وتار

ڕەوتەكانی نوێبوونەوە لەفیكری ئیسلامی هاوچەرخدا

نووسینی: فەتحی حەسەن مەلكاوی*

پۆلێنكردنی ره‌وته‌كانی نوێبوونه‌وه‌ له‌ فیكری ئیسلامی

ره‌وته‌كانی نوێبوونه‌وه‌ له‌ فیكری ئیسلامی هاوچه‌رخدا بۆ سێ پۆلی سه‌ره‌كی پۆلێن دەكەین:

یه‌كه‌میان: ڕەوتێك هه‌وڵ ده‌دات له‌ناو بازنه‌ی ئیسلامییدا‌ نوێبوونەوە ئەنجام بدات.

دووه‌م: ڕەوتێك بە ڕوونی و ئاشکرا له‌ ده‌ره‌وه‌ ئەم بازنەیە دەیەوێت نوێبوونه‌وه‌ بكات.

سێیەم: ڕەوتێك بانگەشەی ئەوە دەكات كە دەیەوێت لە ناوەوەی بازنەی ئیسلامی نوێبوونەوە بكات، بەڵام لەواقیعدا هەوڵەكەی لەدەرەوەی بازنەكەوەیە.

ڕەنگە ئەم پۆلێنبەندییە سێ لایەنە بەس نەبێت بۆ تێگەیشتن لە ڕاستی پێوەری پۆلێنکردن (لە ناوەوە یان دەرەوەی دەقەکە)، وەک دواتر دەیبینین، بەڵام ئەمە ئیجتیهادەو ڕەنگە بۆ بەردەوامیدان بە بیرکردنەوە لە بابەتەکە سوودی هەبێت.

یەکەم: ڕەوتی یەکەم کە لە ناو بازنەی ئیسلامییەوە هەوڵی نوێبوونەوە دەدات، هەوڵێکە هیچ پاساوێک بۆ گومانکردن نییە لەوەی کە خاوەنەکانی ئەم ڕەوتە هەوڵ دەدەن پێگەیشتووانە بەرەو حەقیقەت بڕۆن، ئەمانە باوەڕیان بە چەسپاویی دەق هەیە كە ناوەڕۆکی دەقەكان  هێندە ڕێنوێنی لەخۆ گرتووە بەشی ئاراستەکردنی نوێبوونەوەی لە ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەددیاتە نوێكان دەكات، لەم ڕەوتەدا بەڕادەی جیاواز توندڕەوی و میانڕەوی دەبینرێت. گروپێکیان زۆر پارێزكار (محافظ)ەو مانای نوێبوونەوە زۆر تەنگ دەكاتەوە، بەڕادەیەك پراکتیکی ئایینی دەگەڕێنێتەوە بۆ هەندێ ئەزموونی مێژوویی دیاریكراو کە لەوانەیە ئایین و ئایینداری بەشداربوونی چالاکانە لە ژیانی جیهانی هاوچەرخدا لەدەست بدات. ئەم ڕەوتە هەوڵ دەدات دەست بە چەمكی سەلەفیەتەوە بگرێت و هەموو كاروبارەكانی ئایین ببەستێتەوە بەئەزموونی سێ سەدەی یەكەمەوە و كە باشترین سێ سەدە بووە، بەگوێرەی ئەم فەرموودەیەی كە (متفق علیە)ە: (خير القرون قرني، ثم الذين يلونهم، ثم الذي يلونهم…)، واتە: (باشترین سەدە ئەو سەدەیەیە منی تێدایە، پاشان سەدەی دوای من، دواتریش سەدەی پاش ئەوان…)، لایەنەکانی ئەم نوێبوونەوەیە لە ناوەوەیەو هەندێك گروپ پێی هەڵدەستن، وەك تەزكیەو پەروەردەی دەروونی و ڕۆحی و، کۆنترۆڵکردنی رەفتاری تاک و، هەندێک لایەنی تەصەوفی سوننەتی باش، وەک لایەنێکی دیاریكراو و تایبەتمەند لە نوێبوونەوە، كە لەگەڵ هەوڵەکانی نوێبوونەوە لە بوارەکانی دیکەدا تەواومەند دەبێت. بەشێک لەم هەوڵانەی نوێبوونەوە لەناوەوە مەقاصیدی دەقە ئایینییەکان وەک خاڵی دەستپێک بۆ تێگەیشتنێکی نوێبووەوە بەشێوەیەكی هەمیشەیی ئەم دەقانە وەردەگرن، بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی پرس و پێشهاتەکان ببنەوە.

ئەم ڕەوتە بەسەر چەند لایەنێكی هەمەچەشنی نوێبوونەوەدا دابەش دەبێت، لەوانە: شێوازی خستنەڕووی زانستە ئیسلامییەكانی فێركردنی فیقهو تەفسیرو عەقیدە و، ئیجتیهادكردن لەو ڕێگایانەی گونجاون بۆ دەرچوونی زانایانی شەرعزان و، زانایانی تەفسیر لەبری كورتهێنانی ئەو ڕێگایانە لەسەر دەرچوونی ئەوانەی باشتر مێژووی زانستەكان یاخود دووبارە فێركردنەوەی ئەو دەقانە بۆ كەسانی تر یان لەبەركردنی مەتنەكانی دەكەن. لەلایەنەكانی ئەم نوێبوونەوەیە گرنگیدان بە مەنهەجیبوونی بیركردنەوەی ئیسلامی هاوچەرخ، بە بیركردنەوەو وردبوونەوە و تێگەیشتنەوە…، لەگەڵ لەبەرچاوگرتنی توانای شیكردنەوەو ڕەخنە و هاوسەنگی و، بەدواداچوونی بەشەكییەكان و هەڵێنجاندنی هەمووەكی هەریەكەو لە سیاقی گونجاوی خۆیدا و، بەستنەوەی دەرئەنجامەكان بەهۆكارەكانییەوەو ، بەستنەوەی دەقەكان بە مەقاصیدەكانیانەوە و، تێگەیشتن لە سیاقە پەیوەندارەكانی دەقەكان و هۆكاری هاتنیان و ئەو مناسەبەی تێیدا هاتووە…، هەموو ئەوە لەپێناوی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو حاڵەتەی ئوممەتی ئیسلامی لەبوارە جیاوازەكاندا تێدایە، وەك هەوڵێ بۆ هەستانەوەو بەدیهێنانی ئاوادانكاریی بۆی.

بەشێكی تریان ئەوەیە هەندێك لە بانگخوازان و توێژەران و ڕاگەیاندكاران پێی هەڵدەستن بەشێوەی هۆشیاركردنەوە بەگوێرەی ئیسلام و مەبەستەكانی لە هەندێك بابەتی دیاریكراودا كەبەشێوەیەكی ڕاستكردنەوەی خراپ تێگەیشتن چارەسەری دەكەن، ئەو گومانانەی لەبارەیەوە وروژێنراوە ناهێڵێت، وەك بابەتی هاونیشتمانیبوون و، پێكەوەژیان لەگەڵ بەرانبەر و، كێشەی ئافرەت و، جنس و، میرات. بەڵام ئەم پێڕە هەوڵ دەدات لەهەموو ئیجتیهاد و نوێبوونەوەیەكدا دەقەكان فەرمانڕەوا بن و، سەرپێچی ئەوەی عەرەب لەتێگەیشتنی دەقەكاندا لەسەری بووە ناكات و، هیچ دەقێك لە بوار و سیاقی خۆی لەكار ناخات و، ملی دەق ناسوڕێنێ بۆ ئەوەی لەگەڵ واتای بەرژوەندییەكی نا مەشروعی تایبەت یاخود گشتیدا بیگونجێنێت و، دەق ناباتە ژێر باری واتایەكی دەرەكییەوە كە دەلالەتی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی دەقەكە ئەوە نەگەیەنێت.

دووەم: ڕەوتی دووەم كە قسە لەسەر “نوێبوونەوە لەئیسلامدا” لەدەرەوەی بازنەی ئیسلام بەشێوەیەكی ڕاشكاوانەی ڕاگەیەنراو دەكەن، ئەمانە لە چاوگەیەكەوە سەرچاوە دەگرن كە بە عیلمی بابەتی دەیبینن و، تێڕاوانینێكی مێژوویی گەشەكردن بۆ ئایین بەگشتی دەكەن، كە هەموو ئایینەكانی پێشوو نوێبوونەوە لە چەمكە بنەڕەتییەكانیدا كراوە، بۆ نموونە وەك ئەوەی لە چاكسازی ئایینی مەسیحیدا ئەنجامدرا، هەر ئەوەش دەرگای لەبەردەم هەستانەوەی ئەوروپیدا كردەوە و، بانگەشەی ئەوە دەكەن موسڵمانان ئاوەها لە دواكەوتووی شارستانیدا دەمێننەوە ئەگەر ئایینەكەیان لەسەر شێوازی ئەوروپی نوێ نەكەنەوە، كاتێ سەرنج دەدەین دەبینین ئەم ڕەوتەش سێ پێری لەخۆ گرتووە:

پێری یەكەمیان زانا و توێژەران  دەبینین كە لە تێڕوانینێكی ئایینی دیاریكراوەوە سەرچاوە ناگرن، بەڵكو ئەوەی ناویان لێناوە مەنهەجی عیلمی و بەکارهێنانەکانی لە شیكاری مێژووییدا پراکتیزە دەکەن و دیاردەکان بەو شتانەوە دەبەستنەوە کە وەک هۆکاری خۆیان دەیبینن، دواتر پێشبینی ئەو حاڵەی لەوانەیە لە ژێر رۆشنایی ئەوەی پێی دەگەن بێتە ئاراوە.

لە پێڕی دووەمدا توێژەران و شارەزایانی کاروباری سیاسی و میدیایی دەبینین کە خزمەت بە ئاڕاستە سیاسییەکانی ناوەندەکانی دەسەڵاتی جیهانی دەکەن، بەرژەوەندییەکانیان لە وڵاتانی ئیسلامیدا وا لێدەكەن بەڕەوا سەیر بكرێت، ئەوەی بە ئەزموون و ڕاسپاردە بۆ نوێبوونەوە لە ئیسلامدا دەیبینن بەجۆرێك دەخەنە ڕوو کە بەڕەنگاربوونەوەی بەرژەوەندییەكانی  بیانییەکانی تێدا نەبێت، هەروەها ڕەتکردنەوەی هەژموونی فیكری و پراکتیکی بیانی لەخۆ نەگرتبێت.

سەبارەت بە پێڕی سێیەم، ئەم پێڕەیان ئەو کەسایەتییانە لەخۆ دەگرێت بەڕاشكاوی ئاراستەیەكی عەلمانیی، یان نائایینان هەیە، یاخود ئایین ڕەتدەکەنەوە. لەوانەیە ئەم کەسایەتیانە سەربەخۆ بن یان لەناو پارتە سیاسییە ناوخۆییەکان، یاخود دامەزراوەی توێژینەوەی حکومی یان ناحکومیدا بن، ئەمانە نکۆڵی لەوە ناکەن کە بە تەواوی ئایین تێدەپەڕێنن. هەڵوێستە ڕاگەیەندراوەكانی ئەمانە بریتییە لەوەی پێویستە قسە لەسەركردن و نوێبوونەوە و پێشکەوتن لە دەرەوەی مەرجەعییەتی ئایینی ئەنجام بدرێت.

چونكه‌ ئه‌م مەرجەعیەتە‌، لە تێگەیشتنیاندا دژه‌یه‌كییەكی مێژوویی و هه‌میشه‌یی بۆ هه‌موو پێشكه‌وتن و نوێبوونه‌وەیەكی شارستانیی هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا ئه‌م پێڕە‌ هیچ‌ رێگرییەكی له‌ ئایینداریی كه‌سیی (التدین الشخصي) نییە كه‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌ ژیان و یاسادانانی سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانییه‌وه‌ نییه‌، بەبڕوای ئەوان خه‌ڵكی له‌م بوارانەدا‌ بۆ كاروباره‌ دونیاییه‌كانیان خۆیان زیاتر شارەزاییان هه‌یه‌.

سێیەم: سەبارەت بە ڕەوتی سێیەم، کە خۆیان لە ناو بازنەی ئیسلامییدا دەبینن كاتێ باس لە نوێبوونەوە دەکەن، لەگەڵ ئەوەی چوارچێوەیەكی  مەعریفی عەلمانی و، چەمکگەلێک بەكار دەبەن  کە شێوە و سیمای ئیسلامییان تێدا نییە و، مەنهەجی شیکاری وایان هەیە بەرامبەر بە دیاردەی ئایینی بە گشتی شەڕانگێزە، سەرەڕای ئەوەش دێن دروشمی پاراستنی ڕۆح و مەبەستەکانی ئیسلام بەرز دەکەنەوە و، لەوەدا ئیجتیهاد دەكەن و، هەندێكجار ڕاست دەكەن  و گەلێجاریش هەڵەن،  تەنانەت ئەگەر ڕاستیش بن، دەرئەنجامی گشتییان و سروشتی ئاراستەکردنیان وایان لێدەکات لە دەرەوەی بازنەی ئیسلامییەوە نوێگەر بن. لەوانەیە لەم ڕەوتەدا چەند پێڕێك هەبێت، لێرەدا ئێمە تەنها سێیان باس دەکەین:

پێڕی یەکەم دەقەکانی ئیسلام لە چەمکی كەلەپوور (تراث) دەباتە دەرەوە و، لە ئەگەری گۆڕانکاری تێیاندا دایدەڕنێت، بەڵام ئەم دەقانە دەتوانرێت نووێبوونەوە لە تێگەیشتنیان بكرێت و ئەمەش  هیچ جێگەی ناڕەزایی نییە، بەڵام ئەوانە مەبەستی خۆیان هەیە، دەیانەوێت لە ژێر ناوی نوێکردنەوەدا ڕەواجی پێبدەن، بۆیە ئەو مانایە بە دەقەكە دەدەن کە دەیانەوێت پێی بگەن، بەم شێوەیە مانایەك دەبێت کە لە دەرەوەی دەقەکە هەیانە نەک لەناوەوەی دەقەكە.

پێڕی دووەمی ئەم ڕەوتە دەقەکان لە چەمکی كەلەپوور (تراث) دەباتە دەرەوە و وەک پێڕی یەکەم دەق لە توانای گۆڕانكاریی دادەڕنێت، بەڵام دەقەکان لای ئەم کەسانە بۆ کات و شوێنی خۆیان بە گونجاو دادەنرێن و، بۆ ئەو پێداویستی و هەلومەرجەی کە لە پێناو مامەڵەکردن لەگەڵیدا هاتبوون شیاوە. لەگەڵ گۆڕانی زەمان و شوێن و گۆڕانی هەلومەرج و پێداویستییەكاندا، پێویستی بە دەقی نوێ دەردەكەوێت و هیچ ڕێگەیەك بۆ مرۆڤ نامێنێتەوە جگە لەوەی  بە پێی پەرەسەندنی ئەزموون و حیكمەتی خۆی و ئەو زانستەی كە خودا پێی بەخشیووە داهێنانی تێدا بكات! هەر بۆیە دەقەکانی پێشوو وەک خۆیان دەمێننەوە و سەرچاوەن بۆ بەها مێژووییەكان (القیم التأریخیة) و تێركردنی ڕۆحی و ویژدانی.

پێڕی سێهەمی ئەم ڕەوتە دەقەکانی ئیسلام لە قورئان و سوننەت دەکاتە بەشێک لە كەلەپووری مرۆڤایەتی؛ چونکە ئەوە مرۆڤەکانن کە نووسیویانەتەوە و تۆماریان كردووە، تەنانەت ئەگەر سەرچاوەکەشی وەحییەکی خودایی بووبێت، بەڵام مرۆڤەکان لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر گوازتوویانەتەوە، بۆیە وەک هەر کارێکی مرۆڤ تووشیی کەموکوڕی و گۆڕانکاری یان شێواندن بە بێ مەبەست یان بە مەبەست بووەتەوە، لەبەر ئەوە وەک هەر بەرهەمێكی تری كەلەپووری مرۆیی پێویستە ڕەخنە و شیکاری بۆ ئەم دەقانە بکرێت و نوێ بکرێتەوە،  هەر شتێکی نوێ کە پێی بگەن لە بازنەی ئیسلام بەدەر نییە، کە بۆ نوێبوونەوە و مۆدێرنکردن و گەشەکردن داوای پەیڕەوكردنی دەکەن.

ئەم سێ ڕەوتەی بانگەشەكارانی نوێبوونەوە بەجیاوازی مەبەست و مەنهەج و پێشینەی فیكری نێوانیانەوە خۆیان وا دەبینن لەنێو بازنەی ئیسلامدان و، ئەوان وەك ئایین یان ڕۆشنبیریی و شارستانییەت موسڵمانن و، بۆ چوونە نێو پرۆسەی گۆڕانكاریی و گۆرین و سڕینەوەو زیاد كردن لەو زاراوەیەی نوێبوونەوەوە سەرچاوە دەگرن كە لەسووننەتی پیغەمبەردا هاتووە، لەگەڵ بوونی پلەی جیاواز لە زیادەڕۆیی و میانڕەوی، بۆ گونجان لەگەڵ ئەو ئاڕاستانەی چەمكەكانی ئیسلام -بەبۆچوونی ئێمە- لەبوار و سیاقی خۆی دەردەكات، بۆ ئەوەی بگەنە دەرئەنجام یان ئەو هەڵوێستانەی  كە پێشتر خۆیان بڕیاریان لەسەر داوە و، بەدەر نییە لەبوونی هەواو و ئارەزوو، یان كەمكردنەوە لە ئیعتیباری ئایین و ئایینداری، یاخود لەباشترین حاڵەتدا لە ئیجتیهادی هەڵە بەدەر نا بن، با ئەوان بانگەشەی غیرەتیان بەرانبەر ئایینەكەیان و ئوممەتەكەشیان بكەن.

پێم وایە قسەكردن لەسەر ئەم ڕەوتانە بە هەر سێ پێڕەكەیانەوە ئاڵۆزە و زیاتر هەڵدەگرێت و، گرنگی و بایەخی ئەوەندەیە شایەنی نووسین و گفتوگۆی تایبەتمەندە.

خوێنەر تیبینی ئەوە دەكات ئێمە نموونەمان بۆ ئەم پێڕە جیاوازانە نەهێنایەوە، ناوی هیچ كەسایەتی یان بزووتنەوە یان دامەزراوەمان نەهێنا، چونكە ناوهێنان بیركردنەوە بەرەو هۆشداریدان لەبارەیانەوە یان ئیدانەكردنیان دەبات، ئێمەش مەبەستێكی لەوجۆرەمان نییە. بەڵام خوێنەر خۆی دەتوانێت لە تێگەیشتنی ئەو دەووروبەرەی تێیدا دەژی مەشقێك بەخۆی بكات،  كە لەوانەیە بەسوود بێت بۆی و ڕۆشنبیری خۆی بۆ ئەم تێگەیشتنە تاقی بكاتەوە و، خۆی هەر كەسێك لەو كەسایەتییانە یان بزووتنەوانە یان دامەزراوانە بخاتە نێو یەكێك لەو پێڕانەوە، هەروەها دەكرێت ئەو مەشقە لەوانەیە بیركردنەوە لە پێڕی دیكەش لەخۆی بگریت كە لەوانەیە -بەبۆچوونی خۆی- نزیكتر بێت لەحەقیقەتەوە لەو بابەتەدا.

داوا لەخوێنەران دەكەین بیر لەو شتانە بكەنەوە كە دەیخوێننەوە و كارلێك لەگەڵ كرۆكی بابەتەكاندا بكەن، هاوشێوەی ئەم نموونەیە، بەویستی خوای گەورە ئەوەش یەكێك دەبێت لە ڕێگەكانی خوێندنەوەی بەسوود.

تێبینی: ئەم بابەتە پوختەی بابەتیك درێژە كە نووسەر لەمبارەیەوە نووسیوویەتی و، ئەم پوختەیەی لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆری كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاوكردووەتەوە.

  • بەڕێوەبەری هەرێمی پەیمانگای جیهانی فیكری ئیسلامییە.

 

ڕێدار ئەحمەد

ڕێدار ڕەئوف ئەحمەد لەدایکبووی 1974 هەڵەبجە، بەکالۆریۆس لەیاسا 2012، ماستەر لەیاسای ئیسلامی 2017، خاوەنی بیست و سێ کتێبی چاپکراوە لەبواری وەرگێڕاندا.

ڕێدار ئەحمەد

ڕێدار ڕەئوف ئەحمەد لەدایکبووی 1974 هەڵەبجە، بەکالۆریۆس لەیاسا 2012، ماستەر لەیاسای ئیسلامی 2017، خاوەنی بیست و سێ کتێبی چاپکراوە لەبواری وەرگێڕاندا.

بابەتەكانی نوسەر

Leave a Reply