وتار

چیمان دەوێت.. شارستانیەت یان بەرهەمەكانی؟

د. عەبدولڕەزاق موقریی

و: دانــا عەلی بــەرزنجی

 

بیرمەندی گەورە مالیک بن نەبیی، سەبارەت بە پەیوەندیی شارستانیەت بە بەرهەمە شارستانییەكانەوە، دەستەواژەیەکی جوانی هەیە کە تیایدا دەڵێت: “پێوەری گشتیی لە پرۆسەی شارستانیەتدا، ئەوەیە کە شارستانیەت ئەو كیانەیە كە بەرهەمەكانی دێنێتە كایەوەوە”، بێگومان جۆرێكە لە گاڵتەجاڕیی، ئەگەر بمانەوێت ئەم ڕێسایە پێچەوانە بكەینەوە؛ کاتێک كە بمانەوێت شارستانیەتێک لە بەرهەمەکانی دروست بکەین. من لە بەشدارییەکی فیکرییدا لە کتێبەکەم بە ناونیشانی “هەستانەوەی شارستانی و ئاڵینگاریی پەڕینەوە”دا ڕوونمکردوەتەوە، کە “بەرهەمی شارستانیی دواقۆناغە لە ڕێگای سەرهەڵدانی شارستانیەتەکاندا”، تێیدا ئەوەم ڕوونکردووەتەوە کە شارستانیەت لە بیرۆکەیەکەوە دەستپێدەکات، کە مرۆڤێک هەڵیگرتووە و گروپێکی پێ دروستدەکات، دواتر بیرۆکەکە لە کۆمەڵگادا بڵاودەبێتەوە، هەر كات بیرۆكەكە جێی خۆی كردەوە و ڕەگوڕیشەی لە کۆمەڵگادا داکوتیی، بێگومان دەگوازرێتەوە بۆ دەوڵەت و ڕێنێسانسێک دروستدەكات؛ خۆ ئەگەر لە دەوڵەتدا جێگیر ببێت و دەستبکات بە بەرهەمهێنانی بەرهەمی ماددی و مەعنەویی، کە لە گۆڕەپانی جیهانییدا ڕکابەری بكات، ئەوا دەچێتە ئاستی شارستانیەتی جیهانییەوە.

یەکێک لە دەرکەوتەکانی گەیشتنی گەلان بە ئاستی سەرکردایەتیی شارستانیی ئەوەیە کە بەرهەمە مەعنەوییەكانی سەرنجڕاکێش بن و گەلان بەدوایدا بگەڕێن و بكەونە ژێر کاریگەرییانەوە و بەرهەمە ماددییەکانیان لە بازاڕە جیهانییەکاندا توانای کێبڕکێیەکی بەرزیان هەبێت.

هەموو شارستانیەتەکان هەر وابوون و شارستانیەتی ئیسلامییش هەر وابووە، ئەوەتا لە سەردەمی گەشەسەندنیدا، لە ناوەڕاستی سەدەی نۆیەمەوە تا کۆتایی سەدەی ١٤ی زایینی، لە بوارە جۆراوجۆرە زانستیی، هونەریی، ئەدەبیی، ئابوورییەكان، لە شارنشینیی و کشتوکاڵ و پیشەسازیی و فەلەکناسیی و کیمیا و بیرکاریی و پزیشکیی و ئەوانی تر، پێشەنگیی هەموو جیهانی گرت، بۆیە لە هەموو لایەكەوە پێی كاریگەر بوون و خوێندکارانی ناوچە جیاوازەکانی جیهان ڕوویان تێدەكرد، و نەتەوەکانی تر لاسایی بەشێکی زۆری شێوازی ژیانیان دەکردەوە و هەموو ئەوانەشی كە تامەزرۆی زانست و فەلسەفە و حیکمەت و ئەدەب و سیاسەت بوون، خۆیان فێری زمانەكەی دەكرد، بەمەش زمانی عەرەبی تێكەڵی زمانە جۆراوجۆرەکان بوو؛ بوونی بنەچەی عەرەبیی ژمارەیەكی بێشوماری زاراوە لە زمانەکانی وڵاتانی ئەوروپادا، بەڵگەی ئەمەیە.

پاشان و پێگە و قەڵەمڕەوی شارستانیەتی ئیسلام لە سەدەی پازدەهەمەوە پاشەكشەی كرد و بەرەودواوە هەنگاوینا، لەو قۆناغەدا كە بن نەبیی ناوی قۆناغی پاش یەكتاپەرستانی لێنا، کە قۆناغی خۆشڕابواردن و دوورکەوتنەوە لە ڕێنمایی قورئانی و ڕێنمایی سوننەتی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) بوو؛ تێیدا جیاوازی نێوان پاشا و شازادەکان زۆر بوو و هەوڵە زانستییەکان وەستان، ئەمەش بووە هۆی لاوازی لە بەرامبەر مەترسییەکانی مەغۆل و خاچدرووشمان و ئەگەر بە یارمەتی مەمالیک و تورکەكان نەبوایە، ئەوا هەر زوو ئوممەت لەناودەچوو، بەڵام هەستانەوە و ڕابوونی ئەو غەیرەعەرەبانەی كە سەركردایەتیی موسڵمانانیان کرد لە سەردەمی دەوڵەتانی باروت و دواتر خیلافەتی عوسمانیی ئیسلامیی، کە دەوڵەتی سەربازیی و ئیداری بوون، هەرچەندە بۆ چەندین سەدە دەوڵەتیان سەقامگیر کرد، بەڵام نەیانتوانی پاشەكشەی شارستانیەت ڕابگرن، کە لەو سەردەمەدا، لە ئەوروپا ڕێنسانس و چاکسازیی ئاینیی هەبوو.

لە سەرەتای سەدەی بیستەمیشدا، دوا دەوڵەت کە نوێنەرایەتی ئیسلامی دەکرد، لەگەڵ ڕووخانی خیلافەتی عوسمانیدا ڕووخا، ئیدی کۆلۆنیالیزم لە هەموو وڵاتانی ئیسلامیدا جێی گرتەوە و داڕمان لە هەموو لایەكەوە و لە بوارە زانستی و سیاسی و ئابووریەكاندا قووڵتر بووەوە و دەرکەوتەكانی نەزانی و هەژاری و نەرێنیبوون و تەمبەڵی و بێدەسەڵاتی زیاتر بە جەستەی ئوممەتی ئیسلامیدا بڵاوبوونەوە؛ دواتر ئەو ڕێسایە لە کۆمەڵگا ئیسلامییەکاندا بەرجەستەبوو، كە ئیبن خەلدون دایڕشتبوو؛ كە “هەمیشە دۆڕاو حەزی لە لاساییکردنەوی براوەیە”، بۆیە لەبری ئەوەی بەدوای هۆکارەکانی داڕماندا بگەڕێت و هۆکارەکانی پێشکەوتن بگرێتەبەر بۆ ڕكابەریكردنی بەرهەمە مەعنەوی و ماددییەکانی شارستانیەتی ڕۆژئاوا، ئاڕاستەی گشتیی لە ئوممەتدا بریتی بوو لە بەدەستهێنانی بەرهەمەکانی شارستانیەتی ڕۆژئاوا؛ هەر لە ڕێباز و سیستەم و سیاسەتەوە، تا دەگاتە پێداویستی و ئامرازەکان و بەها و کولتوورەکان.

بن نەبیی لە وێناكردنی ئەم بارەدا دەڵێت: “لەكاتێكدا ئێمە لە سەدەی بیستەمداین، لە جیهانێکدا دەژیین کە درێژبوونەوە و فراوانبوونی شارستانیەتی ڕۆژئاوا وەک یاسایەکی مێژوویی سەردەمی ئێمە خۆی نیشان دەدات؛ ئەوەتا لەو ژوورەی کە ئێستا تێیدا دەنووسم، هەموو شتێک ڕۆژئاواییە، جگە لەو “گۆزە”یەی کە لەبەردەممدا دەیبینم.”

مالیک بن نەبیی وای نابینێت -و ڕاستیش دەکات- کە وازهێنان لە هەموو بەرهەمە ڕۆژئاواییەکان مومکین بێت، بۆیە دەڵێت: “کەواتە ئەوە شتێکی بێمانایە کە دیوارێكی ئاسنین لە نێوان ئەو شارستانیەتەدا دابنێین کە جیهانی ئیسلامی دەیەوێت بەدەستی بهێنێت، لەگەڵ شارستانیەتی ڕۆژئاوا.” بەڵام گرفتە گەورەكە ئەوەیە کە موسڵمانان پێیان وایە هەموو شتێکی شارستانیەتی براوە بۆ ئەوان بە كەڵكە، نموونەش بە حاڵەتی نەخۆشێک دەهێنێتەوە کە دەچێتە ناو دەرمانخانەیەکەوە و دەیەوێت “لە نەخۆشییەک چاك ببێتەوە کە هیچ لەبارەیەوە نازانێت”، و ناشزانێت چ دەرمانێک بۆی گونجاوە. لاساییکردنی کوێرانە ڕەنگە خاوەنەكەی بەرەو مردنی شارستانیەت ببات، بەبێ ئەوەی بزانێت، وەک ئەو مرۆڤە دەوڵەمەندانەی ناو میللەتەکەمان کە هیچ کام لە بەرهەمەکانی شارستانیەتی ڕۆژئاوا لەدەست نادەن و هەمووی بەدەستدەهێنن و بڕواشیان وایە كە ئەوە بەڵگەیە لەسەر شارستانیی بوونیان، بەڵام لە واقیعدا لە ڕووی فیکری و دەروونی و پەیوەندی و ڕەفتارییەوە لە نزمترین ئاستی دواکەوتووییدان، ئەگەرنا شوانێک کە لە وڵاتێکی شارستانیدا دەژیت و خاوەنی سامانێكی زۆر نییە، لە هەمان ئاستبەرزیی شارستانییدا دەیبینێت کە پزیشکێک یان ئەندازیارێک لە هەمان کۆمەڵگادا هەیەتی، بەپێی ئەو نموونەیەی کە مالیک بن نەبیی لە کتێبی مەرجەکانی ڕێنسانسدا سەبارەت بەم دۆخە دەیخاتە ڕوو.

التي تضمن تفوقها

شارستانیەت و بەرهەمەکانی

کاتێک مالیک بن نەبیی دەڵێت “شارستانیەت ئەوەیە کە بەرهەمەکانی دێنێتە كایەوە”، بەردەوام دەبێت و دەڵێت: “بە دڵنیاییەوە بۆ ئێمە پێکەنیناوی و گاڵتەجاڕانە دەبێت کە ئەم یاسایە پێچەوانە بکەینەوە کاتێک دەمانەوێت شارستانیەتێک لە بەرهەمەکانی دروست بکەین”. ڕوونی دەکاتەوە کە لە هەموو حاڵەتەکاندا ناتوانرێت، و نابێت، بەرهەمە شارستانییەكان کەڵەکە بکرێن، كە شتێکە نە لە ڕوانگەی عەقڵانییەوە بە لە ڕوانگەی و پراکتیکییەوە ئەنجامی دەبێت؛ لە ڕووی چۆنێتییەوە، شارستانییەتی ڕۆژئاوا بە جارێك هەموو ئەو شتانەمان پێ نافرۆشێت كە بەرهەمی دەهێنێت ئەو شتانەشی كە لەخۆیانی دەگرن؛ ئەو ناتوانێت ڕۆحی خۆی و بیرۆکەکانی و سامانی خودی و سەلیقەی خۆیمان پێ بفرۆشێت”. بەڵام بە كردەیی شارستانیەتی ڕۆژئاوایی بەرهەمەكانی خۆیمان بە جۆرێك پێ دەفرۆشێت كە بە بەكاربەر بمێنینەوە، نەك ببینە بەرهەمهێن، بەتایبەت لەوەی كە پەیوەستە بەو بەرهەمە ستراتیژییانەوەی كە باڵادەستیی خۆی زامن دەكەن.

لە ڕووی چەندایەتییەوە، ناتوانین ئەو سەرمایە زۆرە دابینبکەین کە بتوانین ئەو ژمارە زۆرەی شتەکان بکڕین کە شارستانیەتی ڕۆژئاوایی بەرهەمی دەهێنێت، هەروەها کۆمەڵگاکانمان ناتوانن هەموو ئەم شتانە وەربگرن و ئیستیعابی بكەن، هەروەها ناتوانن هەموویان بەبێ ئامادەبوونی پێویستی دروستکەرەکانیان بەڕێوەیان ببەن؛ خۆ كاتێكیش سەرمایە ئامادەبوو و بەرهەمەکانیش كەڵەكە بوون، ئیدی ئەوە “شارستانییەتی شتیی” یان كۆپیی لاساییکەرەوەی شارستانیەتە، نەك شارستانیەت، ئیدی كەموكووڕی وعەیبەکەش هەر لە یەکەم ڕۆژەوە دەردەکەوێت کە ئەوە جگە لە دواکەوتوویی هیچی تر نییە، دواكەوتووییەك كە خۆی بە شتێك دەڕازێنێتەوە كە نە هی خۆیەتی، نە دەیڕازێنێتەوە. جگە لەوەش، بەرهەمە شارستانییەكانی نەتەوەی باڵادەست هەندێک جار هەڵگری بەهاگەلێكن كە دژی بەهاکانی ئێمەن، بەتایبەتی ئەگەر شارستانیەت لە قۆناغی خۆشڕابواردن و ئاوابووندا بێت، لەبری ئەوەی ئەو بەهایانە وەربگرێت کە وایکردووە ئەو شارستانییەتە لە سەرەتاوە هەستێتەوە، ئەو بەهایانە وەردەگرین کە لە کۆتاییدا دەبنە هۆی لەناوچوون. هەربۆیە، ئەگەر بەدەستهێنانەکە عەقڵانیی نەبێت، بەرهەمە شارستانییە بارگاویكراوەكان بە ژەهر، ڕێسا بنەماییەكانی هەستانەوە و پێشكەوتنی شارستانیمان لەناودەبەن.

 

 

 

پ.د. دانا عەلی بەرزنجی

د. دانا عه‌لی به‌رزنجی پڕۆفیسۆر له‌ زانسته‌ رامیارییه‌كان/ له‌ زانكۆی سلێمانی. له‌ دایكبووی: به‌رزنجه‌/ 1980 خاوه‌نی چەندین كتێب و چه‌ندین توێژینه‌وه‌ى زانستی و وتاره‌ به‌ زمانی كوردی و عه‌ره‌بی.

پ.د. دانا عەلی بەرزنجی

د. دانا عه‌لی به‌رزنجی پڕۆفیسۆر له‌ زانسته‌ رامیارییه‌كان/ له‌ زانكۆی سلێمانی. له‌ دایكبووی: به‌رزنجه‌/ 1980 خاوه‌نی چەندین كتێب و چه‌ندین توێژینه‌وه‌ى زانستی و وتاره‌ به‌ زمانی كوردی و عه‌ره‌بی.

Leave a Reply