هزری سیاسی ئیسلامیی: گرفتی میتۆد و ده‌روازه‌كانی چاكسازی
هزری سیاسی ئیسلامیی یه‌كێكه له‌و بابه‌ته فره‌ڕه‌هه‌نده گرنگ و پڕبایهخانهى كه به درێژایی مێژووى ناوه‌نده فكری و ئه‌كادیمیه‌كان و بیریار‌و پسپۆڕان گرنگیان پێداوه، به‌ڵام تا ئێستا نه‌توانراوه له خوێندنه‌وه‌و شیكردنه‌وه‌یه‌كی گشتگیر‌و تێروته‌سه‌لدا بخرێته به‌رده‌ست، هۆكاری ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ چه‌ند خاڵێك كه دیارترینیان په‌یوه‌ندیی به سروشتی بابه‌ته‌كه‌و زیندوییهتییهوه هه‌یه له لایه‌ك، له‌لایه‌كی تریشه‌وه دیدجیایی میتۆد جیایی و ئامانج جیایی و گشتنهبینی به دیارترین فاكته‌ره‌كانى ده‌ژمێررێن.
دوو له دیارترین ئه‌و گرفتانه‌ى به‌رده‌وام له باسی هزری سیاسی ئیسلامی‌دا دێنه‌پێشه‌وه، بریتین له جۆری میتۆی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌و هزره له لایه‌ك و كاروانى چاكسازىو نوێگه‌ری له‌و هزره و دهروازهكانیو له‌مپه‌ره‌كانی به‌رده‌می له لایه‌كی تره‌وه.
لێره‌دا گریمانه‌ى ئه‌وه ده‌كه‌ین كه هزری سیاسیی ئیسلامیی له ئێستادا پێویستییه‌كی هه‌نووكه‌یی هه‌یه بۆ چاكسازی و نوێگه‌ری، سه‌ركه‌وتنى هه‌ر نوێگه‌ری و چاكسازییه‌كیش و به ستراوه به‌وه‌ى كه: یه‌كه‌م: ئایا تا چه‌ند سه‌ركه‌وتووه له به‌كارهێنانی میتۆدی گشتگیر و هه‌مه‌لایه‌نه له داڕشتنه‌وه‌ى ئه‌و هزرهو مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵیدا، دووه‌م ئایا تا چ ئه‌ندازه‌یه‌ك ده‌توانێت به پشتبه‌ستن به پرنسیپی مه‌به‌سته‌كانی شه‌ریعه‌ت به دیدێكی سه‌رده‌مییانه‌ى واقیعییانه دووباره خوێندنه‌وه‌ى ورد بۆ ده‌قه‌كانی قورئان و سوننه‌ت بكات، سێهه‌م: ئایا تا چه‌ند له توانایدایه خۆی بپارێزێت له پابه‌ندبوونى كوتومت به كه‌له‌پوری سیاسیی ئیسلامییه‌وه و به ئهقڵییهتێكی كراوه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ كه‌له‌پوری خود و به‌رهه‌می ئه‌وانى تر ده‌كات له‌پێناو بنیادنانی دید و تێڕوان و تیۆرى نوێ وچاكسازى ونوێگهریى هزری سیاسیی ئیسلامییدا.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى بابه‌ته‌كه ئاڵۆز و فره‌لایه‌نه‌و ڕه‌نگه نه‌توانرێت له باسێكی ئاوا كورتدا هه‌موو ڕه‌هه‌نده‌كانى شیبكرێته‌وه، ئێمه هه‌وڵ ده‌ده‌ین به دابه‌شكردنێكی لۆجیكییانه بابه‌ته‌كه سانا بكه‌ینه‌وه. سه‌ره‌تا وه‌ك ده‌روازه‌یه‌كی گرنگ پێویسته‌له باسی یه‌كه‌مدا تیشك بخه‌ینه سه‌ر چییه‌تیی هزری سیاسیی ئیسلامی و سه‌رچاوه‌كانی و پره‌نسیپه گشتییه‌كانی، پاشان له باسی دووه‌مدا شیكردنه‌وه‌یه‌ك بۆ گرفتی میتۆد له هزری سیاسی ئیسلامییدا ده‌كه‌ین، دواتر باسی سێهه‌م ته‌رخان ده‌كه‌ین بۆ پرسی چاكسازی و نوێگه‌ریی له هزری سیاسیی ئیسلامییدا له ڕووی له‌مپه‌ر و دهروازهكانییهوه، له كۆتاییدا ده‌ره‌نجامه‌كان ده‌خرێنه ڕوو.
باسی یه‌كه‌م
چییه‌تی هزری سیاسی ئیسلامیی و سهرچاوهوپرهنسیپه گشتییه‌كانى
یه‌كه‌م: چییه‌تی هزری سیاسی ئیسلامیی
“هزری سیاسی ئیسلامیی” له سێوشه پێك هاتووه، كه هه‌ر یه‌كێكیان لێتێگه‌یشتنی ئاسان نییه، چ جاى ئه‌وه‌ى دوو چه‌مكی كۆتاییان ببن به سیفه‌ت بۆ چه‌مكی یه‌كه‌میان.
یه‌كه‌میان وشه‌ى “هزر”ـه.هزر هه‌موو شتێكه كه ده‌ره‌نجامى ئه‌قڵ و ئه‌ندێشه‌و تێفكرینی مرۆڤ بێت.
دووه‌میان وشه‌ى “سیاسی”یه، كه سیفه‌ته‌و له وشه‌ى سیاسه‌ته‌وه وه‌رگیراوه‌و سه‌دان پێناسه‌ى جیاوازى بۆ كراوه، به‌بێ چوونه ناو ورده‌كاری چۆنێتیی له‌دایكبوون و په‌ره‌سه‌ندنی وشه‌كه‌وه، هه‌ریه‌كه‌و له دیدگایه‌وه پێناسه‌یان بۆ كردووه، بۆ نمونه: به‌ڕێوه‌بردنی شار، هونه‌ر و زانست، هونه‌ری به‌ڕێوه‌بردنی ده‌سه‌ڵات، هونه‌ری مومكین، دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ى به‌هاكان له كۆمه‌ڵگه‌دا، به پوختى ده‌توانرێت بوترێت به‌شێك له فه‌رهه‌نگه جیهانییه‌كان مه‌به‌ست و مانا گشتییه‌كه‌یان به‌وه لێكداوه‌ته‌وه كه بریتییه له به‌دیهێنانی زۆرترین ئه‌ندازه‌ى به‌خته‌وه‌ری بۆ زۆرترین ڕێژه‌ی خه‌ڵك، واته به‌دیهێنانی به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیوچاكسازیی گشتییه. به‌ڵام دوو ئاراسته‌ى تر هه‌یه بۆ پێناسه‌ى سیاسه‌ت كه یه‌كه‌میان ده‌ڵێت دیارده‌ى سیاسی دیارده‌ى ده‌وڵه‌ته و زانستی سیاسه‌تیش زانستی ده‌وڵه‌ته، به‌مه‌ش لێتوێژینه‌وه سیاسییه‌كان پێویسته ده‌وڵه‌ت بكاته ناوه‌ند و سه‌نته‌ر بۆئه‌وه‌ى بتوانێت تیۆر و زانستی خۆی بنیات بنێت. به‌ڵام سیاسه‌ت له پێش ده‌وڵه‌ته‌وه بوونی هه‌بووه، بۆیه ئهمهپێناسهیهكی كلاسیكییه. دووه‌میشیان، كه ئاراسته‌یه‌كی نوێیه، پێی وایه دیارده‌ى سیاسی دیارده‌ى ده‌سه‌ڵاته و زانستهكهشی زانستی ده‌سه‌ڵاته، چونكه چه‌مكی ده‌سه‌ڵات بوار و ئاستی به‌رزترو نزمتریش له ده‌وڵه‌ت ده‌گرێته كه سیاسه‌ت لێكۆڵینه‌وه‌ى لێده‌كات، بۆ نمونه، پارت كۆمه‌ڵه‌كان سیاسییه ناوخۆییه‌كان و ڕێكخراوه نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمییه‌كان، ئه‌مه وێڕای ئه‌وه‌ى كه هزری سیاسیش ده‌سه‌ڵاتی كردووه به ده‌روازه بۆ گه‌یشتن به به‌ها باڵاكان له ڕێگه‌ى ده‌وڵه‌ته‌وه( ).
به‌گشتی كاتێك چه‌مكی سیاسی وه‌ك سیفه‌تێك ده‌خرێته پاڵ هزر، ده‌یكاته هزرێك كه به‌دواى دۆزینه‌وه‌ى جۆر و ئاست و شێوازى په‌یوه‌ندیی نێوان فه‌رمانڕه‌واو خه‌ڵكیدا ده‌گه‌ڕێت و هه‌وڵی شیكردنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵات و شێوازه‌كانی به‌ڕێوه‌بردنی كۆمه‌ڵگه ده‌دات و به دواى چاكه‌ى گشتیدا ده‌گه‌ڕێت.
واته هه‌ر ڕا و بۆچوون و لێكدانه‌وه‌و ڕاڤه‌یه‌ك له ئه‌قڵی مرۆڤه‌وه ده‌ربچێت و په‌یوه‌ست بێت به كۆمه‌ڵگه‌ى سیاسی و پرسه په‌یوه‌ندیداره‌كان پێیه‌وه به گشتی پێی ده‌وترێت هزری سیاسی. به‌م واتایه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و به‌رهه‌مه هزرییه‌ى كه په‌یوه‌ندیداره به كۆمه‌ڵگه‌ى سیاسی، له شێوه‌ى شیعر و په‌خشان و چیرۆك و شانۆدا گوزارشتی لێكرا بێت، ئه‌وا هه‌ر به هزری سیاسی له قه‌ڵه‌م ده‌درێت( ).
ڕۆڵی هزری سیاسی له سنووری پێناسه‌كردنی ڕووداو و سیستمه سیستمه سیاسییه‌كاندا ناوه‌ستێت، به‌ڵكو ئه‌و سنووره تێده‌په‌ڕێنێت و به‌شدارییه‌كی كاریگه‌ر ده‌كات له دروستكردنی ئاراسته سیاسییه‌كان و ڕه‌فتاری تاك و كۆمه‌ڵگه له به‌رامبه‌ر ڕووداو و سیستمه‌كان، به‌ڵكو ده‌توانێت یان ببێته ڕهوایهتیدهر به سیستمی سیاسی و جێگیر بوونی ئه‌و سیستمه، یان به پێچه‌وانه‌وه، ده‌توانێت ببێته هه‌وێنی شۆڕش و گۆڕانكارییه‌كان و میكانیزمی هزریی له‌دایكبوونی قۆناغى جومگه‌یی و وه‌رچه‌رخانی گه‌وره له مێژووی گه‌لاندا.
لێره‌دا دیالێكتی نێوان پارادیمهكان دروست ده‌بێت كه ئایا بیرمه‌ند واقیع ده‌خوڵقێنێت؟ یاخود ئه‌وه واقیعه بیرمه‌ند دروست ده‌كات؟ واته ئایا هزر پێش واقیع ده‌كه‌وێت یان واقیع پێش هزر ده‌كه‌وێت؟ لێره‌دا ریالیزمهكان بڕوایان وایه بیرمه‌ند ته‌نها وه‌سفی واقیعێك ده‌كات كه حه‌قیقه‌ته‌و بوونی هه‌یه، به‌ڵام میسالییه‌كان بڕوایان وایه كه هزر ده‌توانێت وێنایه‌ك بۆ ئاینده بكێشێت و له ڕێگه‌یه‌وه به‌شدار بێت له دروستكردن واقیع و گۆڕینی. هه‌ردوو دیدگاكهش به‌شێكی زۆر له ڕاستییان تێدایه‌و ده‌كرێت به‌پێی قۆناغه مێژوویه‌كان و جۆری بیرمه‌نده‌كان و واقیعه‌كه‌یان ئه‌م حاڵه‌ته‌ش گۆڕانكاریی به‌سه‌ردا بێت.
سێیه‌میان وشه‌ى “ئیسلامیی”ـه، كه ده‌بێته سیفه‌تی هزره سیاسییه‌كه، لێره‌دا دیاره مه‌به‌ست له ئیسلام مانا تایبه‌ته‌كه‌یه‌تی نه‌ك مانا فراوان و گشتگیره‌كه‌ى، چونكه هه‌موو ئاینه ئاسمانییه‌كان هه‌ر به ئیسلام ناوزه‌ند ده‌كرێن له مانا فراوانه‌كه‌یدا، چونكه هه‌موویان په‌یامی یه‌كتاپه‌رستییان پێبووه، كه‌واته مه‌به‌ست له مانا تایبه‌ته‌كه‌یه‌تی كه بریتییه له‌كۆتا ئاینی ئاسمانیی كه قورئان سه‌رچاوه‌ى یهكهمییهتی و بۆ موحه‌ممه‌د پێغه‌مبه‌ر (درودى خواى لێبێت) هاتووه‌ته خواره‌وه‌و به ژیانی خۆی و فه‌رمووده‌كانی و شێوازى جێبه‌جێكردنی ئه‌حكامه‌كانی قورئان توانیویه‌تی وێنه‌ى نمونه‌یی ئیسلام ته‌واو بكات.
به‌ڵام ئه‌وه‌ى لێره‌دا جێی پرسیاره ئه‌وه‌یه كه كاتێك ئێمه سیفه‌تی ئیسلامی‌بوون ده‌ده‌ینه پاڵ هزره سیاسییه‌كه، ئایا كام هزری سیاسی ده‌چێته ئه‌و بازنه‌یه‌وه؟ ئایا هه‌ر به‌رهه‌مێكى ئه‌قڵی كه په‌یوه‌ستبێت به باری سیاسی و به‌ڕێوه‌بردنی كۆمهڵگهوهوله ژێر چه‌تری ئیسلام و له سۆنگه‌ى قورئان و فه‌رموده‌وه به هه‌ڵێنجانی جیاواز و به‌كارهێنانی میتۆد و ده‌روازه‌ى جیاواز له شیكردنه‌وه‌دا له لایه‌ن هه‌ر تاكێكه‌وه به‌رهه‌م هاتبێت، جا موسڵمان بێت یان نا، به به‌شێك هزری سیاسی ئیسلامی له قه‌ڵه‌م ده‌درێت؟ یان ته‌نها ئه‌و به‌رهه‌مه هزرییه سیاسییه ده‌گرێته‌وه كه خودى موسڵمانان خۆیان به‌رهه‌میان هێناوه؟
لێره‌دا ڕا جیایی هه‌یه، ڕای دیار ئه‌وه‌یه كه هه‌ر هزرێك له لایه‌ن موسڵمانانه‌وه یاخود له ژێر سایه‌ی ژیاری ئیسلامی و قه‌ڵه‌مڕه‌وی ئیسلامی‌دا و له سۆنگه‌ى ده‌قه‌كانى قورئانی پیرۆز و فه‌رمووده صهحیحهكانهوهو پشتبه‌ست به واقیعی كۆمه‌ڵگه ئیسلامییه‌كان یاخود ئه‌ندێشه‌ى بیرمه‌نده موسڵمانه‌كان هاتبێته به‌رهه‌م، ئه‌وا ده‌چێته بازنه‌ى هزری سیاسیی ئیسلامییه‌وه.
هزری سیاسی سێ ڕه‌گه‌زى سه‌ره‌كیی له ڕه‌گه‌زه‌كانى كلتوری سیاسی له‌خۆده‌گرێت كه یه‌كه‌میان فه‌لسه‌فه‌ى سیاسییه، به واتاى ئه‌و هرزو ئه‌ندێشه سیاسییانه‌یه كه په‌یوه‌ندییان به ده‌سه‌ڵاته‌وه هه‌یه، واته‌ى ئه‌وى كه كار له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كات كه پێویسته ببێت، دووه‌میان ڕێبازه سیاسییه‌كانه، به واتاى ئه‌و بیره سیاسییانه و ئه‌و فه‌لسه‌فه سیاسی و نا سیاسییانه‌ن كه وه‌ك موسهللهماتێك پێشكه‌شكراون وده‌بن به بیروباوه‌ڕێكی دیاریكراو و خاوه‌نى سیفه‌تی ڕێك‌و پێكی و ته‌واوكاری و پێكهوهگرێدراوین. هه‌رچی سێیه‌میانه خۆی له مێژووى هزرى سیاسی‌دا ده‌بینێته‌وه، واته ئه‌و هزره سیاسییانه‌ى كه له شێوه‌ی وێنه‌و زنجیره‌یه‌كی مێژوویی‌دا كۆده‌كرێته‌وه.
به‌و واتایه بێت هزری سیاسی، به كۆى ڕه‌گه‌زه‌كانییه‌وه، له دروستبوونیدا پشتی به میتۆدۆدۆلۆجییهكی دیاریكراو نه‌به‌ستووه، به‌ڵكو به‌رهه‌می ئه‌ندێشه‌و بیرۆبۆچوونی فه‌یله‌سوف و بیرمه‌ندانه، كه له كۆی گشتیدا ده‌بنه ڕه‌نگدانه‌وه‌ى كۆمه‌ڵه به‌هایه‌كی باڵا لای ئه‌وان، واته نوسینه‌وه مێژووییه‌كانه، كه له‌وه ده‌رناچن كه یان نوسینه‌وه‌ى فه‌لسه‌فه سیاسییه‌كان بێت، یاخود نوسینه‌وه‌ى ڕووداوه سیاسیه‌كان بێت له چوارچێوه‌ی پرۆسه‌یه‌كی وه‌سفكردندا.
به‌و پێیه هزری سیاسی ئیسلامی هزرێكی فراوانه به هه‌رسێ ئاسته‌كه‌یه‌وه، كه بریتین له ئاستی مرۆیی (بیرمه‌ند و موتهكهللیمهكانی)، ئاستی مێژوویی (كه به درێژایی مێژووى پتر له چوارده سه‌ده‌ى ئیسلامدا چه‌ندین ئه‌زموونی مێژوویی و تیۆری حوكڕانی هاتوونه‌ته كایه‌وه)، ئاستی جوگرافی (كه به‌پێی كاته جیاوازه‌كان گۆڕانكاریی به‌سه‌ردا هاتووه، و له چه‌ندین ناوچه‌ى گرنگ و جیاوازى جیهاندا ژیار و شارستانییه‌تی ئیسلامی به‌رجه‌سته كراوه).
به‌ڵام ئه‌وه‌ى لێره‌دا جێی سه‌رنجه ئه‌وه‌یه كه له ده‌قه‌كانى قورئان و سوننه‌تدا ورده‌كاریی شێوازێكی تایبه‌تی حوكمڕانی دیاریی نه‌كراوه بۆ موسڵمانان، به‌ڵكو چه‌ند پرنسیپێكی گشتیی دانراوه و وردهكارییهكهى جێهێڵراوه بۆ موسڵمانان خۆیان و هه‌ڵیناون بۆداهێنان و گۆڕانكاریی له ڕێگه‌ى بیركردنه‌وه‌ى به‌رده‌وامه‌وه، كه به‌پێی واقیعی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و خواستى ژیان و له سنووره دیاریكراوه‌كاندا په‌ره به‌و سیستمه بده‌ن و سوود له ئه‌زموونی پێشینه‌ى خۆیان و كه‌سان و میلله‌تانی دیش وه‌ربگرن. لێره‌دا پرسیاری سه‌رچاوه‌كانی هزری سیاسی ئیسلامیی سه‌رهه‌ڵده‌دات.
دووه‌م: سه‌رچاوه‌كانی هزری سیاسی ئیسلامیی
له‌به‌ر ئه‌وه‌ى باسه‌كه‌مان باسی هزره، هزریش وه‌كو باسمانكرد زاده‌و به‌رئه‌نجامی ئه‌قڵ و ئه‌ندێشه‌ى مرۆڤه، به‌ڵام پێویسته سه‌رچاوه‌ی هه‌بێت، لێره‌دا دوو جۆر سه‌رچاوه‌مان هه‌یه، یه‌كه‌میان سه‌رچاوه‌ى مه‌عریفی و زانستی و په‌یبردنی زانا‌و بیرمه‌ندانه، دووه‌میان سه‌رچاوه‌كانى هزری سیاسیی ئیسلامییه، كه ئێمه لێره‌دا زیاتر مه‌به‌ستمانه ڕوونی بكه‌ینه‌وه.
سه‌رچاوه‌كانی هزری سیاسی ئیسلامی( ) خۆی له چه‌ند ئاستێكدا ده‌بینێته‌وه، یه‌كه‌میان ئاستی ده‌قه‌كانه كه بریتین له قورئانى پیرۆز و فهرموودهكانى محمد پێغه‌مبه‌ر (دروودى خواى له‌سه‌ر بێت)، كه له هه‌مان كاتدا سه‌رچاوه هزراندنیشن له ئیلهامبه‌خشن بۆ زانایان و بیرمه‌ندان له ڕێگاى ئه‌و ڕێسا و پره‌نسیپه گشتییانه‌وه كه له خۆیان گرتووه، واته ئه‌م جۆره سه‌رچاوانه پرنسیپ و ڕێسا و بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كان ده‌خه به‌رده‌ست وه‌كو بازنه‌و سنووری دیاریكراوى كاركردنى هزرییانه، ئه‌مه له لایه‌ك، له‌لایه‌كی تره‌وه، ئه‌م ده‌قانه ده‌بنه ئیلهابهخش و وزه‌به‌خش بۆ هزرمه‌ندان بۆ وردكردنهوهى ئه‌و ده‌قانه و داهێنانی گه‌وره له‌مه‌ڕ پرس و دیارده سیاسییه‌كان و هێنانه‌كایه‌ی چاكه‌ى گشتی و شێوازى حوكمڕانی باش و په‌یوه‌ندیی فه‌رمانڕه‌واو هاوڵاتی. دووه‌میان ئاستی مێژوویی و كه‌له‌پورییه، كه بریتییه له حوكمڕانی و قه‌ڵه‌مڕه‌وى ئیسلامی، و ئه‌و حوكمه فیقهییانهى كه بوونیان هه‌بووه‌و هه‌یه، هه‌روه‌ها هه‌وڵی زانایانی موسڵمان به شیكردنه‌وه‌ى واقیع و هێنانه‌كایه‌ی تێزی تایبه‌ت به حوكمڕانی له سۆنگه‌ى ده‌قه بنه‌ڕه‌تییه‌كانه‌وه، ئه‌مه وێڕای سوودوه‌رگرتن له كۆی هه‌وڵ و ئه‌زموونه جیاوازه‌كانی مرۆڤایه‌تی به گشتی.
له ڕاستیدا له بواری مامه‌ڵه‌ى بیرمه‌ند له‌گه‌ڵ پرسه جیاوازه‌كاندا، مه‌رجه‌عییه‌تی مه‌به‌سته‌كانی شه‌ریعه‌ت كۆى ئه‌و سه‌رچاوانه‌ى بۆ كۆده‌كاته‌وه، لێره‌دا ڕۆڵی بیرمه‌ند ئه‌وه‌یه كه به‌پێی خواستی ڕۆژگار و پێداویستی كۆمه‌ڵگه و پشتبه‌ست به میتۆدۆلۆجییهكی ڕوونى خوێندنه‌وه‌ى مه‌به‌سته باڵاكانی شه‌ریعه‌ت و ده‌قه‌كانی گونجاندنێكی ته‌واو له نێوان ده‌ق و واقیعدا دروست بكات. كه‌واته بیرمه‌ند ئه‌ڵقه‌ى گه‌یاندنی ده‌قه‌كانه به واقیع، به تاك و كۆمه‌ڵگه‌و ڕووداوهكانیشییهوه.
ئه‌مه ده‌مانگه‌یه‌نێته ده‌ره‌نجامێكی ساده و گرنگ له هه‌مان كاتدا، ئه‌ویش بریتییه له‌وه‌ى كه هزر زاده‌ى ئه‌قڵ و ئه‌ندێشه‌ى مرۆڤه و ده‌كرێت بپێكێت و ده‌شگونجێت نه‌پێكێت، خۆ ئه‌گه‌ر پێكاشی ڕه‌نگه بۆ ئه‌و بیروبۆچوون و لێكدانه‌وه‌یه‌ی بۆ كات و شوێن و بارودۆخێكی دیاریكراو گونجاو بێت ونه‌توانێت له‌به‌رده‌م گۆڕانكارییه خێرا‌و فره‌ڕه‌هه‌ند و جیاوازه‌كانى ژیاندا خۆی بگرێت و به‌سه‌ر بچێت، هه‌ر بۆیه ده‌توانرێت چاكسازى و نوێگه‌ریی تێدا بكرێت، ئه‌ویش له سۆنگه‌ى مه‌به‌سته باڵاكانی شه‌ریعه‌ت و به سوودوهررتن له ئه‌زموونه جیاوازه‌كان، كه دیسانه‌وه ئه‌مه‌ش كاری بیرمه‌ندانه.
سێیه‌م:پرنسیپه گشتییه‌كانى هزری سیاسیی ئیسلامیی
وه‌كو باسمان كرد ده‌قه‌كانى قورئان و سوننه‌ت پرسیپگهلێكی ڕوونیان بۆ دیاری كردووین كه هه‌م بناغه‌ى هزری ئیسلامیی داده‌نێن و هه‌میش ده‌بنه ئیلهامبه‌خش بۆ هزرمه‌ندان و هانیان ده‌دات بۆ به‌ره‌وپێشچوون و نوێبوونه‌وه‌ى به‌رده‌وام. دیارترین ئه‌و پرنسیپانه‌ش وه‌ك ڕێساى گشتیی له‌م بواره‌دا دیاریكراون، بریتین له‌مانه‌ى خواره‌وه( ):
1. دادگه‌ری: كه پایه‌ی یه‌كه‌می حوكڕانییهو ئاینده‌ى ئه‌و حوكڕانییهش به‌م پایه‌یه‌وه به‌ستراوه، چونكه به‌رزترین به‌هایه كه پێویسته هه‌موو لایه‌ك پێوه‌ى پابه‌ند بن. گرنگی ئه‌م پره‌نسیپه له‌وه‌دا خۆی ده‌بینێته‌وه كه پیرۆزیى له غه‌یری خودا ده‌سه‌نێته‌وه‌و هه‌موو لایه‌ك ده‌خاته ڕیزێكهوه كه‌پێویسته پێكه‌وه‌و پابه‌ندی ئه‌ركه‌كان بن به یه‌كسانی، بۆ نمونه: پابه‌ندبوون به په‌رستشه‌كانه‌وه به‌بێ جیاوازى.چه‌مكی دادگه‌ری گه‌وره‌ترین به‌هاى سیاسیی له ڕووه سیاسی و ئابوری و دادوهرییهكهشیهوه له‌خۆده‌گرێت، كه پێویسته په‌یڕه‌وی بكرێت.
2. ڕاوێژ : كه كۆڵه‌كه‌یه‌كی تری گرنگه‌و مه‌به‌ست لێی چه‌سپاندنی پرنسیپی ئاڵوگۆڕكردنی ڕا و به دامه‌زراوه‌ییكردنی ده‌زگاكانى حوكمڕانییه له‌و بواره‌دا.
3. یه‌كسانی: واته پێویسته هه‌موو لایه‌ك له‌به‌رده‌م یاسادا یه‌كسان بن و هیچ كه‌سێك یان لایه‌نێك به‌هۆی هیچ شتێكه‌وه فه‌زڵی نه‌درێت به‌سه‌ر كه‌سێكی تر یان ئه‌وانى تردا.
4. به‌رپرسیارێتی فه‌رماڕه‌وا: جگه له‌وه‌ى فه‌رمانڕه‌وا به‌رپرسیاره له‌به‌رده‌م خوادا، پێویسته له‌به‌رامبه‌ر گه‌لیشدا به‌رپرسیار بێت و هه‌ر كارێكی كه ده‌یكات یان هه‌ر بڕیارێكی كه ده‌یدات له بازنه‌ى ڕه‌خنه‌و گفتوگۆ نه‌چێته ده‌ره‌وه‌و ده‌زگاى تایبه‌ت هه‌بن بۆ لێپێچینه‌وه له هه‌ر كارێك كه به لهسنوورلادان دابنرێت.
5. حاكمییه‌ت: واته سه‌رچاوه‌ى هه‌موو شته‌كان بۆ لای خواى گه‌وره ده‌گه‌ڕێته‌وه، ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندیی به بیروباوه‌ڕ و شه‌رعه‌وه هه‌یه، به‌ڵام له پرسه‌كانی دیاریكردنی فه‌رمانڕه‌واو بابه‌ته‌كانى په‌یوه‌ست به حوكمڕانییه‌وه گه‌ل خۆی له چوارچێوه دیاریكراوه‌كاندا و به پرۆسیجه‌ری تایبه‌ت به خۆی بڕیار ده‌دات.
6. ئازادی: پێویسته ئازادیی بیروباوه‌ڕ و ئازادیی ژیان و بازرگانی و مامه‌ڵه‌كردن له چوارچێوه‌ی سیستمێكی گشتیدا كه مافه‌كانی تاك و كۆمه‌ڵگه پێكه‌وه بپارێزێت بۆ هه‌موو لایه‌ك گرێنتیكراو بێت.
7. جێنشینی (الاستخلاف): به گوزارشتهكهى ئیبنوخهلدون واته ئاوه‌دانكردنه‌وه، كه به مرۆڤ سپێرراوهو پێویسته میكانیزمه‌كانى ئه‌و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و جێنشینهییه بهێنێته بوون.
8. فره‌یی: واته جیاوازیی بیر‌و بۆچوون و ڕێبازی مامه‌ڵه‌كردن له سوننه‌ته‌كانی ژیانن و پێویسته به یاسا ڕێكبخرێن.
به ورد بوونه‌وه له‌م پره‌نسیپ و ڕێسا گشتییانه‌ى كه ئیسلام وه‌ك بنچینه‌ى بنه‌ڕه‌تی بۆ هزری سیاسی ئیسلامی دیارییكردوون، پێویسته چه‌ند تێبینییه‌كی گرنگ بخه‌ینه ڕوو:
یه‌كه‌م: ئیسلام هه‌موو لایه‌نه جیاوازه‌كانی ژیانی مرۆڤایه‌تی ڕێكخستووه و ڕێساى گشتیی بۆ داناوه، له نێویشیاندا حوكمڕانی و ده‌سه‌ڵات و سیاسه‌ت.
دووه‌م: قورئان و سوننه‌ت ورده‌كاریی شێوازى سیستمی سیاسی‌یان بۆ ده‌وڵه‌ت دیارینهكرووه، به‌ڵكو چه‌ند پرنسیپێكی گشتییان دیاریكردووه كه به گۆڕانی كات و شوێن و كه‌سه‌كان ناگۆڕێن و به‌رده‌وامییان ده‌بێت، به مانایه‌كی تر، ئیسلام ورده‌كاریی هه‌ڵبژاردنی جۆری سیستمی سیاسی و پراكتیزه‌كردنی شێوازى حوكمڕانیی و دامه‌زراوه‌كان و دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كان و جۆری په‌یوه‌ندییانی بۆ بیركردنه‌وه‌ى مرۆڤ خۆی به‌جێهێشتووه، كه به‌پێی پێشكه‌وتنی مێژوویی و ئه‌زمونی مرۆڤه‌كان و گۆڕانی بیركردنه‌وه‌یان و شێوازى كلتوریان گۆڕانكارییان به‌سه‌ردا دێت و خۆشیان داوایان لێكراوه كامیان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی تاك و كۆمه‌ڵگه باشترینه ئه‌وه‌یان هه‌ڵبژێررێت.
سێیه‌م: لێتوێژینه‌وه له هزری سیاسیی ئیسلامی و شێوازى سیستمی حوكمڕانی تێیدا كارێكی ئاسان نییه و چه‌ندین گرفت وكۆسپی له ڕێدایه، كه هه‌ندێكیان په‌یوه‌ندیی به نه‌بوونی ڕوانگه‌و دیدێكی ڕوون و ورده‌وه هه‌یه بۆ پرسه‌كانی ئه‌و بابه‌ته، هه‌ندێكیشان په‌یوه‌ستن به فره‌چه‌شنیی ئه‌و سه‌رچاوه هزری و فیقهییانهوهى كه به شێوه‌یه‌كی گشته‌كی یان به‌شه‌كی باس له بابه‌ته سیاسییه‌كان ده‌كه‌ن، ده‌بینین جارێك له چوارچێوه‌ى باسه‌كانی بیروباوه‌ڕدا باس ده‌كرێت، جارێكی دی له میانه‌ى لقه‌كانى بنه‌ماكان (أصول)یئایندا باس ده‌كرێت، جاری واش هه‌یه له ڕیزی مێژووی ئیسلامی و جه‌نگه‌كاندا باسی لێوه ده‌كرێت. سه‌رباری هه‌موو ئه‌مانه دابه‌شبوونه فیقهی و مه‌زهه‌بییه‌كان ڕه‌نگدانه‌وه‌ى نه‌رێنییان له‌سه‌ر ڕه‌وته جیاوازه‌كانی هزری سیاسیی جێهێشتووه (بۆ نمونه: شیعه و سوننه)، ئه‌مه وێڕای شوێنه‌واره نێگه‌تیڤه‌كانى هه‌ندێك له نوسینه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتناسه‌كان سه‌باره‌ت به ئیسلام و هزره سیاسییه‌كه‌ى.
چواره‌م: قسه‌كردن له‌سه‌ر جۆرێك یان شێوازێكی دیاریكراوى سیستمی سیاسی له ده‌وڵه‌تی ئیسلامی‌دا واتاى ئه‌وه نییه كه سیفه‌تێكی ئاینی یان ڕۆحی به‌و جۆر و شێوازه سیستمه حوكمڕانییه ببه‌خشرێت، یان پیرۆزى به ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی ببه‌خشرێت و دوور بن له هه‌ڵه‌و لێپێچینه‌وه، چونكه له ئیسلامدا وه‌رگرتنی ده‌سه‌ڵات به‌رپرسیارێتییه نه‌ك ده‌ستخستنی جیاوك و پارێزبه‌ندیی كه‌سیی، بۆیه پێویسته ده‌سه‌ڵاتدار به‌رده‌وام له خه‌می به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیدا بێت و هه‌وڵی قۆرخكردنی ده‌سه‌ڵات و دین نه‌دات، یاخود خۆی به سێبه‌ر و نوێنه‌ری خوایی بناسێنێت. له ئیسلامدا هه‌موو موسڵمانێك پیاوی ئاینیه، ئه‌وانه‌شی كه فه‌قیه و شاره‌زاو پسپۆڕن له زانسته‌كانى ئایندا به زاناى ئاینی ناوزه‌ند ده‌كرێن نه‌ك پیاوانی ئاین.
باسی دووه‌م
گرفتی میتۆد له هزری سیاسی ئیسلامییدا
دكتۆر سیف ا‌لدین عبدالفتاح ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات، كه بۆ بنیاتنانی زانستێكی سیاسی ئیسلامیی، له نێویشیدا هزری سیاسی ئیسلامیی، پێویستمان به سێ ڕه‌گه‌زى سه‌ره‌كی ده‌بێت كه له وه‌ڵامی ئه پرسیارانه‌وه ده‌ستمان ده‌كه‌ون: ئێمه كێین؟ چیمان هه‌یه؟ چی له‌وى تر وه‌رده‌گرین؟ ئێمه بۆ ڕه‌گه‌زى یه‌كه‌م و دووه‌میش پێویستمان به گه‌ڕانه‌وه بۆ كه‌له‌پور هه‌یه.
به‌ڵام پێویسته له خۆمان بپرسین بزانین كه‌له‌پوری هزری سیاسی ئیسلامی به چ شێوازێك ئیلهامبه‌خش ده‌بێت و به چ شێوازێكیش ده‌بێته بار به‌سه‌رمانه‌وه. لێره‌دا گرفتێكی سه‌ره‌كی سه‌رهه‌ڵده‌دات، كه په‌یوه‌سته به چۆنێتی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ كه‌له‌پوری هزری سیاسی ئیسلامیی، ئایا ئه‌و بنه‌مایانه كامانه‌ن كه پێویسته میتۆدی مامه‌ڵه‌كردنمان له‌گه‌ڵ ئه‌و كهلهپورهدا به‌كاریان بهێنین؟
دیارترین ئه‌و بنه‌مایانه‌ى كه‌پێویسته له میتۆدی مامه‌ڵه‌كردنمان له‌گه‌ڵ كه‌له‌پوری هزری سیاسی‌دا به‌كاری بهێنین له دیدی دكتۆر “نه‌سر موحه‌ممه‌د عارف”دا خۆیان له‌م چه‌ند خاڵه‌دا ده‌بیننه‌وه( )( ):
یه‌كه‌م: پێویسته باسكردن و لێكدانه‌وه‌مان بۆ هزر له چوارچێوه‌و سیاقه مێژووییه‌كه‌یدا بێت. واته هه‌ر هرزرێك بۆ سه‌رده‌م و شوێنێك گونجا، مه‌رج نییه بۆ ته‌واوى سه‌رده‌م و شوێنه‌كانى تر گونجاو بێت، به‌ڵكو پێویسته پێداچوونه‌وه‌ى بۆ بكرێت و چاكسازیی تێدا بكرێت.
دووه‌م: پێویسته هزری سیاسی له فیقهی سیاسی جیا بكه‌ینه‌وه: فیقه وه‌ك فه‌لسه‌فه وایه یاخود پێگه‌ى فه‌لسه‌فه‌ى هه‌یه بۆ زانسته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له شارستانییه‌تی ئیسلامی‌دا، چونكه زانسته‌كانى تر تۆ‌و و یه‌كه‌مین به‌رهه‌می خۆیان له فیقهدا ده‌ستكه‌وتووه، دواتر سه‌ربه‌خۆییان وه‌رگرتووه.
له ڕاستیدا هزری سیاسی ئیسلامیی گرنگی پێویستی پێنه‌دراوه له‌لایه‌ن زانایانه‌وه، وه‌ك ئه‌و گرنگییه‌ى كه به ده‌روازه‌كانی فیقهی مامه‌ڵه‌و په‌رستشه‌كان دراوه، ته‌نانه‌ت زۆر جاریش فیكری سیاسی له نێو فیقهی سیاسی‌دا جێی كراوه‌ته‌وه‌و تێكه‌ڵییه‌ك ڕوویداوه. واته كه‌له‌پوری سیاسیی ئیسلامیی لكێندراوه به تێڕوانینه فیقهییه‌كانه‌وه و وه‌ك به‌شێك له فیقه مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ كراوه. ئه‌مه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى چه‌ندین كه‌ڵه زاناى گه‌وره‌ى وه‌كو (ماوه‌ردی و ئه‌بو حامیدی غه‌زالی و ئیبنو قوته‌یبه‌ى دینه‌وه‌ری و جاحز و ..هتد) كاریان له‌سه‌ر فكری سیاسی ئیسلامی كردووه و شاكاری جوانیان هه‌بووه.
لێره‌دا پێویسته له سێ ته‌وه‌ری جیاوازدا جیاكاریی له نێوان فیه و فیكردا بكه‌ین:
1. چاوگه‌ى مه‌عریفی و زانستی: فه‌قیه له واقیع و سروشه‌وه سوود وه‌رده‌گرێت، واته له واقیعه‌وه بۆ سروش ده‌ڕوات تا بڕیار بدات، به‌ڵام بیرمه‌ند پشت به كاروباری جیاواز ده‌به‌ستێت، سروشت ده‌كات به میحوه‌ر و واقیع ده‌خاته ژێر توێژینه‌وه‌و سوود له سروش و سوننه‌تی مێژوویی و ژیری و ئه‌زموونی مرۆیی (به موسڵمان و غه‌یری ئه‌وانیشه‌وه) وه‌رده‌گرێت، كه ئه‌مه له كاری فهقیهدا نییه، چونكه فه‌قیه له‌سه‌ر بنه‌ماى بیروباوه‌ڕی تایبه‌ت بڕیار ده‌دات ناتوانێت بیروباوه‌ڕه‌كانی خۆی له چالاكییه‌كانیدا به ڕوونی ده‌ربخات، ئه‌مه له كاتێكدا كه باوه‌ڕ ته‌نها ئامانجه‌كان و ئه‌گه‌ره‌كان و بنه‌ماكانى مه‌نهه‌جییه‌ت دیاریی ده‌كات.
2. مه‌نهه‌جییه‌ت: مامه‌ڵه‌ى فه‌قیه له‌گه‌ڵ ده‌قدا زیاتره له مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ واقیعدا، واته كاری ئه‌و لێكۆڵینه‌وه‌یه له ده‌ق، و به په‌یبردن به واقیع و دوبارهسهیركردنهوهى و وه‌رگرتنی بنه‌ماكانى ئه‌و ده‌قه بڕیاری گونجاو ده‌دات. به‌ڵام بیریار هه‌رچه‌نده به‌دواى تێگه‌یشتنی ده‌ق و واتا و تێگه‌یشتنیدا ده‌ڕوات، به‌ڵام ڕه‌وشی گشتیی ئه‌و به تێگه‌یشتن و لێكۆڵینه‌وه‌ى واقیع كۆتایی دێت.
3. یه‌كه سه‌ره‌كییه‌كانى لێكۆڵینه‌وه: فه‌قیه به‌گشتی دیارده تاكه كه‌سییه‌كان ده‌خاته ژێر باس، واته تاك یه‌كه‌ى لێكۆڵنهوهى سه‌ره‌كییه‌تی، به واتایه‌كی تر، لاى ئه‌و كه‌سی واتایی بوونی نییه یان لاوازه. به‌ڵام بیرمه‌ند به‌گشتی دیارده كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌خوێنێته‌وه، واته كۆمه‌ڵگه یه‌كه‌ی سه‌ره‌كیی لێكۆڵینهوهكانییهتی.
سێیه‌م: میتۆدی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ چه‌مكه كهلهپورییهكاندا: له كه‌له‌پوری هزری سیاسی ئیسلامییدا به‌پێی قۆناغه جیاوازه‌كانى ژیانى سیاسی و ئه‌زمونی حوكمڕانی و خوێندنه‌وه‌ى بیرمه‌ندان بۆیان، چه‌ندین چه‌مك و زاراوه له‌دایك بوون و گه‌شه‌یان كردووه، كه ڕه‌نگه بۆ واقیعی خۆیان ساز و گونجاو بووبن، به‌ڵام مه‌رج نییه بۆ ئێستا هه‌مان مهدلولیان هه‌بێت، هه‌روه‌ها ڕه‌نگه بۆ ڕۆژگاری ئه‌مڕۆ گونجاو نه‌بن، یان پێویستیان به‌وه‌یه خوێندنه‌وه‌ى نوێیان بۆ بكرێت و ڕونكردنه‌وه‌یان له‌سه‌ر بدرێت، چونكه هه‌ندێك له‌و چه‌مكانه له كلتوری شوێنانی تر یان له وه‌رگێڕاندا به‌شێوازێكی تر وێنا كراوه كه له‌گه‌ڵ واتا بنه‌ڕه‌تییه‌كه‌ى و كلتوری ئیسلامی‌دا نایه‌ته‌وه. نمونه‌ى ئه‌و چه‌مكانه زۆرن، دیارترینیان بریتین له:
1. ڕه‌عییه‌ت: كه له واتا ئیسلامییهكهیدا بۆ پاراستنی كۆمه‌ڵگه‌و تاك و به‌رپرسیارێتی ده‌سه‌ڵات به‌كارهێنراوه، نه‌ك به ماناى Subjects كه بریتییه له سه‌پاندنی حوكمی فه‌رمانڕه‌وا به‌سه‌ر چینێكدا كه مافیان نییه.
2. ئیستیبداد: واته سه‌پاندنی قه‌ڵه‌مڕه‌وى ده‌سه‌ڵات، نه‌ك تۆتالیتاریزم و حوكمی شمولی و ڕێگه‌نه‌دان به ڕای جیاواز و ئه‌وانى دی.
3. سیاسه‌ت: لاى موسڵمانان واته به‌رژه‌وه‌ندی و چاكسازی نه‌ك زانستی هێز یان ده‌سه‌ڵات، وه‌ك ئه‌وه‌ى كه ئێستا هه‌یه.
4. ده‌وڵه‌ت: ده‌وڵه‌ت به واتاى ده‌ستاوده‌ستی ده‌سه‌ڵات و گۆڕانكاری و مانه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵات لاى كه‌سێك یان ده‌سته‌یه‌ك هاتووه، نه‌ك وه‌ك ئه‌و پێناسه نوێیانه‌ى كه ئێستا له‌سه‌ر بنه‌ماى ڕه‌گه‌زه‌كانى ده‌وڵه‌ت ده‌كرێن كه بریتین له (هه‌رێم، دانیشتوان، ده‌سه‌ڵات و سیستمی فه‌رمانڕه‌وایی).
چواره‌م: باسی وه‌رگێڕان و ماهیه‌تی سیستمی مه‌عریفه له ئیسلامدا: كه سێ قۆناغی به‌خۆوه بینیوه، ئه‌وانیش بریتی بوون له: یه‌كه‌م: وه‌رگێڕان به گۆڕانكارییه‌وه، دووه‌م: وه‌رگێڕان به نوێگهریكردنهوه له چه‌مك و زاراوه‌كاندا، سێیه‌م: وه‌رگێڕان به‌ناوى نوسه‌ره‌كان خۆیانه‌وه.
بهبڕواى دكتۆر نه‌سر محمد عارف قۆناغی كۆتایی كه‌له‌پوری هزری سیاسی ئیسلامیی له سه‌ره‌تاكانى سه‌ده‌ى بیسته‌وه وه‌ستاوه‌و قۆناغێكی تر ده‌ستیپێنه‌كردووه. لێره‌دا پێویستیی پێداچوونه‌وه به‌و كهلهپورهدا به زه‌قی ده‌رده‌كه‌وێت.
هه‌ر بۆیه دكتۆر عه‌بدولوه‌هاب مه‌سیری سه‌باره‌ت به تیۆری سیاسیی ئیسلامیی ده‌ڵێت هێشتا له سهرهتاكانیدایه، واته له قۆناغی (جنین)دایه‌و هێشتا له‌دایك نه‌بووه.
هه‌رچی مێژووى سیاسیی موسڵمانانیشه مه‌رج نییه هاوشێوه‌ى نمونه‌ى ته‌واوى سیاسیی موسڵمانان بووبێت، هه‌روه‌ك چۆن كه‌له‌پوری هزری سیاسیشمان مه‌رج نییه بۆ ئێمه پابه‌ندكه‌ر بێت، چونكه له زۆرێك له قۆناغه‌كانی مێژووى سیاسیی ئیسلامی‌دا، هزری سیاسیی ئیسلامی بۆ خۆگونجاندن بووه له‌گه‌ڵ واقیعدا نه‌ك بۆ گۆڕینی واقیعه‌كه بووبێت، ئه‌و خۆ گونجاندنه‌ش له ئێستادا سوودمان پێناگه‌یه‌نێت.
جگه له‌وه‌ى باسمان كرد، له مامه‌ڵه‌كردنمان له‌گه‌ڵ پرسه‌كانی هزری سیاسیی ئیسلامییدا،ئه‌وه‌مان بۆ ڕوون ده‌بێته‌وه كه چه‌ند گرفتێكێك بوونیان هه‌یه كه په‌یوه‌ستن به میتۆدی به‌كارهاتوو له‌و هزره‌دا، بۆنمونه: له په‌یوه‌ندیی نێوان هه‌ریه‌ك له هزر و پیرۆزی و هزر و واقیع و هزر و بزاوت، با كه‌مێك جۆری ئه‌م په‌یوه‌ندییه شیبكه‌ینه‌وه له میتۆدی به‌كارهاتووى هزری سیاسیی ئیسلامی، كه دواجار ئه‌و جۆره له میتۆد ده‌بێته‌وه له‌مپه‌ر له‌به‌رده‌م نوێگه‌ری و چاكسازیی تێیدا( ):
یه‌كه‌م: په‌یوه‌ندیی نێوان هزر و پیرۆزی: هزر زاده‌ى ئه‌قڵ و ئه‌ندێشه‌ى مرۆڤه، ناكرێت به پیرۆز و بێ هه‌ڵه و كه‌موكوڕیی له‌قه‌ڵه‌م بدرێت و كه‌س نه‌وێرێت قسه‌ى تێدا بكات و نوێگه‌ریی تێدا بكات، خۆ ئه‌گه‌ر بڕیار درا هزر به پیرۆز له قه‌ڵه‌م بدرێت، ئه‌وا سێ ده‌ره‌نجامی سه‌ره‌كیی ده‌بێت:
أ. په‌یوه‌ستبوون به ڕه‌هاوه له ڕێگه‌ى په‌یوه‌ستكردنی هزر به بیروباوه‌ڕه‌وه، ئه‌مه‌ش گرفتێكی گه‌وره دروست ده‌كات و ده‌مانخاته ناو بازنه دووانهییهكانى ئیمان و كوفر و ڕاست و هه‌ڵه و سپی و ڕه‌ش و بوارێك بۆ ده‌نگ و ڕه‌نگه جیاوازه‌كان ناهێڵێته‌وه.
ب. ئه‌و په‌یوه‌ندییه ئامۆژگاریئامێزه ده خوڵقێنێت كه هزر ده‌یه‌وێت به‌سه‌ر واقیعدا بیسه‌پێنێت، ئه‌ویش به به‌ستنه‌وه‌ى به پیرۆزییهوهو دواتر سهرپێچینهكردنی، خۆ ئه‌گه‌ر هه‌ر كه‌سێكیش سه‌رپێچیی بكات ئه‌وا ده‌خرێته بازنه‌ى كوفره‌وه، به‌مه‌ش ده‌رگاى ئیجتیهاد و ڕاده‌ربڕین داده‌خرێت، كه سه‌ره‌تایه‌كی مه‌ترسیداری داخستنی ئه‌قڵ و بیركردنه‌وه‌یه.
ت. یه‌كێكی تر له ده‌ره‌نجامی پیرۆزدانانی هزر بریتییه له دوورخستنه‌وه‌ى ڕه‌خنه‌له‌خۆگرتن، و ملكه‌چنه‌بوونی هزر بۆ لێكدانه‌وه‌و شیكردنه‌وه‌و هه‌ڵسه‌نگاندن.
دووه‌م: په‌یوه‌ندیی نێوان هزر و واقیع: وابه‌سته‌كردنی هزر به واقیعه‌وه هزر لاواز ده‌كات، ئه‌مه‌ش سه‌رده‌كێشێت بۆ:
أ. سه‌یركردنی بهشهكییانهى پرسه سه‌ره‌كییه‌كان به‌وه‌ى كه ئه‌وه بریتییه له چوارچێوه‌ی گشته‌كی. بۆ نمونه: سه‌رقاڵبوون به شته لاوه‌كی و بهشهكییهكانهوه، ئه‌مه‌ش وێنه‌كه ده‌شێوێنێت و ڕێگری له ئیجتیهاد و نوێگه‌ری ده‌كات له پرس و ڕه‌هه‌نده گشتهكییهكاندا، چونكه بابهتهكان له گۆشه‌یه‌كی ته‌سكدا قه‌تیس ده‌كات و فۆكه‌س و جه‌ختكردنه‌وه له ته‌نها به‌شێكی وێنه گه‌وره‌كه‌ى هزر و واقیع ده‌بێت و وه‌كو وێنه گشتییه‌كه ته‌ماشا ده‌كرێت، ئه‌مه‌ش دنیابینی و ده‌ره‌نجامه‌كانیش ده‌شێوێنێت و ڕه‌نگه هزر له مه‌به‌سته سه‌ره‌كییه‌كه دوور بخاته‌وه.
ب. جه‌ختكردنه‌وه له دیارده‌و نیشانه‌كان زیاتر له گرنگیدان به بنه‌ما و ڕێسا گشتییه‌كان. بۆ نمونه: جه‌ختكردنه‌وه له‌سه‌ر دیموكراسی له هزری ئیسلامی‌دا بازنه‌ى هزری بچووك كردووه‌ته‌وه‌و داهێنانی له‌و هزره‌دا مراندووه.
سێیه‌م: په‌یوه‌ندیی نێوان هزر و بزاوت: بزاوت و جموجوڵی كرده‌یی تیۆره‌كان پراكتیزه ده‌كات و ده‌یگوێزێته‌وه بۆ واقیع، ئه‌مه‌ش چه‌ند ده‌رهاویشته‌یه‌كی ده‌بێت:
أ. گرنگیدانێكی زۆرى جموجوڵ و بزوتنه‌وه ئیسلامییه‌كان به ده‌سه‌ڵات، كه هه‌ندێكجار وا ده‌كات جێگیركردنی ده‌سه‌ڵات له پێویستی و ئامرازه‌وه ببێت به ئامانج.
ب. هه‌ندێكجار وابه‌سته‌بوون به لۆژیكی ده‌وڵه‌ته‌وه وا ده‌كات كه زیاتر گرنگی به ده‌وڵه‌ت بدرێت له‌بریی گرنگیدان به كۆمه‌ڵگه، به‌شێوه‌یه‌ك كه چاكسازیی كۆمه‌ڵایه‌تیش هه‌ر به ده‌وڵه‌ته‌وه ده‌به‌سترێته‌وه. واته تاكه ده‌روازه‌یه‌ك ده‌بێت بۆ لێتوێژینه‌وه‌ى چه‌مكه‌كه كه بریتییه له چه‌مكی باڵایی (واته له‌سه‌ره‌وه بۆ خواره‌وه)، نه‌ك چه‌مكی بنكه‌یی (له خواره‌وه بۆ سه‌ره‌وه). كه‌واته ئه‌و بزوتنه‌وانه هزر به‌گه‌ڕ ده‌خه‌ن له واقیعدا به هه‌موو شوێنه‌وار و ڕهنگدانهوهكانییهوه، به‌ڵام ڕه‌نگه له ڕێگه‌ى لێكه‌وته‌كانییه‌وه هزر كۆتوبه‌ند بكه‌ن.
باسی سێیه‌م
چاكسازی ونوێگهریی له هزری سیاسیی ئیسلامییدا: له‌مپه‌ر و ده‌روازه‌كان
په‌ره‌دان به هزری سیاسیی ئیسلامیی پێویستی به خوێندنه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌گرانه‌ى كهلهپورهكهى هه‌یه له سۆنگه‌ى به‌ها باڵاكانی سروشه‌وه. پێویستی به گه‌ڕانه‌وه هه‌یه بۆ سه‌رچاوه سه‌ره‌كییه‌كه‌ى سروش و ئه‌و سیستمه سیاسییه ئیلهامبهخشهى كه پێغه‌مبه‌ر و جێنشینه‌كانى بنیاتیان نا. خۆ ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ ئه‌و شیكارییانه‌ی سروش كه له‌لایه‌ن زانایانى پێشینمانهوه كراون، ڕه‌نگه به‌شێكی بۆ ڕۆژگاری ئه‌مڕۆ ده‌ست نه‌ده‌ن و پابه‌ندبوون بهشیكارو خوێندنه‌وه‌ى ئه‌وكاته بۆدهقهكان ڕه‌نگه دوورمان بخه‌نه‌وه له مه‌به‌ستیی سه‌ره‌كیی ده‌قه‌كانى سروش و به‌مه‌ش دوور بكه‌وینه‌وه له‌و واقیعه‌ى كه ئێسته له‌گه‌ڵیدا به‌ركه‌وتنمان هه‌یه.
نوێگهریله هزری سیاسیی ئیسلامییدا كارێكی ئاسان نییه و چه‌ندین له‌مپه‌ر و ڕێگری به‌رده‌مدایه، كه دیارترینیان ئه‌مانه‌ن( ):
1. ململانێیه‌كی گه‌وره هه‌یه له نێوان نوێگه‌ری و چه‌قبه‌ستوویی، واته لێره‌و له‌وێ كه‌سانێكی زۆر به‌ره‌نگاری نوێبوونه‌وه‌ى هزریی ده‌بنه‌وه، كه به‌شێكیان له‌و كه‌س و گروپانه‌ن كه زۆر پارێزگارن و په‌یوه‌ستن به ده‌قى زانایانی پێشینهوهو خۆیان له‌به‌رده‌میدا به بچووك ده‌بینن و تواناى نوێبوونه‌وه‌و ئیجتیهادیان نییه، به‌شه‌كه‌ى تریشی ئه‌و هێز و ده‌سه‌ڵاتدارانه‌و دارودهستهكانیانن كه له پێگه‌ى خۆیان ده‌ترسن، چونكه ڕه‌نگه ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ى كه نوێگه‌ریی له هزردا ده‌یهێنێته كایه‌وه، به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى ئه‌وان بخاته مه‌ترسییه‌وه.
2. تێكه‌ڵكردنێك هه‌یه له نێوان ئاینى ئیسلام و كهلهپورهكهى له هه‌موو بواره‌كانی ڕاڤه‌و ته‌فسیری قورئان و فیقه و مێژوو وهزر و فلسه‌فه و زانستی كه‌لام و سۆفیگه‌ری. ئه‌م تێكه‌ڵییه وایكردووه خه‌ڵك نه‌توانێت له یه‌كترین جیا بكاته‌وه. پابه‌ند به ئاینه‌كه‌وه ئه‌ركه، به‌ڵام مه‌رج نییه ئێمه خۆمان وابه‌سته‌ى ده‌قی زانایه‌ك یان ڕه‌وت و ڕێبازێك یان قۆناغێكی مێژوویی یان جۆرێك له ڕاڤه‌و تێگه‌یشتن بۆ ده‌قه‌كان بكه‌ین كه له‌گه‌ڵ واقیعی ئه‌مڕۆدا نایه‌ته‌وه. سوننه‌تی ژیانیش پێشكه‌وتن و په‌ره‌سه‌ندنه بۆیه ئیسلام داواى بیركردنه‌وه‌و ئیجتیهاد ده‌كات به‌پێی قۆناغه جیاوازه‌كان.
3. ڕووكهشبینی و ساویلكه‌یی و پشتنه‌به‌ستن به مه‌به‌سته‌كانى شه‌ریعه‌ت ڕێگرێكی تر له‌به‌رده‌م نوێبوونه‌وه‌دا. هه‌ندێك مه‌سه‌له هه‌یه كه له شه‌رعدا بڕیاری لێدراوه په‌یوه‌ندیی به هۆكاره‌كه‌یه‌وه هه‌یه‌و به نه‌مانى هۆكاره‌كه‌شی ڕه‌نگه حوكمه‌كه‌شی بگۆڕێت، واته بابه‌تێكی پهرسستشیانه نییه، بۆیه ده‌توانرێت به‌پێی هۆكاره و ئامانجی حوكمه‌كه خوێندنه‌وه‌ى نوێی بۆ بكرێـت. به مانایه‌كی تر، خوێندنه‌وه بۆ ده‌قه‌كان به‌پێی ڕووكه‌شی ده‌قه‌كان و فه‌رامۆشكردنی مه‌به‌سته سه‌ره‌كییه‌كانی شه‌ریعه‌ت كه له پشت ده‌قه‌كانه‌وه بوونی هه‌یه، یه‌كێكی تره له ڕێگره‌كانى چاكسازی و نوێگه‌ری له هزری سیاسیی ئیسلامییدا.
4. به‌كارنه‌هێنانی میكانیزم یان بنه‌مای واڵاكردنی ئامراز و به‌هانه‌كان (فتح الژرائع) له پرسه نوێیه گرنگه‌كانی ژیانى ئه‌مڕۆدا. هه‌روه‌كچۆن له زۆر حاڵه‌تدا پێویسته ڕێگه له به‌هانه‌و ئامراز بگیرێت (سدّ الژرائع)، پێویسته له هه‌ندێك حاڵه‌تیشدا ده‌رگاى بۆ واڵا بكرێت (فتح الژرائع)، چونكه به‌هانه‌كان نههیلێكراوى هۆكاری (وسیلی)ن نه‌ك مه‌به‌ستی (مقصد)، واته هه‌ر كاتێك پێویستمان به ئه‌نجامدانى ئه‌و نههیلێكراوه بوو ئه‌نجامى ده‌ده‌ین. بۆ نمونه: سه‌یركردنی عه‌وره‌تی پیاو یان ئافره‌ت وه‌ك هۆكارێك (وسیله) كارێكی نههیلێكراوه نه‌ك وه‌كو مه‌به‌ست (مقصد)، بۆیه هه‌ركاتێك پێویستییه‌كی ڕاسته‌قینه هه‌بوو بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و كاره، ئه‌وا پێویسته بنه‌ماى (فتح الژریعه) به‌كار بهێنریت و كاره‌كه ئه‌نجام بدرێت به مه‌به‌ستی گه‌یشتن به ئامانجێكی گه‌وره‌ترى وه‌ك تیماركردنی نه‌خۆشێك یان له كاتی منداڵبووندا. ههمانحاڵهت به‌سه‌ر جۆره جیاوازه‌كانی هونه‌ردا ده‌چه‌سپێت، واته له‌كاتی پێویستدا و له سنووری دیاریكراودا ده‌رگایان بۆ واڵا ده‌كرێت، له‌به‌ر ئه‌و سووده زۆر و كاریگه‌رییه پۆزهتیڤهى له ژیانی تاكه‌كان و كۆمه‌ڵگه‌دا دروستی ده‌كات، ئه‌گه‌ر به باشی به‌كاربهێنرێت. خۆ بۆ مه‌سه‌له سیاسییه‌كان كه په‌یوه‌ندیی ڕاسته‌وخۆیان به ژیانی سیاسیی خه‌ڵك و ده‌وڵه‌تانه‌وه هه‌یه‌و ئاڵۆز و فره‌ڕه‌هه‌ندن، ئه‌وه پێویسته ئه‌و بنه‌مایه سوودى گه‌وره‌ى لێببینرێت و زۆر ده‌روازه‌ى پێبكرێته‌وه.
5. پاشكۆیه‌تی و وابه‌سته‌یی بیرمه‌ند یه‌كێكی تره له‌و ڕێگرییانه‌ى كه ده‌ستی بیرمه‌ند ده‌گرێت و ناهێڵێت وه‌كو ئه‌وه‌ى پێویسته بیر بكاته‌وه یان بڕیار بدات، چونكه هه‌ر بیرمه‌ندێك پاشكۆ بێت یان وابه‌سته بێت به پارتێك یان ڕێكخراوێك یان ده‌وڵه‌تێك یان وه‌زاره‌تێك یان ئاراسته‌یه‌كی سنورداركهرهوه، ڕه‌نگه نه‌توانێت وه‌كو پێویسته ئه‌وه‌ى ده‌یزانێت یان ئه‌وه‌ى په‌ی پێده‌بات یان ئه‌وه‌ى پێویسته بیڵێت، باسی بكات، چونكه ڕه‌نگه ئه‌و لایه‌نه‌ى ئه‌م وابه‌سته‌ى ده‌بێت ئازادیى ته‌واوى پێنه‌دات بۆ ئه‌وه‌ى به پێی پێویست ڕای خۆی له‌سه‌ر بابه‌ت و ڕووداوه‌كان بڵێت، یان نوێگه‌ریی پێویست بكات، له‌و حاڵه‌ته‌شدا هزری ئه‌و بیرمه‌نده ده‌بێته ئامرازێكی پۆزش و به‌هانه‌هێنانه‌وه وبانگهشهكردن یان شه‌رعییه‌تدان به ڕه‌وت یان لایه‌ن یان ده‌زگا یان ئاینزا یان وڵاتێكی دیاریكراو. بۆیه پێویسته بیر ئازاد بێت، پێویسته بیرمه‌ندیش ئازادانه بیرباتهوهو بڕیار بدات و نوێگه‌ریی بكات.
6. نه‌بوونی هوشیاریی به زه‌مه‌ن و كات، ڕابردوو و ئێستا و ئاینده. پێویسته خوێندنه‌وه‌مان بۆ ڕووداوه‌كان و واقیع به‌پێی خوێندنه‌وه‌ى دووربینانه بێت بۆ هه‌رسێ دهمهكهى زه‌مان، ئینجا حوكم له‌سه‌ر دیارده‌و حاڵه‌ت و ڕووداوه‌كان بده‌ین، واته پێویسته گه‌وره‌تر له سیاقی ڕووداو و دیارده‌كان و واقیع بیر بكه‌ینه‌وه بۆ ئه‌وه‌ى بتوانین خوێندنه‌وه‌یه‌كی وردمان بۆیان هه‌بێت و له نێو ڕوداوه‌كان و واقیعدا ون نه‌بین و خۆمان و بیرمان زایه نه‌كه‌ین. هه‌ندێك بیر و تێز له كاتی خۆیاندا گرنگ بوون و كاریگه‌ریی خۆیان هه‌بووه، به‌ڵام بۆ ئێستا ناگونجێن و ده‌بنه ڕێگر و له‌مپه‌ر و قورساییه‌كی گه‌وره له‌سه‌ر شانمان، چونكه بۆ واقیعی ئێستامان ده‌ست ناده‌ن.
7. كه‌میی فه‌قیهی بیرمه‌ندی نوێگه‌ر یه‌كێكی تره له گرفتانه‌ى وایكردووه كه نوێگه‌ریی ته‌واو و تێروته‌سه‌ل ڕوونه‌دات، به واتایه‌كی تر، كه‌من ئه‌و كه‌سانه‌ى هه‌رسێ سیفه‌تی “فه‌قیه” و “بیرمه‌ند” و “نوێگه‌ر”یان تێدا كۆ ببێته‌وه، واته زۆرێك له‌وانه‌ى شاره‌زایی ته‌واویان له شه‌رعدا هه‌یه ناتوانن واقیعبین بن و له‌گه‌ڵ گۆڕانكارییه‌كانی سه‌رده‌مدا بڕۆن و میكانیزمه‌كانى نوێگه‌ریی فیكری سیاسی ئیسلامی بدۆزنه‌وه، ئه‌وانه‌شی ئه‌و میكانیزمانهیان لایه نه‌یانتوانیوه به ته‌واوى له ده‌قه شه‌رعییه‌كان تێبگه‌ن، بۆیه كاتێك ده‌ستیان داوه‌ته ئه‌و ئه‌ركه گرانه (نوێگه‌ری) كاره‌كه‌یان ناته‌واو ده‌رچووه‌و كه‌وتونه‌ته هه‌ڵه‌ى میتۆدی و ئوصولییهوه، واته هه‌ڵگرتنی ئه‌و ئه‌ركه‌و ته‌واوكردنی وێنه‌كه پێویستی به هه‌ردوكیان هه‌یه، كه باشتر وایه له كه‌سانی نوێگه‌ردا كۆببنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ى ڕێگاكه ڕوونتر بێت و ئامرازه‌كانی گه‌یشتن به مه‌نزڵ نزیكترمان بكاته‌وه له ئامانج و مه‌به‌سته باڵاكهش به باشی بپێكین كه نوێگهرییهكى تێر‌و ته‌واوه.
بۆیه جارێكی تر جه‌خت دكهنهوه له‌وه‌ى كه بیرمه‌نده‌كانی پێشینی هزری سیاسیی ئیسلامیی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ واقیعی خۆیان كردووه، بۆیه ئه‌وان چاره‌سه‌ری ده‌رده‌كانى ئه‌مڕۆیان لا نییه، بۆیه پێویسته بۆ نوێگه‌ری له هزری ئیسلامی‌دا بۆ هه‌موو شتێك نه‌گه‌ڕێینه‌وه لاى ئه‌وان و بۆ وه‌ڵامی هه‌موو پرسیارێك ڕوو له‌وان نه‌كه‌ین، چونكه جۆر و شێوازى پرس و كێشه‌كانى واقیعی ئه‌وان له‌گه‌ڵ واقیعی ئه‌مڕۆدا زۆر جیاوازن.
هه‌وڵه‌كانی نوێگه‌ری و چاكسازیى سیاسیی له هزری ئیسلامی‌دا زۆر و جۆراو جۆرن، هه‌ر هه‌وڵێك و جۆرێك له میتۆد یان جۆره ده‌روازه‌یه‌كی تایبه‌تی به‌كارهێناوه بۆ گه‌یشتن به ئامانجه‌كه‌ى، زۆرن ئه‌و پۆلێنانهى كه بۆ هه‌وڵه‌كانی نوێگه‌ری و چاكسازی سیاسی له هزری ئیسلامییدا ئه‌نجام دراون، دیارترین ئه‌و ده‌روازانه بریتین له: ده‌روازه‌ى كلتوری، ده‌روازه‌ى ده‌ستوری و دامه‌زراوه‌یی، ده‌روازه‌ى سیاسی، ده‌روازه‌ى بزاڤیی ئیسلامیی. كه هه‌ر یه‌كێكیان به‌جۆرێك هه‌وڵی چاكسازی و گۆڕینی واقیعی سیاسیی ئیسلامیی داوه.
پشتبه‌ستن به میتۆدۆلۆجیی مه‌به‌سته‌كانی شه‌ریعه‌ت گرنگترین ده‌روازه‌و میكانیزمه بۆ نوێگه‌ری و چاكسازی له هزری سیاسی ئیسلامییدا.
پشتبه‌ستن به مه‌به‌سته‌كانی شه‌ریعه‌ت له پرسیاری (چۆن؟)ه‌وه ده‌مانگوێزێته‌وه بۆ پرسیاری (بۆ؟) له مه‌سه‌له گشته‌كی و بهشهكییهكانیشدا، ئه‌مه‌ش ده‌روازه‌یه‌كی گرنگه بۆ گه‌یشتن به چاره‌سه‌ره‌ی زۆرێك له كێشه هه‌نووكه‌ییه‌كانی هزری سیاسیی ئیسلامیی كه تا ئێستا پێیانه‌وه ده‌ناڵێنین، چونكه تا ئێستا به‌دواى وه‌ڵامی (چۆن؟)دا گه‌ڕاوین و بیرمان نه‌كردووه‌ته‌وه (بۆ؟)ى سه‌ره‌تاو ده‌ره‌نجامه‌كان و پابه‌ندبوون پێیانه‌وه به‌و شێوه‌یه‌ی زانیایانی پێشینمان بڕیاریان لێداوه وه‌ڵام بده‌ینه‌وه.
به‌دید نوێ و خوێندنه‌وه‌ى واقیعی ئێستاى موسڵمانان و مرۆڤایه‌تی، له ڕێگه‌ى ده‌روازه‌ى مه‌به‌سته‌كانی شه‌ریعه‌ته‌وه، ده‌توانین هه‌نگاوى مه‌زن هه‌ڵگرین و بناغه‌ى زانستێكی سیاسیی ئیسلامی و تیۆری سیاسیی ئیسلامیی تۆكمه دابڕ‌ێژین.
پێویسته به‌م ده‌روازه‌یه پرسیاری ئه‌وه بكه‌ین بۆ كه مه‌به‌سته باڵاكانی مرۆڤ كه په‌یوه‌ستن به مافی مرۆڤ و خۆشگوزه‌رانیی مرۆڤه‌وه چۆن تیۆری بۆ دابڕ‌ێژین و واقیعی سیاسیی كۆمه‌ڵگه‌كان باش بكه‌ین. زۆرێك له مه‌به‌سته‌كانى شه‌ریعه‌ت په‌یوه‌ندییان به سیاسه‌ت و پرسهكانییهوه هه‌یه.
خاڵێكی تری گرنگى پشتبه‌ستن به مانا‌و ناوهرۆكیی سه‌ره‌كیی ده‌قه‌كانی قورئان و سوننه‌ته‌وه بریتییه له بهمێژووییكردنی هه‌ندێك ڕای فیقهیی زانایانی پێشین، كه بۆ ڕۆژگاری خۆی گرنگ بووه‌و بۆ واقیعی ئه‌مڕۆ سوودى نه‌ماوه، بۆیه پێویسته تێبپه‌ڕێنرێت و وابه‌سته‌ى قۆناغه مێژوویه‌كه‌ى خۆی بكرێت، و بیری نوێی له‌سه‌ر بنیات بنرێت.
كۆتایی و ده‌ره‌نجام
ماوه‌ته‌وه بڵێین: هزری سیاسیی ئیسلامیی هه‌نوكه له هه‌موو كات زیاتر پێویستی به چاكسازیی و نوێگه‌ری هه‌یه، چاكسازی و نوێگه‌ریش پێویستی به ده‌زگا و كه‌سانێكی ئهقڵكراوهو به‌رچاوڕوون و دیدڕۆشن هه‌یه كه خاوه‌نى زانستی شه‌رعی و میتۆدی ڕوون و گشتگیری كاری هزریی بن.
ده‌روازه و میتۆدهكانیش بۆ چاكسازیی و نوێگه‌ریی له هزری ئیسلامییدا زۆر و جۆراو جۆرن، پێویسته سوود له هه‌موویان وه‌ربگیرێت.
پێویسته به میتۆدێكی ڕوون مامه‌ڵه‌یه‌كی ته‌ندروست له‌گه‌ڵ كه‌له‌پوری هزری سیاسیی ئیسلامیی بكرێت، به شێوه‌یه‌ك بكرێته پاشخانێك بۆ سوودلێوه‌رگرتن، نه‌ك بكرێته كۆتوبه‌ند و ڕێگر له‌به‌رده‌م هه‌ر دیدێكی نوێ و ئیجتیهادێكی سهسردهمییانه كه له ڕوحی سروشه‌وه وه‌رگیرا بێت، ئه‌ویش به‌وه ده‌بێت كه پیرۆزیى له‌و كه‌له‌پوره دابڕنین كه به‌رهه‌می ئه‌قڵی مرۆڤه‌و بگه‌ڕێینه‌وه بۆ سه‌رچاوه سهرهكییهكانىشهریعهت كه بۆ هه‌موو كات و شوێن و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك گونجاون، بۆ ئه‌م كاره گرانه‌ش پێویستمان به كه‌سانێكی (هزرمه‌ندی شهعناسی نوێگه‌ر) هه‌یه كه پاكی سه‌رچاوه‌و ڕه‌سه‌نایه‌تیی بپارێزن و خوێندنه‌وه‌ى ورد‌و واقیعبینانه‌یان بۆ پرس و بابه‌ته هه‌نوكه‌ییه‌كانی كۆمه‌ڵگه و تاكی ئه‌مڕۆ هه‌بێت.
ماوه‌ته‌وه بڵێین:پشتبه‌ستن به متۆدۆلۆجیی مه‌به‌سته‌كانی شه‌ریعه‌ت له دوباره داڕشتنه‌وه‌ى هزر و خوێندنه‌وه‌ى ده‌قه‌كان و په‌یوه‌ستكردنه‌وه‌ى به واقیع گه‌وره‌ترین میكانیزمه بۆ گه‌یشتن به ئامانجه‌كانى نوێگه‌ری و چاكسازى له هزری سیاسیی ئیسلامییدا.
( ١) بۆ پێناسهكانى سیاسه‌ت بڕوانه: د. عامر مصباح، معجم العلوم السیاسیة والعلاقات الدولیة، دار الكتاب الحدیث، القاهرة، 2009، ص ص346-349. و د. محمد نصر مه‌نا، علم السیاسة، ص ص23-29. د. عبد المعطی محمد عساف، مقدمة إلى علم السیاسة، دار مجدلاوی للنشر والتوزیع، عمان-الأردن، 1987، ط2، ص ص23-67. و د.محمد طه بدوي و د.لیلى أمین مرسی، المبادیء الأساسیة فی العلوم السیاسیة، منشأة المعارف، الأسكندریة، 2000، ص35-48.هه‌روه‌ها: مسعود عبدالخالق، مهوسهعهى جودی بۆ چه‌مك و زاراوه‌كانى سه‌رده‌م، نوسینگه‌ى ته‌فسیر بۆ بڵاوكردنه‌وه و ڕاگه‌یاندن، هه‌ولێر، 2008، لا37-49.
(٢ )بڕوانه: د.محمد طه بدوي و د.لیلى أمین مرسي، المبادیء الأساسیة فی العلوم السیاسیة، منشأة المعارف، الأسكندریة، 2000، ص253.
(٣ )به راورد بكه له‌گه‌ڵ: د. سه‌باح به‌رزنجی، چه‌ند نیگایه‌ك بۆ هزری ئیسلامی، سه‌نته‌ری زه‌هاوى بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ى فیكریی، سلێمانی، 2016، لا 15-20. هه‌روه‌ها بۆ زانیاریی وردتر له‌سه‌ر سه‌رچاوه ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆكانی هزری سیاسیی ئیسلامیی بڕوانه: د. نصر محمد عارف، فی مصادر التراث السیاسي الإسلامي: دراسة فی إشكالیة التعمیم قبل الاستقراء والتأصیل، المعهد العالمی للفكر الإسلامي، فیرجینیا-الولایات المتحدة الأمریكیة، 1994، ص ص99-113.
( ٤)بۆ زانیاریی زیاتر بڕوانه: د. محمد نصر مه‌نا، علم السیاسة، ص ص23-29. د. عبد المعطي محمد عساف، مقدمة إلى علم السیاسة، دار مجدلاوی للنشر والتوزیع، عمان-الأردن، 1987، ط2، ص ص182-185. و د. عبدالرحمن الحاج، الخطاب السیاسي فی القرآ‌ن: السلطة والجماعة ومنظومة القیم، الشبكة العربیة للأبحاث والنشر، بیروت، 2012، ص ص300-333.
( ٥)بۆ زانیاریی زیاتر بڕوانه: د. نصر محمد عارف، فی مصادر التراث السیاسي الإسلامي: دراسة في إشكالیة التعمیم قبل الاستقراء والتأصیل، المعهد العالمي للفكر الإسلامي، فیرجینیا-الولایات المتحدة الأمریكیة، 1994، ص ص80-93.
( ٦)بڕوانه: د. علی محمد علوان، إشكالیة المنهج فی الفكر الإسلامي المعاصر، مجلة العلوم السیاسیة، جامعة بغداد، بغداد، العددان 38-39، ص ص371-373.
(٧ ) به‌راورد بكه له‌گه‌ڵ: د. أمل هندي الخزعلي، الفكر السیاسي الإسلامي المعاصر: تحدیات ومعوقات، مجلة العلوم السیاسیة، جامعهة بغداد، بغداد، العددان 38-39، ص ص301-302.