گرنگی فەرموودەو ڕۆڵی ڕیوایەتەكان بۆ تێگەیشتن لە قورئانی پیرۆز
ئەگەر ریوایەتەكان بەلاوە بنێین و پشتیان تێكەین، نەك هەر ناتوانین لە ئیسلام تێبگەین و پراكتیزەی بكەین، یان لە سیرەی پێغەمبەر و هاوەڵانی و مێژووی ئیسلام شارەزابین، بەڵكو تەنانەت ناتوانین بەجوانی لە خودی قورئانیش تێبگەین. نووسەر لەم كتێبەداو لە میانی چوار بەشدا ئەم بابەتە گرنگە دەخاتە بەرباس، لە بەشی یەكەمدا باس لەوە دەكات کە ئەو پاساوەی قورئانییەكان دەیهێننەوە بۆ پشتهەڵكردن لە فەرموودە و ڕیوایەتەكان هەڵەیە و هیچ كات فەرموودەكانی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر) نەبوون و نابنە هۆی دواكەوتن و پەرتەوازەیی مسوڵمانان. لە بەشی دووەمدا تیشك دەخاتە سەر بانگەشەی قورئانییەكان، كە چۆن دژایەتی هەیە لەگەڵ شەرع و لۆژیك و واقیعدا. لە بەشی سێیەمدا باس لە ڕۆڵی ڕیوایاتەكان دەكات لە تێگەیشتنی قورئاندا، ئەویش بە تیشك خستنە سەر هەشت بوار لە بوارەكانی قورئانی پیرۆز، كە بێ پشتبەستن بە ڕیوایەتەكان ناتوانین لێیان تێبگەین. لە بەشی چوارەمیشدا باسی دەرئەنجامەكانی بانگەشەی وەلاوەنانی سوننەت دەکات.