وتار

کاریگەری پێشكەوتنی بواری پزیشكی هاوچەرخ لەسەر بیرکردنەوەی فیقهیی

نووسینی: موعتەز ئەلخەتیب*

 

لەسەرچاوە ئیسلامییە كۆنەكاندا بەرواردی زۆر هەیە لەنێوان پزیشكی و فیقهدا، یاخود لەنێوان پزیشك و فەقیهدا، هەتا وتوویانە “پێغەمبەران پزیشكی دڵەكان و ئایینەكانن” و، “خوای گەورە پزیشكی هەرە مەزنە”. ڕوكاری بەراورد لێرەدا ئەوەیە پزیشك بەرژەوەندی جەستەی دەوێت و پشكنین بۆ تەندروستی و دووربوونی لە نەخۆشینەكان دەكات، لەكاتێكدا شەرعزان (فیقهـ) بەرژەوەندی ئایینی مرۆڤی دەوێت، دیارە تێكەڵبوون لەنێوان ئەم دووبوارەدا هەر ڕوودەدات و چارە نییە، بەتایبەت كە جەستەی مرۆڤ كەرەستەی ئەنجامدانی پەرستش و ئەركەكان هەموویەتی و، دابڕان لەنێوان جەستەو نەفسدا نییە.

ئەگەرچی جۆرێك لە ڕوونی مێژوویی لەنێوان كاری هەریەك لەپزیشك و شەرعزان (فەقیهـ) و سنووری هەریەكەیان و ئەوەی دەكەوێتە ئەو سنوورەوە و ئەوەی ناكەوێتە ناوی هەبێت، ئەحكامەكانی فیقهو ئەحكامەكانی پزیشكیی لەسەردەمی نوێدا بەو ڕوونی و جیاییە نەماوەتەوە، بەتایبەت لەگەڵ گەشەسەندنی بواری پزیشكی و فراوانبوونی ڕووبەری چالاكییەكانی، ئەمەش كارێكە ئاریشەی زۆری لەسەر ئاستی دووبارە پێناسەكردنەوەی ئەركی پزیشكی و سنووری كاركردنی هێنایە ئارا، دواتریش دەسەڵاتی پزیشك بەراورد بە شەرعزان لەلایەك و، لەلایەكی تریشەوە ئیجتیهادی فیقهی جوڵاند بەمەبەستی كارلێك لەگەڵ بەرهەمەكانی پزیشكی مۆدێرن بكات و هەڵسەنگاندنیشیان بۆ بدۆزێتەوە.

ئەم بابەتە باس لەو کاریگەرییانە دەکات کە پەرەسەندنی زانستی پزیشکی لەسەر بیرکردنەوەی فیقهی دروستی کردووە و، چۆن ئەمە بووەتە هۆی دوورکەوتنەوە لە شێوازی فیقهی تەقلیدی (کە سروشتێکی بەشەکییان هەیە) بۆ گۆڕانکاری لە شێوازی بیرکردنەوە و، لە چەمکە سەرەکییەکاندا، پاشان لە دەسەڵاتی زانستیدا هەتا گەیشتە ئاستێك لە هەندێک کاتدا دەبووە موفتی بەشداربوو، چۆن ئەم گەشەسەندنانە بوونە هۆی تێپەڕاندنی هەندێک لە حوکم و هەڵوێستە ئایینییە کلاسیکییەکان.

تاوتوێکردنی پرسە پزیشکییەکان لە تێڕوانینی ئیسلامیدا بۆ دوو بواری سەرەکی دەگەڕێتەوە. ئەوەی پێی دەوترێت پزیشکی گوازراوە و، زانستی فیقهی.

مەبەست لە پزیشکی گوازراوە (الطب المنقول) ئەو فەرموودانەی پێغەمبەرە (درودی خوای لەسەر بێت) کە لە بابەتی پزیشکیدا ئاماژەیان پێکراوە و، لەنێو كتێبەكانی فەرموودەدا دەیانبینین، وەک سەحیحی بوخاری و موسلیم، پاشان لە سەدەی چوارەمی کۆچیدا گۆڕاوە بۆ شێوەیەكی جودا لە شێوازەكانی نووسینی مۆدێرن لە ژێر ناوی (الطب النبوي)، ئەمیش پزیشكییەكە کە فەرموودەی لەبارەی چارەسەر و دەرمان و خۆپاراستن و ڕوقیە و هاوشێوەکانی لەخۆ گرتووە.

بە بوونی ئەم فەرموودە گێڕدراوانە، زانایان بە پێویستیان نەزانی دان بەوەدا بنێن کە “زۆربەی بواری پزیشكی بەهۆی ئەزموونەوەیە”، هەروەک فەرموودەناس ئیبن حەجەر (وەفاتی 852ك) وتوویەتی،  بگرە هەندێكیان بۆچوونیان وابووە (پزیشكی گوازراوە  لەشەرعیاتەكاندا لەم جۆرەیە (واتە تاقیکارییە) و، لە هیچ شتێکیدا لە وەحییەوە نییە، بەڵکو لای عەرەبەکان كارێكی ئاسایی بووە” هەروەک ئیبن خەلدون (وەفاتی ٨٠٨ ک) وتوویەتی. ئەمەش دوو شت ڕوون دەكاتەوە؛ ئەو فەرموودانەی کە بابەتیان پزیشکییە، زۆر سنووردارە و ناگاتە ئەو ڕادەیەی کە بتوانرێت پێی بوترێت پزیشکی پێغەمبەرانە “الطب النبوي”،  لەگەڵ ئەوەشدا  ئەمە لە دەرەوەی ئەرکەکانی پێغەمبەرایەتییە و سەرچاوەکەشیان عەقڵیەتێکی ئەزموونییە.

بەڵام زانستی فیقهـ، زۆر بەكەمی بابێك لە بابەكانی هەیە پەیوەست نەبێت بە بواری پزیشکی، چونکە زۆرێک لە لقەکانی فیقهـ دەربارەی  ئەو چەمکە شەرعیانەیە كە لە ئێستادا پەیوەستن  بە بواری پزیشکییەوە، وەک سەرەتای ژیان و، کۆتایی ژیان و،  نیشانەکانی مردن و، نەخۆشی و نەخۆش و، ناتەوایی جەستەیی و، ڕەچەڵەک و،

حوكمەكانی چارەسەركردن و دەرمان و… هتد.

بەڵام بەو پێیەی زانستی شەرعزانان لەسەر بنەمای ڕێکخستنی لقەکانی فیقهە بەپێی ئەو بابانەی کە لە کتێبەکانی فیقهدا ناسراون (فیقهی پاکی، نوێژ، پرسە و، …)، یەک بابمان تایبەت بە پرسە پزیشکییەکان نەدۆزیەوە؛ چونكه‌ پزیشكی یه‌كێك نییه‌ له‌و بابه‌تانه‌ی كه‌ كاره‌كانی فیقهـ و زاراوه‌ شەرعییەكانی له‌سه‌ریان كار بكات، به‌ڵكو پرسه‌ پزیشكییه‌كان لەنێو بابەكانی فیقهدا  به‌پێی بابەتە پەیوەندارەكان دێت.

ڕێسای پەیڕەوكراو لای شەرعزانان ئەوەیە کە ئەگەر لقێكی فیقهی دەروازەی لە دوو لە بابەکانی فیقهدا هەبوو، ئەوا لە نزیکترین باب و لەپێشترینیاندا باسی ئەحكامەكانیان كردووە بە پێی ئەو ڕێزبەندییەی کە لەناو هەر مەزهەبێکدا پەیڕەو دەکرێت، پاشان ئەو پرسانەی کە پەیوەندییان بە پزیشکییەوە هەیە بەسەر بەشە جیاوازەکانی فیقهدا دابەشکراوە بەڵام هەڵاوێرد -ئیستسنا-ش  بەشێوەیەكی سنووردار هەیە، وەک دەبینین – بۆ نموونە – لە کتێبی “أحكام المرضی” کە تێیدا ئیبن تاج الدین حەنەفی (وەفاتی 1060 ک) بەمەبەستی ئاسانکاری بۆ خوێندکارەکانی بابەت و لقەکانی فیقهی تایبەت بە نەخۆشەکانی جیا كردووەتەوە، بەهۆی  ئەو ماندووبوون و ناڕەحەتییەی لە كاتی گەڕان بەنێو کتێبەکانی فیقهدا تووشیان دەبوو، ئەمەش رێبازێکە لەدواتردا هات.

ئەم حوکمە فیقهییانە – بە گشتی- مامەڵەیان لەگەڵ لایەنەکانی پەیوەست بە بابەتی پزیشکی دەکرد (کە جەستەی مرۆڤە) نەک بە ئەرکەکەی (کە چارەسەرە)، لێرەدا تێكەڵبوون لە نێوان ئەو دوو بوارەدا ڕوویدا، فیقهـ لەو بابەتانەی كۆڵیەوە پەیوەنددار بوو بە لەبەرچاوگرتنی تەندروستی و، نەخۆشی و، مردن و، ژیان و، زیان و، ناتەواوی و، سروشتی دەرمان و سەرچاوەكەی، هەموو ئەمانە بە پێی ڕوانگەی فیقهی و بە گوێرەی تێڕوانینی شەرعی نەک پزیشکی. ئەم پرسانە – لە ڕووی مێژووییەوە – لە دەرەوەی سنووری ئەرکی پزیشکی بوون، کە لە ڕابردوودا لەبارەیەوە دەوترا “پاراستنی تەندروستی مرۆڤ و دوورخستنەوەی نەخۆشی لێی”، لەبەرانبەردا ئەرکی فیقهی بریتییە لە پاراستنی تەندروستی ئایین و لەبەرچاوگرتنی ڕەفتارەکانی مرۆڤە لە لە ڕەوشە جیاوازەكانی ساغی و نەخۆشی، هێز و لاوازی، بەپێی ویستی خوای گەورە.

بواری پزیشکی لە سەردەمی کلاسیکدا خاوەنی سروشتی تەکنیکی یان وەسفکەری بوو، ئەو ناو و وەسفانەی دیاری دەکرد کە حوکمە شەرعییەکان لەبارەیەوە بوون (كام کەرەستەیە دەکوژێت و كامەیان ناکوژێت و، سروشتی نەخۆشی و ئەو سەختییەی بە شێوەیەکی نەرێنی کاریگەری لەسەر سەلامەتی تەندروستی دەبێت، …). لێرەوە پزیشک هیچ بەشدارییەکی لە دروستكردنی حوكمەكان و مانا شەرعییەکاندا نەبوو، بۆ نموونە وەک سەلماندنی یان نكوڵیكردنی ڕەچەڵەک، چونکە پرسێکی بایۆلۆژی نییە، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ​​لقەکانی فیقهـ مانای شەرعییان هەبوو (پاکی، تاوان، سنوور، ڕەچەڵەک، خۆراکە موباحەکان،…)، ئەزموونی پزیشک ڕۆڵی هەبوو لە دیاریکردنی ناو و وەسفە بایۆلۆژییەکانی دەستنیشانکردنی تەندروستی و نەخۆشی، لە کاتێکدا مردن و ژیان و نیشانەکانیان بۆ نموونە مانا و ناوێکی شەرعیین لە ڕووی مێژووییەوە بۆ لای پزیشك نەنێردراون.

بەڵکو بڕیاردان لەسەر کەسێک كە شێتە بۆ ئەوەی ئەركباری (تكلیف) لەسەر نەمێنێت پرسێکی پزیشکی نەبوو، هەروەک مایکل دبلیو دۆڵز (Michael W. Dols) لە توێژینەوە گرنگەکەیدا ڕوونی کردوەتەوە؛ چونكە لە شارستانییەتی ئیسلامییدا حوکمدان بە شێتی كەسێك پرسێکی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی بوو. لێرەوە هەموو فەقیهێک بە پشت بەستن بە بنەماکانی مەزهەبەکەی و هەڵێنجانی بەڵگەكانی لە دەق و زانیارییە پزیشکییەكانی كە لەبەردەستیدا بوو لەوەی  هیچ دەقێكی لەسەر نەبوو، بڕیاری لەسەر پرسەکانی پێشوو و ئەوانی دیکەش دەدا، پاشان حوکمی شەرعی گونجاوی لەسەر دەدا و، ناکۆکی لەسەر هەندێک لەو دەرمانانەی کە لە فەرموودەکانی پێغەمبەردا باسکراون دەهاتە ئارا، ئایا لەلایەن ئەوەوە وەک پێغەمبەر دەرچووە كە وەحی بۆ دێت (لە ئایینەوەیە) یاخود لەسەر بنەمای ئەزموون و تاقیكردنەوەی كەسییە (كاروبارە ئاساییەکانە)؟ بەڵام لەسەر ئەو دەرمان و نەخۆشییانەی کە دەقیان لەسەر نییە، ناكۆكییان نەبوو؛ چونکە وایان دادەنا کە بابەتێكی پزیشکییە و لەسەر بنەمای ئەزموون دامەزراوە.

لە سەدەی هەشتەمی کۆچیدا گفتوگۆی فیقهی پزیشکی ڕەخنەگرانەمان لە دوو لایەنەوە دۆزیەوە:

یەکەمیان: بەباشزانی (المفاضلة) لە نێوان مەنهەجی زانستی ئەزموونگەری و حاكمیەتیی وەحیدا، بۆ نموونە وەک ئەوەی ئیبن قەیمی جەوزی (وەفاتی ٧٥١ی ک) کردی.

دووەمیان: زەروورەتی سەرقاڵبوونی موسوڵمانان بە بواری پزیشکییەوە؛  بە زانین و ئەزموونكردن و دینەوە و، پشت نەبەستن بە زانستی کەسانی تری شوێنكەوەتەی ئایینەکانی دی، وەک ئیبن حاجی مالیکی (وەفاتی ٧٣٧ ک) ئەنجامیدا.

ئیبن قەیمی جەوزی ڕەخنەی لە میتۆدی ئەبیقرات و ئەو پزیشکانە گرت كە وەك ئەو بوون لە دەستنیشانکردنی قۆناغەکانی گەشەکردنی کۆرپەلەدا و، و بەراوردیكرد لەگەڵ میتۆدی فیقهی كە لەسەر بنەمای وەحی دامەزراوە، زانستی پزیشكی -بە بۆچوونی ئەو- لەسەر كاروباری سروشتی دامەزراوە كە حەق و ناڕەوای تێدایە، بابەتی ماتماتیكین كە كەڵكیان كەمە و كاروباری ڕووكارین كە ناڕەوایان زۆر زیاترە لەڕەوایان، لە هەموو ئەمانەدا پشتیان بە هەمووەكی (كلیات)ەكان و پێوانەکردن و، توێكاری و دەرهێنانی نادیار كە تەواو لێی دڵنیا نەبوون دەبەست و، زانیارییەکانیان ئەزموونگەری نەبوون کە لە سەرەتای پیتاندنەوە تا کۆتایی دووگیانی تایبەت بێت بەحاڵەتێكی دیاریكراو بەشوێنیدا بڕوات.

ئیبن حاجیش لە کتێبی (المدخل)دا چەند بابەتێکی تەرخان کردووە بۆ قسەکردن لەسەر فیتنەی پزیشکی بێباوەڕ و پزیشكی جەستە و سیحر و چارەسەر بە قورئان و هەندێک دەرمان و… ئادابی پزیشک، بەڵام ئەم باسكردنە نا ئاساییە لە كتێبێكی فەتوادا لەمیانی مەبەستێكی دیاریكراوی هەموو كتێبەكەدا هاتووە، ئەویش فێركردنی مرۆڤە كە چۆن هەڵسوکەوت بکات “لە نیەت و عیبادەت و زانست و هۆکارەکەیدا” واتە بژێوی ژیانی، لەسەر بنەمای ئەم مەبەستە ئیبن حاج تایبەتمەند بووە بە ڕەخنەگرتن لە چارەسەركردن لەلای پزیشك و چارەسەركەرانی چاو كە بێباوەربوون و چارەسەری موسڵمانانی دەكرد و ئەوە لەسەردەمی ئەودا باو بووە، چونكە -بە بۆچوونی ئەو- ئامۆژگاری و چاكەیان لێ چاوەڕوان ناكرێت، چونكە مەترسی ئەوەیان هەیە زیانی بگەیەنن، هەروەها لەبەر ئەوەی ئەمە یارمەتیان دەدات لە سەر کافربوون و هەستكردن بە شکۆمەندی پێگەیان بمێننەوە و، بەهۆی ئەوەش لە ئاست ئافرەتانی موسڵمان جێی متمانە نین، لەبەر ئەوە جەختی لەوە کردوەتەوە کە موسڵمان لەسەری پێویستە “ئاگاداری خۆی بێت بە پشت بەستن بە زانینی خۆی و ئایین و ئەزموونی بۆ كاروبارەكان” تا بە دڵسۆزییەوە ئەندامە دەرەکییەکانی بە پەرستن و گوێڕایەڵیی بپارێزێت و، ئەندامە ناوەکییەکانی بە دروستی بیروباوەڕ و دڵسۆزی بۆ خودا پارێزراو بكات، بەڵكو بەڕاستی ئەو بینیویەتی کە هەردوو زانستی ئایینەکان و زانستی مرۆڤناسی “ئەگەر نیەت تێیدا پاک بێت، ئەوا یەکێکە لە گەورەترین پەرستشەکان.”

بەڵام لەگەڵ چوونە نێو سەردەمی مۆدێرن و، ئەو پێشكەوتنە زۆرانەی لە بواری زانستەکان و بەتایبەتیش زانستی پزیشکیدا هاتنە ئارا، زۆر کارەسات یان ڕووداو ڕوویاندا کە لای شەرعناسانی پێشوو ئاشنا نەبوون و، شەرعناسانی هاوچەرخیش لە كتێبی مەزهەبەكاندا حوكمێكیان بۆیان نەدۆزیەوە تا لەسەری جێبەجێ بكەن، بەڵكو لە ڕاستیدا بە زەحمەت دەتوانین لە فەتوا ناسراوەكانی پێش سەردەمی مۆدێرندا شتێکی وەک ئەوە بدۆزینەوە، چونکە بابەتەکانی سەردەمی نوێ بەرهەمی دوو گۆڕانکاری گەورە بوون:

یەکەمیان: پەیوەندی بە پێشکەوتنەکانی خودی زانستی پزیشکی و فراوانبوونی ئەرکەکەی و سنوورەکانییەوە هەیە.

دووەمیان: پەیوەندی بە فیقهی هاوچەرخ و لێهاتووییەکانی و ڕۆڵی لە سەردەمی هاوچەرخدا هەیە.

لێرەوە هەندێك لەزانایانی هاوچەرخ، وەك یوسف قەڕەزاوی و وەهبە زوحەیلی (ڕەحمەتی خوای لێ بێت) هەستیان بەو گۆڕانە كردو باسیان  لە “دوو بوار لەبوارەكان كرد كە گۆڕانی گەورە تێیاندا ڕویانداوە و ئەوەی پێشتر باو بووە بەتەواوەتی هەڵگێڕدراوەتەوە و، زۆر پێویستمان بە ئیجتیهاد هەبوو”، ئەو دوو بوارەش ئابووری و پزیشكییە.

لە سەردەمی نوێدا سروشتی زانستی پزیشکی گۆڕاوە، پاشان سنوورەکانی پراکتیک و کارایی و بوارەكانی فراوانتر بووە، بواری پزیشکی چیتر بە مانا کۆنەکە نەمایەوە كە تەنها لە دەوری “تەندروستی و نەخۆشی” بخولێتەوە، بەڵکو بابەتەکەی گۆڕاوە بۆ “باشترکردنی ئاستی ژیان” و، کۆنترۆڵکردنی و زاڵبوون بەسەریدا و، دووبارە داڕشتنەوەی ئەندازیاریی بۆماوەیی (الهندسة الوراثیة) بەپێی ئەو مەرجە نوێیانەی ڕەوشی نوێگەری سەپاندبوونی و ستاندارد و فەلسەفەی سەبارەت بە مرۆڤ و ژیان.

ئەمەش بووەتە هۆی دووبارە بنیاتنانەوەی چەمکی نوێ بۆ نەخۆشی و تەندروستی و، ملکەچكردنی تێڕوانینە فیقهی و كەلامییە كۆنەكان بۆ ڕەخنە و دووبارە بیرکردنەوە وەک ئەوەی ئەمڕۆ لە زانستی جیناتدا خراوەتە ڕوو، بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەو گۆڕانکاریانەدا بگونجێت کە لە بواری پزیشکیدا ڕوودەدەن؛ چونکە واقیعی پراکتیکی پزیشکی و توێژینەوەی پزیشکی زۆر بابەت لەخۆدەگرێت کە پەیوەندییان بە چەمکی تەقلیدی نەخۆشی و تەندروستیەوە نییە (وەک پشکنینی هاوسەرگیری و، نەشتەرگەریەكانی جوانکاری و، کۆنترۆڵی ڕەگەزی کۆرپەلە و، حاڵەتە جۆراوجۆرەکانی لەباربردن و، بیمەی تەندروستی و، دەستێوەردانی بۆماوەیی بۆ چاکكردن و مەبەستی ناچارەسەر،…).

وای لێهات جەستە (کە بابەتی پزیشکییە) چیتر پێویستی بە وەسفکردنی بە “نەخۆش” بە مانا کۆنەکە نەما و، دەربڕینی “بابەتی توێژینەوە” شوێنی گرتەوە كە پەیوەندی بەو کەسانەوە هەیە کە هەڵبژێردراون بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەی پزیشکی لەسەریان،  نەک ئەوەی پێویستییان بە چارەسەر هەبێت، بەڵكو بەهۆی پێویستی توێژینەوە پزیشکییەکان بەو كەسانە، هەروەها دەرمان یان چارەسەرکردن چیتر لە سنووری تەسکی تاكدا سنووردار نەما وەک ئەوەی لە سەردەمی كۆندا باو بوو، بەڵکو بەجۆرێ فراوان بووە ئاستی فراوانتر لەخۆ بگرێت کە لەسەر ئاستی بوونی مرۆڤ و نەوەکانی دواتری مرۆڤایەتی و باشترکردنی ئاستی ژیان و تایبەتمەندییە جەستەییەکانیان بیری لێبكرێتەوە.

كارەكە تەنها لە چەمكی تەندروستی و نەخۆشیدا قەتیس نەما، بەڵكو ئەوەی تێپەڕاند بەرەو گۆڕانی چەمكە گەورەكانی وەك مرۆڤ و ژیان و مردن کە دەتوانرێت بەکارهێنانەکانی لە ڕێگەی تەکنیکەکانی هەڵبژاردنی کۆرپەلە (پاککردنەوە)، پیتاندنی دەستکرد (پیتاندنی تاقیگەیی)، بەکرێدانی منداڵدان (چاندنی منداڵدان یان تۆوی کۆرپەلە)، کۆپیکردن، مردنی مێشک و، بوژاندنەوە، كوشتنی بەزەییانە (موت الرحیم)  و چارەسەری مرۆڤ بۆ مرۆڤ بەدی بهێنرێت، وەک بەخشینی ئەندامەکانی جەستە و،  ئەو پرسیارانەی دیكە کە سەبارەت بە ئەگەری توانای پارچەكردنی مرۆڤ و گواستنەوەی بەشەکانی بۆ مرۆڤێکی تر دەیوروژێنێت.

لەسەر بنەمای ئەم گۆڕانکاری و فراوانبوونە، دکتۆر ڕۆڵێکی زۆر فراوانتر لەوەی کە پێشتر لە ڕابردوودا دەیگێڕا هەیەتی؛ فراوانبوونی بابەت و پانتاییەکەی ڕۆڵێکی گەورەتر و دەسەڵاتێکی فراوانتری بەدوای خۆیدا هێنا، ئەوەش وایكرد لەگەڵ دەسەڵاتی فیقهی و فەتوا و ئەوانی دیکەدا بەناویەكدا بچن، بە تایبەت کە گۆڕانکارییە نوێیەکە لە سەردەمی مۆدێرنیتەدا ڕوودەدات، کە جیاوازە لە سەردەمی بەرهەمهێنانی فیقهی ئیسلامی و مەرجەعیەتەکانی. دەسەڵاتی پزیشکی بە دوو ئاراستە دامەزرا؛ ئاسۆیی و ڕاست، بواری پزیشکی تەنها هەر بوارەکەی فراوانتر نەبوو بەڵکو شێواز و ئامرازەکانیشی قووڵتر بوون، لەسەر بنەمای لێکۆڵینەوەی ورد کە کاتێکی زۆر و تاقیکردنەوەیشی بە هەمان شێوە دەوێت دروست بوو، ئەوەش بووە هۆی سەرکەوتنی سەرنجڕاکێش و ئەنجامی کاریگەر کە نەک هەر توانی کۆنتڕۆڵی ئەو نەخۆشیانە بکات کە ملیۆنان کەس دەکوژن، بەڵکو توانی توانای گەورە لە بواری کۆنترۆڵکردن و ئەندازە و گەشەپێدان لە بواری مرۆیدا دابین بکات، ئیتر گومانكردن لەبواری پزیشكی لەتوانادا نەبوو وەك ئەوەی -بۆ نموونە-  لە سەردەمی ئیبن قەیمدا هەبوو، ئەم گەشەسەندنە زۆر فراوانە لە چوارچێوەیەكی نا ئیسلامیدا ڕوویدا، کە وایكرد گەڵاڵەی ئیبن حاجی لەڕووی پشت بەستن بە مەعریفەی ڕاستەوخۆ لەسەر بنەمای ئایین لە ئێستادا کردە ناواقعی.

سەبارەت بە گۆڕانی دووەم كە كاریگەری لەسەر بابەتەكانی سەردەمی نوێ هەبووە، ئەو گۆڕانكارییانەن كە تووشی فیقهی هاوچەرخ بوو بەئاراستەی لێهاتوویی و ڕۆڵی،  پەیوەندی نێوان پزیشكی و فیقهـ وەك سەردەمە كۆنەكان نەمایەوە. چونكە پزیشکی هاوچەرخ ئیتر دەسەڵاتی کۆنترۆڵکردن/ دەرکردنی حوکمەکانی هەیە، ئەمەش بەهۆی کارابوون و کاریگەرییەکەی لەسەر جەستەی مرۆڤ و مەبەستە دونیاییەکانی کە لەسەر کاریگەری ڕووداوەكە دروستبوون، بەتایبەت لەگەڵ هاتنە ئارای بوارێكی زانستی نوێ كە ناوی ئاكاری پزیشكی (الاخلاق الطبیة- Bioethics) لێنرا، ئەم بوارەش مەرجەعیەتەكەی لەدەرەوەی سنووری بیركردنەوە فیقهی و ئیسلامییە بەشێوەیەكی گشتی، سنووری فقهـ بەرەو ئەخلاقی دامەزراو لەسەر مەرجەعیەتی نائایینی تێدەپەڕێنێت، تەنانەت دەستور و پەیماننامەی ئیسلامیی “كە هەردووكیان جیهانین” ویەكێكیان لەلایەن نووسینگەی هەرێمایەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانییەوە دەرچووە و، ئەویتریشیان لەلایەن ڕێكخراوی ئیسلامی بۆ زانستە پزیشكییەكانەوە دەرچووە، هەردووكیان تەقلیدی بنچینە ڕۆژئاواییە نموونەییەكەیان دەكردەوە کە پێوانەی پێدەكرا و، لە فیقهـ (بە پێنج حوكمە ناسراوەکەیەوە) دەرچوون بەرەو ئەخلاقی ڕۆیشتن، چونکە پڕن لە قسەکردن سەبارەت بە “ئەرکەکان” و “قەدەغەکراوەکان” ئەوانەش  گوتارێکی ئەركبار (تكلیفی)ن پەیوەندی بە کردارەکانی پزیشکەوە هەیە بەرامبەر بە نەخۆشەکە و، ئەو دامەزراوەیەی کە تێیدا کاردەکات و، کۆمەڵگا و، هاوڕێكانی.

ئەم ئەرک و قەدەغەکردنانەش لە زاراوەی فیقهی تێدەپەڕن و بە پێی مەرجەعیەتێکی جیاواز لە مەرجەعیەتی شەرعزان و لۆژیکی بیرکردنەوەی، ئەویش بریتییە لەو ئەرکانەی فراوانتر دەبن تا ئەوەی “ڕێسا ئەخلاقییەکانی توێژینەوەی بایۆپزیشکی پەیوەست بە لایەنەکانی مرۆییەكان” دابمەزرێنن و هەموو ئەمانە لەبنەڕەتدا لە سنووری دەسەڵاتی شەعزان (فەقیهـ)دا بوون؛ تا ئەو کاتەی مامەڵە لەگەڵ ڕەفتاری مرۆڤ و کردەوەی ئەوانەدا بكەن ئەركبار (تكلیف)یان لەسەرە، بەڵکو تەنانەت “دیدی ئیسلامی  بۆ هەندێک پێشهاتی فیقهی” (بابەتەکان) کە پێدەچێت نزیک بێت لە شەرعزان و پسپۆڕیی ڕاستەوخۆی ئەوەوە، بۆی نەهێڵدرایەوە، بەڵکو پزیشک كرایە هاوبەش لەگەڵیدا، وەک لەو پرسانەدا دەیبینین کە تیایدا كەلەپووری فیقهی بەدرێژایی مێژوو لەسەر بنەمای وتەی شەرعناسەکان ڕۆشتووە، وەک ماوەی دووگیانی (زۆرترین و کەمترین) و، و مردنی مرۆڤ و، سوڕی مانگانە و، خوێنبەربوونی دوای منداڵبوون و ماوەکەیان (زۆرترین و کەمترین) و …هتد.

ئەم گۆڕانکارییە دەرچووانە لە سیستەمی ئیسلامی و مەجەعیەتەکانی هەندێکجار بووەتە هۆی ئەوەی کە موفتی لە لایەکەوە ترسی لەم تەکنیک و مەعریفە مۆدێرنانە و گەشەسەندنی دەسەڵاتی پزیشک هەبێت، هەروەها مەیلی هەندێک لە موفتییەکان بەلای توندبوون و قەدەغەکردندایە لە چەندین  دەروازەدا (لەوانە مەبەستەكانی شەریعەت و، مصالح و مفاسد و، سد الذرائع و جگە لەمانیش) ڕەنگە هەندێک لە شەرعزانەکان درکیان بە گەورەیی گۆڕانکارییەکان کرد بێت بۆیە باسیان لە “کێشەکان” و گەڕان بەدوای “چارەسەر”دا کردووە، بەو مانایەی دەربڕینی فیقهی ئاشنای بەکارنەهێناوە (بابەتەکان)، کە پێدەچێت دەربڕینێکی بێلایەنانە بێت.

ئەم گۆڕانکاریانە وایکردووە هەندێک لە موفتییە هاوچەرخەکان لە سێ ئاستدا توێژینەوە بكەن:

یەکەم: کاریگەری لەسەر ژیان و تێگەیشتنەکانی مرۆڤ.

دووەم: کاریگەری لەسەر سیستەمی فیقهی و ڕێساکانی ڕێکخستنی حوكمەکانی ڕەفتاری مرۆڤ (کردەوەی ئەو کەسانەی ئەركبارن)، لەوانەش هەڵس و كەوتكردن بە جەستەوە.

سێیەمیان: شەرعییەتی بەکارهێنانی شێواز و تەکنیکەکانی ئەم پێشکەوتنە زانستییە لە بواری پزیشکیدا.

ئەم ئاستانەش ڕەنگدانەوەی كودەتایەکن لە بیرکردنەوەی فیقهی کلاسیکیدا، وەک چۆن تەواوی بابەتەکە لە دەوری نەخۆش دەسوڕێتەوە، کە لە تێگەیشتنی فیقهی تەقلیدیدا بەپێی چوار حاڵەت کە ئیبن حاج ئاماژەی پێکردووە دەسوڕایەوە ، ئەوانیش بریتین لە:

  • پشتبەستن بە خودا و سەبارەت بە نەخۆشیەکەش خۆت بەو بسپێرە.
  • پابەندبوون بە سوننەت لە “بەکارهێنانی دەرمانی شەرعی” کە دەقی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) لەسەری هاتووە، لەگەڵ بە هێزیی بەڕاستزانی و تەواودڵنیایی؛ “بەپێی ڕادەی نیەتەكە هەوڵدانەكە سەركەوتوو دەبێت.”
  • گەڕانەوە بۆ وەسفی پزیشکە زانایە موسڵمانەكان بۆ ئەو کەسانەی کە یەقینیان بەهێز نییە، “کە ئەوەش زاڵە بەسەر بارودۆخی ئێمەدا”.
  • روقیە كردن بەقورئانی پیرۆز و ئەو پاڕانەوەی پێغەمبەر كە لەوبارەیەوە هاتوون.

ئەمانە هەلومەرجگەلێکن کە لە دەوری وەسفکردنی ئایین و نەخۆشی بە پێی تێڕوانینە کۆنەکە دەسوڕێنەوە و، کە چارەسەرکردن بە دەرمان لە دۆخێکی  لاوازی باوەڕبوون بە خودا و پشت بەستن بە ئەو؛ بەو واتایەی چارەسەركردن ناچێتە چوارچێوەی ئەرکە ئایینییەکان یان مەبەستە پێویستەکانەوە، هەربۆیە شەرعناسان – بەدرێژایی سەدەکان – تاوتوێی حوکمی دەرمانكردیان دەکرد و، مەزهەبەکانیان لە نێوان ڕێگەپێدراو (إباحة) و خواستراو (مستحب)دا دەسوڕایەوە، لەمبارەیەوە قازی عەیاز ئەو کۆدەنگییەی هێناوە کە چارەسەركردن (تداوي) پێویست نییە، بگرە زۆرینەی زانا حەنبەلییەکان بۆچوونیان وا بووە کە “وازهێنان لە چارەسەركردن باشترە. نەوەوی دەڵێت: “ئەگەر مرۆڤ بەهۆی بوونی تەوەكولەوە واز لەچارەسەركردن بهێنێت ئەوە فەزیلەتە”، چارەسەركردن بۆ ئەو كەسە باشترە کە چاکبوونەوەی سوودی گشتی بۆ موسڵمانان هەیە. بەگشتی شەرعزانان بۆچوونیان وابووە وازهێنان لە چارەوەرگرتن لەكاتی نەخۆشبووندا بە خۆكوشتن دانانرێت.

ئەم هەڵوێستە سەبارەت بە وەرگرتنی چارەسەر لە كەلەپووریی فیقهیدا پێویستی بە هەڵوێست وەرگرتن لەبارەی بواری پزیشکیی و پزیشک و پێویستبوون پێی و ڕۆڵی لە کۆمەڵگادا هەیە لەكاتێكدا نەخۆشییەکی ڕاستەقینە بوونی هەیە، ئەمەش لەسەر بنەمای بیرۆکەی ئایینی متمانەببون (توكل) بە خودا دامەزراوە کە دەقی لەبارەوە هاتووە، هەروەها لەسەر بیرۆکەی ئارامگرتن لەسەر تاقیكردنەوە بە نەخۆشی و تەنگانە و پاداشتی ئایینی و بوونی بە کەفارەتی گوناهەکان، بە پێی بۆچوونی شافعییەكان کە وتەکەی عەیازی مالیکییان هێناوەتەوە كە ئاماژەیە بۆ مانایەکی تر كە لە دەرەوەی ئەو بازنەیەدایە، ئەویش واتایەکە پەیوەندیدارە بە خودی بواری پزیشكییەوە، کە بریتییە لە دانەبڕان/دڵنیابوون لە سوودی چارەسەرکردن، لەکاتێکدا  فەرمانیان كردووە بە خواردنی گۆشتی مردوو بۆ کەسێک كە ناچار بێت و تەڕكردنی پاروو بە شەراب. بە دڵنیابوون لەسوودی ئەوە و قازانجی هێشتنەوەی بەزیندوویی، ئەمەش بەو مانایەیە – لە ڕووی تیۆریەوە – کە ئەگەر پلەی زانینی ئەگەری چارەسەرکردن گۆڕا ئەوا حوكمەكەشی دەگۆڕێت.

بەڵام ئەگەر ئەمڕۆ سەیری فراوانبوونی چەمکی نەخۆش بکەین بەجۆرێك ئەو کەسانە بگرێتەوە کە لە ڕاستیدا نەخۆش نین و ئەو کەسەشی توێژینەوەی پزیشکی لەسەر ئەنجام دەدرێت، هەروەها فراوانبوونی پێویستی بە بواری پزیشكی و سوودەکانی کە زۆر لەوە زیاترە تەنها دەرمان بگرێتەوە؛ ئەوا بۆمان ڕوون دەبێتەوە ئەو گۆڕانکارییەی کە لە سەردەمی نوێدا لە بواری پزیشکیدا ڕوویداوە چەندە گەورەیە، لێرەوە مەجمەعی نێودەوڵەتی فیقهی ئیسلامی پەنای بردە بەر دوورکەوتنەوە لە نەریتی فیقهی مەزهەبی، بۆ نموونە دووبارە لێکۆڵینەوە لە “چارەسەری پزیشکی” و، دەرکردنی حوكمی نوێ و بێگانە بە سەرچاوەکانی فیقهی کۆن، ئەمەش بە پشتبەستن بە مەقصەدی پاراستنی گیان لە لایەک و، جیاوازبوونی بارودۆخ و مرۆڤەكان لە لایەکی دیکەوە.

  • مامۆستای فەلسەفەی ئەخلاق لە كۆلێژی دیراساتی ئیسلامی زانكۆی حەمەد بن خەلیفە.
  • سەرچاوە: https://www.aljazeera.net

 

ڕێدار ئەحمەد

ڕێدار ڕەئوف ئەحمەد لەدایکبووی 1974 هەڵەبجە، بەکالۆریۆس لەیاسا 2012، ماستەر لەیاسای ئیسلامی 2017، خاوەنی بیست و سێ کتێبی چاپکراوە لەبواری وەرگێڕاندا.

بابەتەكانی نوسەر

Leave a Reply