ڕێزگرتن لە پسپۆڕیی!
ن: فەتحی حەسەن مەلکاوی
و: دانــــا عه‌لی به‌رزنجی
ناوبەناو باس لەبنه‌مای ڕێزگرتن لەپسپۆڕییه‌كان ده‌كرێت و گشتاندن بۆ ئەم پرەنسیپە ده‌كرێت، كه پێویسته‌لە زانستە شەرعییەکانیشدا ڕێز لە پسپۆڕیی بگیرێت. مەعقول نییە – بە پێی ئەم پرەنسیپە – ڕێز لە بۆچوونی پزیشکێک لەسەر بابەتێکی پزیشکییان ئەندازیارێک لەسەر بابەتێکی ئەندازیاری بگرین و ڕێز لە بۆچوونی فەقیهێك لە بابەتێکی فیقهیدا نه‌گرین. ئەم وته‌یه لە بنەڕه‌تی گشتیی‌دا ڕاستە، ئێمەش به به‌ڵگه ده‌یهێنینه‌وه بە وەرگرتنی ئیلهام لە واتا کراوەکانی ئه‌و وتەیه‌ی خودای گەورە:”فأسالوا أهل الذكر إن كنتم لا تعلمون”، واته: “ئەگەر نازانن لە ئەهلی زیکر بپرسن”، هه‌روه‌ها ئەوەی لە سوننەتی پێغەمبەردا هاتووە، سەبارەت بەو تایبه‌تمه‌ندییه جیاوازانه‌ی كه هەندێک له هاوەڵانی پێ جیا كراونه‌ته‌وه، بۆ نموونه پێغه‌مبه‌ر (دروودی خوای له‌سه‌ر) ده‌فه‌رموێت: “بەڕەحمترینی ئوممه‌ته‌كه‌م بۆ ئوممه‌ته‌كه‌م ئەبوبەکرە و توندترینیان سه‌باره‌ت به ئایینی خودا عومەرە و به‌شه‌رمترینیشان عوسمانه و دادگه‌رترینیان عەلییه و شاره‌زاترینیان له زانستی میراتبه‌شكردندا زەیدی كوڕی سابته و شاره‌زاترینیان له قورئانخوێندندا ئوبه‌ییه و شارەزاترینیان به حه‌ڵاڵ و حەرام موعازی كوڕی جەبەله. هه‌موو ئوممه‌تێكیش ئه‌مێنێكی هه‌یه؛ ئه‌مینی ئه‌م ئوممه‌ته‌ش ئه‌بو عوبه‌یده‌ی جه‌ڕڕاحه”، بەڵام پابه‌ندبوون به بنه‌مای ڕێزگرتنی پسپۆڕییه‌وه به شێوه درووسته‌كه‌ی، لە ژیانی هاوچەرخماندا، پێویستی بەڕەچاوکردنی کۆمەڵێک پرس هەیە، لە نێوانیاندا بۆ نموونە ئاماژە بە حەوت پرس دەکەم:
یەکەم: پسپۆڕیی لە بواری پزیشکی، ئەندازیاری، کشتوکاڵ، یان بواره‌كانی تر، یەکێکە له‌و بابه‌تانه‌ی كه فه‌رزی كیفایه‌ن (واته هه‌ندێك كه‌س له كۆمه‌ڵگه‌دا پێی هه‌ڵبستن، له‌سه‌ر ئه‌وانی تر لا ده‌چێت)، به‌ڵام بوونی زانیاری سەبارەت ئیسلامێتیی موسڵمان و باوه‌ڕی باوه‌ڕدار و زانیاریی پێویست سه‌باره‌ت به ئایین، ئه‌وه فه‌رزی عه‌ینه له‌سه‌ر هه‌موو موسڵمانێك پێویسته بیزانێت، ته‌نانه‌ت كه‌سێكیش كه له بواری پزیشكی یان ئه‌ندازیاری یان كشتوكاڵی و بواره‌كانی تریشدا پسپۆره. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، هه‌ر له زانسته‌كانی شه‌ریعه‌تدا بابه‌ت هه‌یه فه‌رزی كیفایه‌یه؛ بۆ نموونه پێویست نییه هه‌موو موسڵمانێك زانستی وردی هه‌بێت له‌باره‌ی كۆمه‌ڵێك بابه‌تی وه‌ك فیقهی میرات، یان مامه‌ڵه‌ی بازرگانیی، یان بابه‌ته پسپۆڕییه ورده‌كانی بواری دادوه‌ری و فێركردن، چونكه ئه‌م پرسانه فه‌رزی كیفایه‌ن بۆ ئوممه‌ت، به‌ڵام بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه به‌رپرسیارێتیی ئه‌و بابه‌تانه ده‌گرنه ئه‌ستۆ، ده‌بنه فه‌رزی عه‌ین.
دووەم: ئەگەر دروست بوو بڵێین پێویسته لە زانستە شەرعییەکاندا ڕێز له پسپۆڕیي بگیرێت، ئەوا پێویستە تێبینی ئەوە بکرێت کە ئایا ڕێگاکانی بەدەستهێنانی پسپۆڕی چین؟ چونكه ڕه‌نگه پسپۆڕیی بە خوێندن لە دامەزراوە ئەکادیمییەکان و بەدەستهێنانی بەرزترین بڕوانامەی تێیدا بەدەست نه‌یه‌ت؛ ئه‌وه‌تا لەنێو ئەو ژمارە زۆرەی دەرچووانی بەرزترین پرۆگرام و بڕوانامەی زانستیی له زانستە شەرعییەکاندا، تەنیا چەند کەسێک دەبینینەوە کە بۆ نازناوی زانا لە پسپۆڕییەکەیاندا گونجاون، کە توانای دەرکردنی فەتوایان لە بابەتەکانی ئەو پسپۆڕییه‌دا هەیە. هەمان شتیش لەسەر هەڵگرانی بڕوانامه‌ی باڵا لە پسپۆڕیی زمانی عەرەبیدا دەگوترێ و ڕه‌نگه به لاده‌ر و لاواز و بێتواناش وه‌سف بكرێن له‌وه‌ی كه ده‌یڵێن یاخود ده‌ینووسن.
له هه‌مانكاتدا، بەشێک لەو کەسانەی کە لە بوارەکانی زانستە شەرعییەکان و زمانی عەرەبیدا لە بەرزترین ئاستەکانی ئەدای کاردا ناسراون، لە دامەزراوە تایبەتمەندەکانی زانستە شەرعییەکانیان زمانی عەرەبیی نەیان خوێندوە و بەشێکیشیان به‌تواناتربوون لەوانەی كه لەو دامەزراوانەدا خوێندوویانە، بێگومان خوێنەر ده‌توانێت چه‌ندین نموونەی له‌م جۆره، لە واقیعی هاوچەرخماندا، بێنێته‌وه بیری خۆی. جگە لەوەش، هەندێک لەو کارامەییه تەکنیکی و پراکتیکیانەی کە مرۆڤ لەڕێگەی پراکتیک و ئەزموونی ڕاستەوخۆوە بەدەستی دەهێنێت، وا لە خاوەنەکەی دەکات کێشەیەکی چارەسەرنەکراو چارەسەر بکات، کە پسپۆڕێک ناتوانێت لەڕێگەی شێوازی خوێندن و هەڵگرتنی بڕوانامەی ئەکادیمیی چارەسەری بکات. دەتوانین هەمان شت لەبارەی کەسێکەوە بڵێین کە خاوەنی به‌رچاوڕوونیی و دیدێکی هزریی کاریگەرە، ئەمەش وای لێدەکات بتوانێت بیرۆکەگه‌لێك له بواری لە سیاسەت، ئابووری،یان پەروەردەدا بخاتەڕوو، کە پسپۆڕانی خاوەنبڕوانامە لەم بوارانەدا ناتوانن هاوشێوه‌كه‌ی بخه‌نه‌ڕوو.
سێیەم: ڕێزگرتن لە پسپۆڕی ورد لە لقەکانی زانستە شەرعییەکاندا، مەرج نییە بەو مانایە بێت کە پسپۆڕ لە لقێکی دیاریکراوی ئەو زانستانه‌دا، شارەزاتر بێت لەو لقەدا له پسپۆڕی لقێكی تر، ئه‌وه‌تا هه‌یه هەڵگری بڕوانامەی به‌كالۆریۆسه لە زانستە شەرعییەکاندا، بەبێ ئەوەی پسپۆڕیی لە لقێکی ئه‌و زانسته‌دا هه‌بێت، له فیقهدا له‌و كه‌سه شاره‌زاتره كه بڕوانامەی دكتۆرای لە فیقهدا هەیە، هه‌روه‌ها لە لێکدانەوەی قورئاندا شاره‌زاتره له كه‌سێك كه بڕوانامەی زانکۆیی باڵایان لە بواری لێکدانەوەی قورئاندا هەیە و.. به‌و شێوه‌یه. کەواتە مەرج نییە پسپۆڕیي لە فیقهدا فەقیهـ بەرهەم بهێنێت، هەروەها پسپۆڕی لە تەفسیردا مەرج نییە ڕاڤه‌كاری قورئان “موفه‌سیر” بەرهەم بهێنێت و پسپۆڕی فەرموودەش مەرج نییە فه‌رمووده‌ناس بەرهەم بهێنێت،….تایبەتمەندی زانا بۆ ئەو کەسانە دەمێنێتەوە کە دەسەلمێت کە توانایەکی دیاریکراویان له لێکۆڵینەوە لەو پرسانه‌ی كه ده‌خرێنه به‌رباس هه‌یه، له سه‌رچاوه‌كانی خۆیه‌وه و به ئامرازی خۆی و بۆ مه‌به‌ستی خۆی. سەرچاوەی مەعریفەی گونجاو بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر هەر بابەتێک هەرچییەک بن، پێویسته زانینی وەحی و ئەزموونی مرۆیی پەیوەست بە بابەتەکەیان تێدا ئاوێته بکرێن، ئامرازەکانیش هەرچییەک بن، دەبێت زانستی هەسته‌كی و حوکمه عەقڵانیییه‌كان ئاوێته بكرێن، مەبەستەکانیش هەرچییەک بن، پێویسته مەبەستەکانی پەیوەستبوون به خوای تاكانه‌وه و پاڵفته‌كردنی مرۆڤی جێ‌نشین و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی جیهانی ڕامكراو ئاوێته و تێكه‌ڵ بكرێن.
چوارەم: ئەگەر ڕێزگرتن لە پسپۆڕیی لە هەموو پسپۆڕییه‌كاندا ڕاست بێت، ئەوا هەرکەسێک لێکۆڵینەوە لەسەر بابەتێک ئەنجام بدات و لە سه‌روبه‌ری بابه‌ته‌كه تێبگات، بەگه‌ڕانه‌وه بۆ سەرچاوە پێویستەکانی زانیاری لە پسپۆڕییه جیاوازەکانەوە، ڕەنگە له كه‌سانی تر زیاتر بتوانێت ڕوونی بکاتەوە کە ڕووه درووسته‌كه تێیدا چییه، بۆیە ئەو لەم حاڵەتەدا به‌خاوه‌ن پسپۆڕیی له‌و بواره‌دا هه‌ژمار ده‌كرێت، بەبێ گوێدانە پێشینەي پیسپۆڕیی ڕەسەنی خۆی. بۆتە نۆرمێکی زانستی کە ئه‌و توێژینەوە زانستییه‌ی کە لەلایەن توێژەرێکیان تیمێک له توێژەرانەوە ئەنجام دەدرێت، پەسەند نەکرێت،تا لەلایەن هاوتاکانی لەسەر ئاستی زانستی توێژەریان بەرزتر لەخۆی قبوڵده‌کرێت،كه هەندێکجار به هه‌ڵسه‌نگاندنی كوێرانه ناوده‌برێت و جاری واش هه‌یه لە ڕێگەی گفتوگۆی ئاشكراوه هه‌ڵده‌سه‌نگێنرێت، كه تیمێكی پسپۆڕ ئەنجامی دەدات. خۆ ئه‌گه‌ر كاروباری هه‌ڵسه‌نگاندن و گفتوگۆ بە پێی پێوه‌ره زانستییه‌كان و له سایه‌ی بێگه‌ردیی ئه‌خلاقیدا به‌ڕێوه بچێت، ئەوا مافی خۆمانە بڵێین: كه‌سی پسپۆڕی بابەتێکی دیاریکراو کە دەبێت ڕێز لە پسپۆڕییەکەی بگیرێت، توێژەری ئەو بابەتەیە.
پێنجەم: بوارەکانی مەعریفە لە دونیای هاوچەرخدا فراوان و ئاڵۆز بوون، ئەمەش گرنگیی تاکزانای کەمکردووەتەوە، کە فەتوا لەسەر هەندێک لە پرسەکانی زانستە شەریعەتەکان دەردەکات. هه‌روه‌ها وایكردوه پێویستمان به ئیجتیهادی بەکۆمەڵ هەبێت، كه لە دامەزراوە تایبەتمەندەکاندا کەسانێک کە پسپۆڕن لەو پرسەی کە ده‌خرێته به‌رباس، كۆ بكرێنه‌وه یان پشتیان پێ ببه‌سترێت. لێرەدا ڕێزگرتن لە پسپۆڕی، پێویستیی ئاماده‌یی فیقهـ و زانیاریی تیۆری و پراکتیکیی پەیوەست بەو پرسەی کە لە بوارەکانی زانستە شەرعییەکان و زانستەکانی دیکەدا خراوەتەڕوو، پشتڕاست دەکاتەوە.
شەشەم: ڕێزگرتن لە پسپۆڕی بەو مانایە نییە کە پێویست بە وردبینی لەو کەسانە ناکات کە بانگەشەی پسپۆڕی دەکەن، ئەمەش هەموو پسپۆڕییەک لە زانستە شەرعییەکانیان هەر زانستێکی دیکە دەگرێتەوە. دزیکردن، خراپبه‌كارهێنان و هەڵەکردن -بە مەبەستیان بەبێ مەبەست- لە هەموو پسپۆڕیییه‌كاندا بوونی هه‌یه و زانراون، چەند جارمان بیستووه سه‌باره‌ت به هەڵەلە دیزاینی ئەندازیاری، هەڵەی جێبەجێکردن، هەڵەی پزیشکی، لایەنگری لەهه‌ڵوێسته دادوەرییەکان و دەستکاریکردنی حساباتی دارایی! هەروەکچۆن بیستوومانه سه‌باره‌ت بە زانایانی سوڵتانەکان و ئەو زانایانەی كه چه‌قبه‌ستوو و كلاسیكی بوون و موباحیان حه‌رام كردووه، یاخود ڕێگه‌یان به كردنه‌وه‌ی ده‌رگای فه‌ساد داوه له مامه‌ڵه و هه‌ڵسوكه‌وتدا! بۆیە ڕێزگرتنی شایستە نابێت بۆ پسپۆڕیی بێت، بەڵکو بۆ ئەو پسپۆڕەیە کە شارەزایه له پسپۆڕییەکەیدا و بە فۆرمە سودبەخشەکانی پراکتیزەی دەکات، لە هەموو پۆلەکانی پسپۆڕی زۆرمان له‌و کەسانە بینیوه کە شایەنی ڕێز نین، تەنانەت ئەگەرئه‌مه له‌و ڕێزپه‌ڕانه‌ش بێت كه جه‌خت له ڕاستی ڕێساكه ده‌كاته‌وه.
حەوتەم: هیچ پسپۆڕییەک نییه کە لە ئاستێکی دیاریکراودا بوەستێت، چونکە زانین و ئەزموون و لێهاتوویی لە هەر پسپۆڕییەکدا ئاسۆی گەشەکردن و په‌ره‌سه‌ندن و زیادبوون به‌ڕوویدا كراوه‌یه، ئه‌گه‌ر ئێمه ڕێز له پسپۆڕێك بگرین كه لانی كه‌می پسپۆڕییه‌كه‌ی به‌ده‌ستهێناوه، ده‌بینین له زۆر باردا پێویستمان به كه‌سێك ده‌بێت كه زانایی و شاره‌زایی له‌و پسپۆڕییه‌دا له‌م زیاتره، ئەمە بۆ هەموو پسپۆڕییه‌کان ڕاستە، بە زانستە مرۆیی و کۆمەڵایەتی و سروشتی و جێبه‌جێكاری و تیۆری، و زانستە شەرعییەکانیشه‌وه. هه‌ر بۆیه ده‌بینین كه پله‌به‌ندیی له بەدەستهێنانی پسپۆڕیی لە دامەزراوە فێركارییه زانکۆییه‌كاندا هه‌یه، کە بریتییه له جیاکردنەوەی خاوەن بڕوانامەی یەکەم و دووەم و سێیەمی زانکۆ، لە پسپۆڕیی گشتییەوە بۆ پسپۆڕیی ورد، بۆ پسپۆڕییەکی وردتر. هه‌روه‌ها ده‌بینین پلەبەندیی لە بەدەستهێنانی ئەزموونی پراکتیکی لە پراکتیکی پسپۆڕیداهه‌یه، تا ده‌گه‌ین به‌ڕاوێژکار و پسپۆڕ. پێش و دوای ئەوەش له کەسانی داهێنەر و تێڕوانین و داناییمان بینیوه كه ئامۆژگاری و ئەزموون پێشکەش بە پسپۆڕان دەکەن کە کەمتر پێویستیان بە پێ‌زانین و ڕێز نییە لەڕێزگرتن لە پسپۆڕی ئەوانەی پسپۆڕییان هەیە.
خودا زاناتره به ڕاستی و درووستی و لە سەرووی هەموو خاوه‌نزانستێكیشه‌وه زانایه‌كی باڵاتر هه‌یه.