وتار

ساڵی نوێ

ئاوڕدانەوەیەكی خێرا لەجۆری ساڵەكان

 

میللەتی كورد لەیادكردنەوەی هاتنی ساڵی نوێدا سێ جار لە ساڵێكدا یادی سێ ساڵی جیاواز دەكاتەوە، ئەوانیش:

  1. ساڵی زایینی.
  2. ساڵی كۆچی.
  3. ساڵی كوردی.

لەم وتارەدا ئاوڕێكی خێرا لەسەرەتا سەرهەڵدانی ئەو ساڵانەی لەجیهاندا كاری پێ دەكرێت دەكەین، بەو ئومێدەی زانیارییەكی گشتی بەسوود بێت.

 

ڕۆژژمێری زایینی (میلادی)

ڕۆژژمێری زایینی (گریگۆری) ڕۆژژمێرێکی بەکارھاتووە لە جیھانی ڕۆژاوا و زۆربەی وڵاتەکانی ڕۆژھەڵاتدا، ئەم ڕۆژژمێرە بە زایینی ناسراوە لەبەرئەوەی بە بڕوای ھەفتەی لەدایکبوونی پێغەمبەر عیسا دانراوە، ٣١ی کانوونی یەکەم، کاتژمێر ١٢ی شەو (٠٠:٠٠)، ساتی گۆڕینەوەی ساڵی زایینییە بۆ ساڵێکی نوێ. ساڵی زایینی خولێکی زەوی بە دەوری خۆردا ئەنوێنێت، کە نزیکەی ٣٦٥ ڕۆژ دەکات (بە تەواوی ٣٦٥٫٢٤٢٥) ڕۆژە. لە ڕۆژژمێری زاینیدا پەیوەندی لەنێوان ساڵ و وەرزەکاندا نییە.

زانای ئیتاڵی ئلیسیۆس لیلیۆس داینا لە ساڵی ١٥٨١ وەک جێگرەوەیەک بۆ ڕۆژژمێری (یولیۆسی) کە بە ناوی یولیۆس قەیسەرەوە ناونرابوو، ڕۆژژمێری زایینی نوێ بە گریگۆری ناو دەبرێت بە ناوی پاپا گریگۆریۆسی سیانزەیەم (Pope Gregory XIII)، سێ ڕۆژ جیاوازی ھەیە لەگەڵ ڕۆژژمێری یولیۆسی دێریندا لە ٤٠٠ ساڵدا.

لە عێراق و سووریا و لوبنان و ئوردن و فەلەستیندا ئەم ناوانەی بۆ بەکاردێت کە بە عەربی کراون لە ناوە سریانییەکان (ئارامییەکان)ەوە وەرگیراون:

  1. کانونی دووەم (31 ڕۆژە).
  2. شوبات(28 یان 29 ڕۆژە).
  3. ئازار (مارس) (31 ڕۆژە).
  4. نیسان(30 ڕۆژە).
  5. ئایار (مایس) (31 ڕۆژە).
  6. حوزەیران(30 ڕۆژە).
  7. تەممووز (31 ڕۆژە).
  8. ئاب (31 ڕۆژە).
  9. ئەیلول (30 ڕۆژە).
  10. تشرینی یەکەم (31 ڕۆژە).
  11. تشرینی دووەم (30 ڕۆژە).
  12. کانونی یەکەم (31 ڕۆژە).

لەهەندێ وڵاتی دیكە ناوی مانگەكانی ساڵی زایینی جیاوازە:

  • یەنایر: (January)؛ بە ناوی “janus” وە ھاتووە کە خواوەندی دەروازە و سەرەتا کاتییەکان بووە لای ڕۆمان و یۆنان.
  • فەبرایر: (January)؛ بە ناوی “janus” وە ھاتووە کە خواوەندی دەروازە و سەرەتا کاتییەکان بووە لای ڕۆمان و یۆنان.
  • مارس: (March)؛ خواوەندی جەنگ بووە لای ڕۆمان و سەرەتای ساڵی ھەتاوی دەستی پێکردووە لای ڕۆمان.
  • ئەپریل: (April)؛ لە وشەی”avril” ھاتووە و بە مانای بەھار دێت لەبەر ئەوەی ئەم مانگە سەرەتای بەھارە.
  • مایۆ: (May)؛ ناوی خواوەندێک بووە لای ڕۆمان “maya”و دایکی خواوەند عەتاڕد بووە کە ھەسارەکە بە ناویەوە ناونراوە لەبەرئەوەی لەم مانگەدا بە ڕوونی دەر ئەکەوێت لە ئاسماندا.
  • یونیۆ: (June)؛ لە وشەی “jonious” ھاتووە و مانای لاوان ئەگەیەنێت بە لاتینی و تێیدا ئاھەنگیان گێڕاوە بە جەژنەکانی لاوان.
  1. یولیۆ: (July)؛ بە ناوی ئیمپڕاتۆری ڕۆمانی یۆلیوس قەیسەڕەوە “julius caesar” ناونراوە.

8- ئۆغستەس: (August)؛ بە ناوی ئیمپڕاتۆری ڕۆمانی ئۆگستۆسەوە “augustus” ناونراوە.

9- سێپتەمبەر: (September)؛ لە “septa”وە ھاتووە بە مانای ژمارە حەوت دێت و ئەوە ڕیزبەندی مانگەکە بووە لای ڕۆمان.

10- ئۆکتۆبەر: (October)؛ لە “octa”وە ھاتووە بە مانای ژمارە ھەشت دێت و ئەوە ڕیزبەندی مانگەکە بووە لای ڕۆمان.

11- نۆڤەمبەر: (November)؛ لە “nova”وە ھاتووە بە مانای ژمارە نۆ دێت و ئەوە ڕیزبەندی مانگەکە بووە لای ڕۆمان.

12- دیسەمبەر: (December)؛ لە “deca”وە ھاتووە بە مانای ژمارە دە دێت و ئەوە ڕیزبەندی مانگەکە بووە لای ڕۆمان.

 

ڕۆژژمێری كۆچی

ڕۆژژمێری کۆچی(التقويم الهجري) بە ڕۆژژمێری ئیسلامیش ناسراوە، ئەم ڕۆژژمێرە بۆ دیاریکردنی مانگەکان پشت بە خولی مانگ ئەبەستێت، موسڵمانان بۆ دیاریکردنی بۆنە ئاینییەکان  بە کاری دەهێنن، ئەم ڕۆژژمێرە لەلایەن خەلیفە عومەری کوڕی خەتاب (خوای لێی ڕازی بێت) دانراوە و کۆچی پێغەمبەر(درودی خوای لەسەر بێت) لە٢٢ی ڕەبیعولئەوەل بەرامبەر ٢٤ی ئەیلولی ٦٢٢ز لەشاری مەککەوە بۆ شاری یەسریب (مەدینە) کراوەتە یەکەم ساڵی ئەم ڕۆژژمێرە، هەرچەندە ئەم ڕۆژژمێرە لە سەردەمی موسڵماناندا دانراوە بەڵام ناوی مانگەکان هەمان ئەو ناوانەیە كە پێش هاتنی ئیسلام بەكارهاتوون، یەکەم ڕۆژی ئەم ڕۆژژمێرە هەینی ١ی موحەڕەمی ساڵی ١ی کۆچی مانگی بوو بەرامبەر ١٩ی تەمموزی ٦٢٢ی زایینی.

ئەگەرچی وڵاتانی دیكەی ئیسلامی بەفەرمی ئەم ڕۆژژمێرە بەكار ناهێنن بەڵام هەموو بۆنە ئایینیەكانیان لەڕێی ئەم ڕۆژژمێرەوە دیاری دەكەن و باەخ و گرنگی تایبەتی هەیە.

ڕۆژژمێری کۆچی لە ١٢ مانگ (خولی مانگ) پێک دێت، دەکاتە نزیکەی ٣٥٤،  مانگ لە ڕۆژژمێری کۆچیدا ٢٩ یان ٣٠ ڕۆژە (لەبەر ئەوەی خولی مانگ ئەکاتە 29.530588 ڕۆژ)، و بەمەش ١١.٢ ڕۆژ جیاوازی هەیە لەگەڵ ڕۆژژمێری زایینیدا.

 

ڕۆژژمێری كۆچی هەتاویی

ئەم ڕۆژژمێرە لەئێستادا لەهەردوو وڵاتی ئێران و ئەفغانستان كاری پێ دەكرێت، ڕۆژژمێری کۆچی ھەتاوی یان ڕۆژژمێری فارسی (بە فارسی: ھجری خورشیدی یان ھجری شمسی)، ڕۆژژمێرێکی ھەتاوییە (یان بەستراوە بە خولی ھەتاو (خۆر)ەوە). لە ٣٦٥ ڕۆژ پێک دێت لە ساڵی سادەدا و لە ٣٦٦ ڕۆژ پێک دێت لە ساڵی پڕدا، و دابەش دەبێت بەسەر ١٢ مانگدا، شەش مانگەکانی سەرەتای لە ٣١ ڕۆژ پێک دێن و پێنج مانگەکەی دواتر لە ٣٠ ڕۆژ پێک دێن، بەڵام مانگی دوانزە لە ٢٩ ڕۆژ پێک دێت لە ساڵی سادەدا و لە ٣٠ ڕۆژ پێک دێت لە ساڵی پڕدا.

ساڵی ھەتاوی لە سەرەتای بەھاردا لە ٢١ی ئازاردا بە پێی ڕۆژژمێری زایینی بە گشتی و ھەندێک ساڵ لە ٢٢ یان ٢٠ی مارس دەست پێدەکات بە پێی بەرەو پێشچوونی ساڵی پڕ، یەکەم ڕۆژی ساڵەکە بە نەورۆز ناو دەبرێت، ھەروەھا ڕۆژژمێری ھەتاوی یان فارسی بە ڕۆژژمێری (جەلالی)یش ناو دەبرێت بە گەڕاندنەوە بۆ جەلالەدین مالک سوڵتانی خۆراسان.

زانای موسڵمان عومەر خەیام  بە یارمەتی حەوت زانای گەردوونناس ئەم ڕۆژژمێرەی داناوە، لە ئێستادا بە وردترین ڕۆژژمێر لە سەر زەویدا دادەنرێت، ڕێژەی ھەڵە تیایدا بۆ ھەر ڕۆژێک ٣.٨ ملیۆن ساڵە لە بەرامبەردا ڕێژەی ھەڵە لە ڕۆژمێری زایینیدا ئەگاتە ڕۆژێک لە ٣٣٠٠ ساڵ.

ساڵی دەستپێکی ئەو ڕۆژژمێرە، واتە ساڵی ١ی ڕۆژژمێرەکە، ئەو ساڵەیە کە پێغەمبەری ئیسلام لە شاری مەککەوە کۆچ (ھیجرەت) دەکات بۆ شاری مەدینە (ساڵی ٦٢٢ی زایینی)‌. ھەر بۆیە بە ساڵی ھەتاوی دەڵێن “ساڵی کۆچیی ھەتاوی” (ھجری شمسی).

ناوی مانگەكانی ساڵی كۆچی هەتاوی:

  • فەرڤەردین-فروردین: (31 ڕۆژە)، ٢١ی ئازار– ٢٠ی نیسان.
  • ئۆردیبێھێشت-اردیبھشت: (31 ڕۆژە)، ٢١ی نیسان – ٢١ی ئایار.
  • خۆرداد-خرداد: (31 ڕۆژە)،٢٢ی ئایار – ٢١ی حوزەیران.
  • تیر-تیر: (31 ڕۆژە)،٢٢ی حوزەیران – ٢٢ی تەممووز.
  • مۆرداد-مرداد: (31 ڕۆژە)،٢٣ی تەممووز – ٢٢ی ئاب.
  • شەھریڤەر-شھریور: (31 ڕۆژە)، ٢٣ی ئاب – ٢٢ی ئەیلوول.
  • مێھر-مھر: (30 ڕۆژە)،٢٣ی ئەیلوول – ٢٢ی تشرینی یەکەم.
  • ئابان-آبان: (30 ڕۆژە)،٢٣ی تشرینی یەکەم – ٢١ی تشرینی دووەم.
  • ئازەر-آذر: (30 ڕۆژە)،٢٢ی تشرینی دووەم – ٢١ی کانوونی یەکەم.
  • دێی-دی: (30 ڕۆژە)،٢٢ی کانوونی یەکەم – ٢٠ی کانوونی دووەم.
  • بەھمەن-بھمن: (30 ڕۆژە)،٢١ی کانوونی دووەم – ١٩ی شوبات.
  • ئێسفەند-اسفند: (29 یان 30 ڕۆژە)،٢٠ی شوبات – ٢٠ی ئازار.

 

ساڵی كوردی

ساڵی كوردییش، هه‌ر وه‌ك ساڵی ئێرانی، ساڵێكی هه‌تاوییه‌. واته‌ به‌گوێره‌ی سووڕی زه‌وی به‌ ده‌وری هه‌تاوه‌. ژماره‌ی مانگه‌كان و ده‌ستپێك و كۆتاییی ساڵه‌كان و ساتی گۆڕان بۆ ساڵی نوێ، كتومت هه‌روه‌ك ساڵی ئێرانییه‌. به‌ڵام دوو جیاوازیی سه‌ره‌كیی هه‌یه‌ كه‌ بریتین‌ له‌:

1-  ڕۆژژمێری كوردی به‌پێچه‌وانه‌ی ڕۆژژمێری ئێرانی، سەرەتای ئەم ڕۆژژمێرە كۆچیی نییه، واتە پەیوەندی نییە بەكۆچی پەیامبەری ئیسلام (درودی خوای لەسەر بێت) لەشاری مەكەوە بۆ یەسریب‌. به‌ڵكوو ساڵی ١ی ڕۆژژمێری كوردی ئه‌و ساڵه‌یه‌ كه‌ ئیمپراتۆریی مه‌زنی ماد له‌ لایه‌ن “دیاكۆ”وه‌ دامه‌زرا. ئه‌ویش ٧٠٠ ساڵ پێش له‌ زایین بوو.

2-  له‌ سه‌رده‌می “كۆماری كوردستان” له‌ مه‌هاباددا ناوی مانگه‌كان كران به‌ كوردی كه‌ بریتین له‌:

به‌هار : 1. خاكه‌لێوه‌. 2. بانه‌مه‌ڕ. 3. جۆزه‌ردان.

هاوین : 4.  پووشپه‌ڕ. 5. گه‌لاوێژ. 6. خه‌رمانان .

پاییز : 7. ڕه‌زبه‌ر. 8. خه‌زه‌ڵوه‌ر. 9. سه‌رماوه‌ز.

زستان :10. به‌فرانبار. 11. ڕێبه‌ندان. 12. ڕه‌شه‌مه.

ساڵی كوردی (١٣٢١) ساڵ له‌ ساڵی ئێرانی گه‌وره‌تره‌. ده‌ستپێكی ڕۆژژمێری كوردی ٧٠٠ ساڵ پێش له‌ زایین بووه‌. به‌هاری ئه‌و ساڵه‌ش ده‌ستپێكی ساڵه‌كه‌ بووه‌. هه‌روه‌كو چۆن ساڵی كۆچیی هه‌تاوی هاوكات نییه‌ له‌گه‌ڵ ساڵی زایینیدا، ساڵی كوردیش له‌گه‌ڵ ساڵی زایینیدا هاوكات نییه‌. ساڵی كوردی ٧٠٠ ساڵ له‌ ساڵی زایینی گه‌وره‌تره‌.

 

ڕۆژژمێری چینی

ڕۆژژمێری چینی، جۆرێک ڕۆژژمێری ھەتاوی-مانگییە، واتە ھاوکات ھەڵگری تایبەتمەندییەکانی ھەتاوی و مانگییە. بەپێی ئەم ڕۆژژمێرە ھەر مانگ لە ڕۆژی ھیلالی (ھێڤکی) مانگی نوێوە دەست پێ دەکا. دەسپێکی ساڵی چینیش بەپێی شوێنی مانگ دیاری دەکرێ، واتە ئەو کاتەی مانگ دەکەوێتە نێوان ھەڵگەڕانەوەی زستانی (کورتترین ڕۆژی ساڵ و شەوی یەڵدا) و ھاوسانیی بەھاری. بە فەرمی لە وڵاتی چیندا ڕۆژژمێری زایینی دانراوە بەڵام ڕۆژژمێری چینیش بۆ بۆنە و جێژن و پشووەکان کەڵکی لێ وەردەگیرێ. سەرەتای ساڵی نوێی چینی دەکەوێتە نێوان ٢١ی کانوونی دووەم و ٢١ی شوبات. ڕۆژژمێری ئاماژەپێدراو ١٢ مانگی قەمەری ھەیە و ھەر مانگەش لە نیوەشەوی ئەو ڕۆژەوە کە مانگ تاریک دەبێت دەست پێدەکا. ھەر مانگ ٢٩ یان ٣٠ ڕۆژە و ھەر چەند ساڵ یەک جار مانگێک زیاد دەکرێتە سەر مانگە ئاساییەکانی ڕۆژژمێرەکە تا ڕۆژژمێری چینی بەرامبەری لەگەڵ ڕۆژژمێری ھەتاوی لە باری زەمەنەوە بکات.

مرۆڤ لەهەر شوێنێكی ئەم سەر گۆی زەوییە بژی، هەڵگری هەر بیروباوەڕو ئایدیایەك بێت، ژیانی بریتییە لەو ڕۆژانەی لەسەر زەویدا بەڕێی دەكات، ئیدی كار بەهەر ڕۆژژمێرێك بكات، سەرەتای ساڵی هەر كاتێك بێت، گرنگترین شت ئەوەیە چۆن ئەو تەمەنەی بەسەر دەبات، چی پێشكەشی مرۆڤایەتی دەكات.

 

 

ڕێدار ئەحمەد

ڕێدار ڕەئوف ئەحمەد لەدایکبووی 1974 هەڵەبجە، بەکالۆریۆس لەیاسا 2012، ماستەر لەیاسای ئیسلامی 2017، خاوەنی بیست و سێ کتێبی چاپکراوە لەبواری وەرگێڕاندا.

ڕێدار ئەحمەد

ڕێدار ڕەئوف ئەحمەد لەدایکبووی 1974 هەڵەبجە، بەکالۆریۆس لەیاسا 2012، ماستەر لەیاسای ئیسلامی 2017، خاوەنی بیست و سێ کتێبی چاپکراوە لەبواری وەرگێڕاندا.

بابەتەكانی نوسەر

Leave a Reply