بێگومان خوێندنەوە ڕێگای پێشكەوتن و نيشانەى شارستانيبوونى كۆمەڵگاكانە، يەكێکە لەو لێهاتووييانەى بەشدارى پێكهاتنى ئەقڵى تاك دەكات و يارمەتى گەشەپێدان و فێربوونى دەدات، زانست و ناسە (المعرفة) بە خوێندنەوە فراوان دەبن و بەرەوپێش دەچن. تاكى خوێنەر لە كۆمەڵگادا كەسايەتييەكى سوودبەخش و بەرهەمهێن و داهێنەرە. خوێندنەوە بنچينەى شيكردنەوە و ڕەخنەگرتن و ديالۆگى نێوان تاكەكانە و ڕیگایەکی سەرەكى گواستنەوەى ئەزموونى نەوەكانە بۆ يەكترى، هەروەها پردى پەيوەندى و ئاڵوگۆڕى كلتووریى نێوان كۆمەڵگا و گەلە جياوازەكانە.
بەڵام بەداخەوە لە ڕۆژگارى ئەمڕۆدا سەرەڕاى ئاسانبوونى ڕێگاكانى گەياندن و چاپ و بڵاوكردنەوە، ئاستەنگ و لەمپەرى زۆر لەبەردەم پڕۆسەى خوێندنەوەدا درووست بوون، لەگەڵ زيادبوونى ژمارە و جۆر و شێوازەكانى پەخشكردن ئاڵنگاريەكانى بەردەم خوێندنەوە زۆرتر بوون و، زەين و بيرى خوێنەر پەرشوبڵاو و ئاڵۆز بووە، جا ئەم ئاستەنگ و ئاڵنگارييانە هەرچيەك بن ئەنجامەكەى دووركەوتنەوەيە لە خوێندنەوە.
هەرێمى كوردستانيش لەم كەتوارەدا لە جيهان دابڕاو نيیە و هەموو ئەو هەلومەرجانەى لە جيهاندا بوونەتە ڕێگر لەبەردەم خوێندنەوەدا هەرێمى كوردستانيشی پێدا تێپەڕ دەبێت.
بڵاوكردنەوەی كتێب و بوونی كتێبخانە و بەرزی ئاستی خوێندنەوە ئاماژەیەكی سەرەتاییە بۆ بەرزی ئاستی هۆشیاری. لەبەر رۆشنایی ئەو گرنگییە (سەنتەری زەهاوی بۆ لێكۆڵینەوەی فیكریی) وەك ناوەندێكى لێكۆڵينەوەى فيكريی و كارا لە بوارى چاپ و بڵاوكردنەوەدا، توێژینەوەیەكی مەیدانی بۆ خستنەڕووی رەوشی خوێندنەوە لە هەرێمی كوردستان ئەنجام دا، لەمەشدا پارێزگای سلێمانی وەك كۆمەڵگەی توێژینەوە وەرگرتووە.
هەندێک لە ئامانجی توێژینەوەکە:
١. خستنەڕووی رەوشی خوێندنەوەی كتێب لە هەرێمی كوردستان و دەستنیشانكردنی ئەو بوارانەی كە زۆرترین خوێنەریان هەیە.
٢. دیاریكردنی ئەو بوارانەی كە زۆرترین خوێنەری هەیە لە ئەمڕۆدا لەناو خوێنەراندا.
٣. خستنەڕووی كاریگەریی و جیاوازی لەسەر خواستی كتێببەپێی تەمەن، رەگەز و شوێنی نیشتەجێبوون.
كلیك لەم لینكەی خوارەوە بكەن بۆ خوێندنەوەی توێژینەوەكە:
ڕەوشی خوێندنەوەی كتێب لـە هەرێمی كـوردسـتان