وتار

چەند سەرنجێک لەسەر ڕێبازی توێژینەوەم لە بواری مێژوودا

 

نووسینی: پڕۆفیسۆر د.عیمادەدین خەلیل

ھاوڕێیەتی من لەگەل مێژووی ئیسلامی و ڕێباز و فەلسەفەکەی نزیکەی شەست ساڵە لە ھەولڕ و کۆشش و تەمەن، لەو ماوەیەدا بەردەوام بەدواداچوونم کردووە و  ھەوڵمداوە گونجاوترین ڕێبازی توێژینەوە پەیڕەو بکەم بۆ شرۆڤەی ئەم مێژووە و دراوە ژیاریەکەی، خوای گەورە سەرکەوتووی کردم لە دانانی  جێگەدەست لەسەر تایبەتمەندییەکانی ئەم مەنھەجە لە نزیکەی (٣٠ سی) کتێبمدا، کە بەسەر ئەم چوار تەوەرەیەدا دابەشدەبن (تەوەری مەنھەج و فەلسەفە، تەوەری ژیاننامە، تەوەری توێژینەوە، تەوەری مێژووی ھاوچەرخ)، لێرەدا ناکرێت بەوردی و تێروتەسەلی باسی ھەریەکێکیان بکەم، بەڵام لەسەر ھەندێکیان دەوەستم کە پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە بابەتەکەوە ھەیە:

لە کتێبی (لەبارەی سەرلەنوآ نووسینەوەی مێژووی ئیسلامی)دا  بۆنموونە کە بانگەشەیە بۆ گرتنەبەری ڕێبازێکی توند لە مامەڵەماندا لەگەل سەرچاوە مێژووییەکانماندا، بە تێڕوانینێکی ڕەخنەگرانە کە ملکەچی گێڕانەوەکانیان نەبێت، ئەویش بەپێی چەند ڕێوشوێن و پێوەرێکی ھاوچەرخ و ڕەسەن، لێرەوە (١٤ چواردە) مەرج و پێوەرم پێشنیازکردووە بۆ سەرلەنوآ نوسینەوەی مێژووی ئیسلامی.

ھەروەھا لە کتێبی (دەروازەیەک بەڕووی ژیاری ئیسلامیدا) کە ھەوڵێکی پڕاکتیکیە بۆ گرتنەبەری مەنھەجێکی نزیک لە ڕووداوە مێژووییەکان، ئەم بنەمایانە پەیڕەوکراوون:

یەکەم: تێگەیشتن لە مێژووی ئیسلامی لە میانەی یەکێتی جووڵەو شکاندنی توێکڵی دەرەوەی ڕووداو و گۆڕانکاریەکان.

دووەم: ساغکردنەوە بە تێڕوانینێکی گشتگیر کە ھەموو وردەکاری و بەشەکان لەخۆ بگرێت تا لێیانەوە نیشانەگەلێکمان دەست بکەوێت کە درێژکراوەی داتاکانی مێژووی ئیسلامین.

سێیەم: فەراھەمکردنی ھاوسەنگی پێویست لە نێوان لایەنەسیاسی – سەربازیەکان و لایەنەکانی عەقیدە و کۆمەڵایەتی و ژیاری.

چوارەم: ڕووناکی خستنە سەر پەیوەندی دووسەرە لەنێوان ئیسلام و ڕووداوەکانی مێژووی ئیسلامی بە ھەموو ئاسۆکانیەوە.

پێنجەم: بەدواداچوون بۆ دیاردە مێژووییە گەورەکان بە شێوەیەکی ستوونی، بۆ ئەوەی تووشی پچڕان و پەرشوبڵاوی نەبن، وە بۆ ئەوەی ھەلی ئەوەمان دەستکەوێت کە بەسەر ھەموو ڕەھەند و گۆڕانەکانیدا زاڵبین تا بگەینە ڕووکار و تایبەتمەندییە بنەڕەتیەکانیان.لەپێناوی ئەمەدا ھەوڵمداوە کە بەشەکانی کتێبەکە لە مێژووی ئیسلامی بکۆڵێتەوە بە تێڕوانینێکی نوێوە کە دابەشکردنە تەقلیدیەکەی سەردەمەکانی مێژووی ئیسلامی تێپەڕێنێت، وە ئەندازەگیرییەکی نوآ پێشکەش بکات بۆ ڕووداوەکان، کە پێموایە توانای باشتری ھەیە بۆ کۆکردنەوەی بەشە جیاوازەکان و ڕووناککردنەوەیان و دەرخستنی ناوەرۆکەکەیان، ئەم ئەندازەگیریە مەنھەجیە لەسەر چوار پایە دەوەستێت یان چوار پانتایی دەگرێتەوە لە مێژووی ئیسلامیدا، ئەوانیش ئەمانەن:

یەکەم: دەوڵەت و دەسەڵات و پێشڕەویی.

دووەم: بانگەواز و بڵاوبوونەوە و مامەڵە لەگەلڕ ئەوانیتردا.

سێیەم: ئاڵنگەری (تحدیات) و دژەھێرش و پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان.

چوارەم: ژیانی کۆمەڵایەتی.ھەروەھا لە کتێبی (دەروازەیەک بەڕووی ژیاری ئیسلامیدا) کە بە گرنگترین دەسکەوتەکانمی لەبواری مێژوودا دادەنێم بەڕەھایی… ھەوڵمداوە مەنھەجێکی پڕاکتیکی درووست پەیڕەو بکەم بۆ مامەڵە لەگەل پڕۆژەی ژیاریی ئیسلامی بە وانەوتنەوە و توێژینەوە، چونکە ڕێبازەکانی لێکۆلێنەوەی ژیاری ئیسلامی لە خوێندنگە و پەیمانگا و زانکۆکانماندا، تا ئێستاش چەندین کەموکوڕی ھەیە، دیارترینیان پارچە پارچەکردنی جەستەی ئەم ژیاریەیە و پێشکەشکردنیەتی بە خوێندکار بە ھەڵوەشاوی و پارچەکراوی، بەمەش کەسایەتیە دیارەکەی لەدەست دەدات، وە ئەو ڕواڵەتانە دەفەوتێن کە لە ژیاریەکانی تر جیای دەکەنەوە و تایبەتمەندی ژیاری ئیسلامین، و وەک کۆمەڵە چالاکیەک دەردەکەوێت لە بوارەکانی ڕۆشنبیری و مەعریفی و ئابووری و ئاوەدانی و کۆمەڵایەتی لێرەو لەوي، لەوانەیە ھەندي تایبەتمەندی دەرکەوێت، بەڵام وێنای کۆتایی نانوێنێت بۆ ئەوانەی ئینتیمایان بۆی ھەیە لە ڕووەکانی ژیان و جیھان و بوون.لەمەوە خوێندکاری ئامادەیی و زانکۆکان دەردەچن بەبي ئەوەی زانیاریەکی قووڵیان ھەبێت لەسەر تایبەتمەندییەکانی ژیاری ئیسلامی و ئەو پێکھێنەرانەی کە جیای دەکەنەوە لە ژیاریەکانیتر، ئەمە سەرەڕای ئەوەی دەردەچێت بەبي ئەوەی ھەستی شانازیکردن بەو ژیاریەوە لەلای درووست ببێت، ئەمەش لەبەر ئەوەی وانەی مێژوو و ژیاری تەنھا گرنگی بە ڕەھەندی پەروەردەیی دەدات، بەڵام ئەم ڕەھەندە وندەبێت و نامێنێت لە میانەی ئەو ھەڵە مەنھەجیەوە کە دەکرێت بەوەی ھیچ ڕواڵەتێک نادات بەو خوێندکارە کە پەیوەستی بکات بەو ژیاریە دەوڵەمەندەوە کە نزیکیترینە لە ویست و ئەرکە بنەڕەتیەکانی مرۆڤ لەم جیھانەدا، نەک ھەر ئەوە بەڵکو ئێمە لە کۆتایی ئەم پڕۆسەیەدا دەگەینە کۆمەڵێک ئەنجامی پێچەوانە وەکو ڕەتکردنەوەی پڕۆژەی ژیاری ئیسلامی لەلایەن زۆرێک لە دەرچووانەوە، وە ئینکاریکردن و ھەڵگەڕانەوە لێی، لەبەرامبەر ئەمەدا ھەڵپەکردن بەرەو ھەندآ ژیاریتر و فریوخواردن بە ڕواڵەتە بریقەدارە خەڵەتێنەرەکەی، بەتایەبتی ژیاری ڕۆژئاوا، بەمەش وانەوتنەوە لە بواری ژیاری ئیسلامیدا دەبێتە چەکێک دژی خۆمان بۆ لەناوبردنی متمانە بە بنەماکانی ژیاری خۆمان، و توانای دووبارە ھەستانەوە و کاریگەریەکەی لەم ڕۆژگارەدا، وە نەمانی متمانە بە بەشداریی ئەم ژیاریە لە داڕشتنەوەی دواڕۆژی مرۆڤایەتی ھەروەکو کۆمەڵێک لە بیرمەندان و توێژەران و ڕۆژھەڵاتناسان جەختی لێدەکەنەوە.

ھەرچۆنێک بێت ئێمە ئەمڕۆ کە وانەی ژیاری ئیسلامی دەڵێینەوە پێویستیەکی زۆرمان بە مەنھەجێکە کە مامەڵە لەگەل ئەو ژیاریەدا بکات وەکو کەسایەتی یان پێکھاتەیەکی جیاواز ھەر لە سەرھەڵدانیەوە تا گەشەکردن و پوکانەوە و بێھێزبوون وسەرلەنوآ ھەستانەوەی، کاتێک زانیمان ئەم ژیاریەمان لە نەبوونەوە نەھاتووە، و پێکھاتەکانی بە رێگایەکی میکانیکی کۆنەبوونەتەوە لەم ژیاری و ئەو ژیاریەی تر تا ببنەبار بەسەریەوە، بەڵکو بە کاریگەری و کارتێکەرە ئیسلامیەکان نەشونمای کردووە، ھەروەھا بەپێی ڕایەڵەیەک لە مەرج و بنەما کە ئەم دینە دایڕشتوون، وە لە منداڵدانی ئیسلامیدا گەشەیکردووە نەک لە شوێنێکیتر، ھەروەھا جێگە و شوێنەواری کتێبی خوای گەورە و سوننەتی پێغەمبەر(د.خ) بە ھەموو سوچ و قوژبن و خانە و زیندوێتی و شادەمارەکانیەوە دیارە کە ھیچ توێژەرێکی باش نکوڵی لێناکات، کاتێک ئەمەمان زانی بۆمان دەردەکەوێت کە چەند تاوانمان کردووە کاتێک ئەم ژیاریەمان داوە بە خوێندکارەکانمان بە پارچە پارچەیی و لێکھەڵوەشاوی و ڕەتکردنەوەی ئەوەی کە کاریگەری ئیسلامی لەسەر ھەموو جومگەکانی ھەبێت، مەگەر لە باسی زانستە نەقڵیەکاندا کە پەیوەندی بە دانراوە کۆنەکانەوە ھەبێت کە دوورن لە ژیان و دابەزینە ناو دامەزراوە و شەقام و قوتابخانە و ناومال.

زۆر وانەمان بە خوێندکارەکانمان وتووەتەوە ھەندێجار بە درێژیی یان بەکورتی لەبارەی ھۆکارەکانی کەوتنی فڵان دەوڵەت و فیسار خیلافەت لە مێژووی ئیسلامیدا وەکو ئومەویەکان و عەباسیەکان و فاتیمیەکان و عوسمانیەکان، بەڵام ھەوڵمان نەداوە -کەمێک نەبێت- کە لەسەر دیاردەی داڕمانی ژیاری ئیسلامی لە سیاقە مێژووییەکەیدا بوەستین، بەدوور لە چوارچێوەیەکی سیاسی دیاریکراو، بۆئەوەی بەدواداچوون بکەین بۆ ھۆکارە جۆراوجۆرەکانی پەککەوتنی و دەستنیشانکردنیان بە قووڵی و ڕوونی، کە توانایەکی گرنگمان بدات بۆ ئەگەری دووبارە ھەستانەوە لە ڕێگای تێگەیشتن و درککردنی ئەو ھۆکارانەی کە بەدرێژایی چەند سەدەیەکی ڕابردوو بوونەتە ھۆی داڕمان و لەناوچوونی ئەو ژیاریە.

جارێکیتر دووبارەی دەکەمەوە پڕۆژەی ژیاری بەدیل کە لە ئومەتی ئیسلامی چاوەڕوان دەکرێت لە سەرەتاکانی سەدەی نوێدا، تێر و تەواو نابێت و سەرەتایەکی درووستی نابێت تا ھەموو ھۆکارەکانی لەناوچوونی ئەزموونی ژیاری پێشوو لەبەرچاو نەگرێت کە بوونە ھۆی پوکانەوە و داڕمانی ئەو ژیاریە، کاتێک لەو ھۆکارانە دەکۆڵینەوە و ئاگاداری ژیاری ھاوچەرخیش دەبین لە ژێر ڕۆشنایی کەڵەکەبوونی گۆڕاوەکان لە ڕووی چەندێتی و چۆنیەتیەوە لەم چەند سەدەیەی دوایدا لەناو گۆڕەپانی ئیسلامی یان دەرەوەی، دەتوانین قۆناغەکە تێپەڕێنین، و بەرەو ئامانج بڕۆین بەدەربازبوون لە ھەموو ھۆکارەکانی گێڕانەوە بۆ دواوە و پەکخستن و ڕێگری.ئەم ئەڵقەیە گرنگیەکی ئەکادیمی ھەیە لە توێژینەوەکانی ژیاریدا، بەڵام بۆ ئەزموونی ئەم سەردەمەمان لەسەروو ئەوەشەوە بەھایەکی زیاتر وەردەگرێت، چونکە یارمەتیدەر دەبێت بۆ بنیاتنانی پڕۆژە ژیاریەکە بە گەورەترین بەرچاو ڕوونی و ئاگایی.

لەژێر ڕۆشنایی ئەوەی باسکرا، وە لەپێناو تێپەڕاندنی مەنھەجی پارچە پارچەکردن و لێکھەڵوەشاندن لە لێکۆڵینەوەی ژیاری ئیسلامی، کە لە زۆربەی خوێندنگا و پەیمانگا و زانکۆکانی جیھانی عەرەبی و ئیسلامیدا پەیڕەو دەکرێت، گرنگە ئەم بابەتانەی خوارەوە بەو شێوەیە بخوێندرێن و دابەش بکرێن بەسەر ساڵانی خوێندندا، جا یان بەپێی (سیستمی ئینگلیزی) کە چوار ساڵە یاخود (سیستمی ئەمریکی) کە چوار کۆرسی خوێندنە:

ساڵی یەکەم (کۆرسی یەکەم): بنەماکانی ژیاری ئیسلامی (بنچینە و دامەزراندنی ئیسلامی بۆ کردەی ژیاری لە قورئان و سوننەتدا، ھەروەھا پڕاکتیزەکردنی لە مێژوودا لە ھەردوو سەردەمی پێغەمبەر(د.خ) و ڕاشیدین).

ساڵی دووەم (کۆرسی دووەم): گەشەسەندنی ژیاری ئیسلامی (پێدراو و ئەرک و تایبەتمەندی).

ساڵی سێیەم (کۆرسی سێیەم): پوکانەوە و داڕمانی ژیاری ئیسلامی (ھۆکارە ناوخۆیی و دەرەکیەکان).

ساڵی چوارەم (کۆرسی چوارەم): ئێستا و داھاتووی ژیاری ئیسلامی (لەسەردەمی ئاڵنگەری تەکنۆلۆجیا، باڵادەستی ڕۆژئاوا، سیستمی نوێی جیھانی، جیھانگەرایی، نوێترین تیۆریەکان لەبارەی کۆتایی مێژوو و ململانێی ژیاریەکان، پایەکانی پڕۆژەی ژیاری بەدیل، ئەگەرەکانی بەشداری دیاریکردن لە دواڕۆژی جیھان).کتێبەکەم  (دەروازەیەک بەڕووی ژیاری ئیسلامیدا – مدخل إلی الحچارە الاسلامیە) بە پێشەکی و چوار بەشەکەیەوە ھەوڵێکی ئەزمونگەراییە لەم پێناوەدا.بەڵام کتێبەکەی ترم (ڕاڤەکردنی ئیسلامیانەی مێژوو) لەوانەیە یەکەم ھەوڵی ھاوچەرخ بێت لە بواری فەلسەفەی مێژوودا بۆ ڕانانی وێنایەکی گشتگیر لە تێڕوانینی ئیسلام بۆ یاساکانی جووڵەی مێژوو، یان یاسا خواییە کارپێکراوەکان لە مێژوودا.قورئانی پیرۆز بنەماکانی (مەنھەج)ێکی تێر و تەواو پێشکەش دەکات لە بارەی مامەڵە لەگەل مێژووی مرۆڤایەتیدا، وە ئەم مامەڵەیە دەگوازێتەوە لە قۆناغی ڕانان و کۆکردنەوە بۆ ھەوڵی ھەڵھێنجانی ئەو یاسا و ڕێسایانەی دیاردە کۆمەڵایەتی- مێژووییەکان بەڕێوەدەبەن، ھەروەکو (ئیبن خەلدون) کردوویەتی لە دواتردا، بەمەش ڕێگای ڕووناک کردووەتەوە بۆ فەیلەسوفانیتری مێژوو کە دوای (حەوت سەدە) توانیویانە ئەو ئاماژانەی ئەو وەرگرن و بنیاتی تری لەسەر بنێن، ئەمەش لەوەدا بەرجەستە دەبێت کە قورئان بەردەوام جەخت لەسەر چیرۆکی پێغەمبەران و مێژووی کۆمەڵگا و ئومەتانی ڕابردوو دەکاتەوە، ھەروەھا جەخت لەوە دەکاتەوە کە (یاسا و ڕێسا) گەلێک ھەن کە جووڵەی مێژوو ملکەچیان دەبێت لە بەردەوامی و گەشەسەندن و گواستنەوە لە حاڵێکەوە بۆ حاڵێکیتر.زۆرێک لە توێژەران و فەیلەسوفانی مێژووی ھاوچەرخ کەوتوونەتە ھەڵەیەکەوە کە دەڵێن (ئیبن خەلدون) یەکەم کەس بووە کە ئەم مەنھەجەی پەیڕەوکردووە، و لەپێش ئەوەوە ھیچ ھەوڵێکی لەو جۆرە نەبووە…

ئەم مەنھەجە نوێیە کە قورئان پێشکەشی دەکات زیاد لە جارێک جەخت لەوە دەکاتەوە کە مێژوو گرنگی ئیجابی خۆی وەرناگرێت بەوە نەبێت کە بکرێتە بوارێک بۆ توێژینەوە و تاقیکردنەوە، کە ئەو بەھا و یاسایانەی لێوەربگیرێت و ھەڵبھێنجرێت کە بەبآ ئەوان ھیچ بەرنامەڕێژیەک بۆ ئێستا و داھاتوو بەدی نایەت.

لێکدانەوەی ئیسلامی بۆ تەنھا کۆمەڵێک سەلمێنراو نیە کە دوای ڕووداوە مێژووییەکان داڕێژرابێت و بیەوێت ئەو ڕووداوانە کە پێشتر ڕوویانداوە دواتر لە قاڵبیان بدات بە زۆرەملێ، بەڵکو ڕێبازێکە بەپێی شێوازی بابەتیانە بۆ ڕووداوەکان دەڕوانێت (چۆن ڕویداوە وەکو خۆی) نەک (چۆن پێویستە ڕووبدات)، وە لە سروشتی پەیکەری مێژوویی بۆ مرۆڤایەتی دەڕوانێت ، کەواتە ئەمە گەڵاڵەبوونی ھێڵە گشتیەکانی جووڵەی مێژووە کە قورئان دەینەخشێنێت لە کۆمەڵێک بنەمای گشتیدا ناویان دەنێت (یاسا سەلمێنراوەکان)، ڕاڤەکارانی ئیسلامیش وەکو خاڵی دەسپێک پەیڕەویان دەکەن بۆ تەفسیر و تێگەیشتن و درککردنی ڕەگەزەکانی جووڵەی مێژوو و ئەنجامی ڕووداوەکانی و ڕێڕەوە جۆراوجۆرەکانی، کەواتە ئەمە ڕاڤەیەکی گشتی فراوانە، ڕاستترین وێنەی ئەو یاسایانە دەخاتەڕوو کە مێژوو بەڕێوەدەبەن.

لەمیانەی وانەبێژیم بە خوێندکارانی کۆلێجی ئەدەبیات لە بابەتی (فەلسەفەی مێژوو) بۆمدەرکەوت کە ڕاڤە و تەفسیری ئیسلامی بۆ مێژوو چەند گرنگە، ئەویش بە توێژینەوەی فراوان و گشتگیر کە تێڕوانینەکەی ڕاستەوخۆ لە کتێبی خوای گەورەوە وەربگیرێت، بەشێوەیەک ڕاوبۆچوونی فەیلەسوفان و بیرمەندانی کۆن و نوآ تێپەڕێنێت، زۆرێک لەوانە کەوتوونەتە نێوان بەرداشی چیرۆکە خەیاڵیە بآ بنەماکانی ئیسڕائیلی و تێزە فەلسەفیەکانی یۆنانیەکان کە کاریگەری بتپەرستیان لەسەرە، یاخود ھەواداریی ئەقڵگەرایی سرووشتی کە لەم دوو سەدەیەی دواییدا بەبرەوبوو، ئەم کاریگەربوون و مەیلەیان بۆ ھەڵوێست و تێزی ئەوان ھەر زووبەزوو ھەڵدەوەشێتەوە و ساختەییەکەی دەردەکەوێت و ڕووندەبێتەوە کە درووستکراون لە ڕووی چۆنیەتیەوە تەنھا بە ڕانانیان ڕاستەوخۆ و پێوانیان بە پێوەر و دراوە قورئانیەکان.

دوای ساڵانێکی دوور و درێژ لە بڵاوکردنەوەی ئەم کتێبەم (کە لەلایەن دار العلم للملایین ساڵی ١٩٧٤) بڵاوکرایەوە، کارم بۆ ڕاستبوو کە دوو توێینەوەی زانستی بنووسم لە دوو گۆڤاردا بڵاوکرانەوە، یەکەمین بە ناونیشانی (تێڕوانینی قورئانی بۆ سەرھەڵدانی ژیاریەکان)، ئەوەی دووەمیشیان (تێڕوانینی قورئانی بۆ داڕمانی ژیاریەکان)، پشتیوان بە خوا لە دوو توێی کتێبێکدا لەگەل چەند توێژینەوەیەکیتر بڵاودەبنەوە کە لە ژێرچاپدان بە ناونیشانی (چەند وانەیەک لەبارەی مێژوو و ژیاری ئیسلامی).لە کتێبەکانم لەبارەی (ژیاننامە – سیرە)ی پێغەمبەر (د.خ) و کۆمەڵێک لە پیاوانی ئیسلام جەختم لە ڕاستیەکی مەنھەجی کردووەتەوە کە ئەوەیش ئەوەیە ئەگەر لە ڕەھەندی غەیبی و نادیار نەڕوانین لە درووست بوونی کەسایەتی و ھەڵسوکەوتی، ئەوا ھیچمان نەکردووە، چونکە ئێمە لە ژیانی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) دەکۆڵینەوە و باسی سوودی بوونی دەکەین، ئەم کەسایەتیانە خاڵی دەسپێکیان بریتی بووە لە ڕوانینی تیژ و دوور ، و ئەزموونی قوول لە مامەڵە لەگەل غەیب، کە دامەزراندن و چەسپاندنی ناسکترین و ترسناکترین چەمکە لەم دینەدا کە ئەوان پێوەی پابەندبوون، مژدەیان پێداوە بە خەڵکی، تێزە غەیبیەکانیان پراکتیزە کردووە، لەمیانەی ئەوەوە دنیایان بەستووەتەوە بە دواڕۆژەوە، لە ھەموو کردار و ھەڵسوکەوت و دەسکەوتێکدا ھەوڵیان بۆ داوە لە واقیعی ژیاندا، ھەر بەمشێوەیەش کتێبەکانی ترم ھاتوون (لێکۆڵینەوە لە سیرە، توێژینەوە لە ڕێبازی ڕۆژھەڵاتناسی بەریتانی ھاوچەرخ مۆنتیگمری وات، نوسینگەلێکی ھاوچەرخ لە سیرەی پێغەمبەر(د.خ)، ڕێبەری مێژوو و ژیاری ئیسلامی لە سیرەی پێغەمبەر(د.خ)دا، ڕواڵەتەکانی ھەڵگێڕانەوەی ئیسلامی لە خیلافەتی عومەری کوڕی عەبدولعەزیزدا، عیمادەدین زەنگی، نورەدین مەحمود ، پێاوێک و ئەزموونی ئیسلامی)… کە ڕەنگدانەوەی ئەم تێڕوانینە مەنھەجیەن کە جیامان دەکاتەوە وەکو ئومەت لە ھەموو ئومەت و کۆمەڵەکانیتر.

کتێبەکانم لەبارەی مێژووی ھاوچەرخ وەکو (ڕواڵەتەکانی تراجیدیامان لە ئەفریقیا، یاری ڕاستڕەو و چەپڕەو، تیشکێکی نوآ بۆ سەر یاری ڕاستڕەو و چەپڕەو، نووسینگەلێکی ئیسلامی، لەبارەی خەمەکانی فەلەستین و جیھانی ئیسلامی، یەکەمین داستانی سەدە، چەند بیرەوەریەک لە بارەی ١١ ئەیلول، ئەمریکا جارێکیتر)، تێیاندا دەیان و سەدان پرسم تاوتوێکردووە لە تێڕوانینی ئیسلامیەوە مادامێک توانی ھەیە کە قسە لەسەر ھەموو گەورە و بچوکێک بکات لەوەی کە ئەم مێژووە بەخۆیەوە بینیوە، ھەر بەو تێڕوانینە ئیسلامیەی کە پێوەری ئیسلامی ڕەسەن دەکاتەبنەما بۆ حوکمدان لەسەر ئەزموون و شارەزاییەکان.

لە کۆتاییدا نەک کۆتا قسە، من لە مامەڵەم لەگەل دەرھاویشتەکانی بزووتنەوەی ڕۆژھەڵاتناسی و تێزەکانیدا ئەوەم تێپەڕاندووە کە ڕەتی بکەمەوە و شەڕ ڕاگەیەنمی دژی، ھەروەکو ئەوەشم ڕەتکردووەتەوە کە شوێنیان بکەوم و ڕایەکانیان پەیڕەو بکەم، بەڵکو پشتم بەستووە بەم پێوەرە مەنھەجیە قورئانیە کە دەفەرموێت [ۆڵا ێجڕمَنَّکُم شَنَآنُ قَومٍ عَڵی ڕنْ ڵا تَعدِلُوا اعْدِلُوا هو أقرَبُ لِلتَّقۆی…] (سورەتی مائیدە:٨).

لە ماوەی پەنجا ساڵدا، و لەمیانەی قۆناغگەلێکی نزیک لەیەک ھەندێکجار و دوور لەیەکتری جاروبار مامەڵەم لەگەل(ڕۆژھەڵاتناسی)دا کردووە، بە خوێندنەوە و وانەبێژی و کتێب نووسین، لەماوەی کۆتایی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو تا سەرەتای دەیەی یەکەمی ئئەم سەدەیە بوارم بۆ ڕەخسا کە دەیان دانراوی ڕۆژھەڵاتناسان بە جیاوازی وڵاتیان لە ئەوروپای ڕۆژھیڵات و ڕۆژئاوا، وە بواری ئەوەم درا بابەتی (ڕۆژھەڵاتناسی) بە خوێندکارانی خوێندنی باڵا، و گفتوگۆی نامەی ماستەر و تێزی دکتۆرا بکەم کە پەیوەندیدارن بەم بابەتەوە لە زۆرێک لە زانکۆ عەرەبی و ئیسلامیەکاندا، وە کۆمەڵێک کتێبیشم دانا کە ھەندێکیان تایبەت بوون بە فکری ڕۆژئاوا و ڕۆژھەڵاتناسی، ئەوانیتر تایبەت بەم بیر و مەنھەجەی خۆم کە سەرجەمیان دەکاتە (١٤) کتێب.

ئەم کتێبانە دوو ئاڕاستەیان گرتووە، یەکەمیان ڕەخنە دەگرێت لە دراوو ودەرھاویشتەکانی ڕۆژھەڵاتناسی و ڕەتیان دەکاتەوە: ( لێکۆڵینەوە لە سیرەی پێغەمبەر(د.خ)، ئیبن خەلدون وەک ئیسلامخوازێک، لەبارەی سەرلەنوا نووسینەوەی مێژووی ئیسلامی، توێژینەوەیەکی بەراوردکاریی مەنھەجی ڕۆژھەڵاتناسی بەریتانی ھاوچەرخ مۆنتمگری وات، دەروازەیەک بە ڕووی مێژووی ئیسلامیدا)، ھەرچی ئاڕاستەی دووەمە لایەنە گەشەکانی ڕۆژھەڵاتناسی دەخەنەڕوو، وەکو: (لەبارەی ئیسلامەوە وتوویانە، ئیسلام و ڕووەکەی تری بیری ڕۆژئاوایی، دەروازەیەک  بۆ ژیاری ئیسلامی، بنەماکانی درووستبوونی عەقڵی مسوڵمان، تێڕوانینی ڕۆژئاوا بۆ ئێستا و داھاتووی ئیسلام، ئافرەت و خێزانی مسوڵمان لە تێڕوانینی ڕۆژئاواوە، قورئان لە تێڕوانینی ڕۆژئاوادا، ھونەر و بیروباوەڕ، ڕۆژئاواییەکان لەسەر ئیسلام دەدوێن)..بەھەرحال – لەدڵی خۆمدا دەمووت – ئەوە مامەڵەی مەنھەجی دادپەروەر لەگەل کەلەپوری ڕۆژھەڵاتناسیدا بەدیھات، ویچنەکە لە ھەردوو ڕوەکەوە سەیرکرا، ڕەشی تەڵخ و سپی درەوشاوە، مێژوونووس شاعیر نیە داشۆرین پیاھەڵدان بکات، بەڵکو توێژەرێکی دادپەروەرە دەیەوێت بگاتە ڕاستی بەوپەڕی بابەتیبوونەوە.

ئەو بنەمایەی کە لە ماوەی پەنجا ساڵدا بە خوێندکارەکانمم وتووە ئەوەیە خۆتان بپارێزن لە یاسای (یان ئەمەیان یاخود ئەوەیان)، بەڵکو پابەندبن بە یاسای (ئەمەشیان و ئەویشیان)، چونکە ئەمە کلیلێکی مەنھەجی زۆر وردتان دەدات بۆ مامەڵە لەگەل دیاردە و شتەکان لە سیاقی فیکر و ژیاندا، ھەروەھا قورسایی و ناڕەحەتی چەلەحانێی بآ ئەنجامتان لەسەر ناھێڵێت کە تێیدا ھەر لایەک دەست بە تێڕوانین و قەناعەتی خۆیەوە دەگرێت، ئەمە لە کاتێکدا یەکێکیان ئەویتریان تەواو دەکات، ببینن پێداگری لەو جۆرە چەند کات و ھەوڵی بردووە کە دەکرا لە کارێکی بنیاتنەردا بەگەڕ بخرایە لە جیاتی ئەوە ، پێغەمبەری خواش (د.خ) لە زیاتر لە فەرموودەیەکدا ئەوەی دووپاتکردووەتەوە.

د.ئیسماعیل سەید ئیبراھیم

لەدایکبووی ۱۹۷٨ دکتۆرا لە ئەدەبی عەرەبی پلەی زانستی پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانکۆی سلێمانی خاوەنی ٦ کتێبی چاپکراو و وەرگێڕدراوە بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی

د.ئیسماعیل سەید ئیبراھیم

لەدایکبووی ۱۹۷٨ دکتۆرا لە ئەدەبی عەرەبی پلەی زانستی پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانکۆی سلێمانی خاوەنی ٦ کتێبی چاپکراو و وەرگێڕدراوە بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی

بابەتەكانی نوسەر

Leave a Reply