گه‌شتی گه‌ڕان به‌شوێن (خود) دا كه‌ی به‌ڕاستی سه‌ربه‌ست ده‌بین؟
نووسینی: ئێلیزابیس سیتو
وه‌رگێڕانی: ڕێدار ئه‌حمه‌د
بانگه‌شه‌یه‌كی بڵاوه: “ڕه‌سه‌نانه بژی”، به‌ڵام ئه‌بێ واتای ڕاسته‌قینه‌ی ڕه‌سه‌نایه‌تی چی بێت؟ وه‌ك چه‌مكێكی ده‌روونی، واتا ساده‌كه‌ی ئه‌وه‌یه كرۆكی كه‌سایه‌تیت بپارێزیت و به‌گوێره‌ی به‌هاو بیروباوه‌ڕه‌كانت ڕه‌فتار بكه‌یت. زۆرێك له‌شرۆڤه‌كارانی ده‌روونناسی كۆمه‌ڵایه‌تی –له‌نێویشیاندا (ئێلیزابیس سیتو) نووسه‌ری ئه‌م بابه‌ته- میتۆدی كه‌سێكی ئاسایی له‌پێناسه‌كردنیدا به‌كار ده‌هێنن، به ده‌ربڕینێكی تر، ڕه‌سه‌نایه‌تی حوكمێكی خودییه، ئێمه خۆمان –به‌ته‌نها و كه‌سیتر نا- له‌كاتی ڕه‌فتارماندا د‌رك به‌وه ده‌كه‌ین كه به‌شێوه‌یه‌كی ڕه‌سه‌نه یان نا.
كه‌واته ئایا خه‌ڵكی به‌تێپه‌ڕبوونی كات خۆیان بڕیار به‌سه‌ر خۆیاندا ده‌ده‌ن كه زیاتر یان كه‌متر ڕه‌سه‌ن بن؟ وا بیرده‌كه‌مه‌وه كه‌خه‌ڵك له‌و باوه‌ڕه‌دان كه‌ئه‌وان له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونی كاتدا بوونه‌ته خودی راسته‌قینه‌ی خۆیان، له‌كۆتایی ڕێگاكه‌شدا زۆربه‌مان ده‌مانه‌وێت وا بیربكه‌ینه‌وه كه به شێوازێكی ئه‌رێنی گه‌شه ده‌كه‌ین و ده‌گۆڕێین. ده‌كرێت ئه‌و گوتاره به‌رده‌وامه‌ی كه‌هانده‌ره بۆ ئه‌وه‌ی “ڕاستگۆبین له‌گه‌ڵ خۆماندا” ئاماژه‌ده‌ر بێت به‌بوونی هێزێك كه‌ڕێگره له‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی ته‌واوه‌تی گوزارشت له‌حه‌قیقه‌تی خۆمان بكه‌ین، له‌وانه‌یه له‌گه‌ڵ چوونه ساڵه‌وه ئازادی زیاتر به‌خۆوه ببینین تا خۆمان بین، ئه‌مه‌ش ئازادییه‌كه تێیدا زاڵ ده‌بین به‌سه‌ر هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه‌ناچارمان ده‌كه‌ن كه‌له‌پشت ڕووكارێكه‌وه خۆمان بشارینه‌وه، ئه‌مه‌ش ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌مان بۆ ده‌ڕه‌خسێنێت كه خودی ڕاسته‌قینه‌ی خۆمان بین كه خۆمان زۆرتر‌و زیاتر تێیدا ببینین.
له‌گه‌ڵ ربیكا شلێگلی هاوڕێم له‌كۆتا توێژینه‌وه‌ماندا سه‌باره‌ت به تاقیكردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی ئایا خه‌ڵك له‌و باوه‌ڕه‌دان كه‌هه‌ستكردنیان به‌ڕه‌سه‌نایه‌تی به‌درێژایی ژیانیان ده‌گۆڕێت. له‌سۆنگه‌ی ئه‌و غه‌ریزه‌ی كه دۆزینه‌وه‌ی خودی ڕاسته‌قینه‌و گۆزارشت لێی ئامانجێكی باوه، به‌تێپه‌ڕبوونی كات پێشبینی به‌ره‌وپیشچوونی ئه‌رێنیانه‌ی ڕه‌سه‌نایه‌تی ده‌كه‌ین، خه‌ڵكی وا خۆیان ده‌بینن كه به‌تێپه‌ڕبوونی ته‌مه‌ن له‌خودی راسته‌قینه‌ی خۆیان نزیكتر ده‌بنه‌وه.
هه‌روه‌ها گۆڕانكاری له‌ڕه‌سانایه‌تیدا به‌شێوازی جیاواز ڕووده‌دات، یه‌كێكیان به‌ره‌وپێشچوونێكی هێڵی ساده‌یه له‌ڕه‌سه‌نایه‌تی، كه‌تێیدا خه‌ڵكی له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونی ڕۆژ و هه‌فته‌و مانگ و ساڵ و ده‌یه‌دا خۆیان وا ده‌بینن كه به‌شێوازێكی زیاتر واقعی بوونه‌ته خاوه‌ن خودی ڕاسته‌قینه‌ی خۆیان. ئه‌مه‌ش پشت به ویستی مرۆییمان بۆ به‌هێزكردنی خود ده‌به‌ستێت: ئاره‌زوویه‌كی به‌هێزو سروشتیمان هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌رێنی سه‌یری خۆمان بكه‌ین، له‌بری ئه‌وه، ده‌كرێت كه كه‌سه‌كان به‌ره‌وپێشچوونێكی ڕاسته‌قینه هه‌ست پێبكه‌ن و پاشان به‌قۆناغێكی سه‌قامگیریدا تێده‌په‌ڕن، ئه‌مه ئه‌وه‌یه كه‌توێژه‌ران به وه‌همی “كۆتایی مێژوو” ئاماژه‌یان پێداوه، كه خه‌ڵك له‌و باوه‌ڕه‌دان له‌ئێستادا به‌به‌راورد به‌ڕابردوو زیاتر ڕه‌سه‌نن و، له‌خاڵێكی دیاریكراویشدا به‌ڕاده‌یه‌كی كه‌متر له‌ئاینده‌دا ده‌گۆڕێن، چونكه ده‌گه‌نه قۆناغی لوتكه‌ی ڕاستگۆیی له‌گه‌ڵ خۆیان یان ئه‌وه‌ی ناونراوه “لوتكه‌ی ڕه‌سه‌نایه‌تی” له‌ژیانیاندا.
له‌لێكۆڵینه‌وه‌ی یه‌كه‌مماندا، داوا له به‌شداربووان كرا، كه له‌یه‌كێك له‌زانكۆ گه‌وره‌كان هه‌ڵبژێردرابوون، بیر له‌خودی ڕاسته‌قینه‌ی خۆیان بكه‌نه‌وه، ئه‌مه‌ش له‌ڕێگه‌ی به‌ستنه‌وه‌ی به‌سێ چه‌مكی خودی كاتی: خودی ڕابردوو (ئه‌وه‌ی له‌كاتی ده‌رچوونیان له‌دواناوه‌ندی له‌سه‌ری بوون)، خودی ئێستا (ئێستا ئه‌وان كێن)، خودی ئاینده (له‌كۆتایی وه‌رزی خوێندندا ئه‌وان ده‌بنه كێ). پاشان چه‌ند نواندنێكی وێنه‌یی بۆ هه‌ریه‌كه‌یان نمایشكرا، له‌هه‌شت جوت هێڵكاریی هونه‌ر پێكهاتبوو(1) كه بڕێكی زۆری به‌یه‌كداچوونی نێوان “خودی ڕاسته‌قینه”و چه‌مكه خودییه كاتیه‌كانی ده‌رده‌خست. له‌گه‌ڵ زیاتر به‌یه‌كداچوونی نێوان دوو بازنه‌كه، به هه‌مان شێوه هه‌ر چه‌مكێكی خودیی كاتی تێڕوانینی ڕاسته‌قینه‌ی تاكه‌كه بۆ خود له‌خۆ ده‌گرێت.
به‌شداربووان ئه‌وه‌یان خسته ڕوو كه له‌گه‌ڵ كه‌مبوونه‌وه‌ی به‌یه‌كداچوونی خودی ڕاسته‌قینه له‌گه‌ڵ خودی پێشوودا، به‌هه‌مان شێوه به‌یه‌كداچوونی خودی ئێستا‌و داهاتووی كه‌مده‌بێته‌وه. به‌ده‌ربڕینێكی تر خه‌ڵكی له‌و باوه‌ڕه‌دان كه‌ئه‌وان له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونی كاتدا زیاتر ڕه‌سه‌ن ده‌بن و له‌ئاینده‌شدا به‌رده‌وام ده‌بن له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی ئه‌وه، پێمان وایه كه‌ئه‌م كاره به‌شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت تێبینی كراوه، به‌وپێیه‌ی ئه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنه خودیانه له ماوه‌یه‌كی كورت له‌ژیانی تاكدا ئه‌نجام دراون (واته له ماوه‌ی پێنج تا شه‌ش مانگدا).
له‌لێكۆڵینه‌وه‌ی دووه‌مماندا، پشكنینمان ئه‌نجامدا تا بزانین تاكه‌كان به‌درێژایی هه‌موو ته‌مه‌ن هه‌ستی ڕه‌سه‌نایه‌تییان زیاد ده‌كات، هه‌ستاین به‌به‌كارهێنانی به‌شداربوونێك له كۆمپانیای (Amazon Mechanical Turk) له‌ته‌مه‌نه جیاوازه‌كان، داوامان لێ‌كردن وا بیر له‌ژیانیان بكه‌نه‌وه كه كتێبێكه یان ڕۆمانێكه و، چیرۆكی ژیانی خۆیان به‌چه‌ند قۆناغێك له‌چه‌ند به‌شێك وه‌ك ڕۆمانێ ڕێكبخه‌ن، دواتر پێوه‌ر و خه‌مڵاندنی خودی راسته‌قینه و ره‌سه‌نایه‌تیش بۆ هه‌ر به‌شێك له چیرۆكی ژیانیان زیاد بكه‌ن. پاش ئه‌م ئه‌ركه داوامان له به‌شداربووان كرد بیهێننه پێشچاوی خۆیان كه‌له‌ئاینده‌دا چیرۆكی ژیانیان به‌چ شێوه‌یه‌ك ده‌بێت: واته به‌شه‌كانی داهاتووی چیرۆكی ژیانیان، هه‌مان ئه‌و پێوه‌رانه‌ی خودی ڕاسته‌قینه‌و ڕه‌سه‌نایه‌تی –كه‌له‌ڕبردوودا به‌كاریان هێنابوو- بۆ به‌شه‌كانی داهاتووش جێبه‌جێیان كردبوو.
ده‌ركه‌وت كه كات په‌یوه‌سته به‌چه‌مكی گه‌وره‌تر له‌باره‌ی ڕه‌سه‌نایه‌تی، شێوه‌ی تێڕوانینی به‌شداربووان سروشتێكی دووجاره‌ی هه‌بوو، ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه‌تێڕوانینه‌كانی ڕه‌سه‌نایه‌تی به‌شێوه‌یه‌كی توند له‌به‌شه كه‌مه‌كانی پێش به‌شی ئێستادا زیادی كردوه‌و له‌میانی به‌شه كه‌مه‌كانی سه‌ره‌تای داهاتووشدا به‌رده‌وام بوو. هه‌رچه‌نده ئه‌م ئاراسته‌یه تا ڕاده‌یه‌ك پێشبینی نه‌كراو بوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا من گومان ده‌كه‌م كه‌ئه‌مه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ماوه‌یه‌كی دۆزینه‌وه‌ی خودیه كه “خه‌ڵك به‌شوێن خودیاندا ده‌گه‌ڕێن” و له‌وانه‌یه سه‌ركه‌وتوو بن له‌دۆزینه‌وه‌ی خودیاندا. له‌سه‌ر ڕێچكه‌ی ده‌رئه‌نجامه‌كانی یه‌كه‌م لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌نجامماندا، خه‌ڵك مه‌یلیان به‌لای ئه‌و بۆچوونه‌دایه كه به‌درێژایی ژیانیان له‌خودی ڕاسته‌قینه‌ی خۆیان نزیك ده‌بنه‌وه، ئه‌و به‌ڵگانه‌شی له‌هه‌ردوو لێكۆڵینه‌وه‌كه‌وه به‌ده‌ستهاتوون شرۆڤه‌ی به‌هێزكردنی خودی بۆ ڕه‌سه‌نایه‌تی وێناكراو به‌تێپه‌ڕبوونی كات ده‌كه‌ن.
له‌و ڕوانگه‌یه‌ی كه‌ڕه‌سه‌نایه‌تی حوكمێكی خودییه سه‌باره‌ت به‌ڕاده‌ی لێكچوونی ڕێكاره‌كانی ژیانی ڕۆژانه له‌گه‌ڵ به‌هاو بیروباوه‌ڕه‌كانی خودی ڕاسته‌قینه‌دا، ئه‌م توێژینه‌وانه ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن كه‌هه‌ستكردنمان به‌ڕه‌سه‌نایه‌تی به‌رده‌وام له‌گۆڕاندایه، به‌جۆرێك كه‌وه‌ك بوونه‌وه‌رانێكی چه‌قبه‌ستوو بیر له‌خۆمان ناكه‌ینه‌وه، له‌سه‌روی ئه‌مه‌شه‌وه تاكه‌كان پێشبینی ئه‌رێنیان هه‌یه كه‌ئه‌وان به‌رده‌وام له‌پێشكه‌وتندان ڕووه‌و ئه‌وه‌ی ببنه خودی ڕاسته‌قینه‌ی خۆیان، به‌هایه‌كی زۆریش بۆ ناسینی خۆیان (به‌راستی ئه‌وان كێن) داده‌نێن و گۆزارشت له‌وه به‌ڕاده‌یه‌كه كه‌له‌و باوه‌ڕه‌دان كه‌خودی ئاینده‌ییان شێوه‌یه‌كی زیاتر ڕه‌سه‌نتر ده‌بێت له‌خودی ئێستایان، خودی ئێستاشیان زیاتر ڕه‌سه‌نتره له‌خودی ڕابردوویان.
له‌كۆتاییدا گرنگه تێبینی ئه‌وه بكه‌ین كه‌نموونه‌ی وه‌رگیراوی لێكۆڵینه‌وه‌كه بریتی بوو له‌به‌شداربووانێك له‌ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا به‌س. له‌كاتێكدا كه‌ده‌كرێت وه‌ك چه‌مكێكی ده‌گمه‌نی ڕۆژئاوایی سه‌یری ڕه‌سه‌نایه‌تی بكه‌ین، به‌ڵام ئه‌و لێكۆڵینه‌وانه‌ی ڕابردوو ده‌ریخستووه كه‌ئه‌زموونكردنی حاڵه‌تی ڕه‌سه‌نایه‌تی (و نا ڕه‌سه‌نایه‌تی) له‌هه‌موو ڕۆشنبیرییه‌كانی ڕۆژئاوایی و ڕۆژهه‌ڵاتیدا به‌یه‌ك ده‌چن، ئه‌مه‌ش ئه‌و واتایه ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ئه‌و هه‌ستانه‌ی به‌ره‌وپێشچوون له‌ڕه‌سه‌نایه‌تی و كه‌ینونه‌دا به‌درێژایی مێژوو هه‌ستێكی جیهانی بووه.
له‌سه‌ده‌كانی داهاتووشدا ڕه‌سه‌نایه‌تی وه‌ك وشه‌یه‌كی زرنگاوه ده‌مێنێته‌وه خه‌ڵكی هه‌رگیز له‌ڕه‌واجپێدانی گرنگی ئه‌وه‌ی مرۆڤ ڕه‌سه‌ن بێت واز ناهێنن. تاكه گریمانه‌ی ڕوودانی ئه‌مه‌ش له‌وانه‌یه ئه‌وكاته بێت كه‌به‌خۆدا چوونه‌وه خودیه‌كانی كه‌ینونه‌مان (یان ڕاده‌ی ڕه‌سه‌نایه‌تی خودی خۆمان) ئه‌وه‌مان پێ ڕابگه‌یه‌نێت كه‌له‌كۆتاییدا ئێمه نزیكترین له‌تێڕوانینمان بۆ خودی خۆمان واته ئێمه خاوه‌ن ڕه‌سه‌نایه‌تین.
په‌راوێز:
(1)هێڵكاری فن: وێنه‌یه‌كه كه‌له‌بیردۆزه‌ی كۆمه‌ڵه‌كاندا به‌كار ده‌هێنرێت، به‌مه‌به‌ستی ڕوونكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه وه‌رزشیه‌كان یاخود لۆژیكییه‌كانی كۆمه‌ڵه شتێك یان كۆمه‌ڵه چه‌مكێك. ناونانه‌كه‌شی بۆ فه‌یله‌سوفی ئینگلیزی (جۆن فن) ده‌گه‌ڕێته‌وه.
وه‌رگێڕانی بۆ زمانی عه‌ره‌بی: ئالا‌ء ئه‌بو ڕه‌میله
ئه‌م ڕاپۆرته له (aeon)ه‌وه وه‌رگیراوه.