وتار

سەرنجێک لەسەر سورەتی (الـمَـسَـد)

 

ن: ئەحمەد خەیری ئەلعومەری

لەناو سەرجەم ئەو کەسانەدا کە دژایەتی پێغەمبەری ئیسلامیان کرد بەدرێژایی ساڵانی ژیانی (سەلامی خوای لێبێت)، ئەبولەهەب تاکە کەسە کە قورئان ناوی هێناوە. ئەو سورەتەش کە ناوی تێدا هاتووە بەهۆی کورتیی سورەتەکە و ئاسانیی لەبەرکردنییەوە زۆرترین جار لە نوێژدا دەخوێندرێت.. ئەمەش وایکردووە ئەبولەهەب هەمیشە حزورێکی سەلبی و نەرێنیی لە بیر و زەینماندا هەبێت.

ئەبولەهەب چی شتێکی کردووە زیاتر لە نەیارانی دیکەی پێغەمبەری خوا (سەلامی خوای لێبێت) تا وەک یەکێک لە گرنگترین ڕەمزەکانی شەڕ و بێباوەڕیی ناوی بچێتە مێژووەوە؟ لەبنەڕەتدا بەهۆی ئەوەی ئەبولەهەب مامی پێغەمبەر بوو ئەمە خاڵێکی گرنگە کە ناوبراو شایانی ئەو پێگەیە بووە. بۆ؟ چونکە موجامەلە و ماستاوکردن لەئیشی بانگەوازدا نییە. ئەوەی کە فڵان مامی پێغەمبەرە، واینەکردووە چاو لە هەڵوێستەکانی بپۆشرێت. ئەمە تا ئەمڕۆش زۆر گرنگە، بەڵام لەزەمان و سەردەمی خۆیدا گرنگتر بووە. هەڵوێستی ئەبولەهەب وەک هەڵوێستی هەر بێباوەڕێکی دیکەی قوڕەیش نەبووە، بەڵکو دوژمنێکی سەرسەخت بووە، خۆی نەبواردووە لە جوێندانی ئاشکرا بەپێغەمبەری بەڕێز لەناو کۆڕ و دانیشتنەکانی قوڕەیشدا، ئەمەش بووەتە هاندەر بۆ کەسانی دیکە ـ لە هۆزەکانی دیکە ـ کە ئەوانیش جنێو بدەن: “ئەگەر مامی پشتگیریی نەکات و ئاوا باسی ئەم پیاوە بکات، ئیتر چی ڕێ لەئێمە دەگرێت جنێو بدەین؟”.

لیستی هەڵوێستە نەرێنییەکانی ئەبولەهەب بەرامبەر بە پێغەمبەری سەروەر (سەلامی خوای لێبێت) هەرتەنها لەو هەڵوێستە بەناوبانگەیدا کورتنابێتەوە کە لەکۆبوونەوەکەی پێغەمبەردا بە هۆزەکەی و ڕێنماییکردنیان، ئەبولەهەب هەستایەوە و پێیوت: “بۆ ئەمە کۆتکردووینەتەوە؟ بەدبەخت بیت”!. بەڵکو لەوەش زیاتر هەردوو کچەکەی پێغەمبەر (ڕوقیە و ئوم کولسوم)ی بە دوو کوڕەکەی (عوتبە و عوتەیبە) تەڵاقدا کە دەستگیراندار بوون. هەروەها ژنەکەی ئەبولەهەب کە ناوی (ئوم جەمیل کچی حەرب ـ خوشکی ئەبوسوفیانی کوڕی حەڕب) قسەی دەهێنا و دەبرد و داروپەردووی دوژمنایەتی دژ بە پێغەمبەری تاو دەدا و هەجوی دەکرد و پێیدەوت “موزەممەم ـ زەمکراو”.. کاتێکیش کە سەروەرمان چاوپێکەوتن و دیداری دەبوو لەگەڵ وەفد و نوێنەرانی هۆزە عەرەبەکاندا بۆ بانگهێشتکردنیان بۆ ئیسلام، ئەبولەهەب لەپشتییەوە دەڕۆیشت و قسەی پێدەوت و بە وەفدەکانی دەوت ئەمە لەدینی خۆتان پاشگەزتان نەکاتەوە، ئەمە لەدین لایداوە و درۆزنە، جا کاتێک مامی ئەم قسەیە بکات ئیتر عەرەبەکان سارد دەبوونەوە و دەیانوت جا ئەوە خۆ نزیکترین کەسیەتی وادەڵێت، ئەگەر ڕاستگۆ بووایە ئەوا هۆزەکەی و مامی یەکەم کەس دەبوون باوەڕیان پێدەکرد…

بەڵام دیارترین هەڵویستی ئەبولەهەب کە جێی سەرسامییە، ئەو هەڵوێستەی بوو بەرامبەر بە ئابڵوقەی ئابوری و کۆمەڵایەتیی قوڕەیش دژ بە بەنی هاشم و بەنی موتەڵڵیب، ئەوەبوو قوڕەیش ئابڵوقەی خستە سەر ئەو دوو تیرەیە بە مسوڵمان و بێباوەڕیانەوە، لەدۆڵێکی دەرەوەی مەککە سێ ساڵ گەماڕۆ دران، بە برسێتی و نەبوونی گوزەرانیان دەکرد.. تاکە کەسێکی ئەو دوو تیرەیە کە لەو ئابڵوقەیە هەڵاوێر بوو: ئەبولەهەب بوو، ئەو چووە پاڵ قوڕەیش و پشتی لە تیرەکەی خۆی کرد، ئەوەش بەهۆی دوژمنایەتی بێسنوری بەرامبەر بە سەروەرمان.. بەڵکو ئەبولەهەب هێندە دوژمنکار بوو سووربوو لەسەر ئەوەی هیچ خۆراکێک نەچێت بۆ هۆزەکەی، کاتێک کە کاروانی عەرەبەکان لەوەرزی حەجدا دەهاتن بۆ مەککە ئەبولەهەب بەنرخێکی دووهێندە خۆراکەکەی لێدەکڕین تا گەماڕۆدراوەکان نەتوانن بیکڕن.. ئەو دەیتوانی هیچ شتێک بەرامبەر گەماڕۆکە نەکات، وازی بهێنایە قوڕەیش بیانکردایە، بەڵام ئەو حەزی دەکرد سزای زیاتری هۆزەکەی خۆی بدات.. ئەم هەڵوێستانە هەر ئەوەندە نیین کە دژایەتی ئاینە نوێیەکە بێت، یان دژایەتی پێغەمبەر بێت (سەلامی خوای لێبێت)، بەڵکو شتێک هەبوو لە دەروونی ئەم کەسەدا، گرێیەکی دەروونی.

دەکرێت بڵێین ئەبولەهەب فشاری هاوژینەکەی لەسەر بوو، (ئوم جەمیل)، لەژێر دەسەڵات و کۆنتڕۆڵی ئەودا بوو.. ژنەکەی، کە خوشکی ئەبوسوفیان بوو، شانازیی بەوەوە دەکرد کە ئەو کچی گەورەی قوڕەیشە، بانگەوازی ئیسلام لای ئەو وەها لێکدەدرایەوە کە بەشێکە لەو ململانێیەی کە لەنێوان تیرەی عەبدولشەمس و تیرەی هاشمدا هەبوو لەسەر دەسەڵاتداریی مەککە.. ئوم جەمیل لایەنگری تیرەی عەبدولشەمس بوو بەبێ ئەوەی هیچ حسابێک بۆ ئەبولەهەبی مێردی و کوڕەکانی بکات کە لە تیرەی هاشم بوون.

بەڵام گرێیەکی دەروونی، لای ئەبولەهەب هەبوو دەیویست قەرەبووی بکاتەوە. کاتی خۆی عەبدولـموتەڵـڵـیبی باوکی ناکۆکیی هەبووە لەگەڵ قوڕەیشدا، چووە هاوپەیمانیی لەگەڵ هۆزێکی دیکەی دەرەوەی مەککە بەستووە تا پاڵپشتی بن، دوو کچیشی لێ خواستوون، کە لەیەکێکیان ئەبولەهەب لەدایکبووە. کاتێک ئەبولەهەب پێگەیشت و چاوی کردەوە و لە قوڕەیشییەکان ژنی خواست، گرێیەکی دەروونی بۆ دروست بوو، ئەو نیشانەی ڕکابەریی باوکی بوو بەرامبەر بە قوڕەیش، دەیویست قەرەبووی ئەوە بۆ قوڕەیش بکاتەوە، خۆی لێ نزیک دەخستنەوە، دوژمنایەتی پێغەمبەر و هۆزەکەی و براو برازاکانی دەکرد. هەموو ژیانی بۆ ئەوە ژیا دڵسۆزیی خۆی بۆ قوڕەیش بسەلمێنێت..

جا، پەندی وەرگیراو ئەمەیە: مەترسیدارترین دوژمن ئەو کەس و خزمە نزیکەی خۆتە کە بە هۆی هەستکردن بە کەمی و ئارەزووی ڕازیکردنی خەڵکانی دیکە، دوژمنایەتییت بکات. ململانێ هەیە و ڕێی تێدەچێت، پابەندبوون بە بیروباوەڕی باووباپیران هەیە و ڕێی تێدەچێت، ڕەتکردنەوەی ئیسلام لەبەرئەوەی شتێکی تازە بوو، هەر گونجاوە و ڕێی تێدەچێت، بەڵام کاتێک دوژمنایەتی و ڕەتکردنەوەکە بەهۆی هەستێکەوە بێت کە خۆتت بیر بچێتەوە، ئەوا وەڵامەکەیشی هەر دەبێت بە یەکلاکردنەوەیەکی چارەنووسساز بێت، ئەویش: تَـبَـتْ یَـدَا أَبِـي لَـهَـبٍ وَ تَـبَّ”، “دەستەکانی بشکێت ئەبولەهەب و لەناوبچن و تیابچن، وەک تیاچوو”.

بینینی زیاتر

بابەتەكانی نوسەر