هەواڵ

سەنتەری زەهاوی سەردانی پرۆژەی مزگەوت و مەدرەسەی گەورەی شوێنەواریی خورماڵ دەكات

ئەمڕۆ، پێنجشەممە (16/01/2025) شاندێكی سەنتەری زەهاوی، كە پێكهاتبوو لە بەڕێزان پ.د. سەباح بەرزنجی و پ.د. دانا بەرزنجی، هاوڕێ لەگەڵ بەڕێزان لە ناوەندی کوردستان بۆ دۆکیۆمێنت و لێکۆڵینەوەی ئەکادیمیی زانکۆی سلێمانی و ڕێکخراوی خاڵ بۆ هزر و ڕۆشنبیری، سەردانێكی مەیدانییان بۆ پرۆژەی مزگەوت و مەدرەسەی گەورەی شوێنەواریی خورماڵ کرد.

شایەنی باسە، بەڕێزانی سەرپەرشتیار و ئەندازیاران و ستافی جێبەجێكار و بەڕێوەبردنی پڕۆژەكە، بە وردی و بە داتا و زانیاریی پاڵپشتیكراو بە دیكۆمێنتی مێژوویی،  هەنگاوەکانی ئەم پرۆژەیە  پڕبەهایەیان ڕوون كردەوە و لەو پێناوەدا هەوڵێكی زۆریان خستووەتەگەڕ. 

لای خۆیانەوە شاندی سەردانیكار، وێڕای دڵخۆشییان بە پڕۆژەكە و هاندانی ستافی ماندوونەناس و دڵسۆزی، بایەخ و بەهای ئەم پڕۆژەیەیان بۆ كورد و موسڵمانان و ناوچەكە و عێراق خستەڕوو و لە گرنگیی پڕۆژەكە  بۆ ناوچەكە لە ڕووی ئابووری و گەشتیاریی و مێژوویی و كولتوورییەوە دووان، ئەمە وێڕای تۆماركردنی یاداشت و سەرنج لەسەر پڕۆسەكە بە گشتیی.

جێی ئاماژەیە، بەڕێزان حاجی عابد هەورامی و براکانی ئەرکی دروستکردنەوەی پڕۆژەكەیان لە ئەستۆ گرتووە و کۆمپانیای ڤیوپایەنیر ئەرکی دیزاین و کێشانەوەی نەخشەکانی لەسەر نەخشە و بەڵگەنامە دێرینەکان، بە خۆبەخشی، لە ئەستۆگرتووە.

مزگەوتی گەورەی خوڕماڵ و مەدرەسەكەی، پێگەیەكی مێژوویی گەورەی لە جیهانی ئیسلامییدا هەیە و لە لایەن ئەندازیارانی جێبەجێکار و دیزاینەرەوە بەڵێندراوە كە دیزاینەكەی وەكخۆی پارێزراو بێت و بۆ ئەمەش هەموو هەوڵێكیان خستووەتەگەڕ.

دەگوترێت ئەم پرۆژەیە کارێکی هاوبەشی نێوان بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئەوقاف و کاروباری ئایینی پارێزگای هەڵەبجە و بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپوری سلێمانی و بەڕێوبەرایەتیی شوێنەواری هەڵەبجە و زانکۆی سلێمانی و کۆمپانیای دیوان و کۆمپانیای ڤیوپایەنیر و نووسینگەی ڤیوگروپ و ناوەندی کوردستان بۆ هونەر و کولتوور و نوسینگەی د.محەمەد ڕەوف عەبدولقادرە.


سەنتەری زەھاوی

بابەتەكانی نوسەر

Leave a Reply