ئیلحاد و ئەخلاق
ئیلحاد و ئەخلاق
شتێکی روونە کە لای مولحیدەکان دەستوورێکی ئەخلاقیی جێگیر یاخود مەرجەعییەتێکی بەھائامێزی رەھا بوونی نییە، پاشان پابەندبوون بە بنەما و پێداویستییەکانی ئیلحاد وا لە مولحید دەکات کە لەناو رێژەییەکی بێکۆتای بەھاکاندا بگلێت و بتلێتەوە، ئەمەش دەبێتە مایەی ئەوەی کە مولحیدەکان بڕوا بە ھەندێک کاری ئەخلاقی بێنن کە زۆر شۆکھێنەرە، وەک لێدوانەکەی لۆرەنس کراوس سەبارەت بە زیناکردن لەگەڵ خەڵکانی مەحرەمدا کە لە گفتوگۆکەیدا لەگەڵ حەمزە ئەندریاس تزۆرتزیس وتی: “بە لای منەوە روون نییە کە ھەڵە بێت!”
بەڵام ریچارد دۆکینز لە چریکە (تویت)یەکدا لە تۆڕی تویتەردا رایگەیاندووە کە مناڵ لەباربردن کارێکی ئەخلاقی و رێگەپێدراو (مەشروع)ە ئەگەر ئازاری لەگەڵدا نەبێت، بیانووەکەشی بۆ ئەم وتەیەی ئەوەیە کە دەڵێت: “مرۆڤبوونی کۆرپە لە سکی دایکیدا لە بەرازێکی پێگەیشتوو کەمترە” . بەھۆی ئەم لێدوانەیەوە دۆکینز رووبەڕووی رەخنەیەکی توند بووەوە، و ھەوڵیدا لە چەند چریکە (تویت)یەکی دواتردا مەبەستەکەی روونبکاتەوە، بەڵام چریکە (تویت)کانی بە لێڵی و ناڕوونیی مانەوە.
“ناتوانن رێسایەکی بابەتییانە بۆ حوکمە ئەخلاقییەکانیان دەستەبەر بکەن”
لە ھەمان چوارچێوەدا، مولحیدی ئوستورالی و مامۆستای فەلسەفەی ئەخلاق پیتەر سینگەر وای دەبینێت کە سێکسکردنی مرۆڤ لەگەڵ ئاژەڵان و چوارپێیەکاندا کارێکی سروشتی و قەبووڵکراوە ئەگەر ھیچ جۆرە ئازارێک بە ئاژەڵەکە نەگەیەنێت، ئەویش لە چوارچێوەی ئەو پەیوەندییە گەرموگوڕەی لەنێوان ئاژەڵەکان و مرۆڤدا ھەیە، بە لای ئەو سینگەرەوە: “بەھیچ شێوەیەک ھەڵە لەمەدا نییە، بەڵکو کارێکی سوپاسکراویشە کاتێک دەبێتە مایەی چێژوەرگرتنی ھەردوو لا،واتە ئاژەڵ و مرۆڤ” . ئایا ئەمە بە مانای ئەوە دێت کە ھەموو مولحیدەکان نائەخلاقیین؟ بێگومان نەخێر، فرانک تورێک دەڵێت: “من ناڵێم مولحیدەکان نازانن بەڵکو دەڵێم ئەوان ناتوانن بیانوو (تبریر ) بۆ ئەخلاق بھێننەوە. بەڵێ ئەوان ئەتوانن بە رەوشتەوە رەفتار بکەن و ئەشتوانن حوکم لەسەر ھەندێک کردەوە بدەن بەوەی ئەخلاقییە یان نائەخلاقییە، بەڵام ناتوانن رێسایەکی بابەتییانە بۆ حوکمە ئەخلاقییەکانیان دەستەبەر بکەن.
جا ھەرکام لەم کارانە بێت: ھۆڵۆکۆست، لاقەکردن (دەستدرێژییکردن)، سەربڕینی مناڵان، یان خواردنی گۆشتی مناڵان، ئەوە مولحیدەکان پێوەرێکی بابەتییان لا نییە بۆ حوکمدان لەسەر ھەریەک لەو کارانە” . عەلی عیززەت بیگۆڤیجیش دانی بەمەدا ناوە و دەڵێت: “مولحیدگەلێک ھەن ئەخلاقیان ھەبێت بەڵام ئیلحادی خاوەن ئەخلاق بەدیناکرێت”
بەشێک لە وتاری
ئیلحاد و ئەخلاق … ئەگەر خواوەند ئەفسانە بێت ئەوا ھەموو شتێک رێپێدراو دەبێت!
نوسینی: ئیسماعیل عەرەفە
وەرگێڕانی: د.مەریوان حەمە دەروێش