ئه‌و ڕووداوانه‌ى بوونه‌ته هۆی ڕاگیرانی نوێژی به كۆمه‌ڵ له‌مێژووی موسڵماناندا “له‌نێویاندا داخرانی مزگه‌وتی پێغه‌مبه‌ر له‌سه‌رده‌می هاوه‌ڵان و حه‌ره‌می مه‌ككه و ئه‌زهه‌ر و ئه‌مه‌وی”
نووسینی: بهراء نزار ڕه‌یان
“له‌م ناوچه‌یه‌دا په‌تایه‌كی مه‌زنی زۆر زیاده‌ڕۆكار ڕوویدا…، خه‌ڵك كاتێك تێده‌په‌ڕن.. ته‌نها بازاڕی چۆڵ و كۆڵانی خاڵی و ده‌روازه‌ی داخراو ده‌بینن…، زۆربه‌ی مزگه‌وته‌كان نوێژی جه‌ماعه‌تیان تێدا نه‌ماوه”!!
به‌م وشانه پێشه‌وای مێژووناس ئیبن جه‌وزی (ساڵی 597ك، وه‌فاتی كردووه) باسی په‌تایه‌كی توندمان بۆ ده‌كات ساڵی (449ك) ڕوویداوه,له‌وكاته‌دا دونیای سه‌رقاڵ كردووه و ترسی خستووه‌ته دڵی خه‌ڵكه‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا په‌تای ڤایرۆسی “كورۆنا/كۆڤید 19” ده‌یكات!
ئه‌م ڤایرۆسه تازه‌یه كاریگه‌ری له‌سه‌ر وردترین شتی جیهانمان داناوه، كاره‌كانی مرۆڤی ڕاگرتووه، قوتابخانه و زانكۆكانی داخستووه، گه‌شت و سه‌فه‌ری نه‌هێشتوه، پلانه‌كانی پوچه‌ڵ كردووه‌ته‌وه، خه‌ڵكی له‌یه‌ك دوورخستووه‌ته‌وه‌و بردونیه‌ته‌وه ناو ماڵه‌كانیان.
موسڵمان به‌هیچكام له‌مانه تووشی سه‌رسوڕمان نه‌بوون وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌هۆی نه‌مانی جومعه‌و جه‌ماعه‌ته‌وه ناڕه‌حه‌تن، مزگه‌وته‌كانیان كه له‌شه‌وو ڕۆژێكدا پێنج جار بۆی ده‌چوون ئێستا چۆڵه.
له‌كاتێكدا زۆرینه‌ی حكومه‌ته‌كانی وڵاتانی ئیسلامی –سه‌ره‌ڕای ناكۆكییه سیاسیه‌كانیان- ڕێككه‌وتوون له‌سه‌ر داخستنی هه‌موو ئه‌و شوێنه گشتیانه‌ی خه‌ڵكی تێدا كۆده‌بێته‌وه، له‌نێویشیاندا مزگه‌وت و شوێنه‌كانی په‌رستش، ئه‌مه‌ش به ڕه‌زامه‌ندی زۆرینه‌ی كۆمهڵهفیقهیهكان و خانه‌كانی فه‌توا، له‌باره‌ی ئه‌مه‌وه مشت‌ومڕ كه‌وته نێوان ده‌سته‌یه‌ك له فهقیهو وتاربێژان له‌زۆر وڵاتی ئیسلامی‌دا. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌مووان ڕێكه‌وتوون له‌سه‌ر قورسیی داخرانی مزگه‌وته‌كان له‌سه‌ر دڵی موسڵمان، به‌تایبه‌ت وێنه‌ی كه‌عبه‌ی پیرۆز كه كه‌سی تێدا نه‌ماوه ته‌واف بكات یان نوێژ بكات!
به‌ڵام له‌كتێبه‌كانی فیقهو مێژووی ئیسلامی‌دا زۆر ڕووداو و به‌سه‌رهات باسكراون كه بوونه‌ته هۆی ڕاگیرانی نوێژی به‌كۆمه‌ڵ و جومعه، له‌به‌ر زۆر هۆكار كه یه‌كێكیان بڵاو بوونه‌وه‌ی په‌تایه، به‌جۆرێك كه حه‌ره‌می مه‌ككه و مزگه‌وتی پێغه‌مبه‌ریش له‌و داخرانه بێبه‌ش نه‌بوون، جگه له‌مانیش یه‌كه‌م ڕووگه‌ی موسڵمانان قودسی پیرۆزیش داخراوه.
مه‌به‌ستمان له‌م بابه‌ته به‌دواداچوونی دیارترینی ئه‌و ڕووداوانه و خسته‌ڕووی گرنگترین هۆكاره‌كانی، به‌بێ خۆ سه‌رقاڵكردن به درێژه‌ی مشتومڕی نێوان شه‌رعزانان له‌سه‌ر بابه‌ته‌كه.
گۆشه‌گیریی تاك:
له‌سه‌ر ئاستی تاكیی كه‌سی موسڵمان، كتێبه فیقهیه‌كان زۆر ڕه‌وشیان باس كردووه كه خۆ دوورگرتن له‌مزگه‌وت و ئاماده‌نه‌بوون له‌نوێژی به‌كۆمه‌ڵ و نوێژی هه‌ینی تێیاندا دروسته ، ئه‌گه‌رهاتوو موسڵمان ترسیههبوو زیان به‌خۆی یان كه‌سانی دی بگات، ئیدی سه‌رچاوه‌ی ئه‌و زیانه نه‌خۆشی یان مه‌ترسی ئاسایشی یاخود كاره‌ساتی ژینگه‌یی ته‌نانه‌ت ناته‌واوییه‌كی ده‌روونیش بێت.
درێژه‌ی ئه‌و بابه‌تانه له‌كتێبه فیقهیه‌كانی هه‌موو مه‌زهه‌به‌كاندا هه‌یه، دێرینترینیشیان پێشه‌وا شافیعییه (ساڵی 204 كۆچی وه‌فاتی كردووه) باسی چه‌ندین عوزری شه‌رعی ئاماده‌نه‌بوون له‌نوێژی هه‌ینی كردووه، له‌پێش هه‌موویانه‌وه نه‌خۆشییه‌كان. له‌وانه‌یه سه‌یرترین ئه‌و هۆكارانه‌ی باسی كردوون بۆ ئاماده‌نه‌بوون له‌نوێژی به‌كۆمه‌ڵ، ترسبێت له‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌به‌ر هۆكاری سیاسی ده‌ستگیری بكه‌ن، له‌كتێبه‌كه‌یدا (الأم) ده‌ڵێت: “ئه‌گه‌ر ترسی هه‌بوو له‌كاتی چوونی بۆ نوێژی جومعه سوڵتان به‌ناڕه‌وا به‌ندی بكات ئه‌وا بۆی هه‌یه نه‌یه‌ت بۆ جومعه”.
عوزی سه‌یرتر له‌وه كه نوێژخوێن ده‌توانێت نه‌یه‌ت بۆ نوێژی جومعه، ئه‌گه‌ر قه‌رزێكی زۆری له‌سه‌ر بوو، هیچی به‌ده‌سته‌وه نه‌بوو بۆ دانه‌وه‌ی، ترسی ئه‌وه‌شی هه‌بوو خاوه‌ن قه‌رز له‌ناكاو هه‌واڵی لێ بدات و له‌سه‌ر ئه‌وه به‌ندی بكه‌ن، ، له‌مباریه‌وه شافیعی له‌كتێبی (الأم)دا ده‌ڵێت: “ئه‌گه‌ر له‌ترسی خاوه‌ن قه‌رز، كه نییه‌تی بیداته‌وه، بۆی هه‌یه ئاماده‌ی نوێژی هه‌ینی ببێت”. به‌پێچه‌وانه‌وه‌ش، شه‌رعزانان ڕێگایان به‌خاوه‌ن قه‌رز داوه نه‌یه‌ت بۆ نوێژی جه‌ماعه‌ت ئه‌گه‌ر ترسی ئه‌وه‌ی هه‌بوو قهرزارهكهی دیار نه‌مێنێت و مافه‌كه‌ی بفه‌وتێت، پێشه‌وا به‌دره‌دین عه‌ینی (ساڵی 855 كۆچی وه‌فاتی كردووه) له‌كتێبی (عمدة القاريء، شرح صحیح البخاري)دا، له‌یه‌كێك له‌فه‌رمووده‌كانی بوخاریدا هێناویه‌تی “ جواز التخلف عن الجماعة [لـ]ـخوف فوات الغريم (= المدين)“.
زیاتر له‌یه‌ك پێشه‌وا لهپێشهواكان به‌دروستیان زانیووه له‌كاتی ڕوودانی ناسه‌قامگیری سیاسی یان جگه له‌وه‌ش له‌ترسی ڕوودانی ئاشووب خه‌ڵك گۆشه‌گیر بێت، هه‌روه‌ك پێشه‌وا زه‌هه‌بی (ساڵی 748كۆچی وه‌فاتی كردووه) له كتێبی (سير أعلام النبلا‌ء)دا له پێشه‌وای تابیعین موتڕهفی كوڕی عه‌بدوڵڵای شه‌خیر (ساڵی 95 كۆچی وه‌فاتی كردووه) هێناویه‌تی كه: “ئه‌گه‌ر شه‌ڕو كوشتار له‌نێو خه‌ڵكدا په‌یدا بوو پێویسته له‌ماڵ بمێننه‌وه نزیكی جومعه‌و جه‌ماعه‌ت نه‌كه‌ونه‌وه تا ئه‌و كاته‌ی ئاشوبهكه كۆتایی دێت”.
له‌وانه‌یه بۆچوونی ئه‌م پێشه‌وایه له وازهێنان له جومعه‌و جه‌ماعه‌ت –ئه‌گه‌ر ترسی زیانی گه‌وره‌تری هه‌بوو- بنه‌ڕه‌ت بێت بۆ وازهێنانی له‌هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی خراپه‌ی گه‌وره‌ی لێ بكه‌وێته‌وه، له‌پێشه‌وا مالیك (ساڵی 179 كۆچی وه‌فاتی كردووه) شتێكیان گێڕاوه‌ته‌وه له‌مه ده‌چێت، ئه‌مه‌ش ئه‌و كاته بوو كه له‌كۆتایی ته‌مه‌نیدا له‌ماڵه‌كه‌ی ئیعتیكافی كرد… هه‌ژده ساڵ له‌ماڵی خۆی مایه‌وه‌و نه‌چووه مزگه‌وتی نه‌به‌ویش، به‌پێی ئه‌وه‌ی قورتبی (ساڵی 672 كۆچی وه‌فاتی كردووه) له‌كتێبی (التذكرة)دا هێناویه‌تی.
هه‌ندێك زانای دیكه‌ش وه‌ك ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تی له به‌رانبه‌ر سه‌ركوتكاری ده‌سه‌ڵاتی عه‌باسیه‌كان له‌سه‌رده‌می مه‌ئموندا (ساڵی 218 كۆچی وه‌فاتی كردووه) له‌سه‌ر بابه‌تی “خه‌لقی قورئان” ئه‌نجامیاندا، ئیبن دواداری (ساڵی 736كۆچی وه‌فاتی كردووه) له‌كتێبی (كنز الدرر وجامع الغرر)دا ده‌ڵێت: له‌ساڵی (218ك)دا “سه‌ره‌تای نه‌هامه‌تییه مه‌زنه‌كه‌و ده‌ركه‌وتنی باسی خه‌لقی قورئان بوو…، هه‌ركه‌س سه‌رپێچی كرد كوژرا، زانایان و پێشه‌وایان چوونه‌وه ماڵه‌كانیان و خۆیان په‌نادا و بۆ نوێژكردنیش نه‌ده‌هاتنه مزگه‌وته‌كان، زۆرێكیان لێ كوژرا”.
به‌هه‌رحاڵ، وازهێنانی یه‌ك كه‌س یاخود ژماره‌یه‌كی دیاریكراوی خه‌ڵك له‌نوێژی جومعه‌و جه‌ماعه‌ت، زۆر جیاوازه له‌داخستنی مزگه‌وته‌كان و نه‌چوونی هه‌موو خه‌ڵك بۆ جومعه‌و جه‌ماعه‌ت، ئه‌م نه‌چوونه به‌كۆمه‌ڵه‌ی خه‌ڵك بۆ مزگه‌وته‌كان –ئه‌گه‌رچی شه‌رعزانان چۆن باسی گۆشه‌گیری تاكیان كردووه، ئاواش باسی ئه‌مه‌شیان نه‌كردووه– چه‌ندین جار به‌هۆی پاڵنه‌ری سه‌ركوتكردنه‌وه له‌مێژووی ئیسلامی‌دا دووباره بووه‌ته‌وه، لێره‌دا ده‌مانه‌وێت دیارترین ڕووداوه‌كان و هۆكاره‌كانیان له‌م بڕگانه‌دا بخه‌ینه ڕوو.
په‌تا له‌ناوبه‌ره‌كان:
ناڕه‌حه‌تی هه‌ره مه‌زن له “تاعونی عمواس”دا ڕوویدا –عمواس: گوندێكی فه‌ڵه‌ستینه نزیكه‌ی 28كم له‌باشووری ڕۆژهه‌ڵاتی شاری یافاوه دووره، جوله‌كه داگیركه‌ره‌كان ساڵی 1967ز وێرانیان كرد)، له‌و تاعونه‌دا كه له ساڵی (18ك)دا هه‌موو شامی گرته‌وه، بووه هۆی مردنی ژماره‌یه‌كی زۆری هاوه‌ڵان و شوێنكه‌وتووانی دیار، نههامهتیهكهی خه‌ڵكی شام هێنده توند بوو گه‌یشته ئه‌وه‌ی خه‌لیفه‌ی عومه‌ری كوڕی خه‌تاب (ساڵی 23 كۆچی وه‌فاتی كردووه)”سوێندی خوارد تامی چه‌وری و ماست و گۆشت نه‌كات تا خه‌ڵك ده‌ژێته‌وه”، به‌پێی گێڕانه‌وه‌ی ئیبن ئه‌سیری مێژوونووس (ساڵی 630كۆچی وه‌فاتی كردووه) له‌كتێبی (الكامل)دا. هه‌رچه‌نده هه‌واڵی ورده‌كارییه‌كانی ژیانی ڕۆژانه -له‌نێویشیدا ئه‌نجامدانی جومعه‌و جه‌ماعه‌ت- زۆر كه‌مه، به‌ڵام هه‌واڵێكی وروژێنه‌رم ده‌ستكه‌وت، سه‌باره‌ت به كۆتاییهاتنی ئه‌و نه‌هامه‌تییه به “به‌رزبوونه‌وه‌ی تاعونه‌كه” به‌پێی ده‌ربڕینی باو له‌كتێبه كۆنه‌كاندا.
پیشه‌وا ئه‌حمه‌د (ساڵی 241 كۆچی وه‌فاتی كردووه) له (مسند)ه‌كه‌یدا باسێك دێنێته‌وه، له گێڕانه‌وه‌ی شه‌هری كوڕی حهوشهب (ساڵی 112كۆچی وه‌فاتی كردووه)، له مێردی دایكییه‌وه، كه (تاعونی عمواس)ی بینیووه، به‌رپرسی خه‌ڵك ئه‌بو عوبه‌یده‌ی كوڕی جه‌ڕاح بووه‌و بهتاعون مردووه، پاشان موعازی كوڕی جه‌به‌ل، ئه‌ویش بهتاعون مرد، “كاتێ وه‌فاتی كرد، عه‌مری كوڕی عاص (ساڵی 43 كۆچی وه‌فاتی كردووه) بووه به‌رپرسی خه‌ڵكه‌كه، له‌نێوماندا هه‌ستایه‌وه‌و وتاری بۆداین و وتی: ئه‌ی خه‌ڵكینه، ئه‌م نه‌هامه‌تییه هه‌ركه ڕوویدا، وه‌ك ئاگر ته‌شه‌نه ده‌كات، با هه‌مووان ڕووبكه‌نه شاخه‌كان (له‌گێڕانه‌وه‌ی تردا: لێك جیابوونه‌وه‌و چوونه سه‌ر لوتكه‌ی چیاكان و ناو دۆڵه‌كان). وتی: ئه‌بو واسلهی هه‌زلی پێی وت: سوێند به‌خوا درۆت كرد، هاوڕێیه‌تی پێغه‌مبه‌ری خوام (درودی خوای له‌سه‌ر بێت) كردووه، تۆش له‌و گوێدرێژهم خراپتری (عه‌مر سه‌رزه‌نشت ده‌كات به دره‌نگ موسڵمانبوونی). عه‌مر وتی: سوێند به‌خوا وه‌ڵامت ناده‌مه‌وه، به‌خوا حهددیشت له‌سه‌ر جێبه‌جێ ناكه‌ین! پاشان ڕۆشت و خه‌ڵكه‌كه‌ش په‌رت بوون ڕۆشتن، خوای گه‌وره لێی دوور خستنه‌وه. ده‌ڵێت: بۆچوونه‌كه‌ی عه‌مر گه‌یشته‌وه به‌عومه‌ری كوڕی خه‌تاب، سوێند به‌خوا پێی ناخۆش نه‌بوو”.
له‌ڕاستیدا گێڕانه‌وه‌كان دژبه‌یه‌كن له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی خه‌ڵكه‌كه كاریان به بۆچوونه‌كه‌ی عه‌مری كوڕی عاص كرد یان نا، به‌ڵام كۆتایهاتنی تاعونه‌كه به‌وه زۆر مه‌نتیقییه، ئه‌وه‌شی وتبووی “به‌سه‌ر چیا‌و گردو ناو دۆڵه‌كاندا په‌رت ببن” به‌ته‌واتور له عه‌مری كوڕی عاصه‌وه هاتووه، له‌زۆر ڕێگاوه ئه‌بو جه‌عفه‌ری ته‌به‌ڕی (ساڵی 310 كۆچی وه‌فاتی كردووه) له كتێبی (تهذیب الاثار)دا و، ئیبن خزیمه (ساڵی 311 كۆچی وه‌فاتی كردووه)و، ئیبن حه‌بان (ساڵی 354كۆچی وه‌فاتی كردووه) له صهحیحهكهیاندا هێناویانه.
به‌مه‌ش –به‌گوێره‌ی ئاگاداربوونی ئێمه- عه‌مری كوڕی عاص یه‌كه‌م كه‌س بووه داوای په‌رت بوو (له‌یه‌ك دووربوون)ی به‌كۆمه‌ڵی بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی په‌تا كردووه، په‌رت بوون به‌سه‌ر لوتكه شاخه‌كان و ناو دۆڵه‌كاندا –بێگومان- ڕێگربووه له‌ئه‌نجامدانی جومعه‌و جه‌ماعه‌ت، كه به‌پێی شه‌رع له‌سه‌ر خه‌ڵكی لادێ و گوند و شار‌و ناوچه دووره‌كان واجب نییه.
له‌سایه‌ی جیاوازی گێڕانه‌وه‌كان له‌باره‌ی گوێڕایه‌ڵبوون یان ڕه‌تكردنه‌وه بۆچوونه‌كه‌ی عه‌مری كوڕی عاص، له‌تواناماندا نییه مكوڕی له‌سه‌ر ئه‌وه بكه‌ین كه هاوه‌ڵانی پایه‌به‌رز –ئه‌و تابیعینانهی له‌گه‌ڵیاندا بوون- به‌ڕاستی وازیان لهجومعهو جه‌ماعه‌ت هێناوه به‌هۆی په‌تاكه‌وه، به‌ڵام لانی كه‌م له‌ماوه‌یه‌كی زووه‌وه ئه‌و بانگه‌شه‌یه هه‌بووه.
به‌هۆی ناڕه‌زایه‌تی له‌سه‌ر بۆچوونه‌كه‌ی عه‌مری كوڕی عاص له‌لایه‌ن ئه‌بو واسلهی هزلییهوه – كه هاوه‌ڵه‌و ته‌نها له‌م گێڕانه‌وه‌دا هاتووه، له گێرانه‌وه‌كانی تردا ئه‌و كه‌سه‌ی ناڕازی بووه شه‌رحه‌بیلی كوڕی حسنه بووه كه بهتاعونی عمواس مردووه- ئه‌و -به‌پێی تێگه‌یشتنی خۆی- لای وابووه له‌گه‌ڵ فه‌رمانی پێغه‌مبه‌ر بۆ هه‌ڵنه‌هاتن له‌تاعون یه‌كناگرێته‌وه، به‌ڵام عه‌مر وا لهفهرموودهكه تێگه‌یشتووه –خوای گه‌وره زاناتره- رێگری كردنه‌كه‌ی پێغه‌مبه‌ر له‌هه‌ڵهاتن له‌تاعون ئه‌وه بووه بۆ ناوچه‌یه‌كی تر هه‌ڵنه‌یه‌ت نه‌بادا تاعونه‌كه بۆ ئه‌و ناوچه‌ی تریش بگوازنه‌وه، نه‌ك رێگركردن بێت له‌هه‌ڵهاتن له‌نه‌خۆشیه‌كه بۆ شوێنێك كه‌سی تێدا نه‌بێت، وه‌ك لوتكه‌ی شاخه‌كان و قوڵایی دۆڵه‌كان.
كاره‌ساتێك له‌مه‌ككه:
كتێبه‌كانی مێژووی ئیسلامی باسی داخرانی مزگه‌وته‌كانیان چه‌ندینجار به‌هۆی په‌تاوه له‌خۆ گرتووه، ته‌نانه‌ت شاری مه‌ككه‌ی پیرۆز و بهیتولحهرامیش له‌مه به‌ده‌ر نه‌بوون، له‌وانه: ئیبن حه‌جه‌ر (ساڵی 852كۆچی وه‌فاتی كردووه) له‌كتێبه‌كه‌یدا (إنباء الغمر بأبناء العمر) له‌میانی باسی ڕووداوه‌كانی (ساڵی 827كۆچی)دا ده‌ڵێت: “له‌سه‌ره‌تای ئه‌و ساڵه‌دا په‌تایه‌كی گه‌وره له‌شاری مه‌ككه بڵاو بوویه‌وه، له‌هه‌ر ڕۆژێكدا چل كه‌س ده‌مردن، ئه‌وانه‌ی له‌مانگی ڕه‌بیعی یه‌كه‌مدا مردبوون هه‌زارو حه‌وتسه‌د كه‌س بووه، ده‌وترێت ئیمامی مه‌قام (مه‌قامی ئیبراهیم، كه شوێنكه‌وتووانی ئیمامی شافیعی له‌وێ نوێژیان ده‌كرد) ته‌نها دووكه‌س له‌گه‌ڵیدا نوێژیان ده‌كرد، ئیمامه‌كانی تر (ئیمامی مه‌زهه‌به‌كانی تریش) به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌س نه‌بوو له‌گه‌ڵیان نوێژ بكات نوێژیان له‌وێ نه‌ده‌كرد”.
نازانم ئه‌و ڕاوه‌ستانه نیمچه گشتییه‌ی نوێژ له‌حه‌ره‌می مه‌ككه به‌زۆر بووه له‌به‌ر مردن و نه‌خۆشی و سه‌رقاڵبوونی خه‌ڵكه‌وه به‌چاودێریكردنی نه‌خۆشه‌كانیان و ناشتنی مردووه‌كانیان، یاخود خه‌ڵكی له‌ترسی بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تاكه خۆیان له‌كۆبوونه‌وه دوور گرتووه، مردنی (1700 كه‌س) له‌ماوه‌ی دوو مانگ یان سێ مانگدا به‌ڵگه نییه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی مردن و نه‌خۆشی به‌و ڕاده‌یه رێگربوون له‌وه‌ی خه‌ڵك بچنه مزگه‌وته‌كان، وادیاره له‌ترسی په‌تاكه وایان كردووه.
چه‌ندین سه‌ده پێش ئه‌وه، ئیبن عزاری مه‌راكیشی (ساڵی 695 كۆچی وه‌فاتی كردووه) له (البيان المغرب في أخبار الأندلس والمغرب)دا هه‌واڵمان ده‌داتێ كه له (ساڵی 395 كۆچی)دا په‌تایه‌كی مه‌زن له‌تونس بڵاوبوویه‌وه، بووه هۆی “سه‌ختییه‌كی گه‌وره…و، نرخه‌كان به‌رز بوونه‌وه و، ڕۆزی نه‌ما …، خه‌ڵكی هه‌ژارو ده‌وڵه‌مه‌ند به‌هیلاك چوون، كه‌ست نه‌ده‌بینی له‌چاره‌سه‌ر یان لای دكتۆر یان له‌بردنی مردوو به‌ره‌و سه‌رقه‌بران نه‌بێ..، مزگه‌وته‌كان له‌شاری قه‌یره‌وان چۆڵ بوون”.
لهئهندهلوسیش هاوشێوه‌ی ئه‌مه ڕوویدا، پێشه‌وا زه‌هه‌بی له‌كتێبی (تأریخ الاسلام)دا رووداوه‌كانی (ساڵی 448 كۆچی) تۆمار كردووه‌و ده‌ڵێت: “گرانی و په‌تای زۆر گه‌وره له ئه‌نده‌لوس ڕوویدا، خه‌ڵكی له ئیشبیلیه به‌جۆرێك مردن مزگه‌وته‌كان به‌داخراوی مانه‌وه‌و كه‌س نه‌ما نوێژیان تێدا بكات”. هه‌روه‌ها له كتێبی (سیر أعلام النبلا‌ء)دا باسی ئه‌وه‌ی كردووه، له‌وساڵه‌دا “گرانیه‌كه گه‌وره بوو له‌ئه‌نده‌لوس، هه‌رگیز گرانی و په‌تای ئاوه‌ها لهقورتبه ڕووینه‌دابوو، گه‌یشته ئه‌وه‌ی مزگه‌وته‌كان بێ نوێژخوێن به‌داخراوی مانه‌وه، ئه‌و ساڵه به برسێتی گه‌وره ناسرا”.
له‌ساڵی دواتردا (ساڵی 449 كۆچی)دا، ئیبن جه‌وزی به‌درێژی باسی ناڕه‌حه‌تی په‌تایه‌كی مه‌زنمان بۆ ده‌كات كهخێرا بڵاوبووه‌ته‌وه‌و خه‌ڵكی كوشتووه، ئه‌وه‌ی ئێستا بهئاسیای ناوه‌ڕاست ده‌ناسرێت په‌تایه‌كی تێدا بڵاو بوویه‌وه نزیكه‌ی دوو ملیۆن كه‌سی كوشت، باشان له‌ڕۆژئاواوه بڵاوبوویه‌وه تا نزیكی خاكی عێراق بوویه‌وه، ده‌ڵێت: “له‌مانگی جه‌مای ئاخیرهی (ساڵی 449 كۆچی)دا كتێبێك له‌بازرگانانی ئه‌و دیوو ڕووباره‌وه هات كه له‌و ناوچانه په‌تایه‌كی زۆر گه‌وره‌ی له‌ناوبه‌ر بڵاو بووه‌ته‌وه، به‌جۆرێك له یه‌ك ڕۆژدا له‌و هه‌رێمه هه‌ژده هه‌زار ته‌رم نیژراوه، ئه‌وانه‌ی مردوون سه‌رژمێر كردووه – تاكاتی نووسینی ئه‌و كتێبه- هه‌زار هه‌زار و شهشهسهت هه‌زار و په‌نجا هه‌زار بووه”!!
ئه‌و میژوونووسه وه‌ك ئه‌وه‌ی باسی كه‌شی جیهانی ئه‌مڕۆمان بۆ بكات كه ترسی “كورۆنا” باڵی به‌سه‌ردا كێشاوه و ڕاوه‌ستان و چه‌قبه‌ستن باڵی به‌سه‌ردا كێشابوو. “خه‌ڵكی ئه‌و وڵاته كاتێ ده‌چوونه ده‌ره‌وه ته‌نها بازاڕی به‌تاڵ و، ڕێگای چۆڵ و، ده‌رگای داخراویان ده‌بینی…، كاری بازرگانی و كاروباره‌كانی دونیا ڕاوه‌ستابوو، خه‌ڵك له شه‌و و ڕۆژدا هیچ كارێكیان نه‌بوو جگه له‌شوشتنی مردووه‌كان و كفنكردن و ناشتنیان نه‌بێت…، زۆربه‌ی مزگه‌وته‌كانیش له‌نوێژی به‌كۆمه‌ڵ چۆڵ بوون”!!
خۆشییه دواخراوه‌كان:
له میسر (ساڵی 749 كۆچی) تاعونێكی گه‌وره بڵاوبوویه‌وه، له‌ئه‌وروپا به‌ناوی (مه‌رگی ڕه‌ش) ناسرا، مه‌قریزی (ساڵی 854 كۆچی وه‌فاتی كردووه) له كتێبه‌كه‌یدا (السلوك لمعرفة دول الملوك) شوێنه‌واره كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ئه‌و تاعونه‌ی باسكردووه، ده‌ڵێت: “خۆشی و ئاهه‌نگه‌كانی هاوسه‌رگیری له‌نێو خه‌ڵكدا دواخران، نه‌بیستراوه كه‌س له‌ماوه‌ی ئه‌و په‌تایه‌دا ئاهه‌نگێكی كردبێت، یان گوێبیستی گۆرانییه‌ك بووبن، له‌چه‌ندین جێگه بانگدان ڕاوه‌ستا، له‌شوێنی هه‌ره ناسراودا ته‌نها یه‌ك بانگ مابوویه‌وه”. ئیبن تغری بردی مێژوونووس (ساڵی 872 كۆچی وه‌فاتی كردووه) له‌كتێبه‌كه‌یدا (النجوم الزاهرة) –به‌هه‌مان شێوه‌ی مه‌قریزی و زیاتر له‌ویش باسیكردووه “زۆرینه‌ی مزگه‌وت وخانهقاكان داخران”.
له‌به‌رانبه‌ردا، كتێبه‌كانی مێژوو باسی كۆبوونه‌وه‌ی خه‌ڵكیان به‌كۆمه‌ڵ له‌مزگه‌وته‌كان و په‌رستش بۆ ڕووبه‌ڕوبونه‌وه‌ی تاعون تۆمار كردووه، له‌كتێبێكی ده‌ستخه‌تی قازی مێژوونووس شه‌مسه‌دین محه‌مه‌دی كوڕی عه‌بدوڕه‌حمانی قه‌رشی دیمه‌شقی شافیعیدا (ساڵی 780 كۆچی وه‌فاتی كردووه) به‌ناونیشانی (شفا‌ء القلب المحزون في بيان ما يتعلق بالطاعون) ده‌ڵێت: تاعونێكی گه‌وره (ساڵی 764 كۆچی) بڵاوبوویه‌وه، “خه‌ڵكی له‌وكاته‌دا زۆر به‌باشی له شه‌ودا شه‌ونوێژیان دهكردو له‌ڕۆژیشدا ڕۆژوویان ده‌گرت، خێر و ته‌وبه‌كردن بڵاو بوو..، ماڵه‌كانمان به‌جێ هێشتبوو، پیاو و منداڵ و ئافرتانمان له‌مزگه‌وته‌كان ده‌ماینه‌وه”.
ئیبن حه‌جه‌ر تێبینییه‌كی زیره‌كانه‌ی له‌باره‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تا له‌و كۆمه‌ڵگایانه‌دا هه‌یه، له (إنباء الغمر)دا باسی ئه‌وه ده‌كات (ساڵی 833 كۆچی) تاعونێك ڕوویداوه، یه‌كێك له‌پیاوه‌كانی ده‌سه‌ڵات كه ناوی شه‌هابه‌دین شه‌ریف بووه “چل پیاوی به‌ڕێزی كۆكرده‌وه هه‌موویان ناویان محه‌مه‌د بوو، پاره‌ی به‌سه‌ردا دابه‌شكردن، له‌به‌ر هه‌ژاریان (ئاوا؟ له‌وانه‌یه: خوێندبێتیانه‌وه) پاش نوێژی هه‌ینی له مزگه‌وتی ئه‌زهه‌ر قورئانی خوێند، كاتێ نوێژی عه‌سر نزیك بوویه‌وه هه‌ستانه‌وه نوێژیان كرد‌و پاڕانه‌وه، له‌وه‌دا خه‌ڵكی زۆریشیان له‌گه‌ڵ بوو، تا گه‌یشته ئه‌وه‌ی چل كه‌سه‌كه چوونه سه‌ربانه‌كه‌ی و هه‌موویان بانگی عه‌سریان دا و په‌رت بوون، هه‌ندێك لهعهجهمهكان بهشهریفیان وتبوو به‌هۆی ئه‌وه‌وه تاعونه‌كه نامێنێت”، پاشان ئیبن حه‌جه‌ر ده‌ڵێت: “ئه‌ویش ئه‌وه‌ی كرد، به‌ڵام تاعونه‌كه هه‌ر زیادی كرد”!!
ئیبن حه‌جه‌ر تێبینیه‌كی زیره‌كانه‌ی تریشی له‌باره‌ی زۆربوونی تاعونه‌وه پاش هاتنی حه‌جاج بۆ حیجاز هه‌یه، باسی ئه‌و تاعونه‌ی كردووه كه له (ساڵی 848 كۆچی) له‌میسر بڵاوبوویه‌وه، به‌هۆیه‌وه سه‌د مرۆڤ و دووسه‌د مردن” پاشان زیاتر بوو و بڵێسه‌كه‌ی به‌تینتر بوو تا ئه‌وكاته‌ی حه‌جاج هات هه‌ر زیاتر ده‌بوو، ژماره‌یه‌كی زۆری منداڵ و كۆیله‌كانیان مردن، ده‌وترێت زیاتر له هه‌زار كه‌س له ڕۆژێكدا مردووه”!! له‌وانه‌یه پێشوازی حه‌جاج و سه‌ردانیكردنی و جوڵه‌و به‌ریه‌ككه‌وتن كه به‌هۆی هاتنیه‌وه دروست بووه كاریگه‌ری گه‌وره‌ی له‌سه‌ر بڵاوبوونه‌وه‌ی تاعونه‌كه هه‌بووبێت.
لهتێبینیه زیرهكانهكانی تری له‌م بابه‌ته‌دا ئه‌وه‌یه له(إنباء الغمر)داوتوویهتی، یه‌كێك له شه‌رعزانه‌كان له مانه‌وه له‌ماڵ –با ئه‌وه به‌بیانووی نهخۆشبوونیش بووبێت- هۆكارێك بووه بۆ ده‌ربازبوون له تاعون، له‌باسی قازی ئیبن ئه‌بی جهرادهی حه‌له‌بی حه‌نه‌فی (ساڵی 819 كۆچی وه‌فاتی كردووه)دا هه‌واڵێكی سه‌رنجڕاكێشی هێناوه، ده‌ڵێت: “پاشان كاتێ تاعونه‌كه له‌و ساڵه‌دا ڕوویدا قازی زۆر لێی ترسا، به‌رده‌وام ده‌رمانی ده‌كڕی و به‌كاری ده‌هێنا و نزای دهكردو ده‌پاڕایه‌وه، پاشان خۆی وه‌ك نه‌خۆش نیشاندا تا مردووه‌كان نه‌بینێت و بۆ ناشتنی ته‌رم بانگی نه‌كه‌ن چونكه زۆر له‌مردن ده‌ترسا، قه‌ده‌ری خوای گه‌وره وابوو به‌ساغی له‌و تاعونه ده‌ربازی بوو”!
له چیرۆكه سه‌رنجڕاكێشه‌كانی له‌مێژووماندا له‌باره‌ی مانه‌وه له‌ماڵ (الحجر الصحي) و گۆشه‌گیربوون له‌خه‌ڵك با به‌جێهێشتنی شاره‌كانیشیان بێت، ئه‌وه‌ی ئیبن حه‌نبه‌لی حه‌له‌بی (ساڵی 971 كۆچی وه‌فاتی كردووه) باسی كردووه له‌كتێبه‌كه‌یدا (در الحبب في تاريخحلب) له‌باسكردنی شاهـ محه‌مه‌د دكنی قوتابیدا (ساڵی 952 كۆچی وه‌فاتی كردووه) ده‌ڵێت: باوكی كاتێ “تاعون گه‌یشته حه‌له‌ب له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌گه‌ڵیدا بوون به‌ره‌و هه‌ندێ له دارستانه‌كان هه‌ڵهات، زۆر له‌مردن ده‌ترسا، قه‌ده‌ری خوای گه‌وره وابوو به‌سه‌لامه‌ت لێی ده‌رچوو” ئه‌وكاته، به‌ڵام زۆری نه‌خایاند باوك و كوڕ لهتاعونێكی تردا مردن!
كاره‌ساته ڕه‌شه‌كان:
هه‌ندێك ڕووداو ڕوویانداوه نوێژی به‌كۆمه‌ڵی مزگه‌وته‌كان به‌هۆی كاره‌ساتی سروشتییه‌وه ڕاگیراوه، تا گه‌یشتووه‌ته ئه‌وه‌ی له‌حه‌ره‌می مه‌ككه‌ش بگرێته‌وه، بگره به‌وه ناسرابوو، ئه‌زره‌قی (ساڵی 250 كۆچی وه‌فاتی كردووه) له (أخبار مكة)دا باسی ئه‌وه‌ی كردووه ده‌روازه‌ی به‌نی شه‌یبه‌ی گه‌وره به “ده‌روازه‌ی لافاو” ناوده‌برا، ده‌ڵێت: لافاوه‌كان له‌وانه‌یه مهقامهكهیان له‌شوێنی خۆی جوڵاندبێت و، له‌وانه‌یه له‌ڕووی كه‌عبه‌ی لابردبێت”.
محه‌مه‌د مونته‌سیر بیلای كه‌تانی (ساڵی 1419 كۆچی وه‌فاتی كردووه) له ته‌فسیری (ئایه‌تی 27ی سوره‌تی حه‌جدا) ده‌ڵێت: “له‌یادمه پێش چه‌ند ساڵێك لافاو دروست بووه (له‌حه‌ره‌می مه‌ككه)، ئاوه‌كه ئه‌وه‌نده به‌رز بووه‌ته‌وه تا گه‌یشتووه‌ته ده‌روازه‌كانی كه‌عبه، نوێژ بۆ ماوه‌ی دوو ڕۆژ لهحهرهمدا ڕاگیراوه، زۆر كه‌س لای ناخۆش بوو كه‌عبه ببینن كه‌س ته‌وافی تـێدا نه‌كات، هه‌ربۆیه چوونه ناو ئاوه‌كه و به‌مه‌له‌كردن ته‌وافیان كرد، ئه‌مه‌ش سه‌رنجی كه‌سانیكی تری ڕاكێشاو چوونه ناو ئاوه‌كه -مه‌له‌یان نه‌ده‌زانی- نغرۆ بوون و مردن، به‌رپرسان ناچاربوون ڕێگه نه‌ده‌ن خه‌ڵك ته‌واف بكات چونكه ڕوبه‌ڕووی مردن ده‌بوونه‌وه“.
شێخ محه‌مه‌د سه‌باغی مالیكی مه‌كی (ساڵی 1321 كۆچی وه‌فاتی كردووه) له كتێبه‌كه‌یدا (تحصيل المرام في أخبار البيت الحرام) باسی زۆر لافاوی كردووه كه بیتولحهرامیشی گرتووه‌ته‌وه و بووه‌ته هۆی ڕاگرتنی نوێژكردن تێیدا، به‌ڵكو هه‌ندێجار بووه‌ته هۆی ڕووخانی كه‌عبه، به‌ڵام ئه‌و ڕاوه‌ستانه‌ی نوێژكردن تێیدا زۆری نه‌خایاندووه، ئه‌و به‌حه‌وت نوێژ یان جگه له‌وه دیاری كردووه. له‌وانه‌ش: “لافاوێكی گه‌وره له‌ساڵی نۆسه‌دو هه‌شتاو سێ‌دا دروست بوو… هه‌تا گه‌یشته شوێنی ته‌واف و كێلۆنی كه‌عبه‌ی پیرۆز، ئاوه‌كه شه‌و و ڕۆژێك مایه‌وه…، حه‌وت نوێژی به‌كۆمه‌ڵی تێیدا نه‌كرا”.
به‌ڵام جگه له‌مه‌ككه، ئیبن كه‌سیری دیمه‌شقی (ساڵی 774 كۆچی وه‌فاتی كردووه) باسی ئه‌وه‌ی كردووه (ساڵی 647 كۆچی) “لافاو له‌شاری به‌غدا دروست بوو، به‌ڕاده‌یه‌ك زۆرێك له‌ماڵ و گه‌ڕه‌كه به‌ناوبانگه‌كانی تێكدا، جگه له سێ مزگه‌وت مزگه‌وته‌كانی تر نوێژیان تێدا نه‌كرا”. ئیبن فوتی (ساڵی 723 كۆچی وه‌فاتی كردووه) له كتێبی (الحوادث الجامعة)دا باسی نغرۆبوونی كه‌عبه‌ی له (ساڵی 723كۆچی)دا كردووه، ده‌ڵێت: “مزگه‌وته‌كانی وێران بوو، وه‌ك مزگه‌وتی مه‌نسور كه یه‌كه‌مین مزگه‌وت بووه له‌به‌غدا دروست كرابێت... هه‌روه‌ها مزگه‌وتی مه‌هدی لهڕهسافه و… مزگه‌وتی سوڵتان و مزگه‌وتی قه‌سر و… به‌شێك له‌مزگه‌وتی قمرییه له‌به‌شی ڕۆژئاوا‌و… چه‌ندین مزگه‌وتی تر”. گومانی تێدا نییه به‌هۆی ئه‌وانه‌وه نوێژكردن له‌و مزگه‌وتانه‌دا ڕاگیراوه.
هه‌روه‌ها حه‌سه‌نی كوڕی محه‌مه‌دی عه‌باسی سه‌فه‌دی (ساڵی 717 كۆچی وه‌فاتی كردووه) له (نزهة المالك والمملوك)دا باسی ئه‌وه‌ی كردووه له ساڵی (ساڵی 717 كۆچی)دا لافاوێكی زۆر شاری به‌عله‌به‌گی لوبنانی گرتووه‌ته‌وه‌و بووه هۆی ڕوخانی مزگه‌وته‌كان و ڕاوه‌ستانی نوێژ تێیاندا، له‌وه‌سفی ئه‌وه‌دا ئه‌ڵێت: “هه‌ر شتێك هاتبێته به‌رده‌می ڕایپێچاوه و نه‌یهێشتووه…، ماڵه‌كانی كاول كردووه و سامانیان تیابردووه و، پیاو و ژن و منداڵ تێیدا نغرۆ بوون…، پاشان به‌رده‌وام بووه تاگه‌یشتووه‌ته مزگه‌وتی گه‌وره، مزگه‌وته‌كانی وێران كردووه‌و نوێژ تێیاندا ڕاوه‌ستاوه”.
ئاشوبهكانی كۆمه‌ڵگا:
نوێژی جومعه‌و جه‌ماعه‌ت چه‌ندینجار له‌مێژووماندا به‌هۆی ئاشوبی نێوان شوینكهوتهی ئایینه‌كان و تایفه و فیرقه و مه‌زهه‌به‌كانه‌وه ڕاگیراوه، له‌وانه‌یه ئه‌م هۆكاره ناشیرین‌ترین هۆكاری ڕاگرتنی نوێژه‌كان بووبێت، چونكه به‌پاساوی دڵسۆزی بۆ ئایینه‌وه، ئایین له‌ناو ده‌برێت. له‌نموونه‌كانی ئه‌مه‌ش كه ئیبن كه‌سیر له (البدایة والنهایة)دا له‌نێو ڕووداوه‌كانی (ساڵی 403 كۆچی)دا باسی كردوون.
ده‌ڵێت: “لهشهوالدا ژنی زۆرێك له‌سه‌ركرده گاوره‌كان (له‌به‌غدا) مردن، شیوهنگێڕهكان به خاچه‌وه به‌ئاشكرا هاتنه ده‌ره‌وه، هه‌ندێك له هاشمیه‌كان ناڕه‌زاییان ده‌ربڕی، ئه‌وه‌بوو هه‌ندێك له داروده‌سته‌ی ئه‌و سه‌ركرده گاوره بهدهبوس له‌سه‌ریاندا و برینداریان كرد، موسڵمانان توڕه‌بوون و په‌لاماریان دان، ئه‌وانیش پاشه‌كشه‌یان كرد هه‌تا په‌نایان بۆ كڵێسایه‌ك برد، له‌وێش خه‌ڵكێكی عه‌وام لێیان چوونه ژووره‌وه‌و ئه‌وه‌ی تێیدا بوو تاڵانیان كرد و…، له هه‌موو شاردا به شوێن گاروهكاندهكهوتن…، ئاشوبهكه له‌شاری به‌غدا بڵاوبوویه‌وه..، هه‌ندێك نوێژی جومعه نه‌كرا”. به‌مجۆره ئاشوب به ده‌مه‌قاڵێیه‌كی بچوك ده‌ست پێده‌كات، دواتر به‌كوشتاری فراوان و تاڵانكاری و دوژمنایه‌تی كۆتایی دێت، ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی ڕاوه‌ستانی دونیا و ئایین!
رووداوێكی هاوشێوه‌ی ئه‌وه له‌نێوان موسڵمانان و جوله‌كه‌كاندا ڕوویداوه‌و بووه‌ته هۆی ڕاوه‌ستانی نوێژی جومعه له‌ناوچه‌كانی شاری به‌غدا، ئیبن كه‌سیر ده‌گێڕیته‌وه له (ساڵی 573 كۆچی)دا”ئاشوبێكی مه‌زن له‌نێوان جوله‌كه‌كان و خه‌ڵكی به‌غدادا دروست بوو…، كه ڕۆژی جومعه هات ڕێگری له‌وه كرا وتاری جومعه له‌هه‌ندێ له‌مزگه‌وته‌كانی به‌غدا بدرێت، خه‌ڵكه‌كه ده‌ستبه‌جێ ده‌رچوون و بازاڕی عهتارهكانیان تاڵان كرد كه‌هی جوله‌كه‌كان بوو، چوونه سه‌ر كنێستی جولهكهكانش و تاڵانیان كرد، پۆلیس نه‌یتوانی ڕێگریان لێ بكات”.
هه‌روه‌ك ئاشوبی نێوان موسڵمانه‌كان و گاوره‌كان بووه‌ته هۆی ڕاوه‌ستانی نوێژی جه‌ماعه‌ت، به‌هه‌مان شێوه هه‌ندێك ئاشوبی نێوان شیعه‌و سوننه‌ش، كه له‌مێژووماندا زۆرن، ئیبن جه‌وزی له كتێبی (المنتظم)دا باسی ڕووداوه‌كانی (ساڵی 349 كۆچی) كردووه كه “ئاشوب له‌نێوان سونه‌و شیعه‌دا لهقنترهی نوێ (له‌به‌غدا) دروست بوو، به‌هۆیه‌وه بۆ سبه‌ی نوێژی جومعه له‌هه‌موو مزگه‌وته‌كانی هه‌ردوولای شاره‌كه ئه‌نجام نه‌درا، جگه له‌مزگه‌وتی براسا (مزگه‌وتێكی شیعه‌كانه)، له‌وێ نوێژ كرا”.
بگره ڕاوه‌ستانی نوێژی جه‌ماعه‌ت هه‌ندێجار به‌هۆی ده‌مارگیری مه‌زهه‌بیه‌وه له‌نێوان په‌یڕه‌وانی یه‌ك تایفه‌دا ڕوویداوه، ئیبن كه‌سیر باسی ئه‌وه ده‌كات له (ساڵی 447 كۆچی) دا” ئاشوب له‌نێوان ئه‌شعه‌ریه‌كان و حهنبهلیهكاندا (له‌به‌غدا) ڕوویدا، لایه‌نی جهنبهلییهكان زۆر به‌هێز كرا، به‌جۆرێك بۆ هیچكه‌س له ئه‌شعه‌ریه‌كان نه‌بوو له به‌شداری جومعه‌و جه‌ماعه‌ته‌كان بكات”!!
جه‌نگی وێرانكه‌ر:
به‌هۆی جه‌نگی وێرانكهریشهوه جومعه و جه‌ماعه‌ته‌كان له‌ماڵه‌كانی خوادا ڕاگیراوه، ته‌نانه‌ت شوێنه پیرۆزه‌كانی موسڵمانانیش، دیارترینیان سه‌ركوتكردنی شۆڕشه‌كه‌ی خه‌ڵكی مه‌دینه‌یه (ساڵی 63كۆچی)، له‌سه‌ر ده‌ستی هیزه‌كانی یه‌زیدی كوڕی معاویه (ساڵی 64 كۆچی وه‌فاتی كردووه)، قازی عه‌یاز(ساڵی 544 كۆچی وه‌فاتی كردووه) له (إكمال المعلم بفوائد مسلم)دا باسی ئه‌وكاره ده‌كات سوپای یه‌زید به‌سه‌ر شاری مه‌دینه و خه‌ڵكه‌كه‌ی هێنا: (سه‌ربازه‌كانی یه‌زید) شكستیان هێنا به‌خه‌ڵكی مه‌دینه و كوشتن‌یان و بۆ ماوه‌ی سێ ڕۆژ هه‌موو شتێكیانیان حه‌ڵاڵ كرد، تێیدا ژماره‌یه‌ك له‌هاوه‌ڵان و منداڵی موهاجیره‌كان و ئه‌نساڕه‌كان كوژران، نوێژكردن له‌مزگه‌وتی پێغه‌مبه‌ر (درودی خوای له‌سه‌ر بێت) له‌و ڕۆژانه‌دا ڕاوه‌ستا و بانگیشی تیدا نه‌درا“!!
به‌ڵام به‌ناوبانگترین ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر حه‌ره‌مدا له‌مه‌ككه هاتبێت ئه‌وه‌بوو ئه‌بو تاهیری جهننابی قرمتی (ساڵی 332 كۆچی وه‌فاتی كردووه) به‌رپای كرد، به‌سوپاكه‌یه‌وه له‌ڕۆژی ته‌رویه‌دا په‌لاماری كۆمه‌ڵی حاجیانی دا له (ساڵی 317 كۆچی)دا، له‌و ساڵه‌دا حه‌جه‌كه‌ی لێ تێكدان، له سه‌حنی مزگه‌وتی حه‌ره‌مدا هه‌زار كه‌سی كوشت، به‌رده ڕه‌شه‌كه‌ی هه‌ڵكه‌ندو له‌گه‌ڵ خۆی بردیه‌وه بۆ پایته‌ختی دهوڵهتۆكهكهی (كه له‌ناوچه‌ی ئه‌حسائی ئێستای ڕۆژهه‌ڵاتی سعودیه‌یه) . پێشه‌وا زه‌هه‌بی له (تأریخ الاسلام)دا ده‌ڵێت: “هیچ كه‌س له‌و ساڵه‌دا له‌عه‌ره‌فه ڕانه‌وه‌ستا”، به‌وه‌ش حه‌جی موسڵمانان كه لایان گرنگتره له‌وه‌ی نوێژه‌كانیان به‌جه‌ماعه‌ت بكه‌ن ڕاوه‌ستا.
به‌ر له‌تاوانه‌كه‌ی قهرامیته ڕووداویكی هاوشێوه‌ی ڕوویداوه، مێژوونووس عه‌بدولمه‌لیك عسامی مه‌كی (ساڵی 1111 كۆچی وه‌فاتی كردووه) له (سمط النجوم العوالي)دا باسی ئه‌وه ده‌كات: له (ساڵی 250 كۆچی)دا شۆڕشگێڕی عه‌له‌وی ئیسماعیلی كوڕی یوسفی ئهخیزهڕ ناسراو به خوێن‌ڕێژ (ساڵی 252 كۆچی وه‌فاتی كردووه) چووه ناو شاری مه‌ككه، ئه‌وه‌بوو والیهكهی كه خه‌لیفه‌ی عه‌باسی له‌وێ داینابوو،هه‌ڵهات، ئیسماعیلی ناوبراو ماڵه‌كه‌ی تاڵان كرد‌و ئه‌وه‌ی خه‌ڵك هه‌یانبوو بردی، پاشان “چوو بۆ كه‌عبه‌ی پیرۆز‌و به‌رگه‌كه‌ی برد و ئه‌وه‌شی لهگهنجینهكهیدا هه‌بوو بردی…، مه‌ككه‌ی تاڵان كرد و هه‌ندێكی لێ سوتاند، پاش مانه‌وه‌ی بۆ ماوه‌ی په‌نجا ڕۆژ ئه‌مجا به‌جێی هێشت”.
پاش ئه‌وه ئیسماعیلی خوێن‌ڕێژ به‌ره‌و شاره مه‌دینه‌ی مونه‌وه‌ره ڕۆشت، والیهكهی هه‌ڵهات، سته‌می له‌خه‌ڵكه‌كه‌ی كرد‌و ماڵه‌كانیانی وێران كرد و، نوێژی جه‌ماعه‌تی له‌مزگه‌وتی نه‌به‌وی بۆ ماوه‌ی پازده ڕۆژ ڕاگرت، پاشان گه‌ڕایه‌وه بۆ شاری مه‌ككه و گه‌مارۆی خه‌ڵكه‌كه‌یدا تا لهبرسانداو لهتینواندا مردن، ئه‌و هه‌ڵوێسته له‌كاتی وه‌رزی حه‌جدا بوو، خه‌ڵك له‌عه‌ره‌فات بوون نزیكه‌ی هه‌زارو سه‌د حاجی مردن، حاجیه‌كانی تر هه‌ڵهاتن و جگه له‌ئیسماعیل و سه‌ربازه‌كانی كه‌سی تر له‌عه‌ره‌فه نه‌مانه‌وه”!
ئه‌گه‌ر شاری مه‌دینه به‌هۆی ئه‌و ئیسماعیلی خوێنڕێژهوه ئازاری پێ گه‌یشتبێت، ئه‌وا دووباره مزگه‌وته‌كه‌ی له‌سه‌رده‌ستی شۆرشگیڕه عه‌له‌ویه‌كان محه‌مه‌دو عه‌لی كوڕانی حوسه‌ینی كوڕی جه‌عفه‌ر سادق ڕاوه‌ستا، كه بهسوپاكهیانهوه له ساڵی 271 كۆچی په‌لاماری شاری مهدینهیاندا و وێرانكارییان تێدا ئه‌نجامدا. ئیبن كه‌سیری دیمه‌شقی له (البدایة والنهایة)دا ده‌ڵێت: “ژماره‌یه‌كی زۆر لهخهڵكهكهیان كوشت و سامانی زۆریان برد، نوێژه‌كان له‌مزگه‌وتی نه‌به‌وی بۆ ماوه‌ی چوار جومعه ڕاوه‌ستا، خه‌ڵكی نه‌هاتنه جومعه‌و جه‌ماعه‌ت، انا لله وانا الیه را‌جعون”. مێژوونووس ئیبن ئه‌سیر قه‌سیده‌یه‌كی فه‌زڵی كوڕی عه‌باسی عه‌له‌وی له‌باره‌ی خه‌مبارییه‌وه بۆ ئه‌وه هێناوه، له سه‌ره‌تاكه‌یدا ده‌ڵێت:
(أخربت دار هجرة المصطفی الب…….ر فأبكی خرابها المسلمینا!
پێش نزیكه‌ی سه‌ده‌یه‌ك له‌ئێستا، له‌كۆتاییه‌كانی جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌مدا، نوێژكردن له‌مزگه‌وتی نه‌به‌وی ڕاگیرا، له‌وباره‌یه‌وه دانه‌ری كتێبی (معلمو المسجد النبوي) له‌باسی ژیانی شێخ ئه‌لفا هاشم (ساڵی 1349كۆچی وه‌فاتی كردووه) كه ئه‌وكاته ئیمامی مزگه‌وتی نه‌به‌وی بووه، باسی ئه‌وه ده‌كات كاتێ گه‌مارۆی شه‌ریف حوسه‌ینی كوڕی عه‌لی (ساڵی 1931 زایینی وه‌فاتی كردووه) بۆ سه‌ر شاری مه‌دینه زیادی كرد” والییه عوسمانییه‌كه‌ی كه فه‌خری پاشا بوو (ساڵی 1948 زایینی وه‌فاتی كردووه) مزگه‌وتی نه‌به‌وی كرده سه‌ربازگه‌یه‌ك بۆسهربازو چه‌كه‌كانی، مناره‌كانی مزگه‌وتی نهبهویشی كرده تاوه‌ری چاودێری، به‌هۆیه‌وه نوێژه‌كان ڕاگیران و بۆماوهیك بانگی لێ نه‌درا”!!
داگیركه‌ران و سته‌مكاران:
له‌شاره ئیسلامیه‌كانی تری جیا له‌مه‌ككه‌و مه‌دینه، جومعه‌و جه‌ماعه‌ت به‌هۆی جه‌نگه‌وه چه‌ندینجار ڕاگیراوه، له‌وانه‌یه مزگه‌وتی ئه‌قصا له‌هه‌موو مزگه‌وته‌كانی ئیسلام زیاتر تووشی په‌لامارو ڕاوه‌ستان بووبێت، له‌ماوه‌ی حوكمڕانی خاچپه‌رسته‌كاندا بۆ ماوه‌ی نه‌وه‌د ساڵ ڕاگیرا، له (ساڵی 492 كۆچی) ده‌ستی پێكرد و سه‌رده‌مه‌كه‌یان بهقهسابخانهیهكی گه‌وره ده‌ست پێكرد. ئیبن ئه‌سیر له (الكامل)دا له‌باسی ئه‌و قه‌سابخانه‌یه‌دا ده‌ڵێت: ” فه‌ره‌نجه‌كان له‌مزگه‌وتی ئهقصادا زیاتر له‌حه‌فتا هه‌زاریان كوشت، له‌نێویاندا ژماره‌یه‌كی زۆری پێشه‌واو زانایانی موسڵمان و خه‌ڵكه‌كه و زاهیدهكانیان، ئه‌وانه‌ی وڵاتانی خۆیان به‌جێهیشتبوو له‌په‌نای ئه‌و شوێنه پیرۆزه‌دا نیشته‌جی بون”!
ئه‌وه هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌یه كه به‌سه‌ر مزگه‌وتی ئه‌نده‌لوسدا هات پاش په‌لاماری خاچپه‌رسته ئیسپانیه‌كان له‌سه‌ره‌تا سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌هه‌مه‌وه بۆ سه‌ر شاره گه‌وره‌كانی، مێژوونووسی ئه‌نده‌لوس عه‌بدوڵڵا عه‌نان (ساڵی 1986 زایینی وه‌فاتی كردووه) له‌كتێبی (دولة الاسلام في الاندلس)دا، كه له‌كتێبی (أخبار العصر في انقضاء دولة بني نصر)ه‌وه هێناویه‌تی، كه كه‌سێكی نه‌ناسراو دایناوه‌و ڕووداوه‌كانی سه‌رده‌مه‌كه‌ی خۆی تۆماركردووه، ئیسپانیه‌كان له به‌ڵێنه‌كانی په‌یماننامه‌ی به‌ده‌سته‌وه‌دانی غه‌ڕناته پاشگه‌زبوونه‌وه كه ده‌بوو ڕێز له‌ئازادی ئاینیی موسڵمانه‌كان بگرن، “مزگه‌وته‌كان داخران و له‌موسڵمانه‌كان قه‌ده‌غه كرا دروشمه ئایینیه‌كانیان ئه‌نجام بده‌ن و، ده‌ستدرێژی بۆ سه‌ر بیروباوه‌ڕ و شه‌ریعه‌ته‌كه‌یان ئه‌نجامدرا”.
گرنگترینی ئه‌وه‌ی له‌مێژووماندا له‌مباره‌یه‌وه باس كراوه دوو ڕوداوه، ئه‌وانیش داگیركاری مه‌غۆله‌كان بۆ شاری به‌غدا به‌سه‌ركردایه‌تی هۆلاكۆ له (ساڵی 656 كۆچی)، پاشان داگیركاری ته‌ته‌ره‌كان بۆ شاری دیمه‌شق (ساڵی 803 كۆچی) به‌سه‌ركردایه‌تی ته‌یموری له‌نگ (ساڵی 807 كۆچی وه‌فاتی كردووه). ئه‌و تاوانكاریانه‌ی مه‌غۆله‌كان له‌كاتی هاتنه نێو به‌غدا ئه‌نجامیاندا ناگیڕدرێتهوه، به‌ڵام بابه‌تی وتارهكهمان ئه‌وه‌یه كه ئیبن كه‌سیر له (البدایة والنهایة)دا باسی كردووه، كاتێ ده‌ڵێت: “وتاربێژه‌كان و ئیمامه‌كان و ئه‌وانه‌ی قورئانیان له‌به‌ر بوو كوژران، مزگه‌وته‌كان و نوێژی به‌كۆمه‌ڵ و جومعه بۆ ماوه‌ی چه‌ند مانگێك له‌به‌غدا ڕاوه‌ستا”!!
ئیمام سوبكی (ساڵی 771 كۆچی وه‌فاتی كردووه)ی هاوسه‌رده‌می، له (طبقات الشافعیة)دا باسی ئه‌و نه‌هامه‌تیه‌ی كردووه و به‌شێوه‌یه‌كی كاریگه‌ر گێڕاویه‌ته‌وه، ده‌ڵێت: “به‌غدا كه‌وته ده‌ستی هۆلاكۆ…، میری باوه‌ڕداران و له‌پاش ئه‌ویش موسڵمانان كوژران، خاچ به‌رز كرایه‌وه… ((له‌و ماڵانه‌ی خوای گه‌وره ڕێگهیدابوو ناوی ئه‌وی تیدا باس بكریت و به‌رز بكرێته‌وه)) ده‌نگی زه‌نگی كڵێسا بیسترا..، مزگه‌وته‌كان وێران كران و نوێژی جه‌ماعه‌ت ڕاوه‌ستا… پاشان ئه‌و وڵاتانه و خه‌ڵكه‌كه‌ی له‌ناوچوون، وه‌ك ئه‌وه‌ی خه‌ونێك بووبن”!!
ئیبن خه‌لدون (ساڵی 808 كۆچی وه‌فاتی كردووه) له (تاریخ)ه‌كه‌یدا بۆمان باس ده‌كات كاتێ سه‌ركرده‌ی ته‌ته‌ره‌كان مه‌حمود قازان (ساڵی 703 كۆچی وه‌فاتی كردووه) به‌سوپاكه‌یه‌وه (ساڵی 699 كۆچی) چوونه شاری دیمه‌شقه‌وه ده‌ستیان كرد به‌تاڵانی و وێرانكردن، چوونه مزگه‌وتی ئهمهویهوه و بێ جیاوازی بێ‌ڕێزیان به‌هه‌موو شتێك كرد، سوكایه‌تیان به قازی و وتاربێژان كرد‌و جومعه‌و جه‌ماعه‌تیان ڕاگرت”! ئه‌مه له‌كاتێكدا بوو قازان له‌و نه‌وه ته‌ته‌ره بوو كه موسڵمان بووبوبن!!
به‌ڵام داگیركاری ته‌یموری له‌نگ بۆ دیمه‌شق وهحشیگهرێتیهكهی كه‌متر نه‌بوو، له‌كاتێكدا بانگه‌شه‌ی موسڵمانێتی ده‌كرد، له‌گه‌ڵ خه‌ڵكه‌كه‌یدا ڕێكه‌وت فدیه‌ی بده‌نێ، بۆ ئه‌وه‌ی له كوشتن و تاڵانی ده‌ربازیان ببێت پێویسته سه‌رانه بده‌ن، به‌ڵام له‌و ڕێكه‌وتنه‌ی هه‌ڵگه‌ڕایه‌وه و تاڵانی كرد و وێرانی كرد‌و هه‌ندێكی سوتاند و، “خه‌ڵكی به‌و روداوانه‌ی تووشیان بوو سه‌رقاڵ كرد‌و دین و دونیای له‌بیر بردنه‌وه…، هه‌موو مزگه‌وته‌كان داخران و ڕێگری كرا له‌بانگدان و ئه‌نجامدانی نوێژی جه‌ماعه‌ت”، به‌پێی ده‌ربڕینی مه‌قریزی له‌كتێبه‌كه‌یدا (السلوك لمعرفة دول الملوك)دا.
ئیبن خه‌لدون له‌و ڕۆژانه‌دا ژیاوه، كاتێ سه‌ردانی دیمه‌شقی كردووه بهتهیموری له‌نگ گه‌یشتووه، زۆر باسی خراپی ئه‌و و سه‌ربازه‌كانی كردووه كه‌بوونه‌ته هۆی سووتاندنی مزگه‌وتی ئه‌مه‌وی، ئه‌وه‌ش بووه‌ته هۆی ڕاوه‌ستانی نوێژ تێیدا، له‌كتێبی (گه‌شته‌كه‌یدا) باسی ئاگربهردانیان له موڵكه‌كان ده‌كات “ئاگریان له‌شته‌كان به‌رده‌دا تاگه‌یشته مزگه‌وتی گه‌وره، ئاگر بۆ سه‌قفه‌كه‌ی به‌رز بوویه‌وه و داڕوخا دیواره‌كانیشی ڕوخان، كارێك بوو له‌زیاده‌ڕۆیی و ناشیرینیدا له‌باس نایه‌ت”.
له‌وه‌سفی ئه‌و ڕووداوانه‌دا مجیرهدین علیمی مه‌قدسی (ساڵی 928 كۆچی وه‌فاتی كردووه) له‌كتێبه‌كه‌یدا (التاریخ المعتبر في أخبار من غبر)دا ده‌ڵێت: “ته‌نها یه‌كجار نوێژی جومعه له‌مزگه‌وتی ئه‌مه‌وی ئه‌نجامدرا، ئه‌ویش یه‌كه‌مین جومعه ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ته‌ته‌ره‌كان بوو بۆ شاره‌كه”!
شڵه‌ژان و ناڕه‌زایه‌تی:
به‌هۆی جهنگهكانیشهوه جومعه‌و جه‌ماعه‌ت ڕاوه‌ستاوه، ڕووداوه‌كانی ناسه‌قامگیری سیاسی و نه‌بونی ئاسایش ئه‌وه‌ی لێ كه‌وتووه‌ته‌وه، ئیبن شاهینی مه‌ڵتی (ساڵی 920 كۆچی وه‌فاتی كردووه) له كتێبی (نیل الامل في ذیل الدول)دا باسی ئه‌وه ده‌كات كه له‌یه‌كێك له‌ڕۆژه‌كانی جومعه‌ی (ساڵی 802 كۆچی) ئاشوبێكی گه‌وره له‌نێوان سه‌ركرده‌كانی مهمالیكدا به‌رپا بووه “قاهیره به‌هۆیه‌وه هه‌ژاوه...، ده‌رگای مزگه‌وته‌كان داخرا و وتاربێژ و پێشنوێژكاران نوێژه‌كانیان كورت كردووه‌ته‌وه، له‌هه‌ندێ مزگه‌وت وتار نه‌دراوه، بگره له‌هه‌ندێكیان نوێژ نه‌كراوه، خه‌ڵكی تۆقیون و بازاڕه‌كان داخراون”.
هه‌ر له‌میسر ناسهقامگیریهكی ئاسایشی گه‌وره دروست بوو، خه‌لكی به‌هۆیه‌وه نوێژی جومعه‌یان به‌جێ هێشت و مزگه‌وته‌كان داخران، مێژوونووس جه‌به‌رتی (ساڵی 1237 كۆچی وه‌فاتی كردووه) له (عجائب الاثار)دا بۆمان باس ده‌كات كه له ساڵی (1230ی كۆچی‌دا) هه‌وڵی كوده‌تایه‌كی سه‌ربازی به‌سه‌ر والی عوسمانییه‌كان له‌میسر محه‌مه‌د عه‌لی پاشا (ساڵی 1265 كۆچی وه‌فاتی كردووه) دراو شكستی هێنا، به‌هۆی ئه‌وه باری ئاسایش شێوا، جه‌به‌رتی ده‌ڵێت: “ئه‌و ڕووداوه-كه وێنه‌ی ئه‌وه‌مان له‌هیچ وڵاتێك لهوڵاتهكان نه‌بیستووه-له پێنج كاتژمێردا ڕوویدا، ئه‌مه‌ش پێش نوێژی جومعه بوو تا نوێژی عه‌سر، له‌و ماوه كه‌مه‌دا خه‌ڵك تووشی بێزاری و ترسێكی زۆر و، به‌تاڵانبردنی ماڵ وسامانیان بوون…، به‌شێوه‌یه‌ك كه وه‌سف نه‌كرێت، له‌و ڕۆژه‌دا نوێژی جومعه نه‌كراو مزگه‌وته‌كان داخران…، خه‌ڵكی به‌ئاگاییه‌وه ده‌جوڵانه‌وه‌و چه‌كیان هه‌لگرتبوو”.
له ڕۆژئاوای ئیسلامیش، مێژوونووسی مه‌غریبی ئه‌بو عه‌باسی ناسری (ساڵی 1315 كۆچی وه‌فاتی كردووه) له كتێبی (الاستقصا لأخبار دول المغرب الأقصى)دا ده‌گێڕێته‌وه كه “كاتێ سوڵتان عه‌بدولمه‌لیكی كوڕی زیدان (سه‌عدیی سوڵتانی مه‌غریب، ساڵی 1040 كۆچی وه‌فاتی كردووه) كوژرا… به‌یعه‌ت به وه‌لیدی كوڕی زیدانی برای درا…، له‌شاری فاس ئاشوبی گه‌وره به‌رپا بوو، تا گه‌یشته ئه‌وه‌ی نوێژی جومعه‌و ته‌راویح له‌مزگه‌وتی (قرویین) بۆ ماوه‌یه‌ك ڕاوه‌ستا، به‌هۆی ناڕه‌حه‌تی و سه‌ختی ڕه‌وشه‌كه‌و جه‌نگه‌وه، ته‌نها یه‌ك پیاو لهیلهتولقهدری كرد”.
ئیبن عزاری مه‌راكیشی له (البیان المغرب)دا ده‌گێڕیته‌وه: كاتێ به‌نو عوبه‌ید (فاتمیه‌كان) به‌ره‌و میسر ڕۆشتن (له‌تونسه‌وه هاتبوون)، هێشتا مه‌لیكه‌كانی سهنهاجه له تونس له‌سه‌ر مینبه‌ر ناوی ئه‌وانیان ده‌هێنا…، هه‌تا خه‌ڵكی قه‌یره‌وان وازیان له‌نوێژی جومعه هێنا، تا دوعایان بۆ نه‌كه‌ن، چونكه ناوهێنانیان له وتاری جومعه‌دا به‌بیدعه ده‌زانی، هه‌ندێكیان كه ده‌گه‌یشته مزگه‌وت به‌نهێنی ده‌یووت: خوایه شایه‌ت به! خوایه شایه‌ت به! پاشان ده‌ڕۆیشت چوار ڕكات نوێژی نیوه‌ڕۆی ده‌كرد، تا گه‌یشته‌ی ئه‌وه‌ی هیچ كه‌س له‌خه‌ڵكی قه‌یره‌وان ئاماده‌ی نوێژی جومعه نه‌ده‌بوو! بۆماوه‌یه‌ك نوێژی جومعه ڕاوه‌ستا”!! باسی ئه‌وه ده‌كرێت كه وتار به‌ناوی فاتمیه‌كان تا ساڵی (440 كۆچی) مابوو، پاشان ڕاگیراو ئاڵاكانیان سوتێنرا.
لێره‌دا هه‌ڵوێستێكی جوان و سه‌رنجڕاكێشی خه‌ڵكی قه‌یره‌وان هه‌یه، ئه‌وانه‌ی دوژمنایه‌تیه‌كی توندیان له‌گه‌ڵ فاتمیه‌كان هه‌بوو، ئه‌وه‌نده ڕقیان لێیان ده‌بوویه‌وه وه‌ك ناڕه‌زایه‌تی له‌دژیان وازیان له‌نوێژی جومعه هێنابوو، تا ئایینداریان بپارێزن و خۆیان له‌وه دوور بگرن گوێیان له‌پیاهه‌ڵدانی ئه‌و فه‌رمانڕه‌وایانه بپارێزن كهبهستهمكار و به‌لاڕێدا چوویان سه‌یر ده‌كردن، كاتێ به‌لای مزگه‌وته‌كاندا تێپهڕببونایه ده‌یانووت: خوایه شایه‌ت به! ئه‌وان له‌به‌ر ئه‌وه جومعه‌یان به‌لاوه گه‌وره بوو و حه‌زیان ده‌كرد ئاماده‌ی بن، ئه‌وه‌ی ڕێگربوو ته‌نها پاڕانه‌وه بوو بۆ كه‌سانێكی فه‌رمانڕه‌وا، كه ئه‌مان لهدینیان ڕازی نین.
له‌كۆتاییدا، پاش ئه‌م خستنه‌ڕووه مێژووییه كورته‌ی ئه‌و ڕووداوانه‌ی بوونه‌ته هۆی ڕاوه‌ستانی جومعه‌و جه‌ماعه‌ت له‌مزگه‌وته‌كاندا، ده‌زانین ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ به‌سه‌رماندا دێت له ڕاوه‌ستانی جومعه‌و جه‌ماعه‌ت به‌هۆی مه‌ترسی بڵاوبونه‌وه‌ی په‌تای ((كورۆنا/كۆڤید 19))وه، شتێك نییه پێشتر له‌مێژووی موسڵماناندا ڕووی نه‌دابێت، به‌ڵكو هاوشێوه‌ی له‌مێژووی ئومهتهكهماندا به‌هۆی چه‌ندین هۆكاره‌وه هه‌یه، هه‌یانبووه به‌هۆی هۆكاری ته‌ندروستییه‌وه بووه، هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ ئێمه‌ی تێیدا ده‌ژین، هه‌ندێكی تریشیان له‌مه كه‌متر و سوكتر بووه، هه‌شیانه گه‌وره‌تر و مه‌ترسیدارتر بووه، پاشان ئه‌م په‌ڵه هه‌وره -ئه‌گه‌ر درێژه‌ش بكێشێت- هه‌ر ده‌بێ كۆتایی بێت، هه‌روه‌ك جه‌نگ و نه‌هامه‌تیه‌كانی پێشتر كۆتاییان هات، مزگه‌وته‌كان به خۆشه‌ویستانیان ئاوه‌دان ده‌بنه‌وه و، میحرابه‌كان به ئاشقانیان شاد ده‌بنه‌وه.