدیۆ و وشه‌كانی سه‌ر ڕووپێوی سۆشال میدیا ببینین.
داشۆرین و گلهییبارانكردن و ڕه‌خنه‌گرتن له نه‌وه‌ی تیك تۆك و سناپچات چاره‌سه‌ر نییه، به‌تایبه‌ت له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی وه‌كو كوردستان كه زۆر ساوایه به (په‌روه‌رده‌ی شاشه‌یی)، به‌ڵكو له‌بری ئه‌وه ده‌بێت چه‌كی بنیاتنه‌ری په‌روه‌رده به‌هێزتر بكرێت، په‌روه‌رده له هه‌ر چه‌رخێكدا پرسیاری قورسی خۆی هه‌یه، ئێستا كه مرۆڤایه‌تی به تونێلی سۆشیال میدیادا گوزه‌ر ده‌كات، هه‌قی خۆیه‌تی چه‌ند كریدیتێك تایبه‌ت به (هۆشیاری مامه‌ڵه‌ی مرۆڤ له‌گه‌ڵ ئاپه‌كانی سۆشیال میدیا) له ناوه‌نده‌كانی په‌روه‌رده و خوێندندا به قۆناغه جیاوازهكانیيهوه بخوێنرێن. یاخود له كه‌مترین هه‌وڵداندا، چه‌ند سيمینار و خول و هه‌ڵمه‌تێكی خودهۆشیاریی له‌باره‌ی سۆشیال‌میدیا له ناوه‌نده‌كانی په‌روه‌رده‌دا بگوترێته‌وه. به كورتی، سۆشیال میدیا ببێته بابه‌تێكی گه‌رماوگه‌رمی په‌روه‌رده كه به پلان و ڕووانین و بیرۆكه‌ی بنیاتنه‌رانه‌وه كاری له‌سه‌ر بكرێت،
ته‌نانه‌ت توێژینه‌وه‌یه‌ك به‌ناوی (Zuheir N Khlaif) ئه‌نجامدراوه، كه له ژێدهرهكهماندا ده‌توانی بگه‌ڕێیه‌وه سه‌ری، جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كه ئێستا له هه‌ندێك ناوه‌ندی په‌روه‌رده‌ییدا ئیش له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌ن (په‌روه‌رده و تیك تۆك) پێكه‌وه به شێوه‌یه‌كی بنیاتنه‌ر ببه‌ستنه‌وه تا نه‌وه‌ی ئێستا بزانێت ته‌كنه‌لۆژیا ته‌نها ماڵی لاساییكردنه‌وه و تهرفیهیات و پێكه‌نین و نوكته و خودنمایشكردن نییه. ده‌كرێت هه‌ركام له‌م ئاپلیكهیشنانه مه‌عریفی و زانستمه‌ند و سودبه‌خشیش بن، ئه‌گه‌ر ئهقڵیكی هۆشیار و چاوێكی بینا بتوانێت به‌ڕێوه‌یان ببات، یان مرۆڤه‌كان له هه‌مبه‌ر به‌كارهێنانیاندا ئاڕاسته بكات.
لێره‌وه سیسته‌می په‌روه‌رده دوور و دابڕاو نابێت له سیسته‌مه ته‌كنه‌لۆژییه گهشهكردووهكهی دنیای ئێستا، به‌ڵكو ده‌بێته‌وه دوانگه‌یه‌ك یاخود مه‌ڵبه‌ندێك كه مرۆڤ ئاڕاسته ده‌كات كه به چ هێما و نیشانه‌یه‌ك شاشه‌كه‌ی به‌كاربهێنێت و، هۆشیار بێت به‌وه‌ی (خود)ی خۆی چی ده‌وێت؟ به‌دوای چیدا ده‌گه‌ڕێت، نه‌ك ئه‌وانیتر چیان لێی ده‌وێت!. (ده‌توانیت بڕوانیته توێژینه‌وه‌یه‌ك به‌ناوی Mahwish Rabia كه جه‌ختده‌كاته‌وه له‌سه‌ر كاریگه‌ریی سۆشیال‌میدیا له‌سه‌ر ئاكاری په‌روه‌رده‌یی و كۆمه‌ڵایه‌تی گه‌نجانی ئێستا له زانكۆ و ناوه‌نده‌كانی تری خوێندندا).
خاڵێكی دیكه‌ی گرنگ ئه‌وه‌یه كه سۆشیال میدیا و ته‌كنه‌لۆژیای شاشه‌یی ده‌شێت وه‌كو پلاتفۆڕمێكی سودبه‌خش و به‌كه‌ڵك لێی بڕوانرێت له‌وه‌دا كه یارمه‌تیده‌ره facilitator بۆ خودی به‌ڕێوه‌بردنی ماكینه‌ی پڕۆسه‌ی په‌روه‌رده. یانی نه‌ك به‌شێوه‌یه‌كی ساده ته‌كنه‌لۆژیای شاشه‌یی پێویستی به (په‌روه‌رده) هه‌یه بۆ ئیداره‌دان و باش به‌كارهێنانی، به‌ڵكو خودی په‌روه‌رده‌ش به‌پێچه‌وانه‌وه له دنیای ئێسته‌دا ورده ورده پێویستی به ته‌كنه‌لۆژیای شاشه و سۆشیال میدیا هه‌یه بۆ به‌ڕێوه‌چوونی. ئه‌م حاڵه‌ته به‌تایبه‌ت له‌م دوو سێ ساڵه‌ی ڕابردووه‌وه پتر ته‌شه‌نه‌ی كردووه به‌هۆی سه‌رهه‌ڵدانی ڤایره‌سی كۆرۆنا و هاوشێوه‌كانی كه ڕووبه‌ری ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی ئێمه‌ی مرۆڤیان ته‌سك كردۆته‌وه، ناچار په‌نا ده‌برێته به‌ر هه‌ر پلاتفۆڕمێكی ڤێرچواڵ (شاشه‌یی ناواقیعی) كه له‌وێوه پێكبگهین و یه‌كتر ببینین یان گوێمان له یه‌كتر ببێت.
كاتێك پلاتفۆرمێكی وه‌ك (گوگڵ كلاس) یان (زووم) یاخود (گرووپ ڤۆیس كۆڵی ڤایبه‌ر و واتس‌ئاپ و ماسینجه‌ر و تێلی گرام…هتد) بژارده‌یه‌كی كاریگه‌ریی لێكتێگه‌یشتن و پێكهوهگردبوونهوهی ده‌نگ و ڕه‌نگمان ده‌خاته به‌رده‌ست، ئێمه‌ی مرۆڤی پۆست‌مۆدێرن ڕێگه‌ی تازه‌مان له به‌رده‌مدا ده‌كرێته‌وه به‌وه‌ی چۆن پێیدا گوزه‌ر بكه‌ین تا بتوانین سیسته‌می په‌روه‌رده‌مان جارێكی دیكه دابڕێژینه‌وه. ده‌بێت سیسته‌می په‌روه‌رده‌ییمان هه‌م له‌ڕووی فه‌لسه‌فه‌وه، هه‌میش له‌ڕووی پێداگۆجی (ڕێگه‌ی وانه‌وتنه‌وه) و ته‌كنیك و ئامرازه‌وه خۆی نوێ بكاته‌وه، تا بتوانێت له‌گه‌ڵ ئه‌م پلاتفۆرمه ته‌كنه‌لۆژییه نوێیانه هه‌ڵبكات و، كه‌ڵكیشی لێ وه‌ربگرێت. (له‌باره‌ی به‌كارهێنانی ئه‌م دوو ساڵه‌ی سۆشیال میدیا و ته‌كنه‌لۆژیای شاشه‌یی بۆ به‌ڕیوه‌چوونی په‌روه‌رده له قه‌یرانی كۆرۆنادا زۆر توێژینه‌وه كراون، بۆ وێنه بڕوانه Derar Serhan).
پوخته‌ی باس ئه‌وه‌یه كه، له‌بری ئه‌وه‌ی سۆشیال میدیا به “سه‌رئێشه”یه‌كی تازه بۆ په‌روه‌رده‌ی مرۆڤ بخه‌مڵێنرێت و وێنا بكرێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی له زیهنییه‌تی به‌شێك له ده‌روونناس و پهروهرشیاراندا چه‌قیوه، ده‌گونجێت به “ده‌رفه‌ت” ێكی تازه بۆ مرۆڤی ئێستا ببینرێت، كه ده‌شێت كارئاسانیمان بۆ فه‌راهه‌م بهێنێت له‌وه‌ی چۆن ئه‌و دید و هزر و زانسته‌ی ده‌مانه‌وێت بیبه‌خشین یان وه‌ریبگرین به شوێنی خۆی بگات له‌وپه‌ڕی خێراییدا. ده‌شێت ته‌كنه‌لۆژیای شاشه‌یی به هێڵێكی دیكه‌ی خودسازی و خودڕۆشنبیريی و هزردهوڵهمهندبوون ببینرێت، به‌وپێیه‌ی كه ته‌شه‌نه‌كردوو و خێرا و كاریگه‌ر و ئاسانه له به‌كارهێناندا، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌رنامه‌سازیی پێشوه‌خته‌ی بۆ بكرێت و له‌وپێناوه‌دا پرۆژه‌ی په‌روه‌رده‌یی له‌كاردابن.
بۆیه زۆر گرنگه ناوه‌ندی په‌روه‌رده و، خودی پرۆسێسی په‌روه‌رده وه‌كو سیسته‌مێكی هزریی، له‌وه تێبگات كه ته‌كنه‌لۆژیای شاشه‌یی چیتر ئه‌و دنیا ساده به‌كارهێنراوه نییه كه به ته‌نیشت مرۆڤه‌وه بڕوات و ده‌خل به ژیانی تاك نه‌كات، به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌وه شاشه هێنده خۆی ئاخنیوه‌ته شێوه‌ی ئاكاری كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی تاك، چركه چركه‌ی كاته‌كانی مرۆڤی ئێستا و ئاكاره‌كانی به شاشه‌كانی سۆشیال میدیادا دێن و ده‌چن و ده‌گوازرێنه‌وه، هه‌ڵسوكه‌وت و چالاكییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی مرۆڤی پۆستمۆدرێن چیتر “تایبه‌تیی” private نین، ئێستا له‌نێو شاشه‌كاندا دێن و ده‌چن: له خواردن، خه‌وتن، پۆشین، قسه‌كردن، گه‌شت، وێنه‌گرتن، پیاسه و سه‌یران، خۆشی و ئاهه‌نگ، زه‌ماوه‌ند و سێكس و منداڵبوون، شین و شیوه‌ن، مردن و نه‌مان، كاره‌سات و خه‌م، په‌ژاره و قه‌یران، ڕاو بۆچوون، سیاسه‌ت و، دین و دونیا…هتد. جا ئه‌گه‌ر په‌روه‌رده قسه له‌سه‌ر دووباره ڕێكخستنه‌وه‌ی ئه‌م هه‌ژموونه شاشهییهی ته‌كنه‌لۆژیا نه‌كات، ئه‌وا ئاگایی تاك به‌ره‌و په‌راوێز و كزیی و كاڵیی ده‌ڕوات. (بۆ پتر ئاشنابوون به كاریگه‌ریی سۆشیال میدیا له سه‌ر ته‌سكبوونه‌وه‌ی “تایبه‌تمه‌ندێتی” ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیمان و كرانه‌وه‌ی زیاتر به‌ره‌و نمایشكردنی ئاكاره كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانمان، بڕوانه توێژینه‌وه‌ی Bernhard Debatin, Jennette P. Lovejoy).
لێره‌وه و له غیابی فه‌لسه‌فه‌ی ڕوونی په‌روه‌رده‌ییمان بۆ ته‌كنه‌لۆژیای شاشه‌یی، پێ ده‌نێینه نێو ئه‌م هه‌مووه كێشه و گرژيی و تاڵییه‌ی كه له ئاوابوونی هۆشیاری تاكدا دێنه ئاراوه و، ده‌خرێته ملی سۆشیال میدیا. (بڕوانه توێژینه‌وه‌ی Sagee Geetha Sethu له‌باره‌ی شوێنپه‌نجه‌ی سۆشیال میدیا له‌سه‌ر تایبه‌تمه‌ندێتی ژیانی تاك و ته‌نانه‌ت ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تی تاك).
سۆشیال میدیا وه‌ك واقیعێك، كه ڕۆژ له دوای ڕۆژ له خۆ ئهبدهیتكردنهوه و هه‌ڵكشاندایه و، هه‌نگاو به هه‌نگاو له‌ڕووی كاتگرتن و ده‌خاله‌تكردن به ژیانی راسته‌قینه‌مان شوێنپه‌نجه‌ی پتر داده‌نێت، ده‌بێت له ناوه‌نده ئهكادیميی و ده‌روونی و ئايینی و په‌روه‌رده‌ییه‌كاندا له قاوغه ڕهشبینییهكهی بهێنرێته ده‌ره‌وه. بۆ ئه‌وه‌ی ئهرێنییانهتر سۆشیال میدیا به‌كاربهێنرێت و ئه‌رێنیانه‌تر قسه‌ی له‌سه‌ر بكرێت، نابێت چیتر هه‌میشه لێزمه‌ی ڕه‌خنه‌ی له‌سه‌ر بێت به‌وه‌ی كه به‌هاكانمان ده‌شێوێنێت، گه‌رچی ئه‌و قسه‌یه‌ش دروسته له ڕێژه‌ی خۆیدا، به‌ڵام پێویسته سۆشیال میدیا وه‌ك فۆڕمێكی نوێی په‌يوه‌ندیكردن و گواستنه‌وه‌ی زانیاريی و ئاسانكاریش له گه‌یشتن به هه‌واڵ و وێنه و ڕووداو ته‌ماشا بكرێت. له‌ڕاستیشدا، بۆ پارێزكردن له‌و به‌ها ئایينی و كهلتووريی و مرۆییانه‌ی كه هه‌مانن و نامانه‌وێ له چنگیان بده‌ین، پێویستیمان به كه‌نارگیركردنی ته‌كنه‌لۆژیای شاشه‌یی نییه له زاتی خۆیدا، ئه‌سڵه‌ن لافاوی زانیارییه شاشهییهكان هێنده به لێزمه‌یه ناتوانین به‌ری پێ بگرین، وه‌چه‌ی تازه‌ش له به‌كارهێنانه ته‌كنیكییه‌كه‌ی سۆشیال میدیا زۆر زیته‌ڵ و زرنگ و زیره‌كن، گه‌وره‌كان به ئاسانی ناتوانن پێشیان لێ بگرن، به‌ڵكو پێویستیمان به خودهۆشمهندیی و دنیادیتهیی پتر هه‌یه كه له ئاوه‌ز و ده‌روونی تاكی ئێمه‌دا بڕوێنرێن، كه بزانێ له‌هه‌مبه‌ر به‌كارهێنانی هه‌ر ئاپلیكهیشنێكی سۆشیال میدیادا چی هه‌ڵده‌بژێرێت و چۆن مامه‌ڵه ده‌كات.
ڕوونتر بڵێم، له ده‌روونی تاكی مۆدێرندا كه شاشه‌ی سۆشیال میدیای له هه‌ر ئان و ساتێك‌دا له‌به‌رده‌مدا كراوه‌یه، پێویستییه‌كی هه‌نووكه‌یی هه‌یه به هه‌ستی به‌رپرسیارێتی، له‌وه‌ی كه كاتێك تۆ داخڵ به دنیای شاشه‌یی و ڤێرچواڵ ده‌بیت و پتی داخڵبوونی سۆشیال میدیا داده‌گری، ده‌بێ بزانی كه هه‌ر وشه و ئه‌توار و بڕیار و وێنه و ئاكارێكت، كاریگه‌ریی داده‌نێت له‌سه‌ر بینه‌ر و بیسه‌ر و خوێنه‌ره‌كانت. هه‌روه‌ها تۆش به وێنه و وشه و ڤیدیۆكانی ئه‌وانی تر كاریگه‌ریی، ڕاسته‌وخۆ ئێمه لكاوین به تۆڕبه‌ندێكی پێكهوهئاڵاوی ئاڵۆز و خێرا، زانیاری وێنه‌یی و وشه‌یی وه‌رده‌گرین و ده‌به‌خشین، ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵێك به‌های باڵا ڕاماننهچڵهكێنێت ئه‌وا نازانین به‌ره‌و كوێ هه‌نگاو ده‌نێین و چیمان لێدێت و، چیمان له‌كۆتاییدا لێ دروست ده‌بێت. ده‌بین به كه‌سێكی تر به‌بێ ئه‌وه‌ی به‌خۆمان بزانین! له‌كۆتاییدا (مرۆڤ) خۆی بڕیارده‌دات ئه‌و پێوه‌ندییه چۆنه، بۆیه مرۆڤ پێویستى به دیدی (په‌روه‌رده)ی نوێ هه‌یه.
سه‌رنجێكی بچوك: هه‌وڵمدا خۆم له به‌كارهێنانی زۆر ده‌سته‌واژه‌ی ئینگلیزی بپارێزم، به‌ڵام زۆر سه‌ركه‌وتوو نه‌بووم، چونكه هه‌ستمكرد فه‌رهه‌نگی زمانه‌وانی ئێمه‌ی كورد له وه‌رگێڕان و چێكردنی زۆر وشه‌ی تازه له بواری ته‌كنه‌لۆژیادا كرچ و كاڵیی تێدایه، یان لانیكه‌م من به‌رچاوم نه‌كه‌وتووه، هیوادارم زمان‌ناسان بایه‌خی پتر به‌و بواره بده‌ن.
سه‌رچاوه‌كان
- Stollfuß, Sven. “Between television, web and social media: On social TV, About:Kate and participatory production in German Public Television”. Participations Journal. Volume 15, Issue 1 May 2018.
- Sethu, Sagee Geetha and Devika Ramachandran. “Limiting the Social Media’s Encroachment into a Person’s Right to Privacy”. 2021, Global Media Journal – Arabian Edition Volume 3, Issue 3 ISSN: 2707-6768.
- Serhan, D. (2020). “Transitioning from face-to-face to remote learning: Students’ attitudes and perceptions of using Zoom during COVID-19 pandemic”. International Journal of Technologyin Education and Science (IJTES), 4(4), 335-342.
- Khlaif ZN, Salha S. “Using TikTok in Education: A Form of Micro-learning or Nano-learning?”. Interdisciplinary Journal of Virtual Learning in Medical Sciences. 2021;12(3):213-218. doi: 10.30476/ ijvlms.2021.90211.1087.
- Debatin, Bernhard et al. “Facebook and Online Privacy: Attitudes, Behaviors, and Unintended Consequences”. Journal of Computer-Mediated Communication. doi:10.1111/j.1083-6101.2009.01494.x
- Dilon, Cell. “Tiktok Influences on Teenagers and Young Adults Students: The Common Usages of The Application Tiktok”. American Scientific Research Journal for Engineering, Technology, and Sciences (ASRJETS) ISSN (Print) 2313-4410, ISSN (Online) 2313-4402.
- Mazuryk, Tomasz and Michael Gervaut. “Virtual Reality History, Applications, Technology and Future”. Institute of Computer Graphics Vienna University of Technology, Austria.
– ئه‌م بابه‌ته له‌ژماره (35)گۆڤاری خاڵ بڵاوكراوه‌ته‌وه..
گۆڤاری خاڵ، گۆڤارێكی هزری ڕۆشنبیری وه‌رزییه، به‌سپۆنسه‌ری سه‌نته‌ری زه‌هاوی بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی فیكریی چاپ ده‌كرێت